ئاڤان عومەر - پێشانگای سەرمەدی

توندوتیژی خێزانی و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵان


Loading

لازۆ : شاعیر و نوسه‌ر

 توندوتیژی خێزانی و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵان

نوسینی: لازۆ ئازاد

 

بەشی یەکەم

گفتوگۆ و توێژینەوەکان دەربارەی توندوتیژی خێزانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەندامانی خێزان لە ڕۆژئاوا لە بوارەکانی ئەکادیمیا و لێکۆڵینەوە زانستییەکان بەردەوامن. هەڵبەتە دیاردەی توندوتیژی خێزانی دەرکەوتەیەکی نوێ نییە، بەڵام وەڵامدانەوە و خوێندنەوەکانی ئێمە بۆ ئەم دیاردەیە نوێیە. کەسانی گەورە ساڵ، بە تایبەتتر مێیینە قوربانی ئەم دیاردەیەن بەڵام زۆربەی کاتەکان منداڵانیش دەبنە قوربانی توندوتیژی خێزانی بە چەندین جۆری جیاواز. هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو منداڵانەی لە ژیانێکی کێشەئامێزدان و ئەو خانەوادانەی کە توندوتیژی خێزانی تێدایە پێویستیان بە چاودێری تایبەتە. (گۆرین ٢٠٠٤)*. توندوتیژی خێزانی کاریگەری ئێجگار نەرێینی و درێژخایەنی لەسەر منداڵان و گەنجان هەیە، لە چەندین ڕووەوە و بەتایبەتیش لە ڕووی گەشەکردن و تەندروستییانەوە بە گشتی. بێگومان کاریگەری نەرێنیشی هەیە لەسەر ئاستی فێربوون و خوێندنیان. ئەو منداڵانەی بینەری ئەو توندتیژییەن کە زۆربەی جارەکان بەرامبەر دایکیان ئەنجامدەدرێت زۆربەی کاتەکان خۆشیان دێنە ناو ئەم توندوتیژییەوە و تەنانەت هەندێک جار هەوڵی پاراستنی دایکیان یان خوشک و براکانی تریان دەدەن. هەندێک جاریش بە پێچەوانەوە خۆیان بەشداری توندوتیژیییەکە دەبن لە ژێر کاریگەرییەکانی کەسی توندوتیژ(باوک، نێر)دا (شارپێن،٢٠٠٩)*.

یەکێک لە دیوە ئالۆزەکانی دیاردەی توندوتیژی خێزانی ئەوەیە کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بە جۆر و فۆرمی جیاواز لە ژیانی خێزانەکاندا بوونی هەبووە. چەندین سەدەیە لە نووسراوە ئاینی و دۆکومێنتە مێژووییەکاندا ئاماژەی بۆ کراوە و بە بەردەوامی باسکراوە (دەیڤدسۆن، ١٩٧٧ لە کاڵدەر، هاڕۆڵد و هاوەرث،٢٠٠٤)*. هەربۆیە لە مێژەوە ئاماژە بە بوونی ئەم دیاردەیە لە ناو کۆمەڵگاکاندا کراوە بەڵام پێناسەکردن و شرۆڤەکردنی قورس و سنوورداربووە. دیارە ئەم دیاردەیە لە کوردستان بە چەندین فۆرمی جیاواز بوونی هەیە، هەندێک جار فۆرمی توندوتیژییەکە لە ئاستی یەک کەسدا (کەسی توندوتیژدا) نامێنێتەوە و ئەندامانی تری خێزانەکەش تا دەگاتە خزم و کەسوکاریش دەبنە بەشداربووی ڕاستەوخۆی ئەم کردە توندوتییژییە. دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە زۆربەی ووڵاتانی رۆژهەڵاتدا هێشتا لە ژێر چەندین بەهانە و پاساوهێنانەوەدا، نەک بەتەنیا ڕەوایەتی پێدەردێت بەڵکو یاساکانیش لەبەرامبەریدا نیانی دەنوێنن. لە کۆمەڵگە کۆنەپارێزەکاندا لە توندویتژی خێزانیدا زۆربەی جارەکان بەتەنیا یەک کەس (نێر) بەتەنیا خۆی تاوانبارەکە نییە و بەڵکو زۆرجار کۆڵانێک، گوندێک، شارێک و کۆمەڵگایەک بەشداری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەکەن بۆ بەردەوامی دان بەم توندوتیژیە و ڕەوایەتیپدان و درێژەپێدانیشی.

 

بەشێک لە فێمینیستەکان لەو باوەڕەدان کە توندوتیژی خێزانی لە دەرئەنجامی چەوساندنەوەی ژنانە لە لایەن پیاوانەوە لە سیستەمی سەرمایەداریدا کە پیاو تیایدا تاوانباری سەرەکییەوە و ژنانیش قوربانی (دۆباش و دۆباش، ١٩٧٩؛ واڵکەر، ١٩٧٩لە مێکفیل و ئەوانیتر). بە پێی ئەم تێڕوانینە توندوتیژی پیاوانە لە پەیوەندیی خێزانیدا پەیوەندی بەو جیاوازییە مێژوویی و چینایەتی و ڕەگەزی و هەنوکەییانەوە هەیە لە پەیوەند بە هێز و دەسەڵاتەوە کە ژنان تیایدا بە پلە دوو مامەڵە دەکرێن. هەروەها لە ڕێگای کۆنتڕڵکردنیانەوە لە ڕێگەی سێکس، ئابووری، زەبرو ئازاری دەروونی، شکاندنەوە و گۆشەگیرکردنیانەوە پەراوێز دەخرێن (.(Domestic Abuse intervention project, ibid

فێمێنیستەکان لە مێژە بەرەنگاری ئەو دەسەڵات و پێگە و ئیمتیازانە دەکەن کە پیاوانی کردۆتە سەردەستە و مرۆڤی توندوتیژو چەوسێنەر. هەروەها ئەو بیرکردنەوە دەستەجەمعییەی کە گوایە توندوتیژی خێزانی کێشەیەکی تایبەت بە خێزان خۆیەتی و نابێت لە دەرەوەی خۆی قسەی لە بارەوە بکرێت. هەر لەبەر ئەمەیە فێمێنیزم داوای چارەسەری کۆمەڵایەتی و درووستکردنی پرۆگرامی تایبەتی و دامەزراوەی تایبەت دەکات بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژی خێزانییان بەرامبەر کراوە. هاوکات چارەسەر بۆ ئەو پیاوانە و بەشداری سیستەمی داد کە پیاوان بەرپرسیار بکات لە بەرامبەر ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوتکردنە. فێمێنیستەکان بڕوایان وایە زۆربەی ئەو کێشانەی ژنان هەیانە بە توندوتیژیشەوە بە هۆی کۆمەڵگەو کلتور و هەروەها هێزی سیاسیەوەیە کە پێویستی بە کردارە لە ئاستی گۆڕینی یاساکاندا.

ڕۆژگار مەحمود -پێشانگای سەرمەدی

دیاردەی توندوتیژی  و ئامارەکان لە ئاستی دونیادا چیمان پێدەڵێن:

سلۆڤان،ئیگەن و گۆچ (٢٠٠٤) ئاماژە بەوە دەکەن کە ٢٧٥ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا و هەروەها ١٠ ملیۆن منداڵ لە ئەمریکا شایەدی بینینی توندوتیژی خێزانین. هاوکات ستێفان (١٩٩١) دەڵێت بە نزیکەی ٣.٣ ملیۆن تا ١٠ملیۆن منداڵ ساڵانە لە ئەمریکا شایەدحاڵی توندوتیژی خێزانین. هەروەها ڕێکخراوی (Children’s Fund, 2006) ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی ٢٧٥ ملیۆن منداڵ لەسەرتاسەری جیهاندا شایەدی بینینی توندوتیژی خێزانین لە ساڵێکدا.

کاریگەرییەکانی توندوتیژی خێزانی لەسەر ئەو منداڵانەی شایەدحاڵی ڕوودانین زیانبەخشن و زۆرجار ئەم منداڵانە دەخاتە بەردەم مەترسی ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆشیان ڕووبەڕووی توندوتیژییەکە ببنەوە (Chamberlain,2001).

لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەر منداڵان خۆشیان ڕاستەوخۆ قوربانی توندوتیژی خێزانی نەبن ئەوە زۆربەی کاتەکان لە ڕێگەی بینینی دایکیان\ باوانیان لە توندوتیژیدا لە ڕووی سۆز و لایەنی دەروونیەوە دەبنە قوربانی ئەم دیاردەیە. خاڵێکیتریش کە کاری لەسەر کراوە و ئاماژەی بۆ کراوە ئەوەیە کە منداڵانی کەمتر لە تەمەنی یەک ساڵیش کە توندوتیژیان بینیوە\بیستووە جیاواز لە منداڵانی تر لە ڕووی گەشە و خەوتن و تەندرووستیانەوە بە گشتی هەژار بوون و بەردوامیش قیژاندوویانە وگریاون (جێف و ئەوانیتر،١٩٩٠ لە هەمپرەیس ٢٠٠١).

سەبارەت بە منداڵانی ژێر تەمەنی ٦ ساڵ، لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە منداڵانی ئەم تەمەنە بە جۆرێکی دی سەیری ڕووداوەکانی توندوتیژی دەکەن و پەیوەستی دەکەن بە خۆیانەوە و پێییان وایە ئەوان هۆکاری ئەو توندوتیژییەن کە لە ماڵەوە ڕوودەدەن. هاوکات ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو منداڵانەی شەیەدحاڵی ئەم جۆرە توندوتیژییەن دەکرێت خۆشیان ببنە کەسێکی توندوتیژ و دژە کۆمەڵاتیەتی بن، بە بەراورد بەو منداڵانەی کە لەم جۆرە ژینگەیەدا ناژین (مارکەر و ئەوانیتر، ١٩٩٨). ڕێژەی نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و تراوما و دڵەراوکێش لە ناو ئەم منداڵانەدا بەرزن (ماکلۆسکی و ئەوانیتر، ١٩٩٥). منداڵانێکیش کە شایەدحاڵی بینی ئەم دیاردەیەن بە خۆئازاردان بەتایبەت (بڕین و بریندارکردنی خۆیان) وەڵامی ئەم حاڵەتە دەدەنەوە (ماکگی،٢٠٠٠).

 ئەم ژمارانە و ناساندنی ئەم کاریگەرییانە سەرباری راستی لە فاکتەکانیاندا زۆرجار هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لێییان گران و سەختە، چونکە پێویستە بتوانین جیاکاری بکەین لە نێوان ئەو کاریگەرییە نەرێنیانەی بینینن و بینینی توندوتیژی خێزانی درووستی دەکەن لەسەر منداڵان، لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە خۆیان دەبنە قوربانی توندوتیژی و مامەڵەی خراپی دایک و باوکیان .

بە بڕوای ئۆهارا (١٩٩٤) توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان تا ساڵانی ١٩٩٠ بابەتێکی پشتگوێخراو بووە  سەرباری ئەو بەڵگانەی بەردەستبوون لە کەیسی ئەو منداڵانەی بەهۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدابوو لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا. هەروەها جەیمس ئاماژە بەوە دەکات کە لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ٣٠ کەیس لە گیانلەدەستدانی منداڵاندا کرابوو، توێژینەوەکە ئەوەی خستۆتەڕوو کە پەیوەندی هەبوو لە نێوان مردنی ئەو منداڵانە و توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی بەرامبەر منداڵاندا.  بۆ نموونە لە کەیسی کوشتنی منداڵانێکی وەک (ماریا، تۆنی، سوکینا و کیمبێرلی) لە بەریتانیا ڵێکۆڵینەوەکان ئەوەیان ئاشکراکردووە کە لە  باکگراوندی هەموویاندا باوک\باوەپیارە توندوتیژی لە بەرامبەر دایکی منداڵەکەدا بەکارهێناوە.

دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە بەریتانیا:

 دیارە لە ڕابردوودا ئەو پێناسەیەی لە لایەن حکومەتی بەریتانییەوە بۆ دیاردەی توندوتیژی خێزانی کرابوو تەنیا کەسانی ١٨ ساڵ و بەرەوە سەرەوەی دەگرتەوە. بەڵام  لە ساڵی ٢٠١٣دا لە هەوڵەکانی حکومەتی بەریتانیدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان ئەو پێناسەیە گۆڕانکاری بەسەردا هات، ئەم پێناسەیە ئێستا کەسانی ١٦ و ١٧ ساڵیش دەگرێتەوە. هەڵبەتە ئەم گۆڕانکارییە لە خۆیەوە ڕووینەداوە بەڵکو دوای پشتبەستن بە ئامارەکانی (توندوتیژی لە بەریتانیا لە نێوان  ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠) کە تیایدا باس لە پەیوەندی نێوان گەنجانی نێوان تەمەن ١٦ بۆ١٩ ساڵ کرابوو و هەروەها بەو گرووپە ناسرابوون کە زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی تێدا بەرجەستە دەکرێت، هەروەها  دوای پێستبەستن بەو کەمپینەی حکومەتیش کە بە ناوی کەمپینی (توندوتیژی لە پەیوەندی نێوان گەنجاندا)* ئەم گۆڕانکاریانە ڕوویاندا. ئامانجی گۆڕانکاری لەم پێناسەیە ئەوەیە کە گەنجانیش هۆشیار بکرێنەوە بەرامبەر دیاردەی توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی لە پەیوەندی بەیەکەوەبووندا  (گۆڤ، ٢٠١٣).

پێناسەی نوێی حکومەتی بەریتانی بۆ دیاردەی توندوتیژی خێزانی:

هەر ڕووداوێک یان زنجیرە ڕووداوێک لە کۆنتڕۆڵکردن، فشارخستنەسەر، هەڵسوکەوتی هەڕەشەئامێز، توندوتیژی و زەبروزەنگ لە نێوان ئەو کەسانەی تەمەنیان ١٦ ساڵ و بۆ سەرەوەیە، کە لە پەیوەندییەکی سۆزداریدان یان بوون لە نێوان دووکەسدا یان ئەندامانی خێزاندا بێ جیاوازی ڕەگەزیی و سێکسوالیتی. کە ئەم جۆرانەی خوارەوە دەگرێتەوە بەڵام سنووردار نییە تەنیا بۆ ئەمانە؛ دەروونی، جەستەیی، دارایی، سۆزداریی، سێکسوالی.

هەروەها مولاندەر و هەمپرەیس (١٩٩٨ لە هەمپرەیس،٢٠٠١) لە پێناسەی توندوتیژی خێزانیدا دەڵێن (توندوتیژی خێزانی زۆربەی کاتەکان دووبارەبوونەوەی توندوتیژی جەستەیی، سێکسوالیی، سۆزداریی و ئیهانەکردن\سوکایەتی پێکردنە کە  بەپێی کات گۆڕانکاری لە فراونبوون ولە دووبارەبوونەوە و خراپتربوونیدا ڕوودەدات.

دیاردەی توندوتیژی کاریگەی خۆی تەنیا لەسەر گەنجان و کەسانی گەورە بەجێناهێڵت، بەڵکو منداڵانیش دەبنە قوربانی و چەندین گۆرانکاری نەرێنی لەسەر جەستە و دەروونیان ڕوودەدات. هەر بۆیە گرنگە پارێزراوبن لە توندوتیژی خێزانی و هەموو جۆرەکانیتری توندوتیژی. لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەو منداڵانەی کە لەو شوێنەن کە ڕووداوێکی توندوتیژی خێزانی تیایدا ڕوودەدات، خۆشیان ڕووبەڕووی توندوتیژیەکە دەبنەوە لە لایەن ئەو کەسەوە کە توندوتیژییەکە دەکات، یان کاریگەرییەکانی ئازاری بینینی توندوتیژی خێزانیەکەش لەسەریان ڕەنگەدەداتەوە ( ماکگی، ٢٠٠٠)

لە لێکۆڵینەوەیەکیدا دۆباش کە لە ساڵی ١٩٨٤ دا کردوێتی ئاماژە بەوە دەکات کە لە %٥٢ ی کەیسەکانی توندوتیژی خێزانیدا، منداڵ لە هەمان شوێندا بوون کە توندوتیژی بەرامبەر بە دایکیان کراوە، واتە بینەر و بیسەری راستەوخۆی توندوتیژییەکە بوون (هەمپرەیس،٢٠٠٠) . بەهەمان شێوەش ڕێکخراوی  (Women’s Aid) لە بەریتانیا لە پێگەی فەرمی خۆی ئاماژەی بەوە داوە کە لە  هەر ٧ منداڵ، منداڵێک واتە (%١٤.٢) منداڵ و لاوی خوار١٨ ساڵ لە ساتێکی ژیانی منداڵییاندا لە ناو توندوتیژی خێزانیدا ژیاون. هەروەها لە سەرژمێرییەکی ساڵانەی هەمان ڕێکخراودا بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە %٦١.٧ ی ئەو ژنانەی کە چونەتە شێڵتەرەکان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵیان لەگەڵدا بووە. لە نێوان ساڵەکانی (٢٠٠٥- ٢٠١٥)،  ١٩ منداڵ و دوو ژن کوژراون ئەمە تەنیا لەو کاتەدا کە پەیوەندیان لە گەڵ کەسی توندوتیژدا هەبووە و لەو بارودۆخانەدا کە پەیوەندی هەبووە بە دیداری (فەرمی یان نافەرمی) باوک لەگەڵ منداڵەکەیدا، (Women’s Aid, 2016).

ئاڤان عومەر – پێشانگای سەرمەدی

کاریگەرییەکانی بینین و ئەزموونکردنی توندوتیژی خێزانی لەسەر منداڵان چییە؟

لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی بێرنادۆسی بەریتانی لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاماژەی بەوە کردووە کە توندوتیژی خێزانی کاریگەری نەرێنی درێژخایەنی هەیە لەسەر منداڵان و تا گەورەبوونیش لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە، هاوکات دەبێتە هۆکاری نەتوانینیان لە درووستکردن و مانەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. هاوکات کار دەکاتە سەر لاوازبوونیان لە باوەڕبوون بە خۆیان و جێگیرییان، هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر خوێندن و ئامانجەکانی داهاتوویان.

هێستەر و ڕادفۆر (١٩٩٥) لە (کلیڤەر، ئاڵگەیت ئنێڵ١٩٩٩) دەڵێن بە گشتی دایک و باوکان هەوڵدەدەن منداڵەکانیان لە بینی ڕووداوی توندوتیژی و شەڕەکانیان بپارێزن. بەڵام هەندێک لە باوکان پێداگری دەکەن لەوەی منداڵەکانیان توندوتیژیکردن بەرامبەر دایکیان ببینین.

توێژینەوەکان بە گشتی باس لەوە دەکەن کە ئەو منداڵانەی ئەزموونی توندوتیژی یان بینینی توندوتیژی خێزانیان کردووە، نیشانەکانی ترس، بێدەسەڵاتی، خەمۆکی و خەمگینیان تیادا دەرکەوتووە. هاوکات کاریگەری دادەنێت لەسەر پەیوەندیان لەگەڵ دایکیان و ئەندامانی تری خێزانەکەیان. لە قوتابخانەش کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ئاستی ئامادەبوونیان لە وانەکانیان، فێربوونیان و هەڵسوکەوتیان(گۆرین، ٢٠٠٤).

دیوێکیتری کاریگەری ئەم دیاردەیە ئەوەیە منداڵان فێری بەقوربانیبوون دەبن، هەروەها فێری ئەوە دەبن  کە زەبروزەنگ و توندوتیژی و تۆقاندن لە لایەن پیاوانەوە بۆ فراوانکردنی کۆنتڕڵکردن و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەندامانیتری خێزاندا نۆڕماڵە. ئەمە جگە لەوەی ئەوەش فێردەبن کە توندوتیژی شێوازێکی ئاسایی و قبوڵکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە لە پەیوەندییە نزیک و خێزانییەکاندا.

بەشی دووەمی ئەم بابەتە دەربارەی ئەم دیاردەیە دەبێت لە کوردستان و بەشی سێییەم  تیشک دەخاتە سەر شێوازی مامەڵەی گونجاو و تەندرووست لەگەڵ ئەو منداڵانەدا کە لە پەیوەندی خێزانی توندوتیژدان  لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە.

 

پەراوێز و سەرچاوەکان

*Gorin, S. (2004), Understanding what children say: Children’s experience of domestic violence, parental substance misuse and parental health problems.

*Sharpen, J. (2009), Improving safety, reducing harm: Children, young people and domestic violence. A practical toolkit for front-line professional. Domestic Violence Project (GLDVP).

*Calder, Harold and Howarth (2004), children living with domestic violence: Towards a framework for assessment and intervention.

* McPhail, Busch, Kulkarin and Rice (2007), An integrative feminist model: the evolving feminist perspective on intimate partner violence.

* Humphreys, (2001), The impact of domestic violence on children. In Foley, Rocher and Tucker. Children in society contemporary theory, policy and practice.

* McGee, (2000), Childhood experience of domestic violence.

*Women’s Aid https://www.womensaid.org.uk/?post_type%5B%5D=post&post_type%5B%5D=page&post_type%5B%5D=job_listing&s=domestic+violence+and+children

*Cleaver, Aldgate and Unell (1999) Children’s needs parenting capacity: the impact of parental mental illness, problem, alcohol and drug use, and domestic violence on children’s development.

HM Government (2013) New definition of domestic violence and abuse to include 16 and 17 year olds available from: https://www.gov.uk/government/news/new-definition-of-domestic-violence-and-abuse-to-include-16-and-17-year-olds

https://sites.utexas.edu/idvsa/files/2019/05/An-Integrative-Feminist-Model-The-Evolving-Feminist-Perspective-on-Intimate-Partner-Violence.pdf

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌