خەندە حەمید

فیلمی زەر: ڕۆشنکردنەوەی هەقیقەتی بوونی کورد


Loading

فیلمی زەر یەکێکە لەو فیلمە کوردییە باشانەی لە نمایشی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بینیم، دواتر دووبارە لە هەفتەی پشتگیری لە عەفرین لە سینەما سالم بینیمەوە. بەهۆی کاریگەری و ئاست بەرزی هونەریی ئەم فیلمە کوردییە نەم توانی شتێک لەبارەیەوە نەنووسم. جێگەی خۆشحاڵییە دەرهێنەری کورد لەو ئاستە بەرز و ئەکادیمییە دەبینم، کە دەتوانرێ فیلمەکانیان لە هەمان کاتدا چەندین ڕاڤەی بۆ بکرێ. کازم ئۆز دەرهێنەرێکی گەنجە ساڵی ١٩٧٣ لە باکوری کوردستان لە دایکبووە. ئەو ماستەر و دکتۆرای هەیە لە هونەردا، ئەم فیلمەی بەرهەمی ساڵی ٢٠١٧یە. ئەم دەرهێنەرە چەند فیلمێکی تریشی هەیە وەک باهۆز، هەبوو نەبوو، هتد. کازم ئۆز خاوەنی چەندین خەڵاتە و فیلمەکانی بەشداری ڤیستیڤاڵە جیاوازەکانی جیهان دەکەن. لە فیلمەکانی ئەودا بەئاگاهاتنەوە و بێداربوونەوەی کارەکتەرە کوردەکان دەبینرێت، ئەو پێشتر لە فیلمی باهۆزدا و ئێستاش لە زەردا ئیش لەسەر هەمان بێداربوونەوە لە شوناسی کوردبوون دەکات.

کارەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە کوڕێگی گەنجە بەناوی ژان، ژیانێکی بێباکانە و ئاسایی لە ئەمریکا بەسەردەبات، ئەو لە نیۆرک خوێندکاری بەشی موزیکە. لەپڕ ڕۆژێ لەلایەن دایک و باوکییەوە داوای لێدەکرێت چاودێری نەنکی (زەریف) بکات، کە لە تورکیاوە بۆ چارەسەر هاتووە. ئەو زۆر بەنیگەرانی و بارقورسییەوە ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆی. نەرمییەکی پڕ ئازار لە ڕۆڵبینینی کارەکتەری نەنە زەریف دا بەدیدەکرێ، ئەو ژنێکی ڕووخۆشی سادەیە، شەوێک لە خەستەخانە داوا لە ژان دەکات گۆرانییەکی بۆ بڵێت، پێی دەڵێ مادام تۆ هونەرمەندی گۆرانییەکی خۆشم بۆ بڵێ کە بزە دەخاتە سەر لێوی ژان و گۆرانییەکە دەڵێت. گۆرانییەکەی ژان نەنە زەریف دەخاتە پرسیارەوە و دەپرسێ ئەم گۆرانییە باسی چی دەکرد؟ ئەویش دەڵێ باس لە غەریبی و دووری دەکات. دواتر ژان داوا لە نەنکی دەکات ئەویش گۆرانییەکی بۆ بڵێت. لەوێدا نەنکی بۆ ساتێ دەوەستێ و بێدەنگ دەبێت وەک ئەوەی بە گشت یادەوەرییەکانیدا ڕۆبچێتە خوارەوە. لەژێر لێوەکانییەوە گۆرانییەکی نەرم و پڕ هەست دەڵێت بەناوی زەر. ناونیشانی فیلمەکە زەر لەم گۆرانییە فۆلکلۆرییەوە هاتووە و چیرۆکێکی ئاشقانەی هەیە بنەڕەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گوندێک لە ناوچەی دەرسیم، دەرهێنەر لە ڕێگەی هونەرەوە لەناو هونەردا ویستویەتی کۆی ئەو غەدر و ستەم و نادادییە نیشان بدات کە دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر بە کورد پەیڕەوی کردووە.

ئاواز و گۆرانییەکە هێندە کاریگەری لەسەر ژان دادەنێت دەکەوێتە پرسیارکردن لەم گۆرانییە، ئەم گۆرانییە بە چ زمانێک بوو!؟ نەنکی دەڵێ ئەمە بە زمانی کوردییە هاوڕێیەکم فێری کردووم! لەوێدا نەنکی وەڵامێکی ڕوونی پێ نییە بۆ کوڕەزاکەی.

ژان ناتوانێت ئاواز و ئەو هەستە لەیاد بکات کە لەو گۆرانییەدا هەیە، هەوڵدەدات بە گیتارەکەی ئاوازەکەی بژەنێت. ڕۆژی دواتر دیسان داوا لە نەنکی دەکاتەوە گۆرانی زەری بۆ بڵێتەوە بۆ ئەوەی بە مۆبایلەکەی تۆماری بکات، بەڵام نەنکی باری تەندروستی تێک دەچێت و ناتوانێت. پاشان نەنکی بە نەخۆشی دەمرێت و پرسیار و نهێنیی ئەم گۆرانییە هەر لە هۆشی ژاندا دەمێنێتەوە. دوا جار کاتێک لەگەڵ باوکی تەرمی نەنە زەریف دەهێننەوە بۆ شاری ئافیۆن لە تورکیا، لە تازیەکەدا ژان لە بەرانبەر هەموواندا سەبارەت بە گۆرانی زەر دەپرسێ و دەڵێ گۆرانییەکی کوردییە نەنکم بۆی وتم، باوکی توڕەدەبێ زللە لە ژان دەدات، ئەمە ئاماژەیە بۆ ترسان و ڕاکردن لە بوون و شوناسی کوردبوونی خۆی، دوای ئەوەی بە سیستەماتیک شێوێنراوە. بەڵام ژان بەمە ناوەستێ کەڵکەڵەی پرسیار و گەڕانەکانی زیاتر دەبێت، بەڵکو سورتر دەبێت لە گەڕان بەدوای ڕەچەڵەکی ئەم گۆرانییەدا، دواجار ڕەچەڵەکی ونبوو و شێوێنراوی خۆشی دەدۆزێتەوە و هەقیقەتی بوونی خۆی بەرجەستەدەبێ و دیاردەهێنێ. بەهۆی جوان ڕۆڵبینینی ئەکتەر Nik xhelilaj ژان لە فیلمەکەدا، لێڕوانەریش هەست دەکات سەفەردەکات بەتەواوی شار و گوند و چیاکانی کوردستاندا، دواتر بە هۆی هونەرەوە ڕاستی شوناسی خۆی بۆ دەردەکەوێت کە کوردە. نیک ئەکتەرێکی ئەلبانییە و هونەری نواندنی خوێندووە، لەم فیلمەدا بەتەواوی هەست بەو شوناس و ڕوحە کوردییە ونبووە دەکەی لەنێو ڕۆڵبینینەکانیدا هەیە.

بەهۆی ئەو غەمەی پوری هەڵی گرتووە کاتێ نەنە زەریف ڕاستییەکانی بە کچەکەی وتووە، دوای مردنی دایکی ناتوانێ چیتر ئەمە هەڵگرێ و دەیەوێت لەگەڵ کەسێکدا بەشی بکات ئەم کەسەش ژانە، هەر بۆیە بەنهێنی ڕاستییەکان بە ژان دەڵێت. ئەو دەڵێت نەنکی کوردی دەرسیمە و ڕزگاربووی جینۆسایدی دەرسیمە، نەنە زەریف بە منداڵی هێنراوەتە ئافیۆن لەوێدا دەژیت، ئافیۆن شارۆچکەیەکە لە ناو تورکیا. نەنە زەریف لە ڕاستیدا ناوی زەر بووە، دواتر ناوەکەی دەگۆڕن، ئەم نهێنیانەی لە هەمووان شاردۆتەوە و لە دڵی خۆیدا هەڵی گرتووە. ئەو بە حەسرەتی ئەوە بووە بگەڕێتەوە شوێنی بوون و ڕاستەقینەی خۆی، داوا دەکات هەر لەوێدا بنێژرێت، بەڵام ئەو ئاواتەی نایەتەدی. کاتێ ژان وای زانیوە ناوەکەی فەڕەنسییە، پوری دەڵێ دایکم ئازارەکەی گەورە بوو ستەمی زۆریان لێکردووە بۆیە ناوی تۆی ناوە ژان، ئەو پێی دەڵێت کە ناوەکەت بە کوردی بە واتای ئازار دێت.

 

سیمبولیزم لەنێو فیلمەکەدا

ئەم فیلمە ڕەخنەییە بەشێوەیەکی زۆر سیمبولی ئیشی تێداکراوە، سیمبولیزم ڕۆڵێکی باڵا دەگێڕێت تێیدا، ئەمەش کاریگەری ژێردەستەیی و فشاری دەوڵەتی تورکە بەهۆی سانسۆر لەسەر هونەر بەگشتی و هونەر و کولتووری کوردیی بەتایبەتی. سیمبول هەمیشە ئاماژەیە بۆ شتێکی دی، بەو واتایەی شتێک لە پشتی سیمبولەکەوە حەشاردراوە، کە پێویستە لێڕوانەر خۆی دەرکی بکات. چونکە هەریەک لەو هێما و ئاماژە سیمبولییانە ڕەنگە بە تەنیا هیچ واتایەکیان نەبێت، بەڵام ئاماژەن بۆ شتێکی دیکە و پێویستە لێڕوانەر تێیان بگات و بە زمانێکی دی ڕاڤەی بکات. کەوایە لێرەدا هونەرمەند دەسەڵاتی بەکارهێنانی سیمبولەکانی هەیە. ئەم توانستە لەنێو هۆشی هونەرمەنددا هەیە، هەربۆیە سیمبولەکان دەرفەتی ئەوەمان پێدەدەن تێبگەین لەو شتانەی کە یەکسەر و ڕاستەوخۆ بە ئێمە نەدراون.

سیمبول و ئاماژەکان ئەمانەن؛ نیشاندانی سەیارە سەربازیی و تانکەکان وەک ئاماژەیەک بۆ جەنگ، سەرکوتکردن و نائارامی لە ناوچە کوردییەکاندا. پیشاندانی گروپە گەریلاکە زۆر سیمبولییە، وەک هێزێکی یاخی لەو دەسەڵاتە چەوسێنەرە، ئاماژەیە بۆ بەرگری و بەرخۆدان بەرانبەر بە ستەمکاری دەوڵەتی تورکیا. هەروەها ژێرئاوکەوتنی گوندەکە، ژێر ئاوکەوتنی ئەم گوندە ڕەنگە لێڕوانەر وەک کارەساتێکی سروشتی لێی تێ بگات، یان ڕەنگە پرسیار بکات بڵیت چۆن و لەبەرچی ژێرئاو کەوتووە؟ ئەمە ناڕاستەوخۆ و تەنزییانە، تەوسبێژییانە لە ڕێگەی دیالۆگی گەریلاکانەوە لەگەڵ ژان باس لەوە دەکرێت، دەوڵەتی تورک بە مەبەست بەنداوی لەسەر دروست کردووە، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵدان بۆ لەناوبردن و توانەوەی بوون (شوێن) و نەتەوەی کورد. هەروەک چۆن ئێستا دەیەوێت هەمان ڕەفتار بەرانبەر بە شوێنەواری حەسەن کێف لە ماردین بکات بۆ توانەوەی کورد لەنێو نەتەوەی تورکدا و سڕینەوەی شوێنەوار و مێژووی کورد.

بە هەمان شێوە لە فیلمەکەدا جینۆسایدی دەرسیم زۆر سیمبولییانە ئیشی لەسەر کراوە، چونکە بەشێوەی گێڕانەوە و یادەوەری بەناڕاستەوخۆ نیشاندەدرێ. ئەویش لە ڕێگەی خەوبینی نەنە زەریف کە بۆتە مۆتەکە و تراوما بۆی و هەمیشە وەک خەون دەیبینێتەوە، کارەکتەری نەنە زەریف لە یادەوەرییەکانیدا منداڵیکی بچووکە، دەربازبووی جینۆسایدی دەرسیمە. بەڵام ئەو توشی پۆست تراوما بووە، حاڵەتێکە مرۆڤ دوای جەنگ و جینۆساید تووشی دەبێت، بەردەوام لە خەونەکانیدا مۆتەکەی ئەم جینۆسایدە دەبینێتەوە. ئەم غەمە لە ڕووخساریدا بەدیدەکری و لە دڵیدا هەڵیدەگرێ تاکو مردنی. هەروەها جانتا ڕەنگاڵەییەکەی نەنە زەریف و دوو گوێزەکە، یادەوەری کوردبوونیەتی، دوا جار جانتاکەی وەک یادەوەری لەگەڵ دەنێژرێ و دوو دانە گوێزی تێدایە. پوری لەکاتی ناشتنەکەدا گوێزەکان بە ژان دەدات و بەدرێژایی گەشتەکەی گوێزەکان هەڵدەگرێ و جار نا جارێک گوێزەکان لێک دەدات وەک ئارامییەک بۆ دڵنەوایی خۆی لە گەشتەکەیدا هاوەڵی دەکەن. دەنگی لێکدانی گوێزەکان بەئاگا هاتنەوە و دەنگی گەلێکی جینۆساید کراوە.

زۆرینەی ئەو جینۆسایدانەی بەسەر کورددا هاتووە هۆکارەکەی تەنیا کوردبوونە، جینۆسایدی دەرسیمیش یەکێکە لەوانە، تێیدا دەوڵەتی تورکیا بە هەزاران کەسی کۆمەڵکوژ و جینۆساید کرد، ئەوانەی دەربازیان بوو ڕاگوێزران، دەرسیم لە دانیشتووانەکەی چۆڵکرا. هێشتاش تورکیا دان بەم جینۆسایدە دانانێت و بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی وەک چۆن نکۆڵی لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکانیش دەکات، کە لە فیلمی دەرهێنەری ئیرلەندیی تێری جۆرج (The Promise) ئەم نکۆڵی کردنە دەبینرێت. ئەمە بەشێکە لە ئیدیۆلۆژی تورکیا و سیاسەتەکانی بەرانبەر بە نەتەوەکانی تر. ”ژمارەی کوژراوانی دەرسیم بەگوێرەی ئاماری فەرمی دەوڵەت نزیکەی ١٢ هەزار کەس بووە، بەڵام بەگوێرەی خەڵکی دەرسیم ژمارەی کوژراوان ٧٠ بۆ ٩٠ هەزار کەس بووە. زیاتر لە ١٠ هەزار کەس ئاوارەبوون” . خێزانەکەی ژان یەکێکە لەو هەزاران خێزانەی بەهۆی ئەم جینۆسایدەوە هەڵقەندراون و شوناسیان شێواوە. هەزاران کەس هێشتاش هیچ هەواڵێکی خێزانەکانیان و هاوڕێ نزیکەکانیان پێنەگەیشت، هەتاکو ئێستاش شوێنی ئەو منداڵانەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بردران نەزانراوە. لەم فیلمەدا قیژە و ئازارەکانی تاکی کورد لە کێوەکانی دەرسیمدا دەنگ دەداتەوە. هەروەها سەید ڕەزا ڕابەر و سەرکردەی ئەم یاخیبوونە بوو، لە فیلمەکەدا پەیکەری ئەم ڕابەرە بەڕوونی نیشاندەدرێ.

یەکێکی تر لە سیمبولەکان کاتێ ژان لە دەرسیمە لەو وێنانەی جینۆسایدی دەرسیم دەڕوانێ، هەروەها پەیکەری سەید ڕەزا دەردەکەوێ کە ڕابەڕایەتی یاخیبوون و ناڕەزایەتییەکانی ئەوکاتی دەرسیمی کردووە. هەموو ئەمانە دەرهێنەر زۆر سیمبولییانە نیشانی لێڕوانەری دەدات و لێدەگەرێ خۆی بەدوای ئەو دیمەنانەدا بگەڕێت و تێیاندا بژیت.

لەم فیلمەدا دەرهێنەر ویستویەتی بەڕوونی لێڕوانەر هەست بە توانەوە (assimilation)ی نەتەوەی کورد بکات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هەروەها ئاوێتەکردن (integration) بە نەتەوەی تورک. لێرەدا توانەوە قەدەغەکردنی زمان، کولتوور و جلوبەرگی کوردی دەگرێتەوە، ئاوێتەکردنەکەش ڕاگواستنی کوردەکان لە ناوچە کوردییەکانەوە بۆ ناوچە و شارە گەورە تورکییەکانی وەک ئەنقەرە، ئەستەنبووڵ و هتد دەگرێتەوە. لەبەرئەوەی کارەکتەرەکان شوناسێکی شێوا و ناڕوون و لێڵیان هەیە، ونبوون لەنێو شارە گەورەکانی تورکیا و جیهاندا، ئەمانەش دەچنە خانەی جینۆسایدی کولتووری واتا کورد لە باکور جگە لەوەی ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی فیزیکی بۆتەوە، جینۆسایدی زمان و کولتووریش کراوە.

کەوایە بوونی کورد لە ڕێگەی توانەوە و ئاوێتەبوونەوە شێوێنراوە، بەڵام بوون و ڕەسەنییەتی هەقیقەتی بوونی کورد لەنێو گۆرانی، پەند و کولتوور و زماندا خۆی حەشارداوە. هەروەک چۆن لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە ئیش لەسەر دەوڵەمەندی هونەر، زمان، پەند، فەلەکناسی، ئەفسانە و کولتووری کوردی کراوە و هەقیقەتەکەی ڕۆشن دەکرێتەوە و ئاشکرا دەکرێت.

 

ڕۆشنبوونەوەی هەقیقەتی بوونی کورد

لە ڕوانگەی هایدێگەر هونەر خستنەگەڕی (خستنە ئیش)ی هەقیقەتە. هەر بۆیە ئەگەر هایدێگەرییانە بێژین هونەر لە ئاشکرابوونی هەقیقەتدا بەشداری دەکات. ئەمە ئەدگارێکی سەرەکییە بۆ تیۆریی هونەری هایدێگەر و بەگشتی تێگەیشتن لە واتای ئیشی هونەری و ڕاڤەکردنی، لەبەرئەوە بۆ هایدێگەر مێژوو زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە هونەر و ئیشی هونەری، چونکە لە سەردەمە مێژوویییە جیاوازەکاندا جیهانی جیاواز (هەقیقەتی جیاواز) خۆی بۆ مرۆڤانی ئەو سەردەمە ئاشکرا دەکات. کەواتە ئێمە لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانین لە سروشتی ئەم جیهانە بێداربینەوە. لێرەدا ئەگەر دەوڵەتی تورکیا توانیبێتی کورد وەک فێنۆمێن بتوێنێتەوە و ئاوێتەی بکات، ئەمەش وایکردبێت هەقیقەتی کورد خۆی بشارێتەوە یان بووبێتە هۆی شاردنەوەی هەقیقەتی بوونی کورد و هەڵگرتنی ئەم ژان و ئازارە لەنێو گۆرانی و ستران و پەندی کوردیدا. دەرهێنەر لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە ئەو بوونە دیاردەهێنێتەوە و ئاشکرای دەکات. ئەگەرچی دەوڵەت بتوانێت فێنۆمێنی کورد بتوێنیتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بوونی ڕەسەنی کوردی بسڕێتەوە و لەناوی بەرێت. هایدێگەر ئیشی لەسەر بوونی مرۆڤ کردووە، ئەو دەبێژێ بوون هەمیشە لەنێو کۆنتێکستێکی تایبەتی سۆسیۆ-مێژوویی خۆی بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەکات. ئەمە کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی هایدێگەر بۆ هونەر و ئیشی هونەری دادەنێت. ئاخر هونەر یەکێکە لە ڕێگەکانی ئاشکرابوونی هەقیقەت بۆ ئێمە.

ئەم ئاشکرابوونە لەنێو کارەکتەری ژان بە دوو قۆناغدا دەڕوات، سەرەتا قۆناغی ونبوون، ئەو لە ئەمریکا کەسایەتییەکی سەرگەردان و وێڵ و پەرێشان لەنێو مۆدێرنە و سەرمایەداری ئەمریکادا ون و وێل بەدوای پاساوێک دەگەڕێت بۆ بەردەوامبوونی ژیانی. ژان پێی وایە ئەم پاساوە لە خۆشەویستی و پەیوەندی سێکسیدایە لەگەڵ کچێکی هاوپۆلی، کاتێ لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی جیادەبێتەوە و پەرێشان دەبێت. دواتر قۆناغێکی تر دەست پێدەکات قۆناغی خۆناسین و خۆدۆزینەوە، قۆناغی گۆڕانکاری و سەفەر وەک کۆچەرییەک، گەڕان بەدوای گۆرانییەک لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ گەڕان بەدوای شوناسی ونبووی خۆیدا، هەربۆیە لەم گەشتەیدا سادەیی و چێژی ژیانی دۆزییەوە.

هەروەها گرنگی گۆڕانی دۆخ و وێنە و ناوەرۆک تەواو لەم فیلەدا هەست پێدەکرێ. کاتێک ژان لە ئەمریکایە دۆخێکی بێباکییانەی هەیە بەرانبەر بە ژیان و خوێندن و تەنانەت بوونی خۆشی گۆڕینی ئەم دۆخە دوای گەڕانەکەی بەدوای گۆرانی زەردا بۆ گوندەکانی کوردستانی باکور، بینینی سروشتە دڵگیرەکەی، دیمەنی هاوبەشی و پێکەوەیی خەڵکەکەی و ژیاندۆستی و میواندۆستی تاکی کورد لەو ناوچانەدا، ژان دەگەڕێنێتەوە سەر دۆخە ڕەسەنەکەی خۆی، وای لێدەکات پەیوەندی هاوڕێیانەی هەبێت هەست بە ژیان بکات و چێژی لێ وەربگرێ. هەروەها لەم فیلمەدا کامێرا لە شار و گوندە کوردییەکاندا زۆر لەسەر سروشت و جوگرافیای کوردستان دەمێنێتەوە. وەک ئەوەی دەرهێنەر بیەوێ نیشانی بدات و پێت بڵێت؛ سروشتی ناوچەکانی کوردستان، ژیانی کۆمەڵایەتی و داب و نەریتی کوردی و میواندۆستی کورد زۆر جیاوازترە لە هی تورکیا.

دەرهێنەر لەم فیلمەدا لە ڕێگەی گەڕان و بەدواداچوونەکانی ژان بۆ گۆرانی زەر کولتووری کوردی، داب و نەریتی کوردی، شێوازی ژیانی کورد لە گوند و شارەکان، پەیوەندی کۆمەڵایەتی کوردەکان، سروشت و ژینگە و جوگرافیای کوردستان، ئەفسانە و چیرۆک و فەلەکناسی کوردەکان دەردەخات. هەروەها دەوڵەمەندی چاند و هونەر و گۆرانی کوردی دەردەخات، سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بەڕێی تواندنەوە و ئاوێتەکردن و تورکاندنی کوردەوە هەوڵی داوە بوونی کورد، مێژوو و شوناس و یادەوەری کورد بسڕێتەوە، بەڵام نەیتوانیوە بەتەواوی ئەمە بکات. چونکە بوونی کورد لەنێو کولتوور، گۆرانی و هونەری کوریدایە و لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانرێ ئەم هەقیقەتە ڕۆشن بکرێتەوە و ئاشکرا بکرێت. گۆرانی زەر لە گوندەوە سەرچاوەی گرتووە و بەرهەمی ژیان و کولتووری گوندە، ئەمەش دەری دەخات بوونی ڕەسەنی کورد، شوناس و کولتووری کوردی لەنێو گوند و چیاکانی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە و لەدایکبووە، بۆیە بۆ گەڕان بەدوای ئەم بوونە و ڕۆشنکردنەوەی هەقیقەتی بوونی کورد گەرەکە بگەڕێینەوە بۆ گوند و چیاکانی کوردستان.

هایدێگەر ئارگومێنتی ئەوە دەکات تێگەیشتنی بنەڕەتی لە هەقیقەت، بریتییە لە کرانەوە (ئاوەڵابوون) و ئاشکرابوون. ئەم ئاشکرابوونە بۆ هایدێگەر چییە؟ چی خۆی ئاشکرا دەکات؟ وەڵامەکە ئەمەیە: بوون، هەقیقەتی بوون. کەوایە ژان دوای گەڕانەوە بۆ دۆخی ڕەسەن و هەقیقەتی بوونی خۆی، لەلایەک هەست بەم کرانەوە و ئاوەڵابوونە دەکرێ لەنێو کارەکتەرەکەیدا، لەلایەکی ترەوە بەگشتی لە کۆی فیلمەکەدا هەقیقەتی بوونی کورد ئاوەڵا و ئاشکرا دەکات.

 

سەرچاوەکان  

-Antoon van den Braembussche (2009) Thinking Art: An Introduction To Philosophy of Art, Springer, London.

-Thomas E. Wartenberg (2005) Heidegger. In The Routledge Companion to Aesthetics, (Edt) Bery Gaut and Dominic Mclver Lopes, second edition, Routledge, London and New York.

https://kurdishquestion.com/article/3162-the-dersim-genocide-79-years-today.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین