وێنەکانی سەرۆکایەتی، وێنەی دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات !

Loading

وێنەی دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات چۆنە؟ سیفاتە سایکۆلۆژیەکانی چۆنە، چۆن هاتوونەتە نێو دەسەڵاتەوە و چۆن حوکمی بنەماڵە دوا وێستگەی دیکتاتۆرە بۆئەوەی بەئەبەدی بمێنێتەوە؟

ئەم فلیمە دۆکۆمێنتاریەی لە(کەناڵی جەزیرەی دۆکۆمێنتار)ی باسی حوکمی بنەماڵە و سوستێمی سەرۆکایەتی دەکات لە ڕۆژهەڵات، سیفە سەرەکیەکانی سەرۆک و  سوستێمەکەی و سایکۆلۆژیەتی سەرۆکەکان و خەون بینین بەوەی ئەوان حوکمیان لەگەلەوەیە و بۆگەلە!

ئەم فیلمە  دیکۆمنتاریە چیرۆکی وڵاتانی لیبیا و میسر و سوریا و ئێراق و تونسە لەنیو سوستێمی سەرۆکایەتیدا، ئەم فلیمە چیرۆکی سەدام و قەزافی و ئەسەدی باوکە. چیرۆکی هەبوونی ئەم هەموو مەسینەهەڵگر و قەیتول و سیخوڕ و ئاسایش و دەزگای ئەمنی و هێزی تایبەتە.  زۆر و زەبەندی موڵک و کۆمپانیا و دزینی سامانی گشتی و کۆشکە زەبەلاحەکان.

ئاوەها  ژیان لەنێو گۆشەگیریەکدا  یەکێکە لەسیفەتەکانی سەرۆکی ڕۆژهەڵاتی (کەتەنها گوێ لەئەوە دەگرێت کەدەیەوێت گویی لێبێت، نەک ئەوەی کەپێویستە گویی لێبێت..) وەک چۆن یەکێک لەڕاڤەکارانی ئەم فیلمە باسی لێوەدەکات. هەموو سەرۆکەکانی ئەم ڕۆژهەڵاتە خۆیان  بەنەمر دەزانن و یاخود هەوڵدەدەن دوای خۆیان   کوڕەکانیان   بچنە شوێنی ، بێگومان  لەم خەونەدا ئاگایان  لەقەیرانەکانی وڵاتەکەیان نییە ، تاوەکو لەیەک چرکە ساتدا کۆی وڵات پێیاندا دەتەقنەوە تاوەکو کۆتاییان پێدێت، کۆتاییەکی پڕ ڕیسوایی !

دەست بەسەراگرتنی میدیای سەرۆک و بنەماڵە و حزب  بەسەر هەموو جومگە زیندووەکانی ژیان یەکێکە لەسیفەتەکانی دیکتاتۆریەکان، ئەمە  جگە لەوەی هەمیشە جوانکردنی دەموچاوی دەسەڵات یەکێکە لەسیفەتەکانی ئەم ڕژیمانە. سەیر لەوەدایە لەکردستاندا لەجیاتی بنەماڵەو حزبێک ، چەندەها مۆدیلی لەم شێوەیە مومارەسەی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن، زۆرانبازیانە کامە بنەماڵەو حزب ببێت بەمۆدیلی سەۆکی ئەبەدی.

ئاوەها  لەحوکمی بنەماڵەوە بیگرە تاوەکو کردنی ئەندامی خێزانەکانی خۆیان بە لێپسراوی گەورە لەحکومەتدا ، یەکێکە لەسیفەتەکانی کۆی مومارەسەی سیاسەت لەکوردستانی باشوور، ئەمە جگە لەسوستێمی سەرۆکایەتی کەئیستا ڕیگەیەکی باریکە بەرەو دیکتاۆتۆریەتێکی ترسناک!

 ئەم فیلمە لەم زەمەنی وابەستەبوونی پارتی دیموکرات بە سەرۆک و درێژکردنەوەی نایاسایی ماوەی سەرۆکایەتی و گەڕانەوە بۆ جەماوەر،( وەک چۆن دیکتاتۆرەکان هەمیشە بەناوی خەڵک قسەدەکەن و حوکمدەکەن)، گرنگی خۆی هەیە، وەک زەنگیکی ئاگادارکردنەوەی ئەقڵانی، نەک وەک خاڵیک بۆ زۆرانبازی ناشرینکردنی بەرامبەر.

  ئاوەها وەک (کولتور مەگەزین) ئەم فلیمە لەم ساتەوەختە پڕ قەیرانەدا بەگرنگ دەزانین.