نیتچه‌

‎ مەرگی خودا


Loading

نیهیلیزم، چارەنووسی مرۆڤ به بێ خودا.

خوێندنەوەی هایدگەرو دولوز

١

‎ئەوە ڕاستە ئێمە هەموومان بكوژەكانی خوداین. ئێمە هەموومان، هەموومان قاتیلین. بەڵام ئێمە لێرە بە دواوە بێباوەڕو بێبڕواو ئەتەیستین بەرانبەر چ خودایەك؟

بەڵێ ئەو خودایە لە سەرەمەرگدا بوو، لە گیانەڵادا بوو، خودایەكی ئازارچێژ كە مەحكومكرا بوو لە ناو ژان و ئازارەكەیدا بتوێتەوە. ئێمە سەروكارمان لە گەڵ خوداوەندێكدایە كە لە ناو ( لە دایكبوون- مەرگدایە). خودا مردو سیماو خەسڵەتی سەردەمەكەی ئێمەی نەخشاندو، ڕابەرایەتی هاتن و گەیشتنی نیهیلیزم دەكات. ڕێخۆشكەرو چاوساغی نیهیلیزمە.

وەك كامیو تێبینی كردووە: ” پوختەو دەرئەنجامێكی پارادۆكساڵ، بەڵام دەلالیی نیتچە ئەوەیە كە خودا مرد بەهۆی كریستیانیزمەوە، لە ناو ئەو پێوەرو پیودانگەی موقەدەس و پیرۆزیی و پیرۆزكراو بە عەلمانی سیكیولاریزە كراوە. بەڵام بە شێوەیەكی بنەڕەتیی و فۆندەمۆنتاڵی لە كوێدا ئەم خودایە مانێڤستبوون و دەربڕین و سیمپتۆمی لاوازیی و كەموكورتیی و فشۆڵیی و بێدەسەڵاتی، كڵۆڵی ئێمە بوو؟ ئێمە ئەوە دەبینین كە خوداوەند خۆ پارێز بوو نەك چارەسەرێكی شیفایی و شیفاهێنەر. ئێمە خوداوەندیی و ئیلاهییمان كوشت لە ڕێگەی ئەوەی خۆمان پێدا، وە پەیوەندییمان لە گەڵدا بەست لە ناو لە دایكبوون و پێدانی فۆرمێكدا. ئێمە خودامان ڕازاندەوەو پۆشتەمانكرد بەسیماو وەسف و ڕەسمكردن و نەخشاندنێكی بەرجەستەكردن و قاڵب بۆ دانان و بەرجەستەكراویی لە ناو هەژارترین شت لە ژیاندا : بەزەیی…وە بەزەیش وەك نیتچە نووسیویەتی پراتیكی نیهیلیزمە، نەفیكردن و نەفی ژیانە.

خودا لە لە ناو پێوەرو پێودانگی لاوازیی و دەستەپاچەی ئێمەدا لە دایكبوو بوو. بە شێوەیەكی بنەڕەتی بەسەرداداتاشین و بە سەرداساغكردنەوەیەكی مرۆیی هەیە بە خوداوە. ئێمە لە ناو وشیاریی و هۆشمەندییەكی جیهانییدا خودایەكمان خوڵقاند بۆ ئەوەی بە دەسكراوەیی و بە بەخشندەیی و دەسنەگیرۆیی سۆزو بەزەیی خۆی بڕژێنێت بە سەرماندا.

خودا بەزەیی هەیە بەرانبەر خراپیی و قەباحەتی مرۆڤەكان. مرۆڤ وێنەی خودایە، بەڵام، بە هەمانشێوەش خودا وێنەی مرۆڤە. چونكە ئێمە وێنەیەكی مرۆییانەی خودامان داتاشیوەو  ڕازاندوومانەتەوە. مراندنی خودای جودیۆ- كریستیان لە ناو بوغزو كینەی كۆیلەدا دەردەكەوێت. لێرەوە، لای نیتچە ئەوە دەبینین كە بوغزو كینە دەبێت بەبێباوەڕیی و ئەتەیزم.  ئەم ئەتەیزم و ئیلحادەش هەر بوغزو كینەیە، هەمیشە بوغزو كینەیە، هەمیشە بیمارییە. بەم واتایە ئێمە سەروكارمان لە گەڵ خوداوەندێكدایە كە لە دایكبووە، لە دایكبوونی هەیە، خودایەكی مێژوویی، خودایەك كە مرۆڤی لە سەر وێنەی خۆی دروستكردووە، وە مرۆڤیش لە ناو قەباحەت و ناشیرینیی و پیسی خۆیدا تەنیا كاری بەو خوداوەندە سۆزو خاوەن. بەزەییەیە.

لێرە خوداوەندیش دەبێتەوە بە وێنەی مرۆڤ، وێنەی خوداوەندییانەی مرۆڤ هەڵدەگەڕێتەوە سەر وێنەی مرۆیی خوداوەند. خودایەكی مرۆیی بەرجەستەكراو لە ناو سیكیولاریزەكردنی موقەدەسدا ئاوا دەبێت. ئەوەی خودایی و ئیلاهییە دەبێت بە مرۆیی.

٢

مارتین هایدیگه‌ر

‎بۆ هایدگەر مەرگی خودا ناكاتە هەڵوەستەو هەڵوەستەكردنیكی ئەتەیستیی و ئیلحادی نیتچە بەرانبەر خودا، وە تێڕوانین و جیهانبینی و گۆشەنیگایەكی تایبەتی نیتچە نییە. بۆ هایدگەر كە مەرگی خودا وەك یەكێك لە پێنج وشە سەرەكییەكەی نیتچە دەبینێت، مەرگی خودا : ئاماژەیە بۆ قەدەرێكی میتافیزیكی كە مێژووی ڕۆژئاوا بە درێژایی بیست سەدە دیاریدەكات. مەرگی خودا لە زانستی شاددا بە باشتر لە زەرادەشت بیناكراوە.

Heidegger, Le mot de Nietzsche “Dieu est mort”, Chemins qui ne mènent nulle part, P.257

‎نیتچە لە ساڵی ١٨٨٦ پەرەگرافی پێنجەمی بۆ (زانستی شاد)  زیادكردووە، بەشێوەیەك كە مەرگی خودا گەورەترین. و گرنگترین ڕووداوە. لەم فراگمێنتەدا هایدگەرو پاشان ژیل دولوزیش جەخت لەوە دەكەنەوە كەمەرگی خودا، سەروكاری لە گەڵ خودای جودایزم و كریستیانیزمدا هەیە، بەڵام هایگەر ئەوە ڕووندەكاتەوە كە دەستەواژەی خودا، خودای مەسیحی ئاماژەیە بۆ دونیای ماقوڵ، مەرگی خوداش لەم. كۆنتێكستەدا بە مانای ئەوە دێت كە جیهانی ماقوڵ( مەعقوڵ).

ژیل دولوزیش لە شیكاركردنی مەرگی خودادا، لە (زانستی شاد) داو لە گوتاری (دێوانەدا)دا دێنێتە بەر باس و خواس، سەرباری (زانستی شاد)  گوزەركردنی بە ناو موسافیرو سێبەرەكەی، وە ئاماژەش بەوە دەكات كە مەرگی خودا بەس نییە بۆ ڕێوشوێنگرتنەبەر لە گۆڕانكاری لە بەهادا. ژیل دولوز ماناكانی (مەرگی زوو) دا بەمشێوەیە لێكدەداتەوە :

یەكەم:  دەستەواژەكە ئاماژەیە بۆ كوشتنی خوداوەندی جولەكە لە كوشتنی كوڕەكەیدا بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت، واتا هۆشمەندی و هۆشیاریی جودایزم ئەو خودایە دەكوژێت كە لە كەس و كەسێتیی مناڵەكەدا بەرجەستە بووەو نوێنراوە.

دووەم:  خودا دەكوژرێت تا مناڵەكەی جێگای بگرێتەوە و ببێت بە خودا.

مانای سێیەم:  وێناكردنی قەشە پۆڵسە كە باوك كوڕەكەی ناكوژێت بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت، بەڵكو بۆ ئێمەو لەپێناو ئێمەدایە، واتە لە بەر خۆشەویستی ئێمە لە خاچی دەدات، وە كاتێك ئێمە هەست بە گوناهه‌ و تاوان. دەكەین. وەڵامدانەوەو بە دەنگهاتنەوەمانە بەرانبەر ئەم قوربانییە، لە دواییشدا ئەوە كوڕ نییە كە باوكی دەكوژێت، وەهه‌روه‌ها باوكیش نییە مناڵەكەی دەكوژێت، بەڵكو باوك دەمرێت لە كوڕەكەدا، وە كوڕەكە لەناو باوكیداو، لە پێناو ئێمەدا دەژی. گرنگە باس لەوە بكەین لە كتێبی ”نیتچەو فەلسەفەی” ی  (ژیل دولوز) دا قەشە پۆڵس یەكێكە لە بكوژەكانی خودا .

”G.Deleuze, Nietzsche et la philosophie,Paris, P.U.F,1970, P. 176-177.

٣

‎با بچینەوە سەر هایگەرو شیكردنەوەكانی بۆ گوتاری ئەو گێلەی كە بە چرایەكەوە  لە ناو خەڵكانێكی زۆردا بەدوای خودادا دەگەڕێت، كەسانێك كە بڕوایان بە خودا نییەو لە ناو پێكەنین و قاقایەكی زۆردا هەركەسەو بە گاڵتەپێكردنەوە وەڵامێكی هەیە: كەسێك دەڵێت ونمان كرد،،كەسێكی تر دەڵێت وەك مناڵێك گوومبوو؟ كەسێكی تر دەڵێت لە شوێنێكدا خۆی حەشارداوە، كەسێكی تر دەڵێت ئایا لێمان. دەترسێت؟ ….گێلەكە بە خێرایی دەچێتە ناوەڕاستیان و كاوار دەكات :” خودا لە كوێیە؟ پێتاندەڵیم كوشتمان، ئێوەو من، ئێمە هەموومان، بەڵام. چۆن ئەم كارەمانكرد؟ چۆن. توانیمان. دەریایەك بەتاڵ بكەین…بەمشێوەیە گێلەكە بەردەوام دەبێت.

هایدگەر لێرەدا دەپرسێت بە چی مانایەك ئەو مرۆڤەی مەرگی خودای ڕاگەیابد گێل بوو؟ گێل بوون چییە؟ ئایا مانای گێلبوون. واتە وتارەكەی مانایەكی نییە و یان لەدەرەوەی مانایە؟ چۆنچۆنی گوتارەكەی بەگرنگییەوە وەرگرین؟

هایدگەر ئەوە ڕووندەكاتەوە كە مەبەستی نیتچە لە كەسێكی گێل مرۆڤێكی جیاوزە، تاخود جیاوازبووە و جیایە لەوەی لە ڕابوردوودا لە سەریبووە. واتە مرۆڤێك كە چیتر گرنگی و مانا بۆ ماهییەت و ئیدیاكان. دانانێت. دونیای ئیدیالەكان، دونیایەكی ناواقیعیە، بەمشێوەیە گێلەكە مەرگی خودا ڕادەگەیەنێت. بەڵام وتارەكەی كە مەرگی خودا ڕادەگەیەنێت نابێت بە سانایی و  ڕووكه‌شی وەریبگرین، واتە نابێت بەو شێوەیە وەری بگرین كە وازهێنان و دەسبەرداربوونێتی لە بڕوابوون بە خودا. بەمشێوەیە ئەو وایدەبینێت كە ئەو مولحیدو ئەتەیستانەی كە بە قاقاو پێكەنینی زۆرەوە باس و خواسیان لە سەر نەمانی خوداوەند دەكرد، هێشتاكە نیهیلیزم ده‌ستی لێ نه‌داون ، هێشتاكە عەدەمیەت بەریان نەكەوتووە، وە لەوە نەگەیشتوون كە نیهیلیزم قەدەرێكی تایبەتی مێژووی مرۆڤی ڕۆژئاواییە. لای هایدگەر ئیدیای مەرگی خودا بۆ نیتچە، یان. ئیمكان و شیمانەی مەرگی خودا لای نیتچەی گەنج بوونی هەبووە.

Heidegger, Ibid, p. 321

٤

‎چۆن دەكرێت خودا بمرێت؟ بۆ ئەم پرسیارە هایدگەر دوو وەڵامی پێیە لە ناو گوتارەكەی گێلەكەدا :

یەكەم :  ” ئێمە خودامان. كوشت”، ئەمەش بە بێئەوەی نیتچە سروشتی ”ئێمە” دیاری بكات.

دووەم: ” خودایان كوشت”، نەبێ ئەوەی بزانین ئەوانەی خودایان كوشت كێ بوون؟ كێ بوون خودایان كوشت؟

ڕەنگە ئەم (ڕاناوە نادیارە) تەواویی مرۆڤایەتی لە خۆ بگرێت، وە ”ئێمە” ئاماژە بێت بۆ خودی گروپەكە. هایدگەر باس لە گرنگی ئەو سێ وێنە مەجازییانە دەكات كە لە سەر زمانی گێلەكە لە بەرانبەر خوداوەندا بەكارهاتوون (دەریا، ئاسۆ، خۆر) ئەمەش گوزارشت و دەربڕینی مەترسیی و ترسناكیی هەستكردنە بە مەرگی خودا.

لێره‌دا مەرگی خوداوەند و ڕاگەیاندنی (مەرگی زوو)دا  موژدەبەخش نییە، مایەی خۆشحاڵی و شادمانی نییە، بەڵكو ڕاگەیاندبی ڕووداوێكی درامی و تراژیدییە. شتێك لێرەدا كە مایەی لە سەر وەستانە بۆ من: مەرگی خودا لەزەرادەشتی نیتچەدا هاتووە لەسەروبەندی دابەزینی لە ئەشكەوتەكەو چاوتەقینی بە قه‌شەو خوداناسەكەدا، بەڵام زەردەشت بە هاواركردن و بەهەڵشاخاندا لە بەرانبەر خوداپەرستەكەدا كە بەدوای خوداوەندا دەگەڕێت، بەڕاشكاویی و لە ڕوویی پێی ناڵێت خودا مرد؟ بەڵكو لە دوای  ڕۆیشتن و تێپەڕین لێی، لەبەردەم خۆیەوە دەڵێت:نازانێت كە خودا مرد. هەرچی گووتەكانی گێلەكەیە لەناو هاواركردن و تۆمەتباركردنی بێباوەڕو مولحیدەكاندا هاوار دەكات؛ كە ئێمە خودامان كوشت، بەڵام بە زوداناسەكە ناڵێت تۆ، یان یان ئێوە خوداتان كوشت، وە هیچ وتار و ئامۆژگاری و وانەیەكی نییە بۆ خوداناسەكە..

‎بۆ هایدیگەر مەرگی خوداوەند نیشانەو هێمایەكی گەورەو گرانە بۆ ڕوودانی نیهیلیزم مانایەك لە ماناكانی؛ كاتێك كە هۆكارو عیللەت و ئامانج لە بوونی خودایەك نەفی دەكرێت، واتە كاتێك هۆگریی و پەیوەستبوونمان بەجیهانی ئیدیاكان و ماهییەتەوە هەڵدەپسێرین، مرۆڤ ماندوو شەكەت دەبێت لەوەی نازانێت چ ئاڕاستەیەك بگرێتە بەره‌و ڕوو لە كوێ بكات. لێرەدا ڕووبەڕوو وەستاوە لە بەرامبەر نیهیلیزمێكی زیادەڕۆ.  مەرگی خودا بۆ نیتچە بە مانای ئاوابوونی هەژموون و هەیمەنەی وێنای پلاتۆیی دێت بۆ ژیان، هاوڕێ لەگەڵ ئاوابوونی هەیمەنە و هەژموونی ڕێوڕەسمەكانی كریستیانیزم لە سەر بیری مرۆیی.

٥

ب

دولۆزGilles Deleuze

ۆ هایدگەر ئەم دەستەواژەیە لە ناو كۆنتێكستی هاتنی نیهیلیزمدایە، ئەم نیهیلیزمەی پێشكەوتنی مێژووی ڕۆژئاواو دەستبەرداربوون لە جیهانی ماكییەت و چییەتییەكان گەیشت. واتە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بەمیتافیزیكیاوە هەیە بەو مانایەی میتافیزیكیا لەم مەقامەدا بونیادێكی بنچینەیی بوونە لە گشتبوون و گشتێتییدا، نەوەك وەكو تیۆرێكی فەلسەفی و ئیدیۆلۆژییایەكی تایبەت.

 لێرەدا میتافیزیكیا ئەو تۆبۆسە مێژووییەیە كە دەبێتە قەدەرێك و خوداو ماهییەت و مۆراڵ شوێنە ترانسێندێنتاڵی و موتەعالییەكانی خۆیان. وندەكەن و، نیهیلیزم سەراپاگیر دەبێت و لە كەموو جێگەیەكەوە دێت. بۆ هایدیگەر ڕەنگە مەرگی خودا گوزارشتكردنێكی تیۆلۆژیی بێت دەبارەی (بێنرخبوونی بەها باڵاكان)  وە مەرگی خودا و قڵپكردنەوەی بەها ئەو دوو وشە گرنگە بن كە نیهیلیزمی لە سەر وەستاوەو خۆی ڕاگرتووە.

ژیل دولوز ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كاتێك نیهیلیزم فراوان و بەربڵاو دەبێت، وە دەبێتە سەراپاگیرو گشتگیر، ئەو كاتە ئیرادەو ویستی هێز لەوە دەكەوێت بتوانێت كاری خوڵقاندن. و ئیرادەی هەیمەنەكردن. بێت. (ژیل دولوز)  بەرمەبنای وەستان و پێداگیریی لە شیكردنەوەكەی هایدگەر، وە بڕێكی زۆر لە هەندێك جێگەدا هاوڕای شیكردنەوەكانی هایگەرە. لێرەدا واینابینێت كە مەرگی خودا دەگۆڕێت بۆ جێگرتنەوەی لە لایەن مرۆڤەوە، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە لە ناو ئامادەیی یان. نا ئامادەیی خودادا جیاوازییەك نییە؛ چونكە لە حاڵەتی خۆیدا ڕەشبینیی داڕووخان و كەوتن و نەفیكردنی ژیان بەردەوامە. واتە تێڕوانین و گۆشەنیگای نیهیلیستی بەردەوام دەبێت. ئەوەی هایدگەر لە نیهیلیزمی نیتچەدا دەیبینێت، هەمان. بینین نییە بۆ ژیل دولوز. دولوز وسینابینێت كە نیهیلیزم بگەڕێنێتەوە سەر سێ وێنە؛ واتە نیهیلیزم دۆخێكی پسیكۆلۆژی یان كۆسمۆلۆژی بێت، وەك چۆن (ژیل دولوز ) بەشێوەی تەنیا ڕووداوێكی مێژوویی و ڕەوتی ئیدیۆلۆژی یاخود بونیادێكی میتافیزیكی نایبینێت.

(‎ژیل دولوز)  لەگەڵ هایدگەردا گفتوگۆی ئەوە دەكات كە نیهیلیزم. پرەنسیپێكی تایبەت و دیاریكراوی هەموو میتافیزیكیایەك بێت، بەڵام. هاوڕا نییە لەوێدا كە نیهیلیزم قەدەری میتافیزیكیای تەواوی ڕۆژئاوا بێت. بۆ (ژیل دولوز) نیهیلیزمی نیتچە پرۆژەی نەفیكردنی ژیانە، بوغزو كینەو بەد وشیارییە، ئیدیالێكی زوهدییە…نیهیلیزم و فۆرمەكانی لە بەرامبەر كۆمەڵێك دیارخەرو دیاریكردنی پسیكۆلۆژی، وە كۆمەڵێك ڕووداوی مێژوویی، شەپۆلیی ئیدیۆلۆژی، تەنانەت كۆمەڵێك بونیادی میتافیزیكی نییە.

Gilles Deluze, ibid, p. 39

٦

‎هۆشیاریی لە بەرانبەر مەرگی خوداوەندا ڕاماندەكێشێت بۆ بیركردنەوە لە زەرورەت و پێویستی و ناچاری ” قڵپكردنەوەو هەڵگەڕانەوەی ڕیشەیی و ڕادیكاڵیی بەها كۆنەكان.. چیتر بڕوابوون بە خودا بوونی نییە، بەڵكو بە مەرگی خودا. بۆ هایدگەر وا دەكەوێتەوە كە دەبێت لەم ” مەرگە” وا تێبگەین كە ؛ گواستنەوەی حاكمییەتە لەخوداوە بۆ مرۆڤ،حكومكردن حكومڕانی شتەكان دەكەوێتە دەستی مرۆڤ، گواستنەوەی تێڕامان لە ئاسمانەوە بۆ زەوی. واتە نیتچە مرۆڤ دەخاتە شوێنی خوداوەند. ماهییەتی مرۆڤ ناتوانێت جێگرەوەی خوداوەند بێت، بەمشێوەیە شوێنی خودا چۆڵ دەبێت لە بەر تەماهی نەبوونی هەردوو ماهییەتەكە، پێگەو مەقامێكی دیكە دەردەكەوێت كە نە هاوشێوەیە لەگەڵ ماهییەتی خودا و نە لەگەڵ ماهییەتی مرۆڤ.

لێرەدا، لە ناو مەرگی خوداو بەها باڵاكاندا ئێمە لە ناو چی جۆرە بەهایەكداین؟ ئێمە سەروكارمان. لە گەڵ چ جۆرە مرۆڤێكدایە، لە غیاب و نا ئامادەیی خودادا ئێمە خاوەنی چی بەهایەكین؟ لەم چركەساتەدا ئێمە لە ناو مۆراڵ و جیهانبینی كۆیلەداین، لە ناو نەفیكردنی ژیانداین، لە ناو پەیوەندییە دیالێكتیكییەكانی كۆیلایەتیداین، كەبەر مەبنای نەفیكردنی ژیان بینا دەكرێت. لێرەوە نیتچە بۆ ڕزگار بوون لەم مرۆڤەو، لەم مۆراڵ و بەها پاسیڤ و ئیرییكاسیی و پەرچەكردارییانە موژدەی (مرۆڤی باڵا) دەدات، مرۆڤی باڵا دێت بێئەوەی شوێن و مەقامی خوداوەند بگرێتەوە. ئەو مەقامەی مرۆڤی باڵای تێدایە دەكەوێتە شوێنێكی دیكەی بوونەوە، بیناكراوە لەسەر بونیادێكی تر لە بونیادەكانی بوون. بۆ  (هایدگەر )  ڕووداوی مەرگی خودا ونبوونی خۆبەخۆیی بوونی لێدەكەوێتەوە، یاخود بوون. دەبێت بە (بوونێكی تر)  تەنانەت مرۆڤیش دەبێت بە مرۆڤێكی تر لە پاش مەرگی خودا، بوون تەنیا دەبێت بە بەها.

Heidegger,ibid, 316.

‎بەم واتایە بیركردنەوە لە بەهاو لە ڕێگەی بەهاوە سەر دەكێشێت بۆ لە بیركردنی بوون و بەرپرسیاری یەكەمە لەبیركردن و لە یانكردنی بوون؛ چونكە ڕێگرە لەوەی بوون وەك خۆی دەركەوێت و مانێڤست ببێت. هایدگەر ئەم شێوازە لە بیركردنەوە ناو دەنێت قاتیل و بكوژی بوون. هایدگەر دەپرسێت بۆچی تەئویلكردنی بوون وەك بەها، وەك ئەوەی كە بەهایە نابێتە هۆی دەركەوتنی بوون وەك ئەوەی كە دەبێت مانێڤست ببێت؟

 هایدگەر جەخت لەوە دەكاتەوە ئێمە ناتوانین. بیركردنەوەیەك دەستبخەین و بیدۆزینەوە كە بیر لەهەقیقەتی (خودی بوون ) بكاتەوە، هەموو میتافیزیكایەك وا بیر لەهەقیقەت دەكاتەوە، كە هاو واتاو هاو مانای بوون بێت. كەواتە لێرەوە مێژووی لە بیركردنی بوون دەستپێدەكات: لە بیركردنی بوون. بۆ هایدگەر میتافیزیكیا سەردەمێكە، چركەساتێكە لە چركەساتەكانی مێژووی بوون،بەڵام لە ماهییەتی خۆیدا نیهیلیستە، ئیدی چۆن میتافیزیكیا گرنگی بە بووندەدات لە كاتێكدا ماهییەتی خۆی نیهیلیزم بێت، واتە چیتر مەوجود، هەبوون، بوون نییە.

‎مەرگی خودا بۆ نیتچە بە مانای تێپەڕاندنی مرۆڤی ئێستا دێت، مرۆڤی كریستیانی بەرەو مرۆڤی باڵا. بەڵام، وەك باسمان مرۆڤی باڵا نەشوێنی زودا دەگرێتەوە نە شوێنی مرۆڤ، مەقامێكی باڵاتر لە بووندا. مرۆڤێكی ئێستا،مرۆڤی كریستیانی دەبێتە پردێك بۆ گواستنەوەو تێپەڕاندن بەرەو مرۆڤی باڵا. مەرگی خوداوەندیش ڕێخۆشكەرە بۆ سەركەوتن بەرەو مرۆڤی بالا چوونكە ۆێش مەرگی خوداوەند مرۆڤ نەیدەتوانی ڕێگای خۆی هەڵبژێرێت، وە نەیدەتوانی خالیق و دروستكەری چارەنووسی خۆی بێت.

مرۆڤ قۆناغێكە دەبێت تێپەڕێنرێت چوونكە ناتوانێت لە ژیانێكدا بژی كە نیهیلیزم (عه‌ده‌میه‌ت).سەراپای تەنیووە. نیهیلیزمێكی بەرهەمهاتوو لە پاش مەرگی خودا . لەبیرمان نەچێت لای نیتچە مرۆڤ خوڵقاوە بۆ تێپەڕاندنی،بۆئەوەی دوا مرۆڤ كۆتایی مرۆڤ ڕا بگەیەنێت و بە سەر پردی مرۆڤدا سەر بكەوێت. بەڵام بۆ ئەوەی لە پاش مەرگی خودا بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات، دەبێت گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە مرۆڤدا بێتە ئاراوە.

ئێمە وایدەبینین لە پاش مەرگی خوداوەند، تەواوی تەفسیرە مرۆییەكان، دۆگمە ئیدیۆلۆژییەكان لە وێنەی كۆمۆنیزم، سۆسیالیزم، لیبراڵیزم، فۆندەمۆنتاڵی ئاینیی ومەزهەبی، دیموكراسی…هتد. تەواوی ئەم دونیابینی و تەفسیرو ڕاڤانە بۆ مرۆڤ لە ناو ماهییەتێكی نیهیلیستیدان. ئەم تەفسیرانە لە مۆراڵی مرۆڤی كەوتووی ئێستا تێنەپەڕیوون، ئەمانە هێشتاكە بەرهەمهێنانەوەو درێژەدانن بە (نیهیلیزم) ئایدیال تایپی مرۆڤی مەزهەبی، مرۆڤی پرۆلیتاریا،مرۆڤی دیموكراسی….هتد .  هەر مانەوەیە لە ناو مرۆڤێكی كەوتووی پاسیڤ و پەرچەكرداری پاش مەرگی خودا. وە ئەمانە ئەگەر چی ناوی جیاوازیان هەیە، بەڵام درێژبوونەوە  و ئیدامەی مرۆڤی كریستیانیزمن. مرۆڤێكی تێپەڕێنراو و باڵاو ئیسپاتی و بەڵێكار نین بۆ ژیان.

ته‌واو

تێبینی؛ سه‌رچاوه‌كان له‌ناو بابه‌ته‌كدان

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.