فایەق سەعید؛ دیڤی و ئازادکردنی خوێندکار


Loading

جۆن دیڤی وەک پراگماتیکی سەر بە ڕەوتی پرۆگرەسیڤیزم، یەکێکە لەو زانایەی توانی بناغەی شتێک دابنێ بە ناوی پەروەردەی ئەمریکا بۆ ئەوەی چیدیکە لەژێر کاریگەری پەروەردەی ئەڵمانیدا نەبێت. پەروەردەی دیڤی کە دەتوانین بەسەر چەند تەوەرێکدا دابەشی بکەین، کاریگەری گەورەی لەسەر بواری دیداکتیک (زانستی وانەگوتنەوە)  هەبوو و بووە هۆی هاتنەکایەوەی چەندین مێتودی نوێی دیداکتیک، بۆ نموونە مێتودی گرفت و پرۆژە. لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ئەو خاڵانەی کە کاریگەرییان لەسەر دیداکتیک و مێتودەکانی وانەگوتنەوە هەبوو (Arfwedson, 1998). دیڤی و پیاژێ کاریگەری ≪داروین≫ یان لەسەر بوو لە پەیوەندی بە مەسەلەی خۆگونجاندنی ئۆرگانیزمەکان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەردا. بۆیە کارکردنی ئەم دوو بیرمەندە لەسەر ئەو فاکتەرانەی بیرکردنەوە و ئاکاری منداڵەکان لە ژینگە جیاوازەکان  بەشێک بوو لەو پانتاییەی کاریان تێدا دەکرد.

مێتودی گرفت و وانەگوتنەوەی فەرمی

هەر لەسەرەتاوە دیڤی  ڕەخنەی توندی لە مێتودی ≪وانەگوتنەوەی فەرمی≫ فرێدریک هێربەرت (١٧٧٦-١٨٤١) گرت و لە بەرانبەردا مێتودی ≪گرفت≫ ی وەک چارەسەر خستە بەردەست. دیڤی پێی وابوو وانەگوتنەوەی فەرمی ≪Formal Teaching≫ ڕووی لە داهاتوو نییە بەڵکو بە پێچەوانەوە هەڵگری تێڕوانینێکی ڕابردوویانەیە ≪Reptrospective≫. هێربەرت لەم مێتودا (Egidius, 1982) پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە وانەکان بکرێن بە پێنج بەشەوە

بەشی یەکەم: ئامادەکاری (لەبەر رۆشنایی  ئاستی هەنۆکەیی خوێندکاران)

بەشی دووەم: پێشکەشکردن  (خسنەڕووی زانیارییە نوێکان)

بەشی سییەم: بەراوردکاری و گرێدان (بەراوردکردن و لینک دروستکردن لە نیوان زانیارییە کۆن و نوێکاندا)

بەشی جوارەم: گشتگیرکردن (گشتگیرکردنی زانستە نوێکان)

بەشی پینجەم: پیادەکردن (ڕاهێنانی خوێندکاران بەمەبەستی پیادەکردنی زانیارییە نوێکان )

 بۆ چارەسەرکردنی دۆخی وانەگوتنەوە دیڤی وەک ئەڵتەرناتیڤ مێتودی ≪گرفت≫ ی هێنایە ئاراوە و تایبەتمەندییەکانی ئەم مێتودەی لە پێنج خاڵدا کورتکردۆتەوە (Imsen, 1999.p. 72):

یەکەم: خوێندکار دەبێ ڕووبەڕووی گرفتێک یا بابەتێکی قورس بکرێتەوە. دەبێ حەز و ئارەزوویەکیش لەلای هەمان خوێندکار هەبێ بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو گرفتە بکات.

دووەم: خوێندکار دەبێ ئەو گرفتە تاوتوێ بکات (پێناسەکردنی گرفت)

سێیەم: خوێندکار دەبێ زانست و زانیاری پێویست لەسەر ئەو گرفتە یا دیاردەیە کۆبکاتەوە.

چوارەم: بە پشتبەستن بەو زانست و زانیارییانە خوێندکار دەبێ هەندێ گریمانە لەسەر ئەو گرفت یا دیاردەیە یاداشت بکات و دواتریش پەی بە ئەنجامەکانی ئەو گریمانانە ببات.

پێنجەم: خوێندکار دەبێ بەهێزترین گریمانە بە شێوەیەکی پراکتیکی تاقیبکاتەوە.

پرنسیپەکانی دیڤی و دیداکتیک

مەبەستی دیڤی لە خاڵی پێنجەم ئەوە بوو کە قوتابخانەکان بە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەوە ببەستێتەوە، واتە بە دامودەزگاکان، کارخانە و کۆمپانیاکان، بازاڕ … هتد.   بۆ پیادەکردنی ئەم مەبەستەش دیڤی بەردەوام داوای گۆڕینی پرۆگرامی قوتابخانەکان دەکرد. لەم بوارەدا دەبێ ئاماژە بە ڕۆڵی شایستەی هێربەرت سپێنسەر (١٨٢٠-١٩٠٣) بدەین کە لەگەڵ دیڤی توانیان کاریگەری گەورە لەسەر سیستمی پەروەردە دابنێن (Arfwedson, 1998). ناڕەزایی و پرۆتێستی هەمەجۆر (سیاسی، خوێندن، ئابوری)، بەلایەنی کەمەوە ناڕەزایی ئەکادیمییەکان لە دەیەکانی سەدەی بیستدا، کەشێکی ئەرێنی بۆ هەوڵەکانی سپێنسەر و دیڤی خوڵقاند. سپێنسەر کۆمەڵێک بابەتی دەسسنیشان کرد کە قوتابخانەکان پێویستە بیخوێنن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا وەکو هاوڵاتییەکی باش بتوانن لە کۆمەڵگادا کار بکەن. بۆ نموونە دەبێ توانای خۆبەڕێوەبردنی خۆیان هەبێت، دەبێ توانای کاردانەوەی کاریگەرانەیان لە شوێنە جیاوازەکاندا هەبێت، دەبێ پرۆگرامەکان بە ژیانی کۆمەڵگاوە ببەستنەوە… هتد.

جۆن دیڤی وەک پرنسیپ دەیویست خوێندکار بە ژینگە و پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرێ بدات بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی تەندروست بیر بکاتەوە. ئەوە گرینگ نەبوو بەلای ئەوەوە کە خوێندکار بیر لە چی دەکاتەوە بەڵکو ئەوە گرینگ بوو کە بتوانێت بیر بکاتەوە. دیڤی پێی وابوو لە نێوان بیرکردنەوەی خوێندکاران و بیرکردنەوەی توێژەرەکاندا جیاوازی جۆری نییە بەڵکو جیاوازی چەندایەتییە. منداڵەکان دەتوانن بیر لە شتی کەمتر بکەنەوە بەڵام بە هەمان شێوە بیر دەکەنەوە. بۆیە مێتودی گرفت دەرەفەتێکی زۆر شیاوە بۆ ئەوەی هاوکاری خوێندکاران بکرێ بۆ پیادەکردنی پرۆسەی بیرکردنەوە.

بە بۆچوونی ئەرفیدسۆن Arfwedson mfl., 2002)) دیڤی، ڤیگۆچیسکی و پیاژێ لەسەر پەیوەندی نێوان چالاکییە جەستەییەکان و پرۆسەی بیرکردنەوە کۆک بوون ≪هەروەکو دیڤی، پیاژێ و ڤیگۆچیسکی- یش لەسەر ئەوە کۆک بوون کە بیرکردنەوەی منداڵان  لە ئەنجامی  چالاکییە فیزیکییەکانی ئەوانەوە دێتە کایەوە. لە ڕێگەی دروستکردنی کاڵا، خراپکردنی کاڵا، بیرکردنەوەی لەوەی چی ڕوویداوە و ڕووبەڕووکردنەوەیان لەگەڵ گرفتەکاندا، منداڵان ئەزموون پەیدا دەکەن. ئەمەش ڕێگە بۆ گەشەکردنی هونەری بیرکردنەوە خۆش دەکات ≫

شاشه‌ی پۆست مۆدێرن دوژمنه‌ گه‌وره‌كه‌ی خوێندنه‌وه‌ و فێربوون

دەستکاریکردنی پرۆگرامی قوتابخانەکان تا کۆتایی ١٨٠٠ کانیش کارێکی سەخت بوو. لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەوڵێکی زۆر درا لە ١٩٢٠ کاندا وانەی قوتابخانەکان بگۆڕن بەمەبەستی ئەوەی هەندێ وانەی بەسودتر جێگەیان بگرنەوە. فرانکلین بۆبیت (١٨٧٦-١٩٥٦) بە ئیلهاموەرگرتن لە سپێنسەر دەیان بابەتی نوێی خستە بەردەست (Arfwedson, 1998)..

دیڤی یەکێک بوو لەو ئەکادیمیستانەی بەهەموو شێوەیەک دژی دابەشکردنی وانەکان بوو بۆ فیزیا، کیمیا، مێژوو …. هتد، بۆیە لە ڕێگەی مێتودەکانی خۆی و ≪کیلپاتریک≫ وە کاری بۆ نەهێشتنی ئەو دابەشکردنە کرد. لەو مێتودانەدا زوربەی وانەکان تێکەڵ دەکرێن و خوێندکاران دەتوانن کاری تێدا بکەن. بە شێوەیەکی دی مامۆستای چەند وانەیەک کۆدەبنەوە و بەیەکەوە پرۆژەیەک ئامادە دەکەن کە پەیوەندی بە چەند وانەیەکەوە هەیە بۆ ئەوەی خوێندکاران کاری تێدا بکەن، ئەمەش یەکێک بوو لە پرنسیپەکان پەروەردەی جۆن دیڤی.

ئەم دەستپێشخەرییەی دیڤی کاریگەری لەسەر جۆرێ دانیشتنی خوێندکاران لە پۆلەکاندا و شوێنی وانەگوتنەوەش هەبوو. ناکرێ بە مێتودی گرفت، گروپ، پرۆژە … هتد کار بکەین و خوێندکاران بە ڕیز لە پشتی یەکەوە دانیشن. کاریگەرییەکی دیکەی ئەم مێتودانە لەسەر دیداکتیک ئەوە بوو کە وانەگوتنەوەی مامۆستاکانی لە ناو پۆلەکانەوە بردە ناو باخچەکان بۆ ئەوەی باشتر بە ژیانی کۆمەڵگە و پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانەوە ببەسترێنەوە .

پرنسیپێکی دیکەی دیڤی ئەوە بوو کە قوتابخانەکان دەبێ ئەزمون ببەخشنە خوێندکاران بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی قوتابخانەکانیان توشی شۆک نەیەن. لەم ڕوانگەیەوە قوتابخانەکان تێکەڵ بە کاری کارخانە و کۆمپانیاکان کران و خوێندکارانیش فێری دروستکردنی کاڵا بوون یا بەلایەنی کەمەوە ئاگاداری پرۆسەی دروستکردن و بە بازاڕکردنی کاڵاکان بوون. ئەم مێتودە ئێستاش لە قوتابخانەکانی ڕۆژئاوادا کاری پێ دەکرێت، بۆ نموونە پرۆژەی فابریکی دانیمارکی (Arfwedsom mfl., 2002)

وەکو نموونەیەکی زیندوو کاتێ قوتابخانەیەک کار لە پرۆژەیەکدا دەکات دەربارەی چۆنێتی دروستکردنی تابلۆکانی ڕینمایی هاتووچۆ، چۆنێتی دروستکردنی کەوەنتەری ماڵان، چۆنێتی بەرهەمهێنانی شووشە، چۆنێتی چارەسەرکردنی گرفتی هاتووچۆ لە کاتی سەرەتا و کۆتایی دەوام یا کارکردندا، ئەوە پاڵ بە خوێندکارەکانەوە دەنێین زانیاری تەواو پەیدا بکەن لەسەر (بۆ نموونە ) پێکهاتەی شووشە، مێژوی شووشە، ئەو وڵاتانەی شووشە بەرهەم دێنن، چۆنێتی بەبازارکردنی شووشە، کرێکارانی کارخانەکانی دروستکردنی شووشە، ئەو بوارانەی شووشەی تێدا بەکار دەهێنرێ، شووشە و ژینگە… هتد. کۆکردنەوەی ئەم هەموو زانیارییانە دەبنە هۆی دروستکردنی ئەزمون بۆ خوێندکاران.

پرنسیپێکی دیکەی جۆن دیڤی مەسەلەی ئازادکردنی خوێندکار بوو. ئازادی خوێندکار کە بەشێکی گرینگە لە کاری پرۆژە؛ لەلای دیڤی بە ئازادی بەشداریکردنی خوێندکار لە دانانی ئامانجەکانی خوێندن بەستراوەتەوە. ئەو پێی وایە شتێکی بێ مانایە خوێندکار بەشێک بیت لە پرۆسەی خوێندن و بۆی نەبیت ئامانج بۆ کارێک دابنێت کە خۆی دەیکات. دیڤی لە کتێبی ≪ئەزموون و خوێندن≫ دا لە بارەی ئازادی خوێندکارانەوە شرۆڤەیەکی قوڵ پێشکەش دەکات و دەنووسێ  ((Skrøvset & Lund, 2000.P.20:

≪بڕوا ناکەم لە فەلسەفەی خوێندنی پرۆگرەسیڤیزمدا شتێک لەوە دروستتر هەبێت کە پێداگیری لەوە بکات ئەو کەسەی لە کاتی پرۆسەی فێربووندا شتێک فێر  دەبێت هەر خۆشی بەشداری لە دانانی ئەو ئامانجەکاندا بکات کە  سنوری چالاکییەکانی دیاری دەکەن. بە هەمان شێوە هیچ شتێک لە خوێندنی سوننەتیدا لەوە هەڵەتر نییە کە نایەڵێ خوێندکار بەشداری لە دانانی ئەو ئامانجانەدا بکات کە ژیانی ناو قوتابخانە بەڕێوە دەبات≫.

دیوێکی دیکەی ئازادکردنی خوێندکاران ئەوە بوو لە کاتی وانەکاندا دەبێ خاوەنی ئەو پێگەیە بن کە بتوانن بڕیار بدەن، بتوانن بجوڵێنەوە، بتوانن بچنە دەرەوەی قوتابخانە، بتوانن لە داڕشتنی پرنسیپ و ئامانجەکانی خوێندندا بەشدارییان پێ بکرێت و گوێیان لێ بگیرێت. کۆی ئەمانەش ناوەڕۆکی دیداکتیکی کلاسیکی تێپەڕاند. بۆیە قوتابخانەکان ناچار بوون گۆڕانکاری لە مێتودەکانی وانەگوتنەوەدا بکەن. تاقیکردنەوە، یەکێک بوو لە پرنسیپە گرینگەکانی دیکەی دیڤی و کۆی ڕیفۆرمگەراییەکان. ئەمەش بووە هۆی دامەزراندنی تاقیگەی نوێ بۆ قوتابخانەکان و هاتنەکایەوەی مێتودی تاقیکردنەوە.

دیڤی لە کۆتاییدا توانی خوێندکاران لەو چوارچێوە کلاسیکییە ئازاد بکات. ئەمەش بەو مانایە دێتەوە کە خوێندکاران لە کارکردن، لە چۆنێتی دانیشتن لە ناو یا دەرەوەی پۆلەکان،  بیرکردنەوە، ئامادەکاری، تاقیکردنەوە، ئامادەکاری بۆ ژیان …. هتد بە شێوازێکی زۆر جیا کار بکەن. ئەو پێی وابوو ئازادکردنی ئەوان لەو هەموو کۆت و بەندە ئاستی مەعریفیی ئەوان بەرز دەکاتەوە. لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوەش بدەین کە کیلپاتریک لە بەشێکی ئەم پرۆسەیەدا هاوکارێکی باشی جۆن دیڤی  بوو.

سەرچاوەکان

  • Arfwedson, G (1998): Undervisnings teorier och praktik. HLS förlag

  • Arfwedson G & Arfwedson, G (2002): Didaktik för lärare . En bok om lärarens yrke i teori och praktik. HLS förlag
  • Egidius H (1982): Pedagogiska utvecklingslinjer. Esselte studium- Uniscow
  • Imsen G (1999): Lärarens värld. Introduktion till allmän didaktik. Studentlitteratur.
  • Skrøvset S & Lund T (1999): Projektarbete i skolan. Studentlitteratur
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین