شه‌هلا یار حوسێن

شه‌هلا یار حوسێنی؛ فۆتۆ ونبووه‌كانی ده‌زگیرانداری


Loading

زۆر حەزم لە دەزگیرانی بوو، پێمخۆش بوو هەمیشە پێشئەوەی زەماوەندە بكه‌م،  چەند جارێک قسەو دەردەدڵم بۆ ده‌زگیرانه‌كه‌م به‌یان بکردایە. پێم خۆش بوو پێم بگووتایە؛ چەند ئاشقی ڕووخسارو قسەکانتم و هەمیشە تامەزرۆی دەنگ و گووتەکانتم…چەندەش ترس لە ناخمدا دەمهەژێنێت، ترسێک کە بە منداڵی گوێم لێ بوو، کە باسی شووکردن و پیاویان دەکرد کە چۆن دەبێت لێی بترسیت و گوێڕایەڵی بیت، یان هەردەبێت بە بەردەوامی لەخزمەتیدا بیت.

ئەو ترسە ساڵانێک بوو وەک خوێنی سارد بە لەشمدا دەهاتوو دەچوو،  له‌ناخمدا  په‌پكی خواردبوو، چونكه‌ نه‌مده‌توانی لای كه‌س  باسیبكه‌م و له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌رده‌دڵی خۆم بكه‌م. لە کاتی دەزگیرانداریدا ڕۆژێک دەزگیرانەکەم  بە منداڵێکدا په‌یامێكی  بۆ ناردم؛ کە خۆم  ئامادە بکه‌م و بچین وێنەی دەزگیرانداری بگرین…کە ئەو په‌یامه‌م بۆ هات زۆر دڵخۆش بووم، بەڵام ترسەکە هەر لە ناخمدا دەیخولاندمەوە، وەک ئەوەی تەورم  لێ ببارێت، ئاوه‌ها  کەوتمە لەرزین.

ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی گەرمی هاوین بوو، باوکیشم لە ماڵ نەبوو، دایکم گووتی؛ با باوکت نەزانێت ئەگەر بزانێت ڕێک لە پشتی ملەتەوە سەرت دەبڕێت…هێندەی دیكه‌ ترس بینەقاقای گرتم، بەڵام دانیشتم و پاڵم دا بە عەمودی بەرهەیوانەکەمان و هەردوو ئەژنۆم لکاند بەسنگەمەوە و دەستەکانم قوڵفکرد لە دەوری ئەژنۆم، گریان پڕ گەروومی گرت بوو، حەزم دەكرد پڕ بە دەنگ و گەرووم هاوار بکەم و بڵێم؛ هۆ دڵە بێئاگاکەی من تۆ لە کوێی،  لە کوێی تا پێتبڵێم چەند ئەترسم و چەند خۆشم دەوێی ؟

هەر بە هەناسەیەکی لاوازی بێ ئیرادەوە، بڕیارمداو وه‌ڵامم بۆ گەڕاندەوە، به‌وه‌ی باشە خۆم ئامادە ئەکەم بۆ سەر لە ئێوارە…

سەر لە ئێوارەیەکی خۆش دڵفڕێن بوو، بەڵام لای من وەک تاریکە شەو وه‌ها بوو، چونکە نەمدەزانی چۆن

دەگوزەرێت، کاتی ژووانه‌كه‌م  نزیک بوویەوەو، منیش جلێكی زەردی ئاڵتونیم لەبەر کردبوو،  بەڵام تاقمە جلە کوردیەکە هی ژنێکی خزمی خۆمان بوو، پێیگووتم؛ ئەمە لە بەرکە زۆر جوانە و لە باڵای تۆ دێت و لە گەڵ ڕەنگت دێتەوە…منیش زۆرم پێم جوان بوو، جلەکانم لە بەر کرد و قژم بە سپرای زەردیش کاڵکردەوە و چاوم ڕشت و ئارایشێكی کاڵم کردو لێوم سوور کرد. باش لە بیرمە ئەو کات ملوانەکەیەکی سەوزیشم لە مل کرد، له‌ڕاستیدا  من حەزم لە ئاڵتوون نەبوو.
ئامادەی ئامادە بوو بووم  بۆ وێنە گرتن. دەزگیرانەکەم هات بە دووامدا، ئەو کاته‌ دەبوو بە پێیان بڕۆیشتینایه‌. وای چەند شوورەیی بوو، ئەو سەردەمە، لە شارۆچکەیەکی بچوکی وه‌هادا کچێک لەگەڵ دەزگیرانه‌كه‌ی بچێتە دەرەوە بۆ وێنە گرتن.  بە هەر حاڵێک بوو من لە شەرمدا دەتوامەوە و لە خۆشەویستی و ئەشقی دەزگیرانەکەیشمدا خۆشییەکی بێئەندازە بەرۆکی گرتبووم. بێ قسەو بێ وورتە، نزیکه‌ی  نیو کاژێر بەڕێگادا چووین، نە ئەو هیچی گووت و نە منیش ئاوڕێکم لێدایەوە…

کاتێک گەیشتینە لای دوکانی وێنەگرییه‌كه‌‌، هەردووکمان چینێک ئارەقمان کردبۆوه‌.  چووینە نێو دوکانەکەوەو وێنەگر یان بڵێم فۆتۆگرافه‌ره‌كه‌ سڵاو و بەخێرهاتنێکی گەرمی لێکردین، پێی گووتین؛ تازە

بووک و زاوان؟… من سەرم داخست و دەزگیرانم وه‌ڵامیدایەوەو گووتی؛  نەخێر جارێک زەماوەندمان نەکردووە، بەس حەزدەکەین وێنەیه‌ك پێش  زەماوەندمان بگرین.
وێنەگر زەردەخەنەیەکی کردو گووتی؛ ئەک بە خۆشیتان بێت و پیرۆزە…پاشان به‌منی گووت:  ئادەی خوشکم تۆ بڕۆ لە ژوورەوە سەیرێکی ئاوێنەکە بکە بزانە ئامادەی؟
کە وایگووت یەکسەر تووشی وەسواسی کردم، لە بەر خۆمەوە گووتم؛ تۆ بڵێی ڕانەبوێرێت، یان تۆ بڵێی ئەو گەرمایه‌ خراپی بەسەر ڕوخسارە ئارایشەکەمدا نەهێنا بێت؟ هەستام چوومە ژوورەوەو دەزگیرانیشم

پیكاسۆ: ژنێك ده‌نوسێت ١٩٣٤ – زه‌یتی له‌سه‌ر كه‌نڤاس.
Pablo Picasso, Woman Writing, 1934. Oil on canvas

بە دوومدا هات و دڵم نیشتە لەرزین، لە بەرخۆمەوە گووتم: ئێ چیە خۆ فەقیرە گازم لێ ناگرێت، با بێتە ژوورەوە…خۆ لە دڵیشەوە حەزم دەکرد، بەس ئەو ترسە نەعلەتیە وایدەکرد کە لێی بترسم. من چوومە بەر ئاوێنە، جا لە هەموو خۆشتر ئەوە بوو، پێش لەوەی سەیری خۆم بکەم لە ئاوێنەکە سەیری دەزگیرانم دەکرد، کە سەیرم کرد ئەویش سەیری منی دەکرد، لە ژێر لێوەوە گووتی؛ زۆر جوانی زۆریش شیرینی، پێویست ناکات سەیری ئاوێنە بکەیت…کە وایگووت ئەو کات سەیری خۆمم کرد، بەڵام هیچم نەگووت، جارێکیتر گووتی؛  دەست لەخۆت مەدە، ئاوا زۆر جوانی ئارایشی لەوە زیاتر مەکە.
ئەو کات منیش زەردەخەنەیەکم بە ڕوویدا کرد و گووتم؛ هەر بە ڕاستە؟
گووتی؛ بەڵێ دڵی گیانه‌كه‌م.
وای چەند خۆش بوو ئەو هەستە، یەکەم جار بوو خۆشەویستەکەم وام لە گەڵ بدوێت، یەکەمجار بوو وا تەنیا لە شوێنک بە تەنیا بم و لە گەڵ ئەو کەسە کە هەموو خەیاڵمی داگیر کرد بوو. هەر هیچم نەگووت.
هەنگاوێک لە ئاوێنەکە دوور کەوتمەوە، به‌ڵام ئەو نزیکبۆوه‌ لێم، منیش هەنگاوێک بۆ دواوە چووم، دەستی گرتم و گووتی؛ ئەتوانم باوەشت کەم؟…ئەی هاوار چی بکەم من، خۆ وێنەگرەکە گوێی لێ بوایە ڕێک ئەمردم، بەڵام زۆر بە نەرمی ئەدوا، منیش کەمێک دوورکەوتمەوەو گووتم؛ نا، ئێستا نا.
ئەویش زۆر نەرمونیان بوو گووتی؛ باشە قەینا، ئەزانم ئەترسی، بەس ئەتوانم بۆنێکی قژت بکەم؟
وتم باش! …بۆنێکی قژی کردم و تا توانی هەناسەیەکی قوڵی لە گەڵ بۆنەکەدا هەڵمژیوو گووتی؛ تەواو، ئێستا بانگی وێنەگرە ئەکەم.
بانگی فۆتۆگرافه‌كه‌ی  کرد؛ وەستا ئێمە ئامادەین …فۆتۆگرافه‌ره‌كه‌ هاتە ژوورەوە، بە چەند جار هێنان و بردن و هەستان و دانیشتنی ئێمەو دەست لە نێو دەستی یەکترینی ئێمە، چەند فۆتۆیه‌كی  ئێمەی چرکاند،  ئیدی تاوه‌كو له‌  ‌‌ڕاوه‌ستانی به‌رده‌م كامێرای فۆتۆگرافه‌ره‌‌كه‌ ‌ ته‌واو بووین،   بوو بوو بەبانگی ئێوارە و مەلاکان دایان لە ناڵەی بانگ.  هەر کە گوێم لە بانگ بوو، یەکسەر دڵەڕاوکێ داگیری كردم  و ترسی باوکم  منی هه‌ژاند، هه‌ر بۆیه‌ خێرا بە دەزگیرانم گووت؛  با بڕۆینەوە ئێستا دایکم لە ترسی باوکم دنیای لێ بووە چەرمی چۆلەکە…ئەویش زۆر باش حاڵی دەبوو، هیچی نەگووت، کێشە نییە هەر ئێستا دەتگەیەنمە ماڵ. تەکسیەکی گرت و ڕێک بۆ ماڵەوە.

گەیشتەمەوە ماڵ زۆر بە ترسەوە لە دەرگامدا، باش بوو دایکم دەرگای کردەوەو گووتی؛ ئەمە کەی چوویت و کەی دێتەوە؟  منیش گووتم؛  دەی وایە وێنەگرتن وایەو کاتی ئەوێت…دایکم زۆرشڵەژا بوو، گووتی؛ باش بوو باوکت جارێ نەهاتۆتەوە، ئەی دەزگیرانت کوا ؟

منیش گووتم؛  ئەو چووەوە بۆ ماڵی خۆیان.

کەچی توڕە بوو لێم و گووتی؛  ئەی خوڵقت نەکرد؟

منیش گووتم؛  نا…

گووتی؛ بۆ ؟

گووتم؛  لە ترسی تۆ، لە ترسی باوکم، لە ترسی گەڕەک…

منیش بە توڕەیەوە وه‌ڵاممدایەوەو، یەکسەر چووم جلەکانم گۆڕی و ئارایشەکه‌ی ده‌موچاوم شته‌وه‌…

ئێوارە تاریک داهات و باوکم هاتەوەو خۆی کرد بە حەمامدا و دەستنوێژی هەڵگرت، دایکشم بە گورجوگۆڵیەکەوە، هاتوو لێم نزیک بووەوە بە چرپە گووتی؛ با باوکت نەزانێت چووی بۆ وێنەگرتن… من هێندەیتر توڕە بووم لە خودی خۆم، حەزمدەکرد ڕێک لەوێدا بمرم، ئاخر وێنەگرتنێک ئەم هەموو ترس و شاردنەوەی بۆ چییە.گووتم؛  باشە بەسەر چاو، من قسە ناکەم ئەگەر تۆ لە دەمت دەرنەچێت.
دوای چەند هەفتەیه‌ك له‌ شاردنەوەی ئەم  چركه‌ساته‌ ڕۆمانسیانه‌ لە نێو دوکانی وێنەگرییه‌كه‌دا  و بەو هەموو پرتەوبۆڵەی دایکمەوە .  له‌دواجاردا باوکم  به‌مه‌سه‌له‌كه‌ی  زانیبوو. هه‌ربۆیه‌  لە پێش من و دایکم فۆتۆكان درایە دەستی ئەو…جا وەرە بابە تۆ حاڵی بکەم و پێتبڵێم خەتا گەوەرەکە خۆم بووم و دایکم ئاگای لێ نەبووە. خۆ ئه‌گه‌ر واش بڵێم خۆ خراپتر!

بەڵام هەر کە فۆتۆكانی لە پاکەتەکە دەرهێنا و سەیریکرد، توڕە بوو گووتی؛ ئەمانەیش ئەکەیت؟
منیش خۆم دا لە گێلی و گووتم؛ چی؟
گووتی؛ وسبه‌، باشە تۆ شەرم ناکەیت؟
دیسان خۆم گێلکردو گووتم؛  لە چی شەرم بکەم؟
فۆتۆكانی فڕێدایە كۆشم و گووتی: هەڵسە تۆیش کچی دایکتیت.
بەڵام زۆر بەری دڵی گرتم و توڕە بووم گووتم؛ هەر چی ئەکەیت ناوی دایکم مەهێنە، لەم کارەدا، دایکم بێئاگا بوو، گووتی: وتی ئاوا؟
گووتم؛ بەڵێ…  هه‌رئه‌وه‌نده‌ی گووت پاشان گووتی ؛ من ئه‌ترسم لێت؟
منیش گووتم؛ بۆ بابە گیان ئاخر من چی شتێکی خراپم کردوە؟
گووتی؛ هیچ…بەڵام کارە سەربەخۆیەکانت وام لێ ئەکات کە وا بترسم…
پاشان گووتی؛  ئەزانی دادە گیان ئەم خەڵکە وا نایەژن، دوایی قسەمان بۆ دروستدەکەن، ئەگینا خۆ من ئەوەندە کەسێکی دڕندە نیم، بەس پێم بێژە تۆ پرسی دایکت کرد؟
گووتم؛ بەڵێ!
جا سەیرێکی دایکمی کرد و گووتی؛ ئەمە ئاخر جار بێت.. دایکیشم گووتی؛ خۆ نایکوژم  له‌تەک دەستگیرانی خۆیدا چووە.
باوكم دڵی نەرم بوو، ئیتر گووتی؛ وێنه‌كان  لاوە با نەیبنیم.
منیش لە ڕادە بەدەر توڕەبووم، لە بەر خۆمەوە گووتم؛ ئەم جارەیش لە ڕاهێنان دەرچووین، خوا کەریمە بۆ زەماوەند…باوکم دڵی هێنامەوەو پێی گووتم؛ دڵنیابە زۆر خۆشمگەرەکی بەڵام تۆ زۆر له‌ڕووییت  و لە هیچ ناترسی، بۆیە هەمیشە ترساوم لێت کە ڕۆژێک کارێکی سەرەڕۆیانە بکەیت، بەڵام شەرت بێت تا من ماوم ئیتر هیچ بە تۆ نەڵێم چونکە تۆ کەسێکی دەزانم خۆت دەدۆزیتەوە.
دوای ئه‌وه‌ نازانم چۆن   فۆتۆكانم لێ ونبوون و تا ئێستاش  فۆتۆكانم لای خۆم نین و نازانم لە کوێ پەیدایان بکەمەوە، تەنیا وەک یادگاریەک لە بیرەوەریمدا هەیە….

ته‌واو

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project