ڕوكین

ببم بە ڕوکین یان نەبم بە بوکێت؟


Loading

ساڵی ١٩٨٢ لە شاری موش-کوردستانی تورکیا لەدایکبووم. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژیم. ماستەرم لە جێندەر و توێژینەوە (خوێندن)ی ژنان هەیە. ئێستا، کاندیدی دکتۆرام تێزەکەم سەبارەت بە چالاکیی ژنانی کوردە. دایکی دوو منداڵم.

 ”ببم بە ڕوکین یان نەبم بە بوکێت؟” ئەمە بوو بە یەکێک لە پرسیارە کاریگەرەکانی ژیانم. دوای بەسەربردنی یەکەم زەمێستەر لە کۆلێژ لە ئەستەنبوڵ، بۆ پشووی زستانە گەڕامەوە ماڵەوە بۆ باکووری کوردستان. گەیشتمە تێرمیناڵی پاس دوای گەشتێکی ماندووکەر، داپیرەم (دایکی دایکم)، لەگەڵ دایبابم پێشوازییان لێ کردم. بە ڕووخسارە ئاشنا و پڕ لە سۆزەکەیەوە، بە ئامێزی کراوەوە پێشوازی لێکردم. بەدەربڕینێکی سەرنجڕاکێشەوە، گاڵتەی بەوە کرد، کە خەنەم بەدەستەوە بوو، گووتی؛ ئەوە نەتتوانی لە ئیستنەبوڵ بۆیەی نینۆک بدۆزییەوە.  خەنە بە زۆر شێوە سیمبولییە، سیمبولی هەموو شتێکی ڕۆژهەڵاتییە، تەنانەت ڕەنگە سیمبولی هەموو شتێکی کوردی بێت لە خەیاڵی نەنکمدا، لە بەرامبەردا بۆیەی نینۆک بوو بە سیمبولی هەر شتێک کە ڕۆژهەڵاتی نەبێت و مۆدێرن بێت. ئەم دابەشبوونە جوگرافی و کولتورییە، سەرنجی بۆ لای وشەکانی نەنکم ڕاکیشام،  کە بوون بە ئەدگارێکی زۆر ئاشنا.

دوو ساڵ دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٩٨٠ لەدایکبووم، من منداڵی یەکەمی دوو مامۆستای گەنجی بنەڕەتی بووم، لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا- کە من بە باکووری کوردستان ناوی دەهێنم، هەرچەندە لەم دوایییەدا لە ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا هاوارم دەکرد ”ڕۆهەڵاتی تورکیا ڕۆژئاوای ئەرمینیایە”. بیرکردنەوە لەوەی کە تۆ لە کوێوە هاتووی شتێکە زۆر خەڵک ناچار نییە پێوەی خەریک بێت. هەرچەندە بۆ کەسێک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە، جوگرافییەک وەک هی خۆی بناسێنێت کێشەیەکی زۆر ئاڵۆزە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕووبەڕووی کوشتاری بێشومار بوونەتەوە، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی سنوور لە نێوان خەڵکدا بکێشرێت.

دایک و باوکم لەکاتی خوێندن لە کۆلێژ لە شاری وان یەکدییان بینیووە. خۆشبەختانە، توانیویانە خوێندنەکەیان تەواوبکەن لە سەردەمێکی سیاسی پڕ هەراوزەنای دوای کودەتای سەربازی. هەردووکیان لەو سەردەمەدا، یەکەم دەرچووی کۆلێژبوون لە خێزانەکانیاندا. کاتێک دایکم ئامادەیی تەواوکردووە، هیچ ئاماژەیەک نەبووە بۆ چوونە کۆلێژ. ئەمە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کاتێک هەندێ لە دراوسێکانی ماڵی نەنکم بڕیاریان داوە کچەکانیان بنێرنە وان بۆ کۆلێژ. هەروەها هەندێ خێزانی دیکەش کچەکانیان ناردۆتە کۆلێژە باشەکان. کاتێ باپیرم سوودەکانی دەرچوون لە کۆلێژی بینیووە، ئەویش بڕیاری داوە دایکم بنێرێت. بەپێچەوانەوە، خوێندنی باوکم تاڕادەیەک هەژارانە و لاوازتر بووە. باوکم لەکاتی ساڵە بنەڕەتییەکانی خوێندن دوای ئەوەی بومەلەرزەیەکی کوشندە لە گوندەکەیان دەدا، نێردراوە بۆ قوتابخانەی شەو.

من ناونرام  ڕوکین، کە واتای ”جوان، خنجیلە، زەردەخەنە” دێت. هەرچەندە ئەگەر ناوەکەم لە یەکەم بینیندا نوێ دەردەکەوێت، بەڵام تۆمارکردنی ناوەکەم کێشەی زۆری دروستکرد. ئەفسەرەکە مکووڕ بوو لەسەر ئەوەی کە ئەم ناوە تورکی نییە، بۆیە ناتوانرێ تۆمار بکرێت. بەداخەوە، یان دەبوایە دایبابم یان ناوەکەم بگۆڕن و تۆمار بکرێت، یان بە ناوی ڕوکین تۆمارناکرێت. دایکم مکووڕ بوو لەسەر ئەوەی کە ناوی تورکی تەنیا ناوە و بۆ کاروباری دەوڵەت بەکاردێت. هەربۆیە، ئەوان ناویان نام بوکێت، لەسەر هەمان ڕیتمی ڕوکین. بوکێت لە بنەڕەتدا ناوێکی گونجێنراوی فەڕەنسی بوو لە وشەی ‘bouquet’ بەواتای چەپک، چەپکەگوڵ دێت. وەک زۆرینەی کوردان دەزانن ئەو ڕێگرییانەی کە من ڕووبەڕووی بوومەوە واتای تەریکبوون ناگەیەنێت. لە ڕاستیدا، چیرۆکی هاوشێوەم لە شارەکانی دراوسێش بیستووە، کاتێک ئەفسەرەکە تۆمارکردنی ناوی کوردی ڕەتکردۆتەوە، بۆتەهۆی ئەوەی دایبابەکە ناوی ئەلیزابێز لە کچەکەیان بنێن.

من تەنیا لە کاروباری فەرمی دەوڵەتدا بوکێت بووم، بۆ نموونە ئەو کاتەی لە قوتابخانە بووم، منی پاراست. هەرچەندە ژیانکردن لە شارۆچکەیەک و خوێندن بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە هەمان قوتابخانە بیت وەهات لێ دەکات، لە ئاستێکی بنەڕەتیدا لەگەڵ ئەو ناوەدا بگونجێی کە دەوڵەت بڕیاریداوە دەبێ تۆ هەت بێت. خۆشبەختانە، لە ناوی مندا بەمشێوەیە کاری نەکرد. ڕوکین سەرکەوتوانە بردییەوە، یان لایەنی کەم من وای دەبینم. من توانیم لە ڕێگەی دادگاوە ناوی ڕوکین بەرمەوە. کاتێک ئێمە منداڵین ڕووبەڕووی زۆر ڕیالێتی دەبینەوە کە گەورەکان بۆیان دروستکردووین. بەجەختییەوە، نەمدەزانی دادگا تورکییەکان دەبن بە شوێنێکی ئاشنا بۆم کاتێک کە گەورەدەبم.

  

ئیستەنبوڵ و چالاکی خوێندکاری 

 

کاتێک دەستم کرد بەخوێندن لە کۆلێژ، لە باکوری کوردستانەوە چووم بۆ ئیستەنبوڵ. شاری ئیستەنبوڵ بووە بە ماڵی گەورەترین ڕێژەی دانیشتوانی کورد. گوێم لە هەندێ ڕاپۆرت بووە کە نزیکەی سێ ملیۆن کورد لەوێ نیشتەجێن. لەبەرئەوەی لە تورکیا هەرگیز سەرژمێری لەسەر بنەمای ئێتنیکی نەکراوە، بۆیە زەحمەتە بڕیار لەسەر ژمارەی تەواو بدەی. لە ساڵی دووهه‌زا دا، ئەو کات پارتیی فەرمانڕەوای سەرۆکی ئێستای تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆگانمان) نەبوو. سەرەڕای زیادبوونی بەهێزیی ئەردۆگان لە وڵاتدا، تورکیا وەکو ئێستا خراپ بوو، کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ زۆر بەهێزبوو، بەتایبەتی بەرامبەر بە کورد، کە مامەڵەیەکی زۆر هۆڤییانەیان لەگەڵ دەکرا (هەرچەندە کەمالیستەکان ڕەتیدەکەنەوە).

سیستەمی پەروەردە لە تورکیا ئیش لەسەر ئامادەکردنی خوێندکار دەکات بۆ تاقیکردنەوەی چوونە زانکۆ. خوێندکارەکان دەبێت زانیاریگەلێکی زۆر دەرخ (ئەزبەر) بکەن و بەتوندی هەوڵبدەن دەرس بکەن بۆئەوەی لە تاقیکردنەوەکەدا دەربچن. کاتێک تۆ نمرەی پێویستت لە تاقیکردنەوەکەدا بەدەستهێنا، ئەوا دەتوانی زانینگەیەک هەڵببژێری لەگەڵ پرۆگرامێک لەسەر بنەمای پسپۆڕی ئەو خوێندنەی کە لە ئامادەییدا خوێندوتە. کاتێک دەچیتە زانینگە، هەموو ئەوەی لێت چاوەڕێ دەکرێ بیکەیت دەرسکردنە بەبێ بەشداریکردن لە ڕووداو و چالاکییەکاندا (مەبەست لە چالاکییە سیاسییەکانە لە تورکیا- بێگومان چالاکییە ئاینی و نەتەوەییەکانی تورک هەمیشە ڕێگەپێدراوبوون). هەموو ئامانجەکە ئەوە بوو لە تاقیکردنەوە دەرچیت، بڕوانامەیەک بەدەستبهێنیت، پاشان دەبووی بە بەشێک لە سوپاسی گەنجە خۆپەرست، بێئاگا و بێئیشەکان.

یەکەم مانگم لە ئیستەنبوڵ له‌بیرە. کاروباری ئاڵۆزکاو و تێکەڵ، بەزۆری خۆم ماندوو دەبینی، کە هەوڵم دەدا واتای ژیان بدۆزمەوە، هەروەها دەخەبتیم بۆ تێگەیشتن لە بێوڵف (Beowulf)- تێکستێکی پتر لە سەد لاپەڕە بوو کە بە ئینگلیزیی کۆن نووسرابوو. من کەمێک ئینگلیزیم دەزانی (جگە لە ڕێزمان)، لێگەڕێ تەنیا قورسی تێکستەکە تێبگەم. کاتێکی باشم لە جەختکردنە سەر تاقیکردنەوەی زانینگە، چوون بۆ سکوڵ، ئامادەکاری بۆ دەرسەکانی زانینگە بەسەربرد. من هەرگیز ئەو ئازادیی جوڵەیەم نەبووە لە شارۆچکەکەی خۆم، لایەنی کەم بەبێئەوەی بیر بکەمەوە  لە ڕەفتاری چاوەڕوانکراوی پەیوەستکراو بە ژنەوە، هەروەها بێگومان بەئاگابم لە چاوتێبڕین و نیگای پیاوان. یاساکانی ژیان لەلایەن پیاوانەوە دانراون، ژێرەوژووکردنی ئەو چەشنە بەها پیاوسالارییانە سەختە. بۆیە، کاتێک چوومە ئیستەنبوڵ، هەستم دەکرد ئازادترم و زۆر بەهێزترم. هەر لەم ماوەیەی ژیانمدا وازم لە ڕۆژووگرتن هێنا. هەرچەندە سێ ڕۆژ لە ڕەمەزان ڕۆیشتبوو، بەڕۆژوونەبووم، لە کۆتاییدا بەتەواوی وازم لە ڕۆژووگرتن هێنا. نەمانی چاوەڕوانییە جڤاکییەکان یەکێک بوو لە هۆکارەکان بۆ ئەمە، کە لە ئیستەنبوڵ کەمتر زاڵ بوو. هەروەها خوێندکارە ئیسلامیستەکان و ناسیۆنالیستەکانم بینی کە چۆن لە کافتریای کۆلێژ هێرشیان دەکردە سەر ئەو خوێندکارانەی کە بەڕۆژوونەبوون. من لەمەوە شتێک فێربووم: پراکتیکه‌کردنی ئاین لە شارە گەورەکانی تورکیا بە هەمان شێوەی کوردستان توند و نەریتی نەبوو.

من لە زانینگەی ئیستەنبوڵ لە قەزای مێژوویی بایەزید (Beyazit) لە ئیستەنبوڵ زمان و ئەدەبی ئینگلیزم دەخوێند. خوێندنەکە بەزۆری لەسەر بنەمای دەرسگۆتار بوو. لە پۆلەکەدا سه‌د خوێندکار هەبوون. خوێندکارەکان یان لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوون نزیکبوون لە پڕۆفیسۆرەکان یان چاوەڕێی ئەو تێبینییانەیان دەکرد، کە لەلایەن ئەو خوێندکارانەوە دەنوسران کە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوە دادەنیشتن. ئەدەب و زمانی ئینگلیزی پرۆگرامێک بوو کە زۆر لەگەڵ هەموو زانینگەدا ناکۆک بوو. زۆرینەی ئەو کەسانەی لەم کۆرسەی مندا بوون لە کۆلێژە تایبەتەکانی ئیستەنبوڵەوە هاتبوون. کاتێک مامۆستاکەی ئامادەییم لێی پرسیم؛ چۆنم لەگەڵ کۆلێژ؟ بەبێ نیگەرانی پێمگووت؛ هاوپۆلەکانم هەموویان بۆرژوازین…مامۆستاکەم بەدەربڕینی بێزاری و توڕەییەوە لە بێدادی ”ئەی چیدەکەی؟”…ئەی چیدەکەی دەشێ وەڵامێکی بەتەواوی گونجاو بێت، بەڵام من نەمدەویست. ئاخر من دەمویست لە بۆرژوازییەکان جیاوازتر شتەکانم بکەم. دەمویست جیاوازییەکی ڕاستەقینە چێ بکەم.

دوای وازهێنان لە ڕۆژووگرتن، دووەم شت کە کردم کۆتاییم بە پەیوەندیم لەگەڵ یار (boyfriend)ەکەم هێنا، پەیوەندییەک پڕ لە سنوور و ئاستەنگ. لەکاتی نەورۆزدا هەموو خوێندکارە کوردەکانی لە باکوری کوردستانەوە هاتبوون بینیمن. ئەو وزەیەی لە بینینی ئەواندا هەستمپێکرد زۆر بەهادار بوو. من لە بزوتنەوەی خوێندکارانی کوردەوە زۆر شت فێربووم. ئەمە گەڕانەوەیەک بوو بۆ ڕابوردووم. هەر خوێندکارێک بوو بە دەروازەیەک بۆ ناسینی شارێک، شارۆچکەیەک یان گوندێکی نەناسراوی کورد. لەبەرئەوەی بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی فەرمی دەوڵەت تاکو کۆتایی ١٩٩٠ەکان ئێمە وەک کورد لە تورکیادا لێرەبوونمان نەبوو، بۆیە ئێمە سەبارەت بە کوردەکانی شارەکانی دیکە زۆر شتمان نەدەزانی. ئەوە زۆر خۆش بوو بینینی کورد لە ناوەڕاستی ئەناتۆڵیا، کە هەرێمێکە لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیاوە نزیکە. بینینی کورد لە جولەمێرگ (هەکاری)، بیستنی گۆکردنی کرمانجییەکەیان، ڕاهەژان بە ئاستی ئەو تواندنەوە (assimilation)ی کە من پێیدا تێپەڕیوم هاوکات دڵتەنگی و هۆشکرانەوەش بوو. چیرۆکی هاوڕێکانم کە بەهۆی ستەمکاری و چەوساندنەوەی دەوڵەتەوە ڕاگوێزرابوون و لەنێو شارە تورکییەکاندا ڕووبەڕووی هەژاری ببوونەوە، چیرۆکی زۆر لە بوێڵف (Beowulf) سەرنجڕاکێشتر و بایەخمەندتر بوون. ئێمە زۆر شتمان دۆزییەوە کە بەهۆی سیاسەتی تواندنەوەی تورکیاوە لە ئێمە شاردرابوونەوە.

 

 

لە بوێلفەوە بۆ زیندانی بەکرکۆی (Bakirkoy)

 

ساڵی یەکەمم لە کۆلێژ چیرۆکێکی سەرکەوتوو نەبوو بۆ من، تا ئەو ڕادەیەی دەرسەکان ژمێرە بکرێن. بوێلف قورس بوو بۆ تەواوکردن. پڕۆفیسۆرەکان پەرۆشی ئاخاڤتن نەبوون. هەروەها خەریکبوون لەتەک سەدان خوێندکار ئەرکێکی قورس بوو. تۆ دەبوایە زۆر بەباشی دەرس بکەی تا سەرنجی پڕۆفیسۆرەکان بۆ خۆت ڕابکێشی. کاتێک چەند ساڵێک دواتر دەستم بە خوێندن کرد لە ئەمریکا، هاتنی ئیمەیڵی زۆر لە پڕۆفیسۆرەکانەوە، بەتایبەتی لەبارەی دانانی کاتی دیدەنی لە ماوەی کاتی ئۆفیسیان، بۆ من شتێکی نامۆ بوو. دەبێ ئەوە بڵێم، ئەمە ئەزموونێکی باشتر بوو لە هی ئەو هاوڕێیانەم کە ئەدەبی تورکی یان مێژوویان دەخوێند لەگەڵ ئەو پڕۆفیسۆرانەی کە هەمیشە قاتیان لەبەردەکرد، درێژەپێدەری سیاسەتی تواندنەوە بوون و حەزیان بە خوێندکارە چالاکڤانەکان نەدەکرد. من لە بەشێکی تاڕادەیەک لیبڕال بووم، پڕۆفیسۆرەکانمان بەزۆری لە وڵاتانی خۆرئاوا خوێندبوویان.

جگەلە بوێلف، یەکەم ساڵم لە تورکیا لە ڕووی ئاگایی و بێداربوونەوەی سیاسییەوە زۆر سەرکەتوو بوو. لە سەرەتای ساڵی دووەمدا، ئێمە (بزووتنەوەی خوێندکارانی کورد) پلانی کەمپەینێکی واژۆکۆکردنەوەمان دانا، کە هەموو زانینگەکانی تورکیا بگرێتەوە. ئێمە داواکاریمان بۆ خوێندنی ئارەزوومەندانەی وانەی کوردی لە زانینگەدا بەرزکردەوە. ئێمە مێزی خوێندنەوەی کوردیمان لە ناوەڕاستی فاکەڵتی دانا کە لەلایەن خوێندکارانەوە بە (Hergele Meydani) ناسرابوو. ئێمە داوامان لە خوێندکارەکان و پڕۆفیسۆرەکان دەکرد کە واژۆ بکەن، واژۆکۆکردنەوەکە لەلایەن هەمووانەوە پێشوازی لێکرا. خوێندکارەکان لەبارەیەوە زۆر ئەرێیی بوون، ئەوان بەڕوونی دڵخۆشبوون لەبارەی گریمانەی فێربوونی زمانی کوردی لە زانینگەدا. هەرچەندە کارگێڕیەتی زانینگە و پۆلیس دەستیانکرد بە تاوانبارکردنی کەمپەینەکە. پۆلیسی مەدەنی، لە سەرانسەری زانینگەدا دوامان دەکەوتن و وێنەیان دەگرتین. چالاکی خوێندکارەکانیان خستە ژێر چاودێرییەوە، ئەوان بەردەوام خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە بوون لەسەر خوێندکارەکان و چالاکییەکانمان بۆ ئەوەی وەک ڕاپۆرت بیدەن بە کارگێڕیەتی زانینگە و بەشی پۆلیسی دژە-تیرۆر.

لەماوەی چەند هەفتەی سەرەتای کەمپەینەکەدا، توانیمان زیاتر لە هەزار واژۆ کۆبکەینەوە. پتر لە سەد خوێندکار خەریکی کۆکردنەوەی واژۆکان بووین، هەندێک لە ئێمە چوون بۆ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ بۆ لێدوانی مێدیایی سەبارەت بە کەمپەینەکە. لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢دا، ئەو سێ خوێندکارەی کە بەرپرسیاربوون لە ڕادەستکردنی واژۆکان بۆ کارگێڕیەتی زانینگە دوای کۆبوونەوەکە دەستگیرکران. ئەوان بۆ بەشی دژە-تیرۆری پۆلیسی ئیستەنبوڵ بران، زۆر بەقورسی ئەشکەنجەدرابوون و نێردران بۆ زیندان لەبەر کەمپەینی خوێندنی وانەی کوردی لە زانینگە.

هەفتەی دوای ڕادەستکردنی واژۆکان، سکوڵەکەمان لەنێو زانینگەدا پۆستەری هەڵواسی بوو داوای لە خوێندکارەکان دەکرد واژۆکۆکردنەوەکانیان وازلێبهێنن. پۆستەرەکان ئاماژەیان بەوە نەکردبوو کام واژۆکۆکردنەوە دەبێ بکشێنرێتەوە. بەڵام ئێمە دەمان زانی مەبەست لە واژۆکردنەوەکەی ئێمەیە سەبارەت بە خوێندنی وانەی کوردی. هەندێك واژۆکانیان کشاندەوە، خوێندکارەکانی دیکەش کاتیان بۆ دیاریکرا تاکو لەلایەن گروپێک لە پڕۆفیسۆرەکانەوە کە بەرپرسیاربوون لە لێکۆڵینەوە لە ئێمە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. هەموو ڕۆژێک لەگەڵ خوێندکارەکانی دیکەدا دەچووین بۆ ئەو ئۆفیسەی کە لێکۆڵینەوەکانی تێدا دەکرا بۆ یارمەتیدانی خوێندکارە کەمپەینەرەکان. کاتێک ڕۆژی لێکۆڵینەوەم هات، خۆشبەختانە، داوام لێنەکرا واژۆنامەکەم بکشێنمەوە، کە من یەکێک بووم لە ڕێکخەرەکانی، بەڵام پرسیاری ئەوەیان لێکردم داخۆ واژۆکۆکردنەوەکە تیرۆریستەکان (مەبەست PKKیە)ی لە پشتە. ئەوان وەهایان دەبینی کە کۆکردنەوەی واژۆکان بیرۆکەی ئێمە نییە.

ئێستا کە بیر لەو کاته‌ دەکەمەوە، لە کۆکردنەوەی واژۆکان، هێشتاش وا بڕوادەکەم، تەنانەت ئەگەر بیرۆکەی یەکێکی دیکەش بووبێت، بۆم گرنگ نییە؟ بۆچی دەبێ هەر کەسێک بترسێنرێت، دەستگیربکرێت، ئەشکەنجە بدرێت، یاخود  خوێندکاران لەبەر کۆکردنەوەی واژۆ دەربکرێن؟ واژۆنامە گوللە نییە- هەرگیز شتێکی توندوتیژ نییە! لەگەڵ ئەوەشدا، زانینگە زۆر بەتوندی کاردانەوەی نواند. مێزی خوێندنەوەی کوردی لە ناوەڕاستی فاکەڵتییەکەمان کە ئێمە کردبوومانەوە، وەک کردارێکی تاوانبارانە سەیر دەکرا، کە یارمەتی ”تیرۆریزم”  دەدات،  (لە تورکیا هەر چالاکییەک پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت وەک پشتگیری تیرۆریزم هەژمار دەکرێت. ن.س) .  ئیدی نامەوێ بچمە ووردەکارییەکانی چۆن و بۆچی شایی و گۆڤەندی کوردی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تاوانبارکراوە و نایاسایییە، وەک چالاکییەکی ”تیرۆریستی” هەژمار دەکرێت.

یەکسەر دوای ئەوە لە زانینگە دەرکرام، تەنانەت بۆم نەبوو لە هیچ زانینگەیەکی دیکەی تورکیا بخوێنم. لە ئەنجامدا لە بەشەناوخۆییش دەرکرام. دووەم شت کە بیرم دێتەوە ئەوە بوو کە تەلەفونێکم لەلایەن باوکمەوە بۆ کرا. باوکم پێی گووتم؛ دایکم لە ڕێگەیە بەرەو ئیستەنبوڵ و دەبێت ڕۆژی دواتر بچم بەدوایدا لە تێرمیناڵی پاسەکاندا هەڵیگرم…دایکم بۆ ئەوە هاتبوو تاکو من بەرێتەوە شارۆچکەکەی خۆمان و لەوەش تێبگات کە هەموو ئەو شتانە چین ڕوویانداوە. لەو کاتەوەی کە لە زانینگە دەرکرابووم، پۆلیس فایلی لێکۆڵینەوەی تیرۆری لە دژی من کردبووەوە. هەرچەندە توانیم بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ لە پۆلیس هەڵبێم، لە کۆتاییدا پۆلیسەکان لەناکاو هەڵیان کوتایە سەر خانووی خوێندکاران، کە من وەک میوان تێیدا دەمامەوە. کۆتایی مانگی ئایار بوو، تازە ڕۆژ ئاوا ببوو، ئێمە خەریکبووین زبەش (شووتی) بخۆین. من تاکە کچ بووم لەنێو هاوڕێ کوڕەکانمدا، یەکەم شت کە پۆلیس پرسیاری لێکردم کاتێک دەرگەیان شکاند و چەکیان لەسەر سەرمان ڕاگرتبوو، ئەوە بوو؛  ”تۆ وەک سۆزانی لێرە ئیش دەکەیت؟”- چ شتێک لەمە باشتر ئەقڵیەتی ئەفسەری پۆلیسی تورکی ڕووندەکاتەوە؟

لە وێستگەی پۆلیسی تورکیدا یادی لەدایکبوونی  بیست ساڵەم کردەوە، کاتێک پەنجەمۆریان لێ وەردەگرتم. دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە زیندان، ئێمە لە دادگادا خۆمان بینییەوە. هەموو ئەوەی کە لێکۆڵینەوەم لەبارەیەوە لەگەڵ کرا کەمپەینی واژۆکۆکردنەوەکە بوو. ئەوان دەیان ویست ڕێکخراوی ”ڕاستەقینە”ی پشت کەمپەینەکە بزانن. ئەوان بەردەوام هاواریان دەکرد ”کێ لە پشتی کەمپەینەکەوەیە؟”. هێشتاش ناتوانم لەوە تێبگەم داخۆ واژۆکۆکردنەوە چ جۆرە هەڕەشەیەک لەسەر دەوڵەت دروست دەکات؟ دادیارەکە بڕیاریدا کە دەبێت ئێمە هەموومان دەستگیربکرێین. من بۆ زیندانی بەکرکۆی (Bakirkoy) تایبەت بە ژنان بردرام، هاوڕێکانم بۆ زیندانی بایرامپاسا (Bayrampasa) بردران. پێش ئەوەی ماڵاوایی لە یەکدی بکەین، بە یەکێک لە هاوڕێکانم گووت؛ ئێمە نابێ لە تورکیا بمێنینەوە دوای ئەوەی ئازادکراین. بەجێهێشتنی تورکیا نزیکە….

 

به‌ندیخانه‌ی بەکرکۆی له‌ئه‌ستنبول
The Bakırköy prison in Istanbul

 

لێرە لەنێو ئۆتۆمبیلدام لەگەڵ پۆلیسەکان، بەڕێگەوەم بۆ زیندانەکەم. کاتێک گەیشتمە زیندانەکە، ئێوارە درەنگ بوو. پۆلیس و سەربازەکان نوکتە و گاڵتەیان لەسەر دەکردم، دەیان گووت؛ خوێندکارێکی دیکەی گەمژەمان بۆ هاتووە، کە ناتوانێ سوپاسگوزاری سوود و خۆشییەکانی تورکیا بێت…ئەوە زۆر نۆستالۆژی بوو چونكه‌ هەمان شتم گوێ لێبوو کاتێك وه‌ك خۆبەخش لە ڕێکخراوێکی قازانج-نەویست لە واشنتۆن ئیشم دەکرد. داوام لێکرا بۆ هاوەڵیکردن و وەرگێڕان بۆ هەندێ جوتیاری تورکی بکەم لە ئێوارەخوانێک لە ماڵی خێزانێکی ئەمریکیدا. ئێمە لەسەر مێزی ئێوارەخوانەکە دانیشتبووین، بەڕێوەبەری بەشێکی کشتکاری لۆکاڵی دەوڵەتی تورکیا دەستیکرد بە قسەکردن لەبارەی گەورەیی نەتەوە و کولتورەکەیەوە. پیاوەکان بەجەختییەوە لایەنگری دڵسۆزی ئەردۆگان، ناسیۆنالیزم و ئیسلام بوون. ناتوانم ئەوە قبوڵ بکەم کە ڕشاندییەوە…خێزانە خانەخوێکە پێشتر زۆر شتیان لەبارەی تورکیاوە دەزانی، ئەوان دەیانزانی کە پیاوەکان بەڕوونی خۆ دەنوێنن. نزیک کۆتایی دانیشتنەکە یەکێک لە پیاوەکان پێیگووتم ؛ ئەگەر لەبەر گەورەیی نەتەوەی تورکی نەبوایە، ئەوا من نەمدەتوانی لە ئەمریکا بم، لەبەر ئەوەی دەبێت شانازی بە ”وڵاتەکەم”ەوە بکەم….دیاره‌ ئەو هیچ بیرۆکەیەکی نەبوو لەبارەی سەلماندنی گەورەیی وڵاتەکەیەوە. دواتر قسەی بۆ بەڕێوەبەری ئێنگیئۆ (NGO)کە دەکرد و سکاڵا و گازەندەی لە من کرد،  و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کەوا؛ من لایەنگری پەکەکەم! سەیرە، من بیرم نایەتەوە کە لە ئێوارەخوانەکەدا سەبارەت بە پەکەکە قسەکرابێت…

 

شەوی یەکەم لە زیندان منیان خستە ژووری تاکەکەسیەوە لە بەشی زیندانییە تاوانکارەکاندا-زیندانییە سیاسییەکان و تاوانکارییەکان لە یەکدی جوداکرابوونەوە. ناوچەکانیان و زیندانەکانیان ڕێسای جودای هەبوو. لە دووەم ڕۆژمدا لە زیندان گواسترامەوە بۆ لای ژنە زیندانییە سیاسییەکانی کورد. هەر یەکێک بەشدار بێت لە خەباتی کورد لە تورکیا بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی گریمانەی زیندانیکردن دەبێتەوە. بێگومان هەڵاواردن هەیە، بەڵام ئەمە یاسایە لە دەوڵەتی تورکیا: هەموو چالاکییەکی خەڵکی کورد قەدەغە، نایاسایی و تاوانە، بۆ ئەوەی دایانمرکێنێتەوە و ترس لەنێو کوردەکاندا دروستبکات تاوه‌کو واز لە داواکاری و خەباتە سیاسی و کولتورییەکانیان بهێنن. سەرەڕای ئەوە، من ئەوە فێربووم کە هەموو نەوەکان (ی کورد) بە قوربانیدانێکی گەورەوە بۆ ئازادی خەباتیان کردووە.

زۆر یادەوەریی کاتی زیندانیکردنم هەن کە دێنەوە یادم؛  شتێک کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە یەکەم سەردانی باوکم بوو. ئەو گریا و پرسیاری لێکردم داخۆ ئەشکەنجەیان داوم. گووتم؛ نەخێر و جەختم لەوە کردەوە کە باشم. هەروەها ئەمه‌شم بە ئێرن کەسکین (Eren Keskin)یش گووت، کە یەکێک بوو لە پارێزەرەکانم و داکۆکیکارێکی بەناوبانگی مافەکانی مرۆڤ بوو. بەگوێرەی بیروباوەڕی من، ئەشکەنجەدان ئەوە بوو کە لە کارەبات بدەن. ئاخر تۆ تێدەگەیت، من تا گەورەبووم گوێم لەوە دەبوو لە بەتەمەنەکانەوە کە چۆن باوکم لە زینداندا بۆ ماوەی چل ڕۆژ ئەشکەنجە دراوە.  بۆیە چاوبەسترانەوە بۆ ماوەی بیست و چوار کاتژمێر و لێکۆڵینەوەی ترسناکم بە ئەشکەنجە دانەدەنا. من بەسەرداکێشان و ڕاکێشانی قژم وەک ئەشکەنجەدان نەدەبینی. ئەو ڕەفتارەی لەگەڵمدا کرا، ئەگەر بە باشترین شێوە بتوانم وەسفیبکەم، هۆڤی و دڕندانە بوو. ئەفسەری پۆلیسەکە پێیگووتم؛ هەرگیز ناتوانم ڕووخساری دایبابم ببینمەوە، ئەگەر دان بەوەدا نەنێم کە کێ لە پشت کەمپەینی واژۆکۆکردنەوەکەوە بووە…من بە هەڕەشەی ده‌ستدرێژیكردنی سێكسی (ڕه‌یپكردن)  دەترسێنرام. پارێزەرەکە بەوریاییەوە بە دادیارەکەی ڕادەگەیاند کە من لە ڕاستیدا ئەشکەنجە دراوم، سەرەڕای ئەوەی کە من نەمزانیوە. ئێمە وەک کورد ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردنمان بەتەواوی بەناوەکی (internalized)کردووە.  کاتێک چوومە ئەمریکا، ئەوەشم بۆ دەرکەوت کە ئێمە وەک کورد لە تورکیا (زیندانیکردنیشمان بەناوەکی کردووە)  واتا بووە بە بەشێک لە کەسێتی ئێمە. گێڕانەوەی چیرۆکی زیندانیکردنم بۆ ماوەی پێنج مانگ، دەبووە هۆی ڕاهێژان. ئاخر ئەمە بۆ خەڵکی ئەمریکا زۆرە گوێگرتن لەم چەشنە ترسناکییه‌، بەڵام بۆ ئێمه‌ی کورد، پێنج مانگ زیندانیکردن و توندوتیژیکردن بەرانبەرمان هیچ نییە، کاتێک ئێمە ئاشناین بە بینینی سزای هەتاهەتایی و کوشتن.

ژنانی زیندانی سیاسی لە زیندانی بەکرکۆی لە ئیستەنبوڵ خەڵکانێک بوون کە من هەمیشە لە یادمدان. هەندێکیان تاوه‌کو ئێستاش لە زینداندان، ئەوان لە نەوه‌ده‌کاندا لەلایەن دادگای تایبەت بە لایەنگرانی ئایدیای دژە دەوڵەتەوە سزای زیندانی هەتاهەتایی دراون. زۆرینەیان چەندین ساڵ لە زینداندابوونە. هەرچەندە بارودۆخی زیندان خراپ بوو، ئێمە گیرابووین، من بەشێوەیەکی سەیر ئەو ڕۆژانەم لە ڕۆشناییەکی ئەرێییەوە دەبینی. ڕەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە بێت کە من بەزوویی ئازادکرام. فرمێسك بەزۆی لەکاتی ئازادبوون لە زینداندا ئامادەیە. ئەو شەوەی ئازادکرام زۆر گریام، ئاخر دەمزانی کە خۆشەویستەکانم بەجێدەهێڵم، ئەوانەی کە هەموو شتێکم لەگەڵدا بەشکردن. کاتێک دێتە سەرئەوەی ماڵئاوایی لە هاوزیندانییەکانت بکەیت، ئەوا زیندان دەبێتە ناوچەیەکی هەڵچوونی سۆزەکی، بەڵام ئەمە بەتەواوی بەهێزکردن بوو.

ئەزموونی زیندانیکردنم لە زۆر ڕووەوە منی بەهێز کرد. بۆ نموونە؛ نامەم ئاڵوگۆڕ دەکرد لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکانم، کە ئەوانیش دەستگیرکرابوون. ئێمە هەندێ زیندانیمان لەگەڵدا بوو کە پێشتر گەریلابوون، ئەوان ئێمەیان فێرکرد کە چۆن کاغەزی بەتاڵ بە تیپ و گوڵ کە وشکمان کردبووەوە بڕازێنینەوە. من یەکێک لەو نامە بە گوڵ ڕاێندراوانەم دروستکرد و ناردم بۆ هاوڕێ کوڕەکانم. لە وەڵامدا، یەکێکیان نامەیەکی توندی ناردبوو نووسی بووی ؛من دەبێ سەرنجم بخەمە سەر شتە گرنگەکان نەک کاتی خۆم ”بەم جۆرە شتانە”وە بەفیڕۆ بدەم…نوێنەری زیندانەکەمان نامەیەکی بۆ نوێنەری زیندانی پیاوان نووسی و پێی گووتبوون؛ ئەم هاوڕێ کوڕە مافی ئەوەی نییە نامەی بەم چەشنە تاوانبارکردنە بنێرێت…من بۆم دەرەکەوت و هەستم بە هاوکاری نێوان ژنان دەکرد لەو زیندانەدا. بێگومان، تەنگژە یان هاڤڕکێی نێوان نەوەکان هەبوو. هەڤاڵێکی شه‌ست و پێنج ساڵ زۆر نیگەران بووبه‌وه‌ی   ئێمەی دەبینی گۆڤەند دەکەین، ئەمەی وەک کردارێکی ناسیاسی دەبینی لەنێو ”گرنگیەتی”ی سیاسی نێو زینداندا!  هەروەها ژنێکی دیکەشم دێتەوە یاد کە نەیدەتوانی بنووێت لەکاتی بارانی بەخوڕدا، ئاخر بیری لای سێ منداڵەکەی بوو کە لە ژێرزەمینی بینایەک جێیهێشتبوون و دەترسا لاوفاو بیانبات. هەموو ئەمانە زۆر یادەوەری لەبیرنەکراویان چێکرد.

 

بگەڕێمەوە بۆ خەنەکردنی دەستم: ئەمە کرداری بەرخۆدان بوو، ئێمە وەک کورد هەوڵماندەدا ”خۆمان” بین، شوناسی خۆمان بەدەستبهێنینەوە. خوێندنی چوار ساڵی کۆلێژم بە حەوت ساڵ تەواوکرد. خێزانەکەم لە ساڵی دووەمدا زانییان کە من هێشتا لە پۆلی یەکەمدام کاتێک من لە ژووری دادگە وەستابووم، سەیرێکیان کردم کە هێشتاش بەڕوونی لە یادمە. دەمزانی ناتوانم بۆ ماوەیەکی درێژ لە تورکیا بمێنمەوە، لە کۆتاییدا بۆ خوێندن چوومە ئەمریکا، لەوێ خوێندنی ماستەرم لە جێندەر و توێژینەوەی ژنان تەواوکرد و دەستمکرد بە دکتۆرا سەبارەت بە چالاکیی ژنانی کورد. لە سەرجەم ئەزموونی خۆمەوە دەتوانم بەباوەڕ بەخۆبوونەوە بڵێم؛ کە تۆ بەهێز، بوێر و ئازا دەبیت بەڕێی هەر ئەزموونێکەوە کە بەتوندی ڕووبەڕووی ترس دەبیتەوە. تۆ بە متمانەوە بەخۆت دەڵێی، ”من بەرامبەر ئەم ترسناکییە دەوەستمەوە. من بێدەنگ نابم.” ئەم ڕێگەیە، بە چەندین شێوە، کرۆک و واتای   کوردبوونت  پێکدەهێنێت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project