شکۆی ناشتن, ڕۆمانێکی سیاسی یان ریتواڵێک بۆ خۆشەویستی

Loading

ژان ژینییە ١٩١٠- ١٩٨٦، کە لای ئێمە تەنها وەک شانۆنامەنووسێک ناسراوە، چەندان ڕۆمانیشی نووسیوە، کە بە بەردەوامی لە وەرگێڕانی تازەدا بڵاو دەکرێنەوە، لەوانە (دز و خۆشەویستی) و (یاداشتەکانی دزێک). لە وڵاتی سوێد، ژینییە جگە لە شانۆنامەنووس، گوتار و ڕۆمانەکانیشی کراون بە سوێدی و لەم بوارانەیشدا گەلێک ناسراوە و هەر لە پەنجاکانەوە، ڕۆمانەکانی بە تایبەتیش (یاداشتەکانی دزێک) و دواتریش گوتارەکانییان لە کتێبێکدا وەرگێڕاوە.

ژینییە، بەشێکی زۆری ڕۆمان و هەندێک لە دەقە شانۆییەکانی، لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، لەنێو دیواری بەندیخانەکاندا نووسیوە، لە بەندیخانەکاندا ئەو بوارەی بۆ دەڕەخسێت ژمارەیەکی زۆر کتێب بخوێندێتەوە، بە تایبەتیش مارسیل پرۆست، ئەمەیش حەزی نووسین و گوزارشتکردن لەخۆی لا دروست دەبێت. ژینییە سەرەتا ڕۆمانەکانی لەسەر ژیان و بیوگرافیای خۆی، وەک دز، میوانی بەندیخانەکان، سۆزانی و گەریدە ڕۆناوە.

ژان پۆل سارتەر ١٩٠٥- ١٩٨٠ هەر زوو لە کتێبێکی تایبەتیدا (ژان ژینییە، ئەکتەر و شەهید) ١٩٥٢، باسی بلیمەتی ژینییە دەکات و بە (قەدیس) ناوی دەبات، سارتەر لە دەرەوەبوونی ژینییە لەنێو هەموو سیستێمە کۆمەڵایەتی و بنەما ژیارییەکانی کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆ و بنەما؛ ژینییەی هۆمۆسێکسیوێل، ژینییەی دز و هەروەها ژینییەی نووسەر. پێناسەکردنی ژینییەیش بە کەسێکی پیرۆز لەلایەن سارتەرەوە، ژینییە تووشی ڕاچڵەکان و تەزینێکی تەواو دەکات، کە هەندێک پێیان وابوو، ژینییە بە چەشنی ڕامبۆ، لە قۆناخێکی کەم و کورت دا، بوورکانی نووسینی دەتەقێتەوە تا لە پڕ بکوژێتەوە. ژینییە دەتوانێت خۆی لەو چەمکە خودگەرا و پێناسە ئیگزنستیالیزمەی سارتەر دەرباز بکات و ڕێگایەکی نوێ، وەک نووسەرێکی ڕەچەشکێن و فرە ژانری نووسین و فرە بەرهەم بدۆزێتەوە. جگە لە سارتەر، ژان کۆلتۆ-یش ١٨٨٩ – ١٩٦٣ بەرگرییەکی بەهێز لە ژینییەی دز دەکات و هانی دەدات خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات، کۆکتۆ بە ژینییە دەڵێت: (تۆ دزێکی خراپی و زوو دەگیرێت، بەڵام زۆر باش دەنووسیت.)

ژینییە جگە لە ڕۆمان، بە گوتار و شانۆنامەکانی، بۆ نموونە (کارەکەرەکان)، کە لە دیدی گەمەیەکی توندوتیژ و پڕ لە ئازاری دوو کارەکتەر (کلێر و سۆلانژ)ەوە، کە گەمەی ئاغا و سەپان دەکەن، بووە یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی شانۆی ئەبسوردی دوای ساڵەکانی جەنگی جیهانی دووهەم. ژینییە لە شانۆدا تەکنیکێکی نوێی بەکار هێنا، شانۆی ناو شانۆ، گەمەی شانۆیی، گەمەی نێوان ڕیتواڵێکی سیحری بنەما و پێوەدانگی دەقە شانۆییەکانی پێک دەهێنێت. ژینییە لە شانۆدا، لە ئارتۆ و برێشت-یش نزیک دەبێتەوە و تێکڵاویشیان دەکات.

ژینییە دز بوو، بە تایبەتیش دزی کتێب. ژینییە ئەو کتێبانەی دەدزی، کە دەیوویست بیانخوێندێتەوە و پارەی کرینیانی نەبوو، هەروەها لە ماوەیەکیشدا، لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەو کتێبانەی بۆ (ژان دوکارنا) ئەو کوڕەی خۆشی دەویست دەدزی، کە لەسەر کەنارەکانی دەریای (سان) کتێبی دەفرۆشت. دزی وەک کردارێکی خۆشەویستی؛ خۆشەویستی ژینییە بۆ ژان دوکارنا، کە کەسێکی کۆمۆنیست و چالاکوان و بەرهەڵستکارێکی داگیرکەرە نازییەکان بووە، کلیلی کردنەوە و تێکەیشتنی ڕۆمانی (شکۆی ناشتن)ە.

ئەم ڕۆمانە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٨ دا، لەلایەن دەزگای پەخشی گالمیراد-ەوە، بەبێ ئەوەی ناوی دەزگاکەی لەسەر بێت بڵاو کراوەتەوە، ئەمەیش لەبەر ئەوەی خۆیان لە هەموو جۆرە بەرپرسیارییەکی یاساییەوە قوتار بکەن، چونکە ڕۆمانەکە، وەک کفرێک، بەرامبەر بە هەموو بنەما و بەها پیرۆزە فەرەنسییەکان، وا بووە.

لەوەوبەر هەموو بەرهەماکانی تری ژینییە: ڕۆمان، گوتار و شانۆنامەکانی، جگە لەم ڕۆمانەی کراون بە سوێدی، تەنانەت هەموو دەقە شانۆییەکانیشی لەسەر شانۆکانی سوێد نەمایش کراون، وا ئێستایش ئەم ڕۆمانەی بۆ یەکەمجار بڵاو دەکرێتەوە.

ژینییە لە ڕۆمانی (شکۆی ناشتن)دا گوزارشت لەو خەمە گەورە و پەژارە قووڵەی خۆی، کە بە لە دەستدانی هاورێ و خۆشەویستەکەی، ژان دوکارنا، کە لە ساڵی ١٩٤٤ دا لە پرۆسەی ڕزگارکردنی پاریس دا کوژراوە، دەکات. ژینییە دەڵێت (من گۆڕەکەی ئەوم) ئەمەیش گوزارشتێکی بەهێزە لەو کارەساتە و دەنگی ژینییەی نووسەر بە دەوری ئەو خەمەدا دەسوڕێتەوە، دەچێتە نێو چەقی ئازارەکانەوە، تێکەڵاوی کارەکتەرەکانی تر دەبێت؛ جەلادەکە، سەرباز و تەنانەت هیتلەر-یش.

کارەکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە هەردوو ژان؛ ژان-ی نووسەر و حیکایەتخوان و ژان-ی هاوڕێ مردووەکەی، هاوکات چەکدارێک، سەربازێکی ئەڵمانی، جەلادێک و (هیتلەر)یشە. ژینییە هەندێک جار جەستەی مرۆڤی ترمان پێشان دەدات، ئەو کارەکتەرانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان، مانایەکیان بۆ ژیان و مەرگی (دوکارنا) هەبووە. لەم دەروازەیەوە، هێدی هێدی هێڵی گشتی رووداوەکانی ڕۆمانەکە دەردەکەون، چیرۆکێک ماناکانی ئەو دیوو دێڕ و وشەکانی دەکاتەوە و وێنە و ڕەوشەکانی رق و بەدخوازیی، خواست، قوربانی و جەلادەکان و ئەو رۆڵانەی لە تراجیدیای شەڕدا بە مرۆڤ دەبەخشرێت، بەرجەستە دەکات. هەروەها ژینییە زۆرجار لەم ڕۆمانەیدا، مۆرکێکی ئێرۆتیکی بە کارەکتەرەکانی دەبەخشێت، لەو ئەتمۆسفێرەوە، لە بەرکەوتنی جەستە و حەزێکی شەهوانییەوە تا لەوێوە بگاتە ئەو هۆکارانەی خۆشەویستەکەیان بەرەو مەرگ بردووە. ئەو توندوتیژییەی ژینییە باسی دەکات، یان ئەو ئێرۆتیکەی رووداوەکانی ڕۆمانەکەی بارگاویکردووە، ڕێگایەکە بۆ پەردەهەڵماڵینی ڕێسا موراڵییەکانی کۆمەڵگە. لەم ڕۆمانەدا، ڕامان، بەرهەڵستی، خۆشەویستی، مەرگ و سەرلەنوێ لەدایکبوونەوە، لە پێکداچوونێکی بەردەوامدان. ژینییە، چاک و خراپ، پاک و پیس تێکەڵاو دەکات و تەنانەت پیاوکوژەکانیش دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرز، بە شێوازێکی شیعری تەژی لە سیحر، باسی تەنهایی و توندوتیژی و دڵ ڕەقی ئەو چەکدارەیش دەکات، کە ژان دوکارنا دەکوژێت. هەندێک ڕەخنەگری ئەدەبیش ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باس لە پێوەندی ئێرۆتیکی نێوان پێنج پیاو دەکات: ژان-ی بەرهەڵستکار، ژان-ی نووسەر، ناپاکێک، نازی و هەروەها هیتلەر.

ژینییە لەم ڕۆمانەیدا چەندە بە دیدێکی ڕەق و توندوتیژ دەنووسێت، هێندەیش لیریکێکی شیعرئامێز، تەژی لە وێنەی دژ بەیەک و وێناکردنی دونیایەک، کە رووداو و کارەکتەرەکان لە ئێستا و لێرەدا بەردەوامی بە ژیانی ڕۆمانەکە دەدەن، خولقاندووە. ئەمەیش وای لە ستراکتوری ڕۆمانەکە کردووە، کە وەک مەنەلۆژێکی درێژی پڕ لە ئازار و شکۆمەندی بەخاک سپاردنی هاوڕێ و خۆشەویستە کوژراوەکەی، دەربکەوێت.

ئەم ڕۆمانەی ژینییە، بۆ ئەو کەسانەی لەوەوبەر هیچ بەرهەمێکی تری ژینییەیان نەخوێندبێتەوە، دەستپێکی گرانە؛ هەندێک بەشی ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی بێ سنوور تێکەڵاوکردنی چاکە و خراپە، هەڵوەشاندنی سنوورەکانی شەڕە بەرەو شەڕێکی سەخت و گرانتر، بەڵام ئەم هەستە ئێجگار ناخۆشە، ئەم دیدە ڕەشەی پر لە شەڕە، لە فۆرمێکی ئەدەبی و زمانێکی بەرز و بە شێوازێکی شیعرئامێزی باڵا بەرجەستەی لێ کراوە. ژینییە بنەمای ڕۆمان و ستراکتور و ئەو زمانەی بەکاریهێناوە، لەسەر بنەماکانی داب و نەریتێکی بەهێزی ئەدەبی ڕۆنراوە و هەر لەو داب و نەریتەیشەوە هێز و وزە و سەرچاوەی وەرگرتووە: ژینییە سروشتی ئەم بەرهەمەی، هەر بۆ نموونە لە هونەرمەند و شاعیر و نووسەری ئینگلیزی ولیەم بلاک ١٧٥٧ – ١٨٢٧ ەوە تا دەگاتە نیتشە ١٨٤٤ – ١٩٠٠، کە چاکە و خراپە جێگۆرکێیان پێدەکرێت، هەر لەبەر ئەوەی دووڕوویی، بنەما ناسک و تێکشکاوەکانی موڕاڵ، لایەنە شاراوەکانی ئیرۆتیک، سنووردارکردنی هزر و بیروباوەڕ، خۆهەڵخەڵەتاندی مرۆڤ، ئاشکرا بکەن و بیانخەنە ڕوو. ئەوەی ژینییەیش جیادەکاتەوە، ئەوەیە، کە ئەو وا لە چەمکەکانی شەڕ و توخمەکانی خراپەکاری دەکات، گەشە بکەن و لە وێنەیەکی جوان و شیعرئامێزدا دەربکەوێت.

ژینییە بەو زمانەی ڕۆمانەکەی پێ نووسیوە، خوێنەر لەو فۆرمەی پێی ڕاهاتووە، دەهێنێتە دەرەوە و تووشی ڕاچلەکان و بێزاری و شۆکی دەکات؛ واقیع گۆڕانکاری بەسەردا دێت و لەو شێواز و فۆرمە ناشرین و پر بە شەڕەیدا، دەبێتە هزرێکی بەهێزی لێوانلێو لە شیعر و خوێنەر رووبەرووی واقیعێکی تر دەکاتەوە. جووڵەیەکی بەهێز لە زمانی نووسینەکەیدایە، کە وا دەکات لەبری ئەوەی پشتی تێبکات و دژی بووەستێتەوە، چێژی  لێ وەردەگرێت، هاوکات ئەو چێژە رووبەرووی لایەنە قووڵ و شاراوەکانی واقیع و واقیعی مرۆڤ دەکاتەوە.

ژینییە لە (شکۆی ناشتن)دا، توندوتیژی، ناپاکی، پیسی، بەکارهێنانی هەوەسی سێکسی وەک دەسەڵات دەکات بە شیعرێکی باڵا، لە هەمان کاتدا هەر ئەو ئامڕازانە و بە زمانێکی تر، وەکوو چەکێکی بەهێز بۆ تاوانبارکردنی هاوزمان و هاونیشتیمانییەکانی و وڵاتەکەشیان بەکاردەهێنیت. ژینییە دەڵێت: (بە شێوەیەکی ترسناک خۆم لە ئێوە، لە دونیای ئێوە، لە شارەکانی ئێوە، لە بنکە و ڕێکخراوەکانتان دووردەخەمەوە. من دوای ئەوەی چوونە دەرەوەتان لێ قەدەخە کردم و لە بەندیخانەکانتان توندتان کردم، شوێنێکی تر و دوور لە ئاوەدانیم دۆزییەوە، کە توانیم زیاتر لە وڵاتەکەی خۆم هەست بە سەربەرزی بکەم) ئەمە دەنگی ئەو نووسەرە لاوەیە، ئەو ژینییەی هەمیشە لە بەندیخانەیەکەوە دەبرا بۆ بەندیخانەیەکی تر، کە دژ بە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری دەوەستێتەوە، ئەو کۆمەڵگەیەی بنەماکانی لەسەر هۆمۆفۆبی، ڕەگەزپەرستی، فەرەنسایەکی بە درۆ دروستکراو و ساختە، ڕۆنراوە. ژینییە بەو زمانە فەرەنسییەی چینە بەرزەکەی کۆمەڵ قسەی پێ دەکەن و بەکاری دەهێنن، ڕەخنەیەکی توند لە بنەماکانی خێزان، وڵات، کارکردن و پارەپەیداکردن و موڵکدارێتی ئەو چینە دەگرێت.

زۆربەی ڕەخنەگرەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە ئەم ڕۆمانە هەژموونێکی زۆری بەسەر یەکەم بەرهەمەکانی (پاتریک مۆدییانۆ)ەوە هەبووە؛ بە تایبەتیش یەکەم ڕۆمانی بڵاو کراوەی (گۆڕەپانی ئیتوال) Place de I Etoile. ئەم ڕۆمانەی مۆدییانۆ-یش ڕووداوەکانی، وەک ڕۆمانەکەی ژینییە لە پاریس، بە کاتێکی کورت بەر لە ڕزگارکردنی لە دەستی نازییەکان، ڕوودەدەن.

ئەم ڕۆمانەی ژینییە، بۆ ڕەخنەگرەکانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەوانەی ڕۆمانەکەیان وەک من بە زمانی فەرەنسی نەخوێندۆتەوە، تووشی کێشە بوون و نەیان توانیوە بە چ شێوەیەک پێناسەی بکەن، یاخود نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی تەواو، بیخەنە نێو هیچ ستایلێکی ئەدەبییەوە: وەک کۆلاژێکی بێ بەزەیی فەنتازیئامێز، خەونەیارییەکی سوریالی، کە لە دیمەنی ئاشکرای بەرجەستەکراوی خەون و زیندەخەوندا گوزارشت لەو رەوشەی پاریسێکی داگیرکراو دەکات یان شیعرێکی بێ ئەندازە ڕەشی توندوتیژە، کە مەبەستییەتی خوێنەرەکانی تووشی خورپە و ڕاچڵەکین بکات. بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی هێڵی گشتی ڕۆمانەکە، ئەو خەم و ژان و ئازارەیە، کە لە ئەنجامی کوژران و لە دەستدانی خۆشەویستەکەیەوە، ژینییە دەهەژێنێت.

ژان ژینییە لە پرسە و خەمێکی قووڵدایە بۆ لە دەستدانی ژان-ەکەی تر، ژان دوکارنا، کە نازییەکان دەیکوژن (کاتێک ژان لە ژیاندا بوو، بۆ من بوو بووە مایەی غەم و سەرگەردانیی، ئەوا ئیدی ئێستایش ئەو مردووە… ژیانی ئەو پەرچویەک بوو لە پاکیژەیی، کە هەمیشە لە شەڕدا پرشنگی دەدا. لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنەکەیدا، قەشە لە لای تابووتەکەیەوە چەند وشەیەکی گۆکرد، لەوانە: (ئەو لە گۆڕەپانی جەنگی شەرەفدا گیانی سپارد.) ل ٩٢

ژینییە، لەم ڕۆمانەیدا، وەک ئەکتەرێکی بەسەلیقە و شانۆنامەنووسێکی بە توانا، دەچێتە ڕۆڵی کارەکتەرەکانییەوە، دەبێت بە ژان دوکارنا، هەروەها پیاوکوژەکان، خیانەتکاران، سەربازە ئەڵمانییەکان و گەمەیەکی ورووژێنەر و تووڕەکارانە لەگەڵ خوێنەر و خۆشیدا دەکات و هەموو سنوور و تاپۆکان تێک دەشکێنێت. تەنانەت لە هەندێک لە دیمەنەکانی ئەم ڕۆمانەدا، وێنای هیتلەرێکی قوندەری هۆمۆسێکسێولمان بۆ دەکات، کە لە پشت ئەو دیمەنانەوە، شەیتانێکی شەڕانی تەپڵی شەڕ لێ دەدات و خەون بە وێرانکردنی دونیاوە دەبینێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، خەمێکی گەورە بنەما و ستراکتوری ڕۆمانەکە پێک دەهێنێت.

لە ڕۆنانی بنەماکانی ڕۆمانەکەوە، بە شێوەیەکی تەریبی، دوو پرۆسەی بە خاک سپاردن، لەنێو رووداوەکانەوە بەرجەستە دەبن: ژان دوکارنا و کۆرپەیەکی شیرەخۆری ئافرەتێکی کەنیزە، کە هێشتا شووی نەکردووە. پاڵەوانێکی بەرگریکەری دژ بە داگیرکەرە نازییەکان و کیژێک، کە هیچ کەسێک نە هەستی پێ دەکات و نە دەیبینێ، بە منداڵێکی مردووەوە؛ دوو خودگەرا، لە هەمان ڕەوش و ژینگە و بارودۆخدا، دەخرێنە ڕوو، هاوکات وەک کۆنتراستێک رووبەرووی یەکتریان دەکاتەوە.

لێرەدا ئەم پرسیارە، لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا، دێتە پێشەوە، ئایا ئەم ڕۆمانە چ هەڵوێستێکی سیاسیی ژینییە دەخاتە ڕوو؟ لە هەمان کاتدا دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوەیش بکەین، کە هەر لە بنەڕەتەوە ئەو پرسیارە هەڵەیە، ئەمەیش لەبەر هۆکارێکی ساکار؛ لەبەر ئەوەی ئەدەب نە سیاسەتە و نە مانێڤێستێکی سیاسییە، بەڵکوو ئەدەبە، ئەدەبیش بە هەموو شێوە و شێواز و فۆرمەکانییەوە لە سیاسەت گەورەترە، شکۆترە و بە قووڵی شتێکی تر باس دەکات، کە سیاسەت ئەو توانایەی نییە. هێزی ئەم ڕۆمانەیش لەوەدایە، ئەگەر بە دوای هەر هەڵوێستێکدا بگەڕێت، دەبێتە یان دەگۆڕێت بۆ جۆرە بەرهەڵستییەک، لەگەڵ ئەوەیشدا چەندان دووپات کردنەوەی گرینگ هەن، بۆ نموونە ژینییە هەر لە لاپەرەی یەکەمی ڕۆمانەکەوە باسی رووداوەکانی فەرەنسایەکی داگیرکراو دەکات: (ماوەیەکی کورت دوابەدوای ئەوە، هەمان ئەو ڕۆژنامانە کۆکوژییەکانی مرۆڤیان بە دەستی – هیتلەر خستە بەر باس، ئەو گەمانە، کە لەلایەن خەڵکانی ترەوە بە سادیزم ناودەبران، لەلایەن پۆلیسێکەوە ئەنجام دەدران، کە دڵڕەقترین ئەشکەنجەدەرەکانی لەنێو فەڕەنسییەکانەوە دەهێنان.) ل ٥. لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانین بڵێن ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی سیاسییە، لەبەر ئەوەی باسی شەڕ و بەرگری و ئەنجامەکانی بەرگریکردن دەکات، بەڵام هەموو شتەکان لە دژەکانیدا کۆدەکاتەوە، بۆ نموونە، کە بەرجەستەی ڕزگارکردنی پاریس لە ژێر دەسەڵاتی ئەڵمانیای نازی دەکات، دژە ئەڵمانی، دژە فەرەنسی و تەنانەت دژە ئارامی جۆرە بەرهەڵستییەک لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت، کە هەمیشە ڕەوشی رووداوەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

ئەوەی لە کۆتایی ئەم ڕانانەدا ماوە بیڵێم، کە ئەویش دەچێتە دووتۆیی چەمکە سیاسیی و موراڵییەکانەوە، ئەوەیە، کە ژینییە ئەوەمان پێشان دەدات چەندە ئاسانە لەگەڵ تەوژمە شەڕانگیزەکاندا ڕابێیت و ملکەچ و قایل بیت بە یاسا و ڕێساکانی.

سەرچاوە:

Jean Genet, Begravningsståt, översättning av Anders Bodegård, Modernista, 2016