حه‌مه‌ عومه‌ر عوسمان ١٩٥٧ سلێمانی - ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٩ سلێمانی.

 پێرفۆرمانسێک لەنێوان حەمە عومەر عوسمان و ئێمیل سیۆران دا


Loading

جۆرێک لە کفرکردن هەیە بە جنێودان بە ئەفرێنەرەکە ناناسرێتەوە، بەڵکو بەو هەڵوێستەی کەموکوڕییەکانی ئەفرێنەرەکە  وەها نیشان بدەیت، کە ئەو ئەفرێنەرێکی بەرکەماڵ نییە. ئەوەی کە بەڵگەنەویستەیەکی بوونگەرییە، مرۆڤ فڕیدراوەتە جیهانەوە بەبێ ئارەزووی خۆی. ناتوانرێت لە ناوەڕۆکی ئەم ڕستەیە تێبگەین گەر ئەفرێنەرەکەمان بە هۆکاری ئەو فڕێدانە بەناتەواوی بۆناو جیهانێکی ناکامڵ سەرزەنشت نەکەین. ئەگەر هەموو هەبوونیشمان بریتی بێت لەو ماوەیەی لە ژیاندا بەسەری دەبەین، وەک بوونئارایەک، ئەوا دەبێت مامەڵەکردنمان لەتەک ئەو ژیانەدا جۆرێک تێگەیشتنی ڕەخنەیی لەخۆگرت بێت. ڕەخنە لەوەی: بۆچی ژیان کورتە، بۆچی مرۆڤ بەتەنیا لەجیهان بەجێهێڵدراوە، بۆچی بوونی ئەو بوونە بەرەو مەرگ، مرۆڤ بۆچی ئازار دەچێژێت؟ ئەم کۆمەڵە پرسیارە بەسن بۆ هەر تاکێکی تێگەیشتوو تاوەکو جیهانبینییەکی ڕەخنەئامێزانەی سەبارەت بە سەبەبکاری ژیان لا چێ بێت.

چێبوونی جیهانبینیەکی لەمجۆرە کفرکەر و ڕەخنەگر و کڕوزێنەرەوەیە هیچ پەیوەستیەکی بەو تەوژمە ئەدەبییەوە نییە کە وەکو ئەدەبی بێهودەگەرو هیچگەر و نیهیلیست فۆرمەلە بووە، بەڵکو پتر بریتییە لە دەربڕینی هەستێکی تیمۆسی و توڕەییانەی تاک بەگژ ئەو خالقەی مرۆڤێکی بەدبەخت و غەمگین و نائارامی فڕێداوەتە نێو ژیانێکی بەدفەڕ و بێهودە و بێئامانج و بێسەروبەرەوە. لەنێو هەموو ئەدەبیاتی جیهانیدا پێدەچێت فیگوری تیمۆتیکی لەم جۆرە بەرهەمهاتبێت، ئەوەی لای ئێمە لەدیارترین ئەو فیگورانەن کە بەرجەستەی ئەو تیمۆسە وجودییە بکەن بریتین لە ؛  ئیمیل سیۆرانی نووسەر و فیلۆسۆفی فەرەنسینووس و حەمە عومەر عوسمانی شاعیری کورد.

 

سیۆران بەوە ناسرابوو کە (مرۆڤێکی بێخەو) بوو، ئەم خەسڵەتەی وای لێکردبوو بێخەوی بکاتە نیشانەیەک بۆ پیشاندانی کەماسییەکانی خودای ئەفرێنەر.  ئەو هیچ مەسەلەیەک نەبوو بۆی کە خەوی زڕاوە و ناتوانێت وەک هەر مرۆڤێکی تر بەشێوەیەکی ئاسایی خۆشنوود بێت لە نیعمەتی خەوتن. بەپێچەوانەوە وایکرد بێخەوی بکاتە تێمایەکی جەوهەرییانەی لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی هەرچی میتافیزیکی ئەفرێنەران هەیە. بێخەوی لای ئەو بووە ئەکتێکی شۆڕشگێڕانە بۆ قڵپکردنەوەی تەختی ئەو خودایەی خۆی بەکامڵ دەزانێت و پێیوایە مرۆڤیشی بەکامڵی ئەفراندووە. بۆیە خۆهەڵواسینی بە تەنافی بێخەوییەوەکردە پێرفۆرمانسێکی بەگژداچوونەوەی ئەفرێنەرەکەی.  سلۆتەردایک لە خوێندنەوەیەکی وردیدا لەسەر سیۆران، کە لێرەدا کۆمەکی منی زۆر کردووە، گەیشتووە بەو دەرەنجامەی: سیۆران بوونی زەلیلی خۆی وەکو بەڵگەیەک بۆ زەلیلبوونی خودا و جیهان نیشاندا، بەهێزی ئەو لە زەلیلبوونەکەیدا بوو.

ئێمیل سیۆران ١٩١١- ١٩٩٥
Emil Cioran (8 April 1911 – 20 June 1995) was a Romanian philosopher and essayist who spent most of his life in Paris, France.

هەمان ئەم پێرفۆرمانسە ئێمە لەفۆرمێکی تردا و بەهەمان ناوەڕۆک لە جیهانبینی حەمە عومەر عوسمانی  شاعیردا دەبینینەوە. ئەوەی حەمە لەناو ژیانی تەنیایی و دابڕان و لەغوربەتادا بینی، بریتی بووە لە جۆرێک لە بەگژداچوونەوەی ئەو تەرزە گەندەڵەی بوون و بێکەڵکەی ژیان. پایز وەک هێمایەک بۆ وەرزی شکستهەڵگەڕان و بەربوونەوە و کەوتن و کۆتاییهاتنی بەهار، پایز وەک وەرزی تەنیایی و دابڕان لە پۆیتیکی ئەودا ئەتمۆسفێرێکی ڕۆمانتیکی تێپەڕی  نییە، بەڵکو ڕوانینێکی  ڕەخنەییانەیە بۆ بینینی قەدەری تەنیابوونی هەمیشەییانەی مرۆڤ. 

ئەوەی بوونی حەمە لەناو پایزێکی هەمیشەییدا بمێنێتەوە و بە هۆشمەندییەوە بیەوێت سەرباری ئازارەکان و ناخۆشییەکانی، هێشتا لەناو ژیانی پایزیدا بمێنیتەوە، وەک دەڵێت: بۆ چوار وەرزی ساڵ نابێتە پایز…بگرە خۆی بکاتە پاسەوان و ژەنەرالی پایز و تەنانەت لە مردنیشیدا تەرمەکەی بەگەڵای پایز داپۆشرێت. هەموو ئەمانە ئاماژەن لەسەر ئەوەی ئەم شاعیرە ناوازەیەی ئەدەبی کوردی هەڵگری توڕەییەکی گەردوونی بووە بەرامبەر بەو ئەفرێنەرەی ژیانێکی بەهارانەی دروست نەکردووە. ئەفرێنەرێک کە بەهار تەنیا دەبەخشێتە ئەو بەهەشتەی گفتی پێداوە بۆ ئەو کەسانەی خۆپەرستانە وسەرشێتانە ڕەدووی ئامۆژگارییەکانی دەکەون. ئەو دێڕەشیعرەی: خودا بۆ نایەتە دەنگ، خودا بۆ نابێت بەڕەنگ…لەهەرە قووڵترین دێڕەکانی جیهانی نووسین و ئەدەبیاتی کوردییە کە توانی بێتی میتافیزیکی یەزدان بخاتە بەردەم ڕەخنەیەکی کارکردەییانەوە و بەم دوو پرسیارە فینۆمینۆلۆجیایەک دابهێنێت کە هەموو بوونەوەرێک دەبێت دەرکەوتەیەکی بوونئارایی هەبێت.

حەمە عومەر  وەک یاخییەکی تاقانەی ناو ئەدەبیاتی کوردی ئەو نەفرەتییەی نمایشدەکرد کە هەم خراوەتە سەر کۆمەڵگەکەی وەکو کورد، هەم خراوەتە سەر خودی خۆی وەک تاکە کەسێک. بۆیە مانیفێستی ئەو جیاوازە لە هی هەموو شاعیرانی پێش خۆی (( ژیانی، شیعرەکانی، وە مردنەکەشی)) لە بیبیلیۆگرافیای ئەدەبیاتی کوردیدا بێهاوتا دەمێنێتەوە. بۆیە هەر ساتێک وتمان حەمە عومەر دەبێت میحنەتی بێکۆتای کوردبوون و میحنەتی مرۆڤبوونی تەنیا و ژیانێکی پایزانەمان بێتەوە یاد.

نازناوی (جەنەرالی پایز)   بە تاقانەترین پلەی سەربازییانەی ناو ئەکادیمیای شیعر و ناو ئۆردوگای زۆرەملێی ژیان دەمێنێتەوە.   شیعرەکانی ئەو بانگهێشت نین بۆ ژیانێکی تەنیا و دابڕاو، بەڵکو گەواهین لەسەر کرۆکی ژیان، کرۆکی بوون، نائامادەگی یەزدان. ئەم جیهانبینییەشی لەڕێی میتۆد و تیۆرەکانەوە لا چێ نەبووە، بەڵکو لەڕێی ئەو ژان و ئازارە ڕاستەقینەیەوە بەدەستی هێناوە، کە ڕەنگی قژی ( بڕوانە قژی ماش و برنجیم) تاوەکو ڕەنگی خوێنی ( ئاگری عەشق چۆتە خوێنمەوە)  دەستکاری کردووە.  ئەو مرۆڤێکی ناکۆمەڵایەتی نەبوو، گۆشەگیر نەبوو، بگرە لەهەموو ئەدیب و شاعیرەکانی تر پتر تێکەڵاوی خەڵک دەبوو، بۆیە ناکرێت شیعری ئەو بخزێنرێتە نێو ڕەخنەی تیۆری و نێو کۆبەندی سۆسیۆلۆگییەوە. چونکە ژیانی تەنیایی و لەغوربەتابوون، بریتی نییە لە ڕێچکەیەکی داڕێژراو و شاعیر پەیڕەوی بکات. بەڵکو لەغوربەتابوون، حوکمێکی نەفرەتئامێزە دراوە بەسەریدا بۆئەوەی لێوەی لێکۆڵینەوە لە بێئومێدییەکان و نامۆییبوونەکان و تەنیایی مرۆڤەکان بکات.

ئەوەی نیتچە دەیگووت: من شرینقەی شێتیتان لێ دەدەم. حەمە دەیگووت؛  “خەڵکی بەشێتم دەدەنە قەڵەم نازانن کە من با دەخوێنمەوە، تنۆکی باران حەرفی شیعرمە و، ئاگری عەشق چۆتە خوێنمەوە…”  لێرەدا حەمە بەر لەهەر کەسێکیتر شرینقەی شێتییەکەی وەرگرتووە، شرینقەیەک کە هەموو کەسێکی ژیر پێویستێتی. ئیتر  حەمە عومەر ئەکتەرێکی تاقانەی شانۆی تووڕەیی بوو بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو چارەنوسە ئەشکەنجەدەرەی دراوە بە مرۆڤ.

جا ئەگەر سیۆران  (بێخەوی) کردبێتە ڕوانگە و هەڵوێستگەیەک، ئەوا حەمە عومەر (بێئومێدی) کردە ئامرازی لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی ئەو بوونە ڕەق و توندوتیژە و ئەو ژیانە پایزییە هەمیشەگییە و ئەو بەدبەختییەی کۆتایی نایەت.  ئەو زۆر خۆنەویستانە ژیا و بێهودەگەربوونیشی وەکو جۆرێک لە بێکەڵکبوونی خودا نیشاندا، شتێک کە هیچ (بێباوەڕێک)پێی نەکراوە. ئەم لەبەریەکهەڵەوەشاندنەوەیە کردەیەکی زۆر کاریگەرانەترە لەکردەی هەر ڕەخنەگر و هەر شۆڕشگێڕێکی ئیدیۆلۆگی. لای کەسی بێئومێد هەموو ئەو بەڵایانەی بەرۆکی مرۆڤیان گرتووە بەهۆی ئەو ئومێدە درۆزنە کوشندەیەوەیە کە بێ ئاگایانە هەڵیان گرتووە و ناویان لێناوە شۆڕش بەرەو داهاتوو، داهاتوویەک کە هەررگیز نایەتە دی کە خاڵی بێت لە بێئومێدی و لە بێخەوی و لە تەنیایی. بۆیە لە دیدی بێئومیدەکاندا، ئومێد نزایەکە هەرگیز گیرا نابێت، وەک سلۆتەردایک لەسەر سیۆران دەڵێت: لای بێخەوەکان، خەولێکەوتن دوعایەکە هەرگیز گیرا نابێت.

سیۆران (بێخەوییەکەی) و حەمە عومەر عوسمان   (بێئومێدییەکەی)  کردبووە پاساوێکی یەکلاکەرەوە لەدژی ئەفرێنەرە سادیستەکە، چونکە ئەوان دەیانزانی هیچ شتێک وەکو (ژەهر دژی ژەهر)  نییە، وەک سلۆتەردایک دەڵێت.

هەم سیۆران و هەم حەمە عومەر، بێخەوییەکەی خۆیان و تەنیاییەکەی خۆیان، زەلیلبوون و داماوبوون و دابڕان و لەغوربەتابوونەکەیان وەکو ژەهری بوون وەرگرتبوو، نووسینەکانیشیان وەکو ئەو ( دژەژەهرە)  دڵۆپاندووە بۆ ئەو کەسانەی وەکو ئەوان دەرک بە شتەکان دەکەن، بۆیە ئەوان لەخۆپەرستییەوە تەنیا و دابڕاو نەبوون، بەڵکو شتەکە پتر ئەوەیە: ئەوەی دۆخی خۆت، بەهەموو خراپییەکەوە، بکەیتە دۆخی ژیانکردن و شوکرانەبژێریش بیت بۆی، ئەوە ڕەنگە جۆرێک بێت لەوەی نیتچە پێیدەگووت؛ چارەنوس خۆشویستن.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.