کەویە بەفرەکانی دۆزەخ
نەژاد عزیز سورمێ
(( .. من ھەمیشە خەون بەوە دەبینم
باڵم ھەبن ; لەگەڵ تۆدا بە ئاسماندا بفڕم ..
بەڵام تۆ ھەردەم بیر لەوە دەکەیەوە
جێم بھێڵی و بە تەنێ خۆت ھەڵدەیە دۆزەخ..
بۆچی؟ .. ))
”وی ھیوی”
لە ڕۆمانی (شەنگھای بیبی)دا
(1)
شەرەنگیان
لە پیاڵەیەکی زێڕ پێ نۆشیم.
چاوە مەستەکان دەسخەڵەتیان دام..
چاوە مەستەکان کەمەندیان
لە مل نا ، لە دڵ کردم..
چاوە مەستەکان کوشتمیان.
(2)
سیماکان ون بوون ،
کەس نازانێ کەوتوونە کوێ …
ئەوەی ھەیە ماسکە.
ئەوەی دیارە ماسکە.
دەتەوێ ماسکە،
ناتەوێ ماسک.
(3)
بەسەر ئەژنۆدا کەوتبوو ،
یەکەم جارە
ژنان ببینم
لەباتی فرمێسک
مرواری ببارێنن .
(4)
کلیلی دەرگا داخراوەکان
لای بووکی زەریایان نییە.
بە بەھاری خەواڵوو و
ھاوینی پێخواسیش نییە.
کلیلی دەرگاکان
کلیلی ئەفسانە و داستانان
بە ئافرەت و منداڵانی شنگالە
کە سەتان ساڵە ڕادەکەن.