خووی شەمشەمە کوێرەم گرتووە
موتووربەی ئازارەکان لە گیرفانمدان
جیابوونەوە لە برین دەرفەتێکی کەمە
لە شەقامی پارادایس شەقێك لە قوتووە بەجێماوەکان دەدەم و
بە ئەسپایی درێژترین ڕێگا دەبڕم
ڕۆژ تاریکی بینینهكانم ڕووناك ناکاتەوە، شەو باشتر دەبینم،
خووی شەمشەمە کوێرەم گرتووە.
لە بێداریدا زەنگی مۆبایلەکەم لە ژیان و مردن ئاگادارمدەکاتەوە
ههندێك جار دەنگی بەرز دەبیستم پەردەی گوێم دەزرنگێتەوە،
ههندێك جاریش ئاوازێکی ناسك لەگەڵ قاسپەی کەو جیاناکرێتەوە.
نزیك دەڕوانم و تیژ تێ دەفکرم،
لەو بنارە تاکێك پێڵاو دەچێنم تا جووتێکی تازەم بۆ بگرێ
باران زیاتر لێیدەدا، لەو ئاسمانەوە….
***
نزیکە دۆعاکانی ژووان،
ئیدی چرکە چرکی کاتژمێرەکەی دەستیشم ھەراسانم دەکات
خواوەند زەمەنی شادی ناوەستێنێ و ستەم لە مرۆڤ دەکات،
بێدادی سنگی شەقکردووم و دڵ زمانی سست بووە نایەتە گۆ.
دەڕۆمەوە بەر لە سپێدە تووند غەریبی لە ئامێز دەگرم تەنیایی بەخۆمدا دەدەم
لەم زووقمەدا گڕی مۆمێكم بۆ ژوورەکەم پێویستە،
چونكه گڵۆپەکان چاوم ئازاردەدەن…
***
بە دیار قەسیدەی من و منەکەی ترەوە وێنەی دەمولێوبهخەندەیهك دەکێشم
لەسەر بەشی پشتەوەی کراسە ڕەشەکەم دەنوسم؛ ژنێك یادەوەرییەکانم ھەڵناداتەوە.
بۆ یەکەمجاره لە ژیانمدا ڕۆڵی شانۆکار ببینم،
بەڵکو خەڵاتی بەخت بەدەستبهێنم.
دەزانم تاراوگەنشینان تەماشاکارێکی باشن
ده با دەنگۆی شێتبوونم بڵاوبێتەوە، بۆچی نا!
ڕەنگە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەنجامبدهن،
سەیر و سەمەرەیی، سەرنجی ڕۆژئاواییهكان ڕادەکێشێت.
ئەو کات سووڕێك بە مێشک دەدەم و
دەگەڕێمەوە دۆخی بیرکردنەوە و ناسینەوە.
دکتۆرەکان کەی دەماری ئاشقبوون دەدۆزنەوە؟
بیستوومە لە ڕۆژھەڵاتدا دەڵێن؛ قسە لە شێت یان لە منداڵ
ئەستە مه منداڵ بوونەوە، بهڵام لە چاوەڕوانیدا شێتی نزیکە
ئەی بێئاگا لە من کەی وریا دەبیتەوە…