لە سەردەمی ئێستادا قسەیەکی زۆر هەیە لەبارەی پێکهاتەی ڕەفتاری خێڵ و هۆزەوە لەناو کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا. یونیڤێرسالیستەکان و گڵۆبالیستەکان، ئەوانەی پێیان وایە پابەندن بە ئیدیای پێکەوەگرێدانەوەی مرۆڤایەتیی و بە ئیدیای جڤاتیگەرەوە Grosscommunity. ئەمڕۆ وا دیارە لەپڕێکدا ئەوان لەو خەونە شیرینەیان داچڵەکابن و لەمەشدا ئەو گوناهبارانەیان دەستنیشان کردبێت، کە پێیان وایە ئەمانە بن: ناسیۆنالیستەکان، هەرێمخوازەکان، و فەرهەنگخوازەکان.
کەواتە با ئێمە بپرسین: ئایا بەڕاست خێڵەکان دەگەڕێنەوە، یان وا پێدەچێت خێڵایەتی (تریبالیزم) لە خودی خۆیدا هەر وەکو بنەڕەتی هەبوونی مرۆڤ، کۆن و بەتەمەن بێت؟ بەڵام ئایا ئەگەر ئەمەش دروست بێت، ئەوا داواکردنی مرۆڤایەتییەکی گەردوونی، و داواکردنی ئینتیمای تاکەکان بۆ فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ یەکتریدا دەکەونە ناکۆکییەوە؟ ئەمەش لە هەمان کاتدا دەشێت ئەوەشمان پیشان بدات، کەوا: تەنیا لەو شوێنەدا کە مرۆڤ هەست دەکات خۆی لە هەموو بیرۆکە و خێوە کۆنەکان ڕزگار کردبێت، ئیتر ڕێک ئا لەوێدا جارێکیتر ئەو دەبێتەوە بە وەرگری پەیامە دەسەڵاتخوازییە نوێکان.
هەڵبەت ئەوەی لێرەدا دروستە بگوترێت بریتییە لەوەی، ئێستا ئێمە لەناو فۆڕمێکی جیهاندا دەژین کە بەردەوام خۆی هاوکات و سینکرۆنیزە دەکاتەوە. ئەمەش خۆی لەسەر ئاستی ئاڵوگۆڕی سەرمایە، کاڵا، ئینفۆرماسیۆن و کەسەکاندا نمایش دەکات. لە هەموو ئەم بوارانەشدا زەبری مۆدێرن بۆ بوون لەناو هاوکاتێتیدا زۆر بەزەقی هەستی پێدەکرێت.
لە هەمان کاتیشدا ئەوەش ڕاستە، کەوا: لایەنگرانی شارستانییەتە جۆراوجۆرەکان گێڕانەوە و داستانی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن، لەپێناوی ئەوەی بارودۆخی خۆیان لەناو جیهانی هەنووکەدا هاوچەرخ بکەنەوە. ڕەنگە ئەمەش هێندە دووریان بخاتەوە، کە هەندێک لەو کولتورانە ناچار بکات کەلێندەر – ساڵنامەی کولتورەکانی تر بەکاربهێنن. ئەوەش شتێکی ساویلکانەیە پێمان وا بێت؛ هەموو جیهان کراوە بە زەمەنی ”گریگۆری Gregorisch” تەنیا لەبەرئەوەی زۆرینەی ئێمەی خۆرئاوایی شوێن ئەو پێوەرەی ساڵنامەیه کەوتووین.
ئەوەتا جەژنەکانی کڵێسەکانی ئەوروپای خۆرهەڵاتیش تاوەکو ئەمڕۆش بەپێی کەلەندەری ژولیانی Julianisch دیاری دەکرێن، کە 13ڕۆژێک درەنگتر دێت. ئەگەر بیریش لە ژماردن و نووسینەوەی کات لای جوولەکە و ئیسلامیش بکەینەوە، کە ئەمانیش بەپێی لەدایکبوونی مەسیح دەستپێناکەن، ئەوا بەو پێیە ساڵی ئەمڕۆی جوولەکە دەکاتە 5778(کە بە ئەفراندنی بابل دەستپێ دەکات)، و هی ئیسلامیش دەکاتە 1439ی کۆچی (کە کۆچکردنی موحەمەدە لە مەکەوە بۆ مەدینە). هەروەها وڵاتە گەورەکانی وەکو چین و ئێرانیش ساڵنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئامادەش نین زەمەنێک کە خۆرئاوا دیاری کردبێت بسەپێنن بەسەر خۆیاندا.
جیهان هەرگیز یەک نەبووە
کەواتە ئەگەر لەسەر ئاستی ساڵنامەکاندا پلورالیزمێکی قووڵ ڕەچاو بکرێت، ئەوا ئێمە لەسەر ئاستی داستانە لۆکالەکانیشدا فرەییەکی بەسەلیقەی بەرپابوونی جیهان دەبینینەوە، کە شیاوی وێڵکردن و بچووککردنەوە نییە. ئەمەش تەنیا لای میتۆلۆگەکان نییە، کە تێیاندا هەموو کولتورەکان بەشێوەیەکی کردەییانە خۆیان شپرزە و شێواو دەبیننەوە، و دەبێت باسی ئەو سەرەتا و پێشینانەش بکات بەوەی پێشتر هیچ مرۆڤێک نەبووە گەواهی لەسەر ئەوان بدات. نەخێر، تەنانەت لای داستانە مێژووییەکانیش بە مانا ڕاستەقینەکەی وشەکە، دەبێت ڕەچاوی ڕوانگەیەکی ڕادیکالانەی داهاتوو بکەین. لە دیدی تیۆریی کولتوریشەوە وەک چۆن ئەوە شتێکی مانادار و گونجاوە، کە ئەو هەموو داستانانە لەبەرچاو بگیرێت، بە هەمان شێوەش دەبێت ئەو شوێنگانەش لەبەرچاو بگیرێن کە ئەو داستانانەیان تێدا هاتۆتە ئاراوە.
لەبەر ئەم هۆکارەیە، ئەوە شتێکی ڕاست نییە کە بگوترێت: جیهان بۆ چەندین تیرە، هۆز و خێڵ لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە، وەک ئەوەی ئەم جیهانە پێشتر و لە کاتێکی دیاریکراودا لەناو پێکهاتەیەکی یەکگرتوودا بووبێت و هەموولایەنەکانی یەکانگیر کرد بێت. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، هیچ نییە جگە لە یەکاڵابوونەوەی قەپگرە ئەمەریکییەکە. واتە تەنیا لەنێو ئەم پرۆژە نیوە ئەندێشەییە و نیوە پراگماتیکییەدا یۆتۆپیای جیهانێکی خۆرئاوایی کە هەموولایەنەکانی تێخزێنرا بێت، شیاوی وێناکردنە.
ئەو کۆنسێپتانەش لەو بەینەدا لەبەر چەندین هۆ وەهمیبوونی خۆیان سەلماند. یەکەمیان لەبەرئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەکو زلهێزێکی پێشڕەوی خۆرئاوا لەژێر سەرۆکایەتی سەرۆک ترەمپدا زۆرتر قێزەونانە دیارە وەک لەوەی دڵگیرانە بێت.دووەمیان، لەبەرئەوەی ئەوروپاش تا داهاتوویەکی نادیار بەشێوەیەکی ڕێژەیی، چەقبەستووی لاوازییەکی سیاسی دەبێت. دوا جاریش، لەبەرئەوەی نەرمونیانی کولتورە هەرێمییەکان لە تەواوی دنیادا تا دێت بەرگرییان لە دژی هەژموونی خۆرئاوا بەهێزتر دەبێت. ئەمەش بە تەنیا لەناوکایەی عەرەبی Arabosphäre و کایەی ئێرانی Iranosphäre و کایەی تورکی Turkosphäre دا نابێت، بەڵکو هەروەها لە چین و لە ئەندەنوسیا و لە ناوەڕاستی ئاسیا و لە ئەفریکا و لە ئەمەریکای لاتینیش. دۆخی (پۆست_کۆلۆنیالی جیهانیی) بوار بۆ ڕاگەیاندنی بڕێکی زۆر ڕق و نەفرەت لە دژی خۆرئاوا واڵا دەکاتەوە.
ئەوەش هەڵەیەکی ترسناک دەبێت، ئەگەر بێتو کۆی ئەو تەوژمانە لەژێر چەمکێکی بێڕێزکراوی وەکو ”ناسیۆنالیزم”دا کورت بکرێنەوە. ڕاستییەکەی ئەوە زیاتر دەربڕی شپرزەیی و پەرێشانی یونیڤێرسالیزم و گەردوونگەرایییە بێچارەکەیە، وەک لەوەی دەربڕی ئەو ئامادەییە بێت کە خۆمان لەگەڵ هەقیقەتی پلورالیتێت و فرەجەمسەرییدا دەرگیر بکەین.
کولتورە دابەشبووەکان
کێشەی ڕاستەقینەی شارستانەتی ناکەوێتە ناو فرەیی ئیتنییەوە لەگەڵ ڕەنگدانەوەکانی لەناو داستانە لۆکالییەکاندا، جا ئەگهر هاتوو بەوە بگوترێت ناسیۆنالیزم یاخود ناتیڤیزم، بەڵکو ڕاستییەکەی خۆی لەو (ناهاوشێوەییە) قووڵە بەردەوامەدا دەبینێتەوە کە دەکەوێتە نێوان ڕابوردوو و داهاتوو کە لەناو هەر کولتورێکدا هەیە. پابەند بەمە دەتوانین قسە لەسەر ئەو پێکدادانەی نێوان نەریتگەری Traditionalismus و داهاتووگەری Futurismusبکەین، کە هاوشان بەیەکتری ڕوودەدەن، واتە هەم لە دەرەوەی سنووری بوارەکانی کولتوردا بەرپا دەبن و هەمیش بگرە، زۆرتر لە ناوەوەی خودی کولتورەکاندا بەرپا دەبن.
هەڵبەتە دەشێت ئەوەش بڵێین زەبری خۆمۆدێرنیزەکردن ئەمڕۆ بووەتە چارەنوس، بەڵام هێندە هەیە کە هەموو چارەنوسەکان وەکو یەک ناڕۆن. لە دیدی ماکرۆهیستۆرییەوە (ماكرۆ- مێژووییهوه) هەموو کولتورەکان دەبێت خۆیان لەگەڵ دوو پەرێشانی و نیگەرانی سەراپاگیردا دەرگیربکەن؛
یەکەمیان:لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا کەوا زەوی وەکو (ئێکۆسیستەمێکی هەسارەیی کۆتادار) بناسێت و بتوانێت سیاسەتی ژینگەیی تەنیا لەناو دەرهێنانەوە Regieوەربگرێت.
دووهمیان:لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەی کە پێی وایە گواستنەوە لە (نەریتگەرییەوە) بۆ (داهاتووگەری) لە هەموو جێیەکدا کەم و زۆر بێ هیچ چەندوچۆنێک شیاوی ڕوودانە. ئەمەش واتای ئەوەیە، زۆر لە کولتورەکان دەبێت لەوە تێبگەن، کە ئەوان چاودەخشێننەوە بە بەشێکی زۆری دابڕاوی ڕابوردوویاندا و لە هەمان کاتیشدا دەڕواننە داهاتوویەکی زۆرینەی هاوبەشیش.