سلاڤۆی ژیژاك

سلاڤۆی ژیژەک؛بۆچی چیتر عاشق نابین؟


Loading

ڕووداوی ناوازە:بۆچی چیتر عاشق نابین (ناکەوینە داوی خۆشەویستیەوە)؟

سلاڤۆی ژیژەک

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

ڕووداوی ناوازە چیە؟ ئەوە پرسیارێکی سەختە، نەک لەبەرئەوەی پێناسەیمان بۆ ناکرێت، بەڵکو لەبەرئەوەی زیاد لە پێناسەیەکمان بۆی هەیە. من لە کتێبەکەمدا وا لەسەر  (ڕووداو)  وەستاوم کە شتێکی ناوازە و نائاساییە کە ڕوودەدات، لێ لەگەڵ بوونی ئەو پانتاییە بەرینەیشدا بۆ باسکردنی ڕووداو، پێم باشە باس لەو بونیادە سەرەکیە بکەم کە تیایدا دەتوانین بەشێوەیەکی زانستی باس لە ڕووداو بکەین. ڕووداو شتێکە لەناو کایەیەکی دیاریکراوی دیاردەکاندا ڕوودەدات، بەشێوەیەکی شلۆک و خۆوەکیانە ڕوودەدات. ساتەناساتێک شتێک ڕوودەدات کە کاریگەریەکی پێچەوانەی دەبێت و بنەمای هەموو ئەو شتانە دەگۆڕێت کە دەشێت هەبن، هەر هەموویشی بەبۆنەی ڕووداوەکەوه‌  ڕوویداوە. هەموو ئەو ئەگەرە نوێیانەیشی کە دێنە ئاراوە، زادەی ئەو دۆخەن کە ڕووداوەکەی لێوە بەرهەمهاتوون. بێگومان ڕووداوەکە زادەی ئەو بارودۆخەیە، لێ هەر ئەو ڕووداوە بە شێوەیەکی کارلێککەرانە تەواوی دۆخی گشتی دەگۆڕێت. گەر بڕوانینە کاریگەریەکانی ڕووداوەکە و ئەو دۆخە شیاوانەی لێوەی لەدایکدەبن، بەراوورد بەهۆکارە سادەکانیی، ئەوا ڕووداوەکە وەک ڕێکەوت یا پەرەجووە، دەردەکەوێت…بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم دۆخە، هەندێک نمونەتان بۆ دەهێنمەوە کە هیوادارم بەدڵتان بێت:

بۆ نمونە بۆچی کافکا لە ئەدەبدا، فرانز کافکایە، واتە بۆچی هەموومان دەیناسین و سەرسامین بە کارەکانی؟ بێگومان لەبەرئەوەی کە کافکا پێشینەی خۆی هەیە و کەسانێکی زۆر هەبوون بەر لەو نوسیویانە. دەتوانین زۆر بەڕاشکاوی بڵێین؛ کە کافکا سوودی لە زنجیرەیەک ئەدیبی تری وەک (ئێدگار ئالان پۆ، دۆستۆیڤسکی، ولیەم بلیک و … هتد)  وەرگرتوە. بەڵام مەسەلەکە هەر وا ئاسانیش نییە، چونکە کاتێک هەوڵدەدەیت کافکا داببڕیت لەپێشینەکانی، واتە ئەو پێشینانەی کە لەبەربەرەکانێدان لەگەڵ کافکا، ئەو دەمە دەشێت لەم ڕەهەندەوە کافکای پێش کافکا ببینین. ئا لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە پێشینەکانی کافکا بەبۆنەی کافکاوە بایەخداربوون، ڕێک بە پێچەوانەیشەوە، کافکا بەهۆی ئەوانە گرنگی و بایەخی پێدراوە.

بۆرخیس

نوسەری ئەرژەنتینی (بۆرخێس) لە گوزارەیەکی کورتدا قسەیەکی جوان دەکات کاتێک دەڵێت: ((هەموو دانەر و نوسەرەکان پێشێنەی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، بەڵام نوسەری مەزن ئەوەیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بتوانێت ڕابوردوویەکی تایبەت و پێشینەی تایبەت بە خۆی دروستبکات)).  ڕاستە نوسەرانێک هەن کە کاریگەریان  لەسەر کافکا هەبووە، بەڵام هەرگیز نەدەکرا ئەو کاریگەریە ببینین تەنها ئەو کاتە نەبێت کە کافکا دێتەبوون.

ئێستا با بچمە ناو بوارێکی تەواو جیاوازەوە تا نمونەیەکی تر بهێنمەوە لەسەر هەمان کێشە کە ئەویش خۆشەویستیە. خۆشەویستی ڕەسەن و دێرین وەک ئەوەی کە دەیزانین و دەیناسین، لەمڕۆدا بۆتە شتێکی دانسقە!  خۆشەویستی واتە ڕووبەڕووبوونەوە و بەریەککەوتن، هەربۆیە لە زمانی ئینگلیزی و هەندێک زمانی تریشدا – جگە لە فەرەنسی- گوزارشتی (کەوتنە ناو   –   fell in love) بۆ باسکردن و ناسینەوەی خۆشەویستی بەکاردێت، ئێمە دەکەوینە ناو خۆشەویستیەوە[1].

ئەمە ئەو ڕووداوەیە کە من باسمکرد، بەڵام چۆن؟ با وای دابنێین تۆ ژیانێکی خۆش دەژیت، خۆشبەختیت، کاری خۆت هەیە و بەردەوام لەگەڵ هاوڕێکانتدا یەکتری دەبینن. تۆ لەهیچ پەیوەندیەکی خۆشەویستیدا نیت، تەنها حەزت بە پەیوەندیەکی خێرای شەوێکە و کورتمەودا لەگەڵ کەسێک. تۆ زۆربەی کاتەکانت لەگەڵ هاوڕێکانت بەسەر دەبەیت، دەخۆیتەوە دەڕۆیتە دەرەوە بۆ ئەم لاو لا … هتد. با وای دابنێین جارێک لەپڕ و بە شێوەیەکی زۆر خۆوەکیانە دەکەویت و کەسێک دەستت دەگرێت و هەڵتدەستێنێتەوە، کوڕێکە یان کچێکە گرنگ نییە، بەس لە پڕ هەستدەکەیت ئەو کەسە خۆشەویستی ژیانتە.

بێگومان ئەمە ڕێکەوتێکی زۆر سادەیە، لێ دەشێت ئەنجامەکەی سەرلەبەری ژیانت بگۆڕێت. ئیدی هیچ شتێک لە جێی خۆی نامێنێت، لەپڕ وا دەڕوانیتە ڕابوردووت و هەموو ڕووداوە کۆنەکان وەک ئەوەی کە ئەوان گەیاندبیانیت بەو چرکەساتە ناوازەیە. دیارە هەمووتان ئەو دەستەواژە بەناوبانگەتان لە خۆشەویستیدا بیستووە کە کەسێک دەڵێت: ((ئای خوایە، هەموو ژیانم چاوەڕوانی تۆ بووم)) دەشێت ئەو گوزارشتە یا هەر دەستەواژەیەکی تری لەو جۆرە بە ڕووداوی خۆشەویستی ناوببەین.

من پێموایە لەم ڕۆژگارەی ئێمەدا، ئەو چەشنە لە خۆشەویستی وەک ڕووداوێکی ناوازە، تا دێت کەمتر و کەمتر دەبێتەوە. زۆر لە ڕەخنەگرە زرنگەکانی بواری کولتور تێبینی ئەوەیان کردووە کە ئێمە تا ڕادەیەک خەریکە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی بەر لە ڕۆمانتیزمی پێش سەردەمی مۆدێرن، بەتایبەت لەو بەشەدا کە پەیوەندی بە هاوسەرگیرییەوە هەیە.

ئەو سەردەمە پەیوەندیەکان پەیوەست بوون بە خزمەکان و سەرۆک خێڵەکانەوە. جاران مامت یان پورت کەسێکی بۆ هەڵدەدایت و دیاری دەکرد تا لەگەڵی هاوسەرگیری بکەیت، ئەمڕۆیش بەهەمان شێوەیە، بەڵام لەجیاتی مامە دەسەڵاتدارەکان و فەرمانڕەواکان، چەندین ماڵپەڕی پەیوەندیگرتن و نێوەندی بەیەکترناسین و هاوسەرگیریی هەن کە ئەو کارەت بۆ دەکەن. ئەوەی کە ئەو نێوەندانە بۆمان دەکەن بریتیە لە خۆشەویستی بەبێ ڕوودان، خۆشەویستی بەبێ کەوتنە ناو خۆشەویستی! هەر بۆیە بەڕای من، بەبێ ئەو دیدار و پێکگەیشتنە درامیەی کە ناتوانین پێشبینی بکەین، هەموو پەیوەندیەکانی رابوردوومان سەرچاوەیەکن بۆ نائومێدی و بەدبەختیمان.

من هەستدەکەم ئێمە ئەمرۆ زۆر زیاتر لە جاران، لەو رووداو و ڕووبەڕووبوونەوانە دەترسین. ئاشقبوون (کەوتنە ناو خۆشەویستیەوە) هیج نییە جگە لە ڕێکەوتێکی ڕووت، لێ ئەگەر ئەو ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێکەوتەت قەبوڵکرد، ئیدی تەواوی ژیانت دەگۆڕێت، دەبێتە چیرۆکێکی جیاواز. من پێم وایە لەم ڕۆژگارەی ئێستاماندا، هەموومان خۆمان لە خۆشەویستی لادەدەین، چونکە هەموومان ژێردەستەی دیاردەیەکین کە من بە شێوەیەکی نوکتەئامێزانە لە زۆربەی کتێبەکانمدا باسمکردووە، دیاردەیەک کە وامان لێدەکات بە لۆژیکی قومارچیەکان بیربکەینەوە، ئەوانەی کە دەیانەوێت هەر ببەنەوە و هیچ نەدۆڕێنن.

هەر ئەو دیاردەیەیە کە ملی پێ داوین و وای لێکردووین هەرچی زیاترە حەز لە خواردن و بەکاربردنی شەکر بکەین بەبێ کالۆری، هەمان دیاردەیە وامان لێدەکات بیرە بنۆشین بەبێئەوەی هەست بە کاریگەریەکانی ئەلکهول بکەین… هتد. من پێم وایە هەمان دیاردەیشە کە جڵەوی سێکسوالیتێی کردووە، بۆ نمونە دەمانەوێت سێکسێکی کورتخایەن بکەین کە کەس پێیی نەزانێت و پارێزراویش بێت، واتە سێکس بکەین بەبێ ئەوەی بکەوینە ئەو خۆشەویستیە تۆقینەر و کوشندەیەوە.

ئەمە لە هەموو شتەکانی زیاتر غەمبارم دەکات لەم ڕۆژگارەی ئێستاماندا، بە داخیشەوە کە ئایدیۆلۆژیایەک هەیە زۆر لەسەرخۆ درووستدەبێت و زۆر بە قوڵی کار لەسەر پایەدارکردنی ئەو مۆدێلە دەکات. من خۆم گاڵتەم بەوە دێت و ناوم ناوە بودیزمی خۆرئاوایی، کە ژیان تەنها وەک شانۆ و کۆمەڵێک رۆڵ دەبینێت. ئەم چەشنە ئایدیۆلۆژیایە هیچ شتێک بە جیدی وەرناگرێت و وامان لێدەکات بۆشایی و کەلێنێک لە نێوان یەکتریدا بهێڵینەوە و ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە هۆگریان نەبین و پەیوەستیان نەبین.

ئەم ئایدیۆلۆژیایە تەواو گونجاوە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی بەکاربەری ڕووکەشیدا. دێمەوە سەر دیاردە ناوازەکان و جارێکی تر دەیڵێمەوە؛ ئەو ڕووداوە دیدار و پێکگەیشتنێکی دراماتیکیە کە ئەگەر بخوازین بە دەربڕینێکی فەلسەفی باسی لێوە بکەین، ئەوا دەڵێین ڕووداوێکە کە بە کاریگەریەکی پێچەوانە، خۆی هۆکارە تایبەتیەکانی خۆی دەخوڵقێنێت.

سەرچاوە: https://www.youtube.com/watch?v=CH3ieLP6_eU

تێبینی: لەبەرئەوەی ئەم پارچە ڤیدیۆیە خۆی قرتێنراوە لە چاوپکەوتنێکی درێژی ژیژەک و وەرگێڕدراوەتە سەر عەرەبی، منیش هەر پابەند بووم بەماوەی تۆمارکراوی ڤیدیۆیەکەوە، به‌ڵام  پابەند نیم بە دەقە عەرەبیەوەکەوە وەک تایتڵ لەسەری، چونکە لە زۆر شوێندا زیادەڕەوی لە گوزارشتدا دەکات، وەک چۆن هەندێک گوزارە بە جۆرێک وەردەگێڕدرێت کە ئێمە لە زمانی کوردیدا وا دەرینابڕین.  ئەمە سەرباری هەندێک هەڵەی بچووک لە وەرگێڕانە عەرەبیەکەدا. هەر بۆیە وەک کۆ و لە هەندێک وردەکاریی زۆردا، پابەندبووم بە زمانە ئینگلیزیە جاڕزکەرەکەی ژیژەک خۆیەوە، کە بەڕاستی لە قسەکردندا زۆر ناخۆشە و هەندێک جار خۆم بێزارم دەکات.

[1] (لەزمانی کوردیشدا ئەو گوزارە باوە هەیە کە دەڵێت: کەوتمە داوی عەشقەوە و.ک)

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی