ئاڕنۆلف ڕاینه‌ر - فۆتۆگرافی Arnulf Rainer. craie sur photo, 60 x 50 cm

بۆ ئەوەى نەبینە فاشیست وتارێک دژ بە ئەقڵیەتى ڕسواگەرى


Loading

ئاڕنۆلف ڕاینه‌ر – فۆتۆگرافی – مه‌جاز 
Arnulf Rainer. craie sur photo, 60 x 50 cm

مەجاز یەکەمجار وا دەردەکەوێت دەکەوێتە بەرامبەر واقیعەوە، کەواتە مەجازواقیع وەک دووالیزمێکى دژیەک دەخرێتە ڕوو؛ گوایە واقیع پێچەوانەى مەجازە… “ئێمە بە گاڵتەوە بەردەمان دەگرتە بۆقەکان، بەڵام بۆقەکان بە ڕاستى دەمرن”. بەردهەڵدانى گاڵتەجاڕانە بۆ بۆقەکان کارێکى مەجازییە کە تێیدا بەر مەرگ ناکەویت، ئەوەى بەر واقیعى مەرگ دەکەوێت بۆقەکانن. بەم پێیە بێت بۆ ئەوەى بەرد هەڵنەدەین دەبێت بەر واقیعى مەرگ بکەوین. گوایە لە واقیعدا دەتوانین شتەکان بە کۆنکرێتى بگرین، هەستیان پێبکەین، بە تەواوى وجود و هەقیقەتمانەوە لەنێویاندا بژین، لە کاتێکدا مەجاز گریمانەییە و لە خەیاڵ دەچێت، یان کەمێک لە سەرووى خەیاڵەوەیە.

فیکرى دووالیستى (کە بەزۆرى دیالەکتیکیشە) فیکرێکى ئاسانە بۆ تەفسیرى شتەکان، دەتوانێت بەزوویى دوالیزمێک پێکبهێنێت و بەسەر دوو پۆلى دژبەیەکدا دابەشیان بکات؛ بۆ نموونە: واقیع پڕە- مەجاز بەتاڵە، واقیع ڕاستییە- مەجاز خەیاڵیییە، واقیع سەرەکییە- مەجاز لاوەکییە و ئیدى بەمجۆرە. دەتوانیت ئەمانە لە سەنتێزێکدا کۆبکەیتەوە بەڵام دیسانیش بەخێرایى بیخەینەوە دژیەکى. کەواتە تەفسیرەکە بۆ دووالیزمى واقیع-مەجاز بەم جۆرەى لێدێت: لە مەجازدا بەر هیچ ناکەوین، هەموو شتەکان هەوایى دەبنەوە، پارچە پارچە دەبن، دێن و دەڕۆن؛ بەڵام دەبێت لە جیهان دانەبڕێین و هەست بە واقیع بکەین، دەبێت بەر واقیع بکەوین بۆ ئەوەى بیگۆڕین!

ئەمە یەکێکە لە تەفسیرە تەقلیدى و هەڵەکان، چونکە ئیمکانە ڕادیکاڵەکانى فەزاى مەجازى نابینێت، وەک خەیاڵ و سەرگەمکردنى گەنجان لێیدەڕوانێت کە گوایە لە جیهانى واقیعى دوورمان دەخاتەوە. تیۆریزەکەرانى ئەم بۆچوونە لە کوردستان خۆیان کەوتوونەتە پارادۆکسەوە، چونکە کاتێک وەک بابەتى سەرگەمى و پاسیڤیزم سەیرى فەزاى مەجازى دەکەن، ڕێک لەوێدا ئومێدى ئاڤانگاردیانەیشى پێدا هەڵدەواسن و لێیەوە بانگەشەى پراکتیکى سیاسى و ڕابەرایەتی دەکەن، هەندێکیش پێیانوایە دەیکەنە سەکۆى مارکسیستى و تێیدا دەبنە شۆڕشگێر. بەڵام لە ڕاستیدا فەزاى مەجازییە خۆى هیچ شوناسێکى دیاریکراوى نییە، نە بە تەواوى پانتایى پاسیڤیزمە و نە بە تەواوى پانتایى پراکتیکى شۆڕشگێڕى. وێڕاى ئەمەیش، فەزای مەجازى تەنیا کەرەستەیەک نییە لەژێر کاریگەرى ئەو هێزەدا کە بەکارى دەهێنێت، چۆن بیەوێت وەها وەزیفەى پێبدات. فەزاى مەجازى خۆى شوناسى نییە، خۆى مادە تاریک و ڕەشەکەى ناو واقیعە کە ڕەنگە لە واقیع زیاتر بێت؛ لۆژیکى ناجێگیرى خۆى هەیە؛ واقیع وەک خۆى ڕاناگرێت و بە یەکجارییش لەنێوى نابات؛ بە تەواوەتى لێکدژى واقیع نییە و بە تەواوەتیش هاوەڵى واقیع نییە، بەڵکو بەردەوام لە دڵى خودى واقیعدا یان بە پاڵ واقیعەوە هەبووە، بە گشتیش واقیعى بەشێوەى مەجازییانە داڕشتۆتەوە.

 

لاى لاکان ئەوەى تەواو واقیعییە ناگیرێت، نابینرێت، لە پشتەوەیە، کۆنکریت نییە، درزە، لووسە، خزە، گەمەکەرە، ناجێگیرە، فریوودەرە. ڕیاڵ ئەمەیە. خەیاڵى و ڕەمزى و ڕیاڵ. لەم سیانەدا ڕیاڵ لە هەمووان واقیعیترە، بەڵام لە هەمووانیش مەجازیترە. هێزى ئاراستەکەرى سوبێکت و ئارەزووەکانە و شەبەقى سوبێکتیشە، داواى هەموو شتێک دەکات و هیچ شتێکیش ڕازیى ناکات, هەر ئوبێکتێک تەنیا دەتوانێت بۆ ماوەیەکى کورت ڕایبگرێت، دواتر یەکسەر دەکشێتەوە و دەخزێت. لێرەدا ڕیاڵ مەجازییە.

ئەى چۆن بەر ڕیاڵ بکەوین؟ بەرکەوتنى ڕیاڵ بەرکەوتن نییە لەگەڵ شتێکى پڕ و کامڵدا، لە ڕاستیدا بەرکەوتن نییە لەگەڵ شتێکى کۆنکریتدا، بەڵکو بەرکەوتنە لەگەڵ کەلێندا، بەربوونەوەیە بۆ نێو چاڵ. ئەو کاتەى سوبێکت بەر بەتاڵى و درزى خۆى دەکەوێت، ئەو کاتەى بەر پانتایى مەجازى ناوخۆى دەکەوێت، ئەو کاتەى سوبێکت دەرک بەوە دەکات ئەو لەسەر چاڵێک وەستاوە، ئیدى بۆ خوارێ بەردەبێتەوە. بەرکەوتنەکە چرکەساتێکى ئادەمییە کە دواتر كه‌وتنی بەدوادا دێت. ئادەم بەر سێوى مەعریفە دەکەوێت و ئینجا دەزانێت ڕووتە، سوبێکتیش بەر ڕیاڵ دەکەوێت و ئینجا دەزانێت نوقسانە. مەعریفەى نێو مێژووى فەلسەفە ڕیاڵ ڕوون ناکاتەوە، بەڵام سێوى نێو حیکایەتە تیۆلۆژییەکە دەشێت هەر ئاماژە بێت بۆ ڕیاڵ، بۆیە لەم کۆنێکستەدا ڕووتى و نوقسانى ماناکەیان زۆر لە یەکترى دوور نییە. لاکان وەک عادەتە هەمیشەییە ئاڵۆزەکەى خۆى بە هەوانتە ئەم تێرمەى هەڵنەبژاردووە، شتیک ناو دەنێت ڕیاڵ کە خۆى مەجازییە، کەواتە لەم ڕوانگەیەوە واقیع مەجازییە. یان وەک ژیژەک دەڵێت واقیع هەمیشە مەجازى بووە. لایەنیکەم لەم سەردەمەدا واقیع چیتر واقیعى نییە، هەر بەو جۆرەى کە مەجازیش چیتر مەجازى نییە، ئەوەى هەیە واقیعێکى مەجازییە، واقیعێک کە مەجازیى بۆتەوە.

 

مایکل ئەنجلۆ   ١٤٧٥ ـ ١٥٦٤؛  گوناهی یەکەم ؛ دەرکردن لەبەهەشت.
Michelangelo؛  Der Sündenfall und die Vertreibung aus dem Paradies (Deckenfresko in der Sixtinischen Kapelle)

گەر بڵێین واقیعى مەجازی زۆر جیاوازیى نییە لەگەڵ ئەوەى بڵێین مەجازى واقیعى. لاى بۆدریار مەجاز (ڤێرچواڵ) خۆى واقیعییە لەوێدا کە چیتر واقیع هیچ مانایەکى نییە، بۆیە کاتێک باس لە کەناڵێکى تەلەفزیۆنیى ئەمریکى دەکات بە ناوى “واقیع” ئەوا دەستبەجێ ئەم ناوە سەرنجمان ڕادەکێشێت. کەناڵەکە ژیانى ڕاستەقینەى خێزانەکان پەخش دەکات. بەڵام ڕێک لەوێدا کە ئەم ژیانە واقیعییە لە ڕیگەى شاشەى مەجازییەوە پیشان دەداتەوە، ئەوا دەیشگۆڕێت بۆ ژیانێکى نەختێ واقیعیتر. ئەندامانى خێزانە بۆ ئەوەى بە واقیعى لەبەردەم کامێراکاندا هەڵسوکەوت بکەن دەبێت لەوە واقیعیتر هەڵسوکەوت بکەن کە لە واقیعدا هەن. لەبەرئەمە، بۆدریاریش وەک ژیژەک پێیوایە واقیع هیچ کاتێک بە تەواوەتى واقیعى نەبووە، بەڵام وەک ژیژەک ناڵێت؛ هەمیشە مەجازى بووە، بەڵکو دەڵێت هەمیشە نەختێک واقیعیتر بووە.

مەجاز بەهۆى هەڵمژینى واقیعەوە لە واقیع واقیعتربۆتەوە، واقیعى بەسەرخۆیدا چەندقات کردۆتەوە، بۆدریار ناو لەمە دەنێت “زێدە-واقیعى”. زێدە-واقیعى چییە؟ لاى بۆدریار واقیع بەها مەرجەعییەکەى خۆى لەدەستداوە و چیتر دەلالەت ناگەیەنێت، بۆیە دەتوانین بە جۆرێکى دیکە بڵیین واقیع مردووە. ئەمە واتاى ئەوە نییە واقیع چیتر بوونى نییە، یان وەهمى ڕووتە، بەڵکو بە مەجازى دیارنەماوە. مردنى واقیع پتر کوشتن بووە لە ڕێگەى دووپاتکردنەوەى زۆر وردى واقیع خۆیەوە، لەڕێگەى لەبەرگرتنەوەوە، بەمەیش چیتر ئێمە واقیع ناناسینەوە و خۆیشى خۆى ناناسێتەوە. مەجاز هێرشى ڕاستەوخۆ ناکاتە سەر واقیع تاوەکو هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵکو فێڵێکى زۆر سەیر و ڕادیکاڵى لێدەکات، ئەویش ئەوەیە واقیع بەسەر خۆیدا چەند هێندە دەکاتەوە، بەم جۆرە ئەسڵ لەنێو کۆپییەکانیدا ون دەکات، واقیع دەبێتەوە بە نوسخەیەکى خۆى، بگرە دەبێتەوە بە نوسخەى نوسخەکانى.

بۆدریار لە نووسینەکانیدا نموونەى زۆرى بۆ ئەمە هەیە، لەوانە یارییەکانی کاسپارۆف. کاسپارۆف گەمەى شەترەنج لەگەڵ دوو کۆمپیوتەرى زیرەکدا دەکات. لە یەکەمیان دەباتەوە چونکە کۆمپیوتەرەکە تەنیا بە گوێرەى حسابکارییەکى ڕووت جووڵە دەکات و تواناى پێشبینیى هەموو جووڵەکانى کاسپارۆڤى نییە. لە کۆمپیوتەرى دووەمیاندا دیزاینەرانى ئامێرەکە هۆشى کاسپارۆف خۆى پرۆگرام دەکەن و زیرەکیى گەمەکارێکى مرۆیى بە ئامێرەکە دەبەخشن. بەم جۆرە لە یاریى دووەمدا کاسپارۆف تا ڕادەى دۆڕان دەڕوات و تەنیا لە دوا ساتدا بەهۆى جووڵەیەکى زۆر گەمژانەى کۆمپیوتەرەکەوە دەیباتەوە. بەلاى بۆدریارەوە کەڵکەى مرۆڤى سەردەم ئەوەیە فیکر لە زیرەکیى دەستکرددا لەدەستبدات، بەو مانایەى بوونەوەرێکى لەخۆى زیرەکتر دروست بکات لە ڕێگەى ئەوەى خۆى بخاتە نێو ئامێرەکانەوە، ئیدى بەوە ئاسوودە دەبێت کە لە ئامێرەکانى خۆى بباتەوە. بۆدریار دەڵێت: ”یاریزانە پیشگەرەکان خەون بەوەوە دەبینن بەسەر ئامێردا سەربکەون وەک ئەوەى هەیە، بەوەى خۆیان بکەنە ئامێرێکى بەرزتر لە ئامێر. لەم کێبەرکێیەدا، مرۆڤ ئەوەیە کە یەکەمجار هەڵدەوەشێتەوە”.

بەکورتى فەزاى مەجازى نوسخەى زۆروزەبەندى کتومتى جیهانە واقیعییەکەمانە کە بەهۆى ئەم لەبەرگرتنەوەوە واقیع لەخۆیاندا وندەکەن. لەم جیهانەدا کە دیالەکتیک پەکیکەوتووە، مەسەلەکانى گۆڕان، شۆڕش، جەنگ، سێکس و سەرجەمى ژیانى مرۆیى گۆڕانى قووڵیان بەسەردا هاتووە. بە مانایەکیتر چیتر ئەم جیهانە نە بە چەمکە کۆنەکان تەفسیر دەکرێت و نە بە کەرەستە و شێوازە کۆنەکانى پراکتیک دەگۆڕێت. 

ئێستا دەتوانین بپرسین: چى لەم واقیعە مەجازییەدا دەگوزەرێت؟ بارگۆڕانێکى هەمیشەیى، ئیمکانى هەمیشەیى هەموو شتێک. دەتوانیت ببیت بە هەموو شتێک و نەیشبیت بە هیچ. دەتوانیت ببیت بە شاعیر، نووسەر، ئاشق، سیاسى، شرۆڤەکار، سۆسیۆلۆژیست، شۆڕشگێڕ، نامۆ. مەجاز پۆتێنشییەڵ نییە، بەڵکو ڤێرچواڵە، ڤێرچواڵ جێگیریى دوالیزمى “پۆتێنشیەڵ-ئەکچواڵ” تێکدەدات. ئەوەى تێیدا ڕوودەدات کردەیە و کردەیش نییە، ئەکچواڵە و ئەکچواڵیش نییە، کۆپی هەموو شتەکانە کە نەک تەنیا ڕەگیانى بە واقیعەوە پچڕاندووە، بەڵکو خودى واقیعى ون کردووە. 

مەسەلەکە ئەوە نییە لە فەزاى مەجازیدا شۆڕشگێڕ بیت بەڵام لە واقیعدا وا نەبیت، لە فەزاى مەجازیدا فاشیست بیت و لە واقیعدا ڕزگارکەر بیت، چونکە ئەم دووالیزمە خۆى تێکچووە. چیتر هەقیقەتیش تەبابوونەوەى مەجاز و واقیع، قسە و فاکت نییە، واتە لە فەزاى مەجازیشدا شۆڕشگێڕ بیت و لە واقیعیشدا هەر وا بیت و شتى لەم بابەتە. مەسەلەى سەخت ئەمەیە کە تۆ چۆن ئەتوانیت بە واقیعى شۆڕشگێڕ بیت بە بێئەوەى واقیعى ئەم جیهانە مەجازییە لەبەرچاو بگریت. مارکسیستە شۆڕشگێڕەکانى ئێمە دەیانەوێت واقیع بگۆڕن؛ بەڵام چ واقیعێک؟ لە تیۆریزەکردنى شۆڕشدا ئەمە یەکێکە لە ئاپۆریا نوێیە سەختەکان. ئەوانەى زۆر ڕیالیستن هەر حەزدەکەن باس لە واقیع و گۆڕینى واقیع بکەن، کەچى لە ناکاو هەستدەکەن واقیع چیتر ئەو مانا یەکدیوەى نەماوە کە پێشتر هەیبوو، بۆیە تووشى سەرلیشێوان بوون لەوەى چۆن مامەڵە لەگەڵ جیهانێکدا بکەن کە هەتا بێ مەجازییتر دەبێتەوە، بۆیە دواجار بە ناچارى دەگەن بەو بڕوایەى هەر شۆڕشێک خەون بەوەوە ببینێت واقیع بگۆڕێت دەبێت مەجازییش بگۆڕێت. ئیدى دەیانەوێت ئەمەیش بە دووالیزمى پۆتێنشیەڵ و ئەکچواڵ تەفسیر بکەن، لەمەیشدا شکست دەێنن، چونکە مەسەلەکە پۆتێنشیاڵێتى نییە کە ببێت بە ئەکچواڵ، بەڵکو ئیمکانە زۆروزەبەندەکانە (پۆسەبیڵیتى).

ئەوان بۆیە بەم جۆرە بیردەکەنەوە چونکە واقیع و مەجاز لە دیالەکتیکى سەربەخۆیى و شوێنکەوتەییدا دەبینن. پێیانوایە بە گۆڕینى یەکێکیان ئەویتریشیان دەگۆڕێت، یان دەتوانن یەکێکیان بگۆڕن و ئەویتریان سەرکوت بکەن. لە ڕاستیدا مەجاز شوێنکەوتەى واقیع نییە تا بە گۆڕینى واقیع ئۆتۆماتیکى مەجازیش بگۆڕدرێت یان بە پێچەوانەوە. ئەم دیالەکتیکى ئاغا و کۆیلەیە بۆ فەزاى مەجازى دەستنادات. بۆیە وتم ئەمە مەسەلەیەکى سەختە چونکە گەر واقیع و مەجاز وەک دوو فەزاى جودا لەیەکتر، بە شوناسى خۆیان بمانناسیبانەوە و بەجێگیرى بمانایەتەوە، یان پەیوەندییەکى شوێنکەوتەیى ڕووت لەنێوانیاندا هەبووایە ئەوا ئیشکردن تیایاندا گەلێک ئاسانتر بوو. فەزاى مەجازى بزۆز و شلۆقە، ئەتوانێت ببێت بە واقیعیش، بەڵام نابێتە واقیعێکى جیگێر، واقیعیش مەجازیى دەبێتەوە، بەڵام ئەو کاتەى کە مەجازییش خۆى دەبێت بە واقیع، گەر بە زمانى دێریدا قسە بکەین “خانەخوێ” بە تەواوەتى خاوەن ماڵ نییە و “میوان”ـیش بە تەواوەتى بێگانە نییە، پەیوەندییەکى لەمە ئاڵۆزتر لەنێوانیاندا هەیە: “خانەخوێ بەهۆى میوانەوە دەچێتە نێو ماڵەکەى خۆى لەو کاتەدا کە چیتر خاوەنى نامێنێت”. ئەمە مەسەلەى تارمایى، زۆمبی، غەریبەیە نەک دیالەکتیکى ئاغا و کۆیلە. تەنانەت پەیوەندییەکان بۆ نموونە لە فەیسبووکدا پەیوەندیى ئاغا و کۆیلە، حەقیقەت و وەهم، کۆمەڵگە و تاکەکەس، عاشق و مەعشوق، دۆست و دوژمن، نیشتمان و مەنفا نین (ئەم هەستانە لاى سوبێکتەکان هەر ماون، بەڵام لەم فەزا مەجازییەدا تووشى شلۆقى و کەرتبوون هاتوون). مەسەلەى تیۆر و پراکتیکیى سیاسییش لەمڕۆدا بەهەمان شێوەیە. پێشتر دەوترا حزبێکى شۆڕشگێڕانە کە بتوانێت دونیا بگۆڕێت، بە بێ بوونى تیۆرێکى شۆڕشگێڕانە مەحاڵە. کەواتە با سەرەتا تیۆرێکى شۆڕشگێڕانە هەبێت ئینجا پراکتیکێکى شۆڕشگێڕانەیش لەسەر ئەم بنچینەیە دادەڕێژرێت؛ لەم ڕوانگەیەوە، تیۆر دێتە دەرەوە و لە واقیعدا بەرجەستە دەبێت و دەبێتە پراکتیک، ئەمە ڕەهەندە هێگڵییەکەى لینینیشە، کە ئەمڕۆ پێناچێت چیتر ئیش بکات.

نازانم چ فیلمێکە ساڵانێک لەمەوپێش بینیوومە کە کارەکتەرى نێو حیکایەتەکان لە کتێبەکان دێنە دەرەوە و لە دەوروبەرى خوێنەرەکەیان کۆنکریت دەبنەوە. کێشەى ئەمڕۆى دونیا ئەوەیە کە چیتر کارەکتەرى حیکایەتەکان ناتوانن لە کتێبەکان بێنە دەرەوە، یان بەڵێ دەتوانن بەڵام تەنیا بەو مەرجەى لەنێو حیکایەتێکى دیکەدا ئەمە ڕووبدات. کەواتە دەکەونەوە نێو کتێبێکى دیکە، وەکو بینینى خەون لە خەوندا. لە خەونى یەکەم بەخەردێیت و هێشتا لەنێو خەونى دووەمدایت، کەواتە خەونى دووەم خۆى ڕۆڵى واقیع دەگێڕێت. ئایا دەتوانین لە تۆڕى خەون ڕزگاربین؟ باشە لێرەدا بە مەحاڵگەرا و نائومێدخواز تۆمەتبار دەکرێین هەر بەو جۆرەى کە بەختیار عەلی پێ تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام با باسى ڕزگارى بخەینە کۆتایى وتارەکەمانەوە بۆ ئەوەى سەرنجێک لەسەر بێدەنگى دەرببڕین، تاوەکو ئەم پرسیارە ڕووبەڕووى بەختیار بکەینەوە کە بۆچى ماوەیەکى زۆر بێدەنگ بوو، کەچى دواتر بە وتارێکى، نائومێدکەر بێدەنگیى شکاند؟

پەیوەندیى قسەکردن و فاشیزم چەند لایەنێکى هەیە، دەتوانین لە چەند دیوێکەوە دەستنیشانى بکەین. لەلایەک، ئایدیۆلۆژیاى فاشیزم خۆى لەسەر جۆرێک ڕیتۆریک و حەماسەتى پاڵەوانبازیى دادەمەزرێت، بۆیە ڕیتۆریک خەسڵەتى سەرکردە فاشییەکانى وەکو مۆسۆلینى و هیتلەر بوو.

لەلایەکى ترەوە فاشیزم، بەتایبەتى فاشیزمى دیکتاتۆری، ترسى ئێجگار زۆرى لە قسەکردن هەیە و بێدەنگى دەسەپێنێت، زمان دەبرێت، دەمکوت دەکات، بۆ نموونە فاشیزمى ئیتالی بۆ هەمیشە (ئەنتۆنیر گرامشى) لە زینداندا ڕاگرت، بە زەبروزەنگ بەرامبەر کۆمۆنیستەکان و ئۆپۆزسیۆن جوڵایەوە، ئازادیى ڕۆژنامەگەرى زەوت کرد. ئەم دوولایەنە زیاتر خەسڵەتى فاشیزمە ئایدیۆلۆژییەکەى سەدەى بیستەم بوون، کە ڕەنگە نازیزم و ستالینیزمیش لەگەڵیدا هاوبەش بن.

لایەنى سێیەمیش هەیە کە لەو دوولایەنەى سەرەوە زیاتر تایبەتمەندیى فاشیزم دیاریى دەکات، ئەویش ناچارکردنە بە قسەکردنى بەردەوام. فاشیزم تەنیا بێدەنگى ناسەپێنێت، پتر ماشێنى قسەکردن و ماشێنى بەرهەمهێنانى قسەکردنە. خۆ-ڕوونکردنەوە بە زمانێکى ڕوون و ڕاشکاو، بە بێ هیچ گرێوگۆڵ و ئاڵۆزییەک داوایەکى بەردەوامى فاشیزمە لەو سوبێکتانەی کە هەژموونى لەسەریان هەیە. ئەقڵى فاشیستیى خۆى بەردەوام ناو لە شتەکان دەنێت و تۆیش ناچار دەکات ناو لە خۆت بنێیت. شوناستەوەریى پەڕگیر خواستێکى فاشیستییە. ڕەنگە یەکەمجار لەم پرسیارەوە دەستپێدەکات: “بە چ ناوێک بانگت بکەم؟ ئەگەر وەڵامت نەبێت و ناو لە خۆت نەنێیت، هەنگاوى دووەم لە پرسیارەوە دەبێت بە فەرمان: “پێویستە ناو لە خۆت بنێیت..”. ئەگەر بە زوویى ئەم کارەت نەکرد، ئەوا هەنگاوى سێیەم نە پرسیارە و نە فەرمان، بەڵکو سەپاندنە. ئیدى تۆ ناوێکت هەیە، چ بتەوێ چ نەتەوێ. فاشیزم دواخستنیش قبوڵ ناکات، حەوسەڵەى ئەوەى نییە چاوەڕوان بێت تاوەکو لە جیهانى ئاڵۆز و تەمومژاویدا، کە هەموو شتێک تێیدا بەنێویەکدا چووە، بەرچاوت ڕوون ببێتەوە، دووبارە بیر لە دیاردەکان بکەیتەوە، بە لاى ئەوەوە هەموو شتێک ئەبێت لە ئێستا/ ئێرەدا یەکلایی ببێتەوە و خۆت ساغ بکەیتەوە. خۆ-ساغکردنەوە و بڕیاردان ناکۆتایەکى بەدوادا دێت: دووبارەکردنەوە. پێویستە بەردەوام دووبارەى بکەیتەوە کە تۆ چیت، ناوت چییە، شوناست چییە، بڕوات بە چى هەیە، ئامانجت چیە؟ هەڵوێستت چییە؟ و..هتد.

شەفافبوونەوەى تەواو هاوکاتە لەگەڵ سەتحیکردنەوەى زمانیشدا، چونکە فاشیزم دەیەوێت بە زمانێکى سادە و سەتحى بە تەواوەتى خۆت پیشان بدەیت، ئەم زمانە سەتحییەیش هەر لە پێشەوە ئامادەکراوە و کراوە بە کڵێشە، بەو مانایەى زمان لە ئەگەرەکانى بەتاڵکراوەتەوە، هەر لەبەرئەمەیشە کە فاشیزم وتووێژت لەگەڵ ناکات، بەڵکو زمان بۆ ئاستى کڵێشە کورت دەکاتەوە. بە بڕواى جودیت باتلەر وتووێژ لەسەر پەڵەیەکى ناوەکیى تاریک دادەمەزرێت کە پڕیەتى لە قەلەقى و دەرفەتى ڕوونبوونەوە نادات، ئەوەى دەبێتە پاڵنەرى ئاخاوتن لەگەڵ ئەویتردا ویستى منە بۆ وەسفکردنى ئەم تەمومژەى خۆى، بۆ دەستبردن بۆ پەڵە تاریکەکەى خۆى. لەم وتووێژەیشدا ئەگەرەکانى زمان کەشف دەبن، چونکە سوبێکت زمانى لە زمانى ئەویتر دەئاڵێت: دەرچوون لە بابەت و گەڕانەوە، یادگارى و گێڕانەوە، بیرچوونەوە و بیرهاتنەوە، ڕاستى و ئیزافە، بەردەوامى و دابڕان، هەر هەموو لەنێو خۆ-وەسفکردندا ڕوودەدەن. فاشیزم ئەگەرى ئەم پەڵە تاریکە ناهێڵێتەوە، مەجالى دوودڵى نادات، ڕێگە بە سوبێکت نادات (بە زمانى باتلەر) خۆى وەسف بکات، لەبرى ئەمانە ناچارى دەکات خۆى-ڕوونبکاتەوە، واتە دۆست و دوژمن، یار و نەیار، خەون و ئامانجەکانى بە بی هیچ تەمومژێک دیاریى بکات.

 

له‌دژی كاپیتالیزم – پۆسته‌ری سۆڤیه‌تی ١٩٢٠

ویستى شەفافبوونەوەى ڕەها بێجگە لەوەى دژ بەو سیحر و ئاورایەیە کە مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکى سەرنجڕاکێش و هونەرى (بە بێ ئەوەى ستایشى ناڕوونیى دەستکرد و غرورى کوێرانە بکەین)، بۆ خۆى مەیلێکى ترسناکیشە لەوێدا کە ئەگەرى وتوێژ ناهێڵێتەوە. فاشیستەکان پرسیارت لێدەکەن، بەڵام بۆ ئەوە نا وتوێژت لەگەڵ دابمەزرێنن، ئەوان ئەوەیان بۆ گرنگە قسەبکەیت و هەڵوێستى بەردەوام دەرببڕیت، بەم جۆرە یان لەخۆیاندا قوتت دەدەن یانیش تاوانبارت دەکەن (بۆ نموونە بە: بۆرژواز، دژە شۆڕش، پۆستمۆدێرنیست و هیتر). ئەم هەڵوێستە بەردەوامە ڕۆژانەییە ڕووكه‌شییه‌ تاکە فۆڕمى هەڵوێستى دڵخوازانەى فاشیزمە، هەموو فۆڕمەکانى دیکەى هەڵوێست، بەلاى ئەوەوە، بێ-هەڵوێستین. لەم ڕوانگەیەوە زۆربەى نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان کە هەموو ڕۆژێک، لەسەر هەموو ڕووداوێکى بچکۆلە، بەم زمانە سەتحییە هەڵوێستى خۆیان دووپات ناکانەوە، بێ هەڵوێستن. لەم ڕێگەیەوە فاشیزم زمانى فیکریش دەگۆڕیت بۆ زمانى میدیا.

 

ئایا پێویستە ڕۆشنبیر لەسەر هەر شتێکى گەورە و بچووک، جەوهەرى و ناجەوهەرى، مێژوویى و تێپەڕ، سیاسى و سەرگەرمى، لۆکاڵى و جیهانى و هیتر هەمیشە قسەى هەبێت و بیڵێت، دووبارەى بکاتەوە و بەبیرى بهێنێتەوە و شەرح و تەفسیرى بەردەوامیان بۆ بکات؟ با کلیلە وشەکانى ئەم چەند پرسیارە دیاریى بکەین: بەردەوام قسەکردن لەسەر پێشهات و ڕووداوى ڕۆژانە و دووبارەکردنەوەى تەفسیر و چەمکەکان لە باکگراوندى ئایدیۆلۆژی و سیاسى خۆى یان لە ڕوانگەى تیۆریى خۆیەوە. گەر سەیرى ئەم سکێچە سادەیە بکەین دەبینین ئەم سێ کلیلە وشەیە هەرسێکیان خەسڵەتى “میدیاى ئەمڕۆ”ن.

میدیا پێویستى بە قسەکردنى بەردەوام هەیە، تەلەفزیۆن بۆ ئەوەى هەبێت پێویستى بە سازکردنى ڕووداوى ڕۆژانە و هەواڵى بەردەوام هەیە، ڕووداوى گەورە ڕووبدات و ڕوونەدات لە تەلەفزیۆندا ڕووداوى گەورە و زۆروزەبەند هەیە، ڕێک لێرەدا ڕووداوى گەورەیش ون دەبێت. بۆ تەلەفزیۆن لە واقیعدا هیچیش ڕوونەدات هەر شتێک ڕوویداوە، بەڵام هەرچییش ڕووبدات هەر لەنێو هەواڵە زۆروزەبەندەکاندا لەدەستدەچێت. یەکێک لە ڕیکلامەکانى کەناڵى ڕووداو ئاوایە: “ئێمەیش نەبین هەر ڕوودەدات، بەڵام ئەو کاتە ئێوە نایبینن”. ئەمە پەیامێکى یەکجار فێڵاوى و درۆزنانەى تێدایە، چونکە لە ساتى یەکەمدا خۆى دەخاتە شوێنێکى بێلایەن و لە دوورى ڕووداوەکانى ڕۆژانەوە دەوەستێت، بۆ ئەوەى پێمان بڵێت هەمیشە شتێک ڕوودەدات، بە بەردەوامى شتێک هەیە کە پێویستە ئێوە بیبینن، ئەگەر نەیبینن جێگاى داخە، حەیفە لێى بێئاگابن؛ ئینجا لە ساتى دووەمدا بە قورسى خۆى دێتەوە: “ئێمە نەبین ئێوە نایبنن”، کەواتە چارەسەرى کێشەکە ئاسانە، چونکە ئەوەتا ئێمە هەین، ناهێڵین بۆتان ببێت بە حەیف و داخى دڵ، چەند جارێکیش لە گەشتە هەواڵییەکاندا بۆتان دووبارە دەکەینەوە.

كاری ڤیدیۆیی ؛ هیوا ك

لە ڕاستیدا ڕیزبەندى ڕووداوەکان و میدیا، پێشهات و هەواڵ پێچەوانەیە؛ ئەوە لەبەرئەوە نییە کە ڕووداو و پێشهات هەیە بۆیە تەلەفزیۆن و هەواڵیش هەیە، بەپێچەوانەوە لەمڕۆدا هەواڵ پێش پێشهات دەکەوێت، واتە تەلەفزیۆن و هەواڵ هەیە بۆیە پێشهات و ڕووداویش هەن. ڕووداوى زۆروزەبەند هەن، بەڵام هیچ شتێکى ڕاستەقینە ڕوونادا؛ لە ڕاستیدا هەواڵ ناهێڵێت ڕووداو ڕووبدات. بابەتى هەواڵ و ڕاپۆرتەکان لە دنیادا ڕوودەدان، کەس گومانى لەوە نییە کە داعش بە ڕاستى هەیە و بە دڕندەترین شێوە خەڵکان دەکوژێت، بەڵام ئامانجى داعش ئەوەیە دڕندەییەکەیشى “ببینرێت” و “قسەى لەسەر بکرێت”، بە مانایەکیتر گەر میدیا نەبووایە داعش نەدەبووە ئەو داعشەى کە بە ڕاستى هەیە. پۆینتەکە لێرەدایە: ئەم پەخشە بیست و چوار کاتژمێرییەى میدیا لە شەو و ڕۆژێکدا، پێویستى بە قسەکردنى بەردەوام هەیە لەسەر هەر شتێک و هەموو شتێک. ئەمە عەقڵى میدیاییە. ئەى دووبارەکردنەوە چى؟ زۆرجار دەبینین میدیاى ئازاد و سەربەخۆ بێلایەنانە ئیش دەکات و ئایدیۆلۆژیا یان لایەنێکى سیاسى ئاراستەیان ناکات. کەواتە ئەوە چ پەیام و ناوەڕۆکێکە کە لە میدیاوە دووبارە دەکرێتەوە؟ لە ڕاستیدا لێرەیشدا دووالیزمى فۆڕم و ناوەڕۆک بێمانایە، چونکە ئەوەى میدیا دەیگەیەنێت تەنیا کڵێشەکانى خۆیەتى، زمانى خۆیەتى بۆ خنکاندنى زمانى فیکر و فەلسەفە؛ ڕەنگە پەیامى میدیا زەرفێکى بەتاڵى نامە بێت، بەو مانایەى ئەوەى بەردەوام دەنێردرێت تەنیا زەرفى نامەکەیە کە خۆى ناوەڕۆکى خۆى دروست دەکات، ئەمە پێچەوانەى نامەى نێو بتڵەکەیە کە دەدرێت بە دەم ڕووبارەوە تاوەکو کەسێک دەیگرێتەوە و دەریدێنێت.

په‌یامى میدیا بە گشتى تەنیا بوتڵەکەیە کە دراوە بە دەم ئاوەوە بۆ ئەوەى هەر کەس بیگرێتەوە و نامەیەکى تێئاخنێت کە هیچ کەس نایانخوێنێتەوە، گرنگ هەواڵى زۆروزەبەندە؛ لەبەرئەمەیە هەمووان لە ئه‌مڕۆدا هەوڵى دروستکردنى تۆڕى میدیایى زەبەلاح دەدەن. کەواتە ئەوە دووبارەبوونەوەى فۆڕم خۆیەتى. ئەوە فۆڕمە کە بەردەوام خۆى دووبارە دەکاتەوە بە بێ ئەوەى پێویستى بە جەوهەرێکى پێشهەبوو هەبێت. فۆڕمى هەواڵ، فۆڕمى بێلایەنى، فۆڕمى دیکۆرات، فۆڕمى زمان، ڕوخسارى هەواڵبێژ و پەیامنێران (شیفا گەردى هیچ ڕاپۆرتێکى گرنگیى مێژوویی دروست نەکرد، ئەو لەپێناو فۆڕمدا مرد، فۆڕمى ئەوەى کە دەبوو کەناڵەکەى لەنێو بەرەکانى پێشەوەى جەنگدا بێت؟) کورت و پوخت، دووبارەکردنەوەیش خەسڵەتێکى میکانیکى میدیایە بۆ چەسپاندنى هیچ ناوەڕۆکێک نا، بەڵکو بۆ چەسپاندنى خودى خۆى. دووبارەکردنەوە خەسڵەتێکى میکانیکییە و لە هەر شوێنێک دووبارەکردنەوە هەبێت جۆرێک لە ماشێن و جەبرگەرایى و ئامێریش بوونى هەیە, بۆ نموونە ڕوسیاى سۆڤیەتى یەک ماشێنى گەورەبوو کە دەبوو دروشمەکانى حزب، قسە و وێنەکانى ڕابەر، مارشى نەتەوە، چەمکەکان و ئامانجەکان، حیکایەتى مێژووى شۆڕش و شتى لەم بابەتە بەردەوام و بەردەوام دووبارە بکرێنەوە.

 

 

لێرەدا با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکە: ئایا پێویستە ڕۆشنبیر هەمیشە قسە بکات؟ ئەى بێدەنگی چ مانایەکى هەیە؟ تۆ بڵێی “هەندێجار” بێدەنگى مانایەکى ڕادیکاڵى نەبێت؟ ئێستا یەکسەر پێماندەڵێن؛ بێدەنگى خەسڵەتێکى عیرفانییە، گوایە ئێمە بانگەشەى ئەوە دەکەین بە مانایەک بۆ ئەوەى دژ بە زۆربڵێیى میدیا، وێنەى بەردەوامى تەلەفزیۆن، ڕوخسارى ڕەنگاوڕەنگى کەناڵەکان بین، پێویستە گۆشەگیرى و بێدەنگییەکى عیرفانى هەڵبژێرین. کەواتە تەدەخول نەکەین و کارمان بە هیچ نەبێت و لێگەڕێین دونیا چۆن دەڕوات هەر وا بڕوات، گرنگ ئەوەیە ئێمە لە ناخەوە خۆمان ئازاد کردبێت. ئەمەیش هیچ مانایەکى نییە جگە لە پاسیڤیزم. ئێمە هەرگیز بانگەشەى ئەمە ناکەین، بەڵام هەر لە بنەڕەتیشەوە ئەو ئەقڵییەتە بە جددى ناگرین کە پێیوایە هەمیشە قسەکردن کردەیەکى ڕادیکاڵە و بێدەنگییش کردەیەکى پاسیڤانە.

لەمڕۆدا کە لە کوردستان گفتوگۆى بێ ڕێکەوتن، کۆبوونەوەى ناکۆتا، ململانێى پووچ، هێزى هاوشێوە، بەڵێ و نەخێرى ڕیفراندۆم، مژدەى دەوڵەت، مژدەى شۆڕش، قەیرانى دەستکرد و شتى لەم بابەتە هەیە، میدیا دەیەوێت هەمیشە قسەیش هەبێت، ئەمە بۆتە ئەقڵى عەوامیش. مەسەلەکە بۆ چەپ حزور و هەبوونە لە بەرەنگاریدا، چونکە نغرۆبوون لە میدیادا وەکو نغرۆبوونە لە کاڵادا. لە ڕاستیدا مرۆڤى ئێمە پێویستى بە هەندێک خۆگرتنەوە و خەڵوەت و بێدەربەستى هەیە بەرامبەر میدیا و کاڵا، بەرامبەر زۆربڵێی. مارتن هایدیگەر پێیوایە زۆربڵێی زمان لە کار دەخات، تووشى سووان و داخورانى ئەکات. لە کارخستن واتە زمان ئیش دەکات بە بێ ئەوەى شتێک بڵێت. تواناى “خۆگرتنەوە” توانایەکى ڕادیکاڵە، بەڵام نەک بۆ خۆدابڕان لە جیهانى دەرەوە فەرامۆشکردنى دۆخى باو، بەڵکو وەک نەفەسێک بۆ بەرجەستەکردنەوەى پەیوەندییەکى ناکۆک و ناسازگار لەگەڵ جیهانى دەرەوەدا. خۆگرتنەوە لە مەسرەفکردن نەک خەڵوەتى سۆفییانە، ئەمە ئایدیاکەیە.

مەسرەفکردن خواستى دڵخوازى ئەوانە نییە کە خۆیان بە چەپ و سۆشیالیست دەزانن، چونکە پەیوەندیى بە لۆژیکى کاڵاوە هەیە. کاڵا مەسرەف دەکرێت، بەڵام هەموو شتێکیش دەشێت ببێت بە کاڵاى بەکاربردن. مەسرەفکردنى زمان ڕەنگە لە مەسفکردنى کاڵا ماتریاڵییەکان ترسناکتر بێت، بۆیە خۆگرتنەوە لەم مەسرەفە خۆى ڕادیکاڵ دەکەوێتەوە. پێویستە زمان بەکاربهێنرێت نەک مەسرەف بکرێت. نووسەرى باش زمان مەسرەف ناکات، نایگۆڕێت بۆ دروشم و کڵێشە و سرودى حیزب. پێموایە لێرەدا بێدەنگیەکەى بەختیار عەلى مانا وەردەگرێت. ئەو هیچ کاتێک پەیوەندییەکى سازگارى لەگەڵ دۆخى ئێمەدا نەبووە، هیچ کاتیش بەو جۆرە بێدەنگ نەبووە کە هەندێک دەیانەوێت بێدەنگییەکەى وەک “بێ هەڵوێستى” لێک بدەنەوە، ئەو کە بە دەیان وتار و دەیان گفتوگۆى کورت و درێژ، بە زیاتریش لە بیست و پێنج کتێب قسەى لەسەر دۆخى ئێمە کردووە، ئیتر ئەم تۆمەتى بێدەنگییە لە کوێوە دێت؟ گوایە ئێستا قەیرانەکە سەختە؟ لە دواى ڕاپەڕینەوە چ کاتێک هەبووە کوردستانى باشوور بە قەیرانى سەختدا تێنەپەڕیبێت؟ شتانێکى زۆریش لەسەر ئەم قەیرانانە وتراون، ئەوە ئەقڵى ڕۆژنامەگەرییە کە دەیەوێت هەموو جارێک قەوانەکان لێ بدرێنەوە.

گەر “مارسێل پروست” لەم سەردەمەدا بژیایە و بکەوتایەتە ژێر ئەم داوکارییەى هەمیشە قسەکردنەوە، هەرگیز نەیدەتوانى “گەڕان بۆ کاتى لەدەستچوو” بنووسێت. ڕوونتر قسە بکەم، کاتێک بەختیار بێدەنگ دەبێت پەڵپى ئەوەى پێدەگرن کە بۆچى قسە ناکات؛ کاتێکیش دێتە گۆ، هەندێک دەڵێن هەر بۆچوونە کۆنەکانە دووبارەى دەکاتەوە؛ کاتێکیش دژ بە دووبارەکردنەوە دەوەستینەوە پێماندەڵێن دووبارەکردنەوەى هەندێ شت پێویستە. ئەم تێکەڵ و پێکەڵییەیە سەرلێشوان دروست دەکات. بەشێک لەوانەى دەڵێن بەختیار بۆچوونە کۆنەکانى دووبارە دەکاتەوە، خۆیان دوو سەدەیە هەر بۆچوون و تەفسیر و چەمکە کۆنەکان بۆ دنیا و سەرمایەدارى دووبارە دەکەنەوە. پێموایە ڕەخنەى ڕاستەقینە لە بەختیار عەلى ئەوە نییە کە بێدەنگە، ئەوەیە کە پێویستى بە خۆڕێکخستنەوەیەکى جددى هەیە. “کۆکردنەوە بەرهەمە تیۆرییەکان”ـى تەنیا لەو جێیەدا پێویستە کە بیکاتە بەشێک لە کۆکردنەوەى خۆیشى. کێشەى بەختیار ئەوەیە لەم چەند ساڵەى دواییدا بە پەرتوبڵاوى ئیشى لەسەر هەندێک چەمک و تێما و کێشە کردووە کە تەواوى نەکردوون، بەو هۆیەیشى چۆتە نێو زمانى ئەڵمانییەوە، دەرفەتى بۆ ئەم کارە کەمتر بۆتەوە. ئەگەر بەختیار بیەوێت لە زمانى کوردى کۆچ نەکات، پێویستە لە پرۆژەیەکدا سەرجەم کارە نیوە ناچڵەکانى تەواو بکات. دیسانیش لە خاڵى سەرەتاوە، بە ڕوونى لە پرۆژەیەکى ڕێکوپێکدا ئیشکردن لەسەر فاشیزمى ڕۆژهەڵاتى درێژە پێبدات و ڕەهەندە ئابوورى و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى ڕوون بکاتەوە. ئینجا هەندێ ڕوونتر و یەکلاکەرەوەتر بۆچوونى خۆى لەسەر گۆڕانکارى، سیاسەت، بەرەنگارى، ئەڵتەرناتیڤ، چەپ بخاتەڕوو، لەم کارەیشدا دەتوانێت شتانێکى نوێ بڵێت و ئیزافە بکات کە پەیوەندییان بە ئەمڕۆى ئێمە و دونیایشەوە هەیە. شتێکى تر کە پێویستە بەختیار ڕەچاوى بکات پێگەیشتنى نەوەیەکى نوێیە کە بەشێکیان وا دەزانن هێشتا هیچ نەوتراوە، ئەم نەوەیە پێویستى بە “هەواى تازە” هەیە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

(ماویەتى بۆ بەشى سێهەم)

 

بۆ به‌شی یه‌كه‌م فه‌رموون:

http://cultureproject.org.uk/kurdish/the-left-and-fashism-part-1-hawarm/