کامۆ و زەریا و خاک و ئینسان

Loading

میشێل ئۆنفرێ، یەکێکە لەو فەیلەسووفە هاوچەرخانەی ئیمڕۆی فەرەنسا، بە دیدێکی نوێ، مێژووی فەلسەفە لە چەند بەرگێک دەنووسێتەوە. روونتر ئەو دژە-مێژووی فەلسەفە دەنووسێتەوە، هەر لە زەمانی ئەنتیکیتێی یۆنانی دێرینەوە بۆ ئێستا. مەبەستی ئەو روونە، هەروەکو لە ناونێشانی کتێبەکەشەوە دەردەکەوێت ؛ باس لەو فەلسەفەیە دەکات کە لە پەراوێزی فیکری رۆژئاوا هەڵیکردووە.

فەلسەفەیەکی فەرمیی نییە، عاسییە، گیرە، بە کورتی فەلسەفەیەکی یاخییە. نووسەری ناوبراو کاتێک دێتە سەر ئەلبێر کامۆ، دەڵێ کامۆ ئینسانێکی تەواو راستگۆبووە لە گەڵ خۆی، بە وەفا بووە بەرامبەر بە بۆچوون و بیرکردنەوەکانی، ئینسانێکی “ئەنتێگر” بوو. تەواو بە پێچەوانەی سارتەر کە بە گوێرەی ئۆنفرێ تا رادەیەک هەڵپەرست و دەسەڵاخواز بووە.
رەنگە ئیمڕۆ لە فەرەنسا، کامۆ لە سارتەر زیاتر بخوێندرێتەوە، چونکە کامۆ خاوەن ئایدیۆلۆژیا نییە، ئەو باسی ژیان دەکات، باسی چارەنووسی ئینسان لە سەر گۆی زەمین دەکات، باسی عەدالەت دەکات، باسی جەنگ و فاشیزم

ئالبێر کامو
ئالبێر کامو

دەکات هتد. باسی لە تیرۆریسم دەکات، بۆیە هەست دەکرێت کامۆ بۆ ئێستاش دەنووسێ ؛ بەڵام زۆرجار کامۆ وەکو گەلێک لە فیکر و بۆچوون و چەمکی دیکە بە هەڵە دەگوازرێتەوە لای ئێمە. ئەمە هەڵبەتە کێشەیەکە پەیوەندی تەنها بە کامۆوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاریی رۆشنبیریی ئێمەوە هەیە و مامەڵەکردنمان لە گەڵ کەلتوور و فەرهەنگی دیکەی جیهان.
ئیمساڵ سەد ساڵ بە سەر لە دایکبوونی “یاخیبوون”دا تێدەپەڕێ. جیاواز لە سارتەر، ئەو لە خێزانێکی یەکجار هەژار لە دایکدەبێ، تەنانەت دایکی نەخوێندەوار بوو، مامۆستاکەی هەست بە بلیمەتی کامۆ دەکات و فێرە خوێندن و نوسینی دەکات، بۆیە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل، لە ساڵی ١٩٥٧دا پێشکەشی ئەوی دەکا.

بەم بۆنەیەوە، بە باشمان زانی چەند نووسەرێک بەسەر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین کامۆ ئیمڕۆ مانای چییە؟
یاسمینە کەدرا
لە تەمەنی چواردە ساڵی “نامۆ”ی ئەلبیڕ کامۆ دەخوێنێتەوە و بە بیرورای ئەوەی گەورەترین رۆمانی سەدەی بیستەمە. بە شێوەیەکی سادە باس لە ئەبسورد دەکات، شۆڕشگێرانە باسی بابەتەکەی دەکات. وەکو مندالێکی غەمگین باسی جەزائیر دەکات، جەزائیر دەبێتە بابەتی کامۆ. بەڵام رەخنە لە کامۆ دەگرێت و دەڵی لە رۆمانەکانی تەنها یەک جەزائیر هەیە، ئەویش جەزائیری فەرەنسییە، هەرگیز باس لە جەزائیری بە کۆ نەکردووە، مەبەست لە جەزائیری عەرەبی و جەزائیری کابیلییە. لە دەرەوەی جەزائیری فەرەنسی، ئەوەی دەمینێتەوە شتێک نییە شایانی باس بێت. رەخنە لە کامۆ لەو رووەوە دەگیرێ، چونکە ئەویتری غەیرە فەرەنسی هەموو بە “عارەب” ناودەبات، ئەم تێرمە ئاماژە بۆ چەمکێک دەکات بێ بایەخی و بێ موبالاتی پێوەدیارە. هەموو شتێک ئەگەر ئەورووپی نەبوایە دەخرایە نێو ئەو هەگبەیەوە. راستە وەکو رۆژنامەوان باسی ژیانی رۆژانەی جەزائیرییەکانی کردووە، بەڵام وەکو رۆماننوس حەزم دەکرد پێم بگوتایە ” جەزائیر تەنها ئەوە نییە لە سەر کەناری زەریا یەکێک بکوژرێت تەنها لەبەر ئەوەی دونیا گەرمە. پێم دەوت جەزائیر مێژووە، مەلحەمەیە، ئازایەتییە، زیرەکییە و بەخشەندەییشە.
بەلام کامۆ نووسەرێکی مەزنی جەزائیرییە و یەکەم خەڵاتی نۆبلمانە.
مایسا بەی
کامۆ یەکێکە لەو نووسەرانە لە هەمووان جوانتر باسی خاکی کردووە. من وەکو نووسەرێک لە هەمان چۆڕاوگەوە توێشووی خۆم وەردەگرم : رووناکی، سێبەر، خاک، زەریا. کەس وەکو ئەو جەزائیریی هەند بە جوانی نەگێڕاوەتەوە. زۆرجار رەخنە لە کامۆ دەگیرێت بەوەی کە میللەتی جەزائیر لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی بە تایبەتی “نامۆ” و “رشانەوە” رەنگی نەداوەتەوە. کامۆ باس لە واقیعێک دەکات، واقعیع ئەو کاتەی جەزائیر بەو شێوەیە بووە، راستە لە جەزائیر فەرەنسی و عارەب ژیاون، بەڵام زۆر کەم تێکەڵی یەکتر دەبوون. کامۆ ئەم حاڵەتەی نووسیوەتەوە. لە رۆمانی “خانووە گەورەکە”ی موحمەد دیبیش کە نووسەر باس لە منداڵی خۆی لە شاری تەلمەسان دەکات، تاقە دەرکەوتنی کەسایەتی فەرەنسی لە رۆمانەکەی ئەو دەمەیە کە عومەر سەبەتەیک دەباتە بازار و دەچێتە ماڵێکی فەرەنسییەوە، ئینجا رەگەزی فەرەنسی لەو رۆمانە دەردەکەوێت. چونکە لەو سەردەمە گەڕەکی ئەورووپی و گەڕەکی عەرەبی جودا بوون.
بەڵام کاتێک کامۆ لە “دەفتەرەکان”ی ژیانی رۆژانەی جەزائیرییەکان دەنووسێتەوە، باس لە سەرجەم ئەو ناعەدالەتییانە دەکات کە دووچاری عەرەبەکان بووبوونەوە، نموونەی ئابوونەی خۆراک وەرگرتن، ئەوەی بەر فەرەنسییەکان دەکەوت زۆر زۆری لەوە زیاتر بوو کە بەر عەرەبەکان دەکەوت، بە تایبەتی کاتێک ئاماژە بۆ بەسەرهاتەکانی ساڵی ١٩٤٥ دەکات، دوا بە دوای رووداوەکانی سێتیف. بە هیچ جۆرێک هیچ موساوەمەیەک بەرامبەر بە داگیرکاری فەرەنسی ناکات.
کامۆ هەستی بە دادڕانێکی ویژدانی دەکرد، دژ بە توندوتیژیییەکان بوو چ لە لایەن داگیرکاری فەرەنسییەوە بووبێت، چ لە لایەن عەرەبە موسڵمانەکانەوە بووبێت. ئەوێک نە فەرەنسییەکان دڵیان پێی خۆشبوو، نە عەرەبەکان.
وەک دەوترێن لەم ساڵانەی دوایی، بە تایبەی لە نێو ئەتیلێکتوالە جەزائیرییەکان هەست بە جۆرە ئاشتبوونەوەیەک لە گەڵ کامۆ دەکرێت، بەڵام ئەمە لە سەر ئەرزی واقیع رەنگی نەداوتەوە، هێج شەقامێک بە ناوی ئەوەوە ناو نەنراوە، هیچ قوتابخانەیەک ناوی ئەوەی هەڵنەگرتووە، هیچ مەیدانێکی ناوی مەیدانی کامۆ نییە.
بە نیسبەت منەوە کامۆ جەزائیرییە، چونکە باس لە خاکی جەزائیر دەکات، ناکرێت کامۆ رەتبکرێتەوە، ئەوێک رووناکی جەزائیر زادی بووبیت. هەمیشە ئەو راستەییەی کامۆم لەبیر ناچێت کە وتبووی ” من ناتوانم لە دەرەوەی جەزائیر هەڵبکەم، چونکە دەبێ هەمیشە لە تاراوەگەدا بژیم.”

بوالێم سەنسال
ئەوەی بە نیسبەت منەوە جێی سەرنجە، کامۆ بە ئەڤینێکی زۆرەوە جەزائیری دەنووسییەوە. بە شێوەیەکی شەهوانی ئەو وڵاتەی خۆشویستووە. بە وشە، بە نەبرە بە ئاوازێکی رادەبەدەر گوزارشتی لەو وڵاتە کردووە. لە کاتی خوێندنەوەی کامۆ ئەو وڵاتەمان خۆشدەوێ، بە بێ ئەوەی ئەو وڵاتەشمان ناسیبێت، سەرباری ئەوەی کە کامۆ باس لە جەزائیری خۆیمان بۆ دەکات. کاتێک کامۆ دەخوێنینەوە، چاومان بە جەزائیرێکی دیکە دەکەوێت، جەزائیرێکی جوان، باس لە لەش و جەستە دەکات، قسە لە گەڵ ئینساندا دەکات.
خەریکە لە جەزائیر ئاشتبوونەوە لە گەڵ کامۆ ساز دەکرێ، پرۆسەی ئەم ئاشتبوونەوەیە سستە، بەڵام بەرەوە پێشچوون بە خۆیەوە دەبینێ. بە نیسبەت خۆمەوە، ئەگەر کامۆ لە ژیان بوایە، ئەوە هەموو رۆژێک وەکو خوێنەرێک، بۆیم دەنووسی و پێم دەوت چەند نووسینەکانت ئەفسوونبەخش و ئیعجابی خۆمم بۆی دەردەخست.
سارا دیفالا
کامۆ یەکێک لە فەیلەسووفە کلاسیکەکان و گەردوونییەکان. هیچ نووسەریک نییە بە قەد ئەو باسکرابێت، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام درابێت. تەنانەت فەیلەسووفێکی هاوچەرخ حیسابی بۆ دەکرێت. میشێل ئۆنفرای لەبارەی کامۆوە دەنووسێت ” رۆمانی رشانەوە، رەمزێکی مەزنە و مێتافۆرێکی روونی دژ بە فاشیسمە، تا ئێستاش بەجێیەوە رووداوەکانی رواندە و گرفتەکانی ئیسارئیل و فەلەستینی لەبەر رۆشنایی بخوێنینەوە. لە ” مرۆڤی یاخی” کامۆ باس لە یاخیبوونێکی عادیلانە، پێوەردار، ئاشتیانە دەکات. یوتوپییە بێگومان. وانەیەکە لە مەڕ بیرکردنەوە لە دیموکراسی و سۆسیال دیموکراسییەوە.
میشێل ئۆنفرێ
کامۆ لە گەڵ ئایدیۆلۆژیای باڵادەست نەبوو. ئەو ئینسانێکی ئازاد بوو، ئازادیخوا، سەر بە هیچ شتێک و سەر بە هیچ کەس نەبوو.
ئایا کامۆ فەیلەسووف بوو؟
نووسەرێکی جیهانی بوو، پۆڵێنکردنیشی زەحمەتە. ڕۆڵەی گەڕەکێکی هەژاری جەزائیرە، هەروەها ڕۆڵەی سان-ژێرمەن-دێ-پرێیە. داوی دەمەقاڵێیەکەی لە گەڵ سارتەر، ستاتوی بە فەیلەسووفبوونی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ یەکێکی وەکو مێشێل ئۆنفرێ کە وەکو مۆدێلێک سەیری دەکات و بە گوێرەی ئەو فەیلەسووفێکی تەواوە. “ژیانێکی فەیلەسووفانەی بەسەربرد. فیکرەکان هی خودی ئەوە، وەک هەلپەرست هەرگیز شتی نەنووسیوە. دیدێکی ستراتیژئامێزی نەبوو، گوێی لە دڵ و دەروونی دەگرت. گوێی لە منداڵی خۆی گرت، باوکی کۆچی دوایی دەکات و دایکێکی هەژاری دەبێ. گوێی لە حەوزی ناوەڕاست دەگرت، ڕووناکی، ئەمانە فیکری کامۆیان خەمڵاند. لەبەر ئەمانە، کامۆ فەیلەسووفە!”
بە گوێرەی سارتەر، رەخنەی دوژمنە هەرە سەرسەختەکەی، خودی کامۆ ئەوەی رەتکردنەوە کە فەیلەسووف بووبێت؛  ” من فەیلەسووف نیم و هەرگیزیش ئەو ئیدیعایەم نەکردووە.”   لەم ڕووەوە مێشێل ئۆنفرێ دەڵێت : ئەگەر فەیلەسووف بوون بە بەکارهێنانی موفرەدەی فێنۆمێنۆلۆژیای ئەڵمانی بێت بۆئەوەی دونیای پێ قاڵ بکەیت و وەکو نۆرمالیە ( سەبارەت بە قوتابخانەی باڵا-پاریس) مەشقەکانت ئەنجام بدەیت، بەڵێ کامۆ لەم ڕووەوە فەیلەسووف نییە.”
ئۆنفرێ دەڵێ : “ئێمە لە قۆناغی ئایدیۆلۆژیا رزگارمان بوو. ئیمڕۆ مێژوو هەق دەداتە کامۆ. روونبینێکی مەزن بوو.

 

کامۆ زۆر بە هێزەوە دژی کەپیتالیسم ڕاوەستا، دژ بە نائینسانیەی هەموو سیاسەتێک، چ ڕاسترەو بووبێت چ چەپڕەو. دادوەریی بە بێ ئازادی دیکتاتۆرییەتە، ئازادی بە بێ دادپەروەرییش دەبێتە یاسای هەرە بەهێز : کامۆ لە هەمان کات دادپەروەیی و ئازادی دەویست، بۆیە بە ئازادیخوا دەبێ بناسرێتەوە.

ژێدەر
گۆڤاری نوڤێل ئۆبسێرباتۆر.