Self_Portriat with Skeleton Arm1895

خۆ – پۆرترێت لەگەڵ ئێسکبەندی بازوو


Loading

هزرۆکەی مۆنتاین بۆ ”ماڵیکردن”ی مەرگ و گەیشتنی مەرگ بۆ نێو قووڵایی بوونمان ڕەنگە هێشتاش وەها دەربکەوێ کە بۆ تێگەیشتن قورسە. بەڕاستی ”کردنی مەرگ بە بەشێك” لە ژیان چ واتایەک دەگەیەنێ؟ داخۆ مەرگ و ژین دوو دژی ڕەها نین؟ بۆ پتر ڕوونکردنەوەی ئەو هزرۆکەیە، حەزدەکەم نموونە_وێنەیەک بەکاربهێنم. لە ساڵی ١٨٩٥دا شێوەسازی نەرویجی ئێدڤارد مۆنک (١٨٦٣_١٩٤٤) لیسۆگرافێکی بەناوی (خۆ- پۆرترێت لەگەڵ ئێسکبەندی بازوو)  بەرهەمهێنا. مۆنک تەپاشیری لیسۆگرافیکی بۆ وێنەکێشانی ئەدگارە گرنگەکانی ڕووخساری خۆی بەکارهێناوە، کە  لەنێو  پشته‌ وێنه‌یه‌كی ڕەشی فڵچەکاری مەرەکەبی هیندی دانراوە. لە خوارەوەی داڕشتنەکە، وەستان بەئاسۆیی لەسەر وێنەکە، دەست و بازووی شۆڕکردۆتەوە_ ئەوەیە ئێسکبەندەکەیان٧.

 

Self_Portriat with Skeleton Arm1895، Edvard Munch

 ”ئێسکبەندی بازوو” یەکسەر سەرنجی لێڕوانەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت. لەنێو وێنەکەدا، ڕەنگە تەنیا وەک زانیارییەکی وەدەرنراو لە خوارەوە دەربکەوێ، هێشتاش ئەو ئەدگارە دینامیکییە دەرککردنی لێڕوانەر دەگرێت. یەکەم، ڕەنگە تۆ بتەوێ سەرنجت لەسەری لاببەی (دوا جار ئەوە ساتی لەپڕ بێداربوونەوەیە لە مەرگ). چاوەکانت بەهێواشی بەرزدەکەیتەوە، فڵچەی ڕووخساری شێوەسازەکە، تەنانەت بۆ ماوەیەک لەسەری دەوەستی. تۆ ناتوانی چاوە تیژەکانی مۆنک لەبیر بکەی، بەبێدەنگی چاو لە چاوانی تۆ دەبڕن. هەرچەندە پێش ئەوەی تۆ بزانی، تۆ خۆت لە ڕوانین لە ئێسکبەند و دەستی مۆنک دەدۆزیتەوە. ئەو ئێسکە ڕووتانە دەبن بە سەرنجێکی گەورەی لیسیۆگرافەکە کە نەشیاوی لێ دەربازبوونن. تاکو ئێستا هۆشت تەواو وێنەکەی پرۆسێسکردووە بۆ پەیوەستکردنی باکگراوندە تاریکەکەی لەگەڵ ناوەوەی تابوتەکە. ئەوە لە خۆڕا نییە کە مێژووناسانی هونەر دەبێژن ئەو داڕشتنە لە فۆرمی قاڵبی گۆڕدایە٨.

 

 

ڕەنگە قورس بێ ڕۆڵی دەست لەنێو مێژوو و ئۆنتۆلۆگیی مرۆڤدا هەڵبزنێنین. پتر لەوەی ئێمە چین (نەک تەنیا لە ڕووی توێکارییەوە، بەڵکو لە ڕووی توانستی زانینمەندێتیشمانەوە) بەهۆی دەستەوەیە. ئێمە دەستمان بۆ کردارنواندن بەسەر جیهاندا، بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆمان پەیوەست بە جیهانەوە، هەروەها بۆ دەرککردن و تێگەیشتن لە جیهان بەکاردەهێنین. لە ڕاستیدا، دەست تەنیا ”پەنجەرەی هۆش” نییە وەک کانت دەبێژێ٩، بەڵکو هەروەها گۆزارشتێکی دیاری هۆشە، باشترین ڕێگەی ڕوونکردنەوە و دیارهێنانی هۆشە. پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان ئەو دووانە دواتر لەلایەن پسیکۆلۆگ، فێنۆمێنۆلۆگ، و زانایانی کۆگنیتیڤ لێی کۆڵراوەتەوە. لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە، دەست وەک گرنگترین و پێشکەوتووترین ئامرازی مرۆڤ دەبینرێ کە پەرەیسەندووە_ پرۆسەکە بەتەواوی لە هەمان کاتدا ڕوویداوە کە لە بەرانبەردا دەست ئەوانی هێناوەتە نێو بوونی مرۆڤەوە. بۆیە، وەکو زمان دەست بەتەواوی ژیانمان دەکات بە مرۆڤ. ڕایمۆند تالیس دەڵێت : ”دەست ئامرازی هەڵزناندنە داواکراوە بۆ ئەوەی ئێمە لەنێو سروشتدا دیاربهێنێ” کە ئێمە بەبەهێزییەوە لە ئاژەڵ جودا دەکاتەوە (Tallis 2003: 32).

ئەوە بۆیە بەکارهێنانی دەست لای مۆنک (_ئۆرگانی ژیانی مرۆڤ باشترین نموونەیە_) بۆ پیشاندانی هێرشی مەرگ بۆ ناوەڕاستی لێرەبوونمان ئەوە بەڕوونی جووڵەیەکی هۆشسوڕمێنە. مەرگ، مۆنک لە لیسۆگرافەکەیدا پیشانی دەدا، شتێك نییە کە ئێمە بەسادەیی بتوانین ڕێکیبخەین، بەڵکو ڕووداوی لەناوبردنی گرنگترین بەشەکانە. مەرگ کاتێك دێت، ئەوا بۆ تێکشکاندنی ئەو شتانە دێت کە ئێمە دەناسێنن. مەرگ کاتێك هێرش دەکا، کاتی خۆی بەفیڕۆنادا: دەچێتە نێو ناوەندی ژیانەوە و لە ئێسکەوە دەیخوات. خۆ_پۆرترێتێک لەگەڵ دەست، پێشتر لەلایەن مەرگەوە تەواو خوراوە، ئەوە کۆتایی ژیانمان لە تێکشکاوترین باریدا پیشاندەدا. ئەو وێنەیە بەتەنیا زۆر ڕوونتر و کاریگەرتر لە سیستەمێکی فەلسەفەیی دەتوانێ سەبارەت بە بمرێتی ئێمە بپەیڤێ.

 

لەمەش زیاتر، ئەو ئێسکانەی ئێمە لەنێو لیسۆگرافەکەی مۆنکدا دەیبینین ئێسکی هەر کەسێك نییە، بەڵکو هی شێوەسازەکە (مۆنک) خۆیەتی. سەرجەم ژیانی شێوەسازەکە لە دەستەکانیدا مەحکومکراوە: هیچ بەشێکی جەستەی، جگە لە چاوەکانی، ئەو ڕۆڵە کرۆکییە بۆ مۆنک ناگێڕن. هەروەها هیچ شتێك لە دەستەکانی زیاتر لەوەوە نزیک نییە. لەمەوە من دەبێژم؛ بۆ هەر شێوەسازێك گەرەکە دەست بەرجەستەبوونی پەیوەستبوونێکی تایبەتی بێت: شێوەساز دەتوانێ نهێنییەکان لە خەڵك بشارێتەوە، تەنانەت لە هاوڕێ نزیکەکان و خۆشەویستانی، بەڵام هەرگیز ناتوانێ لە دەستەکانی بشارێتەوە. گەرەکە متمانەیەکی هەمەکی لە نێوانیاندا هەبێت. هەروەک شێوەسازەکە باش دەزانێ، ناڕاستگۆییەک لەلایەن دەستیەوە دەبێ بە ناڕاستگۆییەکی تەواو. هەرچەندە مۆنک دەستی شێوەسازەکەی هەڵدەبژێرێ وەک پەنجەرەیەک کە بەڕێیەوە مەرگ دەچێتە نێو وێنەکەوە. ئەنجامەکە هۆشسوڕمێنەرانە تەنیا خۆ- پۆرترێتێکی ڕەسەن نییە، بەڵکو بە جۆرێك پۆرترێتی خودی نامۆیەتی و نەشیاوی ڕوونکردنەوەیە: نائاشناترین و خۆمەندترین پەیوەندییان پێکەوە هەیە. مۆنک جارێکیان دەبێژێ؛  ”من ناتوانم بڕوا بکەم کە مەرگ وەها لێدەربازبوونی نییە، وەها لە دەستەوە نزیکە” (in Stang 1979: 34).

لەخۆ_پۆرترێت لەگەڵ ئێسکبەندی بازوودا،مۆنک بەباشی هزرۆکەکەی مۆنتاین: باشترین ڕێگە بۆ خەریکگەری لەتەک مەرگدا ئەوەیە بیکەی بە بەشێک لە ژیانت، دیاردەهێنێ. سروشتە هونەرییەکەی پاڵ بە مۆنکەوە دەنێ تاکو لەنێو پێشبینینەکراوترین شوێنەکاندا بەدوای مەرگدا بگەڕێ: لەنێو دڵی خودی ژیاندا. یەکێك لە تێمە گرنگەکانی هونەری مۆنک، وەک خۆی دەبێژێ؛  ”خۆشەویستی و مەرگ”ە، نەک وەک دوو توخمی جودا، بەڵکو لەنێو پەیوەندییە نێویەکییەکەیاندا: خۆشەویستی_و_مەرگ. ئیشەکەی ساڵی ١٨٩٤ی مۆنک بەناوی مەرگ و ژن، کە تێیدا ژنێکی گەنجی ڕووت بەئاڵوشەوە ئێسکەپەیکەرەکە ڕادەمووسێ و لە ئامێزدەگرێ، ئەو ئیدێیە ڕوون دەکاتەوە. کرداری خۆشەویستی، لەو شوێنەدایە کە خودی ژیان تێیدا سەرچاوەدەگرێ، ئەوە بۆ مۆنک ئەزموونێکی کوشندەیە. لەنێو بڕوای هێنانەدی ”مەرگ دەستی بۆ ژیان ڕاکێشاوە” خەنینی ژنەکە لەکاتی ڕامووساندا هیچی دیکە نییە جگەلە ”خەنینی لاشەیەکی مردوو” (in Velsand 2010: 9).

 

Edvard Munch، Death and the Woman -1894

ئێدڤارد مۆنک نەک تەنیا مەرگ و نەخۆشی لەنێو ئیشەکانیدا پیشاندەدا، بەڵکو ئەو بەجۆرێک ئەوان لەنێو ڕوانگە هونەرییەکەیدا ڕێکدەخات. مۆنک پێشوازی لە لاوازێتی و نەخۆشێتی_پەیامبەرانی مەرگ_ دەکات بۆ نێو هەڤاڵێتی بوون و میواندۆستی و دۆستایەتییان پێشکەش دەکات. مۆنک دەبێژێ: ”گەرەکە من لاوازێتییە فیزیکییەکانی خۆم بپارێزم، ئەوان بەشێکی پێویست و گرنگن لە من. نامەوێ واز لە نەخۆشییەتی بهێنم، هەرچەندە ڕەنگە ناهاوسۆزەکییانە من نەخۆشییەتی لەنێو هونەرەکەمدا دیاربهێنم”.

 

لە ڕاستیدا، مۆنک ئەوانی بۆ نزیکترین هاوبەشی هونەری خۆی وەرگۆڕیوە. وەک یەکێک لە ڕەخنەڤانان تێبینی کردووە، مۆنک ”لەلایەن هزرۆکەی مەرگەوە بەدرێژایی ژیانی ڕاوکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نەخۆشییەتی پتر وەک پێشمەرجێك بۆ ئیشەکانی دادەنێت” (Stang 1979: 36). مۆنتاین کە جەستەیەکی لاواز و نەخۆشی هەبووە، ناتوانێ زۆر لەگەڵ مۆنکدا هاوڕا بێت.

 

هەرچەندە مۆنک بەو هزرۆکەیە گەیشتبوو کە ئێمە گەرەکە ڕێگە بە مەرگ بدەین مەرگ بە هەموو ژیانماندا بڵاوببێتەوە بە ڕەوتێکی جودا لە هینەکەی مۆنتاین، بەڵام پنتی دەستپێکی هەردووکیان هاوشێوەی یەکدییە. هەروەک چۆن بۆ مۆنتاین مەرگی ناوەختی هاوڕێیەکی نزیکی و پاشان هی باوکی دەبێتە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو بیرۆکەیە کە مەرگ لەنێو دڵی فەلسەفە وەک هونەری ژیاندندایە، هەروەها بۆ مۆنکیش مەرگی ئەندامە دیارەکانی خێزانەکەی هیچێتی و نەبوونی هێنایە نێو ناوەڕاستی لێرەبوونی خۆی. مۆنک دەبێژێ ”من لەگەڵ مردوودا دەژیم_ دایکم، خوشکم، باپیرم، باوکم … سەرجەم یادەوەرییەکانم، کەمترین شتەکان، لەپڕ دەرکەوتن” (in Eggum 1984: 62).

ئەمە شێوە بە خۆ_نومایشکردنی مۆنک دەدا، مۆنک دەکەوێتە خەریکگەری لەتەکیدا، بەناوەکی دەکات، لە کۆتاییدا دەیکات بە بەشێک لە کێیەتی خۆی. ئەو لە کۆتاییدا، هەوڵدەدا ڕێگەیەک بۆ ژیاندن لەتەک مردندا بدۆزێتەوە. دەبێژێ ”من لەسەر پنتی مەرگ هاتمە نێو جیهانەوە و گەرەک بوو باوانم لە ماڵەوە بە زووترین کات من بکەن بە دیان”. لە ڕاستیدا، لەکاتی هاتنە ژیانیەوە، دایکی ئێدڤارد پێشتر ”بەکتریای نەخۆشی سیلی لەتەک خۆیدا هەڵگرتبوو”، کە شەش ساڵ درەنگتر کوشتی. مۆنک دەبێژێ ”نەخۆشییەتی، شێتیەتی و مەرگ فریشتەی ڕەش بوون کە لەسەر سەرم وەستابوون؛ لەسەر بێشکەوە بەدرێژایی ژیانم هەر بەدوامەوە بوون” (in Stang 1979: 31).

 

مۆنک ڕەنگە هەرگیز کتێبەکەی مۆنتاینی نەخوێندبێتەوە١٠، بەڵام ئەویش گەیشتووە بە هەندێ دەرئەنجامی هاوشێوە. داخۆ مۆنک زانیویەتی میسرییە کۆنەکان جەستەی مۆمیاکراویان لەگەڵ خۆیان هێناوە بۆ ئاهەنگەکانیان، ئەو ڕەنگە هیچ بەردێك نەمابێ هەڵینەدابێتەوە تاکو بتوانێ یەکێکیان بۆ بەکارهێنانی خۆمەند بکڕێت. لە نەبوونی ئەوەدا، مۆنک دەبوایە خۆی دووبارە بئافراندبوایەوە وەک مۆمیایەکی ناتەواو لەنێو فۆرمی ”خۆ_پۆرترێت لەگەڵ ئێسکبەندی بازوودا”.

 

 

سەرچاوە:

 

Costica Bradatan (2015) Dying for Ideas, The Dangerous Lives of the Philosophers. Bloomsbury, London.

 

 

 

 

 

بۆ دۆسیه‌ی  کۆستیکا براداتان؛ فه‌رموون: 

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه‌لسه‌فی/سندوق/دۆسیه‌ی-کۆستیکا-براداتان/


بۆ دۆسیه‌ی کۆستیکا براداتان؛ فه‌رموون:
http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه‌لسه‌فی/سندوق/دۆسیه‌ی-کۆستیکا-براداتان/

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.