لە ترپەی دڵ کورتتر
نەژاد عزیز سورمێ
ئەوەبوو قەڵای سەرچڵی و ڕسکانمان؟
ئەوەبوو خەون و چراوگی ڕێگامان؟
( مانگ – ێکمان ھەبوو
ھەندێ جار نان و
ھەندێ جار پەنا
ئاسمان لێی بە تاڵان بردین
ئێستا بێ نان و بێ پەناین.. )
…………
…………
………… ؟؟
نیو سەدە:
ڕووتەڵە
چەترمان لە سێبەر ھەڵداوە
ھەنیەمان ئارەقەی گوناھی پێدا دێتەخوار
نیو سەدە…
نیو سەدەی خیزەڵان ..
بە چڕنۆک ،
بە تاوی فڕین و
بە خوێنی ئومێد..
بێدەنگیمان بە ھاوارە گومڕاکانەوە دیار..
نیو سەدە ،
دورگەیەک بووین دوور…
ھەموو دونیامان لە وێنەی گۆزەیەکی شکاودا بینی .
( ھەبوو پرچی دڕنییەوە
ھەبوو دایدەھێنا ..
ئێمەش بۆ ژیان
بەدوای
خۆڵەمێشی ،
سووتانی خۆمان ئەگەڕاین..
بکوژی – حسێن –
ھەموو پاکیزەیی دونیای
له کراسێکی سوور
بە دڕندەی چیایان سپارد.. )
………
……. ؟؟
بەردیش پاڵی بە بەرد داوە
ڕووبار لە چاوتا خنکاوە..
بمپارێزە!
بمپارێزە شوورەی خۆشەویستی
شوورەی ئەبەدیەت..
بمپارێزە!
ھاوارێکی ترم پێ نەماوە…
بم
پا
رێ
زە…..
تەمووزی 1994