ئەبوبەکر حەسەن - نوسەر و بیرمەند، لە شەوی ١٠ لەسەر ١١ ئاوگوستی ٢٠٢٢ کۆچی دوایی کرد.

ئەبوبەکر، گەشتێک لە ئیمانەوە بۆ گومان


Loading

د. نزار کاکەم

ئەبوبەکر، گەشتێک لە ئیمانەوە بۆ گومان

د. نزار کاکەم
ئیسلام ڕوحێکی هەیە پەیوەندی بە نەتەوە و ڕەگەز و جۆرەوە نییە، ئەم ڕوحە بچێتە جەستەی هەر نەتەوەیەکەوە، دەروونێکی تایبەت بە خۆی بۆ دروست ئەکا، دواتر ئەقڵێکی تایبەت بە خۆی ئینجا زمانێکی تایبەت و پاشان فیکرێکی تایبەت و دواتریش مێتۆدێکی تایبەتی بۆ دادەڕێژێ.
ئەو ڕوحە کۆمەڵە وەڵامێکە، دەیان پرسیاری قورست لە کۆڵ ئەکاتەوە، هەربۆیە ئیمان بەو ڕوحە، ئۆقرەییەکی سەیرت ئەداتێ، تا ڕادەیەک، تا ئەو ڕادەیەی پرسیاری تر لەسەر ئەو وەڵامانە مێشکت نەتەنن، هەر کاتێ پرسیاری تر سەری کردە ماڵی ئەو ئیمانەدا و شوێنیان کەوتی، گومان سەرت ئەخوا. (ئیمان و گومان دوو دیوی یەک بابەتن، کامیان دەرخەی دیوەکەی تر ون ئەبێ).
ئەبوبەکر، بەکر، یان وەک ئەوەی لە ماڵا پێیان ئەوت (حەمە) سەرەتای ساڵانی نەوەد و لە قۆناغی ناوەندی یەکمان ناسی، کوڕێکی بزێوی ناو فیکر و ڕابونی ئیسلامی بوو، جار جاریش متییەک ئەیگرت، دیار نەئەما، وەک ٢٧ ساڵ لەمەوبەر، کاتێ گووتی؛ ئێستا خەریکی شوانێتیم و کتێبی فەلسەفیش ئەخوێنمەوە. داوای کتێبێکی ڕەخنەیی لێکردم، وتی بزانە باوکت هەیەتی. گووتم؛ بۆچیتە؟ گووتی: ئەمەوێ فێری ڕەخنە بم.
ئەو وەختە سەرەتای کەوتنە نێو گومان و دەرچوون لە ئیمان بوو، سەرەتای شڵەژانی فیکری و تێکچوونی ئۆقرەیی ئیمانى بوو، هەر بە یەکەوە ڕێمان ئەکرد، بوو بە گرییەوە، گووتم: بۆ چی ئەگریت؟ گووتی: بۆ خوا، بیری خوا ئەکەم! تێگەیشتم ئێستا وەک کەسێکی لێهاتووە کە هەقیقەتێکی لێ بووە بە وەهم، چێژێکی هەبوو ئێستا وا هەست ئەکا لەدەستی ئەدا، پەیوەندییەکی هەیە و چیتر ئەبڕێ، خەفەتی بێ بەدیلی ئەخوارد.
نەداری و بێزاری و نادادی کۆمەڵایەتی و خەون و خولیاکانی یەکیان نەدەگرت، یاخی بوو، کەوتە ناو دۆخێکەوە کە بیانوویەکی ماقوڵ و خوێندنەوەیەکی لۆجیکانەی بۆ بدۆزێتەوە، بەشکو، لەوانەیە.
ڕۆژگار هات و چوو و لەیەک دابڕاین، دواتر زانیم وازی لە نوێژ و سروتەکانی ئایین هێناوە! دوای ساڵی ٢٠٠٠ بوو، ڕۆژێکیان لە هەولێرەوە هاتبوومەوە سلێمانی و لە بەشی ناوخۆی زانکۆی سلێمانی بینیم، شیعری ئەخوێندەوە و قووڵەمژی لە جگەرە ئەدا، بەڵام کەیفی هەبوو، هەستی بە ئازادی ئەکرد، ئازادییەک کە ئەیزانی بێ قەیدە بەڵام لە هەمان کاتدا لەرزۆکە، گۆمی ئەو نییە، ڕوکەش و کاردانەوەیە تا ئەوەی بوارێک بێ بۆ دەرچوون لە نەزانی و دەسکەوتنی هۆشیارییەکی زیاتر.
دونیای فەیسبوک، زۆرێک لەو هاوڕێ و برادەرە قەدیمانەی پێ ئاشنا کردینەوە، ئەویش یەکێک بوو لەوانە، دە ساڵێک لەمەوپێش، لە فەزای دیجیتاڵدا، بووینەوە بە هاوڕێ، جار جارە نامەی بۆ ئەناردم، نوسینەکانی خۆی پیشان ئەدام، پێی خۆش بوو دەست خۆشی لێ بکەی، حەزی ئەکرد ئەو هەستەی بۆ دروست بکەی کە بە خوێندنەوە ئینجازێکی کردووە، بەڵام بۆ کەسانێک کە پێشتر پێی ئاشنا بوون، لە گشت وشە و دێر و پەرەگرافێکیدا، هەستیان بەو بۆشاییە دەروونی و ڕۆحییە ئەکرد کە نەیئەتوانی بە هیچ کام لەو قوتابخانە فەلسەفییانە پڕیان بکاتەوە کە لە ئیسلام تۆرانیان، بەدوای خۆی و خوادا ئەگەڕا، لە کوێ؟ لەو شوێنانەی بەردەوام گومانیان بۆ دروست ئەکرد، هەربۆیە هەمیشە وەک کەسێک بەدوای وێنەیەکی ونبووی ناو ئەلبومێکدا بگەڕێ و دانە دانە وێنەکان بەرز بکاتەوە و بڵێ نا ئەمە خۆی نیە، نا ئەمەیش نیە، ئەلبومی گومان کۆتایی نایەت و ئەو هەر وێنە هەڵئەداتەوە.
کۆتاجار یەکمان بینی لەو گەراجەی بەرانبەر عیادەکەم بوو، بە شەوقەوە پرسیاری حاڵ و گوزەرانی لێکردم، دواتر وتی: ددانم نەماوە، زەخت و شەکرە و چەوری جەستەمی مانوو کردووە. کتێبەکەی (گابۆر ماتێ)م بیر هاتەوە ؛ when the body says no  کاتێ کە لەش ئەڵێ نەخێر. 
 هەموو لەشی نەخێر بوو بۆ ژیان، بۆ هەموو ئەوەی توشی ئەبێ، بۆ هەموو ئەو بیروبۆچوونانەی ئابڵوقەی دابوون، بۆ هەموو ئەو گومانانەی ناخی تەنی بوون. سەرباری ئەوەیش، هێشتا و هەمیشە نۆستاڵجیایەکی هەبوو، بۆ کێ؟ بۆ ئەو خوایەی کە لە لێدابڕانیدا قووڵ گریا، بۆ ئەو ئیمانەی هێشتا چێژی لە ڕوحیدا مابۆوە.
هادي العلوي لە بارەی پەیوەندی خۆی و حیزبی شیوعییەوە ئەڵێ: “حالتي مع الحزب الشيوعي، مهما درت حوله و دار حولي، و جنحت به و جنح بي لا اقدر على الافلات منە؛ حاڵم لەگەڵ حیزبی شیوعیدا، چەنێ بەدەوریدا بسوڕێمەوە و بەدەورما بسوڕێتەوە، لاری بکەمەوە و لارم بکاتەوە ناتوانم لێی ڕاکەم”
ئەبوبەکر، ئەمسەروئەوسەری، خوێندنەوەی، نوسینی، چوونە ئەوروپا و گەڕانەوەی، هەولێر و سلێمانی، گەرمیان و کوێستانی، هەرچی هێنا و بردی نەیتوانی لەو ئەزمونە ڕوحییە دەربازی بێ و بەردەوام بە دوای ئۆقرەییەکی لەدەستچوودا دەگەڕا و لم يقدر على الافلات من ما کان علیە… گەشتەکە گەیشتە ئەوەی لە نەخۆشخانەی (بەخشین)دا سەر بنێتەوە، ئەو بەخشینەی کە دەرکەوتنێکی دیکەی ئەو ڕابوونەیە کە زیاتر لە ٣١ ساڵ لەمەوپێش خۆی تیا دۆزییەوە.
خوا لێی خۆش بێ و سەبوریی کەسوکار و دۆستانی بدا.
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌