دونیای گەردوون

Loading

شەو، لەوەتەی چۆتە دونیای مۆدێرنەوە:
مانگ، تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بووە.
لە نەخۆشخانەی گەردوون پاڵکەوتووە و،
یەک ئەستێرەش ناناسێتەوە!

*

شەو، یەک دۆستی هەیە: چەکچەکی، نەک ئەستێرە و مانگ
حەقیقەتێک دەبینێت: بێدەنگی، نەک ململانێی خۆر و مانگ
گەردوون چ جوانییەکە، شەو وەها دەیخاتە نێو قووڵایی چاو
چاو، چۆن خۆی دەرباز بکات، لە وێناکردنی دیوێکی مانگ

*

شەو: ترسی لە زەمین نییە، وەکوو هەسارەی مەریخ نییە
دوو مانگ ئۆقرەی لێ هەڵبگرن و، بڵێت: شەو خەوم نییە
شەو، لەسەر مانگ ڕەشماڵی هەڵداوە و، تا سپێدە یاخییە
ئەستێرە لەبەر مە نەبێت، کوا تاقەتی ئەو ڕۆشناییەی هەیە

*

شەو، لە باڵکۆنی زەوی، سیگار دەکێشێت:
مانگ، بە تەنوورەیەکەوە دەردەکەوێت.
هەرچی ئەستێرەیە، لەو دەشتەی سەرەوە:
ڕاکەڕاکێتیی، دەگەڵ ترێفەی ئەودا جووت بێت!

*

شەو، کەوتۆتە تەمەنێکی بەساڵاچووەوە:
مانگی کردۆتەوە کەلاوەیەک بۆ خۆی و،
هیچ ناخوات و، کەسێکیش نییە بچێت بە پیرییەوە.
تاکوو بەیانییەکەی زوو، لە برسان … سەرنەنێتەوە!

*

شەو، قۆڕەقۆڕێتی لە برسان … نازانێت چۆن کات بخوات.
وەها چاو و سەری لە گێژەوە دێت … کە هێڵنجی هات:
هەر ئەستێرەیەکی خواردبێت، دەیهێنێتەوە و،
ئیدی قەت ناتوانێت جارێکی دی، مەگیرانی لە مانگ بکات!

*

ئەستێرە، هەموو شەوێك:
بریسکە، بە ڕووی کەوندا دەداتەوە.
شەویش، دەڵێت: گەر من نەبم،
کێ تۆ دەناسێت!

*

شەو، لە تابوونی کەوندا:
بەرەو گۆڕستانی کات دەبردرێت.
ئاسمانیش، بە دەفێکەوە:
سەڵاوات بە ئەستێرەکانی لێ دەدات!

 

ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ٢٠١٦

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.