پێشاندان


Loading

پێشاندان چییە؟

كاوه‌ جه‌لال

ئێمە لەم ڕێبەرییەدا خۆمان بە پێشاندان (ڕێپرێزەنتاسیۆن/Repräsentation)، هەروەها بە ڕەخنەی پێشاندان و کولتوری دیتەنییەوە (ڤیژواڵ) خەریک دەکەین، لێرەشدا شێوەی هزرینی ڤیژواڵ کەلچڕال سەتەدیس (visual cultural studies) وەک بنەمای خەریکبوونەکەمان وەردەگرین. ئێمە دەتوانین لەم کۆنتێکستەدا پێشاندان بە پراکسیس دابنێین، کە تێیدا لایەنەکانی داڕشتن، دروستکردن، (خۆ) نمایشکردن، نوێنەرایەتیکردن و کردنەوەی پێشانگە یەکدەگرنەوە. کۆنسێپتی بونیادگەریی (کۆنستروکتیڤیستیی) پێشاندان لە بنەڕەتەوە وایدادەنێت کە پێشاندان پراکسیسێکی شێوەخەرەوە (gestaltende) و بەدەسەڵاتە، لێ سنووری تایبەتی بۆ ئەنجامدانی پێویستە، بۆیە پێشاندان بریتی نییە لە دانەوە یان وێنەدانەوەی پاسیڤ و بێلایەن و ڕاستەوخۆ. ئاخر پێشاندان بە جۆر و شێوازێکی تایبەتی شتێک بۆ بینین تەرخان دەکات و بەو رێیەوە واتا و زانین دەهێنێتە گۆڕێ، لێرەشەوە کاریگەری لەسەر شێوەدان بە دەرککردنەکانی مرۆڤ و کردەکێتی دەنوێنێت (Wenk 2006: 100). گەر مرۆ بییەوێت پێشاندان شرۆڤە بکات، ئەوا بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە کەرەسەی دیتەنییە (ڤیژواڵ)، وەک: فۆتۆگرافی، ڕۆژنامە، وێبپەیج، کەتەلۆگی مۆزەخانە، لێدوانی ڕەخنەگرانەی (Rezension) پێشانگە، فیلم (بە تایبەتی بە ئاوەڵیی موزیک)، نامیلکەی پرۆگرام، ڕێکلام، پلاکاتی فیلم، بەرگی قەوان، کتێبەکانی خوێندن، دیسپلەیەکانی پێشانگە و زۆری دیکەش. ئەمانە وەک کەرەسە وەردەگیرێن و بە ئاڕاستەی کارکردنیان لە پێشانداندا لێدەتوێژرێنەوە. ئەم کەرەسانە گونجاون بۆ توێژینەوە لە پرسی پێشاندان، چونکە لە نێویاندا پرۆسەی جیاواز دەردەکەون، وەک پرۆسەکانی: بژاردەکردن، ڕێکخستن، هێنانەگۆڕی، وەلاوەنان وەک ناگرنگ. ئەم پرۆسانە پێکڕا کەسێک یان شتێک بە جۆر و شێوازێکی تایبەتی دادەڕێژن “و” دروستدەکەن، بەمەش واتایەکی تایبەتی بە شتەکان دەدەن. سۆسیۆلۆگ و تیۆریڤانی کولتوور ستوارت هۆڵ (Stuart Hall) وەسفی پێشاندان دەکات وەک:

“active work of selecting and presenting, of structuring and shaping: not merely the transmitting of an already-existing meaning, but the more active labour of making things mean„ (Hall 1982: 64).

لەم ڕوانگەیەوە نەک تەنیا ئەو پرسیارە گرنگە کە داخۆ چی پێشان دەدرێت، بەڵکو هەروەها ئەوەش گرنگە کە بە چە جۆر و شێوازێک، ئەوجا بە چە مەرجێک و چە بایەخپێدانێک پێشاندانەکە ئەنجام دەدرێت. ئاخر پێشاندان بریتی نییە لە وێنەدانەوە و پەرچاندنی شتێک، واتا شتێک کە لە دەرەوەی پرۆسەی داڕشتنی خۆیدا بێت، بەڵکو پێشاندان ئاڵۆزێکە لە بنیاتنانی واتا و داکەوت (ڕیالێتی). لەم پەیوەندییەدا تێگەی جیاواز هەن کە دەبن بە ئامرازی شرۆڤە ڕەخنەییەکانی پێشاندان، تێگەکانیش بریتین لە: دیاربوون، ئێڤیدێنس (ڕوون و ئاشکرایی)، دید یان میتۆس. ئەم تێگانە دەستپێکە سێمیۆلۆگی (هێماناسی) و دەروونشرۆڤەیی (پسیکۆئانالیزی) و دیسکورزتیۆرییەکان وەک زەمینەی بیناکردن وەردەگرن.

بۆچی ڕەخنە لە پێشاندانەکان بگیرێت؟

شێوەی هزرینی ڤیژواڵ کەڵچرال ستەدیس پەیوەند بە پێشاندانەکانەوە وای دادەنێت کە پێشاندان بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و سەروەرییەوە گلاوە. بێگومان مرۆ ناتوانێت ببێژێت کە پێشاندانەکان لە خودی خۆیانەوە خاوەنی دەسەڵاتن، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە مرۆڤ بەڕێی ئەوانەوە و لەنێو ئەواندا دەسەڵات ئاوەڵا دەکات. هۆی ئەمە لەوەدایە کە پێشاندان واتا و زانین بەرهەمدەهێنێت، پاشان واتا و زانین لە لایەنی خۆیانەوە داکەوت (ڕیالێتی) دروست دەکەن، هەروەها دەرککردن بونیاددەنێن و کاریگەری لەسەر شێوازە سۆسیالەکانی کرداری تاکەکەسان دەنوێنن، کەواتە هەردووکیان چالاکانە لە بیناکردنی ‘جیهان’دا بەشداری دەکەن. لێ بەرهەمهێنانی واتا و زانین بێلایەن یان هەوەسئاسا یان ئۆتۆنۆم نییە، بەڵکو بە پێشمەرجی دامەزراوەییەوە، هەروەها بە بابەتی پێویست (ڕێسورس) و بایەخ و خواستەوە ئاڵۆزکاوە. پێشاندان ئەو واتایە ناگەیەنێت کە گۆیا مرۆ هەموو شتێک پێشان دەدات، یان وەک میشێل فووکۆ دەبێژێت: ئێمە نابێت لێمان تێکبچێت و پێشاندان بە ترانسپارێنس (شەفایەت) دابنێین. نەخێر. پێشاندان بەندە بە کردارەکانی بژاردەکردن، پێکەوەدانان/سازاندن، ئیقیباسکردن، دەرخستن، دووپاکردنەوە و وەلاوەنان وەک ناگرنگ. پێشاندان هەمیشە بە جۆر و شێوازێکی تایبەتی ‘جیهان’ دادەڕێژێت و دروستدەکات، واتا جیهانێک کە دەشیا بە جۆرێکی دیکە بووایە. ئەمەیە کە وا لە پێشاندان دەکات شیاوی ئەوە بێت هێرشی بکرێتە سەر و ڕەخنەی لێ بگیرێت. لێ ناکۆکییەکان لەبارەی پێشاندان لەو جێیانەش سەرهەڵدەدەن کە لێیان دەسەڵاتی تەرخانکردن-بۆ-بینین (Zu-sehen-Geben) نایەکسان دابەش کراوە. ڕەوشێکی بەم چەشنە بۆ نموونە سەرهەڵدەدات گەر هەندێک چالاکوانی نێر و و مێ دەرفەتیان هەبێت پێشاندان بەرهەمبهێنن، لێ کەسانی دی تەنیا پێشان بدرێن، بەبێ ئەوەی بتوانن بەشداری بکەن لە بڕیارداندا سەبارەت بەوە کە داخۆ چی یان کێ دادەڕێژرێت و هەروەها چۆن دادەڕێژرێت. لەم پەیوەندییەدا جۆن تاگ لە پەرتبوونێکی سۆسیال دەدوێت:

„social division between the power and privilege of producing and possessing and the burden of being meaning” (John Tagg 1993): 6.

یەکێک لە شێوەکانی نواندنی دەسەڵات ئەوەیە کە مرۆ سەبژێکتی دیاریکراو، گرووپی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو، یان بابەت و شتانی دیاریکراو، هەمیشە سەرلەنوێ بە هەمان جۆر و شێوازی یەکلایەنی بۆ بینین دەردەخات، لێ شتانی دیکەی تایبەتیش هەن کە بە هیچ شێوەیەک پێشان نادرێن. ستوارت هۆڵ لەبارەی ئەم شێوەیەی نواندنی دەسەڵات دەنووسێت: “پێدەچێت ئێمە نەتوانین دەسەڵات تەنیا لە واتای ڕووتاندنەوەی ئابووری و زەبری فیزیکیدا دابنێین، بەڵکو هەروەها پێویستە لە واتای گشتگیرتری کولتووری و سیمبۆلیدا لێی تێبگەین. ئەمیان هەروەها ئەو دەسەڵاتەش لەخۆدەگرێت، کە مرۆ بەڕێیەوە دەتوانێت کەسێک یان شتێک بە جۆر و شێوازێکی تایبەتی پێشان بدات، ئەمەش بێگومان لەنێو ‘ڕژێمێکی پێشاندان’ی دیاریکراودا، واتا مرۆ دەسەڵاتێکی سیمبۆلیی هەیە و بە کردارەکانی پێشاندان ئەو دەسەڵاتەی دەنوێنێت” (Hall 2004: 145f.) کە پێشاندانی کەسێک یان شتێکە بە جۆر و شێوازێکی تایبەتی.

ئایا پێشاندانی چاک و خراپ هەیە؟

هیچ رێسایەک یان پێورێکی بە گشتی چواندوو بۆ ئەوە نییە کە داخۆ کەی پێشاندانێک چاک یان خراپ بێت. نرخاندنێکی بەم چەشنە بەندە بەو پرسیارەوە کە داخۆ لە چە ڕوانگەیەکەوە و بە چە بەرژەوەندییەک پێشاندان بەرهەمدەهێنرێت، لە سازاندنیدا بەشداری دەکرێت، هەروەها بەکاردەهێنرێت و بڵاودەکرێتەوە یان لێی دەڕوانرێت. چواندنی پێشاندان دەشێت بۆ بەرهەمهێنەران تەواو جیاواز بێت وەک بۆ داڕێژراوان. ئێمە دەتوانین لەم پەیوەندییەدا ببێژین، کە گەرەکە بەرهەمهێنەران داڕشتنەکەیان بە چەشنێک بخەنەوە کە ئیدی شیاوی خوێندنەوە بێت، واتا بۆ زۆر کەس هەتا ڕادەی شیان شیاوی لێتێگەیشتن بێت. بۆ نموونە زۆر گرنگە کە ئۆبژێکتی “چەتر” (Regenschirm) پەیوەند بە نەریتیی گرووپی زمانی ئەڵمانییەوە ناوی “چەتر”ی لێ بنرێت نەک بۆ نموونە ناوبنرێت “Stock im Petticoat”. لێ ئایا مەسەلەکە لە ڕووی ئاو ناونانە باو و بەگشتی لێتێگەیشتووانەوە چۆنە کە لە دابی بەرهەمهێنانی سێکسیستی و نەژادگەرییانەی (ڕاسیستیی) زانین و کردەکێتییەوە ئەنجام دەدرێن؟ ئێمە دەتوانین بە تایبەتی لە ڕەوشێکی بەم چەشنەدا پێشاندانێک بە ‘چاک’ دابنێین، کە شتێک یان کەسێک جیاواز لە شێوازە ئاساییەکانی پێشاندان ناودەنێت یان دادەڕێژێت، واتا لەو شێوازانەی داڕشتن ناچێت کە سێکسیستی و نەژادگەرییانە ئەنجام دەدرێن. جگە لەوە دەشێت وای دابنێین کە “پێشاندان ی خراپ” (بۆ نموونە مرۆ هەندێک گرووپی سۆسیال یان بابەت پێشان نادات، یان تەنیا یەکلایەنی پێشانیان دەدات) بە نواندنێکی سەروەری / دەسەڵات دابنێین کە زۆر جار پێکەوە لەتەک کێشەیەکی دیکەدا دیاردەدات، کێشەکەش بریتییە لە: مرۆ لە ڕووی بونیادی و کەسییەوە، یان لە ڕووی ئۆبژێکتەکانی کارپێکردنەوە (ڕێسۆرسەوە)، ئاستەنگ بۆ خۆپێشاندانی ئەو کەسانە دادەنێت کە پێشاندەدرێن. دیارنەهێشتن/شاردنەوە یان سادەکردنەوەی پابەندکراو بە پێشبڕیارەوە (حوکمی موسبەقەوە) دوو جۆری پێشاندانن کە مرۆ دەتوانێت بەڕێیانەوە پەیوەندییەکانی دەسەڵات بهێنێتە ئاراوە و بییانچەسپێنێت.

شەڕکردن لەسەر پێشاندان

ئەو کەس و لایەنانە کە شەڕیان لەسەر پێشاندان ڕێکدەخست و ئەنجام دەدا، هەروەها هەنووکەش لەو هەڵوێستە لایان نەداوە، بریتین لە: چالاکڤانان، زانایان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەڤانان، دامەزراوە و گرووپە دەستپێشخەرییە سیاسی و سۆسیۆکولتوری و سەندیکاییەکان. خەبات بۆ ڕێکخراوی سەندیکایی، بۆ ڕۆژنامەی سەربەخۆ، بۆ مافی دەنگدان، بۆ دامەزراوەی خۆڕێکخستووی هونەر یان بۆ بابەتی تایبەتیی پێشانگە، دەشێت وەک شەڕ لەسەر پێشاندان بخوێنرێنەوە. بزاوتی جیاوازی سۆسیال و گرووپگەلی خەباتگێڕ هەن و ڕەخنە لە کولتوورێک دەگرن کە حوکمکردن وەک بنەما دادەنێت، واتا کولتوورێک کە بە شێوەی سێکسگەری، ڕەگەزگەری، باوکسالاری، ناسیۆنالیستی، کۆلۆنیالیستی، سەرمایەگەری و هەروەها وەک سەپێنەری پێوارەی هێتەرۆسێکوالێتی بونیادنراوە. ئەو بزاوتانە هەروەها ڕەخنە لە ‘کۆمەڵگەی زۆرینە’ دەگرن، لێرەشدا ئەوان لە کۆنتێکستی ڕەخنەکانیاندا هەروەها ڕەچاوی پرسیاری پێشاندان و پەیوەندییەکانی پێشاندانیان دەکەن. لەم پەیوەندییەدا نموونەیەک هەیە کە زۆر ئاخافتنی لەسەر کراوە و بریتییە لە چالاکییەکانی بزاوتی نێونەتەوەییانەی ‘Act Up’. ساڵی 1987 چالاکڤانانی کۆمەڵایەتیی جیاواز یەکیانگرت و کۆئالیسیۆنێکیان بە ناوی ‘ AIDS Coalition to Unleash Power (Act Up) ‘ دامەزراند. ئامانجی ئەم کۆئالیسیۆنە ئەوە بوو کە سەرنج بەلای نەخۆشیی ئەیدزدا ڕابکێشن، هەروەها لەدژی هۆمۆفۆبی و تاوانبارکردنی شڤولەکان (نێربازەکان) خەبات بکەن. ناڕەزاییەکان هەروەها کرداری چالاکیگەرایانەی هونەری و دەستتێوەردانی ڕەخنەگریانەی پێشاندانیشیان وەک دەسوێژ بەکاردەبرد، تاکو دژە نێوەندێکی گشتی بۆ کێشەی ئەیدز چێبکەن کە بەرەنگاری سیاسەتی جووداگەریی (دیسکریمیناسیۆنی) دەوڵەتی و ڕووماڵی یەکلایەنەی میدیایی ببێتەوە. خۆپێشاندان، پلاکارد، مێزی زانیاریبەخش، چالاکیی پلاکاتی و هونەری، بریتی بوون لە هەندێکی ئەو دەسوێژانە کە مرۆ بەڕێیانەوە هەوڵی دەدا لە فەزای شار و میدیا جەماوەرییەکاندا دەربکەوێت. ئەو نموونەیە گەرەکە پێشانی بدات، کە خەباتەکانی پێشاندان دەشێت فرەشێوە بن، واتا خەبات بن بۆ: پتر دەرکەوتن، دژوەستانەوەی پەیوەندییە تایبەتییەکانی پێشاندان، نوێنەرایەتیکردنی سیاسی و کولتووری، بەشداریکردن لە چارەنووسی کەسانی دیکەدا کە لە دەرەوە بڕیاریان بەسەردا دەدرێت، هەروەها ناولێنانێکی دیکە کە نەفرەتکردنی لە خۆ نەگرتبێت. جگە لەوە شرۆڤە و توێژینەوەی ڕەخنەیی لە پێشاندان، کە لەنێو و لە دەرەوەی کایەی ئەکادیمیدا ئەنجام دەدران، بریتی بوون و بریتین لە بەشێکی گرنگی ئەم خەباتانە بۆ بەشداریکردنی پتر، هەروەها بۆ ناساندن و یەکسانی و دادپەروەری.

خەریکبوونەکان لە بواری ئەکادیمیدا

دانوستاندن لەبارەی پێشاندان دابێکی درێژخایەنی لە بواری ئەکادیمیدا هەیە، دانوستاندنەکانیش لە کایەی جیاوازدا بەرخراون، وەک کایەکانی: سۆسیۆلۆگی، ئێتنۆگرافی، فەلسەفە، سیاسەت، زانستی کولتوور و هونەر، یان پەروەردەناسی (ی کۆچبەری / میگراسیۆن). توێژەران لە بواری جیاوازدا و ئاڕاستەگرتوو لەو دەرچەیەوە کە ناودەنرێت ڤیژواڵ کەڵچراڵ ستەدیس، خۆیان لە شێوەی شرۆڤەکردنی دەسەڵات و ڕەخنەی حوکمکردندا بە ڕەخنەی پێشاندانەوە خەریک کردووە، بۆ نموونە لە میانەی دانوستادنێکدا لە بارەی مێتۆدی ئێتنۆگرافی کە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ڕووی دا، یان لە کاری ‘ Centre for Contemporary Cultural Studies ‘ و ئەو زانستانەی هونەردا کە خۆیان بە پرسی فێمینیزمەوە خەریک کردووە. بە دێباتی ‘Writing Culture’ کە لە ساڵانی 1940/50 لەنێو کایەی ئێتنۆگرافیدا ئەنجام درا، کردارەکانی لێتوێژینەوە یان وەسفکردنی “کولتوورە غەریبەکان” بەرەو ڕووی ئەو پرسیار و داواکارییانە کرانەوە کە ڕەخنەییانە ڕوویان لە پێشاندان دەکرد. پەیوەند بەم کێشەیەوە کە ناونراوە “تەنگژەی پێشاندان” (بڕوانە بێرگ / فوکس 1993)، مرۆڤ ڕووی کردە هەندێک لایەن و پرسیار کە بۆ نموونە بریتی بوون لە: ئایا ئەو نەریتە کولتووریانە (واتا ئەو ڕێسا کولتووریانە) کامانەن کە بێ بیرلێکردنەوە چێوەیەک بۆ پرۆسەی ڕەچاوکردن و وەسفکردنەکانی ئێتنۆگرافان دادەنێن؟ ئایا کاتێک وەسفکردنە ئێتنۆگرافیەکان دەسەلاتنوێنانە “غەریبی کولتووری” یان ئەویدی / نائێمە (Othering) بنیات دەنێن، ئەوا بەو ڕێیەوە چە کاریگەرییەک دەنوێنن؟ یان ئایا چۆن مرۆ بتوانێت لەتەک ئەو پەیوەندییە نابەرانبەرەی دەسەڵاتدا مامەڵە بکات کە لە نێوان پێشاندراوان لە لایەک، ئێتنۆگرافانیش وەک بەرهەمهێنەری پێشاندان لە لایەکی دی، لەگۆڕێیە، یان چۆن مرۆ ئەو پەیوەندییە هەڵبووەشێنێتەوە؟

خەریکبوونێکی دیکەی چڕ بە پێشاندانەوە لە شەستەکاندا ئەنجام درا کە دوو دەرچەی هەبوو: یەکەم، کارەکەی ‘Britisch Cultural Studies’، دووەم، فراوانکردنێکی کۆنسێپتییانەی تێگەی ‘کولتوور’. لەم سەردەمەدا گۆڕانکاری لە کۆنسێپتەکانی کولتووردا ئەنجام درا، کە ئیدی کولتوور چیدی نەدەبەسترایەوە بە کایەی ‘کولتووری باڵا’ یان هونەرەکانەوە، بەڵکو کولتوور وەک ئەو جۆرە کردارە سۆسیالانە دانرا کە سەرجەم کۆمەڵگە دەتەنن یان بەشداری دەکەن لە دامەزراندنی سەرجەم کۆمەڵگەدا – ئەم جۆرە بەشداریکردنەی کردارە سۆسیالەکان بە تایبەتی پێشاندانەکانی کولتووری ڕۆژانە دەگرێتەوە. لەم پەیوەندییەدا ‘Centre for Contemporary Cultural Studies’ لە بیرمینگهام، کە ستوارت هۆل بەڕێوەی دەبرد، کاری گرنگی ئەنجام دا. لەم سەنتەرە هەروەها توێژینەوە لەسەر سوبکولتوور و کولتووری گەنجان و کولتوور، هەروەها لەسەر میدیا جەماوەرییەکان ئەنجام دران. لەوێ هەروەها ئەنجامدان و بەرهەمە کولتوورییەکان وەک کایەیەکی هەژموونی کۆمەڵایەتی دانران و شرۆڤە کران کە مرۆ معامەلەی پێوە دەکات، ئەوجا ئەنجامدان و سیاسەتە ڕەگەزگەری و سێکسیستی و کۆلۆنیالیستییەکانی ئەم پێشاندانەی کولتووری ڕۆژانە بەڕێی توژینەوەوە (بۆ نموونە توێژینەوە لە زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی یان لە رێکلامی گۆڤارەکان) هەڵماڵران. کەڵچراڵ ستەدیس لە کارە زانستی-ئەکادیمییەکەیاندا لەسەر دەستپێکێکی شرۆڤەیی دەسەڵات و حوکمکرن بەرخران، دەستپێکێک کە ڕوودەکاتە شرۆڤەکردنی پەیوەندییەکانی چەوساندنەوە و پێشێلکردنیان. لێرەدا بە تایبەتی ستوار هۆڵ لە خەریکبوونیدا بە کولتوور و کۆمەڵگە و نایەکسانیی سۆسیالەوە واتای کارکردن لە پێشانداندا، هەروەها تیۆریزەکردنی پێشاندان، دەردەخات. (بڕوانە هۆڵ 2000، 34 بەدوواوە).

لە کایەی کولتووری دیتەنیدا (ڤیزوێلدا) خەریکبوونێکی گرنگ بە دەسەڵات و پێشاندانەوە هەیە، خەریکبوونەکەش لەو زانستانەی هونەر و فیلم و کولتوورەوە دەردەچێت کە بە پرسی فێمینیزمەوە خەریکن و جگە لەوە بەر کایەکانی دیراسەی جێندەر و کوییر و پۆستکۆلۆنیال کەوتوون (…). لێرەدا توێژینەوە ڕەخنەییەکان کە لەبارەی پێشاندان ئەنجام دەدرێن، لە کرۆکەوە رەچاوی ئەم پرسانە دەکەن: داڕشتن و دروستکردنی لەش و ڕەگەز و سێکسوالێتی پێکڕا لەتەک ئەو پرسیارانەدا کە لەبارەی بنیاتنانی فەزا و بنیاتنانی دید، هەروەها لە بارەی ڕەخنەی زانین (زانیاری) دەکرێن. (…) ئەوجا لە دیراسەکاندا لەسەر کولتووری دیتەنی، کە لەو توێژینەوە ڕەخنەییانەی پێشاندانەوە دەردەچن و لەسەر ئەوان بینا دەکەن، ئەم پرسیارانە دەکرێن بە بابەتی پێوەخەریکبوون: ئەنجامدان و چێوەدانان و کاریگەرییەکانی بۆ-بینین-تەرخانکردن (Zu-sehen-Geben)، یان ڕادەی ئەو دیاربوونە (ڤیزیبیلیتی) کە چە رێکخستنی پێدراوە و چە ڕێکخەرە، یان پرۆسەکانی ئاوەڵاکردنی دیتەنێتی، ئەوجا پرۆسەکانی نرخاندنی دیتەنێتی لە گۆشەنیگای خۆییەوە (…). هەروەها لە کایەی توێژینەوەدا لە نێوەندیاریی هونەر (Kunstvermittlung) هەمیشە پتر ڕەچاوی پرسی پێشاندان و دیتەنێتی دەکرێت. بۆ نموونە مرۆ دەتوانێت ئاماژە بۆ ئەم پرۆژەیەی توێژینەوە بدات: ‘نێوەندیاریی هونەر پێشانبدرێت: پێشاندانی کاری پەروەردەناسیی مۆزەخانە لە کایەی هونەری هاوچەرخدا’ (ZHdK 2011-13).

 

ئەم بابەتە لە کارەکانی ‘Zürcher Hochschule der Kunst’ە، بڕوانە:
Annäherungen [Repräsentation und Repräsentationskritik] – wiki.zhdk.ch
https://wiki.zhdk.ch/repraesentation/doku.php?id=wiki:text:annaeherungen
فەرهەنگۆک
باوکسالاری: یان پیاوسالاری، شێوەیەکی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا پیاو لە خێزان و کۆمەڵگەدا باڵادەستە.
ئێتنۆگرافی: لکێکی ئێتنۆلۆگییە (گەلانناسییە) کە ئەدگارەکانی گەلان و کولتوورانی جیاواز وەسف دەکات، کەواتە واتای گەلانناسیی وەسفکەر دەگەیەنێت.
هۆمۆفۆبی: ترس لە هۆمۆسێکسوێلەکان (ژنانی مێباز و پیاوانی نێرباز).
هێتەرۆسێکوالێتی: ئاڕاستەوەرگرتنی یان مەیلی سێکسوێلی ڕووەو رەگەزەکەی دی، وەک نێر بۆ مێ یان بە پێچەوانەوە.
کۆلۆنیالیستی: کۆلۆنیالیزم ڕێبازێکی دەوڵەتییە کە داگیرکردنی ناوچە یان وڵاتانی دی دەکات بە ئیدیۆلۆژیی دەوڵەت، ئەوەش لە پێناوی مسۆگەرکردنی کەرەسەی خاو یان چێکردنی بازاڕدا.
کۆمەڵگەی زۆرینە: ئەو بەشەی کۆمەڵگەیەکە، کە زۆرینەی دانیشتوان پێکدەهێنێت، لەبەر ئەم هۆیە ماف بەخۆی دەدات پێوارەی کولتووریانەی سەرجەم کۆمەڵ پێناسە بکات و خۆیشی وەک نوێنەری پێوارەکە ڕابگەیەنێت. تێگەکە لە ئەڵمانیا پەیوەند بە گونجاندنی بێگانانەوە سەریهەڵدا، واتا لەبەر ئەوەی بیانییەکان یان کۆکردووەکان کەمینە بوون، ئەوا داوا دەکرا کە لەنێو کولتووری سەروەری زۆرینەدا، واتە کولتووری ئەڵمانیدا، بتوێنرێنەوە. بڕوانە: “‘Mehrheitsgesellschaft” لە:
www.deacamic.com
کولتووری گەنجان: شێوازی ژیان و ڕەفتاری گەنجان لە نێوەندێکی گەنجانەدا کە تێیدا پێوارە و ستایلی تایبەت بە گەنجان سەروەرن.
کوییر: (queer) واژەیەکی ئینگلیزییە، بە واتای ڕەفتاری یان کەسانی لاداو لە پێوارە سەروەرەکان. تێگەکە بەزۆریی بۆ هۆمۆسێکسوێلانی نێر (گەی) و می (لێسپیان) بەکاردەهێنرێت.
مێزی زانیاریبەخش: Informationsstand، هەروەها ناودەنرێت مێزی ڕێکلام، کاتەکییانە دادەنرێت و لەسەری نامیلکە، بڵاوکراوە، ڕێکلام و هتد لە لایەن پارتێک، گرووپێک یان سەندیکایەک و هتد. نمایش دەکرێن.
پەروەردەناسی ی کۆچبەری (میگراسیۆن): ئەو لکەی پەروەردەناسییە کە خۆی بە کۆچی هەمەهۆکاری مرۆڤان و پیوەندییە نوێکانی ئەو کۆمەڵگانەوە خەریک دەکات کە دیاردەی کۆچ گۆڕانی کرۆکیی بەسەردا هێناون.
پێوارە: نۆرم، معیار. ڕێسایەک کە بەگشتی ناسێنراوە و چواندنی لە بواری کۆمەڵگە، ئابووری و هتد پێدراوە.
پلاکارد: وشەیەکی فەڕەنسییە، نزیکە لە پلاکات، لێ وەک تێگەیەکی پسپۆرییانە بۆ دیاریکردنی وێنەیی ئەو کەرەسانە کە مەتسیدارن، وەک بەنزین لە تانکی گواستنەوەدا، بەگشتی هەر شتێک بۆ شیاوی سووتان یان تەقینەوە بێت و هتد
پۆپکولتوور: کولتووری جەماوەری (بێگومان تەنیا تا ڕادەیەک کولتووری میللی لە خۆ دەگرێت). کولتوورێکە کە بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵک کراوەیە و پێیان دەگات، ناسراوە، بە بابەت و تێگەی ئەوتۆ کار دەکات کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لییان تێدەگەن.
پۆستکۆلۆنیال: زۆر کەم مەبەست لە سەردەمانی دوای کۆلۆنیالیزمە، بەڵکو تێگەکە پتر ڕوودەکاتە سەرەنجام و شێوەکانی ڕەفتاری خۆرئاوایی بەبێ کۆلۆنی، بەبێ وڵاتانی داگیرکراو، بۆ نموونە چە سەرەنجامێک لە شێوەی ڕەفتار و هزرینی خەڵکانی دەرەوەی خۆرئاوادا جێدەهێڵن.
ڕەگەزگەری: عونسوریەت، ڕاسیزم.
سۆسیۆکولتووری: لە سۆسیۆکولتووردا کۆمەڵگە و کولتوور بەچڕی پێکەوە گرێدراون، بەڵام لێرەدا مەبەست لە کولتووری کۆمەڵگە نییە، بەڵکو بریتییە لە کۆی سەرجەم گرنگیدان و پێداویستییە کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگەیەک. لەم ڕوانگەیەوە کولتوور، واتا سەرجەمی بەرهەمە هۆشەکی و هونەرییەکانی کۆمەڵگەیەک، رۆڵێکی نێوەندیی لە شێوەداندا بە کەسان و ڕەفتاری ئەوان هەیە.
سێکسگەری: پێشبینییەک کە ڕەگەزێک (بە تایبەتی ڕەگەزی نێر) وەک تایبەت و لە سەرووی ڕەگەزی دیکەوە (مێینەوە) دادەنێت و بەگوێرەی ئەوەش دەیچەوسێنێتەوە، واتا دەیخاتە ژێر ڕێنومای خۆیەوە.
سەرمایەگەری: کەپیتالیزم. لە کوردیدا سەرمایەداری بەکاردەهێنرێت کە ڕاست نییە.
سۆسیۆلۆگی: زانستی کردارانی کۆمەڵایەتی. لە کوردیدا کۆمەڵناسی بەکاردەهێنرێت کە ڕاست نییە و بە هیچ شێوەیەک پێناسەی زانستەکە ناکات.
ڤیژواڵ کەڵچراڵ ستەدیس: زانستێکی نوێی زانکۆییە. لێرە توێژینەوەکان ڕوودەکەنە کولتوورە دیتەنییەکان (ڤیژواڵەکان) لە شێوەی مێژوویی و هەنووکەییاندا بە سەرجەم دیاردەکانیانەوە. لێرە پرسیارەکان بە تایبەتی ڕوو دەکەنە بنیاتنانی کولتووریانەی دیتەنێتی و بنیاتنانی دیتەنیانی سۆسیالێتی (بواری سۆسیال، واتا بواری بزووتنە کۆمەڵایەتییەکان). بڕوانە: ((U. Pfisterer (Hrsg Metzler Lexikon Kunstwissenschaft. Deutschland 2011
زوبکولتوور: بەزۆریی کولتووری گرووپەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی دەگرێتەوە و گرووپەکان وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ کولتووری سەروەری کۆمەڵگە دەیبینن و دەیژێنن.
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی