خۆم دەکەمەوە بە کوڕی سروشت

Loading

دەمەوێت ببمەوە بە کوڕی سروشت.
بۆ زامی قووڵیش، نەچمەوە لای پزیشکەکەم.
ئەو پزیشکە، لە دەرەوەی جیهانبینیی من داندراوە؛
کە ناچارم ڕێزی بگرم.
لێ دەبێت لێی ڕا بکەم و، بە دوای ڕۆحی خۆمدا بگەڕێم.

 

من وەک درەخت، دەمەوێت بەرز ببمەوە، وەلێ بۆ سێبەر.
وەکوو ڕەگ، خۆم دە نێو زەویندا دابوکتم،
بۆ هڵمژینی بۆنی خاک بە دەوروبەر.
چ فایدەی نینە، تەم لە شاخ، بە ئاوازی شمشاڵ… نەبێتە گیراوەی هەور.
،با” سوودی چییە، کە سەما لە چاومدا نەئەفرێنێت و،
گەڵا، بە مەستی نەخاتە سەر ڕێڕەوی ڕووبار.

 

ڕەنگە گەرمەکان / تابلۆی سۆلۆ گیۆڤانی (دڵشاد کوێستانی)
ڕەنگە گەرمەکان / تابلۆی سۆلۆ گیۆڤانی (دڵشاد کوێستانی)

ئاخر هەوا، ئامێرکی مۆسیقی سوننەتییە…
خودا، وشەکانی ئێمە دەژەنێت و،
دەیخاتە ڕستەیەکی ئاوازی جوین.
“با” لە قرپێکی هەواوە لە دایک بووە و،
لە بری بۆن، هەر خەریک بووە بە ویزە ویزه‌کردن.
لە تەک خاکدا ڕای کردووە و،
بە دەلاقەوە خۆی هەڵواسیوە: بۆ ئەوینداری هەڵمبوون.
پێش هاتنی ئێمە، خەریکی جووتبوون بووە و،
سێ کچی ناوەتەوە بە نێوی: بەفر و تەرزە و باران.

 

باران، هێندە بە ناسکی چەتری هەڵدەدا:
بەرد حەزی کرد لە ژێریدا بتوێتەوە.
تا مرۆڤ کە هاتە دونیایەوە:
لێوەی فێر بێت و، لە دڵڕەقی دووربکەوێتەوە.
کە چاوی بە تەرزە کەوت،
هێندەی دی لە ڕۆح دوور کەوتەوە.
کەچی بەفر، بەو هەموو نەرمونیانییەشەوە:
کەلەپووتی مەی پێ دانەمرکایەوە!.

من دەمەوێت ببمەوە بە کوڕی سروشت.
کە کوێر بووم، دڵۆپێک بارانم دە چاو بکەن.
کە زامدار بووم، بە گەڵا برینم بپێچن.
کە دەستم شکا، لخێک دارم لێ موتووربە بکەن.
بۆوەی نووسینم سەوز بێتەوە.
کە قژم هەڵوەری، بە شەتڵ، نەعنا دە سەرم بچێنن:
بۆوەی لە بری ئارەقە، بۆنی خۆش ببەخشێتەوە.
کە گوێم کەڕ بوون، بمبەنەوە سەر دەریا،
دوو سەدەفم بۆ دابنێن، هیچ نەبێت، شەپۆلەکانم بۆ دەگوێزێتەوە.

 

بۆ نەبمەوە بە کوڕی سروشت،
وەختایەک ڕێحانە بچێتەوە سەر تیرەی نەعنا و،
پوونگیش، کە بە تەرچکی کەس نەیخوات،
ئیدی کە پیر بوو، باڵای بە قەد پیاوێکی بێکەڵک قیت دەبێتەوە و،
بە نێوی “پنگەڵ” سەر دەنێتەوە.
دەی وەرن با ببینەوە بە سروشت، ئارامی ببەخشینەوە!.
١٨ / ٦ / ٢٠١٦ قەڵادزێ