سۆسیالیزاسیونی منداڵ هەتا پێش قۆناغی هەرزەكاری

كاوە جەلال

پێشەكی
ئەم لێكۆڵینەوەیەی سۆسیالیزاسیۆن تەرخانكراوە بۆ قۆناغێكی پێگەیشتنی مرۆڤ كە قۆناغی منداڵییە لە زایینەوە هەتا پێش هەرزەكاری. لێكۆڵینەوەكە خەریكبوونە لەتەك پرۆسەی سۆسیالیزەكردنی مرۆڤدا وەك بوونەوەرێكی گەردوونی، كە دەبێت لەنێو كۆمەڵدا بژی، كە پێدەگەیەنرێت و ئەویش دەبێت كەسێتیی خۆی پێبگەیەنێت. بێگومان ئاشكرایە توێژینەوەی سۆسیالیزاسیۆن بەرهەمێكی خۆرئاوایە، لێرەشدا دەشێت كار بە دەستكەوتە هەمەلایەنییەكانی توێژینەوەی سۆسیالیزاسیۆن بكرێت، یان فاكتەرە گرنگەكانی سۆسیالیزاسیۆن بخرێنە ژێر لێكۆڵینەوە كە زۆر جار هەر یەكەیان بۆ خۆی بنەمای مێتۆدێكی پسیكۆلۆژییە، بەڵام لێرەدا مەرج نییە ئەو مێتۆدە كرابێت بە رێگەبڕینی هزریانەی لێكۆڵینەوەكە. بۆ نموونە ئێمە پابەند بە سۆسیالیزەكردنی منداڵەوە ناچارین جەخت لە پرسیاری فێربوون بكەین بەبێ‌ ئەوەی بەند بین بە تیۆریی فێربوونەوە (پاڤلۆڤ)، پێویستە شكۆفە و وەرفۆرماندنی رەفتار ئاشكرا بكەین، بەڵام مەرج نییە لێرەدا رەفتارگەرایی (واتا بێهاڤیۆریزم كە دەمێكە شكستی هێناوە) وەربگرین، هاوكات پێویستە رووبكەینە پرسیاری ئاوەڵابوونی بیركردنە و زمان لەلای منداڵ، بەڵام ئەمە وەرگرتنی مێتۆدی مەئریفە (cognition) نییە. مێتۆدی ئەم لێكۆڵینەوەیە شرۆڤەیی رەخنەییە، هەروەها پنتی لێوەدەرچوونەكەی وەرگرتنی مرۆڤە بە شێوەیەكی كۆنكرێت نەك ئەبستراكت، واتا مرۆڤێك كە هەمیشە بەندە بە ژینجیهانێكی تایبەتییەوە و ئەو ژینجیهانە مۆرك بە كەسێتی و رەفتاری ئەو دەدات، بەڵام ئەویش بە كردار و رەفتار و شێوازی هزرینی خۆی كاریگەری لەسەر ئەو ژینگەیە دەنوێنێتەوە كە ئەو تێیدا دەبزوێت، جگە لەوە لێكۆڵینەوەكە رەچاوی “دەستكەوتەكانی توێژینەوەی مەیدانی ناكات”، بە واتایەكی دی، نێوەندێكی كۆمەڵایەتی و كولتووریی تایبەتی وەك نموونە وەرناگرێت، بەڵكو تەنیا لە بواری تیۆریدا دەمێنێتەوە، بەڵام گەر بۆ دەربڕینێك نموونەی ئەزموونی (ئەمپیری) پێویست بێت، ئەوا ئەو نموونەیە تەنیا لە پەراوێزدا دەهێنرێتەوە.
ئامانجی ئەم لێكۆڵینەوەیە بەشداریكردنە لە دانوستاندنی ئەكادیمیانەدا سەبارەت بە گەشەی كەسێتی كە لە خێزانەوە سەرچاوەدەگرێت و لە فێرگە درێژەی پێدەدرێت، هەروەها سەبارەت بە پرسیاری فێركاری كە لە بەشە زانستیەكانی وەك سایكۆلۆژی، كۆمەڵناسی و فەلسەفە لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت، كەواتە پرسی سۆسیالیزاسیۆن بایەخی كارەكیی هەیە بۆ كێشە پراكتیكییەكانی كۆمەڵی كوردیی هەرێم، ئەمەش لە چەند روویەكەوە: وەك بەرهەمهێنانەوەی كەسێتیی سۆسیۆكولتووری لەسەر بنەمای دراوە چەسپێنراوەكان، یان بەردانی منداڵ لە لایەن دایك و باوكەوە و بەجێهێشتنی بۆ خۆشەكردن لە لایەن “پەیوەندییەكانی نێو كۆڵانەوە”، یان پرسیاری پێویستی بۆ ئاگایی پەروەردەیەكی مرۆڤپەروەرانەی منداڵ و هتد، ئەوجا كێشەی سۆسیالیزاسیۆنی فێرگەیی كە منداڵ بە دەرخكردن خۆشەدەكات بۆ بەرهەمهێنانەوە نەك كەسێتیی ئەو پێبگەیەنێت و پشتیوانیی بكات بۆ بوون بە كەسێكی بەتوانا و بەرپرسیار و هتد.

رێبەری

پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆنی تاكەكەس كێشەیەكی تایبەتمەندی مرۆڤییە و بەند نییە بە نێوەندە كۆمەڵایەتییە تایبەتیەكانەوە. ئەم هەقیقەتە مرۆڤییە روون دەبێتەوە، گەر بڕوانین، كە منداڵ لە ساتی هاتنییەوە بۆ نێو جیهان بەندە بە “ئەوانیدی”یەوە و بەبێ‌ لالێكردنەوەی “ئەوان” ناتوانێت خۆی بژێنێت.
لەبەر ئەوەی سۆسیالیزاسیۆن تێگەیەكی (مەفهومێكی) ئاڵۆزە و دەشێت مرۆڤ لە شیمانەی وەرگێڕانییەوە بۆ “بەكۆمەڵایەتیكردن” لە واتا كرۆكییەكەی دووربكەوێتەوە كە بەكەسكردنە، ئەوا سەرەتا لە بەشی یەكەمدا لەژێر ناونیشانی “تێگەی سۆسیالیزاسیۆن”دا هەوڵ دەدەین تێگەكە روونبكەینەوە و هاوكات جیاوازییەكەی لە پەروەردە پیشان بدەین.
بەشی دووەم (“شكۆفەی كەسێتی لە نێوچالاكیدا”) روودەكاتە سۆسیالیزەكردنی منداڵ لەنێو خێزان و فێرگەدا. تەوەری یەكەم (“سۆسیالیزاسیۆنی خێزانی پێش فێرگە”) لە گۆڕانی كەسێتی دەتوێژێتەوە پابەند بە پەیوەندیی منداڵ و دایك و باوكەوە. بڕگەی یەكەم لەژێر ناونیشانی “منداڵ لە باوەشی خێزان”دا پیشانی دەدات كە چەقی گۆڕانی كەسێتی منداڵ هەمیشە لەو جۆرەی پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆندایە كە سەرەتا لە خێزاندا بەردەخرێت. شێوازی خێزانیی سۆسالیزەكردن شەقڵ بە رەفتاری منداڵ دەدات پێش ئەوەی فێری رۆڵی كۆمەڵایەتی بووبێت. لەم رەوتەدا پێداویستییە خۆییەكان، رەمەك و پاڵهێزە (مۆتیڤە) ناخەكییەكان، لە رەوتی وەرگرتنی توخمە سۆسیۆكولتووریەكاندا (وەك زمان و نۆرمەكان) بە چەشنێك كاریان تێدەكرێت كە ئیدی لەلای منداڵ هێدی هێدی كەسێتییەكی سۆسیۆكولتووری سەرهەڵدەدات. بەڵام هاوكات لە سۆسیالیزەكردنی منداڵدا ناتوانین بەسەر “سۆسیالیزاسیۆنی تایبەت بە رەگەزەكان”دا (بڕگەی دووەم) بازبدەین. كوڕان و كچان لە منداڵیدا فێری رەفتاری رۆڵئاسا دەبن، ئەوان بەم رێیەوە دەگەن بە شوناسی كەسیی، واتا گەشە دەكەن بۆ بوون بە كوڕ یان بە كچ. راستە كە ئەوان لە رووی بیۆلۆژییەوە وەك كوڕ یان كچ دەزایێنرێن، بەڵام تێڕوانینی ئەوان سەبارەت بە رەگەزی نێر یان مێ بەسروشتی نەدراوە، بەڵكو مەرجی سۆسیالی هەیە. پاشان لە تەوەری دووەمی ئەم بەشەدا (“سۆسیالیزاسیۆنی فێرگەیی”) روو دەكەینە رۆڵی فێرگە وەك دامەزراوەیەكی دەوڵەتیی تایبەت بە سۆسیالیزەكردن. منداڵ بەڕێی داواكاریی فێرگەییەوە فێری شێوازی دیكەی رەفتارنواندن و كردار دەبێت. ئەركی فێرگە ئەوەیە كە توانستەكانی (كەفائەتەكانی) وەك نووسین، خوێندنەوە، ژماردن، هەروەها زانستی سروشتی، مێژوویی و ئێستێتیك و هتد، بە منداڵ بگەیەنێت، چونكە ئەو لە ئایندەدا پێویستی پێیانە بۆ ئەوەی بتوانێت داواكارییەكانی پرۆسەی كار بەجێبگەیەنێت.
بەڵام پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆن هاوكات لەژێر كاریگەریی “كولتوور”دا روو دەدات. بۆیە لە بەشی سێیەمدا، بە ناونیشانی “كاریگەریی كولتوور لەسەر پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆن”، هەوڵ دەدەین دانوستانی ئەم كێشەیە بكەین. روونكردنەوەی “تێگەی كولتوور” (تەوەری یەكەم) پیشانی دەدات كە كولتوور بریتییە لە بونیادی فێربوو و رێكخراوی رەفتار، ئێمە لێرەدا دەگەیەن بە سێكوچكەی كەس-كۆمەڵگە-كولتوور. پاشان لە تەوەری دووەمدا (“رۆڵی كولتوور لە سازاندنی كەسێتیدا”) روونیدەكەینەوە كە چۆن كولتوور وەك نێوەندێكی كردار مەرج بۆ نواندنی كردار دادەنێت. ئێمە لێرەدا ئەو شێوەیەی سۆسیالیزاسیۆن دەبینین كە لە لایەن كۆمەڵگەیەكی تایبەتییەوە دەخوازرێت، واتا داخۆ كۆمەڵگە نرخ بە هۆشرایەڵی و ژێرخستنی تاك بدات یان بە سەربەخۆیی و بەدیهێنانی كەسی.
زمان لە پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆندا واتایەكی تایبەتی وەردەگرێت. لە بەشی چوارەمدا بە ناونیشانی “گۆڕانی زمان لەلای منداڵ” روو دەكەینە ئەم توخمە كرۆكییەی سۆسیالیزاسیۆن. “زمان وەك دەركەوتەی تایبەت بە مرۆڤ” (تەوەری یەكەم) لەوە دەكۆڵێتەوە كە زمان دەركەوتنی شێوازەبوونێكی تایبەتیی مرۆڤە و لە ئاژەڵ جیایدەكاتەوە. كاراییەكانی مێشك فاكتەرێكی سەنترالین بۆ فێربوونی زمان، پێویستە چەند پرۆسەیەكی مەئریفەیی گەشە بە پێش فێربوونی زماندا راببورن كە ئیدی دوای گەیشتن بە ئامادەبوون بۆ زمان، زمان دەتوانێت بەڕێی وروژێنەرەكانی شوێنەوارەوە ئاوەڵا ببێت. بەم پێیە ئێمە دەبێت خۆمان بە “فێربوونی زمانی دایك”ـەوە خەریك بكەین (تەوەری دووەم). بڕگەی یەكەمی ئەم تەوەرە روودەكاتە “قۆناغی (Phase) پێش زمان”. دەربڕینە دەنگییەكانی منداڵی شیرەمژە كەرەسەی خاون كە لێوەی دەنگە راستەقینەكانی پەیڤین دێنە ئاراوە. منداڵ فێری پەیڤین دەبێت پێش ئەوەی توانستی هزرینی هاتبێتەگۆڕێ‌. چۆن ئەو ناچارە زۆر داب و نەرێت لە دایك و باوكییەوە فێرببێت، بە هەمان شێوە ناچارە فێرببێت كە چ وشەیەك بە چ بابەتێك دەگونجێت. پاشان لە بڕگەی دووەمدا (“ئاوەڵابوونی زمان لە فێرگە”) دەبینین كە فێركار لە فێرگە رۆڵی دایك و باوك وەردەگرێت، بەڵام ئەو نەك تەنیا بە زمانێكی نووسراو هەوڵ بۆ پێگەیاندنی منداڵ دەدات، بەڵكو شێوازی خۆیی، زمانی ئاخافتنی، كاریگەرییان لەسەر گەشەی منداڵ هەیە.
بەشی یەكەم: تێگەی سۆسیالیزاسیۆن

ئایا لە چ روانگەیەكەوە دەتوانین پرسی سۆسیالیزاسیۆن بەگونجاوی روونبكەینەوە؟ ئایا پێكهاتەی سروشتیی مرۆڤ پاڵهێزە بۆ ئەوە كە تاكەكەس خۆی بە ژینگەكەی بگونجێنێت، وەك چۆن ئالپۆرت بەگوێرەی ‘تیۆریی پێكهاتەی ناخەكی‘ (Dispositionstheorie) جەختی لێدەكات ( )، یان سۆسیالیزاسیۆن بەڕێی كۆمەڵگەوە وەك پرۆسەیەكی نۆرماتیڤ (معیاری) شیاوی روونكردنەوەیە، وەك دوركهایم دەیبینێت؟ بە دیدی دوركهایم گەرەكە لە سۆسیالیزاسیۆندا ” كرۆكێكی دی بە بوونەوەری منگەرا و ناسۆسیالی ساوا بدرێت، كرۆكێك كە بتوانێت ژیانێكی سۆسیال و ئاكاریی بەڕێوەبەرێت” ( ).
گەرچی مرۆڤ بوونەوەرێكە لە سروشتییەوە دەتوانێت خۆی بە ژینگەكەی بگونجێنێت، بەڵام یەكلایەنی دەبێت گەر تەنیا لە پێكهاتەی سروشتیی مرۆڤەوە لە پرسی سۆسیالیزاسیۆن بڕوانین، هاوكات یەكلایەنی دەبێت گەر وای بۆ بچین كە سۆسیالیزاسیۆن لە لایەنێكەوە كە كۆمەڵگەیە، ئاڕاستەی مرۆڤ دەكرێت و لێرەشدا وەك بابەتێكی بێلایەن یان وەك دەسوێژ بۆ گونجاندن دایدەنێت، بە پێچەوانەوە سۆسیالیزاسیۆن روو دەكاتە مرۆڤ وەك كەسێكی چالاك كە خۆی لە نێوچالاكیدا (Interaktion) دەبینێتەوە. ئەمە لە روویەكی سنووردارەوە بەكۆمەڵایەتیكردنە، بەڵام سۆسیالیزاسیۆن زۆرتر لەمە و بەتایبەتی ‘بریتییە لە بەكەسكردن‘ (Personalization)، لێرەشدا ‘كەس‘ واژەیەكە بۆ “رەهەندی هۆشەكیی مرۆڤ و توانای ئەو بۆ لێرەبوون (الوجود)” ( ). سۆسیالیزاسیۆن وەك بەكەسكردن بریتییە لە “پرۆسەی گۆڕانی تاكەكەس بە ئاڕاستەی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی (…). تاكەكەس دەتوانێت بەڕێی خەریكبوونی چالاكەوە لەتەك نۆرم و بەها و هەڵوێستی كۆمەڵگەیەك و كولتوورەكەیدا پتر گەشە بكات و ئەركەكانی هاوڵاتییەكی بەتوانا وەربگرێت” ( ). ئێمە لێرەدا بەندین بە پرۆسەیەكی سەرجەمییەوە كە لە رەوتیدا تاكەكەسێك، بەڕێی مامەڵەی چالاك یان ناچالاكەوە لەتەك كەسانی دیكەدا، دەگات بە شێوازەكانی رەفتاری سۆسیال و فۆرمە كولتوورییەكان، ئەم شێوازانەش پاشان تایبەتمەندییەكی كەسیی وەردەگرن. بەمەدا دەردەكەوێت كە بۆچی لەنێوان كەسانی كۆمەڵگەیەكی تایبەتیدا، سەرباری كاریگەریی پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆن، جیاوازیی درشت هەیە.
بەڵام هەڵە دەبێت گەر باوەڕ بكەین، كە سۆسیالیزاسیۆن تەنیا بەكەسكردنی منداڵە. لە بنەڕەتدا نەك تەنیا منداڵ، بەڵكو كەسی كامڵیش بەدرێژایی ژیانی لەنێو پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆندایە، ئەمەش وەك خەریكبوون و ناكۆكی لەتەك ژینگەی كۆمەڵایەتی و دراوە كولتوورییەكاندا یان خۆگونجاندن پێیان. نەك تەنیا منداڵ، بەڵكو كەسانی كامڵیش لە رەفتاریاندا هەندێك جار “چاو لە كەسانی دیكە دەكەن”، هەندێك جار رەفتاری رەچاوكراو راستەوخۆ دەكەن بە نموونەی كرداری خۆیی، یان هەندێك جاری دی درەنگتر لاسایی دەكەنەوە، چونكە “من”-ی مرۆڤ چەقی پەیوەندییەكانی خۆی لە “ئەوانیدی”دا دیاری دەكات: “هەڵوێستی، هزرینی، پلاندانان و كرداری، هەمیشە رووەو ئەوانیدی ئاڕاستە دەدرێن، جا گەر تەنانەت ئەوانیدی لە واقعی دەرەكیی ئەودا ” ئامادە نەبن ( ).
ئێمە پێویستە هاوكات جیاوازی بكەین لە نێوان تێگەی سۆسیالیزاسیۆن و پەروەردەدا. سۆسیالیزاسیۆن پرۆسەیەكە كە لە رەوتیدا ئۆرگانیزمێكی مرۆڤیی بە پێكهاتەیەكی بیۆلۆژییەوە گەشە دەكات بۆ كەسێتییەكی بەتوانا بۆ كردار، بەڵام پەروەردە تێگەیەكە “كە لەژێر سەرتێگەی سۆسیالیزاسیۆندایە”، یان “واژەیەكە بۆ هەموو ئەو كردار و ئیجرایانە كە مرۆڤان دەیاننوێنن بۆ ئەوەی كار بكەنە سەر گەشەی كەسێتیی مرۆڤ و پشتگیریی ئەو گەشەیە بكەن بەگوێرەی پێوەری تایبەتمەندی بەهایی” ( ).

بەشی دووەم: شكۆفەی كەسێتی لە نێوچالاكیدا (Interaction)

سۆسیالیزەكردنی منداڵ لە كاتی زایینەوە لەنێو خێزاندا سەرچاوە دەگرێت و لە فێرگە درێژەی پێدەدرێت، لەم رەوتەدا منداڵ بەڕێی نێوچالاكییەوە فێردەبێت خۆی بە داواكاری و چاوەڕوانیی ئەو گرووپانە بگونجێنێت كە ئەو لەنێویاندایە.

تەوەری یەكەم: سۆسیالیزاسیۆنی خێزانی پێش فێرگە
بڕگەی یەكەم: منداڵ لە باوەشی خێزاندا

منداڵ لە یەكەم ساتی هاتنیەوە بۆ نێو جیهان بەندە بە ئەوانیدییەوە ‌و بەبێ‌ لالێكرنەوە و ئاگاداریی ئەوان ناتوانێت خۆی بژێنێت، بۆیە چەقی گۆڕانی كەسێتیی منداڵ هەمیشە لەو جۆرەی پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆندایە كە سەرەتا لەنێو خێزاندا دێتە گۆڕێ‌. لێرەدا جیهانبینیی دایك و باوك، واتا شێوازی هزرین و تێڕوانینیان بۆ جیهان، رۆڵی گرنگ لەوەدا دەگێڕێت كە چۆن منداڵەكەیان ئامادە دەكرێت بۆ بوون بە ئەندامێكی چالاكی كۆمەڵ، ئەمەش شەقڵ بە شێوازە تایبەتیەكانی رەفتاری منداڵ دەدات پێش ئەوەی فێری رۆڵ و نۆرمی كۆمەڵایەتی بووبێت. لە بنەڕەتدا شێوازەكانی سۆسیالیزاسیۆن بەزۆریی سەرەنجامی ئەم جیهانبینیەن: خێزان، جا دەوڵەمەند بێت یان هەژار، شاریی بێت یان گوندی یان رەفتارلادێیی، بە شێوازی هزرینی كاریگەرییەك دەنوێنێت لەسەر جۆری چێبوونی ئەو تاكە كە لە داهاتوودا وەك كردارنوێنێكی كۆمەڵایەتی دەردەكەوێت. بۆ نموونە لە خێزانێكی ئۆتۆریتێری باوكسالاریدا پتر رەچاوی ‘بەخێوكردن‘ یان ‘خۆشەكردن‘ دەكرێت ‌و هەوڵا دەدرێت منداڵ لەنێو ئەو نەریت ‌و رەوشتانەدا ببەسترێتەوە كە باوك ‌و دایك، بێگومان بەزۆری باوك، وەك هەقیقەتی ئەزەلی ‌و نەشیاوی خۆلێلادان سەیری دەكەن. نموونەیەك بۆ شێوازی هزرین بریتییە لە گەیاندنی بنەماكانی ئایینێك بە منداڵ كە ئەو بەهۆی ئاستی شكۆفەی مێشك و بەمەش پێشبینییەكانییەوە ناتوانێت لێیان تێبگات، وەك سەرەنجامی ئەم گەیاندنەش بەزۆریی ترس لە ناخی منداڵدا سەرهەڵدەدات – ترس لەو زاتانە و سزاكانیان كە دەشێت بیكەن بە كەسێكی دەستەمۆ. ئێمە لێرەدا بەندین بە هەقیقەتی بێتواناییەوە وەك تایبەتمەندییەكی منداڵ.
بێتوانایی مرۆڤی منداڵ بریتییە لە كەمایەسییەكی مرۆڤیی كە بەهۆیەوە فێربوون (بە پۆزەتیڤ وەك ئاوەڵاكردنی توانستی هۆشەكی یان بە نێگەتیڤ وەك سنووردانان بۆ توانستی هۆشەكیی منداڵ كە لەو نموونەیەی سەرەوەدا دەردەكەوێت) واتایەكی جەوهەری وەردەگرێت. لە بنەڕەتدا فێربوون لە یەكەم رۆژی هاتنی منداڵەوە بۆ نێو جیهان، لە یەكەم گرتنی گۆی مەمكی دایكییەوە بە لێوەكانی، كەواتە لەو كاتانەوە كە منداڵا هێشتا فێرنەبووە تێڕوانین لەسەر شتەكانی ژینگە چێبكاتو وەك پرۆسە ئاوەڵا دەبێت. “فێربوون بەگشتی لەسەر رەوتێكی ئۆرگانی روودەدات، ئەویش كاتێك منداڵا گرنگیدانەكانی خۆی بە شێوەیەكی سپۆنتان (عفوی) ئاڕاستەی ئەو جێیانە دەكات كە ئەو لێیان جۆش و شیمانەكانی جووڵە بۆ خاتری ئەو گۆڕانە هۆشەكی ‌و جەستەییانە بەدیدەكات كە لە پێگەیشتندان” ( ). كەواتە لە یەكەم رۆژی هاتنی منداڵەوە بۆ نێو جیهان شێوەیەكی لێكخشان لە نێوان ئەوی كۆرپە و ژینگەدا (سەرەتا خێزان وەك راسپێرراوی رێكخراوی كۆمەڵایەتی ‌و پاشان دامەزراوی دیكەی وەك باخچەی منداڵان و فێرگە و هتد) دێتە ئاراوە ‌و نیشانەیە بۆ ئەوە كە منداڵا تەنیا لەنێو كۆمەڵا ‌و كولتوورێكی تایبەتیدا شیمانەی بۆ ئاوەڵابوون هەیە. “كاریگەریی ئەوانیدی لەسەر رەفتاری تاك بەوەدا دەردەكەوێت كە زۆربەی رەمەك و پێداویستییە مرۆڤییەكان تەنیا لەنێو چێوەیەكی سۆسیالدا شیاوی بەدیهێنانن. بە تایبەتی لە منداڵیدا كە بەها بناغەییە كولتووریەكان سۆسیالیزە دەكرێن، تاك بەندە بە لالێكردنەوەی كەسانی دیكەوە و ناتوانێت بەبێ‌ ئەوان پێداویستیەكانی خۆی ساتار بكات، ئەمەش تەنیا وەرگرتنی خۆراك و پاراستن لە سەرما ناگرێتەوە، بەڵكو هەروەها هێمنكردنەوەی منداڵ بەهۆی پەیوەندییەوە. لەبەرئەوەی ئەم پێداویستیانە بەڕێی پەیوەندیی نێویەكیەوە ساتار دەكرێن، ئەوا لە رەوتی هەوڵەكانی سۆسیالیزاسیۆندا دەبن بە بناغەی یەكەم ئەزموونەكانی منداڵ. لەم هەوڵە دامەزراوەییە بنەماییەوە، هەروەها لە هەوڵەكانی خێزانی ناوكییەوە كە بەڕێیانەوە مەرجی جیاواز بۆ دابینكردنی پێداویستییە كەسییەكان ئامادە دەكرێن، تایبەتمەندیەكانی رەفتاری كۆمەڵگەیەك سەرهەڵدەدەن و بریتین لە زەمینەی رەفتارەكانی تاكەكەسان و پەیوەندیە نێوكەسییەكان” ( )
لەنێو چێوەی سۆسیالیزاسیۆندا پێداویستیە خۆییە بناغەییەكان، بە تایبەتی رەمەكەكان (برسێتی، سێكسوالێتی، نووستن)، هەروەها پاڵهێزە (مۆتیڤە) ناخەكییەكان (هەوڵدان بۆ دانپێدانان لەلایەن ئەوانیدییەوە، لالێكردنەوە)، لە رەوتی وەرگرتنی توخمە سۆسیۆكولتووریەكاندا (زمان، نۆرم) بە شێوەیەكی ئەوتۆ كاریان تێدەكرێت، كە ئیدی لە سەرەنجامدا كەسایەتییەكی سۆسیۆكولتووریی وەك سەرەنجامی كاریگەریە نێویەكیەكانی تاك و ژینگەی كۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە.
بەڵام دەبێت پەیوەست بە كێشەی كاریگەرییەوە دوو ئاڕاستە دیاری بكەین: لە لایەك گەشە یان بەدگەشەی منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی دایك و باوك، هەروەها بۆ پەروەردەكاران (بۆ نموونە فێركاران)، بەڵام لە لایەكی دی، وەك ئاڕاستەی دووەم، “منداڵانیش كاریگەری لەسەر دایك و باوك و پەروەردەكاران” و لێرەشەوە “لەسەر سەرجەم گۆڕانی كولتووری” دەنوێنن ( ). توێژینەوەكان لە بواری (Child effect)دا ئاشكرای دەكەن كە كاریگەریی منداڵ لەسەر دایك و باوك و كێشەی خۆگونجاندن لەكاتی “دووگیانییەوە” سەرچاوە دەگرێت و منداڵان “هەتا تەمەنی پێگەیشتوویی ریزێك ئەركی گەشەیی دەخەنە بەردەم دایك و باوكیان: زایین، مشووری خۆراك و سەرپەرشتیی مەلۆتكە، ناونووسكردنی منداڵ لە فێرگە، هەڵبژاردنی پیشە” و هتد. ئەم جۆرە ئەركانە بریتین لە “پەڕینەوەی كێشەیی بۆ دایك و باوك، كە لەتەك خۆیاندا دۆخگۆڕیی ئاشكرا لە رەوتی ژیانی رۆژانە و پیشە و هاوسەرێتیدا دەهێنن”. ئەو شتانە كە واتای كرۆكییان بۆ ئەوان هەیە، هەروەها بەرپرسیارییەكان، ئەوجا دۆخی ناخەكییان و ئەو شتانەی ئەوان لە ژیانیاندا گرنگییان پێدەدەن، لە رەوتی كێشەكانی گەشەی منداڵەوە بە شێوەیەكی جەوهەری كاریان تێدەكرێت ( ). منداڵان لە هەموو قۆناغێكی تەمەندا دایك و باوكیان بەرەنگاری روانگە و نرخاندنی “لەڕێچكەلادەر” دەكەنەوە ( ). بەڵام منداڵان هەروەها زۆر جار لە رەوتی فێربوونی فێرگەییدا، هەروەها لە رەوتی ئەزموونیاندا كە بەهۆی پەیوەندییەوە لەتەك منداڵانی دیكەدا دەیكەن، زانینی نوێ‌ بە دایك و باوكیان دەگەیەنن، لێرەشەوە زۆر جار تێڕوانین و هەڵوێستی ژیانیان دەگۆڕن.
بڕگەی دووەم: سۆسیالیزاسیۆنی تایبەت بە رەگەزەكان

سۆسیالیزاسیۆن رووداوگەلی ئاڵۆزتر لەخۆدەگرێت كە دەتوانین ناویان بنێین فێربوونی رۆڵ. “رۆڵ بریتییە لە (…) نموونەیەك بۆ سەرجەمێتیی رەفتار (…): رۆڵی رەگەزی، رۆڵی خزمایەتی، رۆڵی پیشەیی و هتد. بەڵام بە فێربوونی رۆڵەوە فێربوونی نۆرم و بەها لكاوە”، ئەم نۆرم و بەهایانە “كە چاوەڕوانین و كۆمەڵایەتییانە پێناسەكراون، دەدرێن بە هەڵگرانی رۆڵەكە و بۆ ئەوانیش واتای فرمان دەگەیەنن، بۆ ئەوەی بەو چاوەڕوانییانە بگونجێن” ( ). فێربوونی رۆڵ پەیوەست بە رۆڵی نێرینە و مێیینەوە ئەو واتایە دەگەیەنێت كە منداڵ “فێر ببێت هێدی هێدی رەفتار بنوێنێت و هەست بكات و جیهان راڤە بكات وەك ئەو كەسانەی كە خۆیان لەنێو هەمان جۆری كەسییدا دەبیننەوە” ( ). تەنانەت لە تەمەنی منداڵیدا كوڕان و كچان فێری رەفتاری رۆڵئاسا دەبن، ئەوان لە لایەن دایك و باوك، هەروەها هەڵگرانی دیكەی سۆسیالیزاسیۆنەوە، دەنۆرمێنرێن و بەمەش شوێن ی كرداریان دیاری دەكرێت. “یەكەم داواكارییە سادەكان بۆ ئەوە كە چۆن گەرەكە مرۆڤ وەك كوڕ یان كچ ڕەفتار بنوێنێت، لە رەوتی ئایندەی پێگەیشتنیاندا و هەروەها تەنانەت لە خودی تەمەنی كامڵیدا تایبەتێتییان پێدەدرێت. بەم شێوەیە تێڕوانینی وشكهەڵهاتوو سەرهەڵدەدەن: بۆ نموونە پیاوان گەرەكە بەهێز و بێسۆز و سەركەوتوو بن، بەڵام كچان بە پێچەوانەوە لاواز و هەستدار بن و كەسانی دەوریان سەغڵەت نەكەن. ئەم شێوازانەی تێڕوانین تەنانەت لە لای منداڵانی پێنج ساڵان هەن (…)” ( ).
منداڵان لە رووی بیۆلۆژییەوە وەك كوڕ یان كچ دەزایێنرێن، بەڵام ئەو پرسیارە كە چۆن ئەوان گۆڕان بە تایبەتمەندییە رەگەزییەكانی رەفتار دەدەن یان “ئەوان چ چاوەڕوانییەك بە ‘نێربوون‘ یان ‘مێبوون‘ـەوە دەلكێنن، ئەمە بە سروشتی نەدراوە. پێشبینی سەبارەت بە مێبوون یان نێربوون مەرجی سۆسیالی هەیە. ئەم پێشبینییە دێتە ئاراوە بەڕێی وەرگرتنی پێشدراوە سۆسیالەكان و هەروەها لە خەریكبووندا بە ژینگەوە” ( ). منداڵ لە یەكەم رۆژی هاتنیەوە بۆ نێو جیهان بەرەنگاری چاوەڕوانی و شێوازی رەفتاری رەگەزی دەكرێتەوە. “دایك و باوك بە زایینی كوڕێكەوە روانگە و رەوتی ژیان و هیوا و مشوری جیاوازتر دەلكێنن وەك بە زایینی كچێكەوە. ئەوان (زۆر جار بەبێ‌ ئاگا) بەرانبەر بە شیرەمژەیەكی نێرینە فۆرمی دیكەی نێوچالاكی، یان بزووتنی جیاوازی جەستەیی و گوزارشتی روخسار پیشان دەدەن وەك بەرانبەر شیرەمژەیەكی مێیینە، ئەوان كوڕان جیاواز لە كچان دەپۆشن و هتد. بەم شێوەیە ئەوان لەلای مەلۆتكەی نێر و مێ‌ شێوازی جیای رەفتار دەهێننە ئاراوە” ( ).
لە رەوتی ساڵانی سەرەتای ژیاندا چاوەڕوانی و وەڵامدانەوەكان، راڤەی تایبەتیی رەفتار، دەسوێژەكان بۆ نواندنی پەستان كە تایبەتمەندیی رەگەزییان هەیە، هەمیشە پتر پەرەدەسێنن، كە ئیدی منداڵ زۆرتر چالاك دەبێت و لە پراكتیكە سۆسیالەكاندا بەشداری دەكات. هاوكات منداڵ لە رووی رەگەزییەوە وردتر دەركی ژینگە دەكات و راڤەی دەكات. بەم شێوەیە منداڵ لە خێزاندا و بەڕێی لایەنە دەرەكییەكانی سۆسیالیزاسیۆنەوە، بۆ نموونە هەڤاڵان، پەڕتوكی وێنەیی، تەلەڤیزیۆن، ناوەندی گشتی (شەقام، دوكان، هۆكانی گەیاندن) و رێكلام و هتد، ئەزموونی ئەوە دەكات كە مێبوون یان نێربوون چ واتایەك دەگەیەنێت ( ).
منداڵ دوای زایین پەیوەندییەكی بەهێزی بە دایكەوە هەیە، چونكە دایك لە پلەی یەكەمدا مشووری منداڵ دەخوات، بەڵام بۆ ئەوەی منداڵ بتوانێت گۆڕان بە ئاگایی كەسێتیی خۆی بدات، ئەوا دەبێت خۆی هێدی هێدی لە دایك جیابكاتەوە. “ئەم پرۆسەیەی جیابوونەوە لەلای كوڕان و كچان جیاوازە. كچان زۆرتر لە كوڕان لە دایكیان نزیك دەمێننەوە. كچ لێرەدا دەتوانێت بەڕێی نزیكییەوە لە دایك هەستێكی بۆ شوناسی كەسیی هەبێت و ئەم هەستە زۆرتر رێ‌ بە بەردەوامی (ئیدامە) و نزیكی دەدات وەك لەلای كوڕان. لێرەوە لای كچان ئەوە وەك سەرەنجام دەكەوێتەوە كە لە لایان ئەدگارەكانی وەك هەستناسكی و هاوهەستیی سۆزمەند” ( ) سەرهەڵدەدەن. گەیشتن بە شوناسی رەگەزی بریتییە لە پرۆسەی گەشەی منداڵ بۆ بوون بە كوڕ یان بە كچ.
باخچەی منداڵان لەپاڵ خێزاندا بریتییە لە گرنگترین نێوەندەكانی سۆسیالیزاسیۆن بۆ منداڵان لە نێوان تەمەنی سێ‌ تا شەش ساڵی ( ). لێرە نەك تەنیا بە مەبەستی پەروەردەییەوە ژینگەكی تایبەتی و پسپۆرانە (وەك ئامرازی گەمە، رووی دەرەوە و ناوەوەی بینا و هتد) چێدەكرێت، بەڵكو لێرە منداڵان رۆژانە فێر دەبن كە لە پەیوەندییەكی سۆسیالی گەورەتردا كرداربنوێنن. لێرە زۆر جار پرۆسە رەگەزییەكانی سۆسیالیزاسیۆن بە چەشنێك روودەدەن كە خودی پەروەردەكاران ئاگایان لێیان نییە. ئەوان زۆر جار دەرك بەوەش ناكەن كە چ وێنەیەكی تایبەتیی رەگەزیان هەیە كە رەفتاری خۆییان دیاری دەكات و كاریگەری لەسەر منداڵان دەنوێنێت. كوڕان و كچان لە سەرەتای تەمەنی باخچەی منداڵاندا فێر بوون كە چاوەڕوانییە رەگەزییە تایبەتیەكان چ واتایەكیان بۆ ئەوان هەیە، ئەوان هەروەها گۆڕانیان داوە بە شوناسێكی سەرەتایی سەبارەت بە رەگەزی خۆیان. ئەوان دەزانن كور یان كچ بە چی گەمە دەكات، چ ئەدگارێكی رەفتار بەگشتی بە كوڕان یان بە كچان دەدرێت و هتد.
تەوەری دووەم: سۆسیالیزاسیۆنی فێرگەیی

منداڵ لایەنی كەم لە تەمەنی شەش ساڵییەوە هەموو رۆژێك، جگە لە رۆژانی پشوو، چەند سەئاتێك لە فێرگە بەسەردەبات و ئەمەش لایەنی كەم نۆ ساڵ دەخایەنێت. منداڵ لەم ماوە درێژخایەنەدا نەك تەنیا لە خۆیەوە مامەڵەی جیاواز لەنێو فێرگەدا دەكات، بەڵكو هاوكات لە رەوتی پەیوەندییە نێویەكییەكاندا، هەروەها بەڕێی داواكاریی فێرگەییەوە، فێری شێوازی دیكەی مامەڵەكردن و رەفتارنواندن دەبێت، كە پێكڕا گۆڕان بەسەر شێوازە خۆییەكانی كرداری ئەودا دەهێنن.
بۆ نزیككەوتنەوە لە سۆسیالیزاسیۆنی فێرگەیی پێویستە سەرەتا بپرسین كە داخۆ سیستەمی فێركاری بە چ شێوەیەك پەیوەندە بە كایەكانی دیكەی كۆمەڵگەوە. ئاشكرایە كاراییەكی سۆسیالیزاسیۆنی فێرگەیی بریتییە لە گەیاندنی توانست، چونكە فێرگە بۆ ئەوە كارا كراوە كە بە منداڵان توانستەكانی وەك نووسین و ژماردن، زانستی سروشتی و ئێستێتیك و هتد بگەیەنێت، كە منداڵان لە ئایندەدا پێویستیان پێیانە بۆ ئەوەی بتوانن داواكارییەكانی پرۆسەی كار بەجێبگەیەنن. ئەركێكی دیكەی فێرگە ئەوەیە كە دەرفەت بڕخسێنێت بۆ ئەوەی منداڵ لە رەوتی سۆسیالیزەكردندا شكۆفەی ناخەكی بكات و لێرەشەوە بۆی بلوێت گۆڕان بە توانای خۆیی بدات، ئەوجا لە كاری تیمدا (كۆییدا) جێگەی خۆی بكاتەوە و خۆی بگونجێنێت. دامەزراوەكان كە نوێنەرایەتیی بوارە كولتوورییەكان دەكەن، لەوانە زانكۆ، سەنتەرەكانی توێژینەوە، دامەزراوە هونەرییەكان و یانەكانی وەرزش، “چاوەروانیی ئەوە لە فێرگە دەكەن كە لایەنی كەم (…) گۆچانێكی تێگەیشتن و گرینگیدان و مەئریفە و توانست بۆ نەوەی نوێ‌ ئامادە بكات، بەمەش شیمانەی هاتنی منداڵ بۆ نێو رەهەندەكانی ژیانی كولتووری ئاوەڵا بكات” ( ).
ئەركێكی دیكەی فێرگە لە سۆسیالیزەكردنی منداڵدا ئەوەیە كە هەوڵ بدات هەڵوێستی بەهایی و شێوازەكانی راڤەكردنی پێبگەیەنێت. كەواتە ئەركی فێرگە لەم كاراییەیدا گەیاندنی كولتوورە، ئەم ئەركە هاوكات بریتییە لە بنیاتنان و گۆڕان بە شوناسێكی كولتووری. بەڵام پێویستە لەم پەیوەندییەدا جەخت لە هەقیقەتێك بكەین، واتا “ئەوە كە لە كۆمەڵگەدا وەك پۆزەتیڤ، ئەوەش كە سیستەمی سیاسی رەوایەتیی پێدەدات، بۆ نموونە سەركەوتن (نەجاح) بەڕێی توانستی بەدیهێنانەوە، یان هۆشرایەڵی و هتد، وەك بابەتی سەرەكیی وانە ناگەیەنرێن، بەڵكو لە لاوە وەك ‘پەیڕەوی شاراوە‘ (hidden curriculum)( ) دەگەیەنرێن. زۆر جار خودی بەشداریكەران نازانن كە ئەم فاكتەرە لاوەكییانە چ واتا و شێوازێكی كاریگەرییان هەیە” ( ).
‘پەیڕەوی شاراوە‘ بە هەمان شێوەی پلانی فەرمیی فێركاری كارایە لە سۆسیالیزەكردنی منداڵدا، چونكە ‘پەیڕەوی شاراوە‘ هەموو ئەو ئەزموونە سۆسیالانەی فێربوون لەخۆدەگرێت كە منداڵان لە ژیانی رۆژانەی فێرگەدا دەیانكەن، بۆ نموونە ژیان لە فێرگە لەوبەر پلانەكانی فێركارییەوە، یان رێنوما و رێساكانی فێرگە كە پلانی فێرگەیی نین، بەڵكو دەسەپێنرێن و كارگەریی لەسەر رەفتاری فێرخوازان دەنوێنن، ئەوجا چەوساندنەوەی دەربڕینی كتوپڕی پێداویستییە خۆییەكان، یان ریزبەندی لەنێو گرووپدا و دانانی منداڵان لەژێر ركێفی مەبەستەكانی دامەزراوەی فێركاریدا.
لە ‘پەیڕەوی شاراوە‘دا چەند رەوشێك هەن كە واتای كرۆكییان هەیە بۆ سۆسیالیزەكردنی منداڵ. كێشەیەكی كرۆكی بریتییە لە فەزا و كات. “ژینگەی فەزایی هێزێكی فۆرمێنەرە” بە كاریگەریی بەهێزەوە لەسەر مرۆڤ. شێوەی بینای فێرگە و پۆلی وانە كاریگەرییان هەیە لەسەر هەستی حەسانەوە و میزاجی فێرخوازان بۆ فێربوون. نەخشەی فێرگە بەڕوونی پیشانی فێرخوازانی دەدات كە پلاندانەرانی بیناكە چ پێشبینییەكیان بۆ فێرگە و وانە هەیە و چۆن ژیانی فێرخوازان دەنرخێنن. هەروەها فۆرماندنی ژوورەكانی وانە، بۆ نموونە ریزبەندیی مێزەكان، ئەو هەستە بە فێرخوازان دەدات كە مامۆستایان چاوەڕوانیی چی لە ئەوان دەكەن. بابەتەكانی نێو دامەزراوەی فێرگە تەنیا رێ‌ بە نێوچالاكی و بزووتنی تایبەتی دەدەن: فێرخوازان بۆیان هەیە بڕۆن، دابنیشن یان بووەستن، بەڵام بۆیان نییە رابكەن یان پاڵبكەون. بەڵام لەپاڵ كێشەی فەزادا كێشەی كات هەیە. منداڵان بەڕوونی دەبینن كە كاتی فێربوون لەسەر بنەمای ساڵ و رۆژ و سەئات دیاریكراوە، بەڵام ئەوان هاوكات دەبینن كە فێركاران بە پێچەوانەوە كاتیان هەیە، دەبینن ئەوە فێركارانن كە پلانەكانی فێركاری دادەنێن و دەسەڵاتیان هەیە بۆ ئەوەی سەرەتای وانە و كاری تاك یان گرووپ دیاریبكەن ( ).
رۆڵێكی “‘پەیڕەوی شاراوە‘ بریتییە لە نرخاندنی ‘ئەنجامەكان‘ و بەم رێیەوە كار دەكاتە سەر گەشەی كەسێتی بە سەرەنجامێكەوە كە لە نێوان فێرخوازانی باش و ناباشدا جیاوازی لە هەستی خۆیی و متمانەكردندا بە خۆ سەرهەڵدەدات. ئەو منداڵانە كە ئەنجامی فێرگەیی باشیان هەیە، پێشبینییەكی سەقامگیرتری كەسێتیی خۆیانیان هەیە لەو فێرخوازانە كە كەمتر سەركەوتوون. كەواتە فێرگە بەهێزتر لە خێزان دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوە كە فێرخوازان خۆیان بە كەسانی دی بەراورد بكەن، یان دەرك بكەن كە چۆن ئەوان لە لایەن كەسانی دیكەوە دەنرخێنرێن. بەم شێوەیە نرخاندنی بەدیهێنانە فێرگەییەكان دەبێت بە بەشێكی شوناسی كەسیی”. ( )
ئێمە هاوكات لە فێرگە سۆسیالیزاسیۆنی تایبەت بە رەگەزەكان دەبینین، بەڵام لەم پەیوەندییەدا پێویستە لە پێگەیاندنی كوڕان و كچاندا رەچاوی فێرگەی تێكەڵ یان جیاكراوە بكەین. لە سۆسیالیزاسیۆنی فێرگەیی جیای رەگەزەكاندا هەر لە سەرەتاوە دیوارێك لە نێوان منداڵانی نێر و مێدا هەڵدەچنرێت، كە ئیدی لەم تەمەنەوە شێوازەكانی دەربڕینی ئارەزوویان بۆ یەكتری، شەرم لە یەكتری، ناز بەسەر یەكتریدا، سەرهەڵدەدەن، كەواتە لەم تەمەنەوە گەرای كاریگەرییە دەروونییەكان لەسەر كوڕان و كچانی گەنج دادەنرێت، بەم رێیەشەوە فۆرمی باوی رێكخراوی كۆمەڵایەتی بەرهەمدەهێنرێتەوە. گومانی تێدا نییە كە سۆسیالیزاسیۆنی رەگەزی لە فێرگەی تێكەڵدا نزیكی لە نێوان رەگەزەكاندا چێدەكات و بەمەش ترس و شەرمی تایبەت بە رەگەزەكان كەمدەكاتەوە، بەڵام لێرەش هێشتا بەبێ‌ ئاگا یان بەبێ‌ مەبەست سۆسیالیزاسیۆنی تایبەتی رەگەزی روودەدات. “كوڕان زۆرتر لە كچان لە وانەدا پرسیاریان لێدەكرێت، ستایش یان سەرزەنشت دەكرێن و بەهۆی كەمیی دیسپلینەوە گەڤ دەكرێن. كوڕان زۆرتر لە كچان پەیوەندیی چاویان لەتەك فێركاراندا هەیە، فەزاییانە لێیان نزیكترن و زۆرتر لە كچان پرسیاریان لێدەكرێتەوە. بە شێوەیەكی دی ببێژین: كوڕان زۆرتر لە كچان ئاگامەندییان لە لایەن فێركارانەوە پێدەبڕێت، ئەمەش زۆر جار بە پێچەوانەی مەبەستی دیاریكراوی خودی كامڵەكانەوە(…). بەشداریی كوڕان لە وانەدا پڕبەهاتر دادەنرێت و ئەوان زۆرتر وەك شایانی پشتیوانیكردن دادەنرێن، بۆیە روودەدات كە زۆرتر لە كچان هاندەدرێن” ( ).
بەشی سێیەم: كاریگەریی كولتوور لەسەر پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆن

لە سەرەوە كێشەی سۆسیالیزاسیۆنمان لە رووی پەیوەندیی نێوان بكەرانی سۆسیالیزاسیۆن (واتا دایك و باوك و فێرگە) و منداڵەوە دیاری كرد. بەڵام هەروەها كولتووریش فاكتەرێكی گرنگی سۆسیالیزاسیۆنە، چونكە كولتوور وەك كڵافەیەك لە بیروباوەڕ و دەسكەوت و ترادیسیۆن، كە هەموویان “پاشین”ـەی كۆمەڵگەیەك پێكدەهێنن، هەمیشە رۆڵی سەروەری خۆی دەنوێنێت و كاریگەرە لەسەر گۆڕانی كەسێتی.
تەوەری یەكەم: تێگەی كولتوور

كولتوور كە دراوێكی پڕواتایە لە هەر كۆمەڵگەیەكدا، “بریتییە لە كۆی سەرجەم بونیادەكانی رەفتار، هەروەها بریتییە لەو هەڵوێست و بەهایانە كە ئەندامانی كۆمەڵگەیەكی تایبەتی بەهاوبەشی هەیانن و وەك میرات دەیانگەیەنن بە نەوەكانی دی” ( ). كولتوور “بەشێكی كرۆكیی روودانە كۆمەڵایەتییەكانە”، گرنگترین كارایی كولتوور لەوەدایە كە “جەخت لە بۆماوەی كۆمەڵایەتی دەكات”، هەروەها لەبەر ئەوەی فۆرم بە رەفتاری راستەقینە دەدات، ئەوا كاریگەرییەكی پێوریانە (معیاری)ی هەیە، جگە لەوە كولتوور “دەسوێژێكە بۆ چارەسەری كێشە” ( ).
ئێمە دەتوانین كولتوور بەسەر دوو كایەی سەرەكیدا بەش بكەین: كولتووری ماتەری (مادی) و ناماتەری. یەكەمیان بریتییە لە شكۆفەی ماتەری و تەكنیكیی كۆمەڵگە، واتا سەرجەم ئەو شتانە دەگرێتەوە كە لە ئاستی گۆڕانی زانستی كۆمەڵگەیەك جیانابنەوە. بە پێچەوانەوە كولتووری ناماتەری یان هۆشەكی بریتییە لە نۆرمەكان، جۆرەكانی پێشبینیی ئاوەزمەندانە و نائاوەزمەندانە، وەك پێشبینیی زانستی، بڕوای ئایینی، ئەفسانە و داستانەكان و هتد ( ).
تەوەری دووەم: رۆڵی كولتوور لە فۆرماندنی كەسێتیدا

مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە. تەنانەت مەلۆتكە لەكاتی هاتنیدا بۆ نێو جیهان بەندە بە هاومرۆڤانییەوە. لەبەر ئەوەی مەلۆتكەی شیرەمژە لە لایەن كۆمەڵگەیەكی تایبەتی و نوێنەرەكانییەوە بەكرۆكی كاری تێدەكرێت، ئەوا پرسیارەكە سەبارەت بە گۆڕانی منداڵ پتر روو لەو كۆمەڵگە و كولتوورە دەكات كە ئەو لە نێویدا پێدەگات. “بۆ ئەوەی لە واتای كۆمەڵگەی مرۆڤیی وەك فاكتەری سۆسیالیزاسیۆن بۆ رەفتار تێبگەین، دەبێت خۆمان بە كولتوورەوە خەریك بكەین، چونكە كولتوور گرنگترین دراوە لە هەر كۆمەڵگەیەكدا. كولتوور پێكدێت لە بونیادی فێربوو و رێكخراوی رەفتار كە مۆركی تایبەتیی كۆمەڵگەیەكن” ( ).
بێگومان كولتوور نەك بە شێوەیەكی موجەڕەد (ئەبستراكت)، بەڵكو بە شێوەیەكی بەرجەستە بەڕێی نوێنەرەكانییەوە (دایك و باوك، فێركار، مەلا و هتد) كارا دەبێت. “سیستەمەكانی بڕوا (العقیدە) كە مەرجی كولتوورییان هەیە، هەروەها تێڕوانینە سەروەرەكان سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ، پاشان مەبەستی ژیانی مرۆڤ و پەیوەندیی ئەو بە ژینگە و هاومرۆڤانییەوە، كاریگەرییەكی بەواتایان لەسەر پرۆسەی سۆسیالیزەكردن هەیە. كامڵەكانی هەندێك كولتوور پەروەردەی منداڵ تەنیا وەك كێشەی تێركردن دەبینن، منداڵان لە كولتووری دیكەدا وەك بابەتی گوێرایەڵی یان بەخێوكردن دەبینرێن، كولتووریش هەیە كە نرخ بۆ تەحقیقكردنی كەسێتیی خۆ و خۆبەدیهێنان دادەنێت” ( ). كاتێك بەڕێی پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆنەوە هەڵوێست و رەفتاری سۆسیال بە منداڵ دەگەیەنرێن، ئیدی ئەو دەبێت بە ئەندامی كۆمەڵگە، ئەو خۆی بەو نێوەندە دەگونجێنێت و ئەو رەفتارە سۆسیالانە دەنوێنێت كە نێوەندەكە پێیان قایلە.
كولتوورێك كە لە سۆسیالیزەكردنی منداڵدا ئەزموونی كۆیی، واتا بەستنەوەی تاك لەنێو رێنوما دانراوە ترادیسیۆنیەكاندا بەهەند وەربگرێت، ئەوا لەو كولتوورەدا پێگەیشتنی “من”ی كەس رەتدەكرێتەوە، چونكە كەس پێویستە وەك كەرتی كۆمەڵ رەفتار بنوێنێت و پەیوەندییەكانی دابمەزرێنێت. لە پاشخانی داواكارییە كولتوورییەكانەوە كچان و كوڕان وەك ژنی ماڵ و دایكی ئایندە، یان وەك پیاوی گوێرایەڵ و دڵسۆز بۆ داب و نەرێتی سەروەر، سۆسیالیزە دەكرێن، بەم شێوەیە كچان و كوڕان چاو لە نموونەكانیان دەكەن، نموونەكانیش لە لای كچان بریتین لە هەڤاڵان، دایك و نەنك، پوور و ژنانی دراوسێ‌ و هتد، بەڵام لە لای كوڕان بریتین لە هەڤاڵان، باوك و باپیر، مام و خاڵ و پیاوانی دراوسێ‌ و هتد. سەرەنجامی ئەم چاولێكەرییە یان لاساییە ئەوەیە كە “‘من‘ بە دەگمەن شكۆفە دەكات و بەزۆریی لەنێو چێوەی نێوچالاكیی كۆمەڵایەتیدا دەردەكەوێت، لێرەشدا لە پشتی كردارەكەوە دەمێنێتەوە” ( ).
بەشی چوارەم: گۆڕانی زمان لەلای منداڵ

منداڵ لە پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆندا خۆشە دەكرێت داب و نەریتەكانی كۆمەڵ وەربگرێت، هەتا ببێت بە ئەندامێكی گونجاوی كۆمەڵگە، لەم رەوتەشدا ناچار دەكرێت فێری فۆرمە ناسێنراوەكانی ئاخافتن ببێت. گەر منداڵ خۆی بۆ شتێك وشەیەك بدۆزێتەوە، ئەوا كۆمەڵگە ئەو وشەیەی لێوەرناگرێت. كۆمەڵگە بۆ دیاریكردنی شتێكی تایبەتی وشەیەكی دیكەی هەیە، بۆ نموونە چەو، تەرزە. بێگومان وشەدروستكردنەكانی منداڵ بۆ ماوەیەك لە یادمانی لێبوردووی خێزانی ناوكیدا دەمێننەوە، بەڵام ناچەسپێن، بەڵكو هێدی هێدی لەبیردەچنەوە.

تەوەری یەكەم: زمان وەك دەركەوتەی تایبەت بە مرۆڤ

ئێمە دەتواین لە سێ‌ شێوەدا دەركەوتنی زمان لەنێو مرۆڤدا دیاری بكەین: زمان دەربڕینی ئەو حاڵەتانەیە كە وەك بوونی ئاژەڵی لەنێو دەروونی مرۆڤدا دەژین، زمان دەربڕینی ئەو توانستەیە كە دەتوانێت ناو لە هەموو شتەكانی جیهان بنێت، لە كۆتاییدا زمان دەربڕینی ئەو توانستەیە كە هەوڵ دەدات لەنێو پەیڤیندا بە خودی خۆی بگات و بەم رێیەوە زمان دەبێت بە خەریكبوون لەتەك خودی خۆدا ( ).
زمان لە پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆندا واتای تایبەتی وەردەگرێت. “توانست بۆ ئەوە كە منداڵ سۆسیالیزە بكرێت، بەندە بە توانستی منداڵەوە بۆ سیمبۆل، ئەمیش بەندە بە توانستی زمانەوە”. سیمبۆلەكان لە پەیوەندییە نێومرۆڤییەكاندا “چالاك دەبن و لە دۆخە سۆسیالەكاندا واتای خۆیان وەردەگرن” ( ). گومانی تێدا نییە كە كاراییەكانی مێشك فاكتەرێكی سەنترالین بۆ فێربوونی زمان، سەرەڕای ئەمە پێدەچێت زمان بەتەنیا بەند نەبێت بە فێربوونەوە، چونكە “دەبێت چەند پرۆسەیەكی مەئریفیی گەشە بەپێش فێربوونی زماندا راببورن، كە ئیدی دوای گەیشتن بە ‘ئامادەبوون بۆ زمان‘، زمان بتوانێت بەڕێی وروژێنەرەكانی ژینگەوە ئاوەڵا ببێت” ( ). لەم روانگەیەوە زمان لەنێو پرۆسەیەكی نوێكردنەوەدا ئاوەڵادەبێت، لەم رەوتەدا بونیادە شارراوەكانی زمان دەرفەتی دەركەوتنیان بۆ دەڕەخسێت كە ئیدی لە كۆتاییدا ناوەرۆكەكانی زمان شیاوی فێربوون و پاراستن دەبن ( ).
واتای زمان لە رووی پسیكۆلۆژییەوە لەو پرسیارەدایە كە روودەكاتە مامەڵەی مرۆڤان لەتەك زماندا، یان ئەو پرسیارەیە كە داخۆ ئەوان لەسەر بناغەی چ پێشمەرجێك و بە چ شێوازێك فێری زمان ببن. زمان لەم روانگەیەوە ئامرازە “بۆ ئەوەی كەسێك تێڕوانینێك لەبارەی شتەكان بە كەسێكی دی رابگەیەنێت”. كەواتە زمان كارەكتەری كرداری هەیە و لەم كردارەدا سێ‌ تەوەرە هەن: تەوەرەی خۆیی (كەسێك)، تەوەرەی نێویەكی (ئەویدی)، تەوەرەی بابەتی (لەبارەی شتەكان) ( ).
بەڵام هەروەها لە زماندا شێوازی هزرینی كۆمەڵگەیەك دەردەكەوێت. زمانێك چەند هەژار بێت، هزرینی ئەو كۆمەڵگەیەش ئەوەندە سادەیە. لەبەر ئەوەی هزرین و زمان بە شێوەیەكی مێژوویی گۆڕراون و هەردووكیان پێكەوە لەتەك كارەكتەری تایبەتیی كۆمەڵگەیەكدا میراتە سۆسیالەكەیان پێكدەهێنن، ئەوا شێوازی هزرین و زمانی كۆمەڵگەیەك پێكهاتەی كرۆكین لە پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆندا، چونكە “ئەو زمانە كە منداڵ فێری دەبێت، كەمتر زمانی خۆیەتی، بەڵكو بەزۆریی زمانی كۆمەڵگەیە. گەرچی تاكەكەسانی جیاواز دەتوانن سیمای تایبەتی بدەن بە شێوازە چەسپیوەكانی دەربڕین و پەیڤین و واتا، بەڵام هێشتا هەر ئەم وەرگۆڕینە خۆییانە ناوكێكی هاوبەشیان وەك بناغە هەیە” ( ). ئێمە دەتوانین، لە رووی سایكۆلۆژییەوە، زمان وەك ئاوێنەی پەیوەندییە سۆسیالەكان ببینین. بە هەر حاڵ “زمان گرنگترین بابەتی سۆسیالیزاسیۆنە” ( ).

تەوەری دووەم: فێربوونی زمانی دایك (Mother language)
بڕگەی یەكەم: قۆناغی پێش-زمان

دەربڕینە دەنگییەكانی منداڵی شیرەمژە بریتین لە “كەرەسەیەكی خاو كە لێوەی هێدی هێدی دەنگە راستەقینەكانی پەیڤین دێنە ئاراوە” ( ). بەڵام “پێش ئەوەی قەوارە دەنگی جەختلێكراو وەك وشە دەربكەون، گڕ و گاڵی پیت لە خۆ گر و جەختلێنەكراو كاراییەكی پەیوەندیی زمانیانە وەردەگرن”. منداڵی شیرەمژە لە زاری كامڵەكانەوە دەرك بە قەوارە دەنگی تایبەتی دەكات و تێگەیشتنی جەخت لەم قەوارە دەنگانە پێش پەیڤینی خۆیی دەكەون. “لە فێربوونی زمانی دایكدا، بەڕێی پراوەكردنی وشە و پەیوەندیی نێوان وشەكانەوە، منداڵ لە رەوتی بەمرۆڤبوونی خۆیدا یەكێك لە گرنگترین هەنگاوەكان دەنێت” ( ). بەڵام منداڵی شیرەمژە “لەنێو تاكە ئەزموون و تاكە پەیوەندیدا” ناژی، “بەڵكو لەنێو سەرجەمێتی و بڕی ناكۆتای ژینگەیەكدا دەژی كە هێدی هێدی خۆی بۆ ئەو دەردەخات. ئەوانەش نێوەندی رووداون كە خۆیان بۆ ئەو ئاوەڵا دەكەن” ( ).
منداڵ فێری پەیڤین دەبێت پێش ئەوەی هزرینی بێداربووبێتەوە. گەرچی فێربوونی بەواتای زمان دەكەوێتە ماوەی نێوان ساڵەكانی سێیەم و پێنجەمی ژیانی منداڵەوە، بەڵام منداڵ لە تەمەنی دووساڵییەوە دەستدەكات بە ناونان لە شتەكانی ژینگە بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی خۆی بە وشە و رستەی پریمیتیڤ (سەرەتایی) دەرببڕێت. ئەم ئەدگارەی رەفتاری مرۆڤیی بریتییە لە “دەركەوتنی شێوازێكی بوونی جیاواز لە شێوازی بوونی ئاژەڵ. ئەم شێوازی بوونە لەتەك زماندا لەنێو منداڵدا بێداردەبێتەوە، چونكە منداڵ بوونەوەرێكی مرۆڤییە، كەواتە توانست و پێداویستیی بۆ زمان هەیە” ( ).
منداڵ ناتوانێت بە زمانی دایك و باوكی بئاخڤێت، بە پێچەوانەوە، چۆن ئەو ناچارە زۆر داب و نەریت لە دایك و باوكییەوە فێرببێت، بە هەمان شێوە دەبێت فێرببێت كە چ وشەیەك بە چ بابەتێك دەگونجێت. ئەو دەبێت رێكخستنی وشەكان، شێوازی نووسین و پنتبەندییان فێرببێت. كەواتە “گەشەی زمان وەك رووداوێكی سۆسیالیزاسیۆن، لە بناغەوە سروشتێكی دیالۆگیی هەیە. زمان كە لە پەیوەندیی جوتەنیی دایك-منداڵدا گەیەنراوە، بەرهەمی بەشداریكردنی نێوكۆییە لە پراكسیسی كۆمەڵایەتیدا، لێرەشدا دایك بریتییە لە نموونەی كەسی رووتێكراوی سەرەكی” ( ). بەڵام دایك نەك تەنیا هەستی خۆشەویستی بە وشە دەردەبڕێت، ئەو هاوكات ناچارە هەندێك داواكاریی منداڵ جارێكی دی بخاتە فۆرمی وشەوە و ئاڕاستەی منداڵەكەیان بكات. كەواتە “دایك و منداڵ هەر لە سەرەتاوە پەیوەندییەكی زمانییان هەیە، دایك سەرەتا بەڕێی ئەو دیالۆگەوە كە دەبێت بیهێنێتە گۆڕێ‌، جیهانێكی هاوبەشی ئەزموون چێدەكات: كاتێك ئەو رەفتاری شیرەمژە راڤە دەكات و واتا بەم رەفتارە دەدات، ئیدی هێدی هێدی وا لە شیرەمژە دەكات كە خۆی فێری ئەو جۆرە تێڕوانین و رێسایانە ببێت كە زەمینەی وەرگرتنی زمان پێكدەهێنن” ( ). لەم روانگەیەوە “منداڵ بە دابڕاوی فێری رێساكانی زمان نابێت، بەڵكو سەرچاوەی ئەو رێسایانە لە بونیادگەلی كرداری سۆسیالدایە” ( ).
ئەو وشانە كە منداڵ سەرەتا بەكاریان دەهێنێت، بریتین لە “یەكایەتیی بەدەر لە گەردانكردنن، لە رووی رێزمانەوە بێفۆرمن (…)، واتا وشەكان لە هەموو حاڵەتەكانی بەكارهێناندا بەبێ‌ گۆڕین دەگەڕێنەوە لەو شێوەیەدا كە منداڵەكە دروستی كردوون یان وەریگرتوون” ( ). زمانی سەرەتای منداڵ لە بنەڕەتدا ئەوەیە كە ناودەنرێت “رستەی یەك وشەیی”، ئەم جۆرەی رستە “بە قووڵترین شێوە بەستراوە بە ژیانی سۆسیالی رابوردوو و هەنووكەی منداڵەوە. بەبێ‌ دەستتێوەردانێكی وروژێنەر لەلایەن ئەندامانی نزیكترین ژینگەوە، منداڵ ناتوانێت قۆناغی گر و گاڵ تێبپەڕێنێت”. منداڵ لە نیوەی دووەمی تەمەنی دووساڵییەوە هەنگاو دەنێت بە ئاڕاستەی “رستەی دوو وشەیی”، كە بەزۆری “هەستی دۆخەكی (situativ)” دەردەبڕێت ( ).
دایك لە گەشەی زمانی منداڵدا ئاگامەندانە رۆڵی فێركاری زمان وەردەگرێت. ئەم رۆڵە بەتایبەتی لە فۆرمولەكردنەوەدا دەردەكەوێت. بۆ نموونە گەر منداڵەكە ببێژێت ‘پكیتەكە بەلۆوە‘، ئەوا دایك لێرەدا وەڵام دەداتەوە: ‘بەڵێ‌، پسكیتەكە بەربۆوە‘. دایك لە فۆرمولەكردنەوەدا نموونەیەكی دراوی رستە دەخاتە فۆرمی نموونەیەكی دیكەی رستەوە ( ).
هاوكات فێربوونی زمانی دایك بەچڕی بەندە بە گۆڕانی هزرینی منداڵەوە، لێرەدا رۆڵی ژینگە واتایەكی گەورەی هەیە بۆ ئاوەڵابوونی هزرین. گەر ژینگە دەرفەت بۆ ئاوەڵابوونی منداڵ نەڕەخسێنێت، وەك ئامرازی گەمە، باخچەی منداڵان، دەفتەری منداڵان و هتد، ئەوسا منداڵیی راستەقینەی ئەو بە شێوەیەكی نەرێنی كاری تێدەكرێت و ئەمەش دەبێت بە ئاستەنگێك لە بەردەم ئەوەدا كە منداڵەكە بتوانێت لەتەك جیهانی منداڵانەی خۆیدا بژی و خۆی پێوە خەریك بكات.

بڕگەی دووەم: ئاوەڵابوونی زمان لە فێرگە

ئاوەڵابوونی پتری زمان لە قۆناغی فێرگەدا دەستپێدەكات. لێرە فێركار رۆڵی دایك و باوك، بەتایبەتی دایك، وەردەگرێت. گەرچی فێركار بە زمانێكی نووسراو ئەو رۆڵە وەردەگرێت، بەڵام سەرەڕای ئەمە تێگەیشتنی ئەو بۆ ئەركی فێركاری، شێوازی خۆیی ئەو لە فێركاریدا، زمانی ئاخافتنی، كاریگەرییان لەسەر گەشەی زمانی منداڵ هەیە. ئێمە بەم پێیە دوو تەوەرەی كارا لە گەشەی زمانی منداڵدا لە فێرگە دەبینین: یەكەم زمانی نووسراوە لە كتێبدا كە بە منداڵ دەدرێت، دووەم تێگەیشتنی فێركار بۆ پیشەكەی و زمانە خۆییەكەی.
زمانی نووسراوەی سادە و گونجاو بە جیهانی هۆشەكیی منداڵ وا دەكات كە ئەندێشەی لە خۆدا فراوانی منداڵ فراوانتر ببێت، ئەمەش گەنجی وشەی منداڵ دەوڵەمەندتر دەكات. لە لایەكی دی زمانی باوی كۆمەڵ بەڕێی وەرگرتن و توانستی سروشتیی منداڵەوە بۆ لاسایی لەنێو گەنجی وشەی ئەودا دەچەسپێت. لێرەدا ژینگە راستەوخۆ كاریگەری دەنوێنێت لەسەر هزرین و ئاوەڵابوونی زمانی خۆیی منداڵ، چونكە “منداڵان لەنێو زمانێكی كولتووریدا پێدەگەن، ئەوان فێری زمانێك دەبن كە بەڕێیەوە روونكردنەوە و بەهاكانی ئەزموونیان پێدەدرێت و ئەمانیش دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنن خۆیان لە جیهاندا دەرببڕن. منداڵان بەڕێی پەیوەندیی زمانییەوە رۆڵی خۆیان لەنێو كۆمەڵگەدا دەبیننەوە – كۆمەڵگە كە بە رێككەوتنێكی هاوبەشی بەها دامەزراوە و ئەوان دەبێت فێری ببن. منداڵ هەوڵ دەدات بەو گرووپە بگونجێت كە ئەو تێیدا دەبزوێت. ئەو تێگانە (مفهوم) كە دەچنە نێو زمانەوە، زۆر جار دەربڕینن لەبارەی رووداوی ترادیسیۆنی و دەبن بە تێگەی ئەوتۆ كە بە كۆیی (كۆللێكتیڤ) ئەزموونكراون. بەم شێوەیە زمان بە تێگەكانی كاریگەرییەكی پەروەردەیی وەردەگرێت” ( ) بە ئاڕاستەی پێگەیاندن یان تێكدانی كەسێتی، چونكە تێگە موجەرەدەكانی (ئەبستراكتەكانی) زمان، وەك ناموس، شەرەف، ئەخلاق و هتد، بەرجەستەی جیهانبینییەكانن، كەواتە پێناسەی جیاوازیان هەیە، خودی ئەم تێگانە دەشێت لە جۆرێكی پێناسەكردندا وشە بن بۆ دیاریكردنی لایەنێكی ئاژەڵییانەی مرۆڤ كە سێكسوالێتییە، كەواتە روودەكەنە جڵەوگرتنی جیهانبینیانەی رەمەكی سروشتی، بەڵام لە جۆرێكی دیكەی پێناسەدا دەشێت وشە بن بۆ هەڵوێستی هۆشەكییانەی مرۆڤ كە لە كرداری ئەودا پەیوەند بە مامەڵەكردنیەوە لەتەك هاومرۆڤانیدا دەردەكەوێت، بۆ نموونە سۆلیدارێتی، راستگۆیی، خۆشەویستی و هتد.
هەروەها گەر زمانێك زۆر كەم واژەی گونجاوی بۆ بابەتەكانی پێشبینی و هزرین هەبێت، پنتبەندییەكی ستاندارتی نەبێت، ئەوجا ئەو زمانە پابەند بە پەیوەندییە نێومرۆڤییەكانەوە، بەتایبەتی پابەند بە پەیوەندییەكانی پیاو و ژنەوە، بریتی بێت لە بەرجەستەبوونی جیهانبینییەكی ئایینی-پیاوسالاری و هتد، ئەوسا هزرین و زمانی منداڵ رواڵەتی و پڕهەڵە دەبێت، چونكە خودی زمانەكە لۆگیكی و مرۆڤدۆست نییە كە یاریدەی بدات لە رەوتی فێربوونیدا ئەندێشە و پێشبینییە مرۆڤییەكانی خۆی ئاوەڵا بكات.
هەروەها بابەت ی نووسراوی وانە، نەك وەرگرتنی وانە لە كولتوورێكی دیكەوە و سەپاندنی بەسەر منداڵاندا، تەوەرێكی چالاكە لە پرۆسەی سۆسیالیزەكردندا، چونكە نووسراو بە هەردوو رووی راگەیاندنی زمانیانەیدا، واتا بە رەچاوكردنی یان نەكردنی كەسێتیی مرۆڤیانەی تاك، كاریگەریی هەیە پابەند بە هەریەكەی ئەو رووانەوە، بە واتایەكی رونتر، دەشێت بابەتی وانە رەچاوی جیهانبینیی منداڵانەی منداڵ و زمانێكی پەروەردەیی بكات، هاوكات دەشێت رەچاوی هیچ كام لەم توخمە زەرووریانەی سۆسیالیزاسیۆنێكی مرۆڤدۆست نەكات. گومانی تێدا نییە كە ئەم حاڵەتە بایەخی ئۆبژێكتیی (موچوعی) هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا روویەكی مەدالیاكەیە، چونكە بابەتی وانە سەربەخۆ نییە لە تێگەیشتنی فێركار بۆ ئەركەكەی، ئەمەش بەوەدا رووندەبێتەوە كە شێوازی تێگەیشتنی ئەو بۆ پیشەكەی، تێگەیشتنی ئەو بۆ پەیوەندیی فێركار-فێرخواز، ئەوجا زمانی خۆیی ئەو، راستەوخۆ كاران لە چۆنێتیی وەرگرتنی ئەو بابەتانەدا كە لەنێو كتێبدا تۆماركراون. گەر فێركار تەنیا جەخت لە نووسراو بكات و وەرگرتنی لە شێوەی دەرخكردندا بكات بە پێشمەرجی دەرچوون، ئەوسا پرۆسەی سۆسیالیزاسیۆن كاراییەكی پڕمەترسی وەردەگرێت، چونكە هەر لە سەرەتاوە سنوورێك لە بەردەم ئەندێشەی لە خۆدا فراوانی منداڵدا دەكێشێت و بە جوینەوەی نووسراوەكان رایدەهێنێت، كەواتە رێی لێدەگرێت هۆشی خۆی لە پەیوەندیی رەخنەیی نێوان خۆی و نووسراودا پێبگەیەنێت و بگات بە خۆدەربڕینێكی كۆمەڵایەتی (پەیوەند بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیەوە) و زانستی (پەیوەند بە چالاكبوونییەوە لە بازاڕی كاردا)، ئەم بەدحاڵەتەش لە سەرەنجامدا وا دەكات كە منداڵ دوای كامڵبوونی ببێت بە بار بەسەر سیستەمی سیاسییەوە ( ).
هاوكات زمانی خۆیی فێركار راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر منداڵ دەنوێنێت، چونكە منداڵ لە سروشتەوە توانستی لاساییكردنەوەی هەیە: جۆری زمانی خۆیی فێركار، جا زمانێك بێت كە پاكژە و پابەندی رێزمانە، یان ناوچەیی بێت، ئەوجا خۆدەربڕینی ئارام یان جرپنی ئەو و هتد، كاریگەری لەسەر زمانی منداڵ دەنوێنن، چونكە فێركار لە سۆسیالیزەكردنی منداڵدا جێی دایك و باوك دەگرێتەوە و كاراییەكەی لە زۆر رووەوە بۆ منداڵ گرنگترە لە كارایی سۆسیالیزەكەری دایك و باوك. بێگومان نكۆڵی لەوە ناكرێت كە دایك و باوك بە شێوازی خۆدەربڕین و هەوڵی پەروەردەییان، جا خۆدەربڕینی پوخت و رەچاوكەری رێزمان بێت یان خۆدەربڕینی ناتەواو و ناوچەیی و رواڵەتی بێت، رۆڵێك بۆ ئاوەڵابوونی هۆشی منداڵ دەگێڕن، ئەمەش لە خۆیدا كاراییەكی فێركارییە كە روودەكاتە چۆنێتیی دروستكردنی رستە لە لایەن منداڵەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەركە سەرەكییەكە لە ئەستۆی فێرگەدایە، چونكە فێرگە دادەمەزرێنرێت بۆ ئەوەی توانست و هەڵوێست بە منداڵان بگەیەنێت كە لە رووی خۆییەوە بۆ ئەوان سوودمەندن و لە رووی كۆمەڵایەتییەوە شیاوی بەكارهێنانن. ئەوان بەو رێیەوە دەتوانن وەك كەسانی پێگەیشتوو ژیانێكی سەربەخۆ بەڕێوەبەرن و هاوكات پێداویستیی كۆمەڵایەتی بۆ داواكارییەكانی بازاڕی كار مسۆگەربكەن.


 

سه‌رچاوه: بابه‌تی گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت