ئاڵتین سۆران

گەڕان بەدوای کوردبووندا: مێژوومان، ژیانی من


Loading

لە شاری دەرسیم، کە زۆرینەی کوردە عەلەوییەکان لەوێ دەژین، ساڵی ١٩٨١ لەدایکبووم. لە شەش منداڵی خێزانەکەمدا، من بچووکترینیان بووم. باوکم وەک فەرمانبەری حکومەت لە دەرسیم ئیشی دەکرد. جودا لە زۆرینەی کوردەکان، باوکم ئێستا خێزانێکی بچووکی هەیە، کە پێکهاتووە لە باپیر و داپیرم، مامم و باوکم خۆی.

ئاڵتین سۆران -فۆتۆی منداڵی

ئەمڕۆ، چواریان لە ژیاندا نەماون. خێزانەکە بەتەواوی دیارنەما. باوکم بەجۆرێک ڕاهاتبوو کە خێزانی گەورەی هەبێت. بەڵام ئەمە پێش جینۆسایدی دەرسیم ساڵی ١٩٣٧-١٩٣٨ بوو. دەوڵەتی تورکیا لەکاتی جینۆسایدەکەدا لە دەرسیم چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا، کاتێک خەڵکەکەی ڕەتیان کردەوە باج و سەرانە بدەن و کوڕەکانیان بۆ ڕاژەی سەربازی بنێرن.  لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا، بە هەزاران خەڵک بە ژن و پیر و منداڵەوە کوژران. ئەوانەی لە جینۆسایدەکەدا دەربازیان بوو ناچارکران بەرەو ئەو شارانەی کە دەوڵەت دروستی کردبوون کۆچ بکەن. باپیرم، کە لەکاتی جینۆسایدەکەدا منداڵ بووە، ناچارکراوە بۆ شاری مانیسا (Manisa) کە لە خۆرئاوای تورکیایە بڕوات. ئەو خێزانەکەی خۆی لەدەستداوە چونکە هەر ئەندامێکی خێزانەکەیان ئاوارەی شارێکی جودا بووە. کاتێک ساڵی ١٩٤٥ بۆ دەرسیم گەڕاوەتەوە، دەستی کردووە بە گەڕان بەدوای خێزانەکەیدا، دوای ساڵانێکی زۆر، تەنیا توانیویەتی خوشکەکەی لە مەڵاتیا (Malatya) کە نزیکە لە دەرسیمەوە بدۆزێتەوە.

 

من هەرگیز داپیر و باپیری خۆم نەبینیووە، بەڵام خوشکی باپیرمم بینیووە. ئێمە هەرگیز سەبارەت بەوەی کە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا لە دەرسیم ڕوویداوە قسەمان نەکردووە، بەڵام هەستم بە خۆشحاڵی ئەو کرد کاتێک یەکەم جار من و خوشکەکەمی بینی، هەروەک لەسەر گۆڕی باوکم هەستم بە غەمباری و تازیەبارییەکەی کرد.

 

هەرچەندە ئێمە ئەومان زۆر نەدەبینی، بەڵام ئێمە وەک بەشێک لە ئەو و ئەویش وەک بەشێک لە ئێمە مایەوە. ئێمە تاکە کەس بووین لە خێزانەکەی ئەودا ماوبووینەوە. بەپێچەوانەی باوکمەوە، دایکم هێشتاش خێزانێکی گەورەی هەیە: پێنج برا و دوو خوشک. باوکم هەمیشە میهرەبانی و سۆزمەندی بۆ خێزانی دایکم پیشاندەدا؛ ڕەنگە ئەو بەدوای نزیکایەتی ئەو پەیوەندییە خێزانییانەدا گەڕابێت کە زۆر ستەمکارانە لەو دابڕێنران و لێی سەندرانەوە.

 

دایکم خوێندەواری نەبوو، هەر لەوکاتەوە کە تەمەنی یازده‌  ساڵان بووە بۆ بەخێوکردنی خێزانەکەی، ئەو دەبوایە لە کارگەی جلوبەرگ و ڕستن و چنیندا كار بکات. دایکم ژیانی منە، ئەو بۆ من مۆدێلە. دایکم بەهۆی ڕاستگۆیی، ڕوانینی ئەرێیی بۆ ژیان، خۆشەویستی بۆ ئەوانی دیکەوە، هەروەها ڕەتکردنەوەی درۆ و نادادی، کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دادەنێت کە لە دەوروبەرین. من هێشتاش زۆر شت هەیە لەو فێرببم لەبارەی چۆن بە ئەرێیی بمێنمەوە کاتێک دۆخێکی خراپ سەرهەڵدەدات.

 

دایک و باوکم لە دەرسیم هاوسەرگیرییان کرد، هەر لەوێش ژیان تاکو لەدایکبوونی من. حەزم دەکرد یادەوەری دەرسیمم هەبوایە، بەڵام دۆخی سیاسی تورکیا ڕێگەی بە من نەدا لەو شارەدا کە تێیدا لەدایکبووم بژیم. پێش ئەوەی من لەدایکببم، لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠دا کودەتای سەربازی لە تورکیا ڕوویداوە، بەو هۆیەوە زۆر خەڵک، بەزۆری چەپەکان زیندانی کراون، ئەشکەنجە دراون و گیراون. خەڵک ئیشەکانیان لەدەستداوە یان ئاوارەبوونە، بەهۆی یاسای باری لەناکاو، سوپا بۆ ماوەی چەندین ساڵ ژیانی خەڵکی کۆنتڕۆڵ کردووە. کاریگەرییە ڕووخێنەرەکانی کودەتا سەربازییەکەی ١٩٨٠ شێوەی بە چارەنووسی خێزانەکەم دا. دوای کودەتاکە، باوکم ئیشەکەی لەدەستدا چونکە لایەنگری بزووتنەوەیەکی مارکسیستی ”نایاسایی” بوو بەناوی (‘Dev-Yol’).

 

دوای شەش مانگ بێئیشی، باوکم لەکاتی لەدایکبوونی مندا جارێکی دیکە دەستی بە ئیشکردن کردەوە. بەڵام لەبری دەرسیم، دەبوو لە بورسا (Bursa) ئیش بکات. ئەمە واتای ئەوە بوو کە سەرجەم خێزانەکەم ئاوارەی شارێکی ناسیۆنالیستی تورکی بوون. وەک خێزانێکی کورد و عەلەوی، ئێمە دەبوو لە شارێکی موسڵمانی سوونی تورکی بژین. ئەوە قورسە وەسف بکرێت چۆنە تۆ لە شارێکدا گەورە ببیت، سەر بە ئەوێ نەبیت.

 

یەک شت کە لە منداڵییەوە دێتەوە یادم ئەوەیە کە دەبوو زۆر شت بەنهێنی بهێڵینەوە- ئەمە بۆ منداڵێکی بچووک شتێکی ئاسان نەبوو؛ کاتێک هەشت ساڵان بووم، زۆر بەباشی دەمزانی کە دەبێت ئایینی خێزانەکەم بشارمەوە؛ ئەگینا هەموومان دەکوژراین. کاتێک یەکێک لێی دەپرسیم دایک و باوکم لە ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبن، من وەڵامی ئامادەکراوم هەبوو، وەک؛ ”دایکم چارەسەر وەردەگرێت بۆیە ناتوانێ بەڕۆژوو بێت.” هەروەها دەمزانی ئەگەر بڵێم خەڵکی کوێم و لە کوێوە هاتووم، خەڵک دەیانزانی کە ئێمە عەلەوین. وەک کچێکی هەشت ساڵان، خێزانەکەمم دەپاراست بەڕێی گۆتنی؛ ”ئێمە خەڵکی سیڤاسین.” ئاخر عەلەوی و موسڵمانی سوونی لە سیڤاس (Sivas) دەژین. بۆیە کەس گومانی ئەوەی نەدەکرد کە ئێمە عەلەوین. بۆ پاراستنی خێزانەکەم ستراژیم هەبوو.

تەنانەت وەک منداڵێک، ئەوەم دەزانی کە ئێمە لەگەڵ هەندێک لە دراوسێکان لە دەرسیم، جوداین- ئێمە ڕۆژی پێنج جار نوێژ ناکەین. بەڵام جگە لە ئایین، شتێکی دیکە لە ماڵی ئێمەدا هەبوو لە هی خەڵکانی دەوروبەرمان جودا بوو. دایک و باوکم بە زازاکی دەئاخڤین، کە شێوەزارێکی کوردییە، دراوسێکانمان وەک تورک پێناسە دەکرد. من لە سەرەتاوە پرسیارم دەکرد، ئەگەر ئێمەش تورک نین، ئەی بەڕاستی ئێمە کێین؟ دایک و باوکم بەو شێوەیە وەڵامیاندەدامەوە؛ لە ڕاستیدا ئێمەش تورکین. نە من نە خوشک و براکانم لە زازاکی تێنەدەگەیشتین.

دەوڵەتی تورکیا شوناسی کوردی فەرامۆش کردبوو. ئەوان ئەوەیان بەلاوە پەسەند بوو کە بڵێن کورد بوونی نییە، ئەوانەی کە دەڵێن کوردین، تەنیا تورکی چیایین و زمانی دایک -تورکی-یان بیرچۆتەوە. وەک فەرمانبەرێک، ئاشکرابوونی شوناسی نا-تورکی باوکم دەبوو بە کێشە و ئیشەکەی لەدەستدەدا. تەنیا ناساندنی خۆی وەک کورد لەم ساڵانەدا بەس بوو بۆ باوکم تاکو بگیرێت، لەبەر ئەوە بوو دایک و باوکم ویستبوویان ئێمە وەک تورک گەورە بکەن و هەمیشە بە تورکی قسەمان لەگەڵ بکەن.

 

ئایین ئەدگارێکی دیکەی جوداکەرەوە بوو کە ئێمەی لە دراوسێکانمان دادەبڕی. دایک و باوکم مکووڕبوون لەسەر ئەوەی ئێمە لەو کوردانەش جوداین کە موسڵمان بوون کە دایک و باوکم بە نەرێیی سەیری ئەوانیان دەکرد. هەمیشە دەیان گۆت ”ئێمە وەک ئەوان نین”. لەو سەردەمەدا، دایکم نکۆڵی لە شوناسی کوردی خۆی دەکرد. ئەوان زازایان وەک کورد نەدەبینی. بەگوێرەی ئەوان، زازا لە نەتەوەیەکی جودان. هەرچەندە ئەوان هەمیشە دەیانگووت؛ ئێمە تورکین!  لەگەڵ ئەوەشدا من هەستم بە دژبێژی و نەسازییەکان دەکرد. هەندێ ڕۆژ هەن هەر لە یادەوەریمدا ماونەتەوە- زۆر ڕۆژی لەبیرنەکراوم هەن، کە منیان خێراتر لە زۆرینەی منداڵانی دیکە گەورە کرد. لە یەکێک لەو ڕۆژانەدا بەتایبەتی، من بەرەنگاری ڕیالێتی نکۆڵی لێنەکراوی شوناسی کوردێتی خۆم بوومەوە.

دوو کچی بچووک جزدانی ژنێکیان دزی. ژنەکە نەیتوانی ڕووخساریان بەڕوونی ببینێت. پیاوێک لە کۆڵانەکەمان بەو پۆلیسانەی کە لە کەیسەکەیان دەکۆڵییەوە گووت؛ کە لەبەرئەوەی ئێمە کوردین، دەبێ ئێمە جزدانەکەمان دزی بێت.

 

ئێمە سەیری تەلەفزیۆنمان دەکرد کاتێک پۆلیس هات و خانووەکانمان گەڕا. من، خوشک و براکەم و باوکم دەستگیرکراین و بۆ زیندان بردراین چونکە دراوسێکەمان ئێمەی تۆمەتبار کردبوو. کاتێک ئێمە لە زیندان دابووین، من و خوشکەکەم لە ژوورێکی جودا چاوەڕێمان دەکرد چونکە ئێمە لە خوار تەمەنی دە ساڵانەوە بووین. پرسیاری ئەوەیان لێ دەکردین کێ بۆ ماڵمان دێت؟ ناوی ئەو ڕۆژنامەیەی باوکم دەیخوێنێتەوە چییە؟کامانەن ئەو کتێبانەی باوکم دەیان خوێنێتەوە؟…باوکم و براکەم ئەشکەنجەدران بەهۆی باکگراوندی باوکمەوە وەک ئەندامی گروپێکی مارکسیستی. من لەوە تێنەدەگەیشتم، ئەگەر ئێمە تۆمەتبارکراوین بە دزینی جزدانێک، بۆچی ئەو پرسیارە سیاسییانەمان لێ دەکرێت. هەقیقەتەکە ئەوە بوو ئێمە لە زینداندابووین تەنیا لەبەرئەوەی ئێمە کورد بووین. لە کۆتاییدا ئێمە تاوانبارنەبووین و ئازادکراین. ئەوان تێگەیشتن کە ئێمە جزدانەکەمان نەدزیوە، بەڵام ئەو دوو ڕۆژە لە زیندان کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر هەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەم هەبوو. لە دوای ئەوەوە باوکم ئێمەی دوورخستەوە لە ئیدیۆلۆژیی چەپ و وەک خەڵکی کەمالیست ئێمەی گەورە کرد. براکەم پەیوەندی بە گروپە تورکە ناسیۆنالیست و ڕەیسیستەکانەوە کرد. خوشکەکەم بێدەنگ بوو، بەڵام لایەنگری گروپە مارکسیستییەکان بوو. منیش بووم بە ئەنارکیست.

کاتێک فێرخوازی ئامادەیی بووم، بە هەموو شێوەیەک دەوڵەتم ڕەتدەکردەوە چونکە دەوڵەتەکان هێزی چەکداریان هەیە، کە بەباشی دەم زانی ئەوان خەڵک ئازار دەدەن و زیانیان پێدەگەیەنن. بۆیە بەم شێوەیە هەستم نەدەکرد هیچ شوناسێکم هەبێت؛ هەستم نەدەکرد من سەر بە هیچ ئایینێک، نەتەوەیەک یان چینێک بم.

 

کاتێک نۆزده‌ ساڵان بووم لە (ئەنکەرە) دەستم بە خوێندنی زانینگە کرد. هاوماڵەکانم ئەندامی (Hadep) بوون کە پارتێکی کوردییە. یەکەم ڕۆژم لە ماڵەکەدا بیردێتەوە. یەکێک لە ‌هاوڕێکانم لەگەڵ هاوڕێیەکی بۆ یارمەتیدانی من لە هەڵگرتنی جانتاکانم بۆ وێستگەی پاس هات. من پێشتر جارێک ئەوم بینی بوو. ئەو برازای کیرڤ(kirve)ەکەمان بوو (کیرڤ کەسێکە ڕۆڵێکی سەرەکی لە سرووتی خەتەنەکردنی کوڕاندا هەیە). بۆ عەلەوییەکان بوون بە کیرڤ بەسە بۆ ئەوەی متمانە بەریتەوە. یەکێک ناتوانێ لەگەڵ یەکێکی دی لە خێزانی کیرڤەکەیان هاوسەرگیری بکات، چونکە وەکو خوشک و برا دادەنرێن. بەگشتی لە تورکیا، خێزانەکان ڕێگە بە کچەکانیان نادەن لەگەڵ کوڕان لە هەمان خانوودا بمێننەوە. هەرچەندە، بەهۆی ئەو پەیوەندییە دەگمەنەی ئێمە لەگەڵ کیرڤ و خێزانەکەی هەمان بوو، خێزانەکەم خۆشحاڵبوون بەمانەوەم لەگەڵ کوڕاندا لەم خانووەدا. کاتێک ئێمە گەیشتینە ماڵەکە، منیان بە خوشکەکەی ناساند. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە، زانیم ئێمە پێکەوە لە ماڵەکەدا ژیانێکی ڕەنگین و دۆستانەمان دەبێت. بۆ من هاوماڵەکانم وەکو خێزانیان لێهات. ئەوان ژیانێکی زۆر مژوولی کۆبوونەوە، خۆپێشاندان و پرۆتێستیان بەڕێدەکرد. من لەناویاندا گەنجترینیان بووم. ئەوان گاڵتەیان پێ دەکردم و پێیان دەگۆتم ”ئەسیمیلە بوو-Assimilated” وەک لە ”هێی ئەسیمیلەبوو ئەمە بکە.” ئەوە هەرگیز بێزاری نەدەکردم، چونکە ئەوە چییەتی من بوو. من کوردێکی ئەسیمیلە (توێنراوە لەنێو نەتەوەی تورک) بووم- ئەوە شوناسی تازەی من بوو. تەنانەت نەم دەزانی کوردبوون چۆنە.

 

من زۆر هەوڵمدەدا ئەوە بسەلمێنم کە ئەسیمیلە نەبوومە. من کاردانەوەم هەبوو بەڕێیکردنی پێچەوانەی ئەوەی کە ئەوان پێیان دەگۆتم بیکەم. ئەوە شتێکی منداڵانە بوو، ئێستا پێدەکەنم کە ئەو شتە گەمژانەم دێتەوە یاد کە کردوومن بۆ ئەوەی پیشانی هاوماڵەکانمی بدەم کە من ئەوە نیم وەک ئەوان بیری لێ دەکەنەوە. لە گفتوگۆکاندا کەللەڕەق بووم و بەزۆری مکووڕ بووم لەسەر ئەوەی من ڕاستم. هاوماڵێکم جارێکیان پێی وتم تاکە شت کە لە کارەکتەری زازای مندا ناتوانرێ ئەسیمیلە بکرێت یان بسڕدرێتەوە، کەللەڕەقییەکەمە…وەک کاردانەوەیەک بۆ قسەکەی ئێمە هەموو پێکەنین. وەک ئەو وتەیەی دەڵێت؛ ”ڕۆژە خۆشەکان ڕۆژێک کۆتایییان دێت.” ئەوە شتێکی دەگمەن و نامۆ نەبوو ببیستی کەسێکی ناسیاو چۆتە ڕیزی گەریلاوە. بۆیە هاوڕێیان بەگشتی بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان دەگێڕا. ئەو ڕۆژەی یەکێک لە هاوڕێکانم چووە ناو گەریلا، هەستم نە بە شانازی و نە بە شادمانی دەکرد، به‌ڵكو وه‌ها خۆم پێشاندەدا کە دڵخۆشم و پشتگیری بڕیارەکەی دەکەم. تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە، کە ڕەنگە جارێکی دیکە نەیبینمەوە. ئەوکات زستان بوو و بۆ ئەو دەترسام، به‌وه‌ی چۆن دەتوانێ لەم کەشە ساردەدا لە دەرەوە بێت؟ بەزۆری لە شەواندا دەگریام و بیرم لەو دەکردەوە.

 

ماڵەکەمان بۆ (Hadep) وەکو میوانخانە وەها بوو، ئەو پارتە سیاسیەی بۆ دوورکەوتنەوە لە گومانی تورکیا زوو زوو ناوی خۆی دەگۆڕێ. هەرچەندە میوانەکانمان سەرنجی پۆلیسیان ڕادەکێشا و پۆلیس بۆ پشکنینی ماڵەکەمان هات. هاوڕێیەکمان لەگەڵ یارەکەی و بیست و پێنج کەسی دیکە دەستگیرکران. تێنەگەیشتم بۆچی ئەو پیاوە باشەیان دەستگیر کرد. خۆشبەختانە زیندانیکردنەکەیان زۆری نەخایاند. دوای سێ مانگ جارێکی دیکە لەگەڵ ئێمەدا بوون. هەرچەندە، هاوماڵەکەم لە کۆتاییدا لەگەڵ یارەکەی چوون بۆ ئۆسترایخ (نەمسا!) چونکە پۆلیس هەموو کات بەدوایەوە بوون. جوانترین کەپڵ بوون، لە (بورسا) لە ماڵی دایبابم بۆ ماڵئاوایی سەردانیان کردم. دوای ئەو ڕۆژە هەرگیز ئەوانم نەبینیەوە و تێگەیشتم هیچ شتێک هیچی دیکە وەکو خۆی نابێت.

ناوی یارەکەی (Ekin Ceren) بوو، تورک بوو. ئەو فێرخوازی سۆسیۆلۆژی بوو لە زانینگەی (ئەنکەرە) هاوتەمەنی من بوو. هەرچەندە ئەو یەک مانگ و یەک ڕۆژ لە من گەورەتر بوو، هەمیشە بیری دەهێنامەوە، لە جیهانە منداڵانەکەماندا بەتەمەنتربوون واتا بەڕێزتربوون. ئێمە لە هەمان ساڵدا لەگەڵ کوردەکان یەکدیمان بینی. ئەوکاتەی یەکدیمان بینی، ئەو ئەندامی پارتێکی چەپی تورکی بوو. ئێمە پێکەوە دەستمان بە فێربوون سەبارەت بە بزوتنەوەی کوردی کرد. هەروەها پێکەوەش دەستمان بە فێربوونی زازاکی کرد، خۆشی زۆرمان پێکەوە هەبوو و بەبەزری بە یەکەوە پێدەکەنین. ئەو لە باشوری کوردستان مرد کاتێک ئێمە ٢٤ ساڵان بووین. هێشتاش بۆ من نوسین لەبارەی ئەوەوە وەسف ناکرێ چەندە قورسە.

ئاڵتین سۆران – له‌خۆپیشاندانه‌كاندا

ئەو وەک تورکێک کوردی خۆشدەویست، بۆیە من ئەوم وەک پردێک لە نێوان هەردوو گەلی تورک و کورد دەبینی. وەک دایکی لەکاتی ناشتنەکەیدا گووتی؛ باپیرانی لە کولتورێکی جوداوە لە -جۆرجی و سەرکەسی (Circassian and Georgian)-ییەوە هاتوون بۆیە ئەو جوانی لەنێو فرەیی کولتورەکاندا بینیووە. لەبەرئەوە کوردەکانی خۆش دەویست.

کاتێک ئێمە زازاکی فێردەبووین، ئەو گۆرانییەکی زازاکی فێربوو و بۆی دەچڕیم. منیش گۆرانییەکی شارەکەی ئەو فێرببووم، بەڵام هەرگیز بۆم نەده‌گووت. دوای مەرگەکەی، کاتێک لە ماڵەوە بە تەنیا دەبووم، ئەو گۆرانییەم دەچڕی. ڕەنگە ئەو گوێی لێم بووبێ. مەرگی ئەو بووە هۆی سەردەمێکی بێدەنگ و تاریک کە ماوەی دوو ساڵی خایاند.

ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ئیستەنبوڵ گواستمەوە و لەوێ لە بەشی فەلسەفە زانینگەم دەست پێکرد. هەستمدەکرد لەم شارە گەورەیەدا نابینرێم، بۆیە لە گروپێکی فێرخوازانی کورد بۆ درێژەدان بە خەباتی هاوڕێیەکانم بەشداربووم، کە ئەوان هیچی دیکە لەگەڵمان نەبوون. هەرچەندە خێزانەکەم دژی ئەوە بوون. بۆڵەبۆڵی زۆرم لەگەڵیان هەبوو. بۆ ئەوان سەخت بوو تێبگەن بۆچی من پەیوەندیم بە فێرخوازە کوردەکانەوە کردووە. جارێکیان ناکۆکییەکانم لەگەڵ دایک و باوکم بووە هۆی ئەوەی حاشام لێ بکەن. ترسی سەرەکی ئەوان ئەوە بوو پەیوەندی بە گەریلاوە بکەم، یان دەستگیر بکرێم، هەر کامیان ڕووی بدابوایە، دایک و باوکم هەرگیز نەیان دەتوانی من ببیننەوە. بۆیە ئەوان زۆر لەگەڵم توند بوون. ئەوان ڕاست بوون. زانینگەی ئیستەنبوڵ لە ڕووی سیاسییەوە زۆر چالاک بوو. ئێمە هەمیشە مژوول بووین بە خۆپێشاندان، پرۆتێست و کۆنسێرتەوە- ئەوانە ڕۆتینی ڕۆژانەمان بوون. بۆ فێرخوازە چەپەکان دەستگیرکردن و بردنە زیندان شتێکی ئاسایی بوو. هەرچەندە، شێوازی پۆلیس لەگەڵ فێرخوازانی کورد جودا بوو. فێرخوازانی گروپە چەپەکانی دیکە هەر لە ڕۆژی دەستگیرکردنیان یەکسەر ئازاد دەکران، بەڵام فێرخوازانی کورد بۆ ماوەیەکی درێژ لە زینداندا دەهێڵرانەوە.

ڕۆژێک پۆلیس فێرخوازانی چەپیان دەستگیرکرد بوو لە گروپی جودا، کوردیشیان تێدابوو. ئەو ڕۆژە من لە زانینگە نەبووم. ڕۆژی دواتر، ئێمە چووین بۆ بەردەم دادگه‌، چونکە گوێمان لێ ببوو کە فێرخوازە دەستگیرکراوەکان لەوێن. لەناکاو پۆلیس دەوریان گرتین. لەنێو گروپی فێرخوازە کوردەکاندا من تاکە ژن بووم. هاوڕێکانم ویستیان من هەڵبێم، بەڵام مامەوە. ئێمە نزیکەی هەشتا فێرخواز دەبووین بۆ وێستگەی پۆلیسی ڤاتان (Vatan) بردراین کە بە ئەشکەنجەدان ناسراوە. نزیکەی دوازدە سەعات لەوێ ماینەوە. دوای ئەوە پۆلیس گووتی؛ دەتوانن بڕۆن…بۆ ئازادكردنمان  چەند پەڕاوێکمان واژۆ کرد، بەڵام بیرم چوو پەڕاوەکان بخەمە ناو جانتاکەمەوە. دیاره‌ فەرامۆشییەکەم ئەو ڕۆژە یارمەتیدام. ئێمە خەریکبووین وێستگەی پۆلیسەکە بەجێبهێڵین کاتێک ئەفسەرێکی پۆلیس هاواریکرد! ناوی من و دوو هاوڕێمی هێنا و گووتی؛  ”ئێوە ناتوانن بڕۆن”. ئێمە لەپڕ شۆکبووین، ئەفسەرەکە من و یەکێک لە هاوڕێکانمی بردەوە ژوورەوە، هاوڕێی دووەمم نەبینی و نیگەرانی ئەو بووم. ئەو دەبێ لە کوێ بێت؟

پاشان پارێزەرەکە ئێمەی وەستاند. من ئەوم نەدەناسی، ئەو لەگەڵ هاوکارەکانی بۆ فێرخوازەکان لەوێ بوون. کاتێک زانییان فێرخوازەکان ئازاد دەکرێن، پارێزەرەکان بیناکەیان جێهێشت. ئەوان نەیانزانی بوو کە سێ لە ئێمە پاش ئازادبوونەکەمان دووبارە بردراوینەتەوەوە بۆ زیندان. ئەو پارێزەرەیان درەنگ کەوتبوو ئەوێ بەجێبهێڵێ؛ ڕەنگە بۆ توالێت چوو بێت…به‌ڵام کاتێک ئێمەی بینی، ئەویش تووشی  شۆک بوو. ئەو پرسیاری لێ کردم ئەو پەڕاوەی واژۆمکرد و بەدەستمەوە گرتبوو هی ئازادبوونم بووه‌؟! کاتێک وەڵامدایەوە؛بەڵێ، ئێستا نۆرەی من بوو.. ئەو گووتی؛ چۆن خەڵک لەنێو وێستگەی پۆلیس دیارنامێنن؟  چونكه‌ بەگوێرەی تۆمارکردنەکان ئێستا تۆ لە دەرەوەی زیندان دایت… پارێزەرەکە ئازا بوو، ئەو هەرگیز ئێمەی بە تەنیا جێنەهێشت. ئەو بانگی هاوکارەکانی کردەوە. کاتێک ئەوان هاتن، پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەگەڵمان کرد و سەعات سێی  بەیانی ئازادکراین. کاتێک چووینە دەرەوەی وێستگەکە، بینیم هەموو فێرخوازەکان کە ئەو شەوە پێش ئێمە ئازادکرابوون، لەوێ مابوونەوە و چاوەڕێی ئێمەیان دەکرد. گریام، ئاخر ئێمە هاوڕێین، ئێمە هەڤاڵین.

من بۆ مافی کورد خەباتم دەکرد، کە هیچ مافێکیان نییە.  شوناسی کوردی خۆم هێشتاش لاواز بوو، چونکە من خۆم وەک ژنێک بەبێ ئاین یان نەتەوە دادەنا. ئێستا بۆ پڕۆژەی لێکۆڵینەوەکەم، پرسیار لە ژنە هاوکوردەکانم دەکەم بۆ ئاخاوتن سەبارەت بە شوناسی خۆیان. لەکاتی چاوپێکەوتنم لەگەڵ یەکێک لە بەشداربووەکانم، من خۆم -شوناسی خۆم- دۆزییەوە. ئەو گووتی؛ نها، ئەز کوردم، ئەز ژنم…

هەردووکیان ژنان و کورد لەژێر فشار و چەوساندنەوەدان. لەبەرئەوەیە ئەو شوناسانە بۆ من گرنگن: من کوردم لەبەر چەوساندنەوەی کورد، هەر شتێک تاکو ئێستا کردوومە بۆ سەرنجڕاکێشان بۆ چەوساندنەوەی کوردەکان بووە.

 

پاشان لە ڕێکخراوێکی تایبەت بە کێشەی کۆچکردنی بەزۆر دەستم بە ئیشکردن کرد. من بەشداری زۆر پڕۆژەم کردووە لەبارەی بەزۆر کۆچپێکردنی کوردەکان، کە لە ١٩٩٠ەکاندا لە لوتکەدا بوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئێنجیئۆکان (NGOs) لە نێوان یه‌ك  بۆ چوار ملیۆن کورد لە شەودا بەبێ هیچ ئامادەکارییەک ناچار بە کۆچکردن کراون. نزیکەی چوار هه‌زار گوند چۆڵکراون و خاپورکراون.

دەوڵەت پێی وابووە کە ئەو گوندنشینانە ڕۆڵیان لە یارمەتیدانی پەکەکەدا هەیە، بۆیە ئەگەر ئەوان ببرێنە شوێنێکی دیکە، ئەوا پەکەکە هێزی خۆی لەدەست دەدات؟! هەر چیرۆکێک سەبارەت بە کۆچی بەزۆر بیستوومە دڵی زۆر تەنگ کردووم، یادەوەرییەکانیان لەگەڵ وێنەکانیان سووتان.

بۆ یەکەمجار، لە گرنگی چوونە سەر قەبران تێگەیشتم. زۆر لە ژنەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە چۆن گۆڕی ئازیزەکانیان لە دوای خۆیان جێهێشتووە. زۆر غەمگین بووم بە بینینی نەتوانینی چوونە  سەر گۆڕی ئازیزان ئەو کاریگەرییە خراپەی لەسەر ئەو ژنانە هەبووە.

کاتێک دایک و باوکم ڕاهاتبوون داوایان لێ دەکردم لەگەڵیان بۆ سەر گۆڕی خزمەکان بچم، وه‌ها ڕاهاتبووم کە هەر ڕەتیبکەمەوە. دوای ئەوەی لە ڕێکخراوەکان ئیشم کرد، ڕاستگۆیانە دەمویست سەردانی ئەو خێزانانە بکەم کە خزم و کەسیان لەدەستداوە- دەمویست هاوبەشی خەمیان بم.

دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنێکی کورد کە بە زۆر کۆچی پێکرا بوو، بیرمە کە ماڵەکەیم جێهێشت لە شەقامەکەدا بەدەنگی بەرز گریام. بەلامەوە گرنگ نەبوو خەڵک سەیرم دەکەن یان نا، ئاخر زۆر زۆر بوو، ئێش و ئازارەکان هێندە زۆر بوون نەمدەتوانی لەگەڵیان هەڵبکەم.

پرسیاری ئەوەم لە خۆم دەکرد؛ دەتوانم چی بۆ ئەو خەڵکە بکەم؟ من خۆم وەک ژنە کوردێکی بەختیار دەبینی کە دەرفەتی ئەوەم هەبووە بخوێنم، بۆیە ڕەنگە بتوانم خوێندنەکەم بەکاربهێنم. لە ئەنجامدا، ماستەرەکەم سەبارەت بە ژنانی کورد کە بەزۆر کۆچیان پێکراوە نووسی.

ساڵی ٢٠١٠ لە (ئامەد) پڕۆژەی ماستەرەکەمم کرد. ئەوە یەکەمجار نەبوو سەردانی ئامەد بکەم. لەوێ بۆ ماوەی سێ هەفتە مامەوە. سەردانی جاری پێشووم بۆ بەمەستی گەشتیاری بوو. ئەو کات، بەختی ئەوەم هەبوو لەگەڵ خەڵکانێک بئاخڤم کە نەمدەناسین. شارەکە پڕ لە نەسازییە. لەوێ خێزانی کوردی لێیە کە لە گەڕەکە زەنگینەکان دەژین، هاوکات خێزانە کوردەکانی دیکە تەنانەت ناتوانن نانی ڕۆژانەیان پەیدا بکەن. لە ئامەد بیرمە لە پشتی دوو براوە دەڕۆیشتم، تەمەنیان چوار و شەش ساڵ دەبوو. بینینم چەند دڵخۆشن بە دۆزینەوەی گەنمەشامی تازە لەنێو تەنەکەی خۆڵدا. برا گەورەترەکە یارمەتی بچووکەکەی دەدا تاکو گەنمەشامییەکە بخوات. ئەمە زۆر سەخت بوو، ئاخر ئەو زۆر بچووک بوو. بەبەردوامی برا بچووکەکەی هاندەدا؛ ‘بخۆ، بخۆ، بخۆ…

لێرەوە ئەوەم دۆزییەوە کە کوردبوون بۆ من چ واتایەکی هەیە. کوردبوون واتا ئەو دوو برایە، کوردبوون واتا ئەو ژنانەی کە ناچار بوون لە شەودا گوندەکانی خۆیان بەجێبهێڵن و سەیری ماڵەکانیان بکەن کە دەسووتێنرێن. نها خەریکی پرۆژەی دکتۆراکەمم سەبارەت بە ژنانی کورد، چونکە من قەرزباری خوشکە کوردەکانمم.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project