نەژاد عه‌زیز سورمێ

ئایندەی پاییز


Loading

كولاژ – نەژاد سورمێ

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبوە

وێنەی ڕێژنەی گریانی جودایی …

وەك خەمی نیشتمانی دوور …

سێبەری كز… مۆسیقای ناخ

بێداری هەمیشە بێدار

دەڵێی سێوە دێرینەكانی باپیرمن

لەسەر كەلاری مێژوودا،

بەو تاڵە قژانە نووساون

بە شەوبا دەلەرێنەوە …

 

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبوە

بوونەوەرێكی بێ سەرەتا و بێ كۆتایی،

نە لەخوا دەترسێ‌،

نە شەرم لە ئادەمییان دەكا

بە بەرچاوی با

بە بەرچاوی بەفر

بە بەرچاوی باران

ڕاوی پەپوولان دەنێ ‌ …

بوونەوەرێكی بێ سەرەتا و بێ كۆتایی،

نە لەخوا دەترسێ‌،

نە شەرم لە ئادەمییان دەكا …

 

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبوە

خەم نزیك و نیشتمان دوور …

تەم لە دڵاوایی چاوی ڕێگا

بەرەو دۆزەخی تاریكی

یا فیردۆسی نوور بچێ‌؟

من بە كوێدا بڕۆم؟

ئاسمان كوێر

ئاسمان لاڵ

بەكوێدا بڕۆم؟

لەو هەموو سێبەرە

كام سێبەر هی خۆمە؟

كولاژ – نەژاد سورمێ

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبوە

هەموو قەڵەمەكان تێكەڵ بوون …

هەموو خەنجەرەكان،

شمشێرەكان

تێكەڵ بوون …

نیگاكان ڕووەو ژوور

سەرەداوەكان پچڕاو …

چیا،

نیشتمانی پایز،

دوا تاڵی شەفەق داڵدەی نەداین!

ڕووبار بۆ سەمای دڕكاوی

ئوتووی كراسەكەی تێك نەدا

ئاسمان كوێر

ئاسمان لاڵ

ئاسمان كەڕ

من بە كوێدا بڕۆم

لەو هەموو سێبەرە

كام سێبەر هی خۆمە؟

 

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبوە

ئاراستەكان لەنووكەوە بەرەو نیگا

نیگا،

جێ پێی بەسەر فەرشی ئومێدەوەیە

نیگا،

تامی پڕتەقاڵێك دەدا

كە لەچاودا وەك هەتاوێك وایە …

نیگا،

لەبەرەبەیاندا خەو دەیباتەوە …

 

كولاژ – نەژاد سورمێ

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبوە

شار تینوو … كولافە

شەقام لە وەرزی نمەكگیریدا

هاڕمۆنیای خاكەشین و مێرگی ترس …

برینەكان لەوەیان زیاتر پێ نەدەكرا

مانگ

بێداری هەمیشە بێدار

مانگ

چ پەیوەندی بە سێوێك هەیە

سێوێك هەموو دونیا تووڕ دەدا

پاشان كۆی دەكاتەوە …

مانگ

چ پەیوەندی بەوە هەیە

پایز لە شاخ بووە یا لەشار

خەباتی ژێر زەمینی هەبووە یان نا؟

مانگ

چ پەیوەندی

بەو بروسكە گەرمانەوە هەیە

هەمیشە لەباتی نان و دەرمان

لە هاوارمانەوە هاتوون …

ئەی هەوری نزیك،

گەوهەری ڕوناهی!

ئەی خانەخوێی میواننەوازی مەرگ!

سوپاكان بێرەدا ڕۆیشتن …

جوانیەك

هێشتا شوێنەواری مابوو

لەم ڕێگایەدا درایە بەر نێزان …

زامەكان وەكو خۆیان لێ هاتەوە!!

هەوری نزیك،

گەوهەری ڕوناهی

خانەخوێی میواننەوازی مەرگ!

شكۆمان بە ساتێكی فڕیندا

بۆیە لە ژاڵەمان زیاتر نەدی،

چاومان لێ دابگرێ‌

پیاڵەمان لێوان لێوكا …

بەم جۆرە پێداهاتین

درەختەكانمان یەك یەك بڕین

تا لەچاومان ڕوانەوە …

(نوور)مان بەشەوی دەیجوور سپارد …

هەوری نزیك، گەوهەری ڕوناهی

خانە خوێی میواننەوازی مەرگ …!

خۆرئاوا نەببوو

ئێمە بووین لەجوانی تێر بووین …

ئێمە بووین ڕۆژگارمان تا دوا چۆڕ خواردەوە

خۆرئاوا نەببوو …

هەوری نزیك، گەوهەری ڕوناهی!

لەوساوە

زەردەخەنەیەك،

لە قوڵایی برینەكانەوە هاتووە

خەنجەرێك

لەگەڵ هەڵكردنی باهۆزدا هەڵكێشراوە …

پەیژەی ئومێد،

بە ئاوازە كپ كراوەكان،

بە مۆسیقای ناخەوەیە

لەوساوە،

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبوە

لە ڕێوڕەسمی خۆپیشاندانێكی ئاشتیانەدا

جانتای دەستمی پڕ لە شەوق كردووە

چاوچاو

چ شەوقێكی ڕەش و جوانە

لە دڵە بۆشەكان دەدرەوشێتەوە …؟

چاوچاو چ شەوقێكی بێ ترس و گومانە

لە لێوە بە بارەكاندا نوقم دەبێ …

 

كولاژ – نەژاد سورمێ

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبوە

سپێدەدەمان

گوڵە مێخەك،

دارەبەنەكانی پاڵ پاردە

بە سەمای ئەفسووناوی شازادە

لەخەو هەڵدەستان …

شار تینوو … كولافە

شەقام لە وەزری نمەكگیریدا

هاڕمۆنیای خاكەشین و مێرگی ترس …

من ڕۆیشتم!

سەرم لە تاریكە بازاڕی ئاشنایاندا بەجێ هێشت

دامەوە كۆڵانە خۆڵەمێشیەكانی ئەكبادان

ئەفسووس

نە كەژاوەی سوڵتانم دی

نە بۆنی شازادە ڕوومەت گوڵیەكانم كرد

بەڵام گوێم لە مۆزارت بوو

پەردەی حەڕەمی دەلەراندەوە …

ئەو دەمە تێگەیشتم ئایندەی پاییز لە كوێڕا دێ .

تێگەیشتم

چرا بۆچی لە حوسنی تۆدا هەڵبوە

هەوری نزیك … گەوهەری ڕوناهی

خانە خوێی میواننەوازی مەرگ …!

 

كانوونی یەكەم/ 2001

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.