پیتەر سلۆتەردایک -٢٠٢٠

ئاینی ژینگەیی لە جیاتی ئاینی ئاسمانی


Loading

پیتەر سلۆتەردایک – ئاسمان بهێنتە گۆ – Der Himmel zum Sprechen bringen – دەزگای سورکامپی ئەڵمانی ٢٠٢٠

ئاینی ژینگەیی لەجیانی ئاینی ئاسمانی

 لەئەڵمانیەوە و پەراوێزکاری؛ ئیسماعیل حەمەئەمین

 

ڕۆژنامەی گشتی ئاوگوسبورگ لە 23.12.2020 چاوپێکەوتنێکی چڕوپڕی فیکریانەی لەگەڵ فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سلۆتەردایک) ئەنجامدا. چاوپێکەوتنەکە ڕۆژێک پێش لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح  (کریسمس) ئەنجامدرا. بۆنەیەک بوو بۆ قسەکردن لەسەر دوا کتێبی فەلسەفی کە لەم ماوەیەدا بڵاوبۆوە، کتێبێک لە ژێر ناوی (ئاسمان بهێنتە گۆ – Der Himmel zum Sprechen bringen) لەم کتێبەدا سلۆتەردایک دەگەڕێتەوە بۆ شیعر وەک بنەمای گەورەی ڕاوەستانی جیهان و گوزارشی مرۆڤ لە سەرسامبوونی خۆی بەرامبەر بوونی خۆی و گەردوون. ئەم کتێبە دووبارە ئاین ڕووتدەکاتەوە لە پاڵەوانبازییە ئاسمانیەکەی و دەیگەڕێنێتەوە بۆ نێو هونەری گێڕانەوەی شیعریی… ئەمەو زۆریتر تەوەری ئەم گفتوگۆی بەشی کولتوری ڕۆژنامەکە و سلۆتەردایک بوو.

لێرەدا سەرنجی خوێنەری ئازیز بۆئەوە ڕادەکێشم، کە هەوڵمداوە تاوەکو بتوانم بەڕوونی ڕستە ئاڵۆز و فەلسەفیەکانی سلۆتەردایک بگەیەنەم. هەروەها بۆ زۆر وشە و دەستەواژە  و زانیاری،  پەراوێزێکی بچوکم داناوە، کە هیوادارم یارمەتیدەر بێت. لەگەڵ ئەوانەشدا ئەم دەقە خاوەنی هاڕمۆنییەت و قووڵیەکی خۆیەتی،  و هەوڵمداوە لە ئاستی قووڵیە فەلسەفیەکەی سلۆتەردایکدا بێت. دەقێکە شایەنی هەڵوێستە و چەندجار خوێندنەوە و پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانەیە.

چەند سەردێڕێکی  سلۆتەردایک لەم چاوپێکەوتنەدا  

  • ئاین هەزارەها ساڵ لەمەوبەر وەک لەشفرۆشی میتافیزیکی دەسەڵات خۆی دەنواند.

  • ئاینی ژینگەیی لەجیانی ئاینی ئاسمانی…

  • لە کوێدا ئاین بە فانتازیاوە بێتە سەر شانۆ، ئازادی خۆی لەدەستدەدا…

  • گەر خواکان لە ئاگردانەکانەوە بێنەدەرێ، دەمێک بوو لێرە بوون.

  • هۆشیاریەکی هاوسۆزی –  “informiert Empathie” مانای ئەوەیە؛ کە کۆمەڵگەکان سنوورێکی خۆیان هەیە بۆ هاوسۆزی و دیالۆگی هاوبەش.

 

فەرموون لەگەڵ دەقی چاوپێکەوتنەکە: 

بەڕێز سلۆتەردایک تۆ هاتوویت گووتەکەی (ماکس ڤێبەر)ت هەڵگێڕاتەوە، ڤێبەر دەڵێت “ ئاین موزیکال نییە“  تۆش لەم کتێبەی دوایتدا دەڵێت “ ئاین موزیکالە“… جگە لەوە، ئەوەت  بیردەخەمەوە کە  تۆ ماوەیەک لە زانکۆدا بە جلی بودییەکانەوە دەوامت دەکرد!  لێرەوە دەپرسم؛ دەتوانیت  بەشداری  جەژنی لەدایکبوونی مەسیح بکەیت؟

 

پیتەر سلۆتەردایک: وەک نەریتی خێزانەکەمان، ژنەکەم لە خانەوادەیەکی پڕۆتستانەتەوە هاتووە، لەبەرئەوە ئاساییە گەر ئێمە ئاهەنگی لەدایکبوونی مەسیح (کریسمس) بگێڕین. بەتایبەت بۆنەیەکی خۆشە بۆ منداڵان و باپیرە و داپیرەکان، بەڵام کەمتر لای من جێگەی سەرنجە و لەو بڕوایەدام  ئەم نەریتە بەدرێژایی ساڵان هیچ  نەگۆڕاوە.   نەریت و بۆنەکان زۆر سەرنجی من ڕاناکێشێت، بەڵام لە ناخمدا هیچ حەزێکم نییە دژایەتیان بکەم…

کەواتە  مانای ئاین لای تۆ بۆنەیەک نییە؟

پیتەر سلۆتەردایک: بەڵێ بۆنەیەکە وەک ڕیتواڵ و نەریتێک بەڵام لە کۆنتێکستێکی زۆر تەسکەوە. بێگومان من بیردەکەمەوە لە ماناکانی ئەو گووتەیەی کە دەڵێت“خوا دەبێتە مرۆڤ[1]“ و لەئێوارەیەکی زستاندا ئەم لەدایکبوونە ڕوویداوە. مرۆڤی مۆدێرن زیاتر ئەو حەزەی هەیە بزانێت  چۆن لە مەیمونەوە پەرەی سەندووە بۆ مرۆڤ، نەک بە پێچەوانەوە. لێرەوە مێژووی ئایدیاکان بیر لەو پڕۆسەیە دەکاتەوە؛ چۆن مرۆڤ لەسەرەوە بۆ خوارەوە یان لە خوارەوە سەرەوە جوڵاوە. ئەمەش وەک بنەمایەک ماوەتەوە کە زۆربەی  مرۆڤایەتی  جوڵەی پەرەسەندنی مرۆڤ وەک  درامایەک تێبگەن لە قووڵاییەوە  دەستپێدەکات بۆ سەرەوە. هەربۆیە دیاردەی مرۆیی ئەستەمە وەها ڕوونبکرێتەوە لەسەرەوە دەستیپێکردبێت بۆ خوارەوە و بۆ ناو قووڵایی، ئەم ڕوونکردنەوەیە ئەبسورد و بێمانایە…

لە دوا کتێبتدا (ئاسمان بهێنیتە گۆ) ئاین بەڕای ئێوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا  کارێکی پانۆرامایی شیعرییە. ئایا جەژنی کریسمس لای تۆ شیعرییە؟!

 

پیتەر سلۆتەردایک: بێگومان شیعرییە، بیرت نەچێت کە شارستانیەتی خۆرئاوا کولتی[2]  لەدایکبوونی منداڵی بە هێزێکی شیعرییەوە پابەند کردووە بە ئێوارەی کریسمسەوە، کە ئێوارەی لەدایکبوونی مەسیحە. لە ڕێزمانی ئەم کولتورەدا  پیدۆلاتریی( [3] Pädolatrie   لەدایکبوون) بوونی هەیە، کە جۆرێکە لە پیرۆزکردنی منداڵبوون و پابەندە بە لەدایکبوونە نوێیەکانی منداڵان. ئەم جۆرە هەستیاریە لە سنوورەکانی  کریستاینیەتدا بەجۆرێکی سەرسوڕهێنەر درێژ دەبێتەوە، وەک فاکتومێک یان فاکتێکی ژیان  کە لە ئەوروپای کۆنەوە   نەوە  لەدوای نەوە وەک گێڕانەوە هێناویانە، و هەمووی پابەندە  بە ئەفسانەیەی لە دایکبوونی منداڵی خوا لە ئێوارەی کریسمسدا.

 

کەواتە لێرەدا سەرسامبوون  و سەرمابوونە بە  لەدایکبوونە؟

 

پیتەر سلۆتەردایک: بێگومان سەرسامبوونێکی ڕەوایە، بەتایبەت لە لای هۆمۆسابیەن (مرۆڤی زیرەک)، چونکە  منداڵ بە نوقسانی و عەیبەوە دێتە دونیاوە و بەتەواوەتی سەربەخۆ نییە. منداڵ  بونەوەرێکی دەستاودەستکردە، بونەوەرێکە دەدرێتە دەست ئەویتر و تەنها لە منداڵدان و کۆشی دایکدا توانای مانەوەی هەیە. لێرەوە لە دایکبوونی مرۆڤ سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە کە ئەفسانەی پاڵەوان بوونی نییە، چونکە پێشتر ئەم پاڵەوانە بوونی نەبووە. لێرەوە ئەفسانەی پاڵەوان تەنها ئەفسانەیەکی سەربەخۆکردەیە[4].  بەڵام ئەفسانەی منداڵ وەهایە کە

منداڵ سەرەتا پشت بەخۆبەستوو نییە و فڕێدەدرێتە ناو جەنگەڵستانەوە، هەڵدێت و دەخرێتە ناو  (ڕووباری نیل)[5].

 

ماکس ئێرنست) لە ساڵی ١٩٢٦ (مەریمی پاکیزەی دایک مەسیحی منداڵ لەبەردەم سێ شاهید دا سزا دەدات)
Max Ernst – The Virgin Spanking the Christ Child (1926), oil on canvas

بۆ حەزرەتی مەسیحیش ئەم قسەیە ڕاستە؟

 

پیتەر سلۆتەردایک:  هەربۆیە نیگارکێشی سوریالی (ماکس ئێرنست) لە ساڵی ١٩٢٦ دا جوانترین خاڵی پێکا کاتێک تابلۆیەکی کێشا بەناوی (مەریمی پاکیزەی دایک مەسیحی منداڵ  لەبەردەم سێ شاهید دا سزا دەدات). لەم  تابلۆیەدا ماریا مەسیحی منداڵی بە قنگی ڕووتی  خستۆتە سەر ڕانی و لێدەدات، لەولاوشەوە لە ژێر زەبری لێدانەکەدا  تاجە ڕۆشناییە پیرۆزەکەی پەڕیوەتە سەر زەوی. ئەمەش ئەو پێشبڕکێیە نێۆخۆییە جێگیرەی ئاینمان نیشاندەدات لە نێوان دوو سوستێم لە خودی  ئەفسانەی ئایندا؛ یەکێکیان سەربەخۆییە و ئەویتر پاشکۆیەتی. بیرمان نەچێت کە خاچپەرستی و جەنگی خاچپەرستی لەپەروردەکردنی دایکەکانەوە بۆ منداڵەکانیان سەرەتاکانی خۆی دەستپێکردووە، هەربۆیە لە سەدەی ناوەڕاستەوە کاسیولیکەکان دەرکیان  بەو جووت هەبوونەی منداڵ و دایک کردووە و ئەمەیان پیرۆز کردووە.

 

تۆ ئاین وەک شیعر وەسف دەکەیت، ئایا ئەمە تێکەڵکردن و هەڵەگۆڕین نییە لەگەڵ داهێنانێکی سادەدا. هەروەها ئەمە جۆرەک نییە لە سایکۆلۆژیستەکردن (دەروونناسیکردن) بەوەی مرۆڤ ڕوو لە ئاسمان دەکات بۆ خۆبەتاڵکردنەوەو لە  فشار و  پێویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی. نەک هەر ئەوە، بەڵکو تۆ زیاتر باس لەوە دەکەیت کە مرۆڤ هەر لەسەرەتاوە (بونەوەرێکی قسەکەرە) کە هەموو خەم و ئازارەکانی لە خواوەندی شیعردا بەرجەستە کردووە. ئایا ئاین تەنها ئەو بونەوەرەیە کە تەنها لە ناو زماندا بوونی هەیە؟

 

پیتەر سلۆتەردایک:  کۆنسێپتی شیعرییەت لە خواوەندەکاندا ئەوەمان بۆ دەردەخات، هەرکاتێک ئەوان لە بنەڕەتەوە  وەک ئەکتەرێکی ئۆرجیناڵ جیهانبینی خۆیان دابمەزرێنن، ئەوا وەک بونەوەرێکی  بە دەسەڵات  دەجوڵێن کە دەتوانن کاریگەری و هەژموونی خۆیان هەبێت. بەمانای لە کوێدا خوا هەبێت، لەوێ جیهان دوور نییە لێمانەوە،  لە کوێشدا  مرۆڤ  لە  جیهان بڕوانێت، نێزیکدەبێتەوە لە خواوەندەکان. لە ئەفسانەی سەربەخۆبووندا پاڵەوان و خواوەندەکان لە پێش مرۆڤەوە  بوونیان هەبووە و لێرەبوون، بەڵام  کاتەک ئەوان دەتوانن کاریگەریان هەبێت، کە مرۆڤ هەست و سۆز بەسەریدا زاڵ بێت، بەجۆرێک، مرۆڤ توانای ئەوەی نەبێت زاڵ بێت بەسەر ژیانی خۆیدا. لەوێوە خواوەندەکان و مرۆڤە هەڵبژێرداروەکانی خواوەندەکان توانای ئەکتکردن و جوڵەیان هەیە، بەوەی  چارەنوسی مرۆڤەکان هەڵدەسوڕێنن و نمونەی باڵایان بۆ دادەنێن. بەمجۆرە لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەندا مامەڵەکردنی خواوەندەکان و جیهانی پاڵەوانە دەستەبژێرەکانی خۆی  ڕادەکێشێتە ناو  جیهانی مرۆڤەکانەوە. ئەمە وەک دەڵێن ئۆپەراسیۆنە دێرینەکەی هەڵسوکەوتی شیعرییە؛ لەوێدا ئەو کردارانە جێگردەکرێن، کە پێشتر تەنها وەک دەرئەنجام و (ئازارەکان) جێگەی سەرنج بوون.

 

کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو گفتوگۆ و دوعا و پاڕانەوەیە کە مرۆڤ لەگەڵ ئاسماندا ئەنجامی دەدات،  لەگەڵ خواوەندەکاندا…

 

پیتەر سلۆتەردایک:  گفتوگۆکە بۆ  ئاسمان ئاڕاستە کراوە، کە لەوێدا هەموو دەسەڵاتەکان کۆبوونەوەتەوە، لەوێ مرۆڤ دەتوانێت شتێک بۆ دونیای مرۆڤەکان بەدەستبهێنێت و  بەلایەکیدا ببات. بنەمای شیعریەت ئالێرەدایە؛  کە مامەڵەی مرۆڤ  زۆنی فروانتر دەبێت، ئەمەش تەواو لەڕێگەی کەڵەکەبوونی وزەیەکی داینامیکیەوەیە بۆ سەر لایەنی مرۆیی. لەوێوە،  تیۆپۆیزیی – شیعرخودایی ( theopoetisch -) شیعر، ئاسمان ڕادەکێشێتە سەر زەوی.

 

لە کۆتایی کتێبەکەتدا نوسیوتە ئەم بوونە و خواکان و شیعرییەتیان هێشتا دوورن لە هەموو گێڕانەوەیەک. ئەوەشی تایبەتە بە وزەی داینامکیەوە ئەوەیە؛ ئایا ئێمە نەگەیشتووینەتە کۆتایەکی دیکە؟  پێغمبەرەکانی زیرەکی دەستکرد، بەڕاستەوخۆیی باس لەوە دەکەن؛ کە مرۆڤ خوای نوێیان بۆخۆیان خوڵقاندووە و لەڕێگەیەوە خود خۆی تێدا دەتوێنێتەوە و پێی نەمر دەبن….

 

پیتەر سلۆتەردایک: هەموو کۆمەڵناس و تیۆلۆگی (زانستی ئاین) و مێژووناسانی ئاین لەسەر ئەوە کۆکن، مێژووی تاوەکو ئێستای ئاینەکان پابەندە بەمێژووی پەرورەکردنی کۆمەڵایەتییەوە. ئاین هەرگیز کایەکەی کەسی و تایبەت نەبووە. هەرچەندە لە سەردەمی مۆدێرنیشدا ئاین بۆتە شتێکی ئەدەبی و کەسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز نەیتوانیووە ببێتە کایەکی تایبەت و کەسیی. تەنانەت دوای جەنگی سی ساڵەی ئاینی لە ئەوروپادا کە ئازادی ئاینی جێگیر کرا، و مرۆڤی خاوەن باوەڕ و ئیماندار توانی ئازادانە خاوەنی باوەڕ و ئاینی خۆی بێت.  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کولتە دێرنە مەزهەبیانە هەر ماوە کە خەڵکی کۆدەکاتەوە. لێرەدا مەبەست لە ئازادیی حوجرە و خەڵوەتگە بێدەنگەکان نییە، کە لەسەرەتادا (گۆشەنیگایەکی هاوکۆیی) کۆمەڵی و هاوبەشیان بەڕێوەبردووە، بەڵکو لە دواجاردا ئەوەی لە ئاین دەمێنێتەوە؛ بۆنە و ڕیتواڵ و کەشیگەراییەکانە.

کەشیگەرایەکان (ڕیتوالەکان) تێگەیشتنێکی هاوکۆییە و هاکۆییبوونیش لەڕێگەی کەشیگەراییەکانەوە پێکدێت. لێرەوە، من پێموایە کە لە دونیای ئێستادا و بۆ یەکەمجار لەمێژوودا  ئاین لەم ئەرکە ڕزگاری بووە. هەتاوەکو ئێستا هەموو ئاینەکان ئەرکیان بەردەوام بووە؛ هەر لە پیرۆزکردنی منداڵەوە بەکاربەر بووە تاوەکو و ناولێنانی منداڵ و تاوەکو گەیشتۆتە ناشتنی مردووان و تا دەگاتە دوعاخوێندن و پیرۆزکردنی   باڵەخانە و دوکانەکان و هاوسەرگیری، پیرۆزکردنی وەرگرتنی پۆستێکی گرنگ… هەموو ئەمانە ئێستا لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا لە ڕێگەی کەشیگەرایی دیکەوە لە کارخراوە. ئیدی هیچ نەماوە کە تەنها ئاین هەرخۆی بتوانێت بیکات و ئەوانیتر نەتوانن بیکەن، تەنانەت پرسەکانیش لە دونیای ئێستاداتەنها ئەرکی ئاین نەماوە. ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی؛ کە ئاینەکان ئێستا ئازادی خۆیان بە دەستهێناوە؛ چونکە چیتر پێویستی بەوە نەماوە تەنها باش و چاک بێت، بەڵکو دەبێت بەکاربەر بێت. چیتر ئاین ئەرکی کۆمەڵایەتی لەسەر نییە، ئەرکێک کە ئەویتر بەهەندی وەربگرن. ئەم باڵابوونەی بێمانایی و  بێ ئامانجیەی هەستیاریی ئاینی، بەردی بناغەی ئازادبوونی  خودی ئاین خۆیەتی.

 

ئایا ئەمە هەواڵێکی خۆشە؟

 

پیتەر سلۆتەردایک: وەک پڕنسیب بەڵێ هەواڵێکی خۆشە. لە کوێدا مرۆڤ ئەمە قبوڵ بکات، هەستیاری ئاینی ڕووتدەکاتەوە لە فانتازیاکەی و خۆی لە پەروردەی کۆمەڵایەتی جیادەکاتەوە. لێرەوە ئاین دەچێتە ئاستی موزیکی کلاسیک کە تەنها دەستەبژێرێکی باڵا چێژی لێ دەبینین، دەستەبژێرەک بۆ هیچ شتێکی تر دەست نایەن. ئەوانە دەتوانن چەند بیانەوێت لاسایی (بێتهۆفنی پێنج) بکەنەوە، و  کەس نایەت  بیانکوژێت، چونکە بەو کارەیان هەستی موزیکی ئەویتریان بریندار بووە[6]. لێرەوە  لە کوێدا ئاین بە فانتازیاوە بێتە سەر شانۆ، ئەوا ئازادی خۆی لەدەستدەدات. لەوێشدا ئاین وەک پرۆتێزەیەک، وەک ئەندامێکی لەشی دەستکرد کاردەکات، کە لەگەڵ ئیگۆیەکی لاوازدا یەکیگرتۆتەوە و لەگەڵ لاوازەکانی تردا بەنا ئەم جیهانەدا ئەشەلێت.

 

بەپێی ئەم قسانەت بێت  تۆ  لەدواجاردا ئاینەکان بێ کەڵکن، کەچی لەهەمانکاتیشدا ئەو ڕستەیەی نیتچە دووبارە دەکەیتەوە کە دەڵێت “ بەبێ موزیک ژیان هەڵەگیریەکی گەورە  دەبوو“… لەکاتێکدا شیعرییەتی خواکان سەر بە مرۆڤەکان بێت، ئەی دەبێت ئاتائیستەکان، بێباوەڕەکان  چی بن؟ ئایا بێ خودایی دژی سروشتی مرۆڤ نییە؟ ئایا دەتوانین ئاوەها بژین؟

 

پیتەر سلۆتەردایک: مەرج نییە هەموو شتێکی زیادە  فڕێبدرێت و لاببرێت. لە مۆدێرنەدا  هەستکردنێکی گەردوونی هەیە بە شوێنای بوون لە نێوان سەرەتا و کۆتایدا، بەڵام  لە دونیای مۆدێرندا ئەم هەستیارییە  پێویستی بە بنەما دەزگایییەکان نییە. مرۆڤ بۆ ئەم هەستیارییە تەنها بەدووی زماندا وێڵە، بەدووی گوزاشێکی نوێدا دەگەڕێت، نەک بەدووی کڵێسا و کولتوری هاوکۆیی کۆمەڵایەتی. لەلایەکی ترەوە پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی لە دەوری ڕەمزێکی بەهێزدا کارێکی ڕەوایە، مادامەکی نایەوێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەر دەروبەردا و دەسەڵات بگرێتە دەست.

 

ئایا بەهەقەت دەوڵەتی سێکۆلار لەو شوێنایەدایە کە هەموو شتێک کە کڵێسا ئەنجامید، ئەو لایبەرێت و بتوێنێتەوە، تەنانەت کارە خێرخوازیەکانیشی؟

 

پیتەر سلۆتەردایک:  لەڕاستیدا دەوڵەت دەمێکە ئەوەی کردووە لەڕێگەی گۆڕینی فۆرمی دەوڵەت بۆ دەوڵەتی کۆمەڵایەتی[7] سەرەتا ئەمە لە ساڵی ١٨٨٠ دا ڕوویدا کاتێک کاسیولیکەکان لە پەڕلەمانی ئەڵمانیدا فشاریان دروستکرد. بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێین؛ کە سێکۆلاریزەبوون (بەعەلەمانیکردن) هەرگیز ڕێگە لەوە ناگرێت دەزگا ئاینیەکان لە بواری خۆیاندا کار نەکەن.  هەروەک چۆن چارەسەری دەروونی هاوچەرخ  ناتوانێت هەموو شتێک کە لە چارەسەری ئاینییدا  (خەمڕەوێنی ڕۆحی) دا بوونی هەبووە لەخۆیدا داینگەی بکات و  بە ئەنجامی بگەیەنێت. بەمانای هەموو شتێک کە کاریتاس (خێرخوازی) دەیکات نەتوانراوە لە دەوڵەتی کۆمەڵایەتیدا بتوێتەوە، بەڵام ڕێڕەوی گشتی بەرەو  ئەوە دەڕوات. دەوڵەتیش پێی باشە کە توانای ئاینەکان لەم بوارەدا بهێڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا  لە ئەڵمانیادا  کڵێسا جگە لە ئەنجامدانی ئەرکە ئاینیەکەی وەک خاوەن کاریش لە کاردایە، ئەوان خەریکی دروستکردنی حەوزەیەکی ئاینی نادیارن.

بەڵێ ئەمە کاتێکە ئازاد بن لە کاری  خزمەتی کۆمەڵایەتی[8] ، ئایا ئاین لە جەوهەری ئەم کارەدا بوونی نییە؟

 

پیتەر سلۆتەردایک:  ڕاستە، چونکە ئەمە گەڕانەوەی بۆ ڕاچڵەکینە سەرەتاییەکەی لەخۆگرتووە؛ سەرسامبوون بە ژیان لەبەرامبەر بوونی خۆتدا… دیارە ئاینیش لەوە زیاتر داواناکات و ناشبێت لەوە زیاتری بوێت. ئەمە  گواستنەوەی (هەستکردن)ە بەخود دەچێتە ناو (هەستکردن بەئەویتر)وە. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێن؛ کە ئاین بەدرێژایی هەزارەها ساڵ تیروکەوانەکەی ڕاکێشابوو، وەک قەحبەیەکی میتافیزیکی دەسەڵات خۆی فش دەکردەوە. لێرەدا کارە باشەکانی مۆدێرنەیە ئەوەبوو، ئەم تیروکەوانەی شل کردەوە.

 

ئیمانداری کۆمەڵی  تەنها دەتوانرێت لە فۆرمی پەیوەندیداری بەکۆمەڵدا بوونی هەبێت، تۆ دەڵێت چی؟

 

پیتەر سلۆتەردایک: لە سەدەی شانزە و حەڤدەوە تایەفە ئاینییەکان لە ئەوروپادا ڕوویان کردۆتە ئەو دیاردەیەی ناوی جەماوەرە. یەکەمین دەرکەوتن  بۆ جەماوەر ئەوەمان پێدەڵێت؛ کە کۆمەڵگە ڕێگەی گرتووە بەرەو مۆدێرنە.  ئازادی لە خودی خۆیدا خۆی دووردەخاتەوە لەو کەشیگەرا و ڕیتوالە زۆرملێیانەی، کە هەموو فۆرمەکانی نەریتگەرایی لە خۆیدا هەڵگرتووە.

باشە ئەم قسەیە دژی خۆی ناوەستێتەوە، خۆ ئەوەتا دەبینیت لە کۆمەڵگەی مۆدێرنەدا حزبی کریست دیموکرات و سۆسیال کریستمان هەیە[9]  کە هەڵگری ناوی ئاینین؟

 

پیتەر سلۆتەردایک: لە ڕاستیدا (کریست دیموکرات) بەهەموو پێوەرەێک بوونێکی ئاناکرۆنیستە (دژە زەمەنە) و لە زەمەنێکی هەڵەدا دەژی. بەڵێ کریست دیموکرات لە ساڵی  ١٩٤٥ بەدوا، وەک هەڵگری پەیامەکی ئەخلاقی هاتە پێشەوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەشدا لە ژێر ناوی (ناوەند) وەک کەڕەنای سیاسی کاسیولیکەکان لە کاردا بوو. هەروەها هەڵگری پەیامی کاسیولیکی باشووری ئەڵمانیا و ناوچەی چیای ئەلب بوو لە دژی پڕۆتستانی باکووری ئەڵمانیا، کە وەک دەستەبژێر لە پەڕلەمانی بەرلین دانیشتبوون و لەکاتی کۆماری ڤایماردا[10]  بەشێوەیەکی کاتی ڕۆڵی دەوڵەتیان بینی. لە ئیتاڵیا کە سەرچاوەی کریست دیموکراتە، لەژێر ناوی دیمۆکراسیا کریستیان (democrazia cristian ) بەهۆی گەندەڵییەوە هەرەسیان هێناو لە ١٩٩٣  خۆیان هەڵوەشاندەوە و پەرتبوون لە چەند پارتێکی سیاسیدا.

 

جاران ئاینەکان  بەسوود بوون بۆ کۆمەڵگەکان   و کۆمەڵگەکان و ئەو ئێمەیەی کە خەریکی بیناکردنەوەی بووین  بەیەکگرتوویی دەهێشتەوە، بەڵام ئەوەی لای تۆ جێگرەوەی ئەمەیە پێیدەڵێیت ( هۆشیاریەکی هاوسۆزی) “informiert Empathie”   مەبەستت چییە لە هۆشیاریی هاوسۆزی؟

 

پیتەر سلۆتەردایک:  کولتورێکی گەورەی بە سیاسەت فۆرمکراو یا خود هاوکۆیی دەوڵەتی، دەبێت لانیکەم توانای هاوکارکردنیان پەرەبێدەن، کە ئەمەش بێگومان لە دواجاردا پابەندە بە توانای خەڵک و توانای  پەرەپێدانی هاوسۆزی گشتی  لەگەڵ کێشە هاوبەش و هاکۆییەکانیاندا. ئەم هاوسۆزییە گشتیە و هاوکارییە ئەمڕۆ لە بەرامبەر ئەم پەتا گشتیەدا (کۆڕۆنا) بە ڕوونی دیارە. لێرەوە هۆشیاریەکی هاوسۆزی –  “informiert Empathie” مانای ئەوەیە؛ کە کۆمەڵگەکان سنوورێکی خۆیان هەیە بۆ هاوسۆزی و دیالۆگی هاوبەش. هەربۆیە  پێویستە میدیاکان و تەنانەت لیتراتورەکان (ئەدەبیات) و چەندەها ئامڕازی میدالی دیکە، هاریکاربن لە خوڵقاندنی هەستیاریەکی هاوبەش. لەم کۆنتێکستەدا ئاین دەتوانێن ڕۆڵی لۆجیکی خۆی ببینێت.

 

کەواتە چۆن  بەپێی  (هۆشیاری هاوسۆزیی) دۆخی ئێستا وەک بنەمایەک بۆ یەکخستنەوەی کۆمەڵگە  هەڵدەسەنگێنیت؟ دەتوانیت چەند نمونەیەک لەمبارەیەوە بۆ بێنیتەوە، بێگومان وابەستە بە دۆخی پەتای ئێستا؟

 

پیتەر سلۆتەردایک:  وەک دەبینین کە ( هۆشیاری هاوسۆزیی ) لە قەیراندایە، هێشتا کەمینەیەکی بەرتەسک  هەیە لەئەڵمانیادا کە لەدژی ئەم هاوسۆزییە زانیاریبەخشەیە و دژی ئەم هاوسۆزییە هاوبەشەیە.  لە ئەمریکا لە شێوەی  کەرتبوونێک هەیە لە شێوازی شەڕێکی ناوخۆدا کە کۆمەڵگە بەرەو پەرتبوون دەبات. بەجۆرێک خەڵکی وەها لێ کردووە چیتر خەمی ئەم پەتایەی نەبێت و پێی وابێت؛ ئەم پەتایە دروستکراوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت؛ کە بونیادی کۆمەڵگەکان لە بچوکترین هاوڕایی گشتیدا  لە ژووری هاوسۆزیدا لە قەیراندایە. هەربۆیە مرۆڤ سەیر نییە لامان ڕۆژێک لە ڕۆژان  کۆمەڵگە دڵڕەق و زبرەکان[11] لەڕووی سایکۆپۆلیتکەوە  مایەپووچ بن.

ئایا لێرەدا ئاین فریادڕەس نییە؟

 

پیتەر سلۆتەردایک:  پێویستە نموزەجێکی باڵا لە پارتە ناکۆکەکاندا بوونی هەبێت. قسەکردن دەربارەی مافی مرۆڤ چیتر ئەو کاریگەرییە یونیڤرێسالیەی نامێنێت. بۆنموونە نوێنەرانی خەڵکانی ڕەنگین ( People Of Colour)[12]  ئەمە بە فێڵێکی کۆلۆنیالستی تێدەگەن. سەرکردە چینیەکانیش ئەمە بە سەرنجڕاکێشانێک تێدەگەن بەرەو شیبوونەوەیکەی تاکڕەویانە.

 

چەند ساڵێک لەمەوبەر گووتت؛ ئەم سوستێمە کوێرانە تەنها  کەوتن بەرەو پێشەوە (بەپێشەداکەوتن)[13] دەزانێت. ئەوەی کەیارمەتیمان دەدات بۆئەوەی بە پێشدا نەکەوین ئەوەیە پشوویەک بدەین بین بەوەی ؛ بوەستین، سەیری چواردەورمان بکەین، ڕێڕەوی نوێ بدۆزینەوە… دەتوانین بڵێین قەیرانی کۆرۆنا و بە تۆبزی هێورکردنەوە وەستاندنەکەی دونیا، مانای خاڵە وەرچەرخانە یۆتۆبیەکەیە، کە باست لێوە کردووە؟

 

پیتەر سلۆتەردایک:  کەرەنتینەکردنی زۆملێ مژدەیەکی نوێ بوو بۆ مرۆڤی ئەم وڵاتانە کە جۆرێک لە میدیتاتسیۆن و ڕاهێنانی ڕۆحی و یۆگای خۆنەوسیت بکەن. بێگومان دەوڵەت لێرەدا مامۆستا ڕۆحییەکە (زین مایستەر) نییە، چونکە خەڵک چاوەڕێی دوای سەری ساڵ دەکەن بۆئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پڕ هەرای جارانیان، چونکە هەموو دونیا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی. چەند ڕۆژێکی تر پێشبڕکێی ڤاکسین لەخۆدان دەستپێدەکات. لێرەوە ئەوانەی کوتراون بێ ئۆقرەن بۆ ئەوەی دیسانەوە دەستبکەنەوە بە ژیانی پێشوویان کە پێی ڕاهاتوون و کاری پێشوویان دەستپێبکەنەوە. مرۆ نازانێت کەی ئەم یاسای ئارامبوونەوەیە کۆتایی پێدێت.

 

مرۆ ناشزانێت خواوەندە نوێیەکان  لەکوێوە دێن؟

گەر خواوەندە نوێیەکان لە ئاگردانەکانەوە بێنەدەرێ، ئەوا دەمێک بوو لێرە بوون. مرۆڤ  ناتوانێت  لەجیاتی توێکاری هەوایی دەوری زەوی،  کاربۆن دایکۆسید  CO2   بکاتە خواوەند. لەوانەیە هەستیاریەکی ژینگەیی کۆلێکتیڤ و هاوکۆمەڵی دوا ئاین بێت لەم دونیایەدا، کە لەڕێگەیەوە یەکەم گەیشتووە بەهەموو کەس. لێرەوە کافرکردنی ئەمە پێشبینی زەمەنێکی سەختمان نیشاندەدا.

تەواو

 

سەرچاوە:

https://www.augsburger-allgemeine.de/kultur/Peter-Sloterdijk-Eine-Klimareligion-als-letzte-Weltreligion-id58776681.html

پەراوێزەکان:

 

[1] لێرەدا  سڵۆتەردایک مەبەستی ئەوەیە “ مرۆڤ بونەوەرێکی خوداییە“ وەک چۆن ئاینەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. یاخود وەک چۆن لە کریستیانیەتدا هەیە کە لەدایکبوونی مەسیح لەدایکبوونی کوڕی خوایە و ئەو وەک مرۆڤ خوایە.

[2]  کولت  Kult  یان کولتورچکە دەتوانرێت وەک کولتورێکی بچوک و نەریتێک لێی بڕوانین کە گروپەکی ئاینی یان زۆرجار گروپێک لە مرۆڤ پەیڕەوی دەکەن. دەکرێت ئاهەنگ و بۆنەی تایبەت بێت، یا خود جۆرەک جلی تایبەتی ڕەمزی بێت.

[3]    زانستی لەدایکبوونی منداڵ و گەشەکردنی منداڵە و دەچێتە بواری پزیشکی منداڵانەوە.

 

[4] سلۆتەردایک لێرەدا مەبەستی لەدایکبوونی پێغمبەرەکانە، کە وەک پاڵەوان لەدایک دەبن بۆ ڕزگارکردنی جیهان.

[5]  مەبەستی حەزرەتی موسایە، کە وەک مەلۆتکەیەکی نێر دەخرێتە ناو بەلەمێکی بچوک، بۆئەوەی لە بڕیاڕی فیرعەونی میسر قوتار بێت، کە بڕیاری دابوو هەموو مەلۆتکەیەکی نێر سەرببڕن، چونکە لە خەویدا مەلەتۆکەیەک دەبێتە ئەو کەسەی کۆتایی بەفەرمانڕەوایی  ئەو  دێنێت.

[6] سلۆتەردایک  ئاماژە بە هەستیاری موسوڵمانان و ئاینەکانی تر دەکات، کاتێک کاریکاتێرێک یان کارێکی هونەری نمایشدەکرێت و ئاینخوازان هەستدەکەن بەوە هەستیان بریندار بووە.

[7]  دەوڵەتی کۆمەڵایەتی (دەوڵەتی سۆسیال ) ئەو فۆرمەیە لەدەوڵەت کە ژیانی مرۆڤ لەبنەما سەرەکیەکانی پێداویستی و مافەکانی جێگیرە. جگە لەچەسپاندنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان پرسی ئازادی پابەندە بە کەرامەتی مرۆڤەوە. کەرامەتی مرۆڤیش مانای ئەوەیە لانیکەمی ژیانی بۆ دابین بکەیت لە کاتی پێویستیدا؛ مافی نیشتەجێبوون،بی مەی بەکاری، بیمەی کۆمەلایەتی، مافی دایکە تەنهاکان، مافی پیران و مافی ژنیگە و ئاژەڵان… و زۆریتر دەوڵەت دابینی دەکات. بەمەش ڕۆڵی خێرخوازی و خێرکردن بە ئەویتر کە کولتوری ئاینیە لە کزبووندایە.

[8] کاری کۆمەڵایەتی یان (خزمەتی کۆمەڵایەتی) لقێکی زانستیە لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان کە کار لەگەڵ بارە کۆمەڵایەتیەکان دەکات وەک (ئالوودەیی بە مادە هۆشبەر و کحولیەکان، کێشە کۆمەلایتیەکان، کێشەی پیران و گەنجان و دایکانی تەنها …. هتد) و ئەوانەی لەو بوارەدا کاردەکەن پێیاندەڵێن (کرێکاری کۆمەڵایەتی) کە لەم بوارەدا بڕوانامەی جۆراوجۆریان هەیە.

[9]  حزبی کریست دیموکراتی ئەڵمانیا CDU  حزبەکەی (ئەنگێلا مێرکل)ە. هەروەها حزبی سۆسیال کریست CSU  کە حزبێکە  زۆرینەی لە ناوچەی بایەرە (باڤاریا) کە پایتەختەکی میونشنە. ئەم حیزبە دەستەخوشکی کریست دیموکراتەکانە.

[10]  کۆماری ڤایمار ١٩١٨ – ١٩٣٣  یەکەمین کۆماری ئەڵمانی یەکگرتوو و خاوەن پەڕلەمان، لەگەڵ  سەرکەوتنی نازیەکان (ناسیونال – سۆسیالیزم) لە ١٩٣٣ پەڕلەمان هەڵوەشایەوە و نازیەت حکومی کرد تاوەکو کۆتایی جەنگ لە ١٩٤٥.

 [11]  کۆمەڵگە زبر و ڕەقەکان Die zerklüfteten Gesellschaften  دەشێت کۆمەڵگەی کوردی ئێستا بەمجۆرە کۆمەڵگەیە پێناسەبکرێت، کە لەڕووی پسیخۆپۆلیتک، یان با بڵێن سایکۆسیاسیەوە مایەپووچی خۆی ڕاگەیاندبێت. بەوەی (هۆشیاری هاوسۆزی) و هاوڕایی گشتی لە نێوان کۆمەڵگە  خۆیدا و لە سیاسەتدا بوونی نییە و لە دژایەتیدا دەژی.

[12]  خەڵکانی ڕەنگین People of Colouer ئەوانەن کە سپی نین. چیتر تەوژمی نوێی  ڕەشپێست لە ئەمریکا و جیهان ناوی (ڕەش) یان (قوول – نیگرۆ – نیگە) یان قبوڵ نییە. بەڵکو تەوژمی نوێی دژی هەژموونی سیاسی و ڕەگەزپەرستی (مرۆڤی سپی) یە کە ڕەمزە بۆ داگیرکردن و کۆلۆنیالیکردن و کۆیلەکردنی  مرۆڤی دەرەوەی خۆی.

[13] ڕووخان بۆ پێشەوە – بەپێشداکەوتن – Sturz nach vorn  – لێرەدا سلۆتەردایک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەمکەی لە بەشی چوارەمی کتێبە گرنگەکەی (منداڵە ترسناکەکانی نوێکات –  Die schrecklichen Kinder  der Neuzeit) دا باسی لێدەکات، بەوەی مێژووی مۆدێرنە هیچیتر نییە جگە لە  کەوتنێک نەبێت بەرەو پێشەوە. دەشێت جەنگی جیهانی یەکەم ئەو کەوتنە بێت کە دەرئەنجامی پێشکەوتنی زانستی سەدی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستی مۆدێرنە بێت. ئیمپریالیزم دەرئەنجامی گەشەکردنی سەرمایە و زانستە بەڵام کەوتنە نەک بۆ دواوە، بەڵکو بۆ پێشەوە، بەمانای بە پێشدا کەوتنە.

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌