ئەژین عەبدولخالق؛ دەنوسم بۆ ئەوەی بزانم چۆن بیردەکەمەوە

Loading

(ئەژین عەبدولخالق) یەکێکە لەو خانمە نوسەرانەى ساڵانێکە سەرقاڵى بوارى نوسینە و لەماوەى ڕابردوودا کتێبێکى چاپکراوى خۆى بەناوى (نامەکانى فیرناندۆ) بڵاوکردەوە، دەربارەى تێڕوانى ئەو بۆ ئەدەب و کتێبە نوێیەکەى ئەم دیدارەمان لەگەڵ سازدا.

هەمیشە قسەیەکى باو هەیە کە دەڵێن “نوسەر لە نوسیندا هەمیشە خۆى و کێشەکانى خۆى دەنوسیتەوە” (بەختیار على)ش لە شوێنێکدا دەڵێت: مرۆڤ کە لە هەموو شتەکانى تردا فاشیل دەبێت، ڕوودەکاتە نوسین و دەبیت بە نوسەر، مەبەستمە بڵێم بۆ تۆ نوسین چیە؟ تاچەند نوسینەکانت لە ناخى خۆتەوە نزیکن، چى واى لێکردوو بنوسیتء بۆ دەنوسیت؟

ئەژین عەبدولخالق: دەنوسم بۆ ئەوەی بزانم چۆن بیردەکەمەوە، من گومانم نییە لە بوونی دەیان هەستی تر لە نێو مرۆڤەکاندا، کە هەریەک لەو هەستانەی تر لە شوێن و زەمەن و جوگرافیاێک دەچێتە خاڵی ئەکتیڤ بوون، من لەو کاتانەی ڵاڵ دەبم، لەو کاتانەی هەر پێنج هەستەکەم دەچێتە حاڵەتی پاسیڤبون، ئا لەوێدا هەستەکانی ترم دەکەونە حاڵەتی ئەکتیڤ بوون هەر لەوێشدا دەنوسم، ئەوێ ئەو خاڵەیە کە دەتوانێت لە ڕێگای نوسینەوە خەیال و فەنتازیای من لە وێنەیەکی شاراوەی عەقڵیەوە بکاتە وشە دواتریش بۆ سەر کاغەز، کە دەنوسم بەشوێن وێنا لێڵەکانی نێو خەییاڵمم بیاندۆزمەوەو بیانوسمەوە، هەمیشە بە شوێن نەبینراوم بیکەمە بینراو، نوسین بۆ من دەتوانێت نەبینراوەکان وەرگێڕێتە سەر لاپەڕەو بە چەند وشە و دیرێک بۆمی وەرگێڕێتە سەر زمان. نوسین بۆ من ئەو زەمەنە تایبەتەیە کە من لە نێو ئەو زەمەنە واقیعیەدا دەیدزم و دەبمە مولکی ئەو، نوسین ئەو شوێنەیە من تێیدا خۆمم، نوسین ئەو هەسارەیە کە خۆشترین ئۆکسجینی تێدا هەڵدەمژم، نوسین ئەو مەخڵوقەیە کە لەگەڵمندا زۆرترین دیبات و گفتوگۆی هەیە، من و نوسین زۆرترین خەییاڵ و وێنەی فەنتاسی و نەبینراو نیشانی یەکتر دەدەین، ئەو کاتەی هیچ ئینێرجییەکم پێ نامێنێ بۆ دونیای واقع، لەوێدا پەیوەندی من لەگەڵ نوسین پتەوتردەبێت، لەوێدا من و نوسین یەکتر دەخۆینەوە، نوسین سەرمەسترین بۆیفرێندی منە، خۆی سەخڵەت ناکات میکیاژم پێوە یان نا، نوسین ناوەوەی منی قبوڵە بە هەموو دیوەکانییەوە. نوسین ئەو حەکیمەیە کە دەتوانێت لەمسی نێو ڕوحی من بکات، ڕوحم بنوسێتەوەو دوبارە نیشانمیداتەوە، کە دەنوسم بۆنی نێو ڕوحی خۆم دەکەم، بەبێ ئاوێنە خۆم دەبینم، بەبێ تەلەڤزیۆن دونیا دەبینم، بەبێ پاسپۆرت بە هەموو ئەو وڵاتانە تێدەپەڕم کە توانای بینیانم هەیە، کە دەنوسم لەگەڵ موستەحیل شەڕدەکەم، من دەبمە باڵادەست، فەلسەفەی وونبون و مردن کۆتایی دێت. من دەبمە خواداو لە ماڵاباجێنەیەکەوە مرۆڤایەتی دروستدەکەم، بە دێرێک دەتوانم جەنگ ڕاگرم. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ژن لە ڕۆژێکدا توانای هەیە (١٥٠٠٠) وشە دەرببڕێت و پیاو (٥٠٠٠)، ئەگەر نوسین نەبێت ئێمە دەربڕین و زەمەن و مێژوومان بۆ تۆمارناکرێت، نوسینە وا دەکات ڕابردووم ببینم، هەر نوسینیشە لە نێو کتێبە تیۆلۆجیەکان وای کردوە بە درێژایی زیاتر لە (٣٠٠٠) ساڵ خوێن برژێت، بیریشمان نەچێت بیری تازەگەرایی لەڕێگای نوسینی فکرەوە توانی مێژووی ئەوروپا بگۆڕێت، نوسین موعجیزەترین دەرمانە کە دەتوانێت ژیانی خوێنەرێک سەر لە بن بگۆڕێت یانیش تووشی کوشندەترین دەردی بکات. کە منداڵ بووم زۆر بریندارکرام، یان باشترە بڵێم زۆر زوو بریندار دەبووم، برینەکان وایان لێکردم هەست بەو خوێنە بکەم کە لەڕوحدا هەیە، من خوێنی نێو ڕوحی خۆمم دیت هەر ئەوەش وا لە مرۆڤ دەکات قوڵبێتەوە و شتەکانی نێو خۆی و بیرکردنەوە ببینێت، من لە نوسیندا هەوڵدەدەم بیرکردنەوە ببینم، کە مەخلوقێک بەرجەستە ناکەیت لە دونیای واقیعدا تێتبگات، یان لە هەندێک شوێن هاوار دەکەیت و دەنگت ناگات ناچاری پەنا بۆ خود دەبەی، من گوێ لەو دەنگانە دەگرم کە نابیسترێن، قەڵەم و کاغەز ئەو مەنزڵگا نهێنیەن بۆنی ئەو کەسانەم پیدەدەنەوە کە ڕێگەیان نەدا بۆنیان کەم، قەڵەم و کاغەز نەنکم زیندودەکەنەوە و حیکایەتم بۆ دەگێڕێتەوە، نوسین ئەو ماڵەباجێنەی منە لە بوکەڵەوە گۆڕا بۆ کاراکتەر، لە هاوینەوە بۆ زستان، هەندێکجاریش لە شەوی تاردا ڕووناکی دروستدەکات.

دەوترێت ئەوەى مێژوونوسان ناتوانن بیڵێن و تۆمارى بکەن ڕۆماننوس دەیڵێت و لە ڕێگەى تێکستى ئەدەبییەوە نوسەر تۆمارى دەکات بەبڕواى بەڕێزتان ڕۆمان دەتوانێت چ ڕۆڵێکى گرنگ لە ژیانى مرۆڤدا بگێڕآ؟ بەتایبەت بۆ ئیستاى ژیانى ئێمە؟ تۆ دەتەوێت چ پەیامێکى گرنگ لە نوسینەکانتدا بگەیەنىت؟

ئەژین عەبدولخالق: ڕۆمان ئەندێشەیەکی شاراوەیە، خەیاڵێکی ئامانجڕوونە، فیکشنێکە لە دۆخ و زەمەن و کاتێکی دیاریکراو تێگەیشتووە، ڕۆمان کارەکتەری ڕوحیە و ئاگادارە لە ڕوحی خۆی دیبەیتێکی گەورەیە و لەزۆر شوێندا یەکلانەکەرەوەیی هەیە لە نێوان نوسینەوەی مێژوو و ڕۆمان، لە هەمانکاتیشدا دەیان سنوور هەیە لە نێوانیاندا. لە هەندێک شوێندا مێژوونوس بێدەنگ دەبێت و دەوەستێت، بە واتایەکی تر لە کۆمەڵێک ژمارەو شتی بەرجەستەکراو زیاتر هیچی تری دەست ناکەوێت و نایدۆزێتەوە، لەوێدا ئیشی ڕۆماننوس دەستپیدەکات، لەوێدا ڕۆمان دێت و پشتی ڕوداوەکان دەگێڕێتەوە بێگومان لە دیدگاو فەنتازیای ڕۆمانوسەوە.لە دونیای مۆدێرن و وڵاتانی چڕفەرهەنگیش نوسەرگەلێکی زۆر هەن سنووری نێوان مێژوو و ڕۆمانیان بۆ جیاناکرێتەوە لە کاتی نوسیندا، بە جۆرێک لە هەندێک دەقدا نوسەر توشی شۆکی دەروونی دەبێت. چون بەڕاست ئاسان نییە بتوانی فیکشون خەیاڵ وەک میتۆد بەکاربهێنیت. کەم نین ئەو فیلم و ڕۆمانانەی ژیانی سەدان خەڵکیان گۆڕیوە، پێشمان وا نەبێت مرۆڤگەلێکمان هەن لە دەرەوەی فەرهەنگن، هەموو مرۆڤەکان لە نێو فەرهەنگن بە مەودای جیاواز، تەنانەت ئەوانەش کە نەخوێندەوارن و ناتوانن بخوێننەوە.دونیای ئەمڕۆ دونیای کاریگەری لەسەر دانانە، لەڕووی سیاسی و ئابووری و ئاینی و تادوایی، کاریگەری فەرهەنگیش هیچ کەمتر نیە لە کاریگەرییەکانی تر، بەبێ بوونی ئەدەب و ڕۆمان و هونەر مرۆڤ بەرەو توندوتیژی دەڕوات، ئەنجامەکەشی ئەوانەی لە دەسەڵاتن گرەوەکە دەبەنەوەو بەرەو ئەو ئایدۆلۆژیایەی دەیانەوێت. ڕۆمان درێژەپێدان و بەردەوامبونی زمانی نەتەوەیەکە، ڕۆمانە وای کردوە من و تۆ بتوانین بۆ یەک بدوێین، ڕۆمانە وا دەکات ئێمە لەیەکتر تێبگەین، زیندوترین نمونەی هاوچەرخ کە بە خەییاڵمدا بێت زنجیرە کتێبی (گیۆرگی ر. ر) مارتینی ڕۆمانوسی ئەمریکیە بە ناوی (گەمەی تەختە پاشاکان) کە فراوانترین کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی بە گشتی و گەنج بە تایبەتی بەجێهێشتوە لەو ساڵانەی دوایدا و بەردەوامیشە. ئەگەر باسی کوردیش بکەین، هیچ میللەتێکی دونیا بە قەد کورد هەنار ڕەنگی نەداوەتەوە لە نێو ئەدەب و فەرهەنگی، تەنانەت لەم چەند ساڵەی دوایی خەڵکێکی زۆر ناویان لە مناڵەکانیان ناوە هەنار، ئەی ئەوە کاریگەری دواهەمین هەناری دونیا نەبێت چییە؟ بەڵام ئێمە چوون لێکۆلەری جدیمان نییە بەداخەوە کە هەموو ئەوانە درکی پێناکرێت لەسەر ئاستی نوسین.

زۆرجار دەوترێت نوسەر تەنها بۆ خۆى دەنوسێت و هەندێک جاریش دەڵێن تەنها بۆ خوێنەرە، مەبەستمە بڵێم تۆ بۆ کێ دەنوسیت؟ خۆت یان خوێنەر؟ تاچەند لەکاتى نوسیندا خوێنەرت لەبیرە؟

ئەژین عەبدولخالق: من ویستومە شتێک لەو واقعە تاڵە بگۆڕم کە دوبارە دەبێتەوە، کە دەستم بە نوسینی نامەکانی فیرناندۆ کرد، هەندێک بۆن و دەنگ و ڕەنگی جیاواز لە نێوەوەی مندا دەیانویست بدوێن، دەیانویست مرۆڤەکان ئارامتر بژین بە دیدێکی تر دونیا ببینن، مەبەستیان بوو واقعی خۆیان بگۆرن، من لە زۆر شوێن ویستم ئەوە بنوسم کە دەمەوێت، بەڵام کە لە نوسین تەواوبووم و خوێندمەوە کاراکتەرەکان خۆییان دەدوان، خۆیان خۆیان نوسیووە، مرۆڤ زۆر سەیرە لە نێو ڕۆمانیش بەو ڕۆڵە ڕازی نیە کە پێی دەدرێت، هەمیشە ئەوە دەکات کە دەبێت هەبێت کە مەبەبیەستێتی بیکات.من کە دەنوسم بەدوای ڕاوکردنی ئەو وێنانەم کە لە خەییاڵمدا هەن، نیشاندانی ئەو وێنە لێڵ و ناڕونانەی چەند ساڵ جارێک بە خەییاڵمدا دێن و گەر نەیاننوسمەوە وندەبن، من ئەو بەرهەمانە دەدورمەوە کە لە خەییاڵ و زاکیرەو فەنتاسیام پێگەیشتوون و گەر لێیان نەکەمەوەو نینەدەر بۆگەن دەبن، کە دەنوسم ڕۆڵی من هەر ئەوەندەیە وەرگێڕانێکی ورد بکەم لە نێوان ئەو وێنەو دەقە خەییاڵیانەی لە فەنتازیاو زەکیرەم هەن بۆ سەر لاپەرە، لەوێوە ڕۆڵی من تەواو دەبێت. باوەڕم بەوە نییە نوسەر دانیشێت و پلان بۆ گەیاندنی پەییامێکی تایبەت داڕێژێت، من ئەو کات زانیم چ پەیامێکم گەیاندوە کە کوڕێکی کوردی کرێکار لەدوای خوێندنەوەی نامەکانی فیرناندۆ، نامەی بۆ نوسیم و گوتی من دوای ١٠ ساڵ تێگەیشتم بۆ خوشکەکەم خۆی سووتاند.

ڕۆمانى نامەیی یەکێکە لە شێوازەکانى نوسینى ڕۆمان و لە ئەدەبیاتى جیهانیدا شوێن و پێگەى خۆى هەیە، بەوەى کە تەواوى ڕۆمانەکە بەنامە دەستپێدەکات و کۆتاى دیت، تۆ چۆن لەم شێوازەى ڕۆمان دەڕوانىت کە لە ئەدەبیاتى ئێمەدا تاڕادەیەک کەمە، بەمەبەست (نامەکانى فێرناندۆ)ت بەو شێوازە نوسى یان ڕێکەوت بوو.

ئەژین عەبدولخالق: نامەکانی فیرناندۆ پێش ئەوەی نوسینەوەی ڕۆمان بێت لە فۆرمی نامەدا، تەکنیک و یارییەکی منە لە پشتی نامەکانەوە، وەک لەسەرەتادا وتم من خەریکی ماڵەباجێنەم، یاری دەکەم. یارییەکانی منیش لەگەڵ نوسینەوەی ئەو ڕۆمانە، لە نامەیەکی منەوە بۆ فیرناندۆ دەستی پێکرد کە لە کتێبەکەدا ئەو نامەیە وجودی نییە، ئەوەی لێرە و لەوێ سەرقاڵی دونیای ڕۆمانە و سەیری کتێبەکەی کردوە پێیوایە تەکنیکی نامەکانی فیرناندۆ نەک بۆ خۆرهەڵات بۆ دونیای دەرەوەش شتێکی تازەیە، ئەوەش ئازایەتی من نییە چونکە هەموو ڕۆمانێک کۆمەڵی شتی تێدەکەوێت هەر بە ڕێکەوت.

چەند ساڵێکە لە نوسین و ئەدەبیاتى هەرێمى کوردستاندا نوسەران زۆر گرنگى بە بەکارهێنانى جەستە و ناوهێنانى ئەندامەکانى دەدەن، بەتایبەتى ئەو بەشانەى کە ناوهێنانیان تا ئێستاش لە کۆمەڵگاى کوردیدا عەیب و شەرمە، ئەمەش بەتایبەتى لە ناو نوسەرانى (مێینە)دا باوە، و بەتایبەتیش لە شیعردا، کە زۆرکەس پێىوایە بۆ ڕاکێشانى زۆرترین خوێنەرە بۆ خۆیان و  بۆ ناودەرکردنیانە، تۆش لەم کتێبەتدا زۆر ڕاشکاوانە باست لە جەستە و ئەندامەکانی کردووە، تۆ بۆ واتکردووە؟ چیرۆکى نوسینەکە ئەوەى دەویست؟ یان بۆ تۆ گرنگە لەدەرگاى بڤەکان بدەیت و دیوارى قەدەغەکراوەکانى بشکێنیت؟

ئەژین عەبدولخالق: نەک تەنیا لە دونیای مۆدێرن، بەڵکوو تێکڕای ئاینەکان زۆر بە ڕاشکاوی پێشی هەزاران ساڵ باسی ئەندامەکانی مرۆڤ دەکەن، لە بەشی گۆرانی گۆرانییەکانی نێو پەیمانی کۆن جوانترین وێنای شعری ئیرۆتیکی بەرجەستەدەکرێت لە نامەو شعرەکانی سەلامۆ و کچێکدا، ئەوە بەشێکە لە سروشت، گوناحێکی گەورە دەکەین لایەکی سروشت و دیدگای خۆمان بۆ سروشت بشارینەوەو مەلاسی دەین، لە کەناڵەکانی دونیا وەک چۆن باسی چاو و کەللەسەر دەکرێت ئاواش باسی هەموو ئەندامەکانی تری لەش دەکرێت، ئەوە نە دەچێتە قاڵبی بازاڕگەرمکردن نە ئەوەش کە مەبەستێک هەبێت لە پشتی ناوهێناندا، هەر ئەندامێک ناوێکی هەیە هیچ زەرورەتێک نییە کە نەوێرین ناوی بێنین، کارەکتەرەکانی من لەنێو ڕۆمانەکەمدا ئازادن چۆن دەدوێن، من بۆم نییە سانسۆر لەسەر زمان و وێنای کاراکتەرەکانم دانێم، ئەوان بە ئازادی لە خەییاڵی مندا لەدایک دەبن و بە ئازادیش هەندێکجار ڕووتدەبنەوە و باسی ئەو لەگەڵ ئەو کەسە دەخەون کە دەیانەوێت، دەستدرێژییانە دەکەن کە کراوەتە سەریان و دەگرین بۆم، ئیشی من تەنیا ئەوەیە گوێیان لێبگرم و بیانبینم، تەلەموسی ناخی ئەوان بکەم و دواتریش بیانوسمەوە، هەر ئەوەشە وای کردوە لەلای مندا لەدایک ببن و لە نوسەرێکی تر بتۆرێن، کارەکتەرەکانی من هەندێکجار حەز دەکەن ڕوتبنەوە وێنەیەکی ڕوت بگرن لەوێدا دەچنە نێو فەلسەفەی نودیزم و ناتوریزم، ئەوە جۆرە فەلسەفەیەکە کارەکتەرەکانم زۆرخۆشیان لێدێت، نودیزم فەلسەفەێکە، جۆرە شیوازیێکی ژیانە کە لەوێدا، رووتبونەوە دەبێت بە مەدرەسەییەک دەبێت بەجۆریک لە باوەڕ، کە کارەکتەرەکانی من باسی مەینەتی و دەستدرێژیە نا مرۆڤانەکانی کۆمەڵگا دەکەن، خۆیان بۆ من هەڵدەڕێژن و هەموو دیوەکانی خۆیانم نیشاندەدەن، من ڕوحیان دەبینم، من خەییاڵم فرمێسکی لێ دەڕژێت، ڕوحم پەڕ پەڕ دەبێت، من شێوەنی کارەکتەرەکانی خەیاڵممە وام لێدەکات بیاننوسمەوە، پێم سەیرە خەڵکێک ئەو حاڵەتە تەفسیر بکات بۆ شتێکی تر، بەڵام لەوەش تتێدەگەم گەیشتن و تەلەمسکردن و بینینی هەموو لاکانی وێنا لە نوسیندا، ئەوەندە کارێکی ئاسان نیە. نەک تەنیا بۆ خوێنەر، بەڵکوو نوسەری زۆر هەن یەک دیوی وێنا دەبینن و بەدوای پشتی وێناکانەوە نین و درکی پێناکەن.

ئامادەکردنی دیدار: شاخەوان سدیق

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.