دادگاییکردن, کۆڕاڵێک لە ١١ گۆرانیدا

Loading

دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م و ئاشکرابوونی زیاتری تاوانەکانی هیتلەر و هۆلۆکۆستی جولەکەکان، گفتوگۆیەکی زۆر لە نێوەندە سیاسی و کولتورییەکانی ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیا بە تایبەتی و پێویستی دادگایکردنی تاوانبارەکان دێتە ئاراوە. شانۆنامەنووسی سوێدی/ئەڵمانی (پیتەر ڤایس) ١٩١٦ – ١٩٨٢ بۆ نموونە، چ وەک چالاکوانێکی سیاسی و چ وەک نووسەرێکی دیار ڕۆڵێکی گەورە لەم بوارەدا دەگێڕێت. دەقە شانۆییە بە ناوبانگەکەی (مارا/ساد) دەروازە و دەرگایەکی بەرین بە ڕووی گفتوگۆیەکی لەو بوارەدا دەکاتەوە، بۆ نموونە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، وەکوو دوو وڵات چۆن مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی ئاوشویز و هۆلۆکۆستی جولەکەکان و تاوانەکانی نازییەکان بکەن. ئەم گفتوگۆیەیش دوو ڕێچکەی جیاواز لەخۆ دەگرێت؛ ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات خۆی وەک سیستێمێکی دژە فاشیزم دەناسێنێت و ئەڵمانیای ڕۆژئاوایش، وەک سیستێمێکی کەپیتالیزم، دەبێتە سمبۆل و بەردەوامییەکی سروشتی فاشیزم.

هەر لەم ساڵانەدا دادگاییکردنی تاوانبارەکان دەستی پێکرد: دادگاییکردنی تاوانبارەکانی ئاوشویز و هۆلۆکۆستی جولەکەکان، کە لە فرانکفۆرت لە ٢٠ی مانگی دوانزەی ساڵی ١٩٦٣ەوە دەستی پێکرد و لە ١٩ی مانگی هەشتی ساڵی ١٩٦٥دا کۆتایی هات، لە ١٨٣ رۆژی دانیشتنەکاندا، ٢٢ تاوانبار، بە ئامادەبوونی ٣٦٥ شایه‌ت، کە ٢٤٨یان لە دۆزەخی ئاوشویز ڕزگارییان بووبوو، دادگایی کراون. ڕۆژنامە ئەڵمانییەکان بە درێژی ڕاپۆرتیان لەنێو دادگاکەوە دەنووسی و بڵاویان دەکردنەوە. ڤایس ئەم دادگاییکردنە دەقۆزێتەوە، هەروەها خۆی ئامادەی بەشێکی زۆری دانیشتنەکان دەبێت، سەردانی ئاوشویز دەکات، گوێ لە شایه‌تەکان دەگرێت و ڕاپۆرتەکانیان له‌پاڵ ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌کان به‌کار ده‌هێنێت و لە ئەنجامدا دەقێکی دۆکیومێنتاری شانۆیی بە ناوی (دادگاییکردن / کۆڕاڵێک بۆ یانزە گۆرانی) دەنووسێت. هەرچەندە ڤایس، دەقەکەی لەسەر ڕاپۆرت و دۆکیومێنتەکانی دادگا و قسەی تاوانبار و شایه‌تەکانەوە ڕۆناوە، بەڵام گاریگەری و هەژموونی (دۆزەخ)ی دانتێ-ی، بە تایبەتی لە ڕووی ریتم و بەکارهێنانی زمان و دابەشکردنەوە، بەسەرەوەیە. ڤایس لەم دەقە شانۆییەیدا، بە هیچ شێوەیەک وشەی ئاوشویز بەکارناهێنێت یان ئاماژەی بۆ ناکات، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی، کە ڤایس نەیوویستوە ئەم تاوانە گەورەیە لە چوارچێوەی گروپێکدا، بۆ نموونە جولەکەکاندا، سنووردار بکات. ڤایس بەم هەنگاوەی، ئەوەی بۆ دونیا دووپات کردۆتەوە، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لەم جۆرە تاوانانە ڕوودەدەنەوە.

(دادگاییکردن)ی ڤایس، هەر زوو دەبێتە جێگای سەرنجی بەشێکی زۆر لە ریژیسۆرە گەورەکانی دونیا، لەیەک کاتدا لە هەردوو بەرلینی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و لەسەر پانزە شانۆ نەمایش دەکرێت. ریژیسۆری باناوبانگی ئەڵمانیش (ئەرڤین پیسکاتۆر) ١٨٩٣ – ١٩٦٦ یەکەم کەس دەبێت، کە لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا کاری تیا دەکات و لە نەمایشێکی بێ وێنەی دۆکیومێنتاریدا دەیخاتە سەر شانۆ. لە سوێدیش بۆ یەکەمجار، لە ساڵی ١٩٦٦دا، ئینگمار بێرگمان لە شانۆی پادشایەتی نەمایشی دەکات.

لە کۆتاییەکانی ساڵی پاردا، بە بۆنەی سەت ساڵ بەسەر لە دایکبوونی (پیتەر ڤایس)دا، ئەم دەقە دۆکیومێنتارییەی ڤایس، (دادگاییکردن/کۆڕاڵێک لە ١١ گۆرانیدا) لە پرۆژەیەکی هاوبەشی داراماتن و شانۆی ئۆریون-دا، لە خانوبەرەی کارگەیەکی کۆندا، کە هەر مەڵبەندی شانۆی ئۆریونە، نەمایش دەکرێت.

ساپیتەی هۆڵەکە ئێجگار بەرزە، دیوارەکانی لە چیمەنتۆ دروستکراوە، شوێنەکە تاریک و شێدار و نسرمە، پایە لە دار دروستکراوەکانی هێندە کۆنن، کە زیاتر لە پایه‌کانی کلێسایه‌کی کۆن ده‌چن، وەک لە شانۆ. هەموو ئەمانە، ئەو کەش و ئەتمۆسفێر و ژینگە رەق و دڵتەنگ و توندوتیژ و بەندیخانەئاسایەیان خولقاندووە، کە بۆ سینۆگرافیای ئەم نەمایشە گرینگە و بینەرانیان خستۆتە نێو ئەو هەستە نائارام و ترسێنەرەوە، کە دەسەڵاتێکی سەربازی بە زەبروزەنگ بەرجەستە دەکەن.

لە ناوەڕاستی ئەم هۆڵە گەورەیەدا، کە سنوورەکانی سەر تەختەی شانۆ و هۆڵی بینەران بە تەواوی لابراوە، بەریز لەمبەر و ئەوبەری هۆڵەکەوە، بەرامبەر بە یەکتری کورسی بە چەند ریزێک دانراون، هەروەها مێزی دادوەریش. بینەران بەرامبەر و لە هەمان کاتدا پشتیش له‌ یه‌کتر، بەریز دانیشتون. زۆرجار ئەکتەرەکان لەنێو بینەراندا دەجووڵێنەوە؛ لەیەک کاتدا قوربانی و جەلاد و هەروەها دادوەریش و بەشێکن لەو پانتایی و رووبەرەی بینەرانی تیا دانیشتوە. ستراکتوری نەمایشەکە، لە گەمەیەکی نێوان ڕۆڵەکان پێک هاتووە، ئەم گەمەی نێوان رۆڵانە، وا دەکات جیاوازیکردنی نێوان قوربانی و جەلادەکان ئاسان نەبێت، ئێمە هەموومان: بینەران و ئەکتەرەکانیش دەبین بە بەشێک لەوانەی لەم دادگا گەورەیەدا قسە دەکەن. ئەوانەی دەدوێن، باسی هۆلۆکۆست دەکەن، ژیانی ئەو هه‌زاران جولەکەیەی لەو کارگەی مەرگەدا بە گاز خنکێنران، چیرۆکی ئەو ترسەی بەرلەمەرگ و ئەو بێدەنگییە ترسناکەی دوای مەرگمان بۆ دەگێڕنەوە.

لە ساڵەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا، بە تایبەتیش لە ساڵی ١٩٤٤دا، زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ، بە شێوەیەکی سیستەماتیک، لەم کارگەی مەرگەدا دەکوژرێن. نازییەکان یەکەم تاقیکردنەوەی بەکارهێنانی گازیان بۆ کوشتنی سەربازە ڕووسییە دیلەکان بەکارهێناوە، دوای ئەوە بە ئازادی لە قەلاچۆکردنی جولەکە، قەرەج، هۆمۆسێکسیۆلەکان و هەموو ئەو کەس و گروپانەی، کە نازییەکان پێیان وابوو شایسته‌ی ژیان نین، بەکاریان هێناوە.

(دادگاییکردن) لە فۆرم و شێوازێکی گروتیسک و لە هەمان کاتدا، سەراپاگیردا بەرجەستەی یەکێک لە تاوانە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، دەکات.  دەقەکە، لە گەمەیەکی دادگادا، کۆمەڵێک سەرباز و کارمەندی ئاسایی ئەڵمانی، رووبەرووی تاوانەکانیان دەکرێنەوە و دادگایی دەکرێن. پرۆسەی دادگایی و خستنەرووی تاوانەکان، لە تەکنیکێکی دۆکیومێنتاری و هەروەها نامۆبووندا، بەپێی چەمکی شانۆی داستان و برێشت ده‌خرێنه‌ ڕوو، کە هێدی هێدی بەرەو جۆرە سادیزمییەک دەڕوات، بەرجەستە دەبێت. ئەو کەسانە چۆن ڕۆژێکی ئاساییان لە کارەکەیان بەسەر بردووە، چۆن چوونە سەرکاری بەیانییەک تا ئێوارە، بریتی بووە لە کوشتنی هەزاران کەس و دواتریش، ئەو جەستانەی بۆ نموونە ددانی ئاڵتونییان هەبووە، دەرهێناوە و خستویانەتە گیرفانییانەوە و رۆیشتونەتەوە بۆ ماڵەوە.

نادیە ڤایس، کچەکەی پیتەر ڤایس، ئەم دەقەی باوکی بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی سەت ساڵەیەوە، وەک کۆراڵێک نەمایش دەکات، نەمایشەکە کۆرسێکی غەمگینی ئەو کۆڕاڵەیە، کە ڤایس بۆ دادگاییکردنی تاوانبارەکانی هۆلۆکۆستەکەی ئاوشویز نووسیویەتی.

دوانزە ئەکتەر، لەنێو بینەران و بە نێو پانتاییە گەورەکەی ئەم شانۆیەدا، لە جووڵەیەکی بەردەوامدان: ڕۆڵەکان لەنێو خۆیاندا دەگۆڕنەوە، بۆ نموونە بە بەکارهێنانێکی خێرای بۆینباخێک دەبنە ئەو کارمەندەی، چۆنییەتی ریزکردن و ناونووسین و ڕێکخستنی جولەکەکانی پێ سپێردراوە، تا بەرەو مەرگ ڕەوانەیان بکات، لە هەمان کاتدا جووڵە و وێنەی ئەکتەرەکان و بە هاوشانی مۆسیقایەک، بە گەورەیی لەسەر دیوارەکان پێشان دەدرێت. نەمایشەکە بەرجەستەی ئەو بیرۆکەیە دەکات، کە چۆن کەسێکی تاک، گروپێک بە شێوەیەکی نادیار، نەناسراو و لە پشت دەمامکەکانەوە، بە شێوەیەکی دڕندە کەسانێکی تری بێتاوان دەکوژن. تاوانبارەکان، هەمیشە ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە تاوانی ئەوان نەبووە و ئەوان ته‌نیا فه‌رمانی سه‌رکرده‌کانیان جێبه‌جێ کردووە. لەنێو ئەم ڕەوشە کاولکارییەدا، لەنێو ئۆرگانیزەکردنێکی بێ سنووردا، لەنێو دۆزەخێکدا، کە بۆ ئەوانیتر جێکراوە، دڕندەیی مرۆڤ بەشێوەیەک گەشە دەکات، تا دەگاتە ئاستەکانی دیدێکی ئەبسوردئاسا. توندوتیژییەک لە دەرەوەی سنوورەکانی لۆژیک و موراڵی مرۆڤایەتییەوە، کە مرۆڤ دەبێتە ئامڕازێکی دانسقە بۆ لەناوبردنی بە کۆمەڵی مرۆڤ، واتە ئەوانیتر.

ریژیسۆری نەمایشەکە، دیمەن لە دوای دیمەن ڕەوشێکی پڕ لە نائارامی لەنێو بینەراندا دەخوڵقێنێت، هەژموونی ئەو هێزە پڕ لە شەڕە چڕ دەکاتەوە تا بینەران تووشی ئەو شۆکە بکات، کە لە دیمەنێکی ئێستاتیکی و وزەی ئەکتەردا بەرجەستە دەبن. هەموو نەمایشەکە دووپات کردنەوەیەکی ئەو شەڕەیە، کە بنەماکانی ژیانی ڕۆژانەی قوربانی/جەلاد پێک دەهێنێت؛ هەموو ئەو شێوازانەی بۆ مردنی قوربانییەکان بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە: گولله‌بارانکردن، تاقیکردنەوەی دەرمان و بێگومان لەسەرو هەمووشیانەوە بە بەکارهێنانی گازی ژاراوی.

ڤایس لەم دەقە دۆکیومێنتارییەیدا، ڕۆدەچێتە خوارەوە بە نێو وردەکارییەکاندا: چەندە گاز پێویستە بۆ کوشتنی دوو هەزار کەس. ئەم دەقە چەندە دۆکیومێنتارییە، هێندەیش ریتواڵێکە بۆ ژیانی هەموو ئەو مرۆڤانەی، لەو کارگەی مەرگەدا کوژراون، کە نەمایشەکەیش تەواو دەبێت، بینەران توانای چەپڵە لێدانیان نییە، لەبری ئەوە لەگەڵ ئەکتەرەکان دادەنیشن تا پێکەوە داڵدەی یەکتری بدەن.

دەقەکە لە بنەڕەتدا ٣٣ کارەکتەر لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەم ریژیسۆرە، کە نادیەی کچی ڤایس خۆیەتی، ئەم ٣٣ کارەکتەری کەم کردۆتەوە بۆ ١٢ ئەکتەر و کەمانچەژەنێک. کەمانچەژەنەکە، وەک دەنگێکی تایبەت، یەکێک لە قوربانییەکان، ڕۆڵێکی بێهاوتا دەگێڕێت: دیمەنەکان لە ریتواڵێکی هونەری و ئەتمۆسفێرێکی بەهێزدا پێکەوە دەبەستێتەوە و گەڕانەوە بۆ ئەو زەمەنە و یادەوەرییەکان قووڵتر دەکاتەوە. ئەم کەمانچەژەنە، مەوداکانی کات تێک دەشکێنێت و دەمانخاتە بەردەوم ئەو ڕاستییەوە، کە تا ئێستایش کارەساتی لەو جۆرە ڕوودەدەن. ئەم دوانزە کارەکتەرە، جگە لە کارەکتەری دادوەر و پارێزەری بەرگری تاوانبارەکان، کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەر ڕۆڵەکانی خۆیان، دادوەر/پارێزە دەبینن، کارەکتەرەکانی تر، وەک لەوەوبەر ئاماژەم بۆ کردووە، بەردەوام تاوانبار و شایه‌تن و ڕۆڵەکانیان لە گەمەیەکی شانۆیدا دەگۆڕنەوە.

ریژیسۆری ئەم نەمایشە دەیەوێت بەم گەمەیە ئەو هەلە بۆ ئەکتەرەکانی برەخسێنێت، کە وەک ئەکتەر بە قووڵی لە مەوداکانی (بیرەوەری) و لە هەمان کاتدا (خۆبێبەریکردن) بکۆڵنەوە. یادەوەرییەکان، وەکوو کارەساتێک، ڕەوشێکی قێزەوەر و شتێکی له‌یادنه‌کراو، کە بنەمایەکی گرینگی هاوبەشی بۆ هەموومان هەیە، ئەوانەی خۆیان خۆیان بێبه‌ری دەکەن یان تاوانەکە لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە و خۆیان بە بەرپرسیاری ئەو کارەساتە نازانن، بەو بیرەوەرییەدا تێ دەپەڕێت و دەبێت بە بەشێک لە ڕاستییەکان. بەڵام لە پانتاییەکانی ئەم ژوورەدا، لەنێو گەمەی ئەم نەمایشەدا، ئەکتەرەکان بە هەردوو ڕەوشەکەدا، شایه‌ت و تاوانبار، قوربانی و جەلاد دا تێدەپەڕن و بە قووڵی لە ڕەهەند و مەوداکانی دەکۆڵنەوە. ئەم گەمەی گۆرینەوەی ڕۆڵانە، ڕەهەندێکی تری هزریش لەخۆ دەگرێت؛ ئێمەی مرۆڤ دەکرێت، لە ڕەوش و بارودۆخێکدا ببینە پیاوکوژ و تاوانی گەورە دژ بە مرۆڤ ئەنجام بدەین؛ ئەو قوربانییەی ئەمڕۆ لەوانەیە لە هەل و مەرجێکی تردا تاوانبار و جەلادێکی ترسناکی لێ دەرچێت.

ڤایس لە دەقەکەیدا، بە قووڵی کاری لەسەر هەردوو کارەکتەری شایه‌ت و تاوانبار کردووە، ڕێگای بۆ هەردوولا کردۆتەوە قسە بکەن و لە مەدارێکی بێ سنووردا بجووڵێنەوە، بە شێوەیەک چەمکی زەمەنی بە تەواوی تێک شکاندووە.