ده‌ستپه‌ڕچی - پاستیل

‏دەستپەڕچییەکان‏


Loading

پاش ماوەیەکی زۆر لە کارکردن، مۆڵەتێکی دووڕۆژییم وەرگرتووە. هاوسەرم بەر لەوەی بۆ سەر کارەکەی‏ بڕوات، ‏داوای لێ کردم ئەگەر توانیم ناو ماڵەکە ڕێك بخەم. منیش لە ژووری ‏مناڵەکانەوە دەستم پێ کردووە. چاوم بە ئایپادی کچە چواردە ساڵەکەم دەکەوێت. ئەو لە ‏خوێندنگەیە. دەمەوێت بۆی بدەم لە چارج. لەپڕ سکرینەکەی ڕووناک دەبێتەوە، ماڵپەڕێکی ‏پۆڕنۆی لەسەرە؛ دیارە بە بێئەوەی دابخرێت، بە جێهێڵراوە. ئەپەشۆکێم و دەستەکانم ‏دەلەرزن. گەرووم، وشك دەبێت و لە تەریقیدا ئارەق دەکەمەوە. ماوەیەك تاس دەمباتەوە؛ لەگەڵ ‏هەستکردنم بە پێگەییشتنی کچەکەم، هەست بە پیربوونی خۆشم دەکەم. ‏ ئایپادەکە لە جێی خۆی ‏و وەکو ئەوەی دەستم بەری ‏نەکەوتبێت دایدەنێمەوە،  نەکا کچەکەم پێی ‏بزانێت و ئەویش ‏تەریق ببێتەوە. ‏خەمێک دامدەگرێت و ژوورەکە بە جێدەهێڵم. بە دەم جێهێشتنی ژوورەکەوە، خەیاڵیش لەگەڵ خۆی ڕامدەکێشێت و بەرەو لای ‏هاوپۆلەکانی منداڵی و هەرزەکاری؛ ‏جەلال، نوری، شاڵاو و ئەوانیترم دەبات….ئەو کاتەی لە ‏پۆلی دووی ناوەندی بووم و تازە باڵق بوو بووم، هەموو قوتابییەکانی تریش، وەکو من لە سەرەتای هەرزەکاری و پێگەیشتندا بوون. ئیدی زۆربەی خەیاڵ و دەمەتەقێکانمان لای سێکس و ‏ژن بوو.

دەرگەی حەوشە بە دوای خۆمدا ڕادەکێشم و خۆم لە سیلەی کۆڵانەکەدا دەبینمەوە،  خۆشم نازانم بەرەو کوێ دەڕۆم، گرنگ ئەوەیە هەوایەک هەڵمژم.

ڕۆژێك شاڵاو، لە پشووی نێوان وانەکاندا، هاتە لام و گووتی؛‏  کەمال، پێویستیی زۆرم پێتە،  کێشەیەکم هەیە و متمانەم بە تۆ هەیە هاوکاریم بکەیت.‏

ده‌ستپه‌ڕچی – پاستیل له‌سه‌ر كاغه‌ز

شاڵاو، کوڕی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان بوو، هەموو کوڕە مامۆستا و کوڕە بەڕێوەبەرەکان لە ‏ناو قوتابخانەدا، پۆشتە و پەرداخ، پاک و خاوێن بوون. ئەوان لە چاو قوتابیەکانی تردا جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەردەکەوتن، ئەمەش وایدەکرد هەم ببنە جێگەی ئیره‌یی قوتابییەکانی ترو هەم چاوتێبڕینی قوتابیە چەتوون و بزێوەکان. بۆیە بە گشتی لەگەڵ هەموو قوتابیەکدا تێکەڵ نەدەبوون؛ ‏بەتایبەت ئەوانەی پەروەردەیەکی میللییان هەبوو و لە ناو خێزانە هەژار و میللییەکانەوە ‏هاتبوون. هۆکاری هاوڕێیەتی و متمانەی شاڵاویش بە من، ئەوە بوو لە خێزانێکی ‏مام ناوەندی بووم، چونکە باوکم پۆستەچی بوو. ئەگەرچی ماڵمان لەگەڕەکێکی میللیدا بوو، به‌ڵام لە ‏خانوویەکی گەورەی کۆنکرێتدا کرێچی بووین کە چوار ماڵی تریشی تێدا بوو.  بەڵام من، وەکو ‏زۆربەی هاوڕێکانم خەریکی سەگبازی و کۆتربازی و ئەم شتانە نەبووم و بە جۆرێك لە ‏جۆرەکانیش خۆم لەگەڵ مناڵانی گەڕەك گونجاندبوو. لە دڵەوە بە داواکەی کوڕی بەڕێوەبەری ‏قوتابخانە، کەیفم بە خۆم هات و شادییەكی تێکەڵ بە لە خۆڕازیبوون دایگرتم.

 

‏-‏ شاڵاو، فەرموو بزانم. هەرچییەك بێت، ئەتوانین چارەسەری بکەین…

‏-‏ جەلالی هاوپۆلمان داواکارییەکی قورسی لێ  کردووم و لە بەردەم هەڵبژاردنی دوو ‏شتدا دایناوم، کە یەك لە یەك قورسترن…‏

دەگەمە کۆتایی کۆڵانەکە و بە شەقامە گشتییەکەدا سەرەو ژوو دەڕۆم. من، تەمەنێکی زۆرم لەم گەڕەکەدا بەسەر بردووە. خوێندنیشم هەر لە قوتابخانەکانی ئەم گەڕەکەدا تەواو کرد.‏ ماوەیەك کرێچی بووین و پاشان هاتینه‌ خانووی خۆمان. کاتێک هاتینە ئەم گەڕەکە، من لە پۆلی چواری سەرەتایی بووم. ماوەیەکی زۆر کەمی ویست بۆ ئەوەی تێکەڵی مناڵەکانی گەڕەک ببم. ئێستا کە دەڕوانمە پەیوەندی من بە خەڵکی ئەم گەڕەکە و بە کۆڵان و شەقامەکانییەوە، وا هەستدەکەم من بۆ ئەوە لەدایکبووم، هەتا لەم گەڕەکەدا بژیم و هەر لەم گەڕەکەشدا بمرم.

دیواری قوتابخانەکەم لێ دەردەکەوێت…ئەو کاتانەی تەلەبه‌ بووین زۆربەی تەلەبەکان ڕ‌قیان لە دیوار و داروبەردی قوتابخانەکە دەبۆوە. بەتایبەت کەسانی وەکو جەلال و نوری ‏کە تاقەتی خوێندن و کۆششیان نەبوو. جەلال، تەلەبەی دووساڵەی پۆلەکە بوو. ئەو قوتابیەکی بزێو و سەرکێش بوو. سەرەڕای ئەوەش ‏قوتابیەکی بە خۆ و کەتە بوو. ئەو، ماڵیان لەسەر شیوەکەی گەڕەکی جوولەکان بوو. باوکی ‏نەما بوو؛ دایکی شووی کردبووەوە و باوەپیارەی هەبوو. دیار بوو جەلال بەمە زۆر ناڕەحەت ‏بوو، تا ئەو ڕادەیەی لە ناو قوتابییەکاندا ببووە خاڵی لاوازی ئەو. بە تایبەت هەندێكجار ئەو ‏قوتابییانەی کە لەو بزێوتر و بەتەمەنتر بوون بۆ شکاندنەوە یا تووڕەکردنی پێیان دەگووت؛ (بچۆ ‏بۆ لای مەجی!…لەبەرئەوە، هەرگیز لەگەڵ مەجیدی باوەپیارەیدا دانووی نەدەکووڵا و ناچار ‏بۆ ئەوەی پێویستیی بەو نەبێت، سەردانی شارۆچکە سنوورییەکانی دەکرد، کەلوپەلی ئێرانیی ‏بە قاچاخ دەهێنا و لە ناو بازاڕ دەیفرۆشتنەوە. هەندێکجاریش مامۆستاکان بە دزییەوە، دەبوونە ‏کڕیاری وی یا داوای کاڵایەکی تایبەتیان لێ دەکرد. بۆیە داواکەی شاڵاو، ڕایچڵەکاندم.

من  له‌ شاڵاوم پرسی؛ ‏‏جەلال؟ داوای چی دەکات؟

‏-‏ لەم ڕۆژانەدا، لەگەڵ (ئازاد)ی مامۆستا کەریمدا باسی فلیمی ڕووتمان دەکرد، منیش لە ‏دەمم دەرچوو گووتم؛ کاسێتێکی ڕووتم لە تاکی کانتۆرەکەی باوکمدا بینیووە. نەمزانی ‏جەلال لەو لامانەوەیە و گوێی لێ بووە. ئێستە داوام لێ دەکات، کاسێتە ڤیدیۆکەی بۆ ‏بهێنم…

‏-‏    ئەی ئەگەر بۆی نەهێنێت، چی دەکات؟

‏-‏   هەڕەشەم لێ دەکات، یا لە ناو تەلەبەکاندا بڵاویدەکاتەوە و لەسەر دیواری ‏ئاودەستەکانیش دەینووسێت کە بەڕێوەبەری قوتابخانە، فیلمی ڕووتی لە کانتۆری ‏ماڵەوەیاندا هەڵگرتووە، یــــا ئممممممممم …. شاڵاو، وایگووت.‏

‏-‏   یا چی؟ بۆ قسە ناکەیت؟ ….من بە نیگەرانییەوە پرسیم.‏

‏-‏  یا ئەبێت یەکێکی بدەمێ… شاڵاو، بە خەمبارییەکی تێکەڵ بە ترسەوە وای گووت.‏

من، حەپەسام. لە دڵەوە ترسێك دایگرتم؛ هەڕەشەکەی ئاسان نەبوو. شەڕکردنیش لەگەڵیدا هەر ‏ئاسان نەبوو. چونکە ئەگەر تووشی شەڕێک بوایە، ئەوا نوری لەسەری دەکردەوە. نوریش ‏قوتابییەکی بزێو و شەڕانی بوو؛ ئەو باوکی نەمابوو. یەك دوو ساڵ پێش ئەو کاتە، لە یەکێك ‏لە قڵیشانەوەکانی شاردا، ڕەحیمی باوکی لە ناو بازاڕ گولـلەیەکی وێڵی بەر كه‌وتبوو و گیانی  ‏لە دەست دابوو. ئەو لەگەڵ دایکی و دوو برای لە خۆی بچووکتردا دەژیان، دایکی لە کارگەی ‏جگەرە بوو و خۆیشی شاگرد چایچی بوو. ‏

‏‏ من پرسیم؛  ئێستە چی بکەین؟ بچم داوای لێ بکەم بەشکو وازت لێ بهێنێت؟

 شاڵاو گوتی؛ ‏ئاخر ئەو وا بە ئاسانی و بە پێگووتن وازناهێنێت. مەگەر پێی بڵێیت گۆڤارێکی ‏ڕووتت بۆ دەهێنین و دەتوانم بە پارەی دەغیلەکەم گۆڤارێکی ڕووت بکڕین و ‏بیدەینێ.

‏-‏  بەڵام ئەو، خۆی گۆڤاری ڕووت، بۆ تەلەبەکان دەهێنێت. بڕوا ناکەم بەوە ڕازی ‏بێت…

من، ئاگادار بووم جەلال و مەریوان بەردەوام خەریکی وێنە و گۆڤاری ڕووت بوون و لەگەڵ ‏قوتابییەکانیتردا دەستاودەستیان پێ دەکرد و هەندێکجاریش کڕین و فرۆشیان پێوە دەکرد. ‏پێشووتر مەریوان، بە نهێنی ئەوەی لا درکاندبووم کە، دوانیوەڕوانی ڕۆژانی هەینی، لەگەڵ ‏جەلال، نوری و جەباردا بەسەر دیواری مەکتەبدا دەچنە حەوشەکەی پشتەوە و دوای ئەوەی ‏تێر یاری دووگۆڵی دەکەن. ئەوجا موجەلەی ڕووت دەردەهێنن و دەست دەکەن بە ‏دەستپەڕکردن. تەنانەت هەندێکجار پێشبڕکێیان کردبوو، لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێت زۆرترین ‏دەستپەڕ بکات.‏

‏-‏  ئەی چی بکەین؟ شاڵاو… لێی پرسیم.‏

‏-‏  نازانم، ئایا کاسێتێکی ڕووتمان بۆ پەیدا دەبێت؟ ‏

‏-‏   بڕوا ناکەم. ‏

‏-‏  کەواتە چارمان نیە، هەر دەچم قسەی لەگەڵ دەکەم و بزانم چیم پێ دەڵێت.‏

‏-‏  با کەس بەمە نەزانێت و کە قسەشت لەگەڵ کرد، ئاگات لە خۆت بێت… شاڵاو وای ‏گووت.

من، برادەری نزیکی جەلال نەبووم، بەڵام زۆریش لێی دوور نەبووم. جگەلەوەی هاوپۆل ‏بووین، هەروەها کوڕی یەك گەڕەکیش بووین. بەڵام بە وریاییەوە مامەڵەم لەگەڵ دەکرد و ‏لەگەڵی دەدوام. جارێکیش کە داوام لێ کردبوو، گۆڤارێکی ڕووتی بۆ یەك شەو پێدابووم. ‏لەبەرئەوەیش لە هۆدە وهەیوانێکدا دەژیاین؛ دەبوو حسابی ئەوە بکەم، ئاشکرا نەبم. گیرفانی ‏بەرباخەڵی قەمسەڵەکەم کونێکی تیابوو. بۆیە هەر لە قوتابخانە، گۆڤارەکەم لە گیرفانمەوە ‏خستبووە نێوان دیوی دەرەوە و بەرەفەرووەکەی قەمسەڵەکەمەوە. لە ماڵیشەوە هەتا خەوتن ‏قەمسەڵەکەم هەر دانەئەنا؛ کاتێکیش دایک و باوکم لێیان دەپرسیم، بۆچی قەمسەڵەکەم داناکەنم. ‏من دەمگووت نەخۆشم و سکم دێشێت؛ لە سەعاتێکیشدا دوو جار دەچوومە سەرئاو. پشووی ‏دواتر، لە حەوشەی مەکتەب، بانگی جەلالم کرد و دوو بە دوو قسەم لەگەڵ کرد و تکام لێی ‏کرد، واز لە شاڵاو بهێنێت. زۆرم لەگەڵ گووت، بەڵام ئەوە ڕازی نەبوو. ‏

‏ جەلال بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وای گوت، ‏گووتی؛ ‏ تۆ، خۆت لەمە هەڵمەقورتێنە، چونکە پەیوەندیی بە تۆوە نییە. یا ئەوەتا دەتەوێت ‏بچیتە پاڵ ئەو؟

‏-‏ نا، ڕاستە هەرسێکمان هاوپۆلین، بەڵام خۆ من و تۆش کوڕی یەك گەڕەکین. ئەو ‏کوڕە گوناهە، بۆچی ناوبانگی خراپ بکەین؟… من وام گووت.‏

‏-‏ ئەگەر وایە، دەبێت تۆش هاوڕام بیت بۆ ئەوەی چاوی بشکێنین. چونکە ئەو ڕۆژە ‏زۆر بەسووکیی باسی خەڵکی گەڕەکە میللییەکانی دەکرد. مادام تۆی ڕاسپاردووە، ‏بچۆ پێی بڵێ ئەبێت ڕۆژی شەممە ئەو کاسێتە ڤیدیۆیەم بۆ بهێنێت، ئەگینا خۆی ‏دەبینێتەوە.‏

 

قسەکەی جەلال منیشی لە شاڵاو تووڕە کرد، بەڵام لەبەرئەوەی چاوەڕێی وەڵامی منی دەکرد. ‏چووم وەڵامەکەی جەلالم پێ گەیاند و تێشم گەیاند کە هیچم پێ ناکرێت؛ بە تایبەت کە ئەو ‏ڕۆژە پێنج شەممە بوو. من، بە درێژایی رۆژی هەیینی هەر خەیاڵم لای شاڵاو بوو، داخۆ ڕۆژی ‏شەممە کە دێتەوە و چ بڕیارێکی داوە و چی دەقەومێت. دەترسام لە ئەگەری ئاڵۆزبوون و لە دەست دەرچوونی دۆخەکەدا منیشی تێوە بگلێم؛ چونکە من لە نێوانیاندا بووم.

ڕۆژی شەممە چووینەوە بۆ قوتابخانە؛ هەر یەکە؛ لە ‏جەلال، نوری، مەریوان و جەبار نەهاتبوونەوە. دەنگۆی ئەوە لە ناو قوتابییەکاندا بڵاوبوو، ‏کە ڕۆژی هەینی، بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەی بۆ ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ ‏دەچنەوە بۆ قوتابخانە. جەلال و برادەرەکانیشی وەکو خووی پێشوویان بە سەر دیوارەکەدا ‏دەچنە حەوشەی قوتابخانە و خەریکی بەزمی خۆیان دەبن. دواتر هەر دوو بەڕێوەبەر و ‏یاریدەدەرەکەی بەسەریاندا دەچن، ڕێك لەو کاتەدا وێنە و گۆڤارە ڕووتەکانیشیان بە دەستەوەیە. ‏ئەمانیش لێیان دەسێنن و پێیان دەڵێن،هەتا باوک یا دایکتان نەهێنن، نەیەنەوە بۆ قوتابخانە.

 

ڕۆژانی دوایی ‏هەر یەکە لە مەریوان و جەبار، باوکیان هێنا. هەڵبەتە لە ماڵەوە باوکەکانیان فەلاقەیەکی ‏توندیان کردبوون. جەلال، هیچ کەسی نەهێنا و وازی لە خوێندن هێنا. نوری دایکی هێنا. ‏دوای ئەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە کە بەڕێوەبەر بە تەنیا قسەی بۆ دایکی نوری کردووە و ‏گۆڤارە ڕووتەکەی پیشان داوە. نوریش بەمە گڕی گرتبوو. چەند ڕۆژێك دواتر، جەلال و ‏نوری لەسەر ڕێگەی قوتابخانە پەلاماری بەڕێوەبەریان دا و چەقۆیەکیان لێدا. ئیدی نوری ‏دەستگیرکرا و خرایە زیندانی نەوجەوانانەوە. جەلالیش ڕای کردە دەرەوە و بوو بە ‏پێشمەرگە و پاش چەند ساڵێك شەهید کرا. پەیوەندی من و شاڵاویش بەرەو سارد بوونەوە چوو.

14.6.2018