به‌رگی کتێبی قه‌له‌ڕه‌ش (نووسینی: قادر عه‌بدوڵا)

وڵاتێک چاوه‌کانی پڕن له شه‌رم‌ و ترس


Loading

قەلە ڕەش: ناونیشانی ئەو کتێبەیە کە قادر عەبدوڵڵا، نووسەری ناوداری ئێران و هۆڵەندا، نووسەر بە ڕەگەز ئێرانییە و بە هۆڵەندی دەنووسێت، ئەم نووسەرە گێڕەوە یەکی بەتوانایە، هەر وەک چون ڕۆمانی (ماڵی مزگەوتەکە)ی بە یەکێک لە ڕۆمانە باشەکان دەژمێررێت لە مێژووی هۆڵەندادا.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت سەرنجی خوێنەری کوردی بەلادا ڕاکێشم کەسایەتی ئەم نووسەرەیە، هیوادارم لە داهاتوودا بە زمانی کوردی زیاتر باس لە بەرهەمەکانی بکرێت و خوێنەری کورد بیناسن..
ئەوەی سەرنجی منی ڕا کێشاوە و دەمەوێت لەگەڵ خوێنەری کورددا بەشی بکەم؛ بەشێکە لە کتێبێکی نووسەر بەناوی (قەلە ڕەش). ئەم کتێبە تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە هەر وەک عادەتی هەموو ساڵێک لە ساڵی ١٩٣٢ وە بە ڕەسمی هەموو ساڵێک لە وڵاتی هۆڵەندادا دووبارە دەبێتەوە، ئەم کتێبە پێی دەگوترێت (بەخشینی کتێبی هەفتە)، کە هەر ساڵە و نووسەرێک ئەم کتێبە دەنووسێت، قەبارە و ژانری کتێبەکە پێش وەخت دەستنیشان دەکرێت. ٢٠١١ ئەو ڕێزە بەخشرایە نووسەر قادر عەبدوڵڵا کە ژانری دیاریکراو (ژیاننامە) بوو بیۆگرافی، کتێبێکی نەوەد لاپەڕەیی کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار دانەیی لێ چاپ دەکرێت و لە کتێبخانەکاندا لەگەڵ کڕینی هەر کتێبێک، وەک دیاری یان پاشکۆیەک دەدرێت بە کڕیارەکە، هەفتەیەک بە بەردەوام چالاکی و کۆڕی خوێندنەوەی کتێبە لە سەرانسەری وڵاتی هۆڵەندادا، لەگەڵ پڕوپاگەندە کردنێکی زۆر بۆ کتێبی ناوبراو و بەتایبەتی گرنگیدان بە خوێندنەوەی کتێب و کڕینی کتێب، گرنگی دان بە کتێب و هاندانی خەڵک بۆ خوێندنەوە کۆی مەبەستی سەرەکی بیرۆکەکە دەخاتە ژێر سێبەری خۆیەوە.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، مرۆڤ دۆستی و بە ئەمەکی ئەم نووسەرەیە، کە بەردەوام لە هەموو نووسین و لێدوانەکانیدا بانگەشەی سەربەستی بۆ مرۆڤی کورد دەکات و ناویان دەهێنێت، هەر وەک چۆن قادر عەبدوڵڵا لە کتێبی قەلە ڕەشدا کە ٩٠ لاپەڕەیە و دابەشی کردووە بەسەر بیست بەشدا، بەشێک لەو بەشانە ناوی لێناوە (کوردستان)، ئەمەش کورتەیەک لەو بەشەی نامیلکەی (قەلە ڕەش).
کوردستان:
نووسه‌ر: قادر عه‌بدوڵڵا
نووسه‌ر: قادر عه‌بدوڵڵا
ئەگەر ئەسفەهان سیحر بێت، ئەوا کوردستان سڕی سیحرە، تۆ دەبێت بەسەر چیا و ڕێگا و بان و ناو دێهاتەکانیدا گوزەر بکەیت، تاکوو لێی تێ بگەیت و پرسیاری ئەوە بکەیت، بۆ چی کوردەکان ئەوەندە شانازی دەکەن بە وڵاتەکەیانەوە و ئەوەندە بە پەرۆشەوەن بۆ پارێزگاری کردن لە کولتوورەکەیان؟
ئەسفەهان سیحرە بە بەر یەک کەوتن و پێکەوە یاریکردنێک تێیدا وەک هونەر، توانای ئەندازیاری و تەجروبە کردنی باوەڕ لەو شارەدا.
کوردستان سڕی سیحرە بە سروشتەکەی و بە سادەیی و ڕاستگۆیی خەڵکەکەی، تۆ مەچۆرە کوردستان بۆ ئەوەی کەسێکت لە بیر بچێتەوە، نەخێر چونکە قەلە ڕەشەکان لە کوردستان یادەوەرییەکانت دەڵێنەوە و بە بیرت دەهێننەوە.
سەردەمی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران ساڵی 1979 کوردەکان فرسەتیان هێنا و شۆڕشیان بەرپا کرد و دەسەڵاتیان گرتە دەست، تاکوو بتوانن دووبارە لەسەر زێدی خۆیان سەربەخۆیی بۆ خۆیان ڕابگەیەنن.
لە وەڵامی ئەوەدا سوپای ئەو کاتەی وڵات هێرشیان کردە سەر کوردستان و شەڕ لەوێ بەرپا بوو لە نێوان کوردان و ڕژێمی ئایەتوڵڵاکاندا.
ئەو کات من گەڕامەوە بۆ تاران و کۆڵە پشتم هەڵگرت و بە نهێنی خۆم گەیاندە کوردستان، وەک ڕۆژنامەنووسێک بۆ ڕۆژنامە یاساغ کراوەکەمان لە تاران، کە ئێمە وەک و پارتێکی چەپی ئەو کاتە لە سەرهەڵدانەکاندا بەشدار بووین و زۆر چالاکانە ئامادەیمان هەبوو، لەو کاتەدا لە تاران و بگرە لە سەرانسەری ئێران، هەموو ڕۆژنامە و هەواڵێک یاساغ دەکرا ئەگەر دەربارەی ڕووداوەکان لە کوردستان بینووسیایە، لەبەر ئەوە نە لە ئێران نە لە دەرەوەی ئێران کەس نەی دەزانی چی ڕوو دەدات لە کوردستان.
هەر بۆیە لەو کاتانەدا بە پێویستم زانی کە بۆ بینینی ڕووداوەکان بە چاوی خۆم و نووسین لە سەریان و تۆمارکردنیان، ڕوو لە کوردستان بکەم، بەڵکوو گرنگییەکی هەبێت بۆ بەردەوامی دان بە هەوڵی ئەم میللەتە، لەو ڕۆژانەدا زۆرم دەنووسی و بەردەوام لە ناو شەڕدا بووم تاکوو تاوێک خۆشەویستەکەم لە ئەسفەهان لە بیر بچێتەوە.
من دەمزانی کە کوردستان وڵاتێکە پڕە لە نهێنی و ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو، ڕۆژانە قسەم دەکرد لەگەڵ کوردەکان و دەمنووسی لەسەر ژیان و خەونەکانیان، گۆرانییەکانیانم دەنووسییەوە و تەنانەت لەبەرم دەکردن و لەگەڵیاندا دەمگوتەوە، کە بە خۆیان و چەکەکانی شانیانەوە دەیان گوت بۆ نیشتمانەکەیان.
ئەو کات چوومە دێیەک بە ناویی بەردەڕەش، ڕێم کەوتە دووکانی ئاسنگەرێک، دەتوانم بڵێم کە ئاسنگەر و کوڕەکەی پێ دەچوو هی سەردەمەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بووبێتن، زۆر تاریک تەنیا چرایەکیش نەدەگڕا، لە بەر ڕووناکی گڕی کورەکەدا ڕوو ڕەواڵەتی ئەو کەرەستانەم دەبینی کە ئاسنگەرەکە دروستی کردبوون، وەک ناڵ و چەکوش و داس و خاکەناز و زیاتر.
لە بەر کورەکەیدا خەریکی چەماندنەوەی داسێک بوو، کە ناوبەناو لە ناو سکڵی کوڕەکەی دای دەنا و تا سوور دەبووەوە و پاشان بە چەکوشەکەی دەستی دەیی کوتا، پرسیارم لێ کرد؛ کە ئەو بەتەنیا لەوێ کار دەکات؟ لە وەڵامدا گوتی: نەخێر ئێمە دوانین و من تەنیا نیم.
ئینجا بە دوودڵییەوە دیسان داسەکەی خستەوە ناو کوڕەکەی، کە لەو کاتەدا کورەکە فووی لێ دەکرا و دەگەشایەوە، بە جۆرێک گڕی کورەکە سپی هەڵدەگەڕا چاوەکانم زوو ماندوو بوون، لە تەماشا کردنی و تینی بە گوڕی ئاگرەکە کە دەیدا بە ڕوومدا بێزار بووم، لە کاتێکدا ئەو سەرقاڵی کار بوو، فرسەتم هێنا و دەستم کرد بە گەڕان و چاو گێڕان، زۆر دیقەتمدا تاوەکوو کەسێکی ترم بێجگە لە پیرە ئاسنگەر بەدی کرد، بانگم کرد کێ فوو لەو کورەیە دەکات؟
وەڵام نەبوو، دەلاقەیەکی بچووک لە دیوارەکە سەنجی ڕاکێشام!
پاش ئەوەی لە ناو بێدەنگیدا خۆم ماتدا و سەرنجی تەواومدا، گوێم لە هەناسەی کەسێک بوو.
کێیە لەوێ؟ بانگم کرد.
بەڵام کەس وەڵامی نەدامەوە.
کەسێک لێرەیە؟ دووبارە بانگم کردەوە.
بەڵێ من لێرەم زەهرا. بە کزی دەنگی دەهات.
ڕاچڵەکیم و گوتم دەتوانم بتبینم؟
لە تاریکییەکەدا و لە پشتی کورە کۆنەکەوە دوو چاوی پڕ لە شەرم و ترسی دەرکەوت.
کە چاوەکانی زەهرا بوون کچەزای ئاسنگەرە کوردەکە.
دوای شەش مانگ، ڕەشنووسی کتێبێکم ئامادە کرد، ناردم بۆ چەندین چاپخانە لە تاران، بەڵام لەو کاتەدا کەس نەی دەوێرا بڵاوی بکاتەوە، لە تووڕەیی و بێزاریمدا خۆم کرد بە مەکتەبەی چاپخانەیەکی ئەو کاتەدا، کەوتمە لێداوان لەگەڵ لێپرسراوی چاپ و بڵاوکردنەوەدا، پاش خێرا تەماشا کردنی ڕەشنووسەکە، گوتی: بڕۆ دوای کاتژمێرێکی کە وەرەوە.
پاش ئەوەی لە چایی خانەیەک نانم داوا کرد و چەندین چام خواردەوە، بێگومان تەنیا بۆ کات بەڕێکردن، پاش گەڕانەوەم لێپرسراوی چاپ گوتی: قەبارە زلە، زۆر ئەدەبییە، بە زمانێکی گران نووسیوتە، لە ڕاستیدا زۆر خوازیارم بڵاوی بکەمەوە، بەڵام داوای لێبوردنت لێ دەکەم ناتوانم بڵاوی بکەمەوە.
ئەوە دوایین بەختم بوو بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبەکەم، کاتێک لە نووسینگەی چاپخانەکە دەرچووم، یەکێک لە پشتەوە بانگی کردم: برا بۆستە.
تەماشام کرد گەنجێک کە فەڕاشی نووسینگەی چاپخانەکە بوو، گوتم لەوانەیە لێپرسراوەکەی ناردبێتی بەدوومدا و ڕازی بێت کە کتێبەکەم بۆ بڵاو بکاتەوە، گەنجەکە نزیک بووەوە و باڵی گرتم و بردمییە لاوە، بەئەسپایی چپاندی بە گوێمدا و گوتی: من کتێبەکەت بۆ بڵاو دەکەمەوە ئەگەر تۆ بخوازیت.
بەڵام تۆ دەبێت چاوەڕوانی پارە لە من نەکەیت، وە پاشان نە دەمناسیت و نە دەتناسم، ناشمەوێت جارێکی کە لێرە بتبینمەوە، تۆ ڕازیت بەم مەرجانە؟
ئەو کات سەردەمی شۆڕش و شەڕ بوو، سەردەمێک بوو کە خۆشەویستەکەت لە ناکاو دەبوو بە دڵخواز و خێزانی ئەوی دیی، کە دەبووایە ئامادەیت تێدا بوایە ماڵئاوایی لە هاوڕێ و ئازیزانت بکەیت و بێ ئەوەی هیوات بە بینینەوەیان هەبێت.
من دەبووایە خێرا بڕیارم بدایە، هەر بۆیە گوتم: ڕازیم
ڕەشنووسی کتێبەکەم ڕادەستی گەنجەکە کرد، دەستی یەکمان ڕاوەشاند و پاشان ئەو گوتی: چ ناوێک لە سەر بەرگی کتێبەکە بێت، نازناوێکم بدەرێ وەک و ناوی نووسەری کتێبەکە.
بۆ جاری دووەم بوو ئەو پرسیارەم لێکرابوو، ئەو کات تاوێک سەرسام بووم و گوتم: (ڕەفیق فوئاد).
ڕەفیق فوئاد: دکتۆر بوو من ئەوم ناسی لە سەردەمی تەلەبایەتیمدا و لە تاران، پاشان ئەو زۆر ناودار و خۆشەویست بوو لە کوردستان، دکتۆرێک نە شوێنی هەبوو نە لە خەستەخانەیەک کاری دەکرد، بەڵام بۆ هەموو جێیەک دەچوو بە خۆیی و جانتا و جێبەکەیەوە، بەردەوام بەڕێوە بوو بە بەرزایییەکانی کوردستاندا بۆ لایی نەخۆش و زامدارەکان.
کاتی مانەوەم لە کوردستان هەفتەیەک لای ئەو مامەوە، تا ئەو کات (ڕەفیق) لە لای دایک و بابی دەژیا لە خانوویەکی کۆنی زۆر گەورەدا، هەموو کات لەگەڵ خۆی بۆ لای نەخۆشەکانی دەیبردم.
ڕۆژێک ئەسپێکی بۆ هێنام و تفەنگێکی دامێ و پێی گوتم: بڕۆ بگەڕێ بە کوردستانەکەمدا و تا دەتوانیت ئازاری کوردان بنووسەرەوە.
سەردەمانێکی کەم پاش ئەو ڕۆژانە ئەو گیراو بەند کرا، لە گەڕانەوەمدا بۆ تاران بیستم کە گوللەباران کرابوو.
لەو کاتەدا لەسەر جادەکانی تاران بە ڕێکەوت، لە لای کتێب فرۆشە یاساغەکان کتێبەکەی خۆمم هاتە پێش چاو، دیار بوو فەڕاشی چاپخانەکە پەیمانەکەی خۆی بردبووە سەر، یەکەم کتێبی من بەزمانی فارسی بڵاو کرایەوە، کە لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسرابوو (نووسینی: ڕەفیق فوئاد).
دانەیەکم کڕی و خێرا لە ژێر جلەکانمەوە توند لە بەر قایشی پانتۆڵەکەم توند کرد و لە ژێر سێبەری دڵمدا توند ڕام گرت، دڵم زۆر بە خێرا دەستی کرد بە لێدان و خوێن بەناو شا دەمارەکانم دا بە لێشاو وروژمیان دەبرد.
سەرچاوە: قەلە ڕەش، قادر عەبدوڵڵا، 2011