ڕامیار مه‌حمود

کار لەسەر سەفەر ئەکەم بەرەو مەرگ


Loading

 

 

 

 

 

 

 

 

– من ڕۆژگارم زۆر دیووە
دڵنیانیم چۆن فێری ئاسانکردنەوەی ژیان و مردنتان بکەم
مرۆڤ ئەبێت نرخ لە سەر مردنی دابنێت نەک ژیان.

 

 

– چۆن بەرەو ئەوێ ئەچیت
نە ئەوەنە بەتاڵ بیت گۆڕ تاقەتی تۆی نەبێت
نە ئەونە قەرەباڵەخبیت لە دڵی کەسدا نەبیت

– ئەو کاتە پیر ئەبیت
کاتێک دەست لە بیرکردنەوە لە سەر خۆت ھەڵ ئەگریت.

 

 

– ماندووم زۆر
ھەستێکی سەیر دایگرتووم
ھێشتا ئەوەی بیری لێ ئەکەمەوە لە دایک نەبووە
– من بیر لە خودێکی تری ئەکەمەوە لە خۆمدا
ناتوانم بمێنمەوە وەک خۆم
ئەبێت بە بەردەوامی وەرچەرخێم
ئەگەر نا
مردوویەکی وەستاوم بە پێوە.

 

 

– لە نەریتی مندا نییە
ڕاوەستانی جەنگ لە گەڵ ڕۆژگاردا
خەڵکی شۆڕشگیر ئەبینم
زەمانی زووم بە بیر ئەخەنەوە
داڵغەی ئەوەی مرۆڤ ئەتوانێت بە سەر ھەمووشتێکدا بازدات.

 

 

– تۆ ئەگەر نەزانیت کەوتوویت
تۆ ئەگەر نەزانی ئیفلیجیت
تۆ ئەگەر ئەزانیت کۆیلەیت
ھەرگیز نە ئەتوانیت ھەستیت
نە ئەتوانیت برۆیت
نە ویستت ئەبێت بۆ ژیان.

 

– من توشم بوو بە توشی خۆمەوە
بە ناوی خەڵکەوە دەستم پێ نەکرد
وەک شاعیرێک لە دایک بووم کە تەنھا
جگە دۆزی خۆی ھیچ مەسەلەیکی بەھاداری نییە.

 

– ڕقم لە ڕۆمان ئەبێتەوە
حەزناکەم ھەست و بیرکردنەوەکانم پەرش و بڵاو بکەمەوە
بە سەر خەڵک و شوێن و ڕووداوەکاندا.

 

– بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ
کار لە سەر سەفەر ئەکەم بەرەو مەرگ
واتا دۆزینەوەی ژیان بە ڕەھایی
ئەبیت ئەوە بزانن بۆ یەکەم جار من ئەوەم دۆزییەوە
کە مردن ھەرگیز وننابێت.

 

– من گریانی خۆم شاردۆتەوە لە پێکەنینا
ڕۆژی خۆم شاردۆتەوە لە خەڵک
تۆ ئەتوانیت ھەوڵی خۆت بدەیت
بەڵام سروشت ھەرگیز ناگەڕێتەوە.

 

– سروشت گیژەڵوکەی نوێگەری لە گەڵ خۆیدا بردی
وەک مردوویەکی بی سەرو شوێنی جەنگ
بێھودەیە گۆرانی گەڕانەوەی بۆ بڵێن

– بازاڕی ھیوا گەرم بێت و سارد بێت
من بانگەشەکەم بۆ نائومێدییە.

 

– مرۆڤی شار وەکو مریشکی دەواجن وایە
مرۆڤی ڕەسەن تەنھا یادگارییەکەی تیۆرییە بۆ بوون.

– ھیچ شتێک نەماوەتەوە بۆ من
ئەوەش خۆشترین ھەواڵە پێم ئەگات
منیش لە ژیان ھیچ ناھێڵمەوە بۆ کەس.

 

جولای ٢٠١٧