دەربارەی هەڵبژاردنی سێکسی (ڕەگەزی) کۆرپە ونەریتی لەباربردنی منداڵی کچ
توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان زۆر لەپێش لەدایکبوونیانەوە دەستپێدەکات. کۆمەڵگەی پیاوسالاری سەردەم، بایەخێکی زیاتر دەدات بەکۆرپەی نێر وەک لە مێ. لە یەکەم ڕۆژی دروستبونیانەوە مێینەکان دەرگیری جەنگی مان ونەمان دەبنەوە وهەندێکجار هەر لەسەرەتاوە لەباردەبرێن- تەنها لەبەر ئەوەی مێن!. کۆرپەی مێ دوای لەدایک بونیشی ولەگەڵ گەورەبونیدا، هەمو ڕۆژێکی ژیانی پلە دوویی خۆی دەبینێت وبە درێژایی تەمەنی ڕۆژانە دیاردەی توندو تیژی وهەڵاواردنی سێکسی دەبینێت بەرامبەر خۆی وهاو ڕەگەزانی. توندوتیژی بەرامبەر ڕەگەزی مێ، ئەگەر بە شێوەیەکی ئاشکراو زەقیش نەبێت، چەندین شێوازی شاراوەی هەیە بە جۆرێک ئەم کردەوانە وەک نۆرمی لێهاتووە، لەکاتێکدا پێشێلردنی سەرەتایترین مافەکانین وەک مرۆڤێک؛
(بەهۆی “نایەکسانی نادیارەوە” ساڵانە ٢٤٠ هەزار کچی خوار تەمەن ٥ ساڵ لە هیندستان دەمرێت) ئەمە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی گۆڤاری لانسێتی بەریتانی بو لە ٢٠١٨دا. زۆربەی ئەم مردنانە بە هۆی پشت گوێ خستنی پێداویستیە سەرەکیەکانیانە وەک خواردنی باش وتەندروستی وخوێندن.. هتد. ئەم لێکۆڵینەوەیە وچەندین ئاماری تر نیشانیدەدات منداڵی کچ کەمتر خواردنی پێ دەدرێت وخواردنی باش وسوودبەخش زیاتر دەدرێت بە کوڕان، وکچ کەمتر دەبرێت بۆ لای پزیشک وهەلی خوێندن و گەشەپێدانی وەک منداڵێک کەمتر پێ دەدرێت وەک لە کوڕ.
باڵادەستکردنی کوڕان بەسەر کچاندا لەلایەن دایک وباوکانەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وباشووری ئاسیا وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چین وباکوری ئەفریقا دا زیاتر باوە. هۆکارەکانی ئەم جیاوازیە دەگەڕێتەوە بۆ توانایی داهاتی زیاتر (بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کشتو کاڵیدا)، لەو کۆمەڵگانەدا کوڕ “ناو”ی خانەوادە دەهێڵێتەوە وبەخێو کردنی دایک و باوک لە پیری ونەخۆشیاندا دەگرێتە ئەستۆ. منداڵی کچ “بارە” بەسەر خانەوادەکەوە چونکە هەلی کاری دەرامەت بەرزی کەمترە لە کوڕ وتێچوی مارەیی ودۆری -جیهازی قورساییە بۆ سەر خانەوادەکە، وبەتایبەتی ئەوەی کە دوای هاوسەرگیری کچ دەگوێزرێتەوە بۆ لای خانەوادەی مێرد لەبەر ئەوە کە گەورەش بوهیچ سودێکی ئابووری نابێت بۆ دایک وباوکی خۆی، کەواتە بە ڕای ئەو خانەوادانە مەسرەف کردن لەسەر منداڵی کچ بە زایە دەڕوات. هەر بەم پێیەش تا زووتر “بدرێت بە شوو” باشترە. ئینجا دووبارە ئەم کچە منداڵانە کە دەرگیری هاوسەرگیری دەبن دەکەونە ژێر فشاری منداڵ بون وئەرکی بەڕێوەبردنی خانەوادەو منداڵ بەخێو کردن ودڕندایەتی کۆمەڵگای پیاوسالار، کە هیچ بایەخێک بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی ئەوان دانانێت.
منداڵی کچ دەبیستێت بە دایکو باوکی دەوترێت “خوا کوڕتان باتێ”، “بە دایکی کوڕان بیت”، “خۆزگە کوڕێکیشتان ببوایە” وەک ئەوەی هاتنە دنیای ئەو هەڵەیەک بوبێت ودەبێت چاک کرێت. پێشوازی نەکردن لەمنداڵی کچ ولەباربردنیان نەریتێکی کۆنی زۆربەی کۆمەڵانی دنیایە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پیاوسالاریەوە، نەک هەر منداڵی کچ بێ بەها سەیر دەکرێت بەڵکو دایکەکەش دەکەوێتە ژێر فشارێکی دەرونی یەکجار زۆرەوە بۆ ئەوەی کوڕی ببێت.
ژن تاوانبار دەکرێت بەوەی کە “کوڕی نابێت”، لەکاتێکدا ئەمە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، چونکە ئەوە کرۆمۆسۆمەکانی پیاوە (ئێکس-وای) کە سێکسی مناڵەکە دیاری دەکات نەک هی ژن (ئێکس-ئێکس). هەندێ جار ناچار دەکرێت منداڵە کچەکەی لەباربەرێت، زۆر جار بە شێوەی نا تەندروستی وبەکارهێنانی ئامڕاز ودەرمانی خۆماڵی کە لەوانەیە ژیان وتەندروستی بخاتە مەترسیەوە. ئەم ژنانە دەرگیری توندو تیژی دەبن، زۆرجار دەبێتە هۆی تێکچوونی خانەوادەکە وپیاوەکە ژنی دووهەم و سێهەم دەهێنێت تەنها بۆ ئەوەی کوڕیان ببێت. نەک هەر ژیان و ئاسوودەیی ئەم دایکانە تێک دەچێت بەڵکو کۆمەڵگە زۆر بە بێ بەزەییانە پلە وپایەی کۆمەڵایەتیان نزم ڕادەگرێت وەک ئەوەی ژنەکە تاوانێکی گەورەی کردبێت.
هەرچەندە ئاماری ڕەسمی نییە یان زۆر کەمە لەسەر ڕێژەی هەڵبژاردنی سێکسی کۆرپەکان ویان لەباربردنی کوڕ یان کچ وژن بەسەر هێنان وپاڵپێوەنەرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیراق وکوردستان، لەژیانی واقیعیدا نموونە زۆرە کە پیاو ژنێکی تر دەهێنێت لەبەر ئەوەی ژنەکەی “کوڕی نابێت” بەڵام پێم وانیە یەک نمونەی پێچەوانە هەبێت!
لە ئیراق وکوردستان لەژێر سایەی ئیسلامی سیاسیدا پیاوسالاری هێزە ناسیۆنالیستەکان و چەندین دەیە لە شەڕ و نائارامی ناوچەکە، کە چەوسانەوەی ژن ومنداڵ بە ڕادەیەکی ترسناک پەرەی سەندوە بە تایبەتی لە ٢٠٠٣ بەدواوە، وبەتایبەتی کچی منداڵ بۆتە قوربانی نەبینراو و دەنگ نەبیستراوی ئەم هەلومەرجە، بە زیندو کردنەوەی دواکەوتوترین دابونەریتی وەک هاوسەرگیری منداڵی کچ (زواج الصغیرات)، خەتەنەی کچان، حیجاب پۆشینی منداڵان وکوشتن بە ناوی شەرەف (غسل العار). بێگومان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش کڕین وفرۆشتنی کچانی گەنج ومندال، لاقەکردن و چەندەها تاوانی تری بێ وێنە، ژیانی کردۆتە دۆزەخیکی تەواو بۆ کچ و ئەوەندەی تر کەوتۆتە پەراوێزەوە.
خورافە وتەکنۆلۆژیا و ناشرینکردنی ڕەگەزی مێ
تا ئیستا هیچ ڕێگەیەکی زانستی نیە لەسەر چۆنیەتی دیاری کردنی ڕەگەزی کۆرپە پێش دوو گیانی بوون. لەگەڵ ئەمەشدا وبەمەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانیان (کەلە بنەڕەتدا خواست و فشاری کۆمەڵگایە) جووتەکان پەنا دەبەن بۆ هەندێک ڕێگای نازانستی وکولتوری وەک پەیڕەو کردنی سیستمێکی خواردنی تایبەت، یان جووت بون لە کاتێکی دیاریکراوی مانگەکەدا، و یان بەکار هێنانی خشتەی چینی.. هتد. هیچ کام لەم ڕێگانە بنەمای زانستی نین وبە هیچ جۆرێک نەسەلمێنراون.
لەمێژوشدا نەریتی سەیرو سەمەر هەبووە، بۆ نمونە یۆنانیەکان پییان وابووە کۆرپەی نێرینە لای ڕاستی پیاوەکە هەڵگیراوە ومێینە لای چەپ، وبەم پێیە پیاوی یۆنانی گونی لای چەپیان دەبەست بۆی ڕێگە بە دروستبوونی کۆرپەی مێ بگرن. پیاوی هیندی بەتوندی گونی لای چەپیان دەگرت لەکاتی جووتبووندا بۆ هەمان مەبەست. پیاوانی فەڕەنسا هەر بە یەکجاری گونی چەپیان دەردەهێنا بۆئەوەی بەهیچ شێوەیەک فرسەتی دروست کردنی مێیان نەبێت. لە تایوان پێیان وابوو هاوسەرگیری پیاوی قەڵەو و ژنی لاواز مێینەی لێ دەبێتەوە وبە پێچەوانەشەوە. کەسانی تر پێیان وابووە پەیوەندی کردن لە ڕۆژانی تاکدا مێینە دروست دەکات و ڕۆژانی جووت نێرینە.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوەوە، مەسەلەی دیاری کردنی ڕەگەزی کۆرپە بوە شوێنی لێکۆڵینەوەی زانستی وبەم پێیەش، وبەتایبەتی لەو کۆمەڵگانەی کە پیاوسالاری تیا زاڵە وەک زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وچین وهیندستان.. هتد بەکاڵاکردن و بازرگانی کردن بەم پرۆسەیەوە پەرەی سەند. سەدان کلینیک و نەخۆشخانەی تایبەتی پەیدا بون ودایک وباوکان هەلی “هەڵبژاردەی” دەست نیشان کردنی سێکسی کۆرپەیان پێش پیتاندن ودوای پیتاندن بۆ کرایەوە. زانست و تەکنۆلۆژیا خرانە خزمەت بەردەوام پێدانی ئەم نەریتە دواکەوتوە کۆمەڵایەتیە کە دژی مافی منداڵ و ژنە بە پلەی سەرەکی.
