شیرازنامە (٣)

Loading

پاش بڵاوبوونەوەی  بەشی یەکەم و بەشی دووەم

بەشی سێیەم

بۆ فەتانەی خادم فارس

سڵاو … لە منی دوورەپەرێزەوە، نەدیوبدییەکی سەرلێشواوەوە، موحیبەتتان عەزر دەکەم. چیتان لێ وەشێرم، نامەوێت وەها تووخنی ئێوەی شکۆمەند ببمەوە. نەک لەبەر ئەوەی، ئێوە نزیکن لە خودای تەعالا، نەک لەبەر ئەوەی لە عیلم و ئەدەب و دونیای عاریفدا ڕۆچوون و، منی کاڵفام، هیچ شتێکی خودا لێک جودا نەکەمەوە. نا شتێکی وەها تووشی من بووە، تەعبیرە لە شاعیرێک، یان گەر سەهووم نەکردبێت و لە دونیابینینی خۆمەوە، بڵێم: عاریفێک، کە ماوەیەک لە نێو دڵی مندا، هاموشۆیەکی بێدەنگی هەیە، هەر وەک چۆن لەم دونیا جەنجاڵییە و ناچیزەی ڕۆحدا، کەسێک بە حەسرەتی ڕۆحگەراییەوە نییە. کچی سەید زادەی ڕۆحبەر … دڵتان هێچ نەڵێت، گەر ئیزن بفەرموون، لەم هەڵیت و پەڵیتەی من دەیبێژم، گەر بە هەڵەدا چووم، بە گەورەیی خۆتان بمانبەخشن و، دەستنووسەکە ڕاست بکەنەوە. هەڵبەت لە ئاست ئێوەدا، پێشوەخت، مەعزەرەت دەهێنمەوە.

مەولانا شاهین شیرازی
مەولانا شاهین شیرازی

پێشباس:-
سەرەتا دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم: کە هەوەڵ جار، لە ڕۆژبەری: ٩ /٣ / ٢٠١٥ هاتمە خزمەت ئێوە و لەمەڕ حافزی ڕۆحەوە، لە نامەی یەکەممدا، بۆ ئێوەی ڕۆح دوام. بەس لێت نەشارمەوە، لە نێو ئارامگاکەوە، هەمیشە بە دوای ڕۆحی دیکەشدا دەگەڕام؛ کە من، ئەوەی بە دوایدا وێڵ بووم، وەک شاعیرێک و عاریفێک خوێندومەتەوە. بە داخەوە، چووم بۆ سەر چەند گڵکۆیەک و تەماشای نێونیشان و ڕۆژی وەفاتەکانینم دەکردن، لێ ئێوە خۆش بن، هیچ زانیارییەکم وە چنگ نەکەوت، لە حەوشەکەی ئارامگای حافز، نەمدۆزییەوە. جا من لەم نامەیەدا، قسەگەلێکم ڕووی لە ئێوە دەبێت و، گەر خوداش یارمان بێت و، ئێوەش سەغڵەت نەبن، باسی ڕۆح لە ئێوە وەردەگرمەوە.

ڕۆحێکی نادیار، لە پەنای ڕۆحێکی دیاردا:-
هەمیشە ئیشکالییەتێك هەیە، ئەویش ئەوەیە کە، چلۆن ڕۆحی دیار و نادیارمان بۆ کەشف ببێت. ئایا ڕۆحی نادیار، لە ئەنجامی کەسێکی نادیارەوە دێت، یان جەستەیەکی نادیارەوە دێت، یان کەسێکی دیار و جەستەیەکی زۆر دیاریش هەیە و، لێ زۆر جار ڕۆح دیار نییە. یان ڕوونتر پێتان بڵێم: ڕۆح لە نێو جەستەدا خۆی حەشار دەدات و، ئێمە نامانەوێت بەرجەستەی بکەین. یان هەموو جەستەیەک و جوڵانەوەیەکی ئێمە، بە ئاگایی ڕۆح، دەرکەوتەی مرۆڤبوونمان ئاڕاستە دەکات. لێ، فەتانەی سەید زادەی ڕۆحبەر … خۆم بینیم، دیوانی حافز، لە پەنای قورئان، لەسەر هەر ڕەفەیەکی کتێبخانەی نێو ئارامگاکەی حافزتان دانابوو. ئینجا سوئالی من لە خزمەت ئێوەدا ئەوەیە، بۆچی لە پەنای حافز، دیوانی “شاهین تەورات”ی “مەولانا شاهین شیرازی”تان دانەنابوو؟ خۆ مەگەر ئێوە لە من باشتر نایناسن؟ هاوکات کە مەولانا شاهین، بەرهەمی شیعریی “مووسانامە”ی بە دە هەزار بەیت تەواو کردووە لە ساڵی (( ٧٢٨ هیجری، کە هاوکات بەرانبەر ساڵی ١٣٢٧ زایینی))یە. ئەی حافز، دوو ساڵ پێش ئەو بەرهەمەی شاهین، لە ((٧٢٦ هیجری)) بە دونیا نەهاتووە؟ بۆ وەی بچینە سەر ئەسڵی بابەتەکە، دەکرێت بڵێم: لەبەر ئەوەی حافز، فارسی موسڵمان بوو، بەس “مەولانا شاهین شیرازی” جوویەکی فارس بوو. دەی دە نێوەڕۆکدا، هەڵگڕی چ پەیامێک بوون. گەر ئێوە فیردەوسیتان هەبووبێت، شاهنامەی نووسی بێت، ئەی “شاهین” هەر هی ئێوە نەبووە و مووسانامەی نووسیوە. مەگەر ئێستاکەش ناڵێن: ئێران. ئەی “مەولانا شاهین شیرازی” گەورەترین و یەکەمین شاعیری فارسی جوولەکەی ئێران نەبووە و هەتا ئێستاکەیش، تکایە سوئالی من قبووڵ بکەن، لەمەڕ ئەو بابەتەی کە بۆچی بە گرنگییەوە ناڕواننە ڕۆحی شاهین، وەختایەک، حافز، ستاییشی شاهین دەکات.

مەولانا شاهین، لە قووڵایی عیرفانییەتدا:-
بە کورتی، لە تەشریف ئێوەدا، دەڵێم: مەگەر چ فەسڵێکم لە ڕۆح دەوێت، کە ڕۆح، خۆی جوابی میسالی من و ئێوەی ڕۆح وە چنگ نەکەوێت. وە بیر ڕۆحتان دەخەمەوە، کە “مەولانا شاهین شیرازی” دەفەرمووێت: “خودای ئێمە، خودای کارسازە. بەخشندە و میهرەبا ن و بێ مەبەستە.” دەشێت بڵێم: کچی سەیدە زادەی ڕۆحبەر، ئیشکالییەت لە ستوونی خودادا نییە، ئیشکالییەت خوودی ئێمەین، لە تێگەیشتنی جیهانی ڕۆح. دەی خۆ مەقسوودی ڕۆح، لە ستوونییدا، هەر یەک جیهانی ڕۆحە.

دەستنووسی "مووسانامە"ی شاهین شیرازی، بە ڕێنووسی عیبری.
دەستنووسی “مووسانامە”ی شاهین شیرازی، بە ڕێنووسی عیبری.

دەگەڕێمەوە لات، بە دەستنووسێکی دیکەوە:-
لە کۆتاییدا، دەزانم چ نیگەرانییەک لای خۆت بە پەنهانی هەڵدەگریت/ چ مەقسوودێک، لای من بە جێدێڵیت/ چ لە دەنگی کوکوختی بکەم، گەر هیچی بۆ ڕۆح پێ نەبێت/ چ لە نەسلی ئەم و ئەوی مرۆڤ بکەم، گەر ڕامانی تۆ، ڕەشبینی لە مندا نەگۆڕێت/ چ لە ڕۆح بکەین، گەر قەشەیەک و خاخامێک میوانی مە نەبێت/ چ جوانییەکە، ترووسکایی لەوانەوە، بەر مە بکەوێت.
من دێمەوە، بە دەستنووسێکی دییەوە/ لە لاپەڕەیەکدا نووسراوە: ڕۆح، بە چەشنێکی دییەوە.
ئیدی تا ئەو وەختە بە دەستنووسی عاریفێکی دی دەێمەوە خزمەتتان، ڕۆحتان لە سوئالی من زیاتر ڕۆشنتر بێتەوە.

٣/ ٩ / ٢٠١٦
قەڵادزێ

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.