ڤان كۆخ؛ پێڵاوه‌كان -نۆڤمبه‌ری ١٨٨٦ Vincent van Gogh, September-November 1886

Loading

١

حسێن حه‌مه‌د

ئێوارە بوو، برکی دەکرد، خەریک بوو دەسووتام. خۆم خزاندە چایخانەکە، لەبەر قەرەباڵەغی جێگای دانیشتن نەمابوو. کاسێتەکە لەسەر گۆرانییەکی فەیروز ئیشی دەکرد. سەدا و دەنگی ئەو چایخانەکەی تەنی بوو. لەبەردەم پیاوێک قووت بوومەوە، خەیاڵی ڕۆیشتبوو، جگەرەی دەکێشا. لەبەر دووکەڵ بە حاڵ یەکترمان دەدیت. بە هەڵپەوە گوتم:

–        خارە، بۆیاغ ناکەی ؟

–        هااا؟؟ چیت گۆت؟!

–        پێراوەکەت دەرێم، بۆیاغ ناکەی؟

–        نا بەقوربان، بۆیاغم کردووە. بەس با من و تۆ شتێک بکەین. ها تۆ ئەو هەزار دینارە وەکو پێشەکی وەرگرە، بەیانیش کە هاتییەوە و منت دیت ئەوکات بۆم بۆیاغ بکە، باشە؟

–        باشە، بەچاوان …

 

 ئاوازەکە گۆڕا،  (ماملێ) یان خستە سەر، بە نەغمەیەکی پڕسازەوە دەستیپێکرد (تۆۆ بەڵێنم پێ بدە … )  بیرم نایه‌ت بەڵێنم دابێ و نەم بردبێتە سەر! لێ خەڵکی وا نین، ڕۆژانە سەد گفت دەدەن و ناشیبەنەسەر، وەک ئەوەی نە بای دیبێ و نە بۆران. دوو پیرەمێرد بە قات و بۆینباغێکی شێوە کلاسیک لە سووچێک دانیشتبوون، کتێبیان بە دەستەوە بوو. قسەیاندەکرد. چووم هەمان پرسیارم لێیان کرد، ئەوەی لای چەپ لەودیو چاویلکە گەورەکەیەوە وەڵامیدا:

–        بەڵێ، بۆیاغ دەکەم.

پێڵاوەکانی داکەند. خۆم چەماندەوە پێڵاوەکان هەڵگرم، بە گوێمدا چپاندی:

–        ئەگەر چی یار و یاوەر بوون بە دوژمن، خەمی بێ یاوەری یاوەرمە ئەمشەو!

قیت بوومەوە، لێمڕوانی، لێی ڕوانیم، نیگامان تێک گیر بوو. بە زەردەوە گووتی:

–        کوڕی خۆم دەچییە مەکتەب؟

–        نا خارە، ناچم.

–        خارە نا کوڕم، بڵێ مامۆستا!

–        نا مامۆستا، وازم هینایە …

–        لۆ وازت هینایە؟

–        بابم پارەی نەبوو جلم لۆ بکڕی!

–        ئەتوش وازت هینا؟

–        بەرێ، وازم هینا …

 

چاوم چووە سەر کتێبەکەی دەستی. حەزم دەکرد بزانم چی لێ نووسراوە. ئیرەییم پێی برد، ئەو دەیزانی چی تیا نوسراوە. سەیریکرد سەیری کتێبەکەی دەکەم، خەیاڵ بردبوومیەوە کاتێک گووتی:

 

–        ها بگرە ئەو کتێبە لۆ خۆت …

–        لۆ من؟!

–        بەڵێ لۆ تو.

–        ئاخر ئەمن خیندەواریم نییە؟!

–        جا چییە، ڕۆژەک هەر فێر دەبی بیخوێنیەوە!

کتێبەکەم بە دەستێک و پێڵاوەکانیشم بەدەستەکەی تر هەڵگرت، ڕۆیشتم.

٢

دەمێک بوو خەیاڵی نوسینی چیڕۆکێک پڕژابووە سەرم، کەللەمی قورس کردبوو. دوای ئەوەی چایەکەم داواکرد، قەڵەم و دەفتەرێکم لەبەردەمم دانا. جگەرەیەکم داگیرساند و کەوتمە بیرکردنەوە. بەر لەوەی چاییەکەم بۆ بێت، بەر لەوەی دەست بکەم بە داڕشتنی چیرۆکەکە، بە دەنگی منداڵێک ڕاچڵەکیم. هاتبوو پێڵاوەکانم بۆیاغ بکات، دوای ئەوەی ڕۆیشت، بۆ دەفتەرەکەم نوشتامەوە، دەستم کرد بە نوسین؛

 

” سێ جار لەسەر یەک لە دەرگای دا، دەرگام لێ نەکردەوە. دەمزانی خۆیەتی! دیسانەوە بە پاڵتۆ شڕەکەی بەرییەوە هاتووە پاڵتۆ تازەکەم بدزێ. هەموو نیوەشەوێک ئەوە دووبارە دەکاتەوە، لەوەدەچێت قەت وەڕەز نەبێت. چوومەوە ناو جێگاکەم. بەیانییەکەی، بەدەنگی بەریەککەوتنی فنجانە قاوە و ژێرپیاڵە ڕاچڵەکام. ماڵەکەم پڕ ببوو لە قەرەباڵەغی، ژاوەژاوێک بوو تێینەدەگەیشتم، لە خەون دەچوو.

هەر کە چوومە هۆڵەکە هەموو وێکڕا بێدەنگ بوون، لێیان ڕوانیم. منیش بە سەر و سیمایەکی شێواوەوە سام گرتبوومی، هەناسەم تەنگ ببوو. گریانێکی قووڵ لە گەروومدا قەتیس مابوو. پێکەنینێکی وا بەرز و شێتانە پێکەنیم چوار ژوور ئەولاتریش گوێیان لێمبوو. لەپڕ سەرم خستە نێو دەستم لە پڕمەی گریانم دا.

ڤان كۆخ؛ پێڵاوه‌كان -نۆڤمبه‌ری ١٨٨٦
Vincent van Gogh, September-November 1886

(پابلۆ ئیبێتا) بە چاوێکی خێلەوە لەودیو چاویلکە خڕەکەی لەلای دەرگاکە وەستا بوو. بەدەم چرووت کێشانەوە گووتی؛” منیش جارێک بەو حاڵەتە تێپەڕیوم، هەموو شتەکانی چواردەورم دەخولانەوە، لەسەر ئەرزەکە دانیشتم و هێندە بە توندی پێکەنیم، کەوتمە گریان.”… پیاوێکی تەمەن مامناوەند کە جگەریەکی لەسەر لالێوی بوو لەلای پەنجەرەکە وەستا بوو، گوتی؛ “نیوەی  تەمەنی مرۆڤ بەوە دەڕوات کە دەیەوێ گوزارشت لەو شتانە بکات کە گەرەکییەتی دەریانبڕێت.” چاوم چووە سەری، دڵتەنگانە سەیری دەکردم، قومێکی درێژی لە جگەرەکەدا و ڕووی بەلای پەنجەرکە وەرگێڕا… پیاوێکی تر بە قات و بۆینباغ و سمێلێکی باریکەوە کە شەپقەیەکی لەسەر بوو،لاواز و ڕووتەڵە، لەسەر قەنەفەکە دانیشتبوو. سیمای هەر لە کوندەپەپوو دەچوو. بە لووت تلیاکی لەسەر مێزەکەی بەردەمی هەڵکێشا و گووتی؛ “دەتەوێ لە خۆتدا هەست بە هەموو شت بکەی؟” شازادە (میشکین) کە لە بەردەم تابلۆیەکی بچکۆلە وەستابوو، هاتە گۆ: “پێویستە لە هەنووکەیەکی بەردەوامدا بژیێی!”

خەریک بوو سەرم دەسوڕا، هەستم بە نامۆیی دەکرد، پەشۆکاو بووم. دەمم وشک ببوو، چووم پەرداخێک ئاو بخۆمەوە. پیاوە کوندەپەپووئاساکە دیسانەوە قسەیکرد: “دەتەوێ بنووی و چی دی هەڵنەستییەوە و خەونیش نەبینی؟” هیچم نەگوت … کابرای لای پەنجەرەکە وەڵامیدایه‌وە: “لەناو دڵی مرۆڤدا گەڵیک ئومێدی سەرسەخت خۆیان حەشار داوە، زۆربەی کات مرۆڤە بەشخوراو و بێدەرەتانەکان، دواجار پەنا بۆ وەهم دەبەن.” سەیری چاوی یەکیان دەکرد … دیسان پیاوە کوندەپەپووئاساکە پرسی: “هەست ناکەی بەردەوامیدان بەم ژینە بێهودەیە؟”

نەمدەتوانی قسە بکەم، نوتقم گیرا بوو. لەناکاو (ئیڤان کارامازۆڤ) بەژوور کەوت، بەپەلە و بە دەنگێکی بەرزەوە گووتی: “هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە!” هەموومان ڕوومان لەو کرد. (کیریلۆڤ) کە جێ گوللەیەک بەسەرییەوە دیاربوو مردووئاسا لە سووچێکی هۆڵەکە دانیشتبوو، هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و گووتی؛ “نەخێر، هەموو شتێک باشە.” هیچ بەلامانەوە سەیر نەبوو، ئەو قسەیە بەقەدەر ئازاری مرۆڤایەتی کۆنە … کوندەپەپوو بەدەم سەربادانەوە گووتی: ” ئیدی کار لەکار ترازاوە، سبەینێ، (ئەفلاتون)یش ناتوانێ زیندوومان بکاتەوە. چەند باش دەبوو ئەگەر بکرایە و هەموو شتێک بنووسرابایەوە.” (غەزەلنووس) بە سیمایەکی دەروێشانەوە بۆ دەفتەرێکی گەورە نووشتابووەوە، شتی دەنووسی. گووتی: ” ئێمە لێرەین تا هەموو شتێک بنووسینەوە. هەمووشتێک، تایبەتتر چیرۆکەکانی مردن.”… (ڤارتەر) کە لەپاڵیدا وەستابوو، دەستی خستە سەر شانی و بە سەدایەکی عاشقانە گووتی: “کەسانێک هەن بۆ ئەوە درووست بوون بژین، کەسانێکیش بۆ ئەوە درووست بوون عاشق بن.” (دۆن جوان) زەردەخەنەی هاتێ. شتەکان ئاڵۆز دەیاننواند.

خەریک بوو شێت دەبووم، هەڵسام پیاسەیه‌ك بکەم. بێدەنگی باڵی بەسەر هۆڵەکەدا کێشابوو. لەناکاو پیاوێکی چکۆلەی ڕەشپۆش، کە خۆی لەپشت قەنەفەکانەوە مات کردبوو، تۆپێکی شووشەیی بۆ هەڵدام،  گرتمەوە. سەیرمکرد قالۆنچەیەکی وشککراوی ڕەشی تێدایە. (ئەلیۆشا) قاوەکەی تەواوکرد و فنجانەکەی لەسەر مێزەکە دانا. هەستا. ویستی بڕوا. بەر لەوەی لە دەرگاکە بچێتە دەرەوە، سەیرێکی کردم و گووتی: “بێگومان یەکدی دەبینینەوە، بە هیوای دیدار!” ڕۆیشت.

هەموویان یەک یەک ونبوون. زەنگی مۆبایلەکەم ڕایچڵەکاندم. چاوم کردەوە، بینیم هێشتا لەنێو جێگام.”

٣

ناوەڕاستی هاوین بوو کاتێک مامۆستا (تەحسین) و مامۆستا (زیاد) دوای نزیکەی چل ساڵ یەکیان بینییوە. مامۆستا (زیاد) پیاوێکی کەڵەگەتی درێژی بوو کە لووتێکی گەورەی گرنج گرنج هەبوو، مامۆستا (تەحسین)یش پیاوێکی باڵا مام ناوەندی لاوازی چاویلکە لەچاو بوو کە هەمیشە چاکەت و پانتۆڵی کلاسیکی دەپۆشی. لە حەفتاکانی تەمەنیان بوون. لە سوچێکی چایخانەکە سەربوردەی خۆیان بۆ یەکدی دەگێڕاوە. (تەحسین) بەدەم چا خواردنەوە کە ڕیتمی دەنگی لەگەڵ ڕیتمی ئەو گۆانییەی ئیشی دەکرد تێکەڵ دەبوو، کەوتە قسە:

 

–  بیرەوەرییەکان گرنگن، زیاد مرۆڤ بێ یادەوەری لە جەستەیه‌ک زیاتر هیچی تر نییە. لەدوای ئەوەی لێک دوور کەوتینەوە، من چووم بۆ ڤییەنا، لەوێ دەستم بە ژیانکرد، بەدوای خەونەکانم کەوتم. ویستم بچمە زانکۆ و موزیک بخوێنم، وەریان نەگرتم! پێیان گوتم نابێ تازە درەنگە، تەمەنت هەڵکشاوە. دڵم شکا (زیاد) دڵم شکا. ئێمە هەرچی بکەین پێڕاناگەین، ناگەینەوە هێڵی ژیان. دواتر بەدوای کار گەڕام، بەهۆی کۆمەڵێک برادەری کوردەوە کە چالاکی شۆڕشگێرانەیان لە ئەوروپا ئەنجامدەدا، ئیشێکی چاکم دەست کەوت. هەر لەوێ کچێکی کوردم ناسی و هاوسەرگیریمان کردووە، منداڵیشمان بوو. لە چەند شوێنێکیش مامۆستایەتیم دەکرد. بەو پارەیەی لە کار دەستم دەکەوت خانوێک و ئۆتۆمبێلێکی ڤۆلڤۆم کڕی. ئێستاشی لەگەڵ بێ حەسرەتی ئەوە لە دڵم دەرناچێ کە موزیکم نەخوێند. بەڵام گوزەران لێرە زۆر سەختترە (زیاد) من لەوێ هەرچۆن بێ توانیم خۆم بژیێنم، خەڵکی لێرە بە هەزار حاڵ پارەی نان و کرێ خانوو و غاز و کارەبای پێ دەدرێ چ جا بگا بە خەون و خەیاڵ! هەر لێی گەرێ، معەل ئەسەف.

لەو قسانە بوون کاتێک مناڵێکی بۆیاغچی لەبەردەمیان پەیابوو، بە نەعلێکی لاستیک و فانیلەیەکی قۆڵ کورتی سوورەوە پرسیاری لێیان کرد ( پێلاوتان بۆیاغ ناکەن؟) تەحسین پێڵاوەکانی بۆ داکەند. دوای کەمێ قسە، کتێبەکی دەستیشی پێدا. مناڵەکە بۆیاغ چییەکە بە دەستێک کتێبەکە و بەدەستێکیش پێڵاوەکانی هەڵگرتبوو.  بە خوڵق و ڕووێکی خۆشەوە لەلایان رۆِیشت. ئەوانیش درێژەیان بە قسە دا.

٤

من مناڵە بۆیاغچیەکە بووم!

تەواو

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.