تیرۆر وەک پێشبینیکردنی ئاژانسی کەشناسی

Loading


ئاگاداربە هاوڕێی من، ئەوهەواڵە نیشانەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای سبەی نییە، بەڵکو هەواڵی زنجیرەی تەقینەوەکانی ، کابۆل ، پاریس ، تونس ، حەسەکەیە، بڵندبوونی ئاستی ئەو ڕێژەیە، بڵندبوونی پاڵەپەستۆی زەوی نیە، بەڵکو بەرزی ڕێژەی پاڵەپەستۆی بێکاریە لەوجیهانەدا، دەرکەوتنی ئەو بارستاییە بارستایی هیچ نەیزەکێکی نامۆ نیە ئەوە بارستایی بنکەسەربازیەکانە لە بەرزبوونەوەدایە ، هاتنی ئەو شەپۆلە گەورانە، هاتنی شەپۆلی دەریایی ناوەڕاست نیە بەڵکو شەپۆل بێئەژماری ئەو هەموو کۆمپانیا قەبانەیە بەرەو ئێرە دێن تا زبڵ و زەهر بکەنە دیجیتاڵ و بانگەشەسازی برەوپێبدەن .

ئەو نیشانەی ئاگرفڕیدانە هی هیچ بورکانێکی چاوەڕوانکراوی ئەو ناوچەیە نیە ،بەڵکو گڕی گەرمی هەواڵی تیڤیەکانە کە ئاماژە بە لیستی کوژراو و تیرۆرکراوان دەدەن وەکو پرۆگرامی پێشبینی کەشوهەوازۆر زۆر بە بێباکی دیمەنە خوێناویەکانی سەرپەڕاندن ، دەستپەڕاندن ، سوتاندن،تەوقینەوە و لەسێدارەدانمان   پێڕادەگەێنن….

هاودیدی من ، من چیم لەدەست دێت، کە هەموو ئەو گۆی ئەو زەمینە بەناهاوسەنگی دەخولێتەوە و رۆژ لەدوی

جیهانی مۆدێرن؛ بەختەوەری فڕێدانی بۆمبی ئەتۆم  بەسەر منداڵاندا . فۆتۆی پێنج منداڵەکە لەکاتی تەقینەوەی بۆمبی ناپاڵم  لەخوارووی ڤێتنام و لەپشتیانەوە ئەمریکایەکان شارەکە داگیردەکەن!
جیهانی مۆدێرن؛ بەختەوەری فڕێدانی بۆمبی ئەتۆم بەسەر منداڵاندا .
فۆتۆی پێنج منداڵەکە لەکاتی تەقینەوەی بۆمبی ناپاڵم لەخوارووی ڤێتنام و لەپشتیانەوە ئەمریکایەکان شارەکە داگیردەکەن!

رۆژتەکنەلۆژیا جوانیە سروشتیەکان دەسڕێتەوە، پیشەسازی چەک دروستکردن و پرۆگرانی ئەتۆمی ژمارەی پێوانەیی تێدەپەڕێنێت! لە بەرچاوترین دەستکەوتەکانی (کاپیتاڵیزمی نیو_ لیبڕاڵ) دا ناوی زیندانەکان دەگۆڕدرێ بۆ ناوی سیستەمەکان . بچوکردنەوەی بەهایەکان و مرۆڤەکان ناوی لێدەنرێت بچووککردنەوەی جیهان یان گلۆبالیزەیشن ! بەناوی زانست هەررۆژەی جۆرە بازرگانیەکی نوێ دەستەویەخەمان دەبێت ، بەبێ ئەژمار ناوی گڵوباڵ و مۆدێرن بۆ کۆیلایەتی دەدۆزرێنەوە .

من چ بکەم هاوڕیی ئەزیز؛  لەگەڵ ئەو هەموو تفتیەدا ناگونجێنم ، خودا نەیخستوومە ڕێزی ئەو نوسەرانەی  بونەتە دەسکەلەی حیزب ،خاوەنی پرفرۆشترین کتێبەکان! داوەڵی بەناوبانگی کۆمەڵگە ، مەکینەی ڕاگەیاندن ،تووتی سیناریۆ سیاسەیە بۆشەکانی فەیسبووک، پاشکۆی دەستەو تاقم و دەزگاو دامەزراوەکانی مەعریفە کۆپیکردن ، ئەندامی ئەو یەکیەتی و ناوەندە ئەکادیمی و هزریانەی تائێستا لەناسنامەکانیاندا نوسەربوون ناحیزبی بوون بەشەرتە! بە ساڵێک لەو جیهانەش دا دەبنە هەوادارترین کەسایەتیەکان.

لە تەوەلا بوون زیاتر چۆن دەرەقەتی هەموو درۆ تفتانەی ژیان بێم، کە رۆژانە لەتەنیشتم هەزاران هاونشینم لەسەر ئەو زەمینە و مرۆڤی دڵگەرم تیرۆر ساردیان دەکاتەوە، ترسی ئەتۆم دوقات لەهەڵکشاندایە ، هۆشداریدان لەبارەی ڤایرۆسی کوشندە لەبەردەوامی دایە ، هەر لەپێش چاوم سەدان کیژو ژنی یەزیدی بەبازاڕی کۆیلایەتی دڕەندترین تاقمدا هەڵواسراون ، بەهەزارانی دی شاربەدەرکراون و ئاوارەی کەمپەکان کراون .

من چ بکەم کە کۆمپانیا چاوچنوکەکان بەناوی گڵۆباڵ بوون رۆژانە بێ پسانەوە دڵی زەوی هەڵدەکۆڵن بۆ دەرهێنانی نەوت و لە هەڕەشەی گەرمداهاتنی گۆی زەوی و تێکدانی ژینگە خۆیان دەبوێرن، سەیرکە بە هۆی تێهەڵچەقاندنی پێچکە ئاسنەکانی مانگی دەستکردوە خەریکن ئەستێرەکانیش قۆرخ دەکەن و دەشێوێنن و درز دەخەنە خولگەکانی گەردوون ،چ خەمهێنەرە کە رۆژانە لەشارە گەورەکانی وەک نیوۆرک و لەندەن و مەدرید لەئەنجامی لەسەرکاردەرکردن کرێکارەکان خۆیان دەکوژن و لەهەمان کاتدا ڕۆبۆتەکان بەدەروبەرماندا بڵاودەبنەوەو شوێن بە کرێکارە بەئەزموون و ماندوەکان چۆڵدەکەن .

ئەتۆش وەک من حەتمەن گوێت لەدەنگی شکانی هەموو تێورو زانست و بەهاو ماف و مرۆڤ و مۆڕاڵ و شکۆیەکان هەیە ، هاوڕێی خۆم، چۆن بەرگەی ئەو تفتیە بگرم کە کوشتن و تیرۆر بۆتە ئاساییترین هەواڵی مێدیایەکان بەهەمان ستایلی( پێشبینیکردنی ئاژانسی کەشوهەوا) ی جیهان رۆژێ سەدجار و دووبارە لەناو شاشەی سمارتفۆن و سۆشیال میدیاکان دا پێشانی چاوەکانمان دەدرێت؟!

ئایا ئەو ژاوەژاوەی مێدیات دیتووە؟! کە لەیەك چرکەدا وێنەی سەربڕینی مرۆڤێک بەبەرگی پرتەقاڵی و بەئەژنۆداکەوتوو دێنێتە بەرچاومان و چرکەی دواتر ڕێکلامی مۆدێڵی نایابترین کاڵا و ئۆتۆمۆبیل و بۆنی ئافرەتان دەکا !؟

 

لە پێنوسەکەم زیاتر هیچیترم لەدەست نایەت کە بەربگرێت بەوهەموو لەجڵەودەرچوونەی سیاسەت و سەرمایەداری بەو هەموو ئالودەبوونە بێئەژمارەی تەکنەلۆژیا ، هەر لەتۆ دەپرسم ئایا جیاوازی نێوان مادەی هۆشبەرو تەکنەلۆژیای هۆشبەر چیە!؟ ئایا هیچ جیاوازیەک نیە لەنێوان ئەپڵ و کۆکایین ؟!

تۆ بڕوانە خێزەرەی هەموو ئەو مرۆڤانەی سەریان بەسەر تەلەفۆنەکانیاندا شۆڕکردۆتەوەو بەڕیکەوت نەبێت لەناو وێنەو ژمارە دا سەرهەڵنابڕن ، تۆ بڕوانە ئەو عەزیزانەمان کە هیچ کاتیان نەماوە بۆ ئەوەی سڵاوێکی گەرم بکەن و سەرقاڵی کۆکرنەوەی پارەو شتومەک ،تا رۆژی قیامەت ملی هەڵبڕیون وگێژی کردوون ؟! .

هاوڕیی شیرین ، چۆن بتوانم بەرگەی ئەو جیاوازیە ڕەگەزیە بگرم کە بەنوێترین ستایلی پۆستمۆدێرن و تاریکبیرەکانی خۆیان پێ ڕۆشەنبیرە تا ئێستاش، من بە قەڵەمی ئافرەت ناوزەد دەکەن و وەکو ئەوەی خێرم پێبکەن بانگەشەی ڕێزگرتنی ئافرەت دەکەن؟! لە لەندەنی ترۆپکی دیمۆکراسی دا جیاوازی رێژەی مووچەی ئافرەتان و پیاوان بۆیەک جۆرە کار ١٨ % یە ! هەر لەو جیهانەدا رۆژانە یەک ملێۆن ئافرەت بازرگانی جەستەیان پێوەدەکرێت، چەندان ملێۆنی تر کراونەتە کۆیلەی مۆدێرنەکانی سەرمایەداری و ژینگەیان پێ خەوش دار دەکرێت!

سەیرکە تاکوێ ئایکۆنەکانی مۆدێرنە و پوچگەرایی مرۆڤیان هێڕ وگێژ کردوە کە سەدان کۆمپانیاو وێبسایت و دامەزرێنراون بۆ پەیداکردنی هاوسەرو ریکخستنی هاوسەرگیری بەبێ ئەڤین و ئازار ، دروستکردنی خێزان بەپێی بەرژەوەندی ، پێکەوەگرێدانی مرۆڤ بەپێی ئارەزووی جەستەیی . گوڕێنی رەگەز ، نەشتەرگەری جوانکاری ، ئالودەدبوون بە فاشیۆن و لۆگۆ و ماکەرکەبازی ، هتد…..

مۆدێلیی نوێی مێینە لەدونیای پۆست مۆدێرن ؛ بەکارهێنان.. کاری سارا ماپل
مۆدێلیی نوێی مێینە لەدونیای پۆست مۆدێرن ؛ بەکارهێنان..
کاری سارا ماپل

 

هاوهەنگاوی خۆم؛ کارلەکاردەرچوەو چونکە بەناوی( بەجیهانیبوون) بە (بەڕبەڕی بوون )  رۆژانە لەهەڵکشاندایە، سەیرکە، کۆی سامانی ئەو جیهانە ١ %   کەس خاوەنداریەتی دەکەن ،بەپۆل کۆچبەر لە زەریاکان دا دەخنکێن ، زلهێزەکان واژۆی ڕێکەوتنامەی پاراستنی ژینگەیان پشتگوێ خستوە و بانگەشەی دژە تیرۆرو گەورەترین دادوەری و پاراستنی ئەو زەمینەش دەکەن!.

چۆن چۆنی جێگەم بێتەوە لەو ناوئەو جیهانەی مرۆڤەکان تا تاقەتیان تێداهەیە مەسرەفگەرایی لەهەموو شتێکی ئەو ژیانەدا دەکەن و بەپێچەوانەشەوە قرچۆکی لە سۆزو خۆشەویستیدا دەکەن ! چەندین ملێۆن کەس لەژێری هێڵی هەژاری و بێ شوێنی حەوانەوەن لەژێر خانووی تەنەکەو بەلەمەکان دا لەبەڕیوەبەرایەتی چاکسازی کۆمەڵایەتیەکاندا، هەر لەسەر گۆی ئەو زەمینە لەچواردەورم بە ئەجەلەمەرگی ژیان دەکەن باڵەخانەکانیش بەرە بەرزترین ئاست کێبڕکێ دەکەن ؟

ئەی چ زەهرێکە ئەوبەربەری بوونە مۆدێرنە، تۆ دەزانی ئێمە نەوەیەکین نوزەیەکمان لە ویژدان لەبەرداماوە کە بەچوونە ڕیزی ئەو بەربەریەتە گشتگیرە دڵتەنگ دەبین، هێشتا دەستهەڵدێنین بۆ ماڵئاوایەکان، پێنوس دەبزێوین بۆ نایەکسانیەکان ، بێدەنگی ڕادەگەێنین بۆ لەدەستدەرچوونەکان ، ئاماژەدەدەین بە ژاراوی بوونەکان .

لەگەڵ ئەو هێرشەسەرتاسەریەیی مەسرەفگەرای، مەسرەفگەرایی مۆڕاڵە کە لەهەمووان کوشندەترە ،سەمەرە ئەوەنیە ڕەچاوی هیچ پرەنسپێک نەکەی ، ئەوە سەمەریە تۆ ڕەچاوی پرەنسیپ و بەهایەکانی ژیان بکەیت ، بەڵام ئێمە ڕاهاتووین ، هەر دەستبەووشەوە دەگرین دەستەبەچاوەکانمانەوە دەگرین ، هاوڕا شیرینەکەم چ سەختە لەو رۆژگارەدا ویژدانی خۆت بپارێزی ولەو ژیانە تفتەدا شیرینیت بەبەرەوە بمێنێ ئەستۆپاکیت بسەلمێنی .

هاودەمی هێژا ، بڕوانە دڵسۆزبوون بۆتە چ بەڵایەک ، دڵسافبوون بۆتە چ عەیبێک لەو سەردەمەدا ، متمانەکردن بە هاوڕێیان بۆتە خەتی پێشەوەی جەنگ ، بەدەستنەهێنانی دوکتۆرا بۆتە ڕاککردن لەخزمەتی سەربازی و بە بێکاری دەتهێڵێتەوە ،نەنوسین بەخواستی هەمووان دەتکاتە چ دیلێکی لەبیرکراو یا ئەنتیکەخانەیەکی بەجێماو ، بەخێرایی پەیدانەکردنی خانوو سامان و جوانی دەتکاتە چ زیندانیەکی تاکە کەسی .

خۆ پێم سەیرنیە کە بەبێتام ناوم دێنن و دوورم لەهەمووان، تۆمەتەکانیان وەکو گوللە بەبناگوێمدا شراخەی دێت و

گلەیی دەکەن لە تێکەڵنەبوونم ، لە پەراوێزبوونم ، دەوەرە پێشبینی بکە شیرین بوون لەو ناو ئەوخەڵکە تفتەدا، دەبێت چت بەسەربێنێ و شەکەر بوون لەناو ئەو جیهانە تاڵەدا چۆن بکاتە کەسێکی تەنیاو بێتامی دژەخواستی هەر هەمووان.

هاودیدە شیرینەکەم، بڕوانە ئەو هەموو پیشەسازی و فۆرم و ڕەهەندانەی تیرۆر ، کە کوشتی کردوە بە ئاسایترین ڕووداو و هەواڵی رۆژانە، بەیەک ستایل ، نازانین چ رۆژێک لەگەرمەی پێکەنین دا لە کاتی پەرێنەوە لەشەقامێکدا ، لەسینەما ، لە کاتی شۆفێری دا ، پارچە پارچە دەبین ، مەرگ دەمانپێچیتەوە هەر نازانین بۆمبی چێنراو بوو یا خۆکوژێکی جەستە بۆمبڕێژکرابوو و بەکولفەوکونێک ناڵەناڵی ئەمبلانسەکان ، ترومبێڵی ئاگرکوژێنەوەکان دەگەنە سەرسەرمان و پەت بەدەورماندا ڕادەکێشن و لە پرێس کۆنفراسێک دا ناومان لێدەنێن قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستیەکەو تەواو بەسەردەچین .

هاوتینە هێژایەیەکەم ، سەرنچ بدە مۆدێرنەی سەرمایەداری چ ئاڵوێرێکمان لەگەڵ تیرۆر پێدەکات ،لەلایەک گیان لەمرۆڤ دەستێنێ و لەلایەکی تر باڵاترین تەکنیک و تەکنەلۆژییای جەنگی پێدەدا ، دڕەندەیی و سوتاندن و وێرانکردن هەر بەرەو سەر لەهەڵکشاندایە ، لەبیستنی هیچ کارەساتی تر مەحەبەسێ چونکە تیرۆری بەبێ جڵەوی بووەتە قاوغی ئایدۆلۆژیا، دین، سیاسەت، سەرمایەداری، تەکنەلۆژیا ، بازرگانی و جاڕی دەستەمۆبوون دەدا، هەروەهاش سەرسوڕهێنەرنیە کە ئەو تیرۆرە بەرەو دڕندە بوونمان دەبات و وەکو پرۆگرامی عەرەب ئایدڵ و ئەمەریکان ئایدڵ وتۆک شۆی مێدیاکان و رۆژانە دەیان جار گوێچکەو چاوەکانمان پڕ دەکا!