ئه‌نفال عوسمان قادر ئه‌حمه‌د

کۆدەکانی `توونی بابا`


Loading

کۆدەکانی توونی بابا

`ژیانێکی دی؛ مێژووی دوای ئەفسانەکان`

جواد خەلیل

پوختەی ئەفسانەکە

ئەفسانەی (توونی بابا) یەکێکە لە ئەفسانە دێرین و بەنرخەکانی نێو مێژووی ئێمە، ئەم ئەفسانەیە باس لە پاشایەک دەکات کاتی خۆی فەرمانڕەوایی ناوچەیەکی فراوانی کردووە و حەزی لە زانین و پەردە هەڵدانەوە بووە لە سەر نهێنیە مەزنەکان و شکاندنی کۆدە شاراوەکان و ڕووبەڕووبونەوەی هێزە باڵادەستەکانی نێو سروشت. لە ئەفسانەکەدا هاتووە؛ ئەم پاشایە کچێکی جوان و ژیری دەبێت، بۆ بە شوودانی مەرجێک دادەنێت، مەرجەکەیش دۆزینەوە و زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی دەرگاکانی نێو تونی بابایە. چەن کەس دەچنە نێو ئەو توونە و ئیدی ناگەڕێنەوە و بێ سەروشوێن دەبن. کوڕێکی هەژار و تاقانە حەز لە کچەی پاشا دەکا و داوا لە پاشا دەکا ڕێی بدا بچێتە نێو توونەکەوە، پاشایش ڕێگای دەدا، لێ باوکی کوڕە ڕێگا نادات کوڕەکەی بە تەنها بڕوات و خۆی بە شمشێرەوە لەگەڵیدا دەچێت، کە دەچنە نێو توونەکە و شەویان بەسەردا دێت، باوکەکە بە کوڕەکەی دەڵێت؛ با بە پێچەوانەی یەکدیەوە بخەوین و پێیەکانمان لە یەکدی گیر بکەین و شمشێرەکانمان ئامادە بکەین، تاکو ئەگەر دەعبایەک هێرشی بۆ هێناین یەکێکمان هەر بیبینین و بەرگری لە خۆمان بکەین، درەنگانێکی شەو دێوێک دەردەکەوێ و لێیان نزیک دەبێتەوە ، کە بەو شێوەیە دەیانبینێت دەترسێت و سڵیان لێ دەکاتەوە و دەڵێت:

“توونی بابا هەزار و نەوەد و نۆ دەرە
تا ئێستا نەمبینیوە بنیادەمی دوو سەرە“

بەمجۆرە کوڕەی هەژار ژمارەی دەروازەکانی توونی بابا دەزانێت و دەگەڕێتەوە بۆ پایتەخت. نهێنیەکە بۆ پاشا و خەڵک ئاشکرا دەکات و پاشا بەڵێنەکەی خۆی دەباتە سەر.

خوێنەر مافی خۆیەتی بپرسێت گرنگی ئەم ئەفسانەیە لە چیدایە و بۆچی کراوەتە دەستپێکی ئەم نووسینە؟ لە درێژەی ئەم نووسینەدا لەوە دەگەین کە ئەم ئەفسانەیە لەباریدایە کۆمەڵێک تێگەیشتنی نوێمان بداتێ دەربارەی زۆر بەشی ناڕوون و نەبینراوی نێو کۆمەڵگەی کوردی؛ دەربارەی سروشتی بیرکردنەوە و هەوڵ و کۆششی مرۆڤی کورد؛ دەربارەی دونیابینی خەڵکی ئەم ناوچەیە و ڕوانینیان لە هەمبەر سامان و هێزدا؛ لە هەمبەر سنوورە دەستکردەکانی ژیان و تەقەلاکردنیان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە جێگیرە. ئەم ئەفسانەیە دەتوانێت یاریدەمان بدات بۆ تێگەیشتن لە ترسە باوەکانی  مرۆڤی کورد، لەوانە: ترس لە مانەوە بە هەژاری و هەڵبژاردنی مردن لە هەمبەر هەژاریدا.  ترس لە هێزە نادیارەکان و باڵادەستیی و هەژموونیی هێزە مەترسیدارەکانی نێو سروشت و خەیاڵدانی مرۆیی… ڕوانینی خەڵکی ئێمە بۆ فەرمانڕەوا و شێوازی حکومڕانیەکەی و لە هەموویشیان گرنگتر ترس لە بیرکردنەوە و هۆکارەکانی مانەوەی کورد لە نێو ئەو وەهم و سنوورانەی کە خۆی بۆ خۆی دروستیکردوون. ئەم نووسینە بە سوودبینین لە گرێچنی و گێڕانەوەکانی نێو ئەم ئەفسانە کوردییە، هەوڵدەدات هەندێک لەو کێشە بنەڕەتییانەی نێو کۆمەڵگەی کوردی بخاتە بەر باس و ڕاڤەکارییان بۆ بکات و کۆدەکانیان بکاتەوە.
                

 تێکشکاندن؛ چێکردنەوەی سنوور

توونی بابا ئاماژەیەکی ڕوونە بە هەوڵی مرۆڤی ئەم ناوچەیە، بۆ تێشکاندنی سنوورە دەستکردەکانی ژیان. ئەو سنوورانەی کە مرۆڤ خۆی دروستیان دەکات و دواییش هەر خودی خۆی هەوڵی تێکشکاندنیان دەدات. بۆ ئەم تێکشکاندنەش پێویستی بە بوێرییە، بوێرییەکی مەزن و بێ وێنە، چونکە لەگەڵ شکاندنیاندا کۆمەڵێک تابۆ و حەرامکراو و پیرۆزیش دەشکێنرێن، سەرباری ئەوەی کۆمەڵێک وەهم و باوەڕ و ترسیش لە نێو دەچن کە ڕۆژگارێکی زۆر خودی شکێنەرەکەی هەوڵی پاراستنی داون و وەک هەقیقەتێکی مەزن لێی ڕوانیون. ئەمه بەڕاستی ڕووداوێکی غەمگینانەیە بۆ کەسێک کە بەشێکی زۆری ژیانی لە نێو وەهمێکی گەورەدا ژیابێت و دواتر بەدەستی خۆی لەو وەهمە هەڵگەڕێتەوە و تێکی بشکێنێت. لە ئەفسانەکەدا یەکەم سنوورێک کە مرۆڤ هەوڵی تێکشکاندنی دەدات، ئەو سنوورەیە کە وەهمێکی دەستەجەمعی (کۆمەکی) دروستیکردووه، پاشا دەیەوێت بە ئیغراکردنێکی گەورەی خەڵکەکەی، لە ئەقڵیەتەکەیان و لەو وەهمەیش بدات کە داگیری کردوون و تەلیسمەکە تێکبشکێنێت. لەمەشدا پاشا سەرکەوتوو دەبێت و وەهمی هەبوونی هێزی گەورەتر لە هێزی پاشا تێکدەشکێنێت و کۆدەکان دەکاتەوە. دووەم سنوورێک کە تێکدەشکێنرێت سنووری نێوان هەژاری و دەوڵەمەندییە، سنووری نێوان لاوازی و بەهێزییە. لەم ئەفسانەیەدا دوو سونبوڵی سەرەکی هەن؛ پاشا وەک سونبوڵی هێز و دەوڵەمەندیی و کوڕە هەژاریش وەک سونبوڵی لاوازیی و نەداریی… هەڵبەت پێش ئەم کوڕە هەژارە دەیان کەسی دیکە دەچنە دەم داواکەی پاشاوە و خەونی بوون بە زاوای پاشا و ڕزگاربوون لە لاوازی و ژێردەستەیی و نەهامەتییەکانی ژیان ناچاریان دەکات بڕۆنە نێو توونی بابا و مردن هەڵبژێرن.

 

كاری؛ عوسمان قادر ئه‌حمه‌د

لە توونی بابادا هەژاری دارایی و هەژاری هزریی لەیەکدی جوێکراونەتەوە. هەژارەکانی پێشتر کە دەچوونە نێو توونەکەوە لەگەڵ ئەوەی دۆخی ژیانیان خراپ و سەخت بوو، بە هەژارییەکی گەورەی فیکریشەوە دەچوون و بێ هیچ پلان و بەرنامەیەکی دیار ملی ڕێگایان دەگرتە بەر، دواجاریش بەهۆی ڕێ ونکردن و نەبوونی ژیرییەوە مردن لە نێو تەنگەبەرەکاندا یەخەی پێ دەگرتن. لە توونی بابادا کەسێک کە لە ڕووی فیکرییەوە هەژار بێت ناتوانێت بگاتە خەونەکانی و لە هەژاری ڕزگاری ببێت، بۆیە مەحکومە بەوەی هەر بەو هەژارییەوە بمرێت. بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی هەژارییەکەیان تەنها نەبوونی شتە مادییەکانە و فیکریان کارایە، لێزانانە دەتوانن لەو هەژارییە ڕزگاریان ببێت و بگەنە خەونەکانیان و مردن نەتوانێت بە هەژارییەوە زەفەریان پێ بەرێت. دواجار ئەوەی لەم ئاڵوگۆڕکردنە بۆ ئێمە دەمێنێتەوە، ئەگەرە زۆرەکانی نێو ژیانە، ئەو ئەگەرانەی خەونەکان دەچێنن و کار بۆ وەڕاست گەڕانیان دەکەن. جوانی توونی بابا لە تێکشکاندنی سنورە دەستکردەکان و هێنانەدی ئەگەرە جۆربەجۆرەکاندایە، بەڵام ئایا ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە دوای تێکشکاندن ئیدی سنوور کۆتایی دێت و وەهمەکان بە کۆتا دێن؟ خاڵێک کە دەتوانێت وەڵامێکی ڕوونی ئەم پرسیارەمان بداتەوە ئەوەیە کە کردەی تێکشکاندنی سنوورە دەستکردەکان کردەیەکی بەردەوامە و بزوێنەری گۆڕانکارییە مێژووییەکانیشە. وەک چۆن هەمیشە هێزگەلێک هەن سنور شکێنن، ئاوهایش هێزگەلێک هەن بە بەردەوامی خەریکی چێکردنی سنوری نوێن. لەگەڵ نەهێشتنی هەر سنوورێکی نێوان هەژاریی و دەوڵەمەندیی، بە شێوازی دیکە و لە شوێنی دیکەوە ئەو سنورە چێدەکرێتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سنورە دەستکردەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە بە ئاسانی ناناسرێنەوە و ناڕوونییەکی گەورە لە ناسینیاندا هەیە، کە لە سەرەتادا نابینرێت و دواتر هێدی هێدی، قۆناغ بە قۆناغ مرۆڤ درک بەوە دەکات کە ئەمانە سنوورگەلیی نوێن و بوون بە کۆسپێکی گەورە لە بەردەمیدا.

سڵکردنەوە لە دەسەڵات: خەون یان مۆتەکە؟

یەکێک لە هەرە کێشە مەزنەکانی ئینسانی ئەم ناوچەیە ئەوەیە کە هەمیشە لە نێو دوو فاقییەکی گەورەدا دەژی و هەر بەو دووفاقیەشەوە لە دەسەڵات و پێگەی فەرمانڕەوا دەڕوانێت. بۆیە کاتێک دەمانەوێت بۆچوونیان لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بزانین و لە نزیکەوە گوێیان لێدەگرین، دەبینین لە لایەکەوە وەک شتێکی پیس و نەگریس لە دەسەڵات و کورسی فەرمانڕەوایی دەڕوانن و بەردەوام خەریکی ڕەخنەلێگرتن و سووکایەتیپێکردن و ڕەتکردنەوەیین، لە لایەکی ترەوە هەر خودی ئەمانە لە هەوڵ و کۆششێکی بەردەوامدان بۆ بەدەستهێنانی هێزێکی بەشەکییانە لە هێزە هەمەکیەکەی دەسەڵات. دەسەڵات لە خەیاڵدانی زۆرینەی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا هەم مۆتەکەیە و هەمیش خەونێکی جوان، هەم دەخوازن هەیانبێت و هەمیش سڵی لێدەکەنەوە و وای پیشان دەدەن کە زۆر دوورەپەرێزن لێی. بۆیە لە ئەفسانەکەی توونی بابادا کاتێک پاشا دەیەوێ یەکێک لەو خەڵکە بکاتە زاوای خۆی و هێزی بداتێ، دەبێتە ڕکابەریی و پێشبڕکێیەکی سەخت لە نێوان خەڵکەکەدا و هەریەکەو بە جۆرێک هەوڵی بردنەوە دەدەن. واتا ئەو خەڵکە بتەنێ ئەو وەختەی کە لە گەڵ یەکدی دەدوێن دژن بە دەسەڵات، ئەگینا لە هەمبەر خودی دەسەڵات خۆیدا دۆستن و هەوڵی نزیکبوونەوە دەدەن لێی. ئایا ئەم دووفاقییە بەشێکە لە سروشتی مرۆییانەی کورد؟ بەوەدا کە ئێمە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادەی ئازاد و بڕیاربەدەست دەبینین، وەک بوونەوەرێک کە لە سەریەتی هەمیشە هەڵبژاردن بکات و لە نێوان باشەو خراپه، لە نێوان بەهێزی و لاوازی، لە نێوان کردن و نەکردن، لە نێوان بەڵێ و نەخێردا سەرپشکە؛ بۆیە ناتوانین وەک بەشێک لە سروشتی مرۆیی بیبینین و بە شتێکی ئاسایی لێی بنۆڕین. دووفاقێتیی بەرئەنجامی نەبوونی مەبدەئە؛ بەرئەنجامی نەبوونی کۆمەڵە پرەنسیپێکی جێگیر و نەگۆڕە کە مرۆڤێک ئامادەبێت لە پێناویاندا بجەنگێت. جەنگان نەک بە مانای پەلاماردان و شەڕکردن لەگەڵ ئەوانی دیدا، بەڵکو بەو مانایەی کە بەرگری لەو باوەڕ و پرەنسیپە ئەخلاقیی و هزرییانەی خۆی بکات و سازشیان لەسەر نەکا. کە ئەمە نەبوو، تاک ناچار دەبێت لە نمایشێکی گاڵتەجاڕانەدا ڕۆڵبگێڕێت و وایدابنێت وەفادارە بۆ پرەنسیپگەلێکی گشتی که کۆمەڵگە و تاکەکانی ناوی لە سەری ڕێککەوتوون. کە پرەنسیپی گشتیی ڕۆڵی پرەنسیپی تایبەتیی گێڕا و بەسەر تەواوی تاکەکاندا سەپێنرا، ئیدی دووفاقێتیی زۆر بە ئاسانی جێی خۆی دەکاتەوە و دەبێتە خەسڵەتێکی سەرەکی کۆمەڵگە، چونکە ئەو پرەنسیپ و باوەڕە گشتییانە ڕیشەیەکی ناوەکییان نیە و لە دەرێڕا بە سەر تاکدا سەپێنراون و نامۆن پێی، ئەویش لەبەر گوێنەدانی بە پرەنسیپە کەسییەکانی خۆی و بێ توانایی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پرەنسیپە گشتییەکان، ناچارە وای دەربخات کە پاپەندە پێیانەوە و بە گرنگیان دەزانێت، نەک لەبەر ئەوەی لەناوەوەی خۆیدا بڕوای قووڵی پێیان هەبێت و خۆی هەڵیبژاردبن.

 

هێزی زانین

لە ئەفسانەکەدا پاشا نیشانەیەکە بۆ هەبوونی زیرەکیی و هێز؛ بۆ شەیدایەکی دانایی. پاشا لەوێدا هێمایە بۆ لوتکە، بەڵام لوتکەیەکی ناتەواو، چونکە ئەو وەک بەرزترین بەشی هەرەمەکە هێشتا سنورگەلێکی زۆر هەن بۆی نەشکێنراون و زانینی زۆر ماون بۆ ئەو هێشتا شاراوەن و درکی پێنەکردوون. حەزکردن لە زانین و فێربوون لای پاشا حەزکردنە لە هەبوونی هەژموونیی زیاتر، بە پێی لێکدانەوە ماکیاڤیلیەکە بۆ ئەوەی ببیتە دەسەڵاتدارێکی تەواو تەنها ئەوە بەس نیە لە ڕووی سەربازیی و سیاسیەوە بەهێز بیت، بەڵکو دەبێ دەستت بگاتە زانین و دانایی بەدەست بهێنیت. وەک چۆن  هەوڵدانی کوڕە هەژارەکەش هەوڵدانێک نیە لە پێناوی زانیندا، بەڵکو هەوڵدانێکە بۆ گەیشتن بە لوتکەی هەرەمەکە و پەیداکردنی هێز، واتا بەکارهێنانی زانین بۆ دەستخستنی بەرژەوەندییە مادی و کەسییەکانی خۆی، لای کوڕە هەژار زانین هۆکارێکە بۆ بوون بە زاوای پاشا، زانین گرنگیەکەی لە دەستکەوتە مەعنەوی و مادیەکەیدایە. ئەمە کێشەیەکی گەورەمان بۆ دەردەخات، کێشەیەک کە بیرکردنەوەی ئینسانی کورد لە مێژە گیرۆدەیەتی؛ کێشەی نەبینینی زانین وەکو خۆی.

بە درێژایی مێژووی بیرکردنەوە هەوڵی ئێمە بۆ گەیشتن بە زانین هەوڵگەلێک نەبوون لە پێناوی زانین خۆیدا، بەڵکو هەوڵبوون بۆ بە دەستهێنانی مەرامی دی لە ڕێی زانینەوە. سروشتی زانین وەهایە قووڵاییەکەی یان ئەوەی پێی دەوترێت “هێزی زانین” ناداتە کەسێک کە بەکاری دەهێنێت بۆ مەرامی دی، بەڵکو دەیبەخشێتە ئەو کەسەی کە زانینی بۆ زانین دەوێ و عاشقی داناییە. فەلسەفە بۆ خۆی عەشقێکی قووڵە بۆ دانایی، خۆشویستنی زانینە وەک دوا ئامانج، کە تۆ بۆ مەرامێکی دی زانینت ویست، ئەوا تەنها ڕووکاری خۆیت پیشان دەدات نەک کرۆک و قووڵاییەکەی.

تەنگەبەرەکانی بیرکردنەوە

ئەوانەی کە چووبێتنە نێو توونی باباوه، دەزانن بە نێو چ ڕێڕەوێکی جاودوویی و تەنگەبەرێکی ترسناکدا دەڕۆن، کە ئەگەر شارەزاییەکی باشیان نەبێت و ئامادەکارییان بۆی نەکردبێت و بیانەوێ هەروا بە ئاسانی بگەنە ئەوسەری توونەکە، زۆر ئەستەمە بتوانن بەسەلامەتی بگەڕێنەوە و لە کاتی خۆیدا ئامانجەکەیان بپێکن. بیرکردنەوەش بە سروشتی خۆی هەمان خەسڵەتی توونی بابای هەیە، ئەوانەی لە بواری فیکر و فەلسەفەدا ئیش دەکەن بە نێو هەمان ڕێڕەوی سیحراویی و تەنگەبەری ترسناکدا دەڕۆن و گەر نەتوانن بە باشی خۆیانی بۆ ئامادە بکەن، ئەستەمە بگەنە هیچ ئەنجامێک و تووشی سەرلێشێوان و ڕێ بزرکردن دەبنەوە. کاتێک لە دۆخی ڕۆشنبیری کوردی دەڕوانین، دەبینین خەڵکانێکی زۆر کەوتوونەتە نێو ئەو تەنگەبەرە مەترسیدارانەوە و هەرچی ئەکەن ناتوانن ڕێیەک بدۆزنەوە بۆ دەربازبوون. هۆکاری ئەمەش پێش هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ هەژاریی فیکریی و نەبوونی هیچ ڕێگەخۆشکەرێک بۆ دەرچوون لەو تەنگەبەرانە. هەر ئەمەش وایکردووە کە ئێمە تا ئێستاش لە نێو قەیرانی بیرکردنەوەی فەلسەفیانەدا بژین. بیرکردنەوە بۆ ئەوەی گەشە بکات پێویستی بە ئازادیی و زەمینەسازیی هەیە و لەگەڵیشیدا هەبوونی ئەزموونی فەلسەفیی و دەوڵەمەندی فیکریی، کە لە ڕاستیدا لای ئێمە ئەم دووە ئەگەر هەشبن ئەوا لە ئاستێکی زۆر سەرەتایی و ناڕێکدان. هەرچەندە چەندین نوسەر و بیرکەرەوەی کورد شێوە ڕوانینی فەلسەفیی و دونیابینی جودا و جێ سەرنجیان هەبووە، بەڵام ئەم هەوڵە تاک و تەرایانە بە بەراورد بەو هەژارییە کلتورییەی کە مێژووی ئێمەی تەنیوەتەوە شتێکی ئەوتۆ نین.

بیرکردنەوەی فەلسەفییانە زادەی ئاشنابوونە بە تەنگەبەرەکانی بیرکردنەوە و هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجام لە ڕێی تێکشکاندنی وەهم و ترسەکانەوە، ترس لە ناشارەزایی و نەزانین؛ ترس لە تەنگەبەرەکانی بیرکردنەوە. مێژووی ئێمه لەبری ئەوەی مێژووی تێکشکاندنی ئەو وەهم و ترسانە بێت لە تەنگەبەرەکان، بۆتە مێژووی چێکردن و بەرهەم هێنانەوەی وەهم و ترس. بە هەر کوێیەکدا بڕۆیت ڕووبەڕووی دونیایەک لە تەوەهومی دەستکرد و پیرۆزی و ترسی نابەجێ دەبیتەوە، هەریەک لەمانەش لە لایەن زیاد لەهێز و لایەنێکەوە پارێزگارییان لێ دەکرێت، وەک بڵێی کۆڕاییەکی ناڕێکخراو لە سەر هێشتنەوەی ئەو سنورانە هەبێت کە ئامانجی دوورخستنەوەی خەڵکی بێت لە تەنگەبەرەکانی بیرکردنەوە. بۆیە لە زۆر جێدا و تەنانەت لە نێو پەندی پێشینان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆریی و زارەکییانەی ئێمەدا هەمیشە گاڵتەکردن و سووکایەتیپێکردن بە فەلسەفە و بیرکەرەوە جدیەکان ئامادەیی هەبووە. ڕستەگەلیی وەکو ( فەلسەفەم بەسەردا لێمەدە) و ( خۆ فەلسەفە نیە لێی تێنەگەم) و بەستنەوەی کەسێتی فەیلەسوف بە کتێبخوێنێکی شێتۆکەوە، بەرهەمی ترسێکی دەستەجەمعین لە بیرکردنەوە و تێڕامان و سڵکردنەوەیەکی بێ بنەمان لە تەنگەبەرەکانی بیرکردنەوە.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەردەوام هەوڵدراوە جۆرێک لە “بیرکرنەوەی مردوو” ستایش بکرێت کە هیچ زیانێکی بۆ سنورە دەستکردەکان نەبێت و وەهمەکان وەک خۆی بهێڵێتەوە و گومانکار و ڕەخنەگر نەبێت. لە بەرامبەردا “بیرکردنەوەی زیندوو”  ئەوەی کە داهێنەرانە و ڕەخنەکار و هەڵوەشێنەرانەیە وەها وێنا کراوە کە مەترسیدارە و هەر ئەوەندەی چوویتە تەنگەبەرەکانیەوه ئیدی بێ ئەوەی بگەیتە هیچ ئەنجامێک وێڵ و سەرگەردان دەبیت، وەکو چۆن لە نێو تەنگەبەرەکانی توونی بابادا وێڵ و سەرگەردان دەبیت. ڕاستە بیرکردنەوە خۆی پرۆسێسێکی تاقەتپڕوکێن و ماندووکەرە و وەک دەوترێت بەختەوەری لە نەزانین و بیرنەکردنەوەدایە، بەڵام مرۆ بۆ ئەوەی بوونی خۆی لە جیهاندا بسەلمێنێت و بتوانێت لە گەڵ ڕەوتی ژیاریی و مێژووییانەی جیهاندا بچێتە پێش و بگاتە ئاستێکی باڵا، ناچارە بیربکاتەوە؛ ناچارە بە نێو تەنگەبەرەکانی بیرکردنەوەدا بەدووی زانیندا بگەڕێت. بەدڵنیایشەوە ئەو چێژەی مرۆ لە تێکشکاندنی سنورەکانی وەهم و ڕۆیشتن بەنێو تەنگەبەرەکاندا وەریدەگرێت ئەستەمە لە هیچ شتێکی تردا بەو شێوەیە وەریبگرێت و ئەزموونی بکات.

 

عوسمان ئه‌حمه‌د؛ ئه‌نفال

ئەنفال – وەک توونی بابەیەک کە گەڕانەوەی نییە  – کولتور مەگەزین

 

 

 ژیانێکی دی؛ مێژووی دوای ئەفسانەکان

هیچ گەلێک لە دونیادا نیە بە قۆناغە تاریکەکانی بیرنەکردنەوەدا گوزەری نەکردبێت و تاڵاوی نەزانیی و سادەبینیی نەچێشتبێت. هەندێک لەو گەلانە تا ئێستاش لە نێو ئەو قۆناغەدا دەژین و بەشێکیشیان بە یاریدەی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە و بەکارهێنانی عەقڵی شرۆڤەکارانە و داهێنەرانە و بە ڕەخنەگرتن لە هۆکارەکانی ئەو بەجێمانە کلتورییە، قۆناغە تاریکەکانیان بڕیوە و گەیشتوون بە ئاستێکی بەرز لە گەشەی هزریی و ژیاریی. کورد یەکێکە لەو گەلانەی هێشتا نەیتوانیوە قۆناغە تاریکەکان تێپەڕێنێت و لانیکەم بچێتە قۆناغی ڕۆشنگەرییەوە، لەمەشدا زۆر هۆکاری کاریگەر و گرنگ هەن کە ڕۆڵیان هەبووە لەم چەقبەستنە مێژووییەدا. بەڵام بێ هیچ گومانێک سڵکردنەوە لە بیرکردنەوەی فەلسەفییانە و وابەستەبوون بە عەقڵیەتی ئەفسانەیی و ژیانێکی دووبارەوە لە دیارترین هۆکارەکانی ئەم بەجێمانە ژیارییەن. بۆ ئەوەی مێژووییەکی نوێ بخوڵقێنین؛ بۆ ئەوەی قۆناغی چەقبەستوویی مێژوویی تێپەڕێنین و بگەینە ئاستێکی بەرز لە گەشەی هزریی و ژیاریی؛ ناچارین دان بە سەروەرێتی و پێشڕەوێتی بیرکردنەوەدا بنێین و ژیانێکی دی بێنینە ئاراوە کە لە سەر بنەمای خۆگۆڕینی بەردەوام چێکرابێت و سڵ  لە نوێبوونەوە و بەخۆداچوونەوە نەکاتەوە. ئەگینا بۆ ئەبەد لە وەهمی دێوە مەترسیدارەکانی نێو توونەکە، کە بەرهەمی خەیاڵی خۆمانن، ڕزگارمان نابێت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌