چۆن ئارەزوی مەرگ دەکەین ؟

Loading

ئابوری (سۆسیۆ –لیبیدۆیی) سوبژێکتیڤیتێی فاشیست.

ئەوەی دولوز و گواتاری دەیانەوێت بەپرسی بھێنن، ئەو ھەلومەرجی ئەکتویالیزاسیۆن و بە ھەنوکەکردنی ھێڵێکی ھەڵھاتنە کە لە ڕێگەوە و تێیدا سەیرورەو گۆڕنکارییەکان ھەڵدەگڕێتەوە سەر “ویست و ئیرادەی مەرگ”. ئەم گوازشت و دەریڕینەی دولوزو گواتاری نابێت لە ناو مانایەکی سایکۆلۆژیی کۆمەڵێک ئیرادەی دەسەڵاتدا لێی تێبگەین. دەبێت لە دەرەوەی ماناو دەلالەتی میتاسکۆلۆژییانە چاوەڕوانی بین. ئەو ھەلومەرج و بارو دۆخانەی کە شیکردنەوەو شیکاریی “ئەژانسمۆ” و دەزگا دەستەجەمعییەکانمان کە بەرھەمھێنانی ماتریالییمان بۆ بەرزدەکاتەوە ، ئارەزوکراو و گۆکراو، واتە ئەوانە بە شێوەیەکی ئیتۆلۆژیی، سیمیوتیک و ئیکۆنۆمی لێک جیانەکراونەتەوەو لێکدانەبڕاون ھەمیشە پێکەوەن، واتە ” کۆمەڵایەتی- لیبیدۆیی”.

دیاریکردنی ئەم ھەلومەرجانە، واتە ڕێنیشاندان و چاوساغیی کردمان بۆ تاقیکردنەوەی پلەی ھێزو دەسەڵات کە، پێداگیرو ئەفیرماتیڤ و جەختکەرەوەن لە ناو ئەم مۆدەی بووندا کە، لە ڕێگەی پرۆسێسیوسەکانی ماکینەی جەنگ و سوبژێکتیڤاسیۆنی فاشیستییەوە نەخشێنراون، تایبەتکراون لەو کاتەی لاربووونەوەو کشانی مەرگ دەمەزەرد دەکەنەوە، پرۆسەی تێکدان و ھەڵوەشانەوەو ئۆتۆ-وێرانکردن و ئۆتۆ- تێکدان وەک گۆڕان و بە لاڕێدابردن و پێدانی شکلێکی جیاوازو لاری ئیماناتی دەسەڵاتی جوڵەو کردە نواندنی ئەم مۆدە. ھەر تاقیکردنەوەیەک پێویستە پاریزارو بێت لە ناو دوو تەفسیری ھەڵەدا ڕاستبکرێنەوە: یەکەمیان پرسی بەتاڵکردنەوەو وێرانکردن و تێکدان و ڕووخاندن، پرۆسەی ئۆتۆ- ڕوخاندن و وێرانکردن وەک پرۆسێسیوسی ئارەزوکردن و ئارەزوی ئیمانانتی. بە شێوەیەک کە، بۆ خۆی ئیلزامی و پەیوەست نییە بە ھیچ غەریزەیەکەوە کە لە ناو پرەنسیپێکی ترانسێندانتدا بێت.

بۆ دولوزو گواتاری قسەوباس لە سەر ھیچ غەریزەیەکی مەرگ نییە، ئارەزو ھەڵگری ھیچ غەریزەیەکی ھەناویی و ناوەکی نییە، ئەوەی ھەیە تەنیا و تەنیا “ئاژانسمۆکانن”. ئارەزو ھەمیشە بە دەزگاییکراوە، ئارەزو ئەوەیە کە ئاژانسمۆکان دیارییان کردووەو پێناسەو تەعریفیان کردووە لە ناو بوونێکدا. بە ھەمان ئاستی ھێلەکانی ھەڵھاتن، ئەو ئاژانسمۆانەی کە کاریگەریی و شوێنپێی و جیکەوتەی خۆیان جێدێلن، ئەمانە لە تایپی ماکینەی جەنگن. (ھەزار ڕووتەخت ل )٢٨٠.

هیرۆمۆنی بۆش هیرۆمۆنی بۆش ( 1450 ـ1516) ؛ شێتاتی لەسەر ڕووبەڕی ئاو !
هیرۆمۆنی بۆش هیرۆمۆنی بۆش ( 1450 ـ1516) ؛ شێتاتی لەسەر ڕووبەڕی ئاو – شێتاتی وه‌ك  نوێنه‌رایه‌تی مردن (فوكۆ) !

ئەوان مۆدێکی بیناکردن و دروستکردنی گۆِراو ناجێگیریی دەسەڵات و توانایەکی ئیماناتی پێکدێنن. مۆدێکی سەربەخۆ و ئۆتۆ- بەرھەمھێنانی ئارەزو لە ناو ئەو کۆ دەزگایانەی کە ئەکتوێلیزەیان دەکات، ئەمەش لە ناو پێکەوەبەستن و پێکەوەگرێدان و لە ناو جیاکردنەوەیاندا. ئەوەی ھەیە تەنیا و تەنیا میکرۆ فاشیزمێکە لە بەرانبەر پرسیارێکی گڵۆباڵدا : بۆچی ئارەزو ئارەزوی وێرانکردن و کاولکردن و ڕوخاندنی خۆی دەکات؟ چۆنچۆنی دەتوانێت ئارەزوی خۆ وێرانکردن بکات؟، ئارەزوی خۆ کاولکردن بکات؟ بە دڵنیاییەوە، ماس و مێگەل بە شێوەیەکی ئازارخواردن و چەساندنەوەی بە زۆری پاسیڤیانە توشی دەسەڵات نەبوون، وە نایانەوێت لە ناو جۆرێک لە ھێستیریای ماسۆشییدا سەرکوت بکرێن، ملکەچ بکرێن و بچەپَنرێن، ئەوان فریویان نەخواردووە، خۆڵ نەکراوەتە چاویانەوە، چاویان نەبەستراوە لە لایەن وەھێکی ئیدیۆلۆژییەوە. بەڵام ئارەزوو ھەرگیز جیانەکراوەتەوە لە لە ئاژانسمۆ ئاڵۆزەکان، ئەو ئاژانسمۆیانەی کە بە ناچاریی بە سەر ئاستە مۆلێکیولێرەکاندا تێدەپەڕن و دەگوازێنەوە، کۆمەڵێک فۆرمیولەبوونی میکرۆیی، میکرۆ فۆرمیولەبوون کە کاریگەرییان لە سەر ھەڵسوکەوت و ڕەفتارو پێرسپێکتیڤ و بەشداریی و چالاکییان ھەیە. ئارەزو ھەرگیز وزەیەکی غەریزەیی نییە، بەڵکو بەرھەم و دەرئەنجامی مۆدێکی دانراو ئەداکراوە. ئەندازەکردنێکی ئاست بەرزی بە یەکداچوونە : کەرتکەرتکردن و بەشبەشکردن و پشک پشکردنێکی نەرم کە لە سەر تواناو وزە مۆلیکیولێرەکان خۆی بیناکردووە، وە لێرەدا وەک ئارەزویەکی فاشیستییانە شکڵبەن دەبێت. (کتێبی ھەزار ڕووتەخت ل ٢٦٢.).

چەندێتی چڕیی ئارەزوویەکی نەستیی لە ناو کایەی کۆمەڵایەتییدا سوڕ دەخوات و دەخولێتەوە، ئەمانە ھێندەی لە ھەناوی دەزگاکانی بەرھەمھێناندان، بە کەمتر لە ناو دەزگا سۆسیۆ دەوڵەتییەکانیشدا بوونیان نییە و ڕێژەیان بەرزە، لە دەزگا ڕوخێنەرو کاولکارەکاندا، لە ناو ڕژێمە دەستەجەمعییە گۆکراوەکاندا. دووەمیان، پرۆسێسیوسەکانی ڕوخاندن و بەتاڵکردنەوەو وێرانکردن و ئۆتۆ- ڕووخاندن و ئۆتۆ وێرانکردن وەک پلەی جەختکردنەوەو پێداگیریی و ئەفێرماتیڤی ئارەزوکرا و ئارەزومەندانە. دەسەڵات و توانای جوڵەو کردار نواندن لە ناو مۆدێکی بووندا ناگەڕێتەوە سەر تەلقینە ئیدیۆلۆژییەکان، لە نا ئاژانسمۆ گۆکراوەکاندایە. ” نمونەکانی گوتار و قسەوباس و دەمەتەقێی نازی زۆر ئاسایی و ڕۆژانەیی بوو”، بەڵام چۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ناو سیاسەت و ئابوری ماکینەی جەنگی نازیدا وەزیفە دەنوێنن و دەکەونە ناو زەیفەوە ؟.

ئێمە لێرەدا لە بەرانبەر ئامرزەکانی بەرھەمھێنان و بەگەرخستنداین بۆ ئامرزاو ھۆکاری ڕووخاندن و کاولکردن و وێرانکردن. تایبەتمەندییە میکرۆ-سیاسییەکان پاشکۆو پابەندە بە فۆرمیولەبوونە گوتارییەکانەوە، ئەو فۆرمیولەبوونە گوتارییانەی دەچنە ناو سوبژێکتیڤاسیۆنە مۆلیکیولێرەکانی میکرۆ- فاشیزمی مێگەل و ماسەوە. ئەمەش لە ناو ھێڵەکانی ھەڵھاتندا تا ببن بە پرۆسێسیوسی وێرانکردن و ڕووخان و کاولکاریی سەراپاگیرو سەرانسەری. کەواتە لێرەدا نە بەکارھێنانێکی ئیدیلۆژی نەست و نە غەریزەیەکی نەستی ھەیە، نە توانەوەیەکی سەرخان ھەیە، وە نە غەریزەیەکی قوڵیش ھەیە، بەڵکو ئاژانسمۆی دەستەجەمعی گۆکراو و باو و ڕۆژانەیی، بە شێوەیەک ئەم گۆکراوانە دەچنە ناو ئابوری بەرھەمھێنانی پێش نەستی و نەستییانەی ماکینە کۆمەڵایەتییەکانەوە. غەریزە بوونی نییە، ئەوەی ھەیە ئاژانسمۆ گەلێک، کە پرۆسێسیوسەکانی بوون بە بەردەوامیی و ھەمیشەیی و نەگەڕاوە بوونی ھەیە. ئامانج و مەبەستی غەریزە بوونی نییە، بەڵکە مەترسیی ھێڵەکان ھەیە، نێردراو ئیحالەکراو لە ناو زەیفەی تایپێکی پارچەپارچەکردن و کەرت کەرتکردنی ڕژێمێکی سیمیۆتیکی ڕێکخراو لە لایەن ئاژانسمۆکانەوە. ھەر لە سایەی ئەم یەدەگ و ھەڵگیراو و ئیحتیاتەدایە کە دەبێت ھەلومەرجی کاراکردنی ھێڵەکانی ھەڵھاتنی پتەو چڕ تاقی بکەینەوە، ئەو ھێڵانەی کە لە سەریان خۆیان بینا دەکەن، ماکینەی جەنگی نازی.

دولوزو گواتاری تەنیا داوای بە یەکداچوونی ھێزە لیبیدۆییەکان دەکەن لە ناو ژێرخاندا، لە گەڵ ئەو پرۆسەو کارە سیمیۆتێکییانەی کە پێگەو شوێنگە سوبژێکتیڤییەکانیان لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەنەخشَنن، لە گەڵ ئەو سەیرورانەی کە ھەڵیان دەتەکێنن و ھاوڕێ لە گەڵ ئەو ھێزانەی کە جێگۆڕکییان پێدەکەن و بە شێوەیکی ناوازە دەچنە ناو ئابوری و سیاسەتی جەنگێکی سەرانسەری و سەراپاگیرو گشتگیرەوە . ئێمە لە بەرانبەر گۆشەنیگاو تێڕوانینێکی ئابورییانەی ئارەزوی مەرگ و ئارەزوکردنی مەرگداین. واتە وەک مۆدێکی بەرھمھێنان و پێداگیرو جەختکەرەوە لە بەرھەمھێنانی ئارەزومەندانە و بەرھەمێنانی ئارەزو لە ناو بەرھەمێنانی کۆمەڵایەتیدا. لە دوا چاپتەری کتێبی “ئەنتی-ئۆدیپدا” دولوزو گواتاری ڕەخنەیەک لە غەریزەی مەرگ و ماناو تەفسیری غەریزەی مەرگ دەگرن لای فرۆید، ئەمەش لە کتێبی “لەو دیو بنەماو پرەنسیپی چێژ”وە : بۆ دولوزو گواتری دەبێت ئەو دوو دوالیزمە فرۆید کە باسی کردووە ڕەخنە بکرێت لە ناو نەخشەو ڕووتەختی میتا سایکۆلۆژیدا، ڕەخنەگرتن لەو بەستنەوەی کە فرۆید ئەنجامی داوە لە نێوان ھێزە لیبیدۆییەکان و شارستانیەتداو بابەت و ھۆکاریی پەیوەندیی و بەستنەوەیان بە کایەی کۆمەڵایەتییەوە.

دولوزو گواتاری وەرچەرخانێک سەرپێدەخەن کە بەرھەمھێنانی غەریزەی مەرگ لە ناو نیگەرانیی و خەمۆکیی و چەپاندنی فرۆیدیدا بە جۆرێکی تر دەکەوێتەوە. لێرەوەو لای دولوزو گواتاری نیگەرانیی و خەمۆکی لە ناو دیگکنۆستیکێکی تەواو نیتچەییدا دەبینرێت، لێرەوە خەمۆکیی و نیگەرانیی وەک بەرھەم و پێدراوێکی چەپاندن و کەبتی سێکسی نابینرێت، وە نابێ ببێت بە ھۆکارێکی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆم. شارستانیەت بە پێچەوانەوە بەرھەمی نیگەرانی و چەپاندنی سێکسی نییە. ڕخنەگرتن لە غەریزەی مەرگ بۆ دولوزو گواتاری دەبێت بخرێتە ناو دوو نەخشەو ڕووتەختەوە کە بە شێوەیەکی واقیعی غەریزەیی نین: لە سەر نەخشەو ڕووتەختێکی میتاسایکۆلۆژی، دولوزو گوتاری جارێکی دیکە ڕەخنە لە دوالیزمی غەریزەیی دەگرن لە پێناو پەرەپێدانی دروستکردنی یەکێتییەکی وەزیفەیی بەرھەمھێنانی ئارەزومەندانە وەک خول سوڕخواردنەوەو بازنەیی. لە سەر پلان و نەخشەو ڕووتەختی سۆسیۆ- کولتوریدا، دولوزو گواتاری باس لە پێکەوەبوون و گرێبەستی نێوان بەرھەمھێنانی ئارەزومەندانەو بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی دەکەن لە پێناو سەرلەنوێ تەعریفکردنەوەوە پێناسەکردنەوەی کەڵکەڵەو غەریزەی مەرگ وەک بەرھەم و کاریگەری ھەردوو ڕووتەخت و نەخشەکە، ڕووتەخت و نەخشەی میتاسایکۆلۆژی و سۆسیۆ-کولتوری. بۆ دولوزو گواتاری غەریزەی مەرگ بێدەنگییەکی پەتی و پوختە، بە پەتی و بە بێگەردی ترانسێندانسە، دراو و پێدراو و لێکەوتەیەک نییە، جێکەوتەو دراوێک نییە لە ئەزمووندا، مەرگ لای فرۆید نە مۆدێلێکەو نە ئەزموونێک، بۆ فرۆید پرەنسیپێکی ترانسێندانتییە. (ئەنتی-ئۆدیپ، ل ٣٩٧).

لە ڕاستیدا فرۆید باس لە مۆدێلێکی مەرگ دەکات لە ناو پێودانگێکدا، کە ئەنگێزەی مەرگ تێیدا پرەنسیپێکە، دراو پێدراوێک نییە، ناتوانێت دراوێک بێت لە ناو ئەزمووندا. ئەم مۆدێلە ناتوانێت ھاوشێوەو دەرەکی بێت لە بەارنبەر شیکاریی و شیکردنەوەیەکی ئابورییانەی نەستدا: مۆدێلێکی بیۆلۆژی کە گوازارشتە لە مەرگ وەک دۆخێکی پەرت و پەرش و بڵاو و پەرتەوازەی ماتریالی. بۆ دولوزو گواتاری، لە ناو پەیوەندی نێوان ئارەزو و مەرگدا دەبێت لە گۆشەنیگایەکی وەزیفەیی نەستییەوە ببینرێت. ئەمەش وەک پرەنسیپێکی ئیمانانت یاخود بازنەیەکی ئۆتۆ-بەرھەمھێنان. ھەر لێرەوە کە دەتوانرێت مۆدێل و ئەزموونێکی مەرگ تیماتیزە بکرێت، واتە ڕەخنەکردن و ڕەخنەگرتن لە پرنسیپێکی ترانسێندانتی مەرگ و ئەنگیزەی مەرگ. تێگەیشتن لەم مۆدیل و ئەزموونکردنە وەک جوڵە ڕییالییەکانی خودی نەست. چرکەساتی چالاکییە بەرھەمدارو بەرھەمھێنەرەکانی، وە لە کۆتاییدا تەعریفکردن و پێناسەکردنەوەی ئەنگێزەو غەریزەی مەرگ وەک کردەو دەرکەوتەیەکی پێناسەکراو و شیکراوەو. وە بتوانرێت شیبکرێتەوە لە ڕوانگەو تێڕوانین و دیدگای ئیمانانسییانەی ئارەزو لە کایەیەکی کۆمەڵایەتی- مێژویی دیاریکراو تایبەتدا. ئێمە بەرانبەر ئارەزوویەکی مەرگ وەستاوینەتەوە لە بەرانبەر ئارەزوی ژیاندا. وەستانەوەو بەرانبەربوونەوەو بەربەرەکانی ئارەزویەکی مەرگ لە بەانبەر ئارزوی ژیاندا. لێرەدا ئێمە ناچرین بچینە ناو چەمکێکی دیکەی دولوزو گواتارییەوە، چەمکی “جەستەی بێ ئۆرگان” و پەیوەندی بە مەرگ و ئارەزو و ئەنگێزەی مەرگەوە. جەستەی بێ ئۆرگان لە دەرەوەی بازنەو خولخواردنی بەرھەمھێنانی ئارەزو و ئارەزومەندانە نییە, ” پیتەویی و چڕییەکی پلە سفریی وەک پرەنسیپێکی بەرھەمھێنان، (ھەزار ڕووتەخت، ل ٢٠٢.)

لە تێروانین و گۆشەنیگای سێنتێزە ماکینەییەکانەوە، مۆدێلی مەرگ لە ناو جەستەی بێ ئۆرگاندا ھیچ نییە جگەلە کپبوون و خامۆشییەکی نا بەرھەمھێنەر، بەڵام ئەم خامۆشیی و کپبوونە لە کوێدا بەرھەمھێناروە؟، بەرھەمھێنراوە لە ناو پەیوەندیی و پێکەوەبەستنەکانی بەرھەمھێنانی سەرەتاییدا، وە بەرھەمناھاتو، بەرھەمنەھێنەر ملکەچی ناسنامەیەکی بەردەوام و ھەمیشەیی بەرھەمھێنان و بەرھەمھاتووە. جەستەی بێ ئۆرگان بەڵگە نییە لە سەر عەدەمێکی ئەسڵی و ئۆریجناڵ،گوزارشت نییە لە تۆتالیتێیەکی ونبوو، وە بە ھیچ شێوەیەک کەوتنە خوارەوەو سەرەولێژبوونەوەیەک نییە، ھیچ سەروکارو پەیوەندییەکی بە جەستەیەکی تایبەت و دیارەوە نییە، جەستەیەکی فیزیکی نییە، تەنانەت وێنەی جەستەو وێناکراوێکی جەستەش نییە. جەستەیەکی بێ وێنەیە، ئەو نا بەرھەمھێنەرە لەوێدا کە بەرھەمھێنراوە. بەشێوەیەکی بەردەوام لە ناو بەرھەمھێناندایە، جەستەیەکی پڕ و لێوانلێوی بێ ئۆرگان، کارێکتەرێکی سێنتێزی پێکەوەییی و پێکەوەبوون و پێکەوە بەستنەوە و پەیوەندیکەر و بەھەمھێنەر ، بە دووانەییکردنی بەرھەمھێنان لە بەرانبەر ئەنتی- بەرھەمھێناندا، ڕەگەزێکی ئەنتی – بەرھەمھێنان. ئەنتی -ئۆدیپ (ل ١٤-١٥.)

کتێبی (ئەنتی ئۆدیبۆس) - دۆلۆز و گواتاری
کتێبی (ئەنتی ئۆدیبۆس) – دۆلۆز و گواتاری

لێرەدا ئێمە لەوە تێدەگەین کە بۆچی دولوزو گواتاری دەتوانن بە شێوەیەکی خێراو لە ناکاو و کتوپڕ باس و خواس لە مۆدێلێک بکەن لە ناو پەیوەندیەکی پۆزەتیڤدا بە ئەزموونی مەرگەوە. ئەم خێرایی و کتوپڕییە دەربڕینی ئەوەیە کە، ئەزموون بە ساناو سادەیی لە ناو مۆدێلێکی ئەبستراکتی پێکھێنراودا نییە، بەڵکو جێکەوتەو کاریگەری جوڵەیەکی ڕییالیە کە دەجولێت، کردار دەنوێنێت. دراو و پێدراوێک لە ناو مۆدێلێکی دەرچوو دەرپەڕیوو لە ناو بەرھەمھێنانی ئارەزو ئارەزومەندانەدا. ھەر بەم مانایەیە کە “ئارەزوی مەرگ” بوونی نییە بەڵکو ئەوەی ھەیە م”ەرگێکە کە ئارەزوو دەکات” لە ژێر ناونیشانی مۆدێلێکی جەستەی بێ ئۆرگاندا ، وە ژیانێک کە ئارەزو دەکات لە ژێر تایتڵی کاردا. وەک دولوزو گواتاری دەپرسن : ئایا ئەمە ئارەزویەکی مەرگە، بونێکە بۆ مەرگ و لە پێناو مەرگدا؟ یاخود بەرھەمھێنانەوەیەکی مەرگە؟، ھیچ یەکێک لەمانە نییە. ئەزمونی مەرگ شتێکی تەواو ئاسایی و رۆژانەیی نەستە، چونکە بە دەقیقی بۆ ژیان و لە ناو ژیاندا ئەنجامی دەدات و ئەنجام دەدرێت، لە ناو ھەموو ڕاگوزەرو سەیرورەیەکدا، لە ناو ھەموو پتەویی و چڕییەکدا وەک سەیرورەو تێپەڕین و گوزەرکردن. (ئەنتی-ئۆدیپ ٣٩٤.)

پێویستە ئەزمونی مەرگ بە پێی تواناو قابیلییەتی بەخشین و پێداروی بتوانێت ئەزمونی دەوڵەمندمان بداتی بۆ ژیان و ژیانکردن و مەعریفەی ئەوەی کە ماکینەکانی ئارزوو نامرن. وە سوژە وەک پارچەیی پێەکەوە لکێنراو. ھەمیشە “ئێمە” ەکە کە ئەزموون دەکات نەک “من” ێک کە مۆدێلێک وەردەگرێت، چونکە مۆدێلێک بۆ خۆی بەرھەمھی منێک نییە، بەڵکو جەستەی بێ ئۆرگانە. وە “من” ناچێتە ناو مۆدێلێکەوە بە بێئەوەی مۆدێل نەتوانێت بەرەو ئەزمون بڕوات. (ئەنتی-ئۆدیپ ل ٣٩٥.)ە بۆ دولوزو گواتاری پێویستمان بە کۆمەڵێک ڕەگەز ھەیە لە گەڕانەوەی مەرگ بۆ ناو مۆدێلێکی جەوھەری ، ئەزمونێگی پتەو و چڕیی مەرگ، ئەزمو\ون و مۆدیل لە ناو بازنەی بەرھەمھێنانی ئارەزودا و ھەر یەکەو لە گەڵ ئەویتر یەکتر پەرە پێدەدەن وەک سەیرورەیی کتوپڕیی و لە ناکاویی لە پێناو دەرخستنی ئەوەی کە ئەنگێزەی مەرگ بوونی نییە، بەڵکو ئەزمونکردن و ئەزمونکاریی چالاک لە پێناو ڕێکخستن و چوارچێوەدارکردنی، وە بەرھەمھێنانی جەستەی بێ ئۆرگان. داھێنان و خولقاندنی ئۆتۆ- وێرانکردن و ئۆتۆ-ڕوخاندنەکانە کە بە ھیچ شێوەیەک ناگەڕێنەوە سەر غەریزەی مەرگ. دروستکردنەوەی ئۆرگانیزم ھەرگیز خۆی ناکوژێت. بەمشێوەیە ئێمە دەتوانین لە لە مۆدی بەرھەمھێنانی مەرگ تێبگەین کە دەمانبات بۆ شیکارو شیکردنەوەی پرسیارکردن و بە پرسھێنانی سوبژێکتیڤیتێیەکی فاشیست و ھێڵە وێرانکارو ڕوخێنەرەکەی. ئەمەش لە ناو تێگەیشتن لە مۆدێل و ئەزموون لە ناو بەرھەمھێنانە میتا سایکۆلۆژیی و سۆسیۆ- کولتورییەکەیدا، لە ناو پەیوەندیکردن و بەیەکەگەیشتنی بەرھەمھێنانی ئارەزو لە گەڵ بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی.

بەو شێوەیەی بەرھەمھێنانی ئارەزو لە ڕێگەی کتوپڕیی و خێرایی و لە ناکاوییەوە دەچێتە ئەو بازنەوە کە بەناچاری پەرە بە جەستەی بێ ئۆرگان دەدات و کارێکتێرو سیماکانی بە دیار دەکەون. بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی ڕوخسارێک فۆرمیولە دەکات بۆ تۆمارکردن و ڕۆَڵگێڕانی ھێزەکان و فۆرمیولەکردنی جەستەکان: جەستەی زەوی، جەستەی کاپیتاڵ، جەستەی ستەمکارێک…” واتە مەسافەو مەودایەکی ئەنتیی- بەرھەمھێنان. وە تێگەیشتن لەوەی کە، چۆنچۆنی ڕژێمە کۆمەڵایەتییەکانی فۆرمیولەبوونە ئارەزوییەکان ، کۆدەکانی قوڵپدان، کردنەوەی کۆدەکانی قوڵپدان و لە کۆدخستن و لە کۆد داماڵینیان، بەڵگە نەویستەکانی قوڵپیدانە لە کۆد کراوەکان” ئەمانە دێنە ناو بازنەی خێراو کتوپڕی مۆدێل و ئەزمونی نەستییانەی مەرگەوە. شتێک لە وێنەی ئەنگێزەو غەریزەی مەرگ دەبێت دەبێت لە ناو مۆدێل و ئەزموون و پەیوەندییەکانیان و تەحویلبوون و گۆڕانکارییەکانیادا پێناسە بکرێنە. وە ئێمە لەوە تێدەگەین کە ئەنگێزەی مەرگ ھیچ مانایەکی نابێت تەنیا لە ناو مۆدێل و ئەزمووندا نەبێت. کەواتە ئێمە لە ناو چەمکێکی ماتریالیستی ئەنگێزەو غەریزەی مەرگداین کە نەپرەنسیپێکەو نە ئاستێکی ترانسێندانتی بێدەنگ و کپ و خامۆش، بەڵکو لە بەرانبەر ھەلومەرجی ژیانی مێژویی – کۆمەڵایەتیداین کە لە لایەن پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنان و ئەنتی-بەرھەمھێنانەوە دیاریکراوە. ئێمە لە ناو پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنان و ئەنتی- بەرھەمھێنانداین.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌