تورکیا بۆ هاتۆتە هەرێمی کوردستان؟

Loading

 

 

پێویست ناکات کە پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و توکیاناس بیت بۆئەوەی بزانیت کە مەبەست لە هاتنی هێزەکانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان چین. تورکیا هاتوە بۆ هەرێم تاوەکو:

یەکەم، تەرازوی هێزی لاربووەوەی سوننەکانی عێراق ڕاستبکاتەوە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە بەهاتنی ڕوسیا بۆ سوریا ئەگەرەکانی مانەوەی ئەسەد زۆر زیادیکردوە بۆیە بەرەی سوننە تاڕادەیەک لە سوریا بێئومێدبوونەو دەیانەوێت لە عێراق بارەکە ڕاستبکەنەوەو کوردیش بکەن بە بەردەبازی ئەو هەوڵە. بەمەش بەبەردێک دوو کێشکە بکوژن.

دووەم، لەوەتەی قسە لە گرتنی سنوری نێوان تورکیاو سوریا دەکرێت، بەتایبەتی دوای دانیشتنەکەی سەرۆکی فەرەنسا، هۆلاند لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا، پوتین، کە مەبەست لێی بڕینی دەستی تورکیا بوو لە سوریا لەگەڵ ڕێگریکردن لە جڕتوفرتی تیرۆریستەکانی داعش، ئەوە لەوکاتەوە تورکیا دەیەوێت لەڕێگەیەکی دیکەوە پشت لە شەڕڤانە کوردەکانی ڕۆژئاواو بگرێت‌و لەڕێگەی وجودی هێزەکانی لە پارێزگای نەینەوا (موسڵ) کە هاوسنوری کانتۆنی جەزیرەیە فشاربخاتە سەر کانتۆنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا.

سێیەم، تورکیا هاتوە بۆئەوەی پرسی ناوچەدابڕاوە تازە-ئازادکراوەکانی شەنگال‌و ڕەبیعەو زومار تادەگاتە ناوچەیی خازر لە بەرژەوەندی سوننەکانی عێراق یەکلابکاتەوە.

چوارەم، تورکیا هاتوە تاوەکو دەسەڵاتی یەپەگەو یەپەژەو پەکەکەو یەکینەکانی ئێزیدییەکان لە شەنگال‌و دەوروبەری نەهێڵێت‌و ناوچەکە ڕادەستی عەرەبە سوننەکانی عێراق بکات.

پێنجەم، تورکیا هاتوە بۆئەوەی ئەگەرەکانی دابەشبوونی هەرێم بۆ چەند زۆنێک، لانیکەم زۆنی سەوزو زۆنی زەرد، زیاتربکات‌‌و ئەو ئەزمونەی کە لە باشور هەیە لاوازبکات یان شکستپێبهێنێت، خۆئەگەر بەتەواویش شکستیپێنەهێنێت ئەوە بتوانێت دەیان هێندەی ئێستا ملکەچی تورکیای بکات.

ئەوانە هەندێک مەبەستی شاردراوەو ئاشکرای تورکیایە، ئەگەرنا چەند چەکدارێکی کڵاشینکۆف بەدەستی عەرەبی سوننە بۆ مەشق‌و ڕاهێنان لە دەوروبەری موسڵ چ پێویستیان بەو هەموو دەبابەو زرێپۆشەیە.

ئێستا ئەوە کێیە کە دەیەوێت ئاسانکاری بکات بۆ ئەو ئامانجانەی تورکیا؟ بەدڵنیای بارزانی‌و پارتی دیموکراتی کوردستان.

پرسیار ئەوەیە کە بۆ پارتی دەیەوێت ئەم ئاسانکارییە بکات؟ هۆکاری ئەمەش زۆرە، بەڵام هۆکارە هەرە سەرەکییەکان ئەمانەن:

یەکەم، پارتی چاوی بەو سەرکەوتنانەی کورد لە باکور کە هەدەپە بەدەستی هێناون هەڵنایەت‌و گرەوی زۆری لەسەر شکستی هەدەپە کرد، بەڵام لە دوو هەڵبژاردنی لەدوای یەکدا دەرکەوت کە هەدەپە گەورەترین هێزی کوردستانییەو خاوەنی ٥-٦ ملیۆن دەنگە.

بەهەمانشێوە پارتی چاوی بەو سەرکەوتنانەش کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بەدەستی هێناوە هەڵنایەت‌ بەتایبەتی دوای ئەوەی کە دیتی کە هێزەکانی یەپەگە بەخۆڕاگری خۆیان پاڵپشتی نێودەوڵەتییان مسۆگەرکردو ئێستا ئەمریکا بە هێزی هەرە سەرەکی ئۆپۆزسینی سوریایان دادەنێت. بۆیە پارتی دەیەوێت لەڕێگەی تورکیاوە تۆڵە لە پەکەکەو پەیەدەو هەدەپە بکاتەوە ئەویش بەلێدانی ئەوهێزانەیان کە ئێستا لە باشورن بەڵام بەدەستی خۆی نا بەڵکو بەدەستی تورکیا. ئەمەش نەرێتێکە پارتی لەمێژە سوودی لێوەردەگرێت.

دووەم، پارتی هێزێکە کە خەون بە دابەشبوونی هەرێم دەبینێت. ماوەیەکیشە بەخەستی لەسەر ئەم ستراتیجیەتە کاردەکات. ئەو گولەبارانی خۆپیشاندەرانی کرد، تەنیا بۆئەوەی کە شەڕوئاژاوە دروستبێت‌ و دابەشبوونی کوردستان ببێت بەواقیع.

ئەو گۆڕانی لە حکومەت‌ دەرپەڕاندو پەرلەمانی لە پەلخست هەربۆئەوەی هێزەکانی دیکە پەرچەکردارێک لەخۆنیشاندەن، بەڵام هێزەکانی دیکە ئەو پەرچەکردارەیان نەنواند بەمەش ئەو ستراتیجیەتەش فەشەلی هێنا. ئێستا پەلکێشی تورکیای کردوە دیسان بەهەمان مەبەست تاوەکو هێزەکانی دیکە پەرچەکردار بنوێن‌. پارتی دەیەوێت کوردستان دابەشبێت چونکە دەزانێت بەیەکپارچەیی مانەوەی هەرێم هەمیشە خەتەرە لەسەر ئەو تاکڕەوییانەی کە پارتی چەند دەیەیەکە لە هەرێم پەیڕەوی دەکات. پارتی نفوزی لە دێگەڵە تێپەڕناکات بۆیەش نایەوێت لە دێگەڵە زیاتر حوکمبکات.

جا ئەو گەمە ترسناکەی پارتی‌و تورکیا هەرێم‌و کوردستان‌و ناوچەکە بەرەوکوێ دەبات پرسیارێکی دیکەیە. من یەک شتی لێدەزانم ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەو پلانانە سەربگرن ئەوە ئەوەی تا ئێستا کورد بەچاوی خۆی نەیدوە لە ٢٠١٦ دا دەیبنێت، تاوانباری سەرەکیش پارتییە.