تۆتالیزم

دووڕیانی نوسین و جیهانێک لەودیو لاپتۆپەکەوە


Loading

نوسین چالاکاییەکی خۆش و هاوکات قورسە. هەموو کەس دەتوانێت پڕبداتە نوسین، بەڵام چەندە دەبێتە نوسەرێکی پیشەیی-پرۆفێشۆناڵ- و بەردەوام بیرۆکەو پرسیاری نوێ بەرهەمدەهێنێت، ئەوە شتێکیترە. یەکێک لەنیشانەکانی خۆشبژێویی لەهەرێمدا، بەردەستبوونی ئامرازو ئامێرەکانی نووسین هەر  لەلاپتۆپ و ئایپادەوە تا مۆبایلمان کە زۆربەمان هەیەتی. خۆشبەختانە ئینتەرنێتیش لەزۆربەی شوێنەکاندایە.

بەڵام، سەرەڕای زۆری ژمارەی بڵاوکراوەکان لەڕۆژنامەی کاخەزو ئەلەکتۆرینیەوە تا سایت، بلۆگ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ڕێژەیەکی کەمی بەرچاوی “نووسین” دەبینین. بەهەموو بارێکدا زۆر ئەنوسرێت، بەڵام، ئایا ئەو نووسینانە رای گشتی دەبزوێنێت؟ بڕیاری سیاسی و مشتمڕی روناکبیری و سیاسی و کولتوری لەگەڵ خۆیدادەهێنێت؟ ئاخۆ هیچ دەخەنە ئەمباری بیرکردنەوەو جیهانبینی ئێمە؟ بۆ ئەوەندە ئەو هەمەوو نووسینە شتێک ئیزافەناکەن؟

ئەو هەموو ڕاپۆرت، هەواڵ، دیمانەو نوسین ڕاوبۆچوون و شرۆڤەو لێکدانەوەو ستوون و زۆر ژانری تر، وەک ئەوەی پوشێک بچێتە سەر خەرمانی نوسینی کوردی. ئەمە، چەندە مایەی دڵتەنگی و خەمە، ئەوەندەش مایەی پرسیارە. بۆخۆم ئەڵێم؛ ئیتر بۆ بنوسین، کاتێک ڕێژەی نوسینەکان وەک ئاوێک لەسەری بڕوات بێئەوەی کەسێک سوودی لێبینێت؟

چونکە، ئەگەر بابەتی نووسینەکان هیچ کەس و لایەنێکی پەیوەندیدار ڕانەگرێت چجای ئەوەی خوێنەری زرنگ، سیاسی و توێژەر و ڕەخنەگرەکان” بێت. کە هیچ فیدباک و سەرنج نەبێت لەسەر زۆربەی بابەتەبڵاوکراوەکان، ئیتر وتوێژو باسوخواسی جیدیش نایەنەکایەوە.

شاراوە نییە زۆربەی نوسینەکان هەر لەناونیشان و ناوەڕۆک و شێوازی نوسینەوە، وەک مەنەلۆگێکە (ورتەیەکی ناخەکی) لەمێشکی نوسەر خۆیدا دێتودەچێت و دواجار دزەدەکاتە ناو لاپتۆپ و دەکرێیت بەنوسین. ئەوەی نوسەری لەدونیای خۆیدا، لەپشت لاپتۆپەکەی لەکافییەکدا  بەدەم قاوەفڕکردنەوە، بیرۆکەیەیکی بۆدێت، دواتر دەرفەت و پاساوی بەنوسینکردنی بۆ دەدۆزرێتەوە، هیج پەیوەندی بەواقیعی بابەتی ڕۆژانەی خەڵک و سیاسەتەوە نییە. چونکە نوسیار، لەگۆشەنیگاو جیهانێکەوە دەڕوانێت کە لاپتۆپ و خولیاکانی تاکەکەسی خۆیەتی.

کەدەڵێم ئەو نوسینانە وەک هەوری بێباران دەگرمێنن، مەبەستم ئەوەیە نییە دەبێت خاوەنەکەی بەنوسینێک بەناوبانگ و دەنگۆی لەهەموولایەک ببیسترێت یاهەموومان پێوەی خەریک بین. نەخێر، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی بابەتی نووسین نابێتە جێگەی مشتومڕو قسەوباس. واتە ببێتە پرسێک(ئیشوویەک)؟ کاتێک نوسینەکان وەک پیاسەیەکی یەکئاراستەیی دەڕۆن و ئیتر تەواو. ئەوا هیچ شوێندەستێک جێناهێڵن. لەئاسامانی بیرکردنەوەی نوسەرەوە بەسەرزەوی واقیعدا دەکەون و تەواو! چیرۆکەکە لەوێدا کۆتایدێت.

کەواتە، بەبنبەستگەیشتنی نوسین ئەوەیە، هەندێک هیچیان نامێنێت بۆ نوسین. یا ئیتر خۆیان دووبارەو چەندبارەدەکەنەوە. یا لەبەرئەوە، پەنادەبەنە بەر زۆربابەتی جیاواز تا بەردەوام بن، بەڵام سەرئەنجام لێئەکەون. ئەوانیتریش کە نانووسن، هەستدەکەن هیچیان نییە بۆ ووتن.              

ئەوانەشی بێئەندازە بڵاودەکرێنەوە، زۆربەی ڕائامێزن. ئەوەشی کە “شرۆڤەیە” میتۆدو پرسیاری نییە. ئەگەرچی مرۆڤ ئازادە بەنووسین گوزارش لەهەر راوبۆچونێکی بکات. بەڵام، دەبێت لەخۆیان بپرسن: لەئەنجامی کام لێکدانەوەو بەدواچوونەوە گەیشتونەنە ئەو رایە؟ چۆن ئەنجامگیری دەکەن؟

ئایا هەر لەبەرئەوەی کە ‘تۆ’ پێتوایە، بابەتێک ڕاستە یاخراپ یا باشە، ئیتر لەواقیعدا ئەو بابەتە بەو جۆرەبێت؟ پاساودانەوە، ساخکردنەوەو پشتڕاستکردنەوە راوسەرنجەکان، دەبێت ئەنجامی شرۆڤەکاری بێت. ئێمە لەوەدا لاوازین، چونکە زۆربەی نووسین لەهەڵوێست دەربڕین، داوەریکردن بەناوی هەقیقەتەوە، دەمانەوێت شتێک بڵێین. ئەمە دەردە کوشندەکەی نووسینە.

کاتێک نوسینەکان دەبنە تابلۆی گازندە، سەرکۆنەکردن، سەرزەنشتنکردن و ڕیسواکردن و هتد… ئەو تەرزەنووسینانە، زۆر زاتین –خۆیین- و بەرهەمی هەمان ئەقڵیەتی شیعر-پەخشانییە کە لەنوسیندا زاڵەبەسەر هەموو جۆرە نوسیەنکانی تری زمانی کوردیدا.

ڕەنگە، هەندێک بڵێت واقیع ڕوون و دیارە، ئیتر پێویست بەبەڵگەو سەلماندن ناکات. بەڵام، پرسەکە لەمە زیاترە.راستە واقیع “کەچەڵێکی” ناحەزو ڕەزاگرانی بەرچاوە، وەلێ دیدولێکدانەوەکانیش بۆی لەکەسیکەوە بۆئەویتر دەگۆڕێن. بۆئەوەی وێنەیەکی دروست و بابەتیمان هەبێت، دەبێت وێناکردنەکە دروست نزیک بێت لە راستییە. ئەگینا ئەو هەموو وێناکردنە بەمیزاجی نوسەران، دەبێتە وێنەی “شەڕەپشیلە” کاتێک هەریەکە بەجۆرێک کەخۆی حەزی پێیەتی وێنای بکات.

واقیع یا فاکت دەبێت لەئەنجامی مەعریفەو لێکدانەوەیەکی لۆجیکیانەوە وەک خۆی وێنابکرێت. پێداگیری و جەختکردن لەپرسێک بەبێ بنەمای واقیعی(fact-free assertion)وادەکات نوسین ڕەمەکی و راوسەرنجەکان گۆترەدەربچن. دەبێت نموونەی واقیعی، ئامارو داتاو بەڵگەی سەلمێنەر پشتڕاستی بۆچوون و ئەنجامەکان بکەنەوە. لەبەرامبەریشدا، پێداگیریەکی درۆینەو ساختە (False assertions of fact) لەواقعیێک بەئامانج و مەبەستی سیاسی، ئایدۆلۆژی یا بەرژەوەندی چێواشەکارییە. دەربڕینی ڕا وەک مافێک، تەواو جیایە لەجەختکردنەوەى فاکت و راستییەک. ناکرێت بەناڕاستی و نادروستی، بەبێ بنچینەی جەخت لەبابەتێک یا رەتبکرێتەوە. دەبێت نووسەر مەودا لە خولیاو ئەندێشە خۆییەکانی وەرگرێت و لەخۆی بپرسێت بۆ و لەسەرچی و چۆن بنوسێت. ئەگینا، ئەوەی لەئەندێشەی نوسەردایە، هەمان شت نییە کە بەکردەیی لەواقیعدایە.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project