ژاك لویس داڤید - مردنی سوكرات - تابلۆی زه‌یتی The Death of Socrates 1787- Jacques Louis David

سلاڤۆی ژیژەک؛ تەنیا سۆکراتێک دەتوانێت فریامان بکەوێت


Loading

بەپێی سۆکرات چییەتی فەلسەفە لەوەدایە بەگژ سەردەمەکەی خۆیدا بچێتەوە.  ئایا ئەمڕۆ ئەوە چ مانایەکی هەیە، بەپێی ئەوەی سلۆتەردایک داوای دەکات تا کۆتایی بیر لە دەرەنجامەکانی پێشکەوتنە زانستی و تەکنیکییەکان بکەینەوە؟ یان ئەو هەڵویستە ئیتیکی و ڕەوشتییەی ئێستا یورگن هابەرماز دەیەوێت بەرگری لێ بکات؟

ئەرکی فەلسەفە لەوەدایە؛ لاوان تێکبدات  و گەندەڵیان بکات…کاتێک فیلۆسۆفی فەرەنسی (ئالان بادیۆ) ئەمەی گووت، لەهەمانکاتیشدا دەپرسێت: ئایا ئەمە بۆ ئێمە لەم ڕۆژگارەدا بریتی نییە لە فێرکاری و لە وانەکەی سۆکرات ؟ هەڵبەتە لەمەدا بادیۆ مانایەکی پۆزەتیڤی هەیە بۆ دەستەواژەی گەندەڵی، کەبریتیە لە: خۆنامۆکردن و خۆدوورخستنەوە لە ڕێکخستنی ئایدۆلۆژیای سیاسی باڵادەستی باو. فیلۆسۆفەکان گومانی ڕادیکالانە لەناو مێشکی لاواندا دەچێنن و تا بتوانن بەمە خۆیان لە جیهانە باوەکە دوور بخەنەوە. ئەوەشی ئەم هەنگاوەی بۆ یەکەمینجار هەڵهێنایەوە،  ئیتردەتوانێت خۆی وەکو کەسێکی سەربەخۆ ڕابگەیەنێت.

دیارە شتێکی سەیر و سەمەرەش نییە خودی سوکرات کە دامەزرێنەری فەلسەفەی خۆرئاوایە، هەر خۆیشی یەکەمین قوربانی بێت. ئەو بە بیرۆکە ئازادەکانی لاوانی فریودا، تاوەکو دادگای دیموکراتی ئەتینا بڕیاری ژەهرخواردنەوە دەسەپێنێت بەسەریدا.

 

 

ژاك لویس داڤید – مردنی سوكرات – تابلۆی زه‌یتی
The Death of Socrates
1787- Jacques Louis David

 

قڵپکەرەوە و ئاساییکەرەوە

هەڵبەتە سۆکراتی مەزن تەنیا لاوانی ئەتینای گەندەڵ نەکرد، بەڵکو ئەو تەواوی بیری خۆرئاوایی گەندەڵ کرد. هەموو فیلۆسۆفە جیدییەکانی دوای ئەو بریتین لە گەندەڵەکانی چاکە یەکەمینەکان: پلاتۆن نەریتە کۆنەکان و ئەفسانەکانی سەردەمی خۆی خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکی ئەقڵانیەوە. دیکارتیش گەردوونی هاڕمۆنییانەی چاخی ناوەڕاستی پووکانەوە. سپینۆزا بەهۆی ئەو بیدعانەی دایهێنابوو لەناوبرا. هیگڵ هێزە تێکشکێنەرەکەی  نێگەتیڤیتێتی ڕەها کرد، نیتچە دەمامکی بنەماکانی مۆڕالی ئێمەی دادڕی. بگرە تەنانەت گەر لەهەندێکجاریشدا ئەم بەڕێزانە بووبنە پیاوی دەوڵەتیش، کەچی هێشتا ئەم دامەزراوەیە چ مامەڵەیەکی ئازادانەی لەگەڵیاندا نەبووە.

دیارە ئەوەش ڕاستە، گەندەڵەکان لەکوێ هەبن، ئاساییکەرەوەکان لەوێوە نزیکن. ئەوان ئامانجیان ئەوەیە، هاوسەنگی بگەڕیننەوە و فەلەسەفە لەگەڵ ڕێکخستنەکانی دەسەڵاتدا ئاشت بکەنەوە. (ئاریستۆتێلیس) لەگەڵ سەیرکردنی پلاتۆندا ئەمەی کرد و تۆماسی ئەکوینیش مەسیحایەتییە هەڵچووەکەی زووی کردە سیستەم، تیۆلۆگیا ئەقلانییەکەی دوای لایبنیتسیش کارتیزیانیزمە هارەکەی ئارام کردەوە، نیوکانتیزمیش پشێوییە پۆست-هیگلییەکانی ڕێکخستەوە.

ئایا پیتەر سلۆتەردایک و یورگەن هابەرمازیش بریتی نین لەو دوو فیلۆسۆفەی بەرجەستەی ئەو گرژبوونەی نێوان گەندەڵکردن و نۆرمالیزەکردن دەکەن؟

           

لەجادووخستنی هەڵکەوتەی ئارا..

 

پێشکەوتنی زانست لەمڕۆدا بنەما باوەکانی تێگەیشتنی ئێمەی سەبارەت بە واقیعی ئارا لەقاندووە. لەڕووی ئەم دابڕانەدا دەکرێت ئێمە سێ هەڵوێستە وەربگرین.

یەکەمیان: بریتییە لە ناتورالیزم/سروشتخوازی ــ بەمە ئێمە ئەنجامەکانی  ڕێگای لەجادووخستنی زانستییانەی واقیع بەرەو کۆتایی دەبەین، تەنانەت گەر بەوەش ئاسۆی ئەزموونە بەسوودەکانیشمان بسڕینەوە.

دووەمیان:  بریتییە لە ئاینی سروشت / ناتورڕیلیگیۆن ــ بەمە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین، بچینە ناو پەیوەندییەکی ڕەسەنانە و بنەڕەتییانەی ئەمدیوێتی دەروازە زانستییەکەوە.

سێیەمیان: ئەوەیە ئێمە هەوڵدەدەین بگەین بە جۆرێک لە پێکهاتەیەکی چاخی ــ نوێ New – Age- Synthese لەڕێی هەقیقەتی زانستییەوە  و بشگەین بە جیهانی بەرمۆدێرنەی ماناکان. لەئەنجامی ئەمانەشدا ئەنجامە زانستییە نوێکان، بەنموونە فیزیکی کوانتین، بەرەو ئەوەمان دەبەن، کە دەستبەرداری ماتەریالیزم بین و ئیتر کار لە ڕۆحانیەتێک لە جۆری گنۆستیکیدا بکەین.

 هیچ یەکێک لەو هەڵوێستانە بۆ دامەزراندن دەست نادات و ناگونجێت، گەر بیەوێت دووانەکەی تریشیانی لەهەمانکاتدا هەبێت. ئەو پێویستی بە زانستە وەکو بنەمای بەرهەمهێنانی ئابووری، بەڵام لەهەمانکاتیشدا پێویستیشی بەوەیە بناغە ئیتیکییە سیاسییەکانی کۆمەڵگاش لە زانست بەدوور بگرێت. ئاوەها ئێمە خۆمان لای ئەو فەلسەفەیەی دەوڵەتدا دەبینینەوە، کە ئەمڕۆ باڵاترین نوێنەری دەشێت (یورگن هابەرماز)بێت.     

ئەو هەوڵەی هابەرماز دەیدات بۆ  بەربەستکردنی  ئەو دەرەنجامە فەلسەفییانەی  لە ئەنجامە تەقێنەرەوەکانی بیۆجینەتیکەوە دەردەچن، بەرجەستەی ئەکتەرێکی تراژیدییانە دەکاتەوە. تەواوی هەوڵەکەی ئەو بۆ ئەو ئامانجەیە، ئەو ترسە بەرپا بکات، گەربیرۆکەیەکی نوێی مرۆڤانە دەرکەویت و هەڕەشە لە هزری کۆنی شکۆی مرۆیی و سەربەخۆییەکی بکات، ئەوا بەڕاستی شتێکی ترسناک ڕوو دەدات.

ئەو بەرپەرچدانەوە زۆرەی گاڵتەجاڕییەی بەر لە بیست ساڵێک ڕوووبەڕووی گوتارە ناودارەکەی سلۆتەردایک بوەوە << چەند ڕێسایەک بۆ باخچەی مرۆڤ>>، کە تێیدا سلۆتەردایک لەڕووی پێشکەوتنی زانستیدا لەناو زەوتکردنی مرۆییدا داوای جۆرێکی نوێی ئیتیک دەکات بۆ سەردەمەکەمان.  بیرمەندە پارێزخوازەکان، لەوانە هابەرماز، لە پێشکەوتنە زانستی و تەکنیکییەکاندا هەمیشە ئەو هەوڵە دەبینننەوە، کەوا ئێمە  بەوە هێڵی سوور دەبەزێنین، بەوە خۆمان دەخەینە نێو هەرێمە بڤەکانەوە، کە بەمەش بوونی مرۆڤانەمان دەخەینە بەر مەترسییەوە.

بەم مانایە فەلسەفە دەوڵەتییانە تازەکەی هابەرماز وەکو تیۆرییەکی نیوکانتیزمی ئیش دەکات: کانت سۆنگەیەکی سەبارەت بە  دروستی فیزیکی مۆدێرنی نیوتن پێ گەیاندین و لەهەمانکاتیشدا شوێنێکی بۆ بەرپرسیاریتی ئیتیکی گل دەدایەوە، کە زانستی سروشتی بۆی نەبوو خۆی بخزێنێتە ناویەوە. کانت وتەنی:  دەبوو ئەو زانست لابەرێت، << بۆئەوەی باوەڕ جێگەی بێتەوە>>.

بەمجۆرە دەبینین هابەرماز بریتییە لە فیلۆسۆفی ڕەهای ئاساییکردنەوە و لەدواهەمین ئاگادارکەرەوەی ئاساییکردنەوە. ڕۆژگارێکیشە ئەو  بەگومانەوە لەهەوڵی ئەوەدایە، هەرەسهێنانی ڕێکخستنی ئیتیکی و سیاسییانەمان، کە بەهۆی پێشکەوتنی زانستەوە هاتووە، ڕابگرێت.

پیتەر تراونی لەم نزیکانەدا بەم جۆرە ئەوەی داڕشتووە: دەشێت وەها بێت، کەوا خودی یورگەن هابەرماز خۆی یەکێک بێت لە یەکەمین ئەو جەستانەی کە تیایدا هیچ شتێکی خراپەکاری تێدا نەبینرێتەوە. ئاساییکردنەوە زاڵە. فەلسەفەی داهاتوو ـ واتە ئینتیگراسیۆنی بەرکەماڵبوو.

 

دوا ئاگادارکەرەوەی تێکدەر و دوا گەندەڵچی

ڕق و بێزاری هابەرماز لەدژی سلۆتەردایک، لەبەردەم ئەم پاشخانەدا  ڕووخساری ڕوونی خۆی دەردەخات: سلۆتەردایک بریتییە لە دوا گەندەڵچی ئاگادارکەرەوە،  ئەو پیاوێکە هیچ سڵ لەوە ناکاتەوە کە ترسناک بیربکاتەوە و هەلومەرجەکانی شکۆی مرۆیی و دەوڵەتی خۆشنوودی مۆدێرنە توند بخاتە ژێر گومان و پرسیارەوە.  دەکرێت بیرکردنەوەیەکی لەو شێوەیە بە  (خراپە) دابنێین، گەر خراپە گرێ بدەینەوە بەو مانایەی هایدێگەر دەریخست: ((خراپە و مەترسی توند لە خۆیاندا بریتین لە خودی بیرکردنەوە، بەوپێیەی ئەوەی لەدژی خۆی هەیە، بەڵام هێندە هەیە دەگمەن ئەمەی پێ دەکرێت)).  سلۆتەردایک بەپێچەوانەی هابەرمازەوە بریتییە لە فیلۆسۆفی دەرەنجامەکان ترسناکەکان.

ئەمەش بە واتای ئەوەی، ئێمە دەبێت بۆ یەکێک لەم دوو لایەنە خۆمان یەکلا بکەینەوە،  یان ئەوەی وەکو خراپە دیارە یاخود ئەوەی وەک چاکە دەردەکەوێت: یاخود ئەوەتا لایەنگیری  تێکدان و گەندەڵبوونی لاوان دەکەین یان هی زاڵبوونی ڕێکخستن و دەسەڵات؟  ئێستا خودی گرفتەکەش بەتەواوەتی لەوێدایە، کە ئەمڕۆ ئەم لێکدژیارییە چیتر کارا نییە. چونکە ئەو ڕیالبوونەی جیهانی گلۆباڵمان، کە بەشێوەیەکی جەوهەری لەسەر پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی پابەندە، خۆی لەخۆیدا گەندەڵە. ئەو جیهانە زۆر توندتر لە هەر تێڕامانێکی فەلسەفی دڕ بەرەنگارمان دەبێتەوە.

لەبەرئەوەیە ئەمڕۆش ئەرکی بیرکردنەوە لەسەر ئاستی کات دا نەکەوتۆتە سەر ئەوەی، ئەو بنەما سیاسی و ئیتیکییەکانە لەناوبەرین کە ڕێکخستنەکانی ژیانیان بۆ هەڵگرتووین،  بەڵکو شتەکە پتر دەکەوێتە سەرئەوەی هزری لاوان سەبارەت بە مەترسییەکانی ئازادییە تازەکان تیژتر بکرێتەوە، ئەو ئازادییانەی لەڕاستیدا جگە لە پووچگەرایی و نیهیلیزم هیچیتر نمایندە ناکەن.

ئێمە ئەمڕۆ لەڕۆژگارێکدا دەژین کە زۆرینەی خەڵکی چیتر نایانەوێت ئەو ترادیسیۆن و نەریتانەیان هەبێت کە لێیانەوە ناسنامەی خۆیانی لەسەر هەڵچنن. ئەم ڕێکخستنە نوێیەی جیهان، ئەم شارستانییەتەی کە تادێت بێجیهانتر دەبێت و سنوورە لۆکالەکانی دەپووکێتەوە، بەر لەهەر لایەنێک لاوان دەگرێتەوە. زۆرێک لەوانە دیلانێ دەکەن لەنێوان ئەو ژیانەدا کە خۆشییەکانی  بەبەردەوامی لەکەمبوونەوەدان ( وەکو چێژی سێسکوئێلی، ئەلکهول و دەرمانە سڕکەرەکان و توندوتیژیش)، وە لەنێوان زۆرانبازیکردن لەپێناوی سەرکەوتنی شوێنگەی کۆمەڵایەتییانەیاندا ( وەکو خوێندن، ئیشکردن و پارە).

تێپەڕاندنی بەردەوامی ئەو ڕێسا و نۆرمە باوانە بەرەو پێوەر و ستانداری نوێ دەچێت، ڕێک وەک ئەوەی لە هونەر یان لە سێکس دا ڕوو دەدات. بەڵام هەڵبەتە شتێکی وەڕسکەرتر و پووچتریش لەو بەگژداچوونەوە بەردەوامەی هونەرمەندان هەیە، هەروەک چۆن هەمان دۆخ لەبواری لادانی سێکسوالێتییانەی مرۆڤدا ئەو وەڕسییە دەبینرێت.

 

 

ڕێگای سێهەم ــ ڕێگایەکی هەڵە.

ئەوەی هەردوو ئەو جۆرە هاوچەرخەی بێمانایی  بەرپەرچ بداتەوە، ئەوە ڕێگای سێهەم هەلدەبژێرێت، کە ڕێگایەکی چەواشە و شێتانەیە: ئەویش بریتییە لە فوندامێنتالیزمی ئاینی، واتە پاشەکشەکردنەوەی توند بەرەو بوژاندنەوەی ئەو نەریت و ترادیسیۆنانەی کە هیچ کاتێک بوونیان نەبووە. گاڵتەجاڕی گەورەی ئەم ڕێگای سێهەمە لەوەدایە، گەڕانەوە بۆ ئۆرتۆدۆکسییەکی وەهماوی  تیایدا وەکو دواهەمین کردەی بەگژداچوونەوە دەردەکەوێت. ئایا ئەو کردەوە خۆکوژییانەی لاوان دەیکەن، بریتی نین لە فۆرمێکی ڕادیکالی لاوانی گەندەڵبوو؟

ئەمڕۆ پرسیاری گەورە لەبەردەمی بیرکردنەوەدا مابێتەوە بریتییە لەوەی، ئایا ئێمە چۆن لەم بازنە شەیتانییەوە بچینە دەرەوە؟ ئایا  ماناکانی بەرگری و گەندەڵی پێویستیان بە پێناسکردنی نوێ هەیە.  ئایا کێ سۆکراتی هاوچەرخە؟

 

ته‌واو

 

 سه‌رچاوه‌: نوێیه‌ زیوریخه‌ تسایتونگ- 06.10.2017؛ تەنیا سۆکراتێک دەتوانێت فریامان بکەوێت.

 

06.10.2017 – Zizak, einSokrates kann uns retten, NZZ

https://www.nzz.ch/feuilleton/nur-ein-sokrates-kann-uns-retten-ld

 

 

 

 

سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه‌

تێبینی وەرگێڕ (به‌كر عه‌لی): ئەرکی فەلسەفە بەوەی تێپەڕی سنووری واقیع بێت یان تێنەپەڕی بێت لەڕۆژگاری سۆکراتەوە خراوەتەڕوو. ئەم کێشە فەلسەفییە کە ژیژەک بە کورتی لەم وتارەدا پیشانی داوەتەوە، دەرگای تێگەیشتنی زۆرتر لەسەر ئەو باسە دەکاتەوە کە ئیسماعیل حەمەئەمین و من لە کتێبی سلۆتەردایک لەنزیکەوە، بەرگی یەکەم لەژێر ناونیشانی << هیومانیزم و پۆستهیومانیزم>> ئیشمان تیا کردووە.هەر لەم ڕوانگەیەشەوە وەرگێڕانی ئەم وتارەمان بەپێویست زانی.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین