سەباح ڕەنجدەر، سەرزەمینی هەموو ناوەکان، دیوانی شیعری، ٢٠٢٣ بڵاوکراوەکانی کەپر.

سیستەمی پێکهاتەی هێمای وێنەسازی لە شیعری [دەنگ]ـی [سەرزەمینی هەموو ناوەکان]ـی سەباح ڕەنجدەردا


Loading

سیستەمی پێکهاتەی هێمای وێنەسازی

لە شیعری [دەنگ]ـی [سەرزەمینی هەموو ناوەکان]ـی سەباح ڕەنجدەردا

 

پێشەوا کاکەیی

ئۆنتۆلۆژی لە بنەڕەتدا چەمکێکی فەلسەفییە، بەدواداچوون بۆ سەرچاوە یان چوارچێوە و پێکهاتەی جیهان دەکات. ئەو زاراوانەی پەیوەستن بە ئۆنتۆلۆژیاوە، بریتین لە: [کەتوار، ماددە، بوون، خود، کڕۆک، سرووشت، بنەچە و هتد…] ئەم وشانە هەموویان ئاماژەن بۆ بوونی جیهان و ئاڕاستەی گەڕان. ئەم شیعرەی سەباح ڕەنجدەر، کە ناوی [دەنگ]ـە لە کتێبی [سەرزەمینی هەموو ناوەکان]ـدا، لێرەدا وەک خودی شیعر ئامادەیە تا مانای «بوون» و «خود» و «ڕاستی» وەربگرێت. بە پێی ئەمەیش وا دادەنرێت کە شیعر سیستەمێکی سیمبوولی وێنەیی سەربەخۆ و خۆبژێوییە و تێکەڵبوونی پێکهاتەی وێنەیی و پێکهاتەی ناوێنەیی خودی شیعرەکە پێک دەهێنن. وێنەسازی لە زمان گەورەترە و لە زمان باڵاترە، وێنەسازی لە ڕواڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت و ئامانجی کۆتایی جووڵەی وێنەسازی درووستکردنی دۆخێکی شیعرییە.

زۆر جار مرۆڤەکان خەبات دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێکی لەو جۆرە: شیعر چییە؟ بە ڕاستی ئەمە کێشەیەکی هونەرییە و وەڵامدانەوەی قورسە، بەڵام دەبێت وەڵام بدرێتەوە. هەزاران ساڵە شاعیران و فەیلەسووفان لە کۆن و نوێی ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەوڵیان داوە بە گوتەی خۆیان وەڵامی بدەنەوە، لەدوای تیۆری «لاسایی»ـی ئەرستۆ، زیاتر لە هەزار لێکدانەوە بۆ مانای ڕەسەنی شیعر کراوە؛ بەڵام هەر ڕوونکردنەوەیەک جێگەی ڕەزامەندی نییە و بە گشتی لە لایەن خەڵکەوە قبووڵ کراوە. بوون پێش کڕۆک دەکەوێت و پێدەچێت ئەم گەڵاڵە بوونگەراییە لە شیعردا نمایش بکرێت کە بەرهەمی ڕۆحی مرۆڤەکانە. بەردەوام شیعر وەک میوە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئەوەی شیعر هەیە هێشتا مرۆڤ سەرلێشێواو دەکات و مۆزەکەیش هەمیشە ئامادە نییە، ڕەنگە ڕاستەقینەکانی خۆی ئاشکرا بکات. شیعر، وەک جیهانی گەورە، نهێنییەکی ڕوون نەکراوەیە.

سەرەڕای ئەوەیش، لێکدانەوه جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگەکانی کڕۆکی شیعر و قسه ناوازەکان، هەموویان هونەری شیعر دەوڵەمەندتر دەکەن و خەڵک دەبات بۆ نزیکبوونەوه له کڕۆکی شیعر؛ بەڵام کاتێک زیاتر لەم لێکدانەوەیانە دەکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم لێکدانەوەیانە بۆ شیعر هەمیشە لە خودی شیعرەکە جیا دەکرێنەوە. هەندێک لە پەیوەندی نێوان شیعر و کەتوارەوە دەست پێ دەکەن و پێیان وایە شیعر «ڕەنگدانەوە» و «دەرکەوتنەوە»یە؛ هەندێکیان لە شیعر و ژیانەوە دەست پێ دەکەن و پێیان وایە [شیعر وەرگێڕانی ژیان و شێوازی ژیان]ـە؛ هەندێک پێیان وایە [شیعر بەرهەمێکە لە حیکمەت و جیهانێکی خەیاڵی و سیستەمێکی بەهای درووستکراوەوە]؛ هەندێکیشیان لە شیعر و هەست و سۆزەوە دەست پێ دەکەن و پێیان وایە [شیعر هەستکردنە و تۆفانێکی هەستییە.] ئەم جۆرە لێکدانەوەیانە، ئەوەندە ورد و ناوازە و قووڵن، بەڵام دەبێت بڵێین تێبینییەکی دوورن لە دەرەوەی شیعرەکەوە!

چونکە ئەو قسانەی سەرەوە ئەوەندە ڕوونکردنەوە نییە بۆ شیعر، بەڵکوو لێکۆڵینەوەیە لە بابەتگەلێکی جۆراوجۆری پەیوەست بە شیعرەوە، یان پەیوەندی نێوان شیعر و ئەوانی دیکە. ئایا دەکرێت ڕزگارمان بێت لەو بەدواداچوونانەی سەرەوە لەسەر سەرچاوە و ناوەرۆک و کارکرد و بنەما دەرەکییەکانی تری شیعر و وەڵامێکی نزیکتر بدرێتەوە؟ بە ڕاستی ئەگەر لێک نزیک ببینەوە، سەرەتا دەتوانین بۆمان دەرکەوێت کە شیعر لە هەندێک وشە یان هێمای زمان پێک هاتووە. ئەگەر هەنگاوێک زیاتر بڕۆین و لە توێکڵی وشەکان یان هێماکانی زمان تێپەڕین، ئەوا ئەوەی بەرکەوتەی لەگەڵدا دەکەین وێنەن. بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە شیعر لە وێنەوە دەست پێ دەکات و وێنەکان تا کۆتایی دەڕوات. ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە بە دوور بگرین کە شاعیر کاتێک دەچێتە ناو چەمکەوە، سەرەتا دەست بە وێنەوە دەگرێت؛ لە پڕۆسەی درووستکردندا ئەوەی کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، وێنەکانن، کاتێک کارەکە تەواو بوو، وێنەیەکی هێمن! بیرکردنەوەی وێنەیی تەواوی پڕۆسەی درووستکردنی شیعر پێک دەهێنێت.

هەروەها ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە بە دوور بگرین کە خوێنەران کاتێک شیعر دەخوێننەوە، سەرەتا بەرکەوتنیان لەگەڵ وێنەکاندا دەبێت و لە لایەن وێنەوە ڕێنمایی دەکرێن بۆ ناو جیهانی جوانیناسیی شیعر. بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە شیعر لە زنجیرەیەک وێنە پێک هاتووە، تێکەڵکردنی وێنەکان، گەشەسەندوویی و گۆڕاوی شیعری پێک هێناوە. ئەمە حاڵەتی بوونی شیعرە، واتە کەتواری شیعر! بێگومان ڕێژەی وێنەسازی لە هەموو شیعرێکدا وەک یەک نییە. بە پێی ڕێژەی پێکهاتەکانی وێنەسازی، شیعر بە وردی دابەش دەکرێت بەسەر دوو بەشدا؛ جۆرێکی شیعر بە تەواوی لە وێنەسازی پێک هاتووە، جۆرێکی دیکەی شیعر لە پێکهاتەکانی وێنەسازی لەگەڵ پێکهاتە ناوێنەییەکان پێک هاتووە.

ئەو دوو بارودۆخەی سەرەوە، دەتوانین ڕوونی بکەینەوە کە پێکهاتەی بنەڕەتیی شیعر وێنەسازییە. لە شیعرێکدا وێنەسازی شتێکی حەتمییە و پێویستە زاڵ بێت. تا توخمە وێنەییەکە زۆرتر بێت، توخمە شیعرییەکە تەواوتر دەبێت. بۆیە پێکهاتەی وێنەییش پێکهاتەیەکی کڕۆکی شیعرە. کەواتە، دەبێت بیر لە چی بکەینەوە دەربارەی توخمە ناوێنەییەکانی ناو شیعر؟ پێکهاتە ناوێنەییەکانی ناو شیعرەکە لە پێکهاتەکانی وێنەیەکەیەوە وەرگیراون و پێکهاتەی لاوەکی وێنەکانن. ئەرکەکەی بریتییە لە ڕوونکردنەوەی مانای وێنە، ملکەچی وێنەکە، درێژکردنەوە و فراوانکردنی وێنەکە و لە خۆیدا هیچ سەربەخۆیییەکی نییە. بۆیە لە شیکاری کۆتاییدا، تەنانەت ئەو شیعرانەی کە لە وێنە و جگە لە وێنە پێک هاتوون، هێشتا دەتوانرێت وەک سیستەمێکی پێکهاتوو لە وێنە سەیر بکرێن. لێرەوە دەتوانین بڵێین: شیعر بریتییە لە پێشکەشکردنی زنجیرەی هێماکانی وێنە. ئەمە دەربڕینێکی دینامیکییە. دەربڕینی ئیستاتیک ئەوەیە: شیعر سیستەمێکی هێمای وێنەیی سەربەخۆ و خۆبژێوە. ئەوەی پێی دەگوترێت خۆبژێوی، واتە خودی سیستەم تەواو و ژیانی خۆی هەیە.

لێرەدا ئێمە شیعر وەک «سیستەمێکی هێمای وێنەیی» سەیر دەکەین و پێمان وایە شیعر تێکەڵەیەک لە هێماکانی وێنەیە، کە تەواو جیاوازە لە سەیرکردنی شیعر وەک «هونەری زمان» کە تێکەڵەیەک لە وشەی ئاساییە. ئەو دوو تێڕوانینە نەک هەر جیاوازیی ناسینی خودی شیعرەکە دەر دەخەن، بەڵکوو تێگەییشتنی جیاوازی سیفەتی شێوازی بیرکردنەوەی شیعرەکەیش نیشان دەدەن. تیۆری «سیمبولی وێنە»، شیعر دەخاتە پۆلی بیرکردنەوەی هونەریی، لە کاتێکدا تیۆری «هونەری زمان» شیعر دەخاتە خانەی بیرکردنەوەی ناهونەریی، چونکە وێنەسازیی شیعری سرووشتێکی تەواو جیاواز لە زمانی ئاسایی ڕۆژانەی هەیە. هێمای وێنەیی ڕاستەوخۆ لە لایەن شاعیرەوە هەستی پێ دەکرێت، هەستکردنی تاکەکەسی و پاتبوونەوەیە، بەرهەمی دەربڕینی هونەرییە کە بە هەستی شاعیرەوە دەجووڵێت و تایبەتمەندی درووستکراوێکی کەسایەتی هەیە. لە زمانی گشتیدا، ئەو بابەتەی کە وشەکان ئاماژەی پێ دەکەن، بابەتێکی دەرەکیی بابەتییانەیە کە بوونی هەیە، بۆیە وشەکان بابەتیەت و ڕاستەوخۆی ئاماژەکانە. لێرەوە بۆ وێنەسازی دەچینە ناو شیعرێکی دەنگسازییەوە، کە سەباح ڕەنجدەر لە ڕێی ناونیشانی شیعری [دەنگ]ـەوە کە ناونیشانێکی سەرەکییە و کۆمەڵێک ناونیشانی دەنگی وێنەیی لە خۆ گرتووە لە خۆیدا کۆ کردوونەتەوە. ئەگەر سەیری شیعری [برین و بڕین]ـی ناو [دەنگ] بکەین، دەبینین کە هەم لە دەنگسازی و هەمیش وشەسازییدا کاری کردووە و بووەتە هەڵگری «وێنەسازیی دەنگسازی و وشەسازی» کە وێنەسازیی وشەسازی و وێنەسازیی دەنگسازی لە تایبەتمەندییەکانی شیعرە.

(برین دەڵێی مانگی پڕە بەسەر ڕێگای نیوەچۆڵ کراوەتەوە

دەست بەسەر دژوارییەکان دادەهێنێ و پەنجەی گەرم دەبن

گەرمایی پەنجە گۆرانیی هێمنی و بیرەوەریی زەوییە

بە سوپای دۆڕاو شەڕ ناکات

                        ***

بڕین بەسەر زەوییەکی پڕ مردوو بە دواتدا دێ

بڕوای بە ڕۆیشتن نامێنێ و دەرگات لەدوا دادەخا

چرای سێبووریت دەکوژێنێتەوە

بە دەنگێکی برووسکەدار دەتخاتە چاوەڕوانییەکی ساردەوە[1])

 

وەک دەبینین، شاعیر گەمەی وێنەسازییەکەی بۆ ئەوەی پێکهاتەسازییەکەی دەەر بکەوێت، لە ڕێی دەنگسازی و وشەسازییەوە ئەنجامی داوە. لەم ڕێیەوە، جگە لەم گەمەیە، گەمەی ماناسازییەکەیشی پێچەوانە کردوونەتەوە. شاعیر گەمەکەی لە ڕێی «تاک پیتییەوە» هێماسازییەکەی پێ ئەنجام داوە نەک لە ڕێی «هێماکانی خاڵبەندی و ڕستەسازییەوە» سیستەمی هێمای پێکهاتەی وێنەسازیی خوڵقاندبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، شاعیر هاتووە ئەم «برین» و «بڕین»ـە کە لە ڕێی پیتی «ر، ڕ»ـیەوە خوڵقاندوویەتی، «ساردی و گەرمی»ـی داوەتە پاڵ شیعرەکە. لە بەشی یەکەمدا کە برینە، شوێنی وەک جیهانێکی گەورەی داناوە کە ئاماژە بۆ گشت پەنجەکان بکات. ئەم پەنجە پڕ لە ئاماژانە، ئاماژەن بۆ ڕێگاکان تا بە کراوەیی بهێڵێتەوە. لەم کرانەوەیەدا، شاعیر شوێن و گفتوگۆ دەبەستێتەوە بە ئازارەوە لە ڕێی جەستە و ڕۆحەوە. بێ ئەوەی ناوی ئازار بهێنێت، برین شوناسی ئازارە. مانگ دەکاتە قەبارەی شوێن لە ئازاردا. لەوەوە زۆر بە ئاگاییانەوە زەوین پڕ دەکات لە یادەوەریی ڕۆح و جەستەی مرۆڤ. بۆچی؟ تا لە پێکهاتەی دووەمی شیعرەکەدا کە «بڕین»ـە، وێنەسازییەکە تەواو بکات. یانی شیعرێکە دوو وێنەی تێکەڵاوکراوە. لە بەشی «بڕین»ـدا، شوێنەکە هەرچەند گەورەتر بێت پێچەوانە دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی خودی بڕین، شتەکان دەوەستێنێت یان پێچەوانەیان دەکاتەوە. بۆیە لە ڕێی پێچەوانەکردنەوە، وێنەی دووەمی پێکهاتەسازییەکەی کە دەنگسازییە، وێنەسازی لە شیعرەکەدا تەوا دەکات. لە بەشی یەکەمدا، گەرمی کۆی شیعرەکە داگیر دەکات و لە بەشی دووەمدا ساردی پێکاتەکەی تری شیعرەکە داگیر دەکات. ئەمەیش سیستەمی پێکهاتەی وێنەسازیی شیعرە، تا بنەمای خۆی جێگیر بکات لە شیعردا.

ئەگەر لە ڕووی ئاگایی و زمانییەوە لەم شیعرە بڕوانین، دەبینین کە بەرهەمی تێکەڵبوونی خودێتی و بابەتە، ئاماژەیە بۆ چەمکی بابەت نەک خودی بابەتییانە، بۆیە خودێتییەکی بەهێزی هەیە. لە زمانی ئاساییدا، نیشاندانی مانای وشە ڕوون و تاکە، ئەگەر نا، ناتوانێت ئەرکی گەیاندنی بیرۆکەکان بگێڕێت. بەڵام وێنەسازییەکەی دەوڵەمندە و فرەماناییە، هەوڵ دەدات خۆی لە دەربڕینی تاک و ڕاستەوخۆ بە دوور بگرێت. هەرچەندە لە شیعرەکەیدا لە شێوەی وشەدا دەردەکەوێت، بەڵام ڕوونی و دڵنیایی وشەکانی نییە. بۆیە وێنەسازی لە زمان بەرزترە، سەربەخۆتر و ژیانییە. لە ئەزموونی جوانیناسیی هونەردا زۆر شت هەیە کە بە وشە گوزارشتکردنیان قورسە. لەناو ئەو چێژە جوانیناسییانەی ستاییش نەکراون کە تێگەییشتوون بەڵام تێنەگەییشتوون، گرنگ نییە بە چ زمانێک بۆ ستاییشردنی بە کار بهێنرێت، پێدەچێت بێتوانا بێت. لە شیعردا دەبێت بڵێین کەتواری دەستبەجێی وێنەسازییە نەک زمان، یانی شیعر «زمانی وێنەیی» بە کار دەهێنێت نەک زمانی وشەیی.

شاعیر لە تەواوی ناونیشانی سەرەکی [دەنگ]ـدا، ناونیشانە لاوەکییەکانی تریشی بەستوونەتەوە بە هونەری وێنەسازییەوە، هەر لە [برین و بڕین؛ بۆر و بۆڕ؛ گۆران و گۆڕان؛ بر و بڕ؛ کەر و کەڕ؛ وەرین و وەڕین؛ هەڵکران و هەڵکڕان؛ باراندن و باڕاندن؛ فریو و فڕیو؛ سوور و سووڕ] کە (١٠) ناونیشانی شیعریی دەنگسازی و وشەسازییە، لەسەر یەک بنەمای سیستەمی پێکهاتەی وێنەسازیی کاری کردووە کە گۆڕانی تاک پیتیی «ر، ڕ»ـێیە.

ئەمەیش ئەوە لای شاعیر دەر دەخات کە وێنەسازی، یەکەی بنەڕەتیی هونەری شیعرییە. شاعیر کاتێک دەچێتە ناو چەمکی داهێنەرەوە، وشە بە کار ناهێنێت وەک خودی وشە، بەڵکوو وێنە بە کار دەهێنێت، هەر وەک چۆن نیگارکێش هەمیشە بە ڕەنگ و هێڵ و شێوە بیر دەکاتەوە و مۆسیقاژەنیش هەمیشە بە مۆسیقا بیر دەکاتەوە. تێڕوانینی لاسایی ئەوەیە کە (شیعر) هونەری زمانە نەک هونەری وێنەسازی، بۆیە گوتەکانی وەک «جوانی زمان لە ڕەنگدا» و «جوانی نیگارکێشان لە زماندا» هەن، ڕاستییەکەی زمان هەیبووە هیچ ڕەنگێک بە هیچ شێوەیەک نییە، تەنیا وێنەکان ڕەنگیان هەیە. بۆیە شیعر بە «کڕۆکی زمان» یان «بەرزترین هونەری زمان» ستاییش بکرێت، نە دەتوانێت بوونی ڕاستەقینەی شیعر ڕوون بکاتەوە، نە دەتوانێت کڕۆکی شیعر ڕوون بکاتەوە. ڕاستە شاعیر لە شیعری دەنگدا لە ڕێی «برین» و «بڕین»ـەوە، پشتی بە وشە بەستووە، بەڵام لێرەدا پێکهاتەی دەنگسازیی ئاڕاستەی وێنەسازیی وشەسازییەکە دەگرێتەبەر. واتە ئەرکی وشەکە پەیامی گەیاندنی وێنەسازییەکە بووە نەک خودی وشەسازییەکە. ئەگەر پێویست بوو بڵێین: (شیعر)، «هونەری زمانە»؛ زمانیش بۆ چوونەناو (شیعر) دەبێت پشت بە وشەکان ببەستێت، کەواتە دەکرێت بڵێین: (شیعر) هونەری وشەکانە؟ دیارە ئەمەیش نائەقڵانییە، ئەدەب «هونەری نووسین» نییە، نووسینیش تەنیا تۆمار یان هەڵگری ئەدەبیاتە.

ئەگەر سەیری شیعری دووەمی ناونیشانی [دەنگ] بکەین کە ناوی [بۆر و بۆڕ]ە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە لە هەر دە بەشی شیعرەکەدا کە هەر بەشەی دوو پارچەیە، جووڵە و دەنگ و ڕەنگمان بۆ دەگوازێتەوە. شاعیر لە هەر بەشێکیدا کاری لەسەر شتێک کردووە کە بنەماکانی پێکهاتنی زمانی وێنەسازیی شیعری لەسەر بونیاد ناوە. واتە هەر جارێک کاری لەسەر وێنەیەکی دەنگی کردووە، کە لە ڕێی دەنگەوە بەرەو، [ڕەنگ، جووڵە، پێوانە، شوێن، بیستن، مردن، دۆزینەوە، نەخشاندن، پەیڤ و خەیاڵ] ڕۆیشتووە. شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت لە ڕێی دەنگەوە شتەکانی تر دەبیسترێن و دەبینرێن. لەبەر ئەوە، سیستەمی پێکهاتەی هێماکانی وێنەسازیی ئەم شیعرە، لە چەند خاڵێکدا دەخەمە ڕوو؛

 

١- ڕەنگدانەوەی ئۆنتۆلۆژی لەسەر شیعر:

شیعر چییە؟ شیعر بە وێنە دەست پێ دەکات. کاتێک شاعیر دەچێتە ناو چەمکەوە، یەکەم شت کە دەستی پێدەگات، وێنەیە، لە پڕۆسەی درووستکردندا، ئەوەی دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، وێنەکەیە. کەواتە وێنە کۆی پڕۆسەی درووستکردنی شیعر پێک دەهێنێت. ئەوەی پێی دەگوترێت «وێنە» ئاڵۆزی هەستی خودێتی شاعیرە و بابەتە بابەتییەکانی شاعیرە و بیرکردنەوە شیعرییەکانیش لە ڕێگەی بابەتی تایبەتەوە دەردەکەون. بۆ نموونە شاعیر لە شیعری [دەنگ]ـدا، لە بەشی دووەمدا کە ناوی [بۆر و بۆڕ]ە، کاری لەسەر ڕەنگدانەوەی ئۆنتۆلۆژییەکەی کردووە.

(سۆفە لەناو عەردێک کە سڵاوی دۆستانی وەرگرتووەتەوە

بۆر دەچێتەوە و سەری دەجووڵێنێتەوە

لە پەنجەی گەوجی سەر پەلاپیتکە بێپەروایە

لە چاوی یاران بەر بینینی هەقیقەت کەوتووە

بە ئازاری دانەوێڵە پەروەردە بووە و نازی بای ناوباڵە

***

تۆوی بۆڕ لەژێر خاکێکدا لە جەزبە بەرز بووبێتەوە

ڕایەڵی خۆر بەسەر خۆیدا هەڵدەکێشێ

ڕەنگ لە چاوی بەهێز دەبێت و هەڵە ناکا

تەزووی مردن بە جەستەی زەوی نەگەڕاوە[2])

         شاعیر لە ڕێی باڵندەیەکەوە کە «سۆفە/ سۆفەقیتە»یە، ئەوا [ڕەنگ و جووڵە و دەنگ] دەگوازێتەوە بۆ کێڵگەی شیعری. ئەم ڕەنگدانەوەیە لەسەر بونیادی ئەوی دیکە، وێنەسازی دەخوڵقێنێت. ئەرکی [بۆر] لەوێدا وەکوو ڕەنگ، پێکهاتەی وێنەسازی فڕینی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە بۆ ئەوەی هەبووی باڵندەکە دەر بخات. شاعیر زۆر ئاگاییانە کاری لەسەر بونیادی بوون و هەبوون کردووە، پرسی ڕەنگ و دەنگ تێکەڵی پێکهاتەی وێنەسازییەکەی دەکات. [بۆڕ] وەک دەنگێک و وەک وێنەیەک لەوێدا سەرلەبەر هەبووی [تۆوی خاک، خۆر وەک درەوشانەوە و زەوی وەک هەمیشە ئامادەیی] دەبەستێتەوە بە بنەمای پێکهاتەی دەنگسازی و وێنەسازییەوە.   

٢جوانی دەرەکی وێنەکە وەک یەکێک لە پێکهاتەکانی وێنەسازی:

وێنەسازی بریتییە لە تێکەڵکردنی وێنەی بابەتیی و هەستی بابەتیی شاعیر و پلەیەکی بەرزی یەکگرتوویی «مانا» و «وێنە»یە. بۆیە لە شیعری [دەنگ]ـدا بەشی [سوور و سووڕ]دا، دەبێت مانای جوانیناسی خۆی هەبێت لە ڕووی ڕواڵەت و شێوازەوە، کە دەتوانرێت دابەش بکرێت بەسەر «جوانی بینراو» و «جوانی بیستن»ـدا. لە هونەری شیعردا گەیاندنی جوانی شێواز لە لایەن هەستی بینراوەوە شتێکی سەرەکییە. جوانی بینراو، دەتوانرێت دابەش بکرێت بەسەر جوانی جەستە، جوانی ڕەنگ و جوانی دینامیکی، لە نێوانیاندا جوانی ڕووناکی و ڕەنگ گرنگترینە. بۆ بەدواداچوون بۆ جوانی دەرەکیی وێنەکان لە شیعردا، یەکێک لە گرنگترین شتەکان ئەوەیە کە بە باشی مامەڵە لەگەڵ وەسفی ڕووناکی و ڕەنگدا بکەیت. لەبەر ئەوەی هەستکردن بە ڕەنگ یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی هەستی بینینی مرۆڤ، ئەزموون پێمان دەڵێت کە ڕەنگ زۆرترین ئەگەری چوونە ناو ناوەرۆکی یادەوەرییە. بۆیە پێویستە شاعیر گرنگی بە چاودێریکردنی ڕەنگ بدات، کە سەباح ڕەنجدەر لەم شیعرەدا ئەنجامی داوە. توانای گرتن و دەربڕینی هەستی ڕەنگی چواندووە، بۆ ئەوەی درووستکردنی جوانی وێنەی شیعرەکەی تەواو بکات.

٣- ناوەرۆکی ناوەوەی وێنەکە وەک یەکێک لە پێکهاتەی وێنەسازی:

شاعیر بۆ جیهانی دەرەوە دەتوانێت واتایەکی دەوڵەمەندی وێنەیی بەرهەم بهێنێت یان نا، بە شێوەیەکی سەرەکی لە کارلێکی ئەم سێ ئەرکە دەروونییەی خوارەوە سەرچاوە دەگرێت: یەکێکیان هەستکردنە، ئەوی دیکەیان خەیاڵ و سێیەمیان تێگەییشتنە. بەهێزی هەستکردن بەهێزی هەست دیاری دەکات، خەیاڵ هەست بەهێز دەکات، تێگەییشتن هەست قووڵتر دەکاتەوە. جگە لەوەیش پڕۆسەی «سادەکردن»ـی وێنەسازی بریتییە لە پاککردنەوە و ڕیزکردنی وێنە تێکەڵاوەکان، بەجێهێشتنی ئەو وێنەسازییەی کە بە باشترین شێوە تایبەتمەندییە سۆزدارییەکان بەرجەستە دەکات بۆ دەربڕینی هەستەکان. کە شاعیر لە بەشی [فریو و فڕیو]دا ئاماژەکانی خستوونەتە ڕوو.

  بۆ ئەوەی واتای وێنەکە بەڕاستی دەوڵەمەند و فراوان بێت، پێویستە وێنە ئاماژە بە هۆشیاری قووڵی مرۆڤ بکات، سێ پۆلی سەرەکی هەیە، ئەوانیش: «هۆشیاری ژیان» سەبارەت بە مانەوە و گەشەکردنی مرۆڤ. «هۆشیاری مێژوویی» کە گوزارشت لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و بوونی مرۆڤ دەکات. «هۆشیاری گەردوونی» کە گوزارشت لە ژینگەی سرووشتی دەکات.

٤- وێنە و ڕوانگە:

ئەوەی پێی دەگوترێت گۆشەی بینین، ئاماژەیە بۆ ئەو گۆشەیەی کە خودی داهێنەر بۆ دەستگرتن بە جیهانی دەرەوە وەریگرتووە و ئەو [پێیە، پێگە، ئاڕاستە و هتد…] کە شاعیر لەکاتی دەربڕیندا پشتی پێدەبەستێت. ڕەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان خود و بابەت، هەروەها ڕەنگدانەوەی شێوازی دەستگرتنی خودی داهێنەرە لە بابەتی جوانیناسیدا. بۆ ئەوەی وێنەسازی لە شیعردا داهێنان بکات، پێویستە پشت بە دیدگا داهێنەرەکان ببەستێت بۆ پێدانی زانیاریی جوانیناسی نوێ، وێنەسازی لە شیعرەکەدا بە هەڵوێستێکی نوێ بەخشێت و لە بەرهەمەکەدا دەر بکەوێت، بۆیە کێشەی ڕوانگە دەبێتە کێشەی کۆکردنەوەی وێنە .

٥- تێکەڵکردنی وێنەکان:

وێنەسازی خانەی شیعرە، پێکهاتەی تایبەتی شیعرە، وەک چۆن کەڵەکەیەکی گەورەی خشت بە تەنیا ناتوانێت ببێتە بینا، وێنەسازییش بە تەنیا ناتوانێت ببێتە شیعر، بۆ ئەوەی بنیاتنانی شیعر تەواو ببێت، پێویستە وێنەسازی کۆ بکرێتەوە. کڕۆکی پێکەوەگرتنی وێنە بریتییە لەیەکترخستنی یەکتری ڕێکوپێکی وێنەکان، بریتییە لە تێکەڵکردن و ڕێکخستنی وێنەکان یەک بە یەک لە لایەن شاعیرەوە بە پێی چەمکێکی دیاریکراو و یاسای شێوازی جوانیناسی بە مەبەستی دەربڕینی سۆز.

  ئامانجی کۆتایی بزووتنەوەی وێنەی شیعریی، درووستکردنی دۆخێکی شیعرییە، کەواتە تێکەڵکردنی وێنەیش چالاکیی درووستکردنی دۆخێکە. شیعر هەمیشە خەیاڵە و ئەمەیش بە تەواوی لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە مەودایەک لە نێوان شیعر و ژیاندا هەیە. شیعر دەبێت جیهانێکی تر بێت، جیهانی کەتوارییە لە ئەقڵدا. ئەگەر ڕەوتی ژیان بگوازینەوە بۆ ناو شیعر، دەبێت شیعر کەم بکەینەوە. هۆکاری شیعر، شیعر بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو مەودایە دابین دەکات و چاوی شاعیر بە دوای ئەو مەودایە دەگەڕێت و درووستی دەکات.

بۆیە لای سەباح ڕەنجدەر، وێنەی شیعری، پێکهاتەی باڵادەستی شیعرە. وێنە شیعریی وشەکان لە زمانی ڕۆژانەدا وەک کڕۆک و هەڵگری ماددی خۆی بە کار دەهێنێت. بۆیە هێماکانی زمانی وێنەسازیی شیعریی لە هێماکانی زمانی ڕۆژانە و زمانی ڕەسەنێتی بوونەوە سەرچاوە دەگرن و لەسەر بنەمای هێماکانی زمانی شیعری دامەزراون و «پەیوەندییەکی خوێن»ـی دانەبڕاوەیان لەگەڵ هێماکانی هەردوو زمانەکەدا هەیە. لەبەر ئەوە، وشەی شێوە خۆی لە هەر زمانێکدا، لە بنەڕەتدا تەنیا بەستنەوەی پیتەکانە، کە لە خۆیدا مانایەکی کەمی هەیە؛ بەڵام کاتێک وەک ئامڕازێک بۆ دەربڕینی بیرکردنەوەکانمان بە کاری دەهێنین، ئەم لێدانانە دەبنە هێما و مانایان پێدەبەخشین. کە جیاوازی نێوان نیشاندەر و چەمکی نیشانەکراوی نیشانەکانە. شاعیر هێمای زمانی وێنەسازی هەڵدەبژێرێت بۆ دەربڕینی خۆشەویستی بێکۆتایی و هەمیشەیی مرۆڤەکان.

[1]. سەرزەمینی هەموو ناوەکان، سەباح ڕەنجدەر، بڵاوکراوەی کەپر، ز.٢٧، چاپی یەکەم، ٢٠٢٣، سوید، ل٣٧

[2]. سەرزەمینی هەموو ناوەکان، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٣٨