ئەشق، بێدەنگی، مەرگ لە ڕۆمانی عەشقی ھاجەرەی (ئیدریس عەلی)دا


Loading

چیرۆکی ئەشقی ھاجەرە

ئەم ڕۆمانە باسی ئەشقی نێوان فەقێیەکی گەنج و کچە قەرەجێک دەکات، لە گوندێکی بچوکدا، پاش ئەوەی بەھۆکارێک کە باشتر وایە خوێنەر لە ڕۆمانەکەدا بەریبکەوێت کچەی قەرەج لەگەڵ باوکیدا دەچنە ئەو گوندەی ماڵی فەقێکەی لێیە، ئیدی لەوێوە و لە ڕێگەی نیگای قوڵی نێوان فەقێی گەنج و کچەی قەرەجەوە سەرەتای ئەشقێکی گەرم و پڕ لە تاسە دەست پێدەکات.

پاش ئەوەی ئەم ئەشقە لەلای کەس و کاری فەقێکە ئاشکرا دەبێت، بەتوندی ئیدانە دەکرێت و ڕێگری لێدەکرێت، ئەمەش وادەکان ئەشقی نێوان فەقێی گەنج و کچەی قەرەج بە ناکامی بگات، بەڵام بڵێسەی ئەم عەشقە کۆتایی نایەت و جارێکیتر و لە تەمەنێکی دوورتری فەقێکەدا سەرھەڵدەداتەوە، بەڵام لە شێوەیەکی دیکەدا، کە تەواوی ئەم بەسەرھات و گۆڕانکارییانە لە میانەی خوێندنەوەی تەواوی ڕۆمانەکەوە بۆمان دەردەکەوێت، منیش پێم باش نییە ئەم نووسینە ببێتە گێڕانەوەی چیرۆکی ڕۆمانەکە، ئەوەندەی مەبەستمە خستنەڕوویەکی ڕۆمانەکە و لێکدانەوەی چەند ڕەھەندێکی تێکستەکە بێت کە وەک خوێنەرێک بەریکەتووم، ھەروەھا لەگەڵ ھەر بەشێکی نووسینەکەماندا شتێک لەو بەشەی چیرۆکەکە دەخەینەڕوو کە بۆ ئەو بەشە پێویستمان پێیەتی.

 

داستان به‌رزان

ئەشقێکی ناکام، بێدەنگییەکی قوڵ

تێڕوانینی جیاواز ھەن بۆ ئەشق، ھەندێک لەسەر ئەو بۆچوونەن کە ئەشق سوتان و ڕۆچوون و قوڵبوونەوە و تواندنەوەیە لە ئەویتردا، تا ئەو تاستەی کە ئیدی خۆت نامێنیت و لە مەئشوقدا ون دەبیت، ھەندێکیش ئەشق وەک بەرژەوەندی دەبینن و پێیان وایە مرۆڤ لە میانی بوونی بۆشاییدا پێویستی بە ئەویترە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، ھەندێکیش وایدەبینن کە ئەشق لە پێناو سێکسدایە و ئەشق لە سێکسدا خۆی کامڵ دەکات.

ئێمە لێرەدا نامانەوێت یەکلایی بکەینەوە کە سەر بە کام جۆرە تێڕوانینەین بۆ ئەشق، بەڵکو ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو جۆرە عەشقەیە کە لەم ڕۆمانەدا کاری لەسەرکراوە، کە ئەشقێکی پڕ لە سوتان و سوفیانەیە بۆ ڕەگەزی بەرامبەر، ئەشقێکە نزیک لە ئەشقی مەولانا بۆ شەمس، یان عاریفەکان بۆ خودا، بەکورتی عەشقێکی کلاسیکە، عەشقێکە تەواوی ژیانی مرۆڤێک دەگۆڕێت و ڕەھەندێکی دیکەی پێدەبەخشێت، مرۆڤێک لە فەقێ و مەلاوە دەکاتە عاشقێکی سەرسەخت و لە پاشدا وەک پاڵەوانێکی تراژیکی ڕێگای عەشق دێتە پێشچاومان، لە ئەنجامی ناکامی ئەشقەکەی ڕووبەڕووی کۆتاییەکی پڕ لە بێدەنگی دەبێتەوە و بە مەرگێکی لە ناکاو کۆتایی دێت.

ئەشقی نێوان ھاجەرە و فەقێی گەنج لەم ڕۆمانەدا لە جۆری ئەو ئەشقەیە مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی تێی دەکەوێت و زۆرجاریش ھاتنەدەرەوەی لێی زەحمەتە، وەک ئەفیون گیان دەتەنێت و ئیدی ھەتا ھەتایە جێگە برین و کاریگەرییەکانی بە ڕۆحەوە جێدەمێنێت، ئەشقێکە فڕێمان دەداتە سەحرایەکی پڕ لە بێدەنگییەوە و تاڕادەی شێتی دەمانبات، بۆیە کاتێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوە لە ناونیشانەکەیەوە چاوەڕێی بەیانکردنی عەشقێکین کە ڕەنگە ترسناک بێت، ھەر بەوجۆرەشە، فەقێ عەلی کە کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە و کۆی ڕوودا و بابەتەکان لە دەوری ئەو دەسوڕێنەوە، پاش ئەوەی ئاشقی ھاجەرەی کچە قەرج دەبێت کە ئەویش یەکێکە لە پاڵەوانەکانی ڕۆمانەکە بە بیانووی بێ ڕەچەڵەکی و بێ شوناسییەوە لەلایەن کەس و کاری فەقێ عەلییەوە بەر نەفرەتی کۆمەڵگا دەکەوێت و ڕێگری دەکرێت لەوەی ئەو دووانە بە یەک بگەن، ئەمەش وادەکات کە کچەی قەرەج لە دیمەنێکدا بە قوڵی پرسیار بە بوونی خۆی بکات و لە شێوەی گلەییەکدا لە باوکی کە خەوتووە، فڕێمانبداتە بەردەم پرسیارە قوڵەکانی شوناس و ڕەچەڵەکی مرۆڤ، کە بەبۆچوونی من دەکرا نوسەر ئەو دیمەنە پڕتربکات و وردتر ڕۆبچێت بەنێو تەواوی ڕەھەندەکانی (شوناس و بێ شوناسی)دا کە قەرەجەکان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی باجەکەی دەدەن.

ئەم ئەشقەی نێوان کچەی قەرەج و فەقێ عەلی وادەکات کەس و کاری ماڵی باوکی فەقی عەلی ھەڕەشە لە باوکی کچەی قەرج بکەن کە نابێت لەم گوندەدا بمێنێت، ھەر ئەم ئەشقەش دەبێتە ھۆکاری ئەوەی فەقێی گەنج بڕواتە شار و دوکانی عەتاری دابنێت، بە مەبەستی ئەوەی کەمێک لەو دۆخە دەروونییە خراپە دوور بکەوێتە کە لە ئەنجامی ناکامی عەشقەکەی تێی دەکەوێت.

 

بێدەنگی یان مەرگ

پاش ئەوەی فەقێ عەلی دێتە شار و بەو مەبەستەی لە کاریگەرییە دەرونییەکانی ئەشقە ناکامەکەی ڕزگاری ببێت، لەگەڵ ئافرەتێکی دیکە دەچێتە ژیانی پێکەوەییەوە، بەڵام وەک لە ڕۆمانەکەدا ڕوونە ئەمە ناکاتە ئەوەی فەقی لەو عەشقەی پێشوو دەربازی بووبێت، بەڵکو ھیواش ھێواش ئاگری ئەو ئەشقە ناخی دەسوتێنێت، تاکو ئەو ڕۆژەی پاش چەندەھا ساڵ لە چیرۆکی خۆی و ھاجەرە، ژنێک خۆی بە دوکانە عەتارییەکەیدا و لێی دەپرسێت دەرمانێکتان نییە خوێن بکات بە ئاو؟

ئەم ڕستەیە کە پێشتر لە ڕۆمانەکەدا شەرتێکی فەقێ عەلییە لەگەڵ ھاجەرەدا کە دەڵێت لە دوای تۆ خوێنم دەکەم بە ئاو، لە ھەمان کاتیشدا ئیدیۆمێکە لە زمانی کوردیدا کە نوسەری ئەم ڕۆمانە بە باشی سودی لێوەرگرتووە کردوویەتیە سیفەتێکی کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەی، بەوەی کە لە کۆتاییدا کاتێک فەقی عەلی بەھۆی بۆردومانی شارەکەیانەوە لە جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا لەسەربانی ماڵی خۆیان بەردەکەوێت و دەمرێت لەو ساتەدا لە جیاتی خوێن ئاو لە جەستەی دەڕژێت، وەک لە ڕۆمانەکەدا و لە زاری کاراکتەری (مام حوسێن)ەوە وەسفدەکرێت ئەوەی بە ستارەی ماڵی (مەلا عەلی)دا دێتە خوارێ چەشنی سوارحییەک ئاوبووە نەک خوێن، ئەمەش خەیاڵێکی جوانی نێو ئەم ڕۆمانەیە، خەیاڵێک کە توانیویەتی لۆژیکێکی ئەدەبی بۆخۆی دروست بکات، کە ڕژانی ئاوە لە جەستەی کاراکتەرێک لە جیاتی خوێن.

ھەروەھا بێدەنگیش ڕووبەرێکی بەرفراوانی لەم ڕۆمانەدا داگیرکردووە، بێدەنگی وەک دۆخێکی دەروونی قوڵ کە باڵ بەسەر کاراکتەری (مەلا عەلی)دا دەکێشێت، جۆرێک ترس لەلای خوێنەر دروست دەکات بەوەی ڕوون نییە ئەم بێدەنگییە ئەم پیاوە دەبات بەرەوە چ ئاقارێک، چونکە بۆی بۆتە کێشەیەکی گەورە لە ژیانیدا تا ئەو ئاستەی تەواوی خێزان و دەرووبەر و ئەوانەی پێشتر ئەم پیاوەیان ناسیووە، بەردەوام لەم بێدەنگییەی ڕاماون و لە ناو خۆیاندا قسەی لێدەن و دەیانەوێت سەرەداوێکیان لە ھۆکاری ئەم بێدەنگییە دەست بکەوێت، بەڵام لە ئەنجامی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە خوێنەر بۆی دەردەکەوێتەوە، ئەوە ئەشقە لە کۆتاییەکانی تەمەنی مەلادا وەک چرۆکردنەوەی درەختێکی پیر سەریھەڵداوەتەوە، بەڵام ئەم جارەیان لە گیانی فەقێیەکی خوێن گەرمی گەنجدا نا کە بوێریی ئەوەی ھەبێت کە ئەوەی لە دڵیدایە بۆ ھاوڕێکانی بگێڕێتەوە، بەڵکو لە گیانی مەلایەکی پیردا کە ئیدی پێگەی کۆمەڵایەتی و تەمەن و بوونی چەندین کوڕ و کچ ڕێگەی پێنادەن باس لە ئەشق بکات، بۆیە لێرەدا عەشق لە فۆڕمێکی دیکەدا خۆی بەیان دەکاتەوە ئەویش بێدەنگییەکی قوڵی وەھایە کە دەوورووبەر وەک شێتی لێی بڕوانن، بەڵام لەڕاستیدا ئەم پیاوە گیرودەی عەشقێکی نەمرە لە ناخیدا لە جۆری ئەو ئەشقانەی بڵێسەکەی بە ھیچ ئاوێک خامۆش نابێت و تابێت زیاتر و زیاتر تەشەنە دەکات و تەواوی بوونی ئەو دەگرێتەوە.

 

نۆستالۆژیان و ڕۆمان

 

نوسەرەکان ئەوانەن کە دەتوانن دەست بە ڕابردوودا بکەن، بەسەرھات و ڕووداوەکانی بکەن بە بیرۆکە و خەیاڵی لێوەربگرن و لە کۆنتێستێکی ھونەریدا بەیانی بکەن، ئەم جۆرە لە پێناسە بەتایبەتر بۆ ڕۆماننووسەکان ڕاستە، جیاواز لە ڕۆمانی خەیاڵی زانستی و ئەو ڕۆمانانەی جۆرێک لە پێشنییان تێدایە بۆ ئایندە، کە ئەوانیش لە جێگەیەکدا لەسەر ڕابردوو بونیاد دەنرێن، بەو مانایەی ئەگەر ڕابردوویەک نەبێت پێشبینی کامە ئایندە بۆ ئێستا بکەین؟

نوسەری ڕۆمان مرۆڤێکە ڕابردووی ھەیە، ئەزموونی ھەیە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، بۆ ئەوەی ڕۆمان بنووسین دەبێت بتوانین بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، ھێزی ئەوەمان ھەبێت جڵەوی ڕابردوو بگرین و ئەوەی تێیدایە لە وزە وەریبگرین، ھەر ئەمەشە وادەکات بۆچوونێک بێتە ئاراوە کە پێی وایە نوسەری ڕۆمان دەبێت تەمەنی لە سەروو چل ساڵییەوە بێت، ھەروەھا خوێنەرێکی باشی ئەدەب و زانست و دەروونناسی و کۆمەڵناسی بێت، ھەموو ئەمانە پێکەوە دەکەنە ئەوەی ڕۆماننووس زانیاری لەبارەی کۆی ژیانەوە ھەبێت، بۆ ئەوەی لە کاتی نووسینی ڕۆماندا سودی لێوەربگرێت، ڕۆمان جیاواز لە شیعر پێویستی بە ناسینی مرۆڤە لە ھەموو ڕووەکانەوە، ئێمە لە نووسینی ڕۆماندا پێویستمان بە ناسینی باری دەروونی و لایەنی ڕەفتاریی کاراکتەرەکانمانە، پێویستمان بە دەستنیشانکردنی پێگەی کۆمەلایەتی و ئەو ژینگەیەیە کە کاراکتەرەکانمان تێیدا گەشە دەکەن و ڕووداوەکانمانی تێدا دەچێتە پێشەوە، پێویستمان بە زانستە بۆ ئەوەی بیکەینە کەرەستەیەکی ئەدەبی لە نێو کارەکانماندا، بۆ نمونە ئەگەر بھاتایە و نوسەر (بەختیار عەلی) زانیاری لە جۆر و ژینگە و ڕەنگ و شێوازی باڵندەکاندا نەبووایە دەیتوانی ئەو بەشە گرنگانەی ڕۆمانی (کۆشکی باڵندە غەمگینەکان) بنووسێت کە باس لە جۆر و نیشتیمانی باڵندە جیاوازەکان دەکەن؟ یاخود ئەگەر بە وردی بە جیھانی موزیکدا ڕۆنەچووبایە، دەیتوانی بەو چەشنە سیحرئامێزە ڕۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان) بنووسێت؟ ئەمە بۆ زۆرینەی ڕۆمانی جیھانیش بەو شێوەیەیە.

نوسەری ئەم ڕۆمانە زۆر زیرەکانە لە میانی ڕۆمانەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، لە ھەر بەشە و شتێک لە منداڵی و ڕابردووی نەوەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەکرێت خۆی بێت یاخود ھەر کەسێکی دیکە کە سەر بەو ژینگە و کات و شوێنە بووبێت کە نووسەر باسی لێوە دەکات، لە پاڵ ئەمەشدا بەڕوونی دیارە لە ھەندێک شوێنی ڕۆمانەکەدا بابەتە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی نووسەر دێنە نێو ڕۆمانەکەوە، ئەمەش بەڕای من خاڵێکی سەرکەوتووی ئەم ڕۆمانەیە، چونکە ئەگەر بێت ئەزموونە تایبەتی و گشتییەکان لە ئەدەب دەربھێنین ئەوا کەلێنێکی گەورە دەکەوێتە ئەدەبیاتی دونیاوە.

نوسەر توانیویەتی شتێک لە تایبەتمەندی زمان بۆ کاراکتەرەکانی بەدەستبێنێت، ھەروەھا بەلەبەرچاوگرتنی ژینگە و جوگرافیای کارکتەر ھەندێک لە تێڕوانین بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەرجەستە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا سودێکی باشی لە شوێنی منداڵی خۆی وەرگرتووە بۆ نێو ڕۆمانەکەی و توانیویەتی بیان کاتە شوێنگەیەک بۆ ڕوودا و بەسەرھات و گرێچنی ورتری بەسەرھاتەکانی نێو ڕۆمانەکە، ئەمە جگە لەوەی دەکرێت ھەندێک لەو کاراکتەرانەی لە ڕۆمانەکەیدان ھەمان ئەو کاراکتەرانەی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی بن لە منداڵی تەنانەت ئێستاشیدا، بەڵام ئیدی ئەوان ھەمان ئەو مرۆڤە ڕیالیتیانە نین، بەڵکو ئیتر ئەوان بوونەوەر و مرۆڤی ناو ڕۆمانێکی نوقمی ڕابردوون و بە ئاستەم دەتوانیت بیان ناسیتەوە، ھەرگیزیش بە پێویستی نازانم لە نێو ڕۆمانەکاندا بۆ کاراکتەری ڕیالیستی بگەڕێین، بەڵکو ئەوە مێژووە کە ھەوڵدەدات کاراکتەرەکانمان وەک خۆیان نیشان بدات، کە وەکو دیارە مێژووش لە زۆر شوێندا لەم کارەدا بەھەر ھۆکارێک بێت شکستی ھێناوە.

ھەروەھا نوسەر سودێکی باشی لەو ڕووداوانە وەرگرتووە کە لە سەردەمی منداڵی ئەودا ڕوویانداوە، ئەمەش خاڵێکی دیکەی ڕۆماننووسی سەرکەوتووە، بۆ وێنە کەم نین ئەو ڕۆمانانەی باس لە جەنگە جیھانییەکان دەکەن یاخود چیرۆکی کارەساتە سروشتییەکان و نەھامەتی و برسێتییە گەورەکانمان بۆ دەگێڕنەوە، ھەروەھا ئەو ڕۆمانانەی دەربارەی کارەساتی ھۆلۆکۆستن کە ھەموویان باسی کارەساتێکی دیاریکراوی مرۆیی دەکەن، بەڵام بە ڕەھەند و تێڕوانینی جیاواز، نووسەری ئەم ڕۆمانەش توانیویەتی شەڕە دێژخایەنەکەی ئێران و عێراق، بۆردوومانەکانی شارەکەی، ھەڵھاتن و جێھشتنی گوند و چۆڵکردنی ماڵ لە ترسی بۆمبەکان بکاتە کەرەستەیەکی ھونەری بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی، کە وەکو پێشتر باسمان کرد ئەمە خاڵێکی سەرکەوتووی ئەم ڕۆمانەیە.

 

گێڕانەوە یان ڕۆمان

 

گێڕانەوە ژانرێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو ڕەگەزێکە کە دەکرێت لە ھەر دەقێکی ئەدەبیدا ھەبێت، بۆ نمونە ڕەگەزی گێڕانەوە لە ڕۆماندا، یاخود ڕەگەزی گێڕانەوەی لە چیرۆک و تەنانەت لە شیعریشدا، بۆیە بەڕای من لە ڕووی ناونانی تێکستەکەوە نوسەر وەک پێویست کاری لەسەر تێکستەکەی نەکردووە و دەکرێت بڵێین کەوتۆتە ھەڵەوە.

ئه‌م  تێکستەی کە ناوی (عەشقی ھاجەرە)یە ژانری ڕۆمانە، بەوەی زۆرینەی ئەو ڕەگەزانەی تێدایە کە بۆ نوسینی ڕۆمان پێویستن، لەوانە (گێڕانەوە، کاراکتەر، ڕووداو، کات و شوێن، تەکنیک، دیالۆگ و تەنانەت ھێڵی درامیش) بۆیە دەبوو نووسەر بەبێ دروستکردنی ھیچ گومانێک ھەر لەسەرەتاوە ئەم تێکستەی ناو بنایە ڕۆمان، کە من ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ چەند خاڵێک ئەوانیش: ئایا نوسەر لە تێکستەکەی خۆی ڕانەبینیوە و پێی وابووە ڕۆمان زۆرە بۆ ئەو تێکستە؟ یاخود لە جۆرێک لە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەی گرتووە بەرامبەر بە نوسین و نوسەر ویستوویەتی کەمێک خاکەڕاتر مامەڵە لەگەڵ تێکستەکەیدا بکات، ئەمەش تا ڕادەی ترس لەوەی تێکستەی ناوبنێت ڕۆمان؟ کە بەڕای من ھیچ کام لەمانە بیانوو نین بۆ ئەوەی ئەم تێکستە ناونەنێین ڕۆمان، ھەر بۆیە لەناو نیشانی ئەم نووسینەوە تاکو کۆتایی بە ڕۆمان ئەم نوسینەمان ناوھێناوە، پێم وایە ڕۆمانێکی تەواوە و خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەیدا بەر زۆرینەی ئەو پێویستییانە دەکەوێت کە تێکستێکی ڕۆمان دەیخوازێت.