The Lamp

بیۆنگ چول هان؛ ببورن، لێ ئەوانە ڕاستیەکانن

 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه

بیۆنگ چول هان: ببورن، لێ ئەوە ڕاستیەکانن

گفتوگۆ لەگەڵ بیۆنگ چول هان

لە عەرەبییەوە: هیراد یاسین

 

گفتوگۆ لەگەڵ فەیلەسوفی ئەڵمانی، بیۆنگ چول هان. ئەم گفتوگۆیە گۆڤاری تسایت ڤیسن (ZEIT Wissen – زەمەنی زانین)  لەڕێگەی دوو ڕۆژنامەنووسی گۆڤارەکە، نیڵز بۆینگ و ئەندریاس لیبێرت سازی داوە؛ کە لە گفتوگۆکەدا بە “تسایت ڤیسن” ئاماژە بە ناویان دەدەین.

نیڵز بۆینگ و ئەندریاس لیبێرت وایان دەزانی گفتوگۆکرن تەک بیۆنگ چول هان دەیانخاتە دۆخێکی تاقەت پڕووکێنەوە، لێ وا نەبوو، چون بەدرێژایی چوار کاتژمێر لە گفتوگۆی بەردەوام، لە نێو کەشێکی هاوڕێیانە و پڕ جۆش و خرۆشدا بوون؛ لەوانەیە ئەمە بەڵگەیەک بێت بۆ تیۆرییەکەی هان کە دەڵێت زۆر ئەرێنی بوون لەوانەیە دەرەنجامەکەی خەمهێن بیت، لێ زۆر نەرێنی بوون ئەگەری هەیە سەر بکێشێت بۆ کەمێک گەشبینی.

بیۆنگ چول هان، بۆ شوێنی کۆبوونەوەکەمان، پێشنیاری قاوەخانەی “Liebling”ی لە  “Prenzlauer Berg” کرد. فەیلەسوفە کەم­دووەکە، مامۆستایە لە زانکۆی “دێر کیونیشتە” لە بەرلین، چەند کتێبێکیشی نووسیوە کە چەند شەپۆلێک لە گفتوگۆی لێکەوتەوە، وەک کتێبی “کۆمەلگەی پڕتووکاو (Müdigkeitsgesellschaft)” و “کۆمەڵگەی ڕوون (Transparenzgesellschaft)”. هان خۆی بەدوور دەگرێت لە گفتوگۆکان و نایەتە بەر چاوان، هەر بۆیە ئەوم گفتوگۆیە هەلێکی دەگمەن و دووبارەنەبووەوەیە. دە خولەک لە کاتی دیاریکراو بۆ چاوپێکەوتنەکە تێپەڕیوە، تۆ بڵێی قۆڵمان نەبڕێت؟ دواتر هان بە پاسکیلەکەیەوە لە شەقامەکە هاتە خوار. دانیشت و داوای کۆلایەکی کرد.

تسایت ڤیسن: لە کوێوە هاتیت؟

بیۆنگ چول هان: وەک هەمیشە، کتێبخانەکەم.

تسایت ڤیسن: ئێستا کار لەسەر چی دەکەیت؟

بیۆنگ چول هان: کتێبێکی نوێ دەنووسم لەسەر “جوانی”؛ ئەم بڕیارەم لەدوای خوێندنەوەی چاوپێکەوتنێکی بۆسۆ شتراوس (Botho Strauss) بوو، چون کە لێی دەپرسن ئێستا بەدووی چییەوەیت، دەڵێت “جوانی”، هیچی تر ناڵێت جگە لەوەی کە بەدوای جوانییەوەیە و دەیەوێت بەدەستی بێنێت.

بیۆنگ چول هان ١٩٥٩ – فەیلەسوف و کولتورناسێکی بە ڕەچەڵەک باشووری کۆریاییە و لە سویسرا لەدایکبووە .

دواتر بیرم کردەوە کتێبێک لەبارەی جوانییەوە بنووسم.

تسایت ڤیسن: کەواتە بیر لە جوانی ئەکەیتەوە، ئەم بیرکردنەوەیە چۆنە؟

بیۆنگ چول هان: یەکێک لە کەرەسەتەکانی بیرکردنەوە، درککردنە بە ڕووی لێکچووی شتەکان، زۆربەی جاریش وا هەست دەکەم کە درکی ڕووی لێکچووی ڕووداوەکان دەکەم؛ لەنێوان ڕووداوی ئێستا و ڕابردوو؛ یان لەنێوان ڕووداوەکانی هەمان کاتدا. من شەیدای گەڕانم بەدووی ئەو لێکچوونانەدا.

تسایت ڤیسن: لەسەر جوانی چی دەڵێیت؟

بیۆنگ چول هان: پەیوەندیی نێوان دیاردە جیاوازەکانی ئەمڕۆ یان ئەو دیاردانەی کە باون دەبینم. بۆ نموونە لابردنی موو بە واکسی بەرازیلی (Brazilian Waxing) و کارە پەیکەرسازییەکانی جێف کۆنز (Jeff Koons) و موبایلی ئایفۆن (iPhone).

تسایت ڤیسن: تۆ لابردنی مووی جەستە بەراوردەکەیت بە موبایلێکی زیرەک و هونەرمەندێک؟

بیۆنگ چول هان: ئەتوانین بەئاسانی خەسڵەتی هاوبەشیان دیاری بکەین: پەیوەندیی بە نەرمییەوە هەیە. نەرمی ئەمڕۆژانەمان جیا دەکاتەوە. تۆ ئەزانیت “G Flex” چییە؛ یەکێک لە موبایلە زیرەکەکانی کۆمپانیای “LG”. ئەم موبایلە خەسڵەتێکی فرە تایبەتی هەیە، گەر ڕووکارەکەی شوختی تێ ببێت، ئەوا ئەو شوختە دوای کاتێکی کەم نامێنێت، بۆیە ئەتوانین بڵێین پێستێکی  خۆچاککەرەوەی هەیە؛ دروستتر بڵێین پێستێکی ئاژەڵییە، واتە چوستییەکی تەواوی هەیە.

لە خۆم دەپرسم، ئەشێت بوونی چەند شوختێک لەسەر شتێک چ زیانێکی هەبێت؟ ئەم هەوڵە گەورە چییە بۆ پاراستنی ڕووی شتێک بە سافی؟ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان موبایلی زیرەکی چوست و پێستی نەرم و ئەویندا.

تسایت ڤیسن: ئەوین؟ تکایە ڕوونی بکەوە.

بیۆنگ چول هان: ئەم ڕووە سافەی موبایلی زیرەک، پێستێکە لە زیان دەیپارێزێت و بەدووری ئەگرێت لە هەر جۆرە ئازارێک؛ مەگەر وا نییە؟ لەم ڕۆژگارەدا، کە قسە لەسەر ئەوین دەکەین دەمانەوێت خۆمان بەدوور بگرین لە ئازار؛ نامانەوێت لە مەترسیدا بین.

بەهەر شێوەیەک بێت خۆمان لە زیان و ئازار دەپارێزین. ئەوین پێویستی بە پابەندبوون هەیە، لێ ئێمە خۆمان لەو پابەندبوونە بەدوور دەگرین، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی پێکانمان. خۆمان بەدوور ئەگرین لە هەستەکانمان. دەترسین لەوەی بکەوینە ناو خۆشەویستییەوە، چون لەوانەیە زیاد لە پێویست ئازارمان بدات.

چیتر ڕێگەپێدراو نییە بکەویتە ناو خۆشەویستییەوە. لە فەرەنسیدا دەڵێن “کەوتە نێو خۆشەویستییەوە (tomber amoureux)” ئەم کەوتنە فرە نەرێنییە؛ ئازارێکە کە دەبێت خۆتی لێ بەدوور بگریت. پەیوەندیی نێوان ئەم بیرۆکە و بیرۆکەیەکی کە دەبینم: ئێمە لە سەردەمی “پەسەندکردن(like)”دا دەژین، لە فەیسبووکدا هیچ دووگمەیەک نییە بۆ “پەسەندنەکردن(Dislike)”.

تەنها “پەسەندکردن” هەیە، چونکە پەسەندکردن پەیوەندییەکان خێراتر دەکات، لە کاتێکدا “پەسەند نەکردن(Dislike)” ئەم کردەیە خاو دەکاتەوە؛ بەهەمان شێوە زیان پێگەیشتن دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی پەیوەندی. تەنات هونەریش لەمڕۆدا نایەوێت چیتر ئازار بە کەس بگەیەنێت.

لە کارە پەیکەرسازییەکانی جێف کۆنزدا، هیچ مەجالێکی ئازاردان نییە، دابڕان، درز، شکان و لای تیژ و تەنانەت چینایەتی نییە. هەموو شتێک بەشێوەیەکی نەرم و ئارام و پەرەسەندووانە دەڕژێت و دێتە بەر چاوان. هەموو شتێک گەشەکردوو و بێنەنگ و ڕێکوپێک دیارە.

هونەری جێف کۆنز بریتییە لە ڕوویەکی ساف. لەمڕۆدا ڕۆشنبیریی پەسەندکردن لە گەشەکردندایە، دەتوانین ئەمە لە سیاسەتیشدا ببینینەوە.

تسایت ڤیسن: مەبەستت ئەوەیە لەمڕۆدا سیاسەتیش نەرم بووە؟

بیۆنگ چول هان: سیاسییەکانیش خۆیان بەدوور دەگرن لە هەر جۆرە پابەندبوونێک؛ ئەوەی ئێستا لە پەرەسەندندایە سیاسەتی پەسەندکردنە [like].

کام لە سایسییەکان ئەکرێت وەک نموونەی ئەو سیاسەتە بێنینەوە؟ لام وایە “ئەنگێلا مێرکڵ”، پێم وایە هەر لەبەر ئەمەیشە کە زۆر بەناوبانگە. بیروباوەڕێکی قوڵ و دیدگای جێگیری نییە، تەماشای ڕای گشتی دەکات و بەپێی وان بەبەردەوامی ڕاکانی دەگۆڕێت.

دوای کارەساتە ئەتۆمییەکەی “فۆکۆشیما”، لەناکاو [ئەنگێلا مێرکڵ] بوو بە بەرهەڵستکاری وزەی ئەتۆمی؛ دەتوانی  بڵێیت وەک مارماسی خزە.

ئەمڕۆ ئێمە دەگەڵ سیاسەتی نەرمدا مامەڵە دەکەین؛ پەیوەندییەکی سەرنجڕاکێش هەیە لەنیوان پێستی لوس و هونەری ساف و سیاسەتی لوسدا. بێگوومان کاری سیاسی پێویستی بە دنیابینی و پابەندبوون و بڕیاردانە، ئەمانەیش شتانێکن بڕێک ئازاریان تێدایە و نابێتە مایەی ئارامی بۆ هەمووان، لێ سیاسەتی نەرم وا نییە. لە ڕاستیدا ئەنگێلا مێرکڵ تاکە نموونە نییە، چون لەمڕۆدا هیچ کام لە سیاسییەکان ناتوانن پێچەوانەی ئەمە بکەن. ئەوان شوێنکەوتەی سیستەمێکن کە تیایدا دەبێت لایک لە هەمووان وەربگرن؛ هەربۆیە هەڵدەستن بە چاککردنی هەر بەشێک کە تیایدا ئەم سیستەمە شکست دێنێت؛ ئەمەیش لەژێر وەهمێکدا دەکەن کە دەڵێت “هیچ بەدیلێک نییە”.  سیاسەت دەبێت بەدیلی پێ بێت، وەگەرنا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ دیکتاتۆرییەتدا.

ئێمە ئەمڕۆ لەژێر حوکمی دیکتاتۆریی لیبراڵیزمی نوێدا دەژین، لە لیبراڵیزمی نوێدا هەمووان بە کاری خۆیانەوە خەریک ئەبن.

لە سەردەمی مارکسدا، سەرمایەداری بناغەی کارکردنی تەواو جیاواز بوو، کە ئابووری پێکهاتبوو لە خاوەن کارگەکان و کرێکارەکان، هیچ کرێکارێک ئەو کارەی نەدەکرد کە پەیوەست بوو بە کارەکەیەوە، ئیستیغلالکردنێکی دەرەکی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە خۆمان خۆمان ئیستیغلال ئەکەین، من ئیستیغلالی خۆم ئەکەم لەژێر وەهمی خۆدەربڕیندا.

 

 

ئازادی لە بەرانبەر ستەمدا

تسایت ڤیسن: بەڵام زۆرکات چەمکی “لیبراڵیزمی نوێ” وەک چەمکێکی دەست چەپەکان سەیر دەکرێت.

بیۆنگ چول هان: وا نییە، لیبراڵیزمی نوێ دۆخی ئێستای کۆمەڵگە بە باش دەبینێت، لەبەرئەوەی ئەمە پەیوەندیی بە دەستبەسەراگرتنی ئازادییەوە هەیە. سیستەم دەیەوێت بەرهەم بکاتە دووهێندە، ئەمەیش لە ئیستغلال کردنی ئەوانی ترەوە دەپەڕێتەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی خود، چون ئەمە کار لەسەر بەرهەمهێنانی توانای زیاتر و بەرهەمی زیاتر دەکات، هەموو ئەمەیش لەژێر پەردەی بەناو ئازادییەوەیە.

تسایت ڤیسن: لێکدانەوەکەت تەواو بێهیواکەرە. مە کار لەسەر دەستبەسەراگرتنی خۆمان دەکەین، توانای هیچ سەرکێشییەکیشمان نییە، نە لە ئەوین و نە لە سیاسەتدا، ترسێکی زۆریشمان لە تووشبون و ئازار هەیە.

هان: ببورن، لێ ئەوانە ڕاستین.

تسایت ڤیسن: تاک چۆن دەتوانێت لەم کۆمەڵگەدا ئاسوودەیی بدۆزێتەوە؟ ئایا دەبێت زیاتر پابەند بین بە ئایدیاڵەکانمانەوە؟

بیۆنگ چول هان: سیستەم وای کردووە ئەمە فرە سەخت بێت. ئێمە تەنانەت نازانین چیمان دەوێت؛ ئەو پێویستییانەی کە وا دەزانم پێویستیی منن، لە ڕاستیدا پێویستیی من نییە. بۆ نموونە فرۆشگایەکی داشکاندنی جلوبەرگ وەک “Primark”، خەڵک بە شێوەیەکی بەردەوام بە سەیارە سەرەی دوورودرێژی بۆ دەگرن، چوون لە شارەکەدا لقی تری نییە، هەر کە خەڵکی چوونە ژوورەوە تاڵانی دەکەن (هێندە زۆر دەکڕن)!. لەم دواییانەدا، هەواڵێک لە ڕۆژنامەیەکدا بڵاو کرایەوە دەربارەی کچێک کاتێک بیستبووی ئەوفرۆشگایە لقێک دەکاتەوە لە تەنیشت “C&A” لە مەیدانی ئەلێکساندەر (Alexanderplatz) لە بەرلین، کچە لە خۆشیدا قیژاندبووی و وتبووی “گەر پرایمارک لێرە بێت ژیانم تەواو خۆش دەبێت!”.

بەڕاست ئەم ژیانە ژیانێکی تەواو نایابە بۆ وی؟ یان ئەمە تەنها وەهمێکە ڕۆشنبیریی بەرخۆری درووستی کردووە. با بەوردی لەمە بڕوانین، کیژان سەدان جل دەکڕن، وەک نرخێکی ناوەندی هەر عەزییەک بە پێنج یۆرۆیە، لە بەرانبەریشدا، لە هەندێک وڵاتدا کە ئەم جلانە دەدروون، کەسانێک هەن لەو پێناوەدا دەمرن، وەک بەنگلادش کە کارگەیەکی جل بەسەر کرێکارەکاندا ڕووخا. ئەم کچانە سەد عەزی دەکڕن، بەڵام لەبەریان ناکەن، دەزانن چییان لێ دەکەن؟

تسایت ڤیسن: لەوانەیە ئەم جلانە لە ڤیدیۆگەلی سەرنجڕاکێشدا لە یوتیوبدا نماییش بکەن.

بیۆنگ چول هان: ڕێک، نمایشی دەکەن! چەند ڤیدیۆیەک دەگرن، تیایدا ئەو جلانە لەبەر دەکەن کە کڕیویانە، تاکو ئەم جلانە لە ژینگەی تۆڕەکەدا بەردەست بن، هەندێک جار، هەندێک ڤیدیۆ لە یوتیوب سەدان هەزار جار سەیر دەکرێن. بەکارهێنەرەکان پۆشاکەکان و شتی تر دەکڕن، لێ لە ڕاستیدا بەکاریان ناهێنن، لە جیاتی ئەوە نماییشی دەکەن، ئەمەیش دووبارە بەکارهێنەری تر بەرهەم دێنێت؛ مەبەستم ئەمەیە کاتێک دەڵێم بەرخۆریی بێسنووری سەربەخۆ دوور لە بەکارهێنانی شتەکان. وا دەریش ئەکەوێت کە هەندێک لە کۆمپانیاکان خەڵکانێکیان ڕاسپاردووە تا ڕیکلامیان بۆ بکەن بەبێ ئەوەی فلسێکیان بەنێ. لە ڕاستیدا ئەم سیستەمە تەواو نایابە.

تسایت ڤیسن: پێویستە دژایەتی ئەمە بکەین؟

بیۆنگ چول هان: بۆچی دژایەتی بکەم؟ گەر پرایمارک وادەکات ژیانم نایاب بێت، ئیتر کێشە چییە؟

تسایت ڤیسن: “ئازادی بەشێکە لە ڕووداو” ئەمەت نووسی بوو لە بەرهەمە نوێیەکەتدا (دەروونشیکاریی سیاسی – Psychopolitik)، بۆ؟

بیۆنگ چول هان: ئازادی ڕووی دووەمی ستەمە. گەر نائاگاییانە ستەمت لێ ببێت بە ئازادی، ئەوا ئەمە کۆتایی ئازادییە. هەر بۆیە مە لە قەیرانداین. قەیرانی ئازادی، واتە ستەم بە ئازادی بزانیت، بۆیە هیچ بەرەنگارییەک نییە تا بکرێت. گەر تۆ ناچارم بکەی تاکو شتێک بکەم، ئەوا ئەتوانم بەرەنگاری ئەم ڕقە دەرەکییە ببمەوە و لێی یاخی ببم؛ لێ گەر دوژمنێک نەبێت تا ناچارم بکات شتێک بکەم، ئەم بەرەنگارییە لەناو دەچێت، هەر بۆیە ئەم درووشمەم کرد بە دەستپێکی کتێبەکەم: : “بمپارێزە لەوەی کە دەمەوێت.” کە ئەم درووشمە وێنەکێش “جێنی هۆڵزر (Jenny Holzer)” بەکاری هێناوە و ناوداری کردووە.

تسایت ڤیسن: کەواتە دەبێت خۆمان لە خۆمان بپارێزین؟

بیۆنگ چول هان: گەر سیستەم  هێرش بکاتە سەر ئازادیم، دەبێت بەرهەڵستیی بکەم. ئەو شتەی لە جیهانی ئەمڕۆماندا جیاوازە ئەوەیە سیستەم هێرش ناکاتە سەر ئازادی، لێ زۆر چالاکە. بۆ نموونە، کاتێک لە هەشتاکاندا بەرلین ویستی سەرژمێری دانیشتووان بکات، چەندین خۆپیشاندان کرا، خەڵکی ڕژانە سەر شەقام و چەندین کەرتی حکومەت لەکار کەوت، بۆچی؟ چونکە دوژمنێکیان لێ پەیدابوو کە دەیویست بەبێ ڕەزامەندی وان زانیارییە تایبەتەکانییان بزانێت. ئەوڕۆکە، زیاد لە هەر کاتێکی تر زانیاری لەبارەی خۆمانەوە دەدەین. بۆچی گردبوونەوەیەک دژی ئەمە نییە؟ لەبەرئەوەی جیاواز لە جاری پێشوو، زانیارییە تایبەتەکانمان بەدەستەوە دەدەین و لەهەمان کاتدا هەست بە ئازادی دەکەین.

لەو کاتەدا خەڵکی وا هەستیان دەکرد ئازادییان لەژێر هەڕەشەدایە، هەربۆیە ڕژانە سەر شەقام، ئەمڕۆ ملکەچانە زانیارییەکانمان بەدەستەوە دەدەین و هەست بە ئازادی دەکەین.

تسایت ڤیسن: لەوانەیە لەبەرئەوەی کە موبایلە زیرەکەکان یارمەتیمان دەدەن بگەینە ئەو شوێنەی کە ئەمانەوێت، پێمان وایە کە سوودەکەی زۆر زیاترە لەو زیانەی کە لێی دەکەوێتەوە.

بیۆنگ چول هان: لەوانەیە، بەڵام لەڕووی بوونیادەوە ئەم کۆمەڵگە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتیی سەدەکانی ناوەڕاستدا. لە جۆرێک لە کۆیالەیەتیی دەرەبگایەتیدا دەژیین. دەرەبەگە دیجیتاڵەکانی وەک فەیسبووک زەوییەکەمان بە نییەتی چاککردن دەداتێ و بەزمانی حاڵ دەڵێت: بیکێڵن و زەوییەکە بە بەلاش دەبێتە هی خۆتان، ئێمەیش وەک گەمژە دەیکێڵین، تا لە کۆتاییدا خاوەن زەوییەکان دێن و بەرهەمەکەی دەبەن، ئەمە دەستبەسەراگرتنی پەیوەندییەکانە. پەیوەندی دەکەین بە یەکترەوە، پێمان وایە ئازادین، پاشان دەرەبەگی زەوییەکان لەم پەیوەندییە قازانج دەکەن؛ ئەم پەیوەندییە کە ئامێرە نهێنییەکان چاودێریی دەکەن. ئەم سیستەمە فرە چالاکە، هیچ کەسێک دژی نییە، چون لە سیستەمێکداین ئیستیغلالی ئازادی دەکات و بە ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی دەزانێت.

 

کۆمەڵگەی دیجیتاڵی ئەمڕۆ خاڵی نییە لە چینایەتی

تسایت ڤیسن: وەک خۆت چۆن لەگەڵیدا هەڵسوکەوت دەکەیت؟ مەبەستم تەکنەلۆژیایە.

بیۆنگ چول هان: وەک هەرکەسێکی تر، ئاسوودە نیم گەر لەسەر هێڵ نەبم، منیش قوربانیم، چون بەبێ ئەم پەیوەندییە دیجیتاڵییە، ناتوانم کارەکەم بکەم، چ وەک وەک مامۆستا بێت یان نووسەر. هەمووان تێوەگلاون و ڕۆچوون لەنێو ئەم سیستەمەدا.

تسایت ڤیسن: ئەی ڕۆڵی تەکنەلۆجیای داتا گەورەکان چییە(Big-Data-Technologien)؟

بیۆنگ چول هان: زۆر گرنگە، چون داتا گەورەکان تەنها بۆ مەبەستی چاودێری بەکار نایەت، بەڵکو بەگشتی بۆ دەستگرتنە بەسەر هەڵسوکەوتی مرۆییدا، گەر یاری بکرێت بەو بڕیارانەی کە لە هەستکردنێکی تەواو بە ئازادی دەیاندەین، ئەوا ئیرادەی ئازادمان لە مەترسیدا دەبێت، بە واتایەکی دی داتا گەورەکان دەچنە جەنگەوە دژی ئیرادەی ئازادمان.

تسایت ڤیسن: نووسیوتە کە داتا گەورەکان سەردەکێشن بۆ چینایەتییەکی نوێ، ئەمە چۆن؟

بیۆنگ چول هان: کۆمەڵگەی دیجیتاڵیی ئەوڕۆ بێ چینایەتی نییە، بۆ نموونە سەیری کۆمپانیای کۆکردنەوەی داتای “ئاکزیۆم (Acxiom)”بکە، وان خەڵکی دابەش دەکەن بۆ چەند چینێک، چینی کۆتایی چینی “پشتگوێخراو”ـە. ئاکزیۆم ئاڵوگۆڕ بە داتای ٣٠٠ ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکییەوە دەکات (کە نزیکەی تەواو خەڵکی ئەمریکایە). ئێستایش ئەو زانیارییانەی کە  کۆمپانیاکە هەیەتی لەسەر هاوڵاتییانی ئەمریکا زۆر زیاترە لەو زانیارییانەی “نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)” هەیەتی لەوانەیشە زیاتر بێت لە زانیارییەکانی “دەزگای پاراستنی نیشتمانیی ئەمریکی (NSA)”.

لە ئاکزیۆم، خەڵکی دابەش دەکرێن بەسەر حەفتا چیندا و، لە کەتەلۆگێکدا وەک پشکی دابەشکراو نیشان دەدرێن، دەشتوانرێت کەتەلۆگ بۆ هەر جۆرێک بکڕدرێت. ئەو هاوڵاتییانەی کە خاوەن بەهایەکی بەرزی بازاڕین ئەوانە چینی “ئەستێرە نیشانەکراو(Shooting Stars)”ـەکانن، تەمەنیان لەنێوان ٢٦ بۆ ٤٥ ساڵدایە، پڕ وزەن و بەیانی زوو هەڵدەستن بۆ ڕاکردن، منداڵیان نییە، لێ ئەکرێت هاوسەرگیرییان کردبێت، سیستەمی خۆراکییان ڕووەکییە، گەشتدەکەن و تەماشای زنجیرەی (Seinfeld – 1989) دەکەن لە تەلەفیزیۆندا؛ ئاوا داتا گەورەکان کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵی نوێ دروستدەکەن.

تسایت ڤیسن: چینی پشتگوێخراوەکان کێن؟

بیۆنگ چول هان: بەدبەختترینەکانن، بۆنموونە هیچ جۆرە گرەنتییەکیان نییە. بەم شێوەیە لەگەڵ “پانۆپتیکۆن(Panopticon)” زیندانە نایابەکەی “جێریمی بێنتام(Jeremy Bentham)”، ئەوەمان هەیە کە زیگمۆند باومانی کۆمەڵناس ناوی ناوە “بان-ئۆپتیکۆن(ban-opticon)”. پانۆپتیکۆن کاری ئەوەیە چاودێریی زیندانکراوەکانی ناو سیستەم بکات، لە کاتێکدا بان-ئۆپتیکۆن، ئەو کەسانە دیاری دەکات کە خوازراو نین و ئەو کەسانەیش دوور دەخاتەوە کە لە دەرەوەی سیستەمەکەن یان دژی سیستەمەکەن. پانۆپتیکۆنی کلاسیک بۆ سەرکوتکردن وئاقڵکردنە، لێ بان-ئۆپتیکۆن گرەنتی سەلامەتی سیستەمەکە و چووستیی دەکات. جێی سەرنجیشە دەزگای ئاساییشی نیشتمانی و کۆمپانیای ئاکزیۆم لەبواری خزمەتگوزاریی نهێنی و بەبازاڕکردندا پێکەوە کار دەکەن.

تسایت ڤیسن: دەکرێت چینی “پشتگوێخراو” لەکۆتاییدا ببێتە چینێکی سەربەکێشە، بەشێوەیەک کاتێک بێتە پێش کە نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن؟

بیۆنگ چول هان: نەخێر. ئەوان خۆیان دەشارنەوە، شەرم دەکەن و لەسەر یارمەتیی بێکاران دەژین؛ بێکارن و بەردەوام دەترسن، ئەوان لەم بان-ئۆپتیکۆنەدا زیندان کراون، تاکو نەتوانن لە زیندانی ترسەکانیان بێنە دەرەوە. خەڵکێکی زۆر دەناسم بەدوای کاردا دەگەڕێن و وەک زبڵ سەیر دەکرێن. لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهاندا، لە ئەڵمانیا، چینێکی خەڵک وەک بێنرخ سەیر دەکرێن، بەردەوام کەرامەتیان دەشکێندرێت، بێگوومان ئەم خەڵکانە ناتوانن خۆپیشاندان بکەن، چون شورەیی سەرتاپای داپۆشیون، وان لەجیاتی ئەوەی کۆمەڵگە بە بەرپرسیار یانژی تاوانباری ئەو دۆخە بزانن کە تێی کەوتوون، خۆیان تاوانبار دەکەن، لە ڕاستیدا ناکرێت چاوەڕێی هیچ جووڵەیەکی سیاسی لەم چینە بکرێت.

تسایت ڤیسن: ئەمە شتێکی زۆر بێهیواکەرە، کەی هەموو ئەمە تەواو دەبێت؟

بیۆنگ چول هان: هەرچۆنێک بێت، ناکرێت ئەمە ئاوا بەردەوام بێت، گەر بەهۆی هیچ شتێکەوە نەڕووخێت، ئەوا بەهۆی لەدەستدانی سەرچاوە سرووشتییەکانەوە هەرەس دێنێت، نەوت زۆر بڕوات ٥٠ ساڵی تر دەمێنێت. ئێمە لە ئەڵمانیا لە ژێر وەهمێکدا دەژین، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە سەرچاوە دەرەکییەکان دەبەستین لە پڕۆسەی وەبەرهێناندا. ئێستا چین کۆمپیوتەر و موبایلە زیرەک و جلەکانمان درووست دەکات؛ لە کاتێکدا کارەساتەکە نزیک و نزیکتر دەبێتەوە لە پەکین، بە ئەستەم دەتوانیت لەوێ هەناسە بدەیت، بەهۆی چڕی دووکەڵەوە.

کە لە کۆریا بووم، بەدرێژایی ڕێگایی سیئۆل زەردە هەوری تۆزم دەبینی، دەبووایە ماسکێک ببەستیت، چون دەکرا ئەو گەردی تۆزە زیان بە سییەکانت بگەیەنێت؛ لەڕاستیدا ئەو شێوازەی شتەکان لەوێ گەشەی کردووە جێی سەرنجە. با تا ک لەوێ باشتر و زۆرتریش ئیش بکات لێ جۆری ئەو ژیانە چییە کە لەوێ دەژی؟ دەتوانی بزانیت کارەساتەکە چەنێ گەورەیە کاتێک لەوێ ئەو کەسانە دەبینیت کە بەدرێژایی کات جۆرەها پشکنەریان لە خۆیان هەڵواسیوە بۆ ڕێژەی شەکرە و پەستانی خوێن و ڕێژەی چەوری، پاشان هەموو ئەم زانیاریانە لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاو دەکەنەوە! لەژێر حەزی پڕۆسەیەک کە ناوی ئاگاداریی خودییە؛ ئەم کەسانە بەڕاستی زۆمبی (مرۆڤخۆر)ن.

وەک “جۆرج بۆشنەر(Georg Büchner)” لە شانۆیی “مەرگی دانتۆن (Dantons Tod)”دا دەڵێت: ئەمانە بوکەڵەگەلێکن کە لەلایەن هێزگەلێکەوە کۆنترۆڵ کراون کە خۆیان نایانناسن.

 

 

خۆشبەختی دۆخێک نییە تا بکرێتە ئامانج

تسایت ڤیسن: دکتۆر هان، لە کۆریای باشوور، بۆ یەکەم جار زانستی کانزات خوێند، چۆن پسپۆڕێکی کانزا بوو بە فەیلەسوفێکی دژە سیستەمی جیهانی؟

بیۆنگ چول هان: من حەزم لە تەکنەلۆژیایە. کە مناڵ بووم، حەزم لەوە بوو خەریکی ڕادیۆ یان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بم، حەزێکی زۆرم لە خوێندنی ئەندازیاری کارەبا یان میکانیک بوو، لێ دەرکەوت کە ئەمانە هەر دەچنەوە سەر زانستی کانزا، تەکنیککارێکی پڕوزە و ڕۆشنبیر بووم.

تسایت ڤیسن: ئەی بۆ وەستایت؟

بیۆنگ چول هان: لەبەرئەوەی جارێکیان کە کۆمەڵێک ماددەی کیمیاییم بەکار دەهێنا، بەهۆی منەوە تەقینەوەیەک ڕوویدا، کۆمەڵێک برینی جێهێشت کە تا ئێستا پێیانەوە دەناڵێنم، بەهۆی ئەوەوە خەریک بوو ژیانم لەدەست بدەم، بەلایەنی کەمەوە خەریک بوو کوێر ببم.

تسایت ڤیسن: ئەمە لە کوێ ڕوویدا؟

بیۆنگ چول هان: لە سیئۆل، لە ماڵەوە، ئەودەمەی خوێندکار بووم، چواردەورم پڕ بوو لە وایەر و ماددەی کیمیایی؛ بەشێوەیەک لە شێوەکان کیمیاگەر بووم، چون زانستی کانزا کیمیای نوێیە، بەڵام لە ڕۆژی تەقینەوەکەوە وەستام لە ئیشکردن لەسەر کانزا، لێ تائێستا وازم نەهێناوە لە سەرکێشی، لەگەڵ وایەر و کانزا نە بەڵکو لەگەڵ فکردا. بیرکردنەوە جۆرێکە لە کانزاکاری، لەوانەیە ببێتە هۆی تەقینەوەی گەورە. بیرکردنەوە مەترسیدارترین چالاکییە، لەوانەیشە لە بۆمبی ئەتۆمیش مەترسیدارتر بێت؛ دەتوانێت جیهان بگۆڕێت، هەر بۆیە لینین وتی: “فێربە، فێربە، فێربە”!

تسایت ڤیسن: دەتەوێت ئازاری ئەوانی تر بدەیت؟

بیۆنگ چول هان: نەخێر، دەمەوێت پێناسەی ئەوە بکەم کە هەیە. سەختە لەڕێی شتەکانەوە ببینین، بۆیە دەمەوێت زیاتر ببینم؛ فیربم چۆن ببینم. ئەوە دەنووسم کە بینیومە. لەوانەیە کتێبەکانم ببنە هۆی ئازار، لەبەرئەوەی شتانێک پیشان دەدەم کە خەڵکی نایانەوێت بیان بینن. ئەوە نە منم نە شیکردنەوەکەمە کە بەزەیی نییە، بەڵکو ئەو جیهانەیە کە تیایدا دەژین؛ ئەو بەزەیی نییە؛ گەمژە و ناماعقولە.

تسایت ڤیسن: دڵخۆشیت؟

بیۆنگ چول هان: ئەم پرسیارە لە خۆم ناکەم.

تسایت ڤیسن: مەبەستت ئەوەیە نابێت ئەم پرسیارە بکەین؟

بیۆنگ چول هان: لە ڕاستیدا ئەم پرسیارە مانای نییە. دڵخۆشی دۆخێک نییە بکرێتە ئامانج. دەتوانیت چەمکەکە زیاتر دیاری بکەیت، مەبەستت لە دڵخۆشی چییە؟

تسایت ڤیسن: زۆر بەسادەیی: دڵخۆش بم بە بوونم لە جیهاندا و هەست بکەم کە سەر بە ئێرەم، بە کورتی چێژ لە جیهان ببینم و بە ئاسوودەیی بخەوم.

بیۆنگ چول هان: با بە کۆتا ڕستە دەست پێ بکەین. من بەباشی ناخەوم. پێرێ لە سیمینارێک بووم دەربارەی “ژیانی باش دەگەڵ فەیلەسوف ویلیەم شمید (Wilhelm Schmidt)” بە پارچە میوزیکێکی “Goldberg-Variationen” دەستی پێ کرد. باخ ئەم پارچە میوزیکە بۆ “کاونت کایزەرڵینگ” نووسیوە کە بە هۆی بێخەوییەکی تووندوە دەیناڵاند.

یەکەم ڕستەی کارەکەی مارسێل پڕۆست “گەڕان بۆ کاتی لە دەست چوو (Suche nach verlorenen Zeit )”م هێنایەوە  بیری ئامادەبووان، کە لە ئینگلیزییەکەیدا دەڵێت ” For a long time, I went to bed early ” واتە “ماوەیەکی زۆر، زوو دەچوومە ژێر جێگا” لێ لە فەڕەنسیدا بەرانبەر ئەم ڕستە ئەمەیە “Longtemps je me suis couché de bonneheure” کە هەمان مانای هەیە، بەڵام وشەی “bonneheure” لە فەڕەنسیدا ئاماژەیە بۆ خۆشبەختی، بۆیە وەرگێڕانی درووستی ڕستەکە ئەمەیە: “بۆ ماوەیەکی زۆر، بەئاسوودەیی دەچوومە ژێر جێگا” بە ئامادەبووانم وت کە خەوی ئاسوودە یەکێکە لە نیشانەکانی ژیانی بەختەوەر و باش. بەڵام من وەک خۆم کێشەی نامورتاحیم هەیە.

تسایت ڤیسن: چی دەکەیت کاتێک خەوت لێ ناکەوێت؟

بیۆنگ چول هان: چی دەکەم؟ هەر لەویا ڕادەکشێم. لە لایەکی ترەوە: ئایا حەز دەکەم لە جیهاندا بم؟ چۆن حەزدەکەم لەم جیهانە هەڵەیەدا بم؟ مەحاڵە و هیچ دڵخۆش نیم. زۆرجار لەم جیهانە تێناگەم؛ بۆ من ئەم جیهانە زۆر پووچە. ناکرێت دڵت بەم پووچییە خۆش بێت، بۆئەوەی دڵخۆش بیت، پێویستت بە وەهمی زۆرە.

تسایت ڤیسن: کەواتە چێژ دەبینیت لە…؟

بیۆنگ چول هان: لە چی؟

تسایت ڤیسن: چێژ لە چی دەبینیت؟

بیۆنگ چول هان: ناتوانم چێژ لە جیهان وەربگرم.

تسایت ڤیسن: لەوانەیە لە پارچە کێکێکی خۆش؟

بیۆنگ چول هان: من کێک ناخۆم. دەتوانم چێژ لە ژەمێکی باش وەر بگرم، بەڵام خواردن لە بەرلین، لە ئەڵمانیا کێشەیە. پێم وانییە ئەڵمانەکان قەدری خواردنی باش بزانن. لەوانەیە ئەم هەموو ڕقە بەرانبەر خواردنی باش هەلقوڵاوی کلتووری پڕۆتستانتی بێت. لە کاتێکدا خواردن لە ئاسیا بەهایەکی تەواو جیاوازی هەیە، بەهایەکی زۆر بەرزتر. بەپێچەوانەی ئەڵمانیا خەڵک پارەی زۆری تیا خەرج دەکەن. ژاپۆن بە نموونە وەربگرە، خواردن لەوێ جۆرێکە لە پەرستش، کەشێکی ئیستاتیکیی هەیە. دەکرێت برنجێکی بۆنخۆش کەسێک دڵخۆش بکات.

تسایت ڤیسن: قسەکەت جۆرێک لە غەریبی تیایە. سی سالە لە ئەڵمانیا دەژیت، چۆن خۆت ڕاهێناوە؟

بیۆنگ چول هان: لە ڕاستیدا ڕاهاتن نییە. حەزم لە ژیانکردنە لە ئەڵمانیا. حەزم لە بێدەنگی ئێرەیە، کە شتێکە لە سیئۆل نییە. حەزم لە زمانی ئەڵمانییە؛ وشەکان و دەربڕینەکانیان. هەر کەسێک کە کتێبەکانم بخوێنێتەوە دەتوانێت هەست بەوە بکات. زمانێکم هەیە لێرە، کە دەتوانم زۆر بە ئاسوودەیی فەلسەفاندنی پێ بکەم. بەڵێ، شتگەلێ هەن دڵخۆشم دەکەن. خواردن زۆر نا، بەڵام ئەو باخەی گلین گۆڵد دەیژەنێت! چەندین کاتژمێر بەدیار گوێگرتن لە باخ بەسەر دەبەم. نازانم ئاخۆ بەبێ باخ و شومان و شوبێرت دەمتوانی تا ئەم ماوە درێژە لە ئەڵمانیا بمێنمەوە و بەرگە بگرم؟!

لە کاتی خوێندنمدا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانەمەکەم لە فەلسەفەدا، ڕاهاتبووم کە گۆرانی زۆر بڵێم بەتایبەت گۆرانییەکانی شومان و شوبێرت، وانەی زۆریشم وەردەگرت لەسەر گۆرانی وتن، بەتایبەت وتنی گۆرانی گەشتی زستانی شوبێرت (Winterreise) لەگەڵ پیانۆدا، ئەمە لە شتە شادیهێنەرەکان بوو.

 

 

زمان بێدەنگ کراوە

تسایت ڤیسن: کەواتە جوانییەک لەم جیهانەدا هەیە! کاتێکی زۆر بەسەر دەبەیت بۆ نیشاندانی  بێهیوایی ئەم جیهانە.

بیۆنگ چول هان: لەوانەیە. من بەڕاستی بێهیوایی دەچێنم لە دڵی خوێندکارەکانمدا، لەبەرئەوەی لە هەموو وانایەکدا ئەم کێشانەیان بۆ باس دەکەم. کاتێک لە وانەیەکی پێش وانەی کۆتایی وەرزی خوێندن، وتم ئەمڕۆ باسی چارەسەرەکان دەکەین، هەندێکیان لە خۆشییا چەپڵەیان لێدا، بە زمانی حاڵ دەیان گووت: ئێستا ڕزگارمان دەکات لە بێهیوایی!

تسایت ڤیسن: چەند جوانە. چارەسەرەکان بابەتێکە ئێمەیش دەمانەوێت لەگەڵتدا باسی بکەین.

بیۆنگ چول هان: ویستم بیر لە چارەسەرەکان بکەمەوە، لێ دوای ئەوە بیرم لە کێشەی زیاتر کردەوە.

تسایت ڤیسن: باشە، ئەو کێشانەی تر چین کە هەن؟

بیۆنگ چول هان: ئەوڕۆکە زمانێک نییە، کێشەی نەتوانینی قسەکردن و جڵەوگرتنی زمان هەیە. زمان بێدەنگ کراوە. لەلایەکەوە، ئەم ژاوە ژاوە زۆرە هەیە، ژاوەژاوی پەیوەندییەکان، لەلایەکی تریشەوە ئەم بێدەنگکردنە گەورەی زمان هەیە. بێدەنگکردنی زمن جیاوازە لە بێدەنگی. بێدەنگی زۆر ڕوونە، بێدەنگی زمانە، بەهەمان شێوە قسەنەکردنیش زۆر ڕوونە، دووبارە دەکرێت زمانێکیش بێت، لێ  ژاوەژاو و بێدەنگکردنی زمان جیاوازە لە بێدەنگی و قسەنەکردن. تەنێ پەیوەندییە بێدەنگەکان هەن، کە کێشەیەکی فرە گەورەن. لە جیهانی ئەوڕۆدا مەعریفە نییە، تەنها زانیاری هەیە.

مەعریفە تەواو جیاوازە لە زانیاری. مەعریفە و حەقیقەت کۆن دەردەکەون، هەروەها مەعریفە زەمەنێکی جیاوازی هەیە، چون لەنێوان ڕابردوو و داهاتوودا درێژ دەبێتەوە. لێ زەمەنی زانیاری سەر بە ئێستایە؛ تەنها ئێستا. مەعریفە لە ئەزموون تاقیکردنەوەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەمڕۆ لە جیهانێکدا دەژین کە بەشێوەیەکی زۆر ترسناک و بەردەوام ڕێ بەمە نادات.

تسایت ڤیسن: ڕات چییە لەسەر ئەوەی کە لە زانستدا هەیە؟ ئایا مەعریفەی لێ بەرهەم نایەت؟

بیۆنگ چول هان: چیتر زانایان لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیی مەعریفەدا بیر ناکەنەوە. ئەوان توێژینەوەی ئەرێنییانە دەکەن. هەموو مەعریفەیەک  شوێنی خۆی هەیە لە سیستەمی دەسەڵات و پەیوەندییەکەیدا. هەروەها دەرگا دەکاتەوە بەڕووی وزەی نوێ و مەعریفەی نوێ و گوتاری نوێدا. مەعریفە بەشێکی دانەبڕاوە لە بوونیادی دەسەڵات. دەکرێت توێژینەوەیەکی ئەرێنی بکەیت بەبێ ئەوەی بزانیت کە کەوتوویتە ژێر کاریگەریی ئەو دەسەڵاتە و بەبێ بیرکردنەوە لە چوارچێوەی مەعریفەدا؛ بیرکردنەوە لەم چوارچێوەیەدا لەمڕۆدا نەماوە. فەلسەفەیش بووەتە بوارێکی مەعریفیی ئەرێنی، چیتر ئاماژە بە کۆمەڵگە ناکات، بەڵکو تەنێ بە خۆی دەکات؛ تەواو کوێر بووە لە ئاست کۆمەڵگەدا.

تسایت ڤیسن: مەبەستت کۆی ژیانی ئەکادیمییە؟

بیۆنگ چول هان: لەوانەیە زیاتر یان کەمتر. ئێستا قسە قسەی زانستەکانی گوگڵە (Google Science)، بەبێ ئەوەی ڕەخنەییانە بیر لە چالاکییەکانمان بکاتەوە. دەبێت زانستە مرۆییەکان ڕەخنەییانە بیر لە چالاکییەکانی بکاتەوە، کە ئەمەیش ڕوو نادات.

زۆرێک لە توێژەران ئەو توێژینەوانەی دەیکەن بەهۆی کاردانەوەوەیە. دەمەوێت لەو توێژەرانە بپرسم کە ئەم جۆرە توێژینەوانە دەکەن: بۆچی ئەمە دەکەیت؟ بیر لەو چالاکییە ناکەنەوە کە دەیکەن.

تسایت ڤیسن: پێشنیارت چییە؟

بیۆنگ چول هان: ئەمە پەیوەندیی نییە بە گرنگیی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانەوە. دەبێت بەڕوونی تێبگەین لە باکگراوندی کۆمەڵایتیی توێژینەوەکانمان، چون مەعریفە دەلکێتەوە بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێو سیستەمدا. بۆچی توێژینەوە کاردانەوەییەکان لەمڕۆدا هێند بەربڵاون؟ لەوانەیە لەبەر ئەوەبێت کە هەست و سۆزەکان وەک هێزی بەرهەمهێنەر دادەنرێن؛ وەک ئامێری کۆنترۆڵکردن بەکار دێن. گەر بتوانیت کاریگەریت لەسەر هەست و سۆز هەبێت، دەتوانیت لەسەر ئاستی نائاگایی هەڵسوکەوتی مرۆیی کۆنترۆڵ بکەیت.

تسایت ڤیسن: پێدەچێت باوەڕت بە تیۆریی پیلانگێڕی هەبێت. ئایا دەکرێت بە یارمەتیی زیرەکییەکی زیاتر سیستەمێکی باشتر بوونیاد بنرێت.

بیۆنگ چول هان: زیرەکی، چالاکییەکی جیاکارییە لەناو سیستەمێکدا. زیرەکیی دەستکرد ناتوانێت سیستەمێکی نوێ، زمانێکی نوێ بوونیاد بنێت، چون ڕۆح تەواو جیاوازە لەم زیرەکییە، باوەڕ ناکەم ئامێرە کۆمپیوتەرییەکان  کە زیرەکییان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ چەند هێندە دەبێت، بتوانن ڕۆحی مرۆیی کۆپی بکەن. دەکرێت ئامێرە کۆمپیوتەرییەکان  کە زیرەکییان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ چەند هێندە دەبێت، بتوانن ڕۆحی مرۆیی کۆپی بکەن. دەکرێت ئامێرێکی تەواو زیرەک درووست بکرێت، لێ ئامێرەکان هەرگیز ناتوانن زمانێکی نوێ یان شتێکی تەواو جیاواز دابهێنن. ئامێرەکان ڕۆحیان نییە، هەروەها دەرکەرەکانی ئامێر لە وەرگرەکانی دەرناچێت. ئەمەیە ژیان؛ ژیان ڕۆحە، بەم شێوەیە جیاوازە لە ئامێر. لێ ئەم ژیانە لە مەترسیدایە کاتێک هەموو شتێک دەچێتە ژێر دەستی لایەنی ڕۆبۆتی، کاتێک ئەلگۆریسم دەست دەگرێت بەسەر هەموو شتێکدا. مرۆڤ وەک ئامێرێکی نەمر؛ ئەو وێنەیەی کە زانایایانی پۆست هیومانیزم وەک ڕەی کۆرزوێل بیری لێ دەکەنەوە، چیتر مرۆڤ نییە. لەوانەیە لەکۆتاییدا بە یارمەتی تەکنەلۆژیا نەمری وەچنگ بخەین، لێ ژیان لەدەست دەدەین؛ لەسەر حسابی ژیان، نەمری بەدەست دێنین.

تەواو

 

بەستەری سەرچاوەی عەرەبی: بيونغ- شول هان: «أعتذر، لكن تلك حقائق لا يمكن تزييفها»

بيونغ- شول هان: «أعتذر، لكن تلك حقائق لا يمكن تزييفها»

تێبینی؛ بەراوردکردن بە ئینگلیزی: شکار وەفا

بەستەریی سەرچاوەی ئینگلیزی:

Byung-Chul Han: “I’m sorry, but those are facts”

بەستەری چاوپێکەوتنەکە بە زمانی ئەڵمانی:

https://www.zeit.de/zeit-wissen/2014/05/byung-chul-han-philosophie-neoliberalismus/komplettansicht

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌