ڤان کۆخ ؛ سروشت

لەکوێیت ئەی دڵنیایی


Loading

 

چ ئاسمانێک هەیە بۆ ئەبەد من لەخۆ بگرێت

ئەی ڕۆحی بریندار ماڵت لەکوێیە

ئەی دڵنیایی تۆ لەکوێی …

 

Nazanin 1 تابلۆی هونهرمه‌ند به‌هادین
Nazanin 1 تابلۆی هونه‌رمه‌ند (به‌هادین)

ئەی درەخت بمگرەو بمخەرە نێو ڕەگەکانتەوە

ئەی ئاسمان بمکە بەتۆز و لەگەڵ خۆتدا بمبە بۆ دوور

ئەی باڵندەی بەر ئەم پەنجەرەی بەهارە پڕ بارانە بمبە لەگەڵ خۆت

ئەی ڕەشەبا دڵنیام بکە کەمن کوڕی تۆم

ئەی خاک بمگەڕێنەوە بۆ خۆت

ئەی ئاگر لەنێو خۆتدا بمشارەوە .

 

 

ئەی باران داکە بەسەرما  من لەتوخمی هەورێکم هەرجارەی لەشوێنێک

هەر جارەی  لەگوندێک، لەشارێک گیردەخۆم …

ئەی باران من لەتوخمی کۆچەریم  و کۆچدەکەم بۆ ئێرەو خەون بەئەوێوە دەبینیم

کۆچدەکەم بۆ ئەوێ و خەون بەئەوێوە دەبینیم

ئەی باران دامبارێنە بۆ ئەوەی بسرەوم لەخاکدا.

 

تۆ لەکوێی ئەی مردن، ئەی دڵنیایی ،

تۆ لەکوێی ئازیز،  ئەی مردن کەی دەمبەیت بۆ لای گەڵاکان

کەی دەمەبەیتەوە بۆ لای ڕەگەکان

کەی دەبمەوە بەخۆم ، وەک توخمێک لەنێو ڕەهایی.

 

 

جۆگەکان بۆ کوێ درێژدەبنەوە

جۆگەکان  بمبەن لەگەڵ خۆتان ،

بمخەنە نێو هێمنی تێپەڕبوون بەخاکدا

لەگەڵ خۆتاندا بمبەن بۆ دوور زۆر دوور

لەشوێنێک  منی لێ نەبم

لەشوێنێک من نەبم وەک خۆم ،

لەشوێنێک تەنها گەڵایەکی وەریوو بم ..

 

ئەی دڵنیایی تۆ لەکوێت ..

ئەی هەورەکان کەی دەمبەنەوە بۆ لای خۆتان

ئەی دونیا کەی دەبمەوە بەتوخم و دەڕۆم بۆ دوور و چیتر ناگەڕێمەوە..

 

تۆ لەکوێت ماڵی من

ماڵی من لەکوێیە ئەی دڵنیایی !

لەکوێیت ئەی دڵنیایی .

 

لەندەن / مای  ٢٠١٦