كۆلاج - نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ

تێلنیشان


Loading

تێلنیشان

نەژاد عزیز سورمێ

كۆلاج – نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ

(1)

/  سنووری کۆچەریان لەو سۆزەوە دوایی ھات/ پێخوستی

ئەرخەوانی پێوە بوو…/ سۆمای چاوم مینا بوو/ سایە

بێھاوتا…. بێنەزیر/ کنێر پاڵپشت/ تەم بەرکۆژە…/ تۆ

نیگارێک نی مەکۆی سیحر و ئەفسانە/ تۆ بێشەڵانێکی

جوانی و دڕەندەیت پێکەوە تێدایە…/

دنیا لە سەھەندی گومڕاییدا نووستووە

ئەو پیاوە سادە و دڵپاکە نەبێ

دەڕوا پێ لەدڵی خۆی دەنێتەوە ..

دڵی شووشە

لەیاری پێکردندا شکابوو ..

مارەزیو ،

دڕندەی جەنگەڵان ، پەسیوی پیلان…

مارەزیو شایانی تەلاری دڵ نەبوو

شایانی تەلاری مینابەند نەبوو مارەزیو .

 

 

(2)

/ کارێ/ لە ھەیوانی ڕوونایی/ فرمێسکباراندا ھاتووە… /

/  ڕووبەندی ھەواداریە/ گۆشەی ڕەشداگەڕاو/ چاو/ کەوشەنی

ئەوانی بڕیوە و بەردەوامە…/ (کارێ) پاسارییە؟/ نا/ کارێ

ھەناسەی ڕەشی سەردەمە؟/ بەڵێ . /

نێرگسی گوڵڕەنگی بینایی بوو

فیراق نەورەسی تەنیایی ..

نەدیواری خانەقا ما ،

نەبەر ئاستانەی خەرابات

ئیدی مەدەدیار لەکامە ڕووگە

لەشەیدایان دەردەکەوێ…؟

 

 

(3)

/  ژانری چی دادڕەس؟/ درەختی مەوسیمە/ نادیدە…/ تیری

غەدر/ لە بەیان دەگرێ/ تەتەر بە دەردیان نەخوارد/ مۆسیقا

ئاواز/ لە کوێی مه‌رگ دان….؟ /

خۆزگەکانم گوڵیان دا

گوڵنار چەتری خەرامان بوو…

ئەوە من نیم سنووری تەم دەبڕم

ئەوە ئاوێنەی (کارێ)یە

شەوق لە سۆز دەداتەوە….

 

(4)

/ کێ وای کرد وێنەی خۆمان نەناسینەوە؟/ توحفەیێک بوو لە

/ مۆزەخانە/ بەڵام ھەڵنەواسرا بوو/ ھەڵپەسێردرا بوو/

/ لافاویش ھات/ ئێمە ھەر تینووەکەی جارانین…/ زەنەکە…/

/ زەنەکە… زەنەک .. /

چیا نایەڵێ بخەوم ،

چیا نەیانھێشت بخەوم .

چیا تەماشامان دەکەن ،

چیا تەماشایان کردین .

چیا دەبینن چ دەکەین ،

چیا بینیان چمان کرد…

چیا ئیتر باوەشمان بۆ ناکەنەوە…

چیا ئیتر تێمانگەیین چ ماڵێکین…

چیا نایەڵن بخەوم .

 

(5)

 /  باران بوو خۆڵەمێشی دامرکاندەوە…/ بەی بوو/ قوببەی

ھەڵداشتە فڕۆکەخانەکان…/ ھەورازێکی سەخت نەبوو/

ئەگینا شەو ھەر من دەزانم چی پێ دەکردین/ ئارێ/

ماسکفرۆش بازاڕیانە/ ئارێ (کارێ)یشی تێدا بەشدارە….!

 

لەو دیو جامخانە شینەکانەوە دەیانبینم

لەو دیو جامخانە شینەکانەوە دیتنم ….

لەو دیو جامخانە شینەکان ،

كۆلاج – نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ

دەستیان لە پرچی شیعرم نابوو

ئاگریان بەڕوودا دەپرژاندم …

بانگ ھەر جارێک بوو:

خوداحافیز مەوسیمی خایین…

 

(6)

/  فیراق پێشوتاری کتێبێک بوو/ بە شەختە نووسرابووەوە…/

/  باڵ بە باڵدارانەوە…/ وچان بە سیمای ماندوو…/ دیسان شەوھات) /

/ ( کارێ) شەوبەشارە…/ ئەرێ ماندبوو نەبووی کارێ؟/

 

سپێدە بە وازی ئێمە ڕوون دەبووەوە…

سپێدە بەوازی ئێمە ڕوون ببووەوە…

خەنەبەندانی ڕووبەند و

شینی سایەی ڕەشماڵان بوو

سپێدە ئەی دڵ درێژدەبێتەوە….

درێژدەبێتەوە….

درێژدەبێتەوە….درێژ

تا دەستی بە بووڵێڵ ڕا دەگا و

نایەڵێ تاریک دابێ…

حوزەیرانی 2003

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌