ڤاڵتەر بێنیامین

ڤاڵتەر بێنیامین؛ سەرمایەداری وەکو ئاین


Loading

دەکرێت لە سەرمایەداریدا سیمای ئاینێک ببینرێت. ئەمەش بەو مانایەی کە سەرمایەداری بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە هەوڵی ئەهوەنکردنەوەی هەمان ئەو نیگەرانی و غەم و ناڕەحەتیانەدایە کە لەوەوپێش ئاینەکان چارەسەریان بۆ داناون. ماکس ڤێبەر بڕوای وابوو ئاین پێکهاتەی سەرمایەداری دیاریدەکات، بەڵام سەرەڕای ئەمە، بەڵگەی ئەوەی سەرمایەداری لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی ئاینییە و سترەکچەری ئاینیی هەیە، بە ئێستاشەوە هۆکاری سەرهەڵدانی سەرلێشێواوی و جەدەلێکی ناکۆتای گەردوونییە. ئێمە ناتوانین ئەو تۆڕە ببینین کە تیایدا گیرمان خواردووە، هەرچۆنێک بێت، دەکرێت دواتر بتوانین تەواوی تۆڕەکە ببینین.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئێستادا دەکرێت چەند خەسڵەتی سترەکچەری ئاینیی لە سەرمایەداریدا بناسینەوە. یەکەم، سەرمایەداری ڕێبازێكی (كه‌ڵتێكی) ئاینیی پەتییە؛ لەوەیە پەڕگیرترین ڕێبازیش بێت کە تاوەکو ئێستا بوونی هەبووبێت. لە سەرمایەداریدا، شتەکان تەنها لە پەیوەندیدا بە ڕێبازه‌وه‌ مانایان هەیە. سەرمایەداری نە پەیڕەوێکی دۆگماییانەی هەیە نە خوداناسییەک (ئیلاهیاتێك). لەم پێگەیەوەیە سوودگەرایی مانا دووهەمییە ئاینییەکانی خۆی بەدەستدەهێنیت.

 

ئەم بە ڕاستی بوونەی ڕێباز بەستراوە بە دووهەم خەسڵەتی سەرمایەدارییەوە کە ئەویش ئیدامەکردنی هەتاهەتایی ڕێبازه‌. سەرمایەداری بێپشوودان خەریکی یادکردنەوەی ڕێبازه‌. شتێک نییە ناوی ”ڕۆژەکانی هەفتە” بێت. هەموو ڕۆژێک ڕۆژی جەژنکردنە، ئەمە بەو مانایەی کە تێکڕای جەژنگێڕانی ڕێباز لە بەرچاوماندا خۆی بەیان دەکات. سەرجەمی ڕۆژەکان داوای وه‌فای تەواوەتی لە ئیمانداران دەکەن.

 

سێهەم خەسڵەتیش ئەوەیە کە ڕێباز هەستکردن بە تاوان بە گشت لایەکدا بڵاودەکاتەوە. سەرمایەداری لەوانەیە یەکەم نمونەی ڕێباز بێت کە لە جیاتی تۆبەکردن، هەستکردن بە تاوان بەرهەم دەهێنێت. لەم سۆنگەیەوە، ئەم سیستەمە ئاینییە خۆی لە پێشەوەی هەراوهوریای جوڵانەوەیەکی گەورەتردا دەبینێتەوە. هەستکردنی فراوان بە تاوان کە ناتوانرێت ساڕێژ بکرێت دەست بەسەر ڕێبازه‌كه‌دا دەگرێت، ئەویش نەک لەبەر کەفارەت کردنی تاوان بەڵکو لەبەر بە گەردوونیکردنی تاوان، بۆ ئەوەی تاوان لەناو زیهنی هوشیاردا بچەسپێنرێت و تا ئەبەد خودا بخنرێتە سیستەمی هەستکردن بە تاوانەوە و گرنگیپێدانی خودا بە تۆبەکردن نۆژەنبکرێتەوە. ناکرێت چاوەڕێی کەفارەت لە خودی ڕێبازه‌كه‌ یان لە چاکسازیکردن لە ئاینەکە بکرێت (ئاینەکە پێویستی بە توخمێکی جێگیر هەیە). تەنانەت ناکرێت بە ڕەتکردنەوەی ئاینەکەش چاوەڕێی کەفارەت بکرێت. سروشتی جووڵانەوە ئاینییەکە خودی سەرمایەداری خۆیەتی و هەڵگری توانای بەرگەگرتنە تاوەکو کۆتایی، تاوەکو ئەو خاڵەی لە کۆتاییدا خودا باری هەستکردن بە تاوان ئەدا بە کۆڵی خۆیدا، تاوەکو ئەو خاڵەی بێهیوایی باڵ بەسەر گەردووندا دەکێشێت، ئەو بێهیواییەی کە لە ڕاستیدا هیوا نهێنییەکەیە.

 

ڤالته‌ر بنیامین
15. Juli 1892 in Charlottenburg; † 26. September 1940 in Portbou)

سەرمایەداری بە تەواوەتی بێ هیچ پێشینەیەکە و ئاینێکە چاکسازی لە بووندا پێشکەش ناکات، بەڵکو وێرانکردنی بوون سه‌رپێده‌خات. سەرمایەداری بڵاوبوونەوەی بێهیواییە تا ئەو کاتەی بێهیوایی لە جیهاندا دەبێت بە دۆخێکی ئاینیی، بەو ئامانجە ئەمە دەبێتە هۆی ڕزگاربوون. باڵادەستیی خودا داڕماوە، بەڵام خودا هێشتا نەمردووە، بەڵکو ئاخنراوەتە ناو چارەنووسی مرۆڤەکانەوە. نیچە پێناسەی ڕۆحی جڤاتی کردووە، ئەو ڕێڕەوەی کە (مرۆڤی هەسارەیی) بە مەنزڵی بێهیوایی و بە تەنهاییەکی ڕەهادا پیایدا تێپەڕ دەبێت. مرۆڤی باڵاش یەکەم کەسە ئاینی سەرمایەداری دەناسێتەوە و بە ئاکامی دەگەیەنێت.

 

چوارهەم خەسڵەتی ئاینەکە ئەوەیە دەبێت خوداکەی لە مرۆڤ شاردرابێته‌وه‌ و تەنها لە کاتێکدا ئاماژەی بۆ بکرێت کە هەستی تاوانباری لای مرۆڤ لە چڵەپۆپدایە. کەڵتەکە ئاهەنگ بە خودایەکی ناکامڵەوە دەگێڕێت. داڕشتنی هەر ئایدیا و وێنایەکیش لەسەر ئەو خودایە، ناپاکی لەو نهێنییە دەکات کە خوداکە خودایەکی پێنەگەیشتووە.

 

تیۆرییەکەی فرۆیدیش سەر بە هەژموونی قەشەکانی ئەم ڕێبازه‌كه‌. دیدگایەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی سەر بە سەرمایەدارییەکی ئاینییە. خودی سەرمایە لێکچونێکی مەزنی هەیە لەگەڵ خەیاڵی گوناهکار (ئەو شتەی دەچەوسێنرێتەوە)، جەهەنمی نائاگاش (لاوعی) سوو دەدات.

 

ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەی ئاینییانە و سەرمایەدارییانە بە شێوەیەکی بەرچاو لە فەلسەفەی نیچەدا خۆی گونجاندووە. ئایدیای مرۆڤی باڵا دواهەمین بازدانی ئەپۆکالیپتی لەدەست دەدات، نەک لە ڕێگەی گۆڕینی ئاراستەکانی یان کەفارەت یان پاکبوونەوە یان تۆبەکردن، بەڵکو بە چڕبوونەوەیەک کە لە ڕواڵەتدا جێگیرە، هەرچەندە لە کۆتاییدا چڕبوونەوەیەکە پچڕپچڕە و لەناکاوە. لەبەر ئەم هۆکارە چڕبوونەوە و پەرەسەندن ناجۆرن بەو پەندەی دەڵێت <<سروشت هیچ بازێک نادات>>. مرۆڤی باڵا کەسێکە بەبێ گۆڕینی ڕێگاکانی بەو شوێنە گەیشتووە کە تیایدایە. ئەو کەسێکی مێژووییە کە ڕێک بە ئاراستەی ئاسمان گەشەی کردووە.

 

تەنانەت بەلای نیچەشەوە، بڕین و کردنەوەی ئاسمان بەم شێوەیە لە لایەن مرۆڤایەتییەکی چڕبووەوە سەرچاوەکەی هەستکردن بوو بە تاوان بە مانا ئاینییەکەی. نیچە پێشبینی ئەمەی کردبوو. مارکسیش نمونەیەکی هاوشێوەیە. بەلای مارکسەوە، سەرمایەدارییەک کە ڕەتیدەکاتەوە ئاراستەی خۆی بگۆڕێت لە کۆتاییدا دەبێت بە سۆشیاڵیزم، ئەویش بە هۆی چۆنێتی کارکردنی سووی سەرەکی و سووی دووهەمین؛ هەستکردن بە تاوان بەهەمان شێواز کار دەکات، (بیر لە ئاڵۆزی ئەهریمەنیانەی چەمکەکە بکەرەوە.)[1]

 

سەرمایەداری ئاینێکە سەر بە ڕێبازێكی پەتی، بەبێ دۆگما. سەرمایەداری وەکو مشەخۆرێک لەسەر مەسیحییەت گەشەیکرد (نەک تەنها لە کاڵڤنیزمدا، بەڵکو وەک هەر چۆن دەبێت نیشانبدرێت، لە نمونەکانی تری کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی مەسیحییەتیشدا) بەڕادەیەک کە مێژووی مەسیحییەت لە بنەڕەتدا مێژووی مشەخۆرەکانییەتی، واتە سەرمایەداری. بەراوردێک لە نێوان کەلوپەلە ڕازاوە پیرۆزەکانی ئاینە جۆراوجۆرەکان و پارەی کاغەزی وڵاتان بکە. ئەو ڕۆحەی لە نەخشاندنی پارەی کاغەزەوە دێتە گۆ.

 

نوسینی ڤاڵتەر بێنیامین[2]

 

سه‌رچاوه‌كان:

Capitalism as Religion, Walter Benjamin, Translated by Chad Kautzer, p. 259-261, pdf.

Capitalism as Religion, Walter Benjamin, Translated by Rodney Livingstone, p. 288-291, online: http://brotherwisedispatch.blogspot.com/2014/03/capitalism-as-religion-by-walter.html.

[1] بێنیامین مەبەستی وشەی ”هەستکردن بە تاوان”ە کە لە ئەڵمانیدا بە مانای ”لۆمەکردن” و ”قەرز”یش دێت.

[2] بێنیامین لە بنەڕەتدا ئەم نوسینەی وەکو تێبینییەک نوسیووە، بۆیە ناکرێت وەکو گوتارێکی داڕێژراو لێی بنواڕدرێت. هەرچۆنێک بێت، چڕی و دەوڵەمەندی دەربڕین و ئاماژەکانی نوسینەکە تێکستەکەی کردووە بە دەستنووسێکی بەرچاوی بێنیامین دەربارەی پەیوەندی نێوان سەرمایەداری و ئاین. وەرگێڕانە کوردییەکە پشتی بە دوو وەرگێڕانی ئینگلیزی بۆ تێکستە ئەڵمانییەکە بەستووە کە بە جیا لەلایەن ڕۆدنی لیڤینستۆن و چاد کاوتزەر وەرگێڕدراون.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.