جه‌نگاوه‌ر و ڕاوچییه‌ ماساییه‌كان

لەنێو ماساییەکاندا؛ لە “گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا”


Loading

پێشه‌وا كاكه‌یی و كتێبه‌ شیعرییه‌ نوێیه‌كه‌ی – گه‌ردووننامه‌ – ٢٠١٩ – بڵاوكراوه‌كانی نووسیار

 

 

 

 

لەنێو ماساییەکاندا

دەقی واڵا  – بەشی یەکەم

لە “گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا”

 

 

 

 

 

 

 

 

«لەنێو ماساییەکاندا»  

بوونتان لە پێش هەموو شتێک

«هاتووم، کارتان بەوە نەبێت چۆن بیردەکەمەوە، چۆن مێژووتان لە شیعرمدا دەنووسمەوە، لێ وەک هەندێک لە فارسەکان نیم، بڵێم: زمانی کوردی لە پڕشکی وشەم دەرچووە، ئەوەی زمانناس نەبێت، ناتوانێت مێژوو بنووسێتەوە؛ نازانێت کە خاوەن زمانێکم، پڕشکی وشەم بەر دەیان شوێن کەوتووە. دیسانەکێ، ئیشی من نییە بڵێم: چۆن لە سۆدانەوە هاتوون، بۆچی لە سنووری نێوان تانزانیا و کینیادا گیرساونەتەوە؛ خۆ لەو جۆرە توركانەش نیم، بڵێم: ئێوە کۆچەرین، چی دەکەن بە شاخی کلیمانجاڕۆوە.٢ نە سەر بە جوگرافیای ئەو عەرەبانەشم، هەموو شتێک بۆ ئیسلام بگەڕێنمەوە. چۆن هاتوویت، بیرکردنەوەی نێو شیعرم نییە، بەڵکوو لە بوونتاندا: مافتان دەخوێنمەوە، ڕاستیتان لێک دەدەمەوە؛ شووناس و زمان و ئایین و مێژوو و جوگرافیاتان بەخۆ دەسپێرمەوە. هاتوومەتە لاتان، بۆ وەی وەک زمانی شیرینی خۆم بە زمانی ما٣ بپەیڤم؛ قاقای پێکەنینتان، غەمناکیتان، وەک بوونێک لەنێو مێژوودا بخوێنمەوە

 

 

 

*

 لە ژوورێکی بچووکەوە هاتووم و بە پەنجەرەدا ڕامکردووە،

چۆن دەزانم خەیاڵم ئەفریقییە.

هەموو ڕەنگەکانم خۆش دەوێت،

وەلێ لە ڕەنگی سووری لای خۆمان ڕامکردووە و

هیچ نەبێت ئەو ڕەنگە سوورەی لا ئێوە بە خۆم شاد بکەمەوە.

تا بەو جلە سوورانەوە…

پێبکەنم، عاشق بم،

عاشقی کچێکی لیچ ئەستووری ڕەشپێستی باڵەبەرز

ئەگەر گولیش بێت بۆی ببمە شوان،

ئەگەر نابیناش بێت بۆی ببمە دەرمان،

ئەگەر وەک قامیشیش وشک بووبێت،

نایژەنم، نایکەمە شمشاڵ، هێندەی دی غەم بیباتەوە؛

سەما دەکەم، بادەدەم، تا بتریقێتەوە لە پێکەنیندا…

تا هەست بکات چۆتەوە سەر ڕەگی بوون و خۆی بناسێتەوە.

 

 

 

 

 

 

*

ماساییەک، وەک لای خۆمان، گوتی:

تەسەلام نەما، لەوەی سەدان ساڵە هەر دەڵێین و دەیڵێینەوە

ئاخۆ خێڵین یان نەتەوە،

شەراب بێنن با پێکێک بخۆمەوە؛

ئێستاکانێ سەروەتی من لێرە:

گامێش و مانگا و پانێر و گوێلەکە و جوانەگایە،

با وەک گاوانێک، شووناسی خۆم ببینمەوە.

چش لەوەی کە ڕۆبۆتێکی ئەم و ئەو بم،

شوێنبڕ و کاتبڕێکی خێرابم و

کەچی لە دەرەوەی کات و شوێنیش بم!

 

 

 

 

 

لەنێو ماسایی مارا٤

کە گەیشتمە نارۆک،٥ لەوێڕا بە شلەخەجێیەکی شڕەوە هاتم،

بینیم زەبتێکی تێدایە شڕتر لە خۆی،

بە یادی منداڵیم، نەوارێکی «مەزهەر خالقی»م خستە سەر و

کە هاتە سەر گۆرانی بازی بێریان،٦ منی بۆ جیهانێکی دی بردەوە.

کە دەمڕوانییە ئەو خەڵکەی ئێرە، ئاوها ئەو گۆرانییەم دەگوتەوە.

دەمگوت:

جه‌نگاوه‌ر و ڕاوچییه‌ ماساییه‌كان

بازی بێرییان ڕەش و لیچ ئەستوورن، وەی لەوان لەوان

بێری دێن، ببینن، گوارەیان مروویە،

دەستبەندیان مرووی وردی ڕەنگاوڕەنگە،

لە جوانیدا دەوەستێ دڵی پیاوان، ئای لە بێریی وان.

سەرشانیشیان، ملوانکەی لوولپێچی چەند ڕوویە؛

ئازیزان، بزانن، لە دار و ئێسقانی گیانداری وێیە.

ڕادەبرن، دڵ دەبەن، بە عیشوەی چاوان؛

پیاو شێت دەکەن، تا شێرێک ڕاو بکەن.

 

 

بازی بێرییان قەد بڵند و باریکەڵەنە، وەی لە جوانییان،

شوانیش سەرگەردان دەبن، چ جای کاتی چۆپ چۆپان؛٧

شوێنگەیان گەرمی دڵانە، وای ئەمان ئەمان.

ڕادەبرن، دڵ دەبەن، وەختی سپێدان؛

خوێن و شیر پێکەوە دەخۆنەوە، بۆ بەهێزبوونیان.٨

بازی بێرییان لەو دەشت و دەرە، وای لە هاوینان؛

بێری دێن، وەها دێن: بووبێتن بە ئەستێرەی ئاسمان.

هەرچی ڕادەبرێ، سەمات بۆ دەکەن، بەڵام شەوانە؛

بە دەوری ئاوردا بۆت دەسووڕێنەوە، وای ئەمان لەوان.

 

 

 

بازی بێرییان هەمووی لەو دەشت و دێیە، دەبینم وان؛

بێری دێن، بەرەو ڕووم، شیری مانگایان پێیە.

خۆم دانیشتووم لەنێو ئەو شلەخەجێیە، ئەمان ئەمان.

چاوجوانێ بانگم دەکا بۆ نێو جێیە، ئەمان ئەمان.

ڕادەبرن، دەڵ دەبن، سەد جار دڵت کون دەکەن؛

وا دەکەن بێیتەوە نێویان، دڵت پێبدەن، ئەمان ئەمان.

 

 

*

لەخۆوە دەیانگوت: ئێرە بیابانێکی وشکوبرینگە.

قاقڕ، جگە لە دووپشک و مار، چڵەگیایێ نابینیت،

جگە لە لێوی سوور، گوڵێکی سوور نابینیت؛

کەچی گوڵفرۆشەکان، گوڵی پەمەیی و سووریان دەفرۆشت.

چۆن دەکەونە بازنەی ئیستیواوە،

خۆر هەموو ڕۆژێ، بۆ نوێبوونەوە بە ڕووتی دەگەڵیان دەدوێت.

سەما دەکەن سەمای ئادوموو،٩

تا بە جۆڕێکی دی بڵند و ئارام ببنەوە؛

سەرگەردان نابن لەو دەشت و کێوانە،

حەزدەکەن تا ئاسمان بەرز ببنەوە.

 

 

 

*

«به‌م وشکەساڵییە ڕاهاتوون، پزیشکانی دونیا پشتیان کردۆتە ئێرە، کەچی هەمووشیان چاویان بڕیوەتەوە گیای ئێرە؛ ئەوانەی بەر بازاڕی پزیشک نەکەوتوون خۆیان پزیشکی خۆیانن، سوود لە گیا دەبینن، لە دارستانەکانیانەوە گەڵا و ڕیشاڵی تایبەت دێنن، دەزانن لە گەرمەسێرن، دەچنە سەر کێوەکان و دوو جار خۆیان بە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەچوێنن، هەم وەک جوگرافیا و هەمیش هەست دەکەن وەک تیشکی خۆر دەپڕژێن.»

 

 

 

باکیان نییە کە گەرمەسێرە،

پێکەنینیان وەکوو ئاو وایە،

بێ ڕەنگ و بێ بۆن و بێ تامە؛

وەلێ دەزانن لە تامدا: هەندێ گومانیان جێهێشتووە!.

لێرەکانێ:

هەندێک شیعر لە کانگەی دڵ دێنە دەرێ،

تا پێ دەگرن، سەد گۆچان دەشکێنن؛

بۆ وەی لە پیریێتی بدوێن!.

 

 

ماساییەک، گوتی:

هەرگیز مرۆڤت نەدیوە کە ناچاربووە بە جێ و ڕێوە؛

خەوتن هەڵەیەکی کوشندەیە، گومکردنی ڕێیە.

کەوتووینەتە سەر پشتێنەی ئیستیوا،

قەدەری مەیە، وا ڕووباری مارا١٠ ئەسرینی مەیە.

 

بینیم لەکەنار ڕووباری مارا،

چنگار١١بە خەتی شکستەیی:

منگەمنگی لمی دەنووسییەوە؛

جار جار کە قەڵس دەبوو،

بە شەپۆل نووسینەکەی دەسڕییەوە!

جووتیارێکی وێ، گوتی:

ژیان بۆتە ڕۆیشتنی شلوشۆق،

چەمەنزار، خاڵی بووە لە دەنگی بۆق.

چ وشکەساڵییەکە بیرەوەرییمان،

چ هەڵدمساوییەکە دەروونمان.

 

 

شاعیرێک، گوتی:

مرۆڤ کێڵگەیەکە دەتوانێت بە هەوەس خۆی شتی تێدا بچێنێت،

دەنگێکی تر و هەناسەیەکی تر و ترپەیەکی تری تێدا وەدۆزێت؛

هیچ ناچار نییە، هەموو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری قبووڵ بێت.

منیش، گوتم:

ژنە عاریفێکی دراوسێمان، دوای دوو دەیە:

بۆ پارووە نانێک، تەسبێحەکەی فرۆشت؛

کە پڕبوو لە یادگاری زیکر!

 

 

 

پیرەپیاوێک، گوتی:

بیابان، ماڵێکە لە غەریبیی چاو،

شەقامی درز و مەیدانی خۆڵیشی هەیە؛

پەنجەرەی با و دەرگای دڵ،

لەسەر هەردوو لاولاوەی پێ،

هەمیشە دادەخرێن و دەکرێنەوە!

 

 

 

پیرەژنێکم لە کلیمانجاڕۆ بینی، گوتی:

دەیان جار مارمێلکەم بینیوە،

یاخی بووە لە داخی سمۆرە؛

کەچی مەیموون، بەو هاروهاجەشییەوە:

شەرم لە فیل دەکات و

دەزانێ یاری شەترەنج چییە!

 

 

 

كیژه‌كی ماسایی

کیژێکی ڕەشکەڵەم بینی و گوتم:

هەموو ئەو گەشتیارانەی دێنە ئێرە،

وێنەی تۆ دەگرن و دواتر بڵاوی دەکەنەوە؛

هەیە لە بنەوە دەنووسێت: عەبۆی وێنەگر،

یەکێ دێت و دەڵێت: لە دیواری «فاتێ»وە وەرگیراوە،

کچێ ڕاستییەکەی لە دڵی تۆوە وەرگیراوە!

 

 

 

 

 

تۆ سەیری جانتاکەت بکە

ئاوێنەیەکی بچووکی تێدایە،

وەکوو ژیشک خۆی خڕکردۆتەوە؛

دە تاوی بدەیە ماڵتە، خۆ ناتخوا.

چاوی بە ڕووناکیت بکەوێت،

ئەو ژەنگەی گرتوویەتی، یەکسەر دەیبا!

 

 

 

 

 

 

 

 

*

لێرە وەهایە:

لەبری هاککەر ببینیت، ئۆحەی گاوان دەبیستیت.

لە جەنجاڵی دوور دەکەویتەوە، باڵندەی سەیر دەبینیت.

چاوەکانت بە دەشت ڕادێت، لە کێو تێدەگەیت.

جار جار خودا دڵی بەکێو دەسووتێت و ئەشکی خۆی دەڕێژێت.

وەک کراپ١٢دەچمە کێو، تا دەوروبەری وێم لێ دیاربێت؛

بۆ وێنەگرتن نا، بەڵکوو ئاگام لە دڵیان بێت.

خەڵکی خۆشبەختن،

وەلێ ماندوون لە ئەشکەوت و دەشت و جەنگەڵەکان.

کەڕەتی وایە: سەمەرەن، گڕنووز و جوانن، ئازادیخواز و سەربەخۆن،

کەڕەتیواش هەیە: وەحشی و قۆڕەدەماخن.

وەک مە نین بە تف قەڵس بن، تفکردن بە خۆشبەختی دەزانن.

پادشاکان لە بێدەنگیدا دەگرین،

شاعیرەکان هەر دەهۆننەوە،

پەیکەرتاشەکانیش سەیرکەرن تاکوو شتێک لە ژیان بتاشن.

 

 

 

 

 

زۆریان وەک یەک بیردەکەنەوە، کە بیرناکەنەوە ئاخۆ سوقڕات کێیە!

لاتسیۆ چی دەویست لە بێدەنگیدا،

سپینۆزا بۆچی هەموو خەڵکی بەیەک جەوهەر دانا،

یەکێک وتی:

خۆشبەختی ئەوە نییە تۆ وێنای دەکەیت؛

ڕاستی یەک ڕوو نییە، بەس تۆ بیبینیت.

دەگەڵ شاعیرێکدا دوام… گوتم:

چی دەبێت تۆزێک قووڵ بڕۆم و دەرگای دڵمت بۆ بکەمەوە.

نهێنی شەوت لا بەیان بکەم و ئەستێرەم تێدا ببینیەوە.

 

 

 

 

 

 

*

 

لێرە: لە مریشکێکم ڕوانی دەیگاراند،

کاتێ لەسەر هێلکە کڕکەوتبوو، قرتەقرتی دەهات؛

کە جووجەڵە هاتەدەرێ،

هەر پێپرژەی بوو زوو گەورە بێت،

نەیدەزانی کە مرۆڤ، دەستی دە قوڕگی دەنێت.

وەختێک جووجەڵە گەورە بوو،

پرسیاری مەرگم لا دروست بوو،

ئەویش دوو جار مەرگم تێدا دۆزییەوە؛

جارێک بە سروشتی خۆی

دوای تەپبوونی لە ژیان مندار دەبۆوە،

جارێکیش بە ددانە تیژەکانی مرۆڤ، ژیانیان لێ دەسەندەوە.

کەچی لای خۆمان سێ جار مەرگم لە مریشکی داماودا بینیوە،

جارێک لە لادێ بە سروشتی خۆی ڕۆیشتۆتەوە؛

جارێکیش خواستی مرۆڤ وابووە

هیچ نەبێ ڕۆژێ ژەمێک گیانی بردووە.

جارێکی دیکەش سەرمایەداری

دەرزی ڕاسپاردووە، فووی تێ کردووە.

ئەوەی سەیرە مەرگی سێیەمە،

سەری لە دەسەڵاتی خوداش شێواندووە!

 

 

 

وەختێک کە عاشقی کچێکی ماسایی بووم

وەختێک کچە ڕووی لە من نا، منیش ئاوها دوام:

ددانەکانت تاقمەیەک ئیسپانە بوون،

کە بورغووی پاسکیلەکەم هەڵدەوری:

بە پێکەنینەکەت، چاکم دەکردەوە؛

بە ژمارە سیودوو، خرێنەی چەپی سەرەوە،

توند توندم دەکردەوە!

دەی چاوەکانت هەزار شت دەڵێ،

نەختێکیان بۆ زمانی شیعریی وەردەگێڕم.

پێشوەختە بمبەخشە، ئەگەر وەرگێڕێکی باش نەبووم؛

ئاخر هەندێ نیگا هەن، مانا وە چنگ نادەن،

ئەگەر لە سەد فەرهەنگیشدا بۆی بگەڕێم!

یەکەم جار کە لەنێو کێڵگەدا بینیم،
بە دوای نووردا دەگەڕا؛

بۆ وەی وەک گوڵەبەڕۆژە بچەمێتەوە.
منیش کە چوومە لای،

لە گوڵەبەڕۆژەکەی چاویدا: نوورم دۆزییەوە؛
کە لە سروشتدا قووڵ بووبۆوە.
ئەو بوو بە عاریفێکی سروشت،
منیش بوومە عاریفێکی ئەو؛
ئێستاکە وەک گوڵەبەڕۆژەین، هەریەکەمان:

بە دوای نووری ئەوی دیکەدا دەسووڕێینەوە!.

خۆ دەزانم ببمە ماساییش، وەرمناگرن،

چۆن شێرم پێ ناکوژرێ و

سەرەکەی بێنمەوە تا ژنێکی ماساییم بدەنێ؛

ڕەنگیشە وەک خۆر و ئەستێرەمان لێ بێ:

من وەک ئەستێرەیەک ڕاخزێم و

ئەویش خۆرێک بێ، نەزانێ بۆ کێ هەڵبێ!

*

 

 

 

بە دوای نوێبوونەوەیەکی دی

لەنێو هۆزێکدام و خەریکە نێوی خۆشم دەکەنە هۆزێکی نوێ،

نوێ: وەک نامۆیی لە نێوان جیهانی یەکەم و دووەم و سێیەم،

کە هیچیان بەخۆم ناگرن، دیدی من شتێکی دی بڵێ؛

نە مرۆڤی ئامێرم،

بوون و شوێنم کاتدراوی ڕووداوێکی دەستکرد بێ،

نە مرۆڤی دەستی دووم،

سەرم لە مۆدێرنە و کۆنەپەرستی شێواندبێ،

نە مرۆڤی کۆنەپەرستیشم،

دژی خود بم بەرەو نوێبوونەوەیەکی دی بچێ.

نازانم چ کێڵگەیەکم،

زەردەپەڕ ناهێڵێ ئەو موتوربەکراوانەی نێو هزرم وشک ببێ؛

گوێ لە هەمووان دەگرێ و

بە جۆرێکی دی و

بە هێواشی، بە گوێی هەموواندا دەچرپێنێ:

پێڵووەکانی چاوتان داخەن و بیکەنەوە،

بزانن ئاسمان بۆچی هەروەک خۆیەتی؟

ڕەنگی گۆڕاوە یان شوێن؟

زمانتان بگرن،

بزانن دڵتان ترپەترپی چی دەکا و

دەیەوێت چۆن دەگەڵ خۆیدا بدوێ!

ببینن: ئەم جیهانە پڕە لە داتاشراوی ئەوی دی،

هەریەکێک پڕە لە سێبەری ئەوی دی،

کەس شوێنپێی خۆی ناکەوێ؛

ئێوە ئەی ماسایینە، خۆتان بدۆزنەوە با ڕۆژ چیتر نەشەلێ،

شەو دەوارێک بۆ خۆی هەڵدا و

زمانی، لەنێو ئەم جیهانەدا شەتوگوم بێ.

 

ببینن: من نە پەیامبەرم و نە داگیرکەرم و نە سەروەتیشم دەوێ،

ئەوەتا من هەم گاوانی هەڵدەبژێرم و هەمیش ژنی ماساییم دەوێ؛

لێ بۆ نوێبوونەوەی خود، پارچە قوڕی دیکەی ناوێ،

ئێوە وەک ڕۆحباوەڕیی، چیتان لەسەری شێر دەست دەکەوێ؟

دەی ئەو هەموو خوێنە بۆچی بەنێو گیانی مرۆڤدا بچێ!

 

 

 

 

لە ئاسک و مامز بڕوانن، بزانن چۆن گیانیان دەلەرزێ؛

دڵشادنین، با سەری شێریش خوێنی لێ چۆڕێ.

بڕوانن وەختێک خوێن دەپژێتە سەر تاشەبەردێک،

مێژووتان دەخوێنێتەوە.

وەختێک گڵ ئەو هەموو خوێنە هەڵدەمژێ،

بە زەردەپەڕ دڵگەشێن نابێ،

حەز دەکات خۆر بوەستێ و بگەڕێتەوە بۆ ئەزەل، بۆ وەی بڵێ:

ئەو ئاوە بۆ ڕژایە نێو من و دروستکراوم لێ دروست ببێ!

 

 

 

سه‌مای ماساییه‌كان

 

 

 

لە ڕووباری مارادا

وشەم بەلەمێکی چارۆکەدار بوو کە پێی هاتم،

ڕووبارم وەک ڕستەیەک بڕی و

شەپۆلەکان بەملاوئەولادا دەیانهەژاندم،

تا نەڕژێمە زرێچەی ڤیکتۆریاوە؛

لەوان وابوو نازانن من ئاوناسم و دەپەڕێمەوە!

کە سەیری تیمساحم دەکرد،

لەبری وەی ترس ڕاڤەی مەرگم بۆ بکات،

خەیاڵ دەیبردمەوە بۆ نێو فرمێسکی چاوی مرۆڤ؛

کە هەریەکە دەیویست بە درۆ بۆ ئەوی دی بمرێت.

مرۆڤ گەر بیهەوێت خەیاڵی خۆی بپێوێت،

دەبێت بێدەنگیی ڕام بکات؛

تا ئەودیوی سنوور ببینێت،

تا قووڵاییی ڕاستی بچێت.

 

 

ناچمە بنجوبناوانی دۆخی ئاو،

ئاخۆ کێ سازگاریی لێ سەندۆتەوە؛

چۆن سیاسەت ختووکەی هەمووانی داوە،

بۆیە کەش و هەواش سەری لێ شواوە!

 

 

 

 

دەزانم لەوبەر ئاوەکەوە گەلەگورگێ لێم ڕاماوە،

ڕەنگە بەور قاچێکم بەرێ،

پڵنگیش قاچێکی دی،

شێریش لە تۆڵەی ڕاوی ماساییەکان،

سەری من بە جیا بەرێ؛

هەرچی باڵندەشە دەمی دە لاشەکەی دیم بنێ و

مێروولەش لە ئێسقانەکانم وەربێ.

ئاخر ماساییەکانیش دەڵێن:

مرۆڤ ئەگەر مرد،

دەبێت جەستەی بۆ بە گیاندارەکان جێهێشتبێ؛

خۆ ئەگەر لاشەخۆرەکان نەیخۆن،

گوناهکارە و نابێت ببەخشرێ!١٣

 

 

 

پەڕینەوە بۆ دەشتاییەکان

لەو دەشتانەدا، ڕیزێکم ئینکاجیجیک١٤بینی،

کە نزیکبوومەوە، لە ماڵێک لامدا،

تابلۆ – سه‌مای ماساییه‌كان

ناوەوە و دەرەوەی خانۆچکەکەیان بە قوڕ سواغدرابوو،

هەر ژوورێکی سێ بە چوار دەبوو،

چەند کۆترە و تیرەک لە خوارەوە و

لەسەرەوەش سێ کاریتەیان ڕاهێشتبوو؛

دوای دارەڕێش، چوار عەسیریان ڕاخستبوو،

ئینجا گڵەبانەکەشیان هەمووی قوڕپەست کردبوو.

لە ژوورەکەدا قووڵکەئاورێکم بینی،

نەک ئەوان خۆشم لێ ببووە نیاندەرتال

کە ئاوریان دەکردەوە تیایدا؛

وەختێک ساسوولا١٥چێشتی لێنا،

ئاورۆچکەکە کز بوو، بە چیلکەداری لێ دەنا.

نەشیپایی١٦ دای لە قاقا و چوو کۆتمەیەکی١٧بڕییەوە،

کۆتەکەی١٨ لێ جیا کردەوە و کردیە چەند کۆتەرەیەک،١٩

هەرچی کۆتەرەش بوو، بە بیور قەڵاشتی و

هێنای چەند تەڵاشێکی خستە بەر ئاورۆچکەکە،

دواییش هەرچی شووڵ و لخ و پۆپ بوو

هەڵیپەرداوتن و لەبەر هەتاو داینا،

ئینجا هاتەوە ژوورێ و

بە کۆتەشکێن٢٠ لە ئاورەکەی وەردا،

بینیم ئاورەکە خۆش بوو و چێشتەکەش پێگەیشت،

ئینجا ساسوولاش لەسەر ئەردەکەی دانا.

کە نانمان خوارد، بە پێکەنینەوە گوتم:

ئێرە وەک لای خۆمان نییە،

کە ‌بتڵەکە غازی تێدا نەما:

ئاسمان و زەویمان، لێ وێک بێتەوە بە ڕوودا!

گوتم: خۆ لە ژووردا

گوڵدانێک نابینیت،

نە تاقەیەک بۆ کتێب،

نە پەنجەرەیەک بۆ ئاسۆی بینین؛

جگە لە کولانچکەیەک نەبێ،

بۆ وەی ڕووناکی ببینین!

ساسوولاش گوتی:

لەم دەشتەدا،

هەم گوڵ دەبینیت و

هەم ئەو دەشتە پڕە لە کتێبی جیا و

هەمیش جۆرێکی دییە بۆ دونیابینین!

دەبینم

چەرپای خەوتنیان لە شووڵی دارە،

جار جار لەگەڵ کارژۆڵە و کارژیڵەش دەخەون؛

منیش «میستەر ڕیچ»م بیردەکەوێتەوە.

تەنافیشیان چیلکە و چیغ و ڕەمەندە،

کە جلی سەرەوە و ژێرەوەی پێ هەڵدەواسن؛

شیعری «قوباد»م بیردەکەوێتەوە.

لەوبەر خانووەکەوە درەختێکم بینی و

چوومە لای و تاوێک دانیشتم،

قیژەی ڕەگ و

لرفەی ئاور و

گڤەی با و

تریشقەی هەور و

قژی ئاڵۆزکاوی مێژوویی

لە قەدیدا دەمخوێندەوە؛

وەک خانووەکان تا پشت مل و تەپڵەسەریشی هەر قوڕاویی،

کەچی چڕەدووکەڵی دارستانەکانی دەگێڕایەوە.

ئەو درەختە پڕ لە چیرۆک بوو،

ڕاتوەشاندبا:

باسی هەموو شتێکی بۆ دەکردی،

گوتبات: بۆم باسی سیاسەت بکە،

دەیگوت: وەک گاکێوییەکان بەنێو مێژوودا شێتی نمایش کردووە؛

گوتبات: باسی مێژووم بۆ بکە،

دەیگوت: تۆی مرۆڤ لە کوێوە هاتوویت،

خۆت بکەری نێو مێژوویی و

هەرخۆشت نائومێدیت داتاشیوە و بە بوونی دیکەت بەخشیوە.

گوتبات: باسی ئاوم بۆ بکە،

دەیگوت: مەگەر تۆ لە گەمییەکەی نووحەوە نەهاتوویت؟

ڕۆمانی تۆفانت نەنووسیوەتەوە؟

قەسیدەی خنکات نەخوێندۆتەوە؟

یان قیژە و هاواری خۆت بیرچۆتەوە!

هونه‌ری ماسایی

 

 

 

 

 

لەنێو دڵیاندا دەگەڕێن بۆ ئینکای٢١

لەنێو تەپوتۆزدا بوو،

هەموو ڕۆژێ بە تەنها ڕەشەوڵاغەکانی دەبردە نێو ئەو دەشتانە،

هەر خۆی بە تەنها خاوەنی هەمووان بوو؛

ڕۆژێ لەنێو ئەو تەپوتوومانەدا گوم بوو،

خشپەی هیچ نەدەهات

دونیا بێدەنگ،

تا ئاسمان و زەوی لێک جودا بوو.

ئینکای چووە سەرێ،

هەرچی ڕەشەوڵاغە،

دانە دانە بە ڕیشاڵی درەختی هەوای هەنجیردا ناردنیە خوارێ،

تا ژیانی ماساییەکان خۆشتر و باشتر بێ؛

ئیدی لەو ڕۆژەوە ماساییەکان،

خۆیان بە خاوەنی هەموو ڕەشەوڵاغەکانی جیهان دەزانن و

بە دوای ڕۆحی خاوەنە ڕاستەقینەکەدا دەگەڕێن و

دەیانەوێت سوپاسکار بن و لە دڵیاندا دەرنەچێ!

 

ئینکاییان هێنایەوە بۆ نێو دڵیان،

بۆ وەی بە تەنها لە ئاسماندا نەبێ،

ئینکاییان کردە دوانەیی:

بۆ وەی وەک دوو دەنگ و دوو ڕەنگی ناوێ و دەرێ،

گوتار و کردار و ڕامانیان بزانێ؛

ئینکای نارۆکی،٢٢

وەک چاکەکارێک بارانیان بەسەردا ببارێنێ و

ڕەشەوڵاغیان بۆ زیاد ببێ،

ئینکای نانییۆکییش٢٣ لەنێو بیابانێکی وشکەساڵییدا بێت و بچێ،

تا هەرچی ڕەشەوڵاغە برسییان بکات و

هەورەبرووسکەیەکیشی لە دڵەوە دەرنەچێ،

بارانی خۆشەویستییان بەسەردا ببارێنێ!

ئینکای، نە نێرە و نە مێ،

بۆ وەی بە هەرجۆرێک لە ئاسماندا دەرکەوێ،

دەچنە کێو و تەپۆلکەکان قوربانی دەکەن،

تا بارانیان بەسەردا ببارێ؛

ڕەشی و شینی دەدەنەوە سەرێ،

تا خودای تێدا دەرکەوێ.

من گوێم لێیە، یەکێ دەڵێ: ئەی ئینکای ڕەنگاوڕەنگ…

ڕووم لە تۆیە با ترسم بڕەوێ،

با ڕەگی درەخت وشک نەبێ،

با گژوگیا وشک نەبێ؛

لە چاوی گەردوون دەڕوانم

با تیژ لێم بڕوانێ،

کە ڕمەکەم فڕێ دەدەم و یاخی دەبم،

دڵم جیهانێکی دیکەی دەوێ!

یەکێکی دیکە، دەڵێ: ئەی ئینکای تووڕەیی،

تۆ کەنگێ دادەمرکێی؟

وەختە ئەو جیهانە لە خۆڵ و با دەمگرێ!

هەیە دەڵێ:

تۆ ئەی ئینکای سەرەتایی،

لە کوێدا جێمدێڵی؟

ئەی ئینکای هەورەبرووسکە و زەمین،

کەی دڵی من شەق دەکەی؟

خودا، لە ڕێیەکاندا نێوی خۆی دەگۆڕێ و

هەرچی کاروانسەرایە،

بە نێوی دیکە و

بە ڕەنگێکی دیکە و

بە دەنگێکی دیکە دەیدوێنێ؛

چۆنی پێخۆشبێ،

ئاوهای دەتاشێ!

خودا وەک ئاوێک لە ئاسمانەوە دێتە خوارێ،

هەرچی تۆزوخۆڵی سەر گەڵای درەخت هەیە دەیشواتەوە و

بەسەر سەرابی دڵدا دەبارێ؛

دەبارێ، بەڵێ دەبارێ، خودا دەبێتەوە باران و

دێتەوە سەر ئەرد و

جارێکی دیکە، وەکوو گژوگیا سەر دەردێنێ!

 

 

*

«ئەم سەفەرەم دڕێژە دەکێشێت، نازانم لە کوێدا هەناسە دەموەستێنێت؛ دەڕۆم تا ترووسکایی مرۆڤایەتیی ببینم، دەڕۆم تا زمان و شیعر بەرەو شوێنێکی دیکە بەرم. شیعرەڕێ/ پێی گوتم: بگەڕێوە نێو ئەفریقا و قووڵتر بدوێ؛ تا نامۆیی/ خەیاڵ/ واقیع/ هەقیقەت و دونیای کۆنە خێڵی دوێنێ… لە بەرگێکی دیکەی شیعری ئەمڕۆدا بدوێ. ئەوەی سەیربوو لەم سەفەرەدا: سەرم لە پرسیارێک سووڕما، بۆچی خودای تاریکییان ڕەنگی سوورە و کەچی جلی سووریش دەپۆشن سەرتاپا!. لێرە مـاڵاواییم لە ماساییەکان کرد و چوومە نێو خێڵی کیکویووییەکان، خەندە و زاماری وێ… بچنە نێو شیعرەڕێ!»

 

٢٠١٨- ٢٠١٩     شوێنپێ: قەڵادزێ.

 

 

 

 

تێچین: ئەمە بەشی یەکەمە لە «گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا.» بەشی دووەمی لە «گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا» نێوی: «لەنێو کیکویووییەکاندا» دەبێت.

«سەرنج: تا ساتی نووسینی ئەو دەقە، جگە لە وڵاتـی ئێران، هیچ وڵاتـێکی دیکە بە فیزیکی بۆی نەچووم.»

 

 

 

 

 

فەرهەنگۆک

ماساییه‌كان

١- ماسایی: ماسای یان ماسایی، دەستەیەکن لە خەڵکی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتـی ئەفریقا، لە نێوان باشووری کینیا و باکووری تانزانیادا دەژین. ژمارەی دانیشتوانیان لە ئێستادا، واتە: ساڵی ٢٠١٩، نیزیکەی دوو ملیۆن کەسن، لەنێوان هەردوو وڵاتـی کینیا و تانزانیادا. «ئەگەرچی ئەوان کێشە بۆ ماساییەکان دروست دەکەن و نایانەوێت سەرژمێری دروست بکەن و خۆیان بناسێنن، بەڵام بەپێی ڕای ماساییەکان زۆر لەو ژمارەیە زیاترن.» خەڵکی ماسایی، بە زمانی «ما» قسە دەکەن. ڕووبەری گشتیی ماساییەکان «١٦٠،٠٠٠» کیلۆمەتر دووجایە. کۆمەڵی ماساییەکان، لە کینیا: لە شانزە بەش پێکهاتوون، کە بە ئیڵۆشۆن ناسراون. ئەم بەشانەی کە ماساییەکانی لێ دەژین، بریتین لەم شوێنانە: «ئیڵدمات، ئیڵپوورکۆ، ئیڵکێکۆنیۆکیێ، ئیڵۆیتای، ئیڵکاپووتیێی، ئیڵکانکێرێ، ئیسیریا، ئیڵمۆیتانیک، ئیڵۆدۆکیلانی، ئیڵیتۆکیتۆکی، ئیڵاڕووسا، ئیڵماتاتاپاتۆ، ئیڵواسینکیشوو، کۆرێ، پاراکوویوو، ئیڵکیسۆنکۆ.» هەروەها، کۆمەڵی ماساییەکانی تانزانیا بە «ئیسیکیراری» ناسروان. هەروەها لە شوێنێکی دیکەش بەنێوی «ئیڵتۆرۆبۆ» بوونیان هەیە؛ کە زۆربەی کۆمەڵی ماساییەکان لە کینیا دەژین. بەشەکانی ئیسیکیراری، پاراکوویوو، کۆرێ و ئیڵاڕووسا لە تانگانیگای تانزانیا دەژین. بەشێکی کەمیش لە زەنگەباری تانزانیا دەژین.

 

٢- شاخی کلیمانجاڕۆ: بەرزترین لووتکەی شاخی ئەفریقایە، دەکەوێتە وڵاتی تانزانیا و بە دیوی ئەو شاخەشدا وڵاتـی کینیایە، کە بەرزییەکەی: «٥٨٩٥م.» بگەڕێوە بۆ ئەفریقانامە بە تامی شیعر، لە ژمارە «٥»دا، بە وێنەی پەخشانی شیعر جودا لەمە، بە چەند دێڕێک باسی ماساییەکانم کردووە.

 

٣- زمانی ما: زمانی ئاخێوەرانی ماساییەکانە.

٤- ماسایی مارا: ناوچەیەکی گەورەی جەنگەڵستانە کە گیانلەبەران و خەڵکی ماسایی و گژوگیای تایبەتی تێدایە، کە سەر بە شارستانی «نارۆک»ی وڵاتـی کینیایە؛ لەگەڵ «جەنگەڵی میللی سێرینگێتی» لە پارێزگای «مارا» لە وڵاتـی تانزانیا پێکەوە دەبەسترێنەوە. کە وشەی /مارا/ بە زمانی ما، مانای: لخی دار، دەگەیەنێت، کە جەنگەڵێکە پڕە لە دار. ڕووبەڕی ماسایی مارا: «١٥١٠» کیلۆمەتر دووجایە.

 

٥- نارۆک: شارێکە دەکەوێتە ڕۆژاوای نایرۆبی، کە ئابووری کینیا لە باشووری ڕۆژاوای وڵاتەکیدایە؛ ئەو شارە سەر بە پارێزگای «ریفت والی»یە، کۆتا شاری گەورەی ئەو وڵاتەیە، لەوێوە دەچیتە نێو ماسایی مارا.

 

٦- بازی بێریان: تێکست و ئاوازی «عوبەیدوڵڵا ئەییوبییان»ە، بەپێی قسەی «مەزهەر خالقی؛» چۆن خۆشی لەو وەریگرتووە و گوتوویەتی. هەندێکیش لە فۆلکلۆریستەکان پێیان وایە کە فۆلکلۆرە، دوا جار بۆ ئەو بابەتە پەیوەندیم بە «بوار نوورەدین»ەوە کرد و ڕای وابوو کە ئەم تێکست و ئاوازە بە پێی قسەی دڵنیایی مەزهەر خالقی، هیی عوبەیدوڵڵا ئەییوبییانە؛ دوا جار گەڕامەوە بۆ پەڕتووکی «هەواری دڵ»ی بوار نوورەدین. هەروەها، بە پێی خوێندەوەی خۆم و بوار نوورەدەین، ڕەنگە عوبەیدوڵڵا ئەییوبییان ئەو تێکستەی لەسەر ڕیتمی فۆلکلۆرەکەیەوە داڕشتبێتەوە و ئەو تێکست و ئاوازەی لێ هاتبێتە بەرهەم.

 

 

 

 

٧- چۆپ چۆپان: کاتی باڵاکردنی گیا لە بەهاردا، بە ڕەنگێکی وا کە شوان ئێوارەداردەستەکەی فڕێ بداتە نێو گیا و بەیانی نەیدۆزێتەوە.

 

 

 

 

 

٨- مەبەست لە شیر و خوێن، لەو پەندەی کورد نییە کە دەڵێت: ئەمانە شیر و خوێنیان یەکە، بەڵکوو مەبەست لەوەیە: ماساییەکان خوێنی مانگا دەپاڵ شیری دەکەن و دەیخۆنەوە.

 

 

 

 

٩- ئادوموو: جۆرە سەمایەکی سوننەتی ماساییەکانە، کە بە شێوەی خۆهەڵدان یان بازبازێن، فڕین تاقی دەکەنەوە. بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەوری یەک خڕدەبنەوە و یەکێک لەوان لە بازنەکە دێتە دەرێ و لە نێوەڕاستی بازنەکەدا بە شێوەیەکی نەرم و جوان خۆهەڵدادات لە شوێنی خۆی. زۆربەی تا هەشتا سانتیمەتر خۆهەڵدەدات، هەرکەسێکیش بەرزتر خۆهەڵدات وەک مەردێکی بەهێز تەماشای دەکەن، لە ڕووی هەموواندا ڕێز و ستایشی لێ دەگیرێت. ئادوموو: بە زمانی ما، کە زمانی ماساییەکانە، مانای: هەڵبەز و دابەز، سەرێ و خوارێ، هەڵفڕین، هەڵبەزین… دەدات.

 

 

 

١٠- ڕووباری مارا: ٣٩٥ کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی و دەکەوێتە وڵاتـی کینیا و بە تانزانیادا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە زرێچەی ڤیکتۆریا.

 

 

 

 

١١- چنگار: قرژاڵ، قرژانگ، قژاڵ، قەرژنگ…

 

 

 

 

١٢- کراپ: یوهان لودویگ کراپ، (١١/ ٠١/ ١٨١٠ – ٢٦/ ١١/ ١٨٨١ز،) خەڵکی ئەڵمانیا بوو، بانگەشەکر و دۆزیار و ڕاگەیێنەری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بوو، زمانناس و گەشتیاریش بوو. کە نەخشەیەکی گرنگی بۆ توێژینەوەی ڕۆژهـەڵاتی ئەفریقا لەگەڵ «یوهانیس ریبمان» جێبەجێکرد. ئەوان، یەکەمین کەسی ئەورووپایی بوون لە هاوکاریکردنی خەڵکی «کیکویووییەکان،» کە لە خوار کێوەکانی کلیمانجاڕۆ نیشتەجێن.

١٣- مەبەست لەو نیوە دێڕە، ئەوەیە کە: ئەگەر مرۆڤ گوناهی کرد و لاشەخۆرەکان جەستەیان نەخوارد، ئەوا جەستەی کەسەکە لە ڕۆن و خوێن و ئاوەتەماتە دەگرن و نایهێڵن لەسەر ڕووی زەوی بمێنێ؛ سەیرکەن لێرەدا شیعرێک لەدایک دەبێ:

 

 

 

                    گەر لە کوردستانیش جەستەی مرۆڤ فرێدرابا:

                     ڕووی کەسەکانمان بۆ دەردەکەوت؛

                    مەلای نامەلاش بێئیش دەکەوت!*

 

 

                 * لە جوگرافیایەکەوە دەچینە نێو جوگرافیایەکی دی،

                     لە جێیەکەوە بۆ شوێنێکی دی،

                     منیش دوور دەڕوانم، تا ئەوسەری ڕێ،

                     تا لە جیهاندا نەخشەیەکم بۆ دەرکەوێ؛

                    نیشتمان وشەیەک نییە بنووسرێ،

                     بەڵکوو نیشتمانسازیی دەوێ،

                    ئێرەش جوگرافیایەکە پڕبووە لە پێ!

 

 

١٤- ئینکاجیجیک: ماساییەکان بە زمانی خۆیان، کە زمانی «ما»یە، بۆ ماڵ یان خانوو وە کاری دێنن، کە لە دار و گڵ و چەمەن و میزی مانگا کە قوڕی پێ دەپەسێون، خانووی لێ دروست دەکەن.

١٥- ساسوولا: ژنی نەشیپایی نێو دەقەکەیە؛ ڕەنگە لەو کاتەدا کە خواردنی لەسەر ئەردەکە دانا پێیخۆشبووبێت دەردەدڵم بۆ بکا، کە حەزیکردبێت چێشتخانەکەی خۆش بێ و شاعیرانە بڕوانێ و بڵێ:

                     دەستم چەند قڵیشاوە،

                     پەنجەکانم وەک ڕووبار درێژبوونەتەوە،

                    پشوو دەمباتە نێو مستەکۆڵەمەوە،

                     نینۆکەکانم بێ بۆیەیە و

                     بە تەماتە وردکردن،

                    ڕەنگی سووری پێ دەدەمەوە؛

                     خۆ ڕەنگیشە وابەستەی جوگرافیایەک بم،

                   بێ هەوای تازە و شوێن

                    کاتی ژیانمی پێ بخنکێنم،

                     بۆیە لەو چێشخانە گڵەدا:

                     جگە لە ڕەنگی قوڕ و دووکەڵی ڕەش،

                     چاوم ڕەنگی دیکە نەخوێنێتەوە!**

 

 

 

                 ** کێ ناڵێت بە هەڵە داڵغەی من چەقیبووبێت،

                     نائومێدیی، بە ژیانی کۆنم چواندبێت؛

                     ڕەنگە ویستبێتی فێرم بکا:

                    شادمانی بینین نییە، بەرکەوتنە،

                   تەنیا لەنێو خوددا دروست دەبێت!

 

 

١٦- نەشیپایی: نێوی ئەو پیاوەی کە هاوسەری ساسوولای نێو دەقەکەیە، بە زمانی ما، مانای: «شادی» دەگەیەنێت. بۆچی شادیی دێتە نێو ئەم دەقەوە؟ تا پێمان بڵێت:

                    شادیی، ئامێری دەستکرد نییە

                     ژمارەی بۆ دابندرێ،

                    نە ڕاکەڕاکی ژیانە و

                     نە دەروێشبوونیشە بە جێ و ڕێ؛

                     شادیی، هەوای تازەیە

                     ناوەوەت بجووڵێنێ،

                     خەونێکی دی و بایەکی دییە،

                     بە ئاراستەیەکی نوێترتدا بەرێ!

١٧- کۆتمە: داری گەورە بۆ سووتاندن.

 

 

 

١٨- کۆتە: قەدی دار، «لێرەدا: بە مانای قەدری دار وە کارم هێناوە.» ئەو مانایانەشی هەیە: کۆتەرەدارێکی بەرزە لە قەدی دارەکە، کە قەساب گۆشتی لەسەر کوت کوت دەکات؛ یان: کۆتی قاچی زیندانی، دەزگای پینەچی، مرووەداری گەورەی بێ بار، دارێکی درێژی بە گوڵمێخ لە زەویداچەقاوی لەلەکراو، ڕاستییەکەی هەرلەلەیەکی قوفڵێکی ئاسنی تێدایە پێی بەندی تێ دەخرێ.

 

 

 

١٩- کۆتەرە: پارچەدارێکی خڕی نالەبارە، سەلکەبزووت، سەرەبزووت، بزووت، چڵووسک؛ بە مانای ئەمانەش دێت: پەلەوەرێک یان باڵندەیەک باڵی نەمابێ و قەیچیکراو بێت، یان: هیی یاری هەڵووکێنێیە، کە یاریکەرەکە کۆتەرە بچووکەکە نەپێکێ. هەروەها، بە مانای ئەمانەش دێت: کورت، کۆتا، ناتەواو، لاسووتاو، نیوەسووتاو.

 

 

 

٢٠- کۆتەشکێن: ئەستێوڵکێکە کە داری نیوە سووتاوی پێ هەڵگێڕ و وەرگێڕ دەکەن؛ پارچە ئاسنێکە لە بەردەمی موغەیردا دادەندرێ بۆ شکاندن و تەکاندنی سەلکەبزووت.

 

 

٢١- ئینکای: بە زمانی ما، مانای: «خودا» دەگەیەنێت، ئەم ناوانەشی پێدەگوترێت: «ئینگای، موویای، موییای» خودا نیگایێکە لای ئەوان.

 

 

٢٢- ئینکای نارۆکی: خودای باشەیە، کە خودای ڕەش و خوشەویستی و باشی سۆز و چاکەکارییە.

 

 

 

٢٣- ئینکای نانییۆکی: خودای خراپەیە، کە خودای سوور و تووڕە و کینەلەدڵ و بێبەزەیییە بەرانبەر گیانداران.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.