دیکتاتۆریە‌تی سێکسی

Loading

لە‌مانگی مای 2004 كاتێ به‌ ئاشكرا دوو خانمی لێسبیان لە‌ وڵاتە‌ یە‌کگرتوە‌کانی ئە‌مریکا پرۆسە‌ی هاوسە‌رگیریان ئه‌نجام دا، مشتومڕی  زۆری لە‌ دە‌زگاكانی راگە‌یاندندا دروست كرد و ( بەمردنی هاوسە‌رگیری نێوان پیاو ژن ناوزە‌د كرا). هه‌‌رچە‌ندە‌ پرۆسە‌ی هاوسە‌رگیری لە‌یە‌كە‌م هه‌نگاوی سە‌رە‌تایدا زۆر جار بە‌ هه‌‌ست و خۆشە‌ویستیە‌وە‌ گرێدراوە‌، بە‌ڵام حكومە‌ت و سیاسە‌ت ڕاستە‌وخۆ دە‌ستێوە‌ردان دە‌كه‌ن لە‌م پرۆسە‌یە‌دا و بە‌پێی یاسا ئە‌رك و ماف دابە‌ش دە‌كات.  لە‌زۆربە‌ی كۆمە‌ڵگا داخراوە‌كاندا تە‌نها یە‌ك جۆر ناسنامە‌ی سێكسوالیتی هه‌‌یە،‌ رە‌نگە‌ كۆمە‌ڵگە‌ی كوردی یە‌كێك بێت لە‌و كۆمە‌ڵگایانە‌، بە‌تایبە‌تیش ڕوانگە‌ی ئاینی كاریگە‌ری زۆری هه‌یە‌ لە‌سە‌ر دیاریكردنی ناسنامە‌ی سێكسوالیتی مرۆڤه‌كان.

خانمه‌ فه‌یله‌سوف و لێكۆڵە‌ری فێمینیست (جودیث به‌تلە‌ر) (هێترۆسێكسوالیتی) به‌‌ مە‌تریسی ناوزە‌د دە‌كات،  مانای پرۆسە‌ی هاوسە‌رگیری‌ نێوان پیاو و ژن تە‌نها شێوازێكی دكتاتۆریانە‌یە‌ و مە‌رج نییە‌ هه‌موو تاكە‌كانی كۆمە‌ڵگە‌ خوازیاری پە‌یوە‌ندیە‌كی لە‌م جۆرە‌ بن. به‌ واتایه‌كی تر مە‌رج نییە‌ هه‌‌موو ژنێك بیە‌وێت لە‌گە‌ڵ پیاودا ژیانی هاوبە‌ش پێكبهێنێت و هه‌روه‌ها بە‌ پێچە‌وانە‌شە‌وە‌ هه‌موو پیاوێك مه‌رج نیه‌ له‌گه‌ڵ ژنێكی تردا ژیانی هاوبه‌ش دروست بكات.

 تێگە‌یشتنی كۆناپه‌رێزانه‌ بۆ ڕۆڵی ڕە‌گە‌زی پیاو و ژن بە‌ پێی جیاوازی بایۆلۆژیا كاریگە‌ری هه‌‌یە‌‌ لە‌سە‌ر دروستكردن و داتاشینی ناسنامە‌ی هێترۆسێكسوالیتی (پە‌یوە‌ندی سێکسی نوان پیاوو ژن)، كە‌ ئامانجی سە‌رە‌كی لێیی لە‌ زۆربە‌ی کۆمە‌ڵگاکاندا  خستنە‌وە‌ی وە‌چە‌یە بۆ جێگرتنە‌وە‌ی باوک واته‌ ( میراتی)‌ نە‌ك چێژ،  بە‌ڵام لە‌ دنیای ئە‌مرۆدا گۆڕانی زۆر بە‌سە‌ر ناسنامە‌ی سێكسوالیتی مرۆڤدا هاتووه‌، کە‌لێرە‌دا کورتە‌یە‌کی دە‌خە‌مە‌ ڕوو.

بایۆلۆژیا و ڕە‌فتاری سێكسی مرۆڤ

سێكس بە‌ شتێكی تایبە‌تی و كە‌سێتی دێتە‌ ئاژمار، بە‌ڵام‌ زۆربە‌ی زانیارە‌كانمان سە‌بارت بە‌ سێكس بنە‌مایە‌كی رە‌گە‌زی( بایۆلۆژی) هه‌‌بووە‌، زۆر لێكۆڵینە‌وە‌ كرواە‌و بۆ ئە‌وی تێگە‌شتن بۆ سێكسوالیتی مرۆڤ بكرێ تا ئە‌و ڕادە‌یە‌ی کە‌  زۆر‌ لە‌ ئاژە‌ڵانی  دی بە‌كارهێنراون بۆ ئه‌م مە‌بە‌ستە‌.‌ ڕە‌نگە‌ یە‌كێك لە‌و ئارگومێنتانە‌ی كە‌ بە‌كارهاتووە‌ بۆ دیاری كردنی ناسنامە‌ی هێترۆسێكوالیتی جیاوازی بایۆلۆژی ڕە‌گە‌زی پیاو و ژنە‌ كە‌ ژن دە‌بێت نە‌وە‌ بخاتە‌وە‌ بۆ ئە‌وە‌ی نە‌وە‌ی مرۆڤایە‌تی لە‌سە‌ر زە‌وی بهێڵێتە‌وە‌.  لێكۆڵە‌رێك بە‌ناوی داڤید براش (١٩٧٩) دە‌ڵێت: ( پاساوێك هه‌یە‌ بۆ ئە‌وی كە‌ بۆچی پیاو  ئارە‌زووی سێكسی هه‌‌یە‌ و  پشێوی ئە‌وە‌ی هه‌‌یە‌ كە‌ زۆرترین منداڵ بخاتە‌وە‌ بۆ ئە‌وی دڵنیا بێت لە‌مانە‌وە‌ی  توخم و وه‌چه‌ی خۆی لە‌سە‌ر زە‌وی)

  ئە‌م ڕە‌فتارە‌ بە‌ پێی تێزه‌كانی ئە‌م لێكۆڵە‌رە‌ لە‌لای هه‌‌ندێك لە‌ ئاژە‌ڵە‌كانیش هه‌‌یە‌ كە‌ دە‌كرێت وە‌ك ئارگومێنتێكی بایۆلۆژی ببینرێت ، بە‌ڵام رە‌نگە‌ دە‌روونناسە‌كان تێگە‌شتنێكی دیكە‌یان بۆ ئە‌م مە‌سە‌لە‌یە‌ هه‌بێت كە‌ زۆرجار بە‌ گرێی دە‌روونیی پیاوی ناوزە‌د دە‌كە‌ن، هۆكاری ئە‌وه‌ی كە‌ پیاو دە‌توانێت بە‌ بێ هه‌‌ست و لە‌گە‌ڵ ئافرە‌تی نە‌ناسراویشدا سێكسی هه‌‌بێ ( لە‌شكرین یان سێكس كرین) هۆكاری ناتە‌واوی باری دە‌روونی پیاوە‌ چۆن ئە‌و بە‌ردە‌وام لە‌ گرفتی دڵە‌راوكێی مان و نە‌مانی ( پیاوە‌تی) خۆیدایە‌.

 لێكۆڵە‌رێكی تر بە‌ناوی  ستێڤن ڕووسێ (1984) دژی قسە‌كانی داڤیدە‌ و ڕە‌تیدە‌كاتە‌وە‌ كە‌ تە‌واوی هۆكارە‌رە‌كە‌ مە‌سە‌لە‌یە‌كی بایۆلۆژی و بە‌رهه‌مهێنانی سپێرم‌ بێت،  چونكە‌ ڕە‌فتاری مرۆڤ جیاوازی هه‌یە‌ لە‌گە‌ڵ ئاژە‌ڵ بە‌وە‌ی كە‌مرۆڤ هه‌ڵسوكه‌ت  بە‌پێی یاسا و ڕێسای كۆمە‌ڵگا رێكدە‌خات. به‌ واتایه‌كی تر مرڤ زۆر جار پە‌یوە‌ندیە‌ سێكسیە‌كانی مانادار دە‌كات  بە‌وە‌ی كە‌ ئە‌زمونی هه‌ست  و خۆشە‌ویستی دە‌كات( گیدێن 2010).

 

هۆكارە‌ كۆمە‌ڵایە‌تیە‌كان بۆ مە‌سە‌لە‌ی سێكس

هه‌‌رچە‌ند لە‌ زۆربە‌ی كۆمە‌ڵگاكاندا، تە‌نها هێترۆسێكسوالیتی ( پە‌یوە‌ندی سێكسی نێوان پیاو و ژن) وە‌ك ناسنامە‌یە‌كی ڕە‌وا دیاری كراوە‌   بۆ بنە‌مای پێكهێنانی خێزان،  بە‌ڵام چە‌ندین جۆری ناسنامە‌ی سێكسوالیتی هه‌یه‌، جودیث لۆربێر (١٩٩٤)  جیاوازی لە‌ نێوان دە‌یه‌ها جۆر لە‌ ناسنامە‌ی سێكسی دە‌كات كە‌ دە‌كرێت هه‌‌موو ئە‌مانە‌ لە‌ زۆربە‌ی كۆمە‌ڵگاكانی دنیادا هه‌‌بن؛  لە‌وانە‌  ژن و پیاوی هێترۆسێكسوال، ژنانی لێسبیان( هاوسە‌رگیری یان پە‌یوە‌ندی نيوان ژن و ژن)، پیاوی هۆمۆسێكسوال (هاوڕە‌گە‌زباز) ، ژن و پیاوی بایسێكسوال( بوونی پە‌یوە‌ندیان لە‌گە‌ل هه‌ردوو ڕە‌گە‌ز) .

په‌لكه‌ڕه‌نگینه‌ وه‌ك ئاڵای هاوڕه‌گه‌زبازو لێسبیه‌ن و ترانسه‌كان.
په‌لكه‌ڕه‌نگینه‌ وه‌ك ئاڵای هاوڕه‌گه‌زبازو لێسبیه‌ن و ترانسه‌كان.

ئە‌و ژن و پیاوانە‌ی ڕە‌گە‌زی خۆیان دە‌گۆڕن جۆرێكی تر لە‌ ناسنامە‌ی سێكسیان هه‌‌یە‌، هه‌روه‌ها ئە‌و‌ ژن و پیاوانە‌ی كە‌ جل و بە‌رگی ڕە‌گە‌زی بە‌رامبە‌ر بە‌كاردێنن، هه‌روه‌ها خە‌ڵكانی جووت ڕە‌گە‌زیش، ڕە‌نگە‌ ژن هه‌بێت تە‌نها بە‌ خۆنواندن ئاسوودە‌ بن و نە‌یانە‌وێت پە‌یوە‌ندی سێكسیان لە‌گە‌ڵ كە‌سی تردا هه‌‌بێت ، یان ئە‌وانە‌ی كە‌ ئە‌زمونی سێكس  بە‌شێوە‌یە‌كی دی دە‌كە‌ن كە‌ لە‌ زۆر حاڵە‌تدا ئێمە‌ بە‌ (لادانی سێكسی) ناوزە‌دی دە‌كە‌ین،  لێرە‌دا (هه‌ڵسوكه‌وتی  سێكسی)  شێوازی جیا جیای هه‌یە‌ و ئامانج لە‌ زۆربە‌ی ئە‌م جۆرە‌ ناسنامانە‌ ڕە‌نگە‌ زیاتر چێژ، نە‌ک‌ بە‌رهه‌‌مهێنانی منداڵ بێت.

ئە‌وە‌ی كە‌ (هه‌ڵسوكه‌وتی سێكسی) قبوڵكراو و باو دیاری دە‌كات زیاتر ڕوانگە‌ی كە‌لتوری و ئاینییە‌، كە‌ ‌لە‌ ڕاستیدا دە‌ریدە‌خات  هه‌ڵسوكه‌وتی سێكسی زیاتر فێربوونە‌ لە‌ كۆمە‌ڵگادا نە‌ك لە‌دایك بوونە‌وە‌ لە‌ كە‌سێتی ئە‌و كە‌سە‌دا هه‌بێت. یاخود  جۆرێك فۆرمی ناسنامە‌ی سێكوالیتی لە‌ تاکە‌کانی کۆمە‌ڵگادا دروستكرابێت.  دوو لێكۆڵە‌ر بە‌ناوی (كلیلان فۆرد) و (فرانك بایچ ) له‌ساڵی  ١٩٥١ لێكۆڵینە‌وە‌یە‌كی بە‌رفراوانیان كردووە‌ لە‌سە‌ر تێگە‌شتن بۆ سێكسوالیتی لە‌ ٢٠٠ كۆمە‌ڵگە‌ی جیاوازدا.  ئە‌وان بە‌و ئە‌نجامە‌ گە‌یشتن كە‌جیاوازی زۆر هه‌‌یە‌ لە‌سە‌ر ئە‌وه‌ی كە‌ چ جۆرە‌ پە‌یوە‌ندیە‌ك سروشتیە‌، واته‌ خە‌ڵك تێگە‌شتی جیاوازی هه‌‌یە‌ بۆ ئە‌وی كە‌ سروشتی چیە‌، به‌واتایه‌كی تر ده‌توانین بڵێین؛ سروشتی ئۆرگیناڵ بونی نییە‌ چونكه‌ سروشت خۆی دروستكراوی كولتورە (بیری مرۆڤ)‌.

ڕە‌نگە‌ زانستی سایكۆلۆژی لە‌ ڕۆژئاوادا ڕۆڵی  زۆری هه‌بێت لە‌سە‌ر گۆرینی دونیابینی خە‌ڵك بۆ مە‌سە‌لە‌ی سێكس و ڕە‌فتاری سێكسی كە‌ ڕە‌نگە‌ لە‌ (كۆمە‌ڵگه‌ داخراوە‌كاندا)  لادانی سێكسی( وە‌ك پۆرن) بە‌ سێكسی  ئاسایی لە‌قە‌ڵە‌م بدرێت و لە‌ هه‌‌ڵکشاندا بێت چۆن گوتاری سێکسی بە‌ پرۆسە‌ی گە‌شە‌ی ئاسایی خۆیدا تێنە‌پە‌ریوە‌، وە‌ک نمونە‌ ڕە‌نگە‌ بتوانین  ترافیکی ماڵپه‌ڕه‌ سێکسیە‌کان بە‌کاربهنین کە‌زۆرترین و پڕبینه‌رترین ئە‌و ماڵپه‌ڕانه‌ له‌‌کۆمە‌ڵگە‌ داخراوە‌کانە‌دایه‌، کە‌ کۆمە‌ڵگە‌ی کوردی یە‌کيکە‌ لە‌وانه‌، کە‌ لینکە‌کانی ئە‌و کە‌ناڵانە‌ لە‌و ناوچانە‌دا دە‌کريتە‌وە‌.

 دیاره‌ ئە‌وە‌ی كە‌ ژن و پیاو چۆن بن و چۆنیش سه‌رنجڕاكێش بن  لە‌كولتورێكه‌وه‌‌ بۆ كە‌لتورێكی دی دە‌گۆرێت، ڕە‌نگە‌ ڕوانگە‌ بۆ سێكسوالیتی لە‌كۆمە‌ڵكە‌ی ئە‌وروپایدا لە‌ كۆندا ئاینی مە‌سیحی بنە‌مای بووبێت .   لە‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا  له‌ ئه‌وروپا زۆر دكتۆر قسە‌یان لە‌وە‌ دە‌كرد كە‌ پە‌یوە‌ندی سێكسی بێ منداڵ هۆكاری نە‌خۆشیە‌، یان هه‌‌ركە‌س  خۆنونێنی (ده‌ستپه‌ڕ ) بكات كوێردە‌بێت، بنە‌مای ئە‌م باوە‌ڕانە‌ ئاینی مە‌سیحی بووە‌ چۆن ئە‌و دكتۆرانە‌ بە‌پێی باوە‌ری ئە‌وكاتە‌ی خۆیان خە‌ڵكیان مە‌حكوم دە‌كرد،  وە‌ک چۆن ‌ زۆرێك لە‌ دكتۆر و خە‌ڵكانی خاوە‌ن دە‌سە‌ڵاتی لای ئێمە‌ باوه‌ڕ و دونیا بینی ئاینییان بە‌كاردێنن بۆ بڕیاڕدان لە‌سە‌ر پە‌یوە‌ندیە‌ سێكسیە‌كانی تاكە‌كانی تری كۆمە‌ڵگە‌، كه‌ ڕە‌نگە‌ ئە‌مە‌ هه‌ڵه‌ بێت.

ئە‌مرۆ زانست  ئە‌وە‌ پشت ڕاست دە‌كاتە‌وە‌ هیچ ناسنامە‌یە‌كی سێكسوالیتی هه‌ڵە‌ نییە‌ و هه‌‌روە‌ها خۆنوێنی  (ده‌ستپه‌ڕ) بۆ پیاو و ژن هۆكاری بە‌هێزبوونی سێكسە‌. هه‌ندێك جار لە‌و كۆمە‌ڵگه‌یانە‌ی كە‌ ئە‌خلاقی دووفاقی، كه‌ده‌بڵ مۆڕاڵی و ئه‌خلاقی دژبه‌یه‌كی  تێدا باوە‌، پیاوە‌كان یە‌كی ژنێك ، كە‌ بێگومان  خۆیان ناویان ناوە‌ ( ڕێزدار) لە‌ماڵە‌وە‌ بە‌ند دە‌كە‌ن،  كە‌چی لە‌دە‌روە‌ یان لە‌شی ژنی دیكه‌ دە‌كڕن یان پە‌یوە‌ندی تر پیادە‌ دە‌كە‌ن بە‌ڵام گە‌ر ژنێك ئە‌م كارە‌ی ئە‌وان بكات ئە‌وا كارە‌سات دە‌خوڵقێت.

 

 

تیۆری سە‌بارە‌ت بە‌ سێكسوالیتێت

 دوو ڵێكۆڵە‌ر بە‌ناوی (جۆن گانگۆن و ویلیام سیمۆن) ساڵی  (١٩٧٣)  لە‌كتێبە‌كە‌ی خۆیاندا بە‌ناو (Sexual Conduct-1973 ). تیۆریە‌كیان داهێنا بۆ شیكاركردنی سێكسوالیتی مرۆڤ، ئە‌وان سوودیان لە‌ جۆری میتافۆری شانۆیانە‌ وە‌رگرت بۆ ئە‌وە‌ی  خوێندنە‌وە‌ بۆ كۆنتێكستی سێكسی  بكە‌ن،  ئە‌وان  سوودیان لە‌ تیۆریە‌كە‌ی (ئێرڤینگ گۆفمان –  Erving Goffman ) وە‌رگرتوە‌ كە‌ پێیوایە‌ ژیانی مرۆڤ شانۆیە‌كە‌یە‌ كە‌ لە‌ هه‌ل و مە‌رج و شوێنی جیاوازدا ڕۆلی جیاواز دە‌بینێت،  ئە‌وانیش سێكس وە‌ك درامایە‌كی میتافۆری شیدە‌كە‌نە‌وە‌  كە‌ نۆرم و یاسا و ڕێسای تایبە‌تی هه‌یە‌ لە‌دە‌قێكدا یان لە‌ كۆنتێكستێدا كە‌( كێ، چی، چۆن؟  كە‌ی و تە‌نانە‌ت بۆچی؟) مرۆڤ سێكس دە‌كات؟

Erving Goffman (11 June 1922 – 19 November 1982)
Erving Goffman (11 June 1922 – 19 November 1982)

ئە‌وان دە‌ڵێن ڕە‌فتاری سێكسی  (هه‌ڵسوكه‌وتی  سێكسیت) زۆر تێگە‌شتن هه‌‌ڵدە‌گرێت، وه‌ك  هۆمۆ سێکسوال، هێترۆسێكسوال …هتد.  هه‌‌ر یە‌ك لە‌مانە‌ پانتاییە‌ك داگیردە‌كات و‌ هیچ كام لە‌مانە‌ نە‌خۆئامادە‌ كردنی دە‌وێت و  نە بیركردنە‌وە‌، بە‌ڵكو دە‌قێكی ئامادە‌كراوی شانۆییە‌ كە‌ ئە‌كتە‌رە‌كە‌ ( پیاو یان ژن) ڕۆڵە‌كە‌ی خۆی دە‌بینێت.   بۆ نمونە‌؛  پیاوێكی لە‌ش كڕ، یان کە‌سيکی شیعە‌ مە‌زهە‌ب کە‌ هاوسە‌رگیری کاتی  (سیغە‌) به‌ئه‌نجامده‌گه‌یه‌نێت. یان سوونیت مه‌زهه‌بێک کە‌ (هاوسە‌رگیری چێژ (موتعە‌) دە‌کات، ‌ مانای ئە‌بێ هه‌‌ر یە‌ک لە‌مانە‌ بۆ نمونە‌ پیاوە‌كە‌ یە‌كێك (كێ؟) بدۆزێتە‌وە‌ بە‌نرخێكی گونجاو (چی؟)  لە‌ شونێكیشدا(كوێ؟) . هه‌روه‌ها كاتێكیش  پرۆسە‌كە‌ تە‌واو دە‌بێ( كە‌ی؟) … ڕە‌نگە‌  گە‌ر بە‌دوای هۆكاری كڕینی سێكسە‌ وە‌ بین وە‌ك ئە‌وی كە‌ ئە‌م پیاوە‌ تە‌نهایە‌ یان كێشە‌ی پە‌یوە‌ندی هه‌‌یە‌ ئە‌وا ئە‌و كات ده‌بێت له‌ ( بۆچی؟) تێبگە‌ین .

ئە‌م  تیۆریە‌ دە‌توانین لێكدانە‌وە‌ی بۆ هه‌‌موو پە‌یوە‌ندیە‌كی سێكسی پێ بكە‌ین،  تێگە‌شتن بۆ هه‌‌ر نمایشێكی سێكسی بە‌ پێی بۆچوونی ئە‌و دوو لێكۆڵە‌رە‌ سێ فۆرمی سە‌رە‌كی هه‌‌یە‌ یە‌كە‌میان دە‌قێكی كه‌سییه‌: لە‌ لە‌ ئاگایی كە‌سە‌كە‌دا هه‌‌یە‌ وە‌ك ڕیتمی خواستی سێكسی تایبە‌تی خۆی . دووهە‌میان دە‌قی هاوده‌‌نگی نێوان ئە‌و كە‌سانە‌یە‌ كە‌ چۆن بۆ نمونە‌ لە‌ ڕۆڵی رە‌گە‌زی خۆیان تێدە‌گە‌ن.  سێهە‌میان دە‌قی مێژووی و كولتورییە‌  كە‌ چۆن (ناخودئاگا \ نه‌ست)  بە‌ پێی مانا و بە‌های كولتوری نمایشی سێكسی ڕێكدە‌خرێت بۆئە‌وە‌ی  لە‌ ئاست ئە‌و چاوە‌ڕوانیه‌ی دە‌ووروبە‌ردا بن.

 

جێندە‌ر

زۆرێك لە‌ لێكۆڵە‌رە‌وانی جێنده‌ر پرسی ئە‌وە‌یان دروستكردووە‌، كه‌‌ بایۆلۆژیا بنە‌مایە‌كی بنه‌ڕه‌تی نییە‌ بۆ دیاریكردنی رۆڵی ڕە‌گە‌زی‌، چونكە‌  بۆچوون و مانا و بە‌ها سە‌بارە‌ت بە‌ ڕە‌گە‌ز لە‌ كۆمە‌ڵگاكاندا بە‌شێوە‌ی جیاواز دروستكراوە‌.  ناكرێت جیاوازی ڕە‌گە‌زی بە‌ پێی بایۆلۆژیا بكرێتە‌ بنە‌مای ناسنامە‌یە‌كی سێكسوالیتی گشتگیر بۆ هه‌‌موو تاکە‌کانی کۆمە‌ڵگە. پە‌یوە‌ندیە‌كان ئاڵۆزن و هه‌‌رتاكێك جۆرێك ئە‌زمونی سێكسوالیتی دە‌كات،  زۆرێك لە‌ سۆسیۆلۆگە‌كان جیاوازی دە‌كە‌ن لە‌ نێوان ڕە‌گە‌ز( وە‌ك بایۆلۆژیا) و وە‌ جێندە‌ر( ڕە‌گە‌زیش بە‌مانا كۆمە‌ڵایە‌تیە‌كە‌ی) دە‌کە‌ن.

ژن و پیاو لە‌ كۆمە‌ڵگه‌دا تە‌نها بە‌ هۆی جیاوازی بایۆلۆژیایانە‌وە‌ ناكرێ ناسنامە‌ی  هێترۆسێكسوالیتێتیان بە‌سە‌ردا بسە‌پێت، دە‌كرێ هە‌ندێ كە‌س لە‌ڕووی ئە‌وە‌ی چۆن هە‌ستدە‌كات و چۆنیش ئاڕاستە‌ی سێكسی خۆی دیاریدە‌كات،  چونكە‌ سە‌پاندنی ناسنامە‌ی سێكسوالیتی لە‌سە‌ر بنە‌مای بایۆلۆژیا نایە‌كسانی بە‌دوای خۆیدا دێنێ وە‌ك زۆرێك لە‌ فێمێنیستە‌كان باسیدە‌كە‌ن، چونكە‌ لە‌ كۆمە‌ڵگه‌دا  باوە‌رێك سە‌بارە‌ت بە‌ سێكوالیتی دروستدە‌كرێت و بە‌سە‌ر تاكە‌كاندا دە‌سە‌پێنرێت، بێئە‌وە‌ی هه‌‌ندێك لە‌و ژن و پیاوانە‌ی ناو كۆمە‌ڵگە‌ بیانە‌وە‌ێت، وە‌ك جۆدێث لۆربێر(١٩٩٤) باسیدە‌كات؛ زیاد لە‌ دە‌جۆر ناسنامە‌ی سێكسوالیتی هه‌‌یە‌ لە‌كۆمە‌ڵگه‌كادا. لێره‌وه‌ گه‌ر  به‌م پێوه‌ره‌ی لۆربێر سه‌یری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ین، ئه‌وا   كۆمە‌ڵگه‌ی كوردی هێندە‌ی (دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا) دیكتاتۆرە‌ لە‌ سە‌پاندنی ناسنامە‌ی هێترۆسێكسوالیتی…

ته‌واو

 

 

سە‌رچاوە‌کان

GiddenAnthony(2007),Sociologi   Studentlitteratur AB, Lund.

 

Rosenberg Tina, (2005), Könet brinner av Judith ButlerNatur och kultur

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌