كه‌مپینی نه‌خێر بۆ ڕیفراندۆم له‌ئێستادا ، به‌سه‌رپه‌رشتی شاسوار عه‌بدولواحید

نیو – جاشەکان

 

زاراوەیەکى نەمر
لەسەردەمى بەعسدا کە ڕێژەى دانیشتووانى کوردستانى باشوور چوار ملیۆن کەس تێپەڕى نەدەکرد، ملیۆنێکى بووبوون بە “جاش”. ڕەنگە بپرسین بەعس چۆن توانى لە میللەتێکى چوار ملیۆنى، ملیۆنێکى بکات بە جاش و ئەنفال و کیمابارانیان پێ بکات؟ ئەمە لەو پرسیارە نزیکە چۆن بەشێک لە یەهودییەکان توانییان بەشداربن لە هۆڵۆکۆستدا؟
فۆڕمى گشتیى پرسیارەکە ئەمە: چۆن گەلێک دەتوانێت، بە پاڵنەرى ئایدیۆلۆژیایەکى فاشیستى، بەشداربێت لە وێڕانکردنى خۆیدا؟ سەخت نییە بگەڕێینەوە بۆ گۆستاڤ لۆبۆن، یان بۆ فرۆید، یان بۆ ولییەم ڕایش، کە هەرسێکیان سەبارەت بە دەروونناسى جەماوەر نووسیویانە، بەڵام لە ڕاستیدا وەڵامێکى سەرەتایى، ئاسانتر و نزیکتر لە خۆمانەوە هەیە. هەر بە سادەیى بڵێین؛ ئەوەى لە پشتى “جاشایەتییەوە” ڕاوەستابوو مێنتاڵێتى خێڵ بوو. هەر بەو جۆرەى کە هەمان مێنتاڵێتى لە پشتى “کوردایەتى”ـیشەوە ڕاوەستابوو. ئەى چۆن دەبێ یەک عەقڵییەت دابەش ببێت بە سەر دوو بەرەدا؟ ئەمە ڕێک بونیادى عەقڵیى خێڵ خۆیەتى: ”دوژمنایەتى تا دوایین ڕادە، لێخۆشبوون تا دوایین ڕادە”. بە مانایەکتر، لێکتر کوشتن و ژنوژنخوازى، خوێن لەیەکڕشتن و تێکەڵبوونى خوێنى. خێڵەکییە جاشەکان دژ بە خێڵەکییە نیشتمانپەروەرەکان، دواتر ئاشتەوایى هەمیشەیى: بڕیارى لێ خۆشبوونى سەرتاسەرى بێ هیچ ڕێکارێکى یاسایى.

 

 

قاسم ئاغای كۆیه‌ – سه‌رۆك جاش له‌سه‌رده‌می به‌عسدا
 لە پێش ڕاپەڕین و لە سەردەمى شاخدا، زاراوەى “جاش” ماناکەى ڕوونتر بوو، ئەوەى پشتیوانیى مادى و مەعنەوى حکومەتى بەعس بووایە و بە تایبەتیش لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا هاوکار بووایە، بە جاش لەقەڵەم دەدرا کە بەشێکى زۆر لەمانە سەرۆک خێل و “مستەشارەکان” بوون. لە دواى ڕاپەڕینەوە جاشەکان وەک بەشێک لە نەوەى گەل قبوڵکرانەوە و بڕیارى لێ خۆشبوونیان بۆ دەرکرا، هەر بە کردەییش گەل لێیان خۆش بوو، چونکە هیچ فشارێکى بۆ دادگاییکردنییان نەکرد. بە مانایەکیتر لە دواى ڕاپەڕین زاراوەى جاش سفربوویەوە تاوەکو دواتر لە فۆڕمى دیکەدا سەرهەڵبداتەوە. بۆ نموونە لە شەڕى ناوخۆدا حزبە خەباتگێڕەکانى دوێنیى کوردایەتى، یەکترى پێ تۆمەتبار دەکەن. دواى ڕێکەوتننامەى واشنتۆنیش، بەتایبەتیش لە سەرەتاى دەیەى یەکەمى دووهەزاردا و لەگەڵ سەرهەڵدانى هەندێ خۆپیشاندانى مەدەنى و گەنجانەدا، جاش دەدرێتە پاڵ بەشێکى خەڵکانى ناڕازى کە بە دەستى دەرەکى و گێرە شێوێن تۆمەتبار دەکرێن. لە 17 شوباتیشدا بە تەواوى ئەم زاراوەبەخشینە ڕوون دەبێتەوە.

 

لەدواى سەرهەڵدانى بزووتنەوەى گۆڕانەوە، چەندینجار ئەم هێزە بە جاشایەتى تۆمەتبار کراوە، بەڵام ئەم جارە لەژێر ناوێکى دیکەدا: جێبەجێکردنى ئەجنداى دەرەکى. لە بەرامبەردا ئەم بزووتنەوەیەیش چەندینجار هێزەکانى دیکەى بە جاشایەتى بۆ وڵاتانى دراوسێ و نیشتمانفرۆشی تۆمەتبار کردووە. بەم جۆرە جاش ماناى پاشکۆیەتیى هەرێمى وەردەگرێت. پێ ئەچێ وشەى “جاش” لە فەرهەنگى کوردایەتیدا وشەیەکى نەمر بێت، هەر بەو جۆرەى کە “کوردایەتى” له هەمان فەرهەنگدا نەمرە.

 

 

 

نیو-جاشەکان

 

“سۆران سێوکانى” لە چاوپێکەوتنێکی لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکاندا دەڵێت ئەوانەى لایەنگرى ڕیفراندۆم و دەوڵەتى کوردى ناکەن خەریکى شێوەیەکى نوێى جاشایەتین. بە مانایەکتر لەم مەسەلەیەدا “نیو-جاش” یان “جاشى نوێ” سەریهەڵداوە. بە کورتى نیوجاشەکان ئەوانەن کە بە نەخێر دەنگ دەدەدن. کەواتە لەم عەقڵیەتەدا هەڵبژاردن هەر بۆ خۆى هەڵبژاردن نییە لەنێوان دوو ئیختیار یان زیاتردا، بەڵکو هەڵبژاردنى یەک ئیختیارە، بەم مانایە هەڵبژاردن نییە. ئیدى ئیختیارى “نەخێر” لەسەر کارتى دەنگدان بۆ خۆى زیادەیە و هەر لە سەرەتاوە ڕەتکراوەتەوە. ئەمەیش هیچ بەهایەک بۆ ڕیفراندۆم ناهێڵێتەوە (دیارە پێموانییە هەرگیز لەم کۆمەڵگه‌یانەدا بەهایەکى هەبێت) لەمەبەدوا ڕەنگە بەشێکى گەورەى کۆمەڵگەى کوردى بە نیوجاش لە قەڵەم بدرێت و ژمارەیشیان لەو یەک ملیۆن جاشە زیاتر بێت کە لە سەردەمى بەعسدا هەبوون. هەموو دەسەڵاتێک جاشى تایبەت بەخۆى دروست دەکات. هەموو جاشێکیش بە جاشێکى تر دەڵێت جاش، بەم جۆرە کۆمەڵگەى کوردى “جاشە و جاش دەکەوێت”. ”سەیرکەن یاران چ گۆبەندێک دەگێڕێت ئەم جاشە!! ئەمە تەنیا ئاژاوەیەکە کە بەرەنجامى شکستى دەسەڵات و بەهێزبوونى کۆنزەرڤەتیڤیزم و غیابى پرۆژەى ڕۆشنگەری و هێزێکى ڕادیکاڵە، هێزێکى چەپ کە بەرلەوەى بیر لە دروستکردنى حزبى گەورە و چەکهەڵگرتن بکاتەوە دەبێت بیرى لەسەر گۆڕینى فەرهەنگى زاراوەسازیى خۆى بێت و هەژموونى خۆى وەک بەرەنگاریى لەڕێگەى گوتارەوە دژ بەم هەموو هێزە فاشیستییانە دروست بکات.. بە بارێکى تردا، دیسان بڵاوبوونەوەى بەرفراوانى ئەم وشەیە ماناى بەرهەمهێنانەوەى بەردەوامى فەرهەنگى شاخە لە زماندا، چونکە زاراوەکە هى سەردەمى شاخە و لە شاریشدا بەردەوام بەکارهێنراوەتەوە، بۆیە دوالیزمى “شار-شاخ” لێکدژ نین، بەڵکو درێژکراوەى یەکترن. شارى کوردى هەرگیز نەیتوانیووە دژ بە شاخ بێت و زمانى شاریش هیچ کات دژ بە زمانى شاخ نەبووە، ئیدى خۆبادانى “سلێمانى” بە زمانەوە بە تەواوى ژێستکى بەتاڵە.

 

نیو جاش له‌دوای راپه‌ڕین – خالیدی خله‌ سوور وه‌ك نیو جاشێك  له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ، پشتگیری  نه‌وشیروان موسته‌فا و گۆڕان ده‌كرد  – فۆتۆ؛ كوردپیدیا

 

بەڵێ – نەخێر

پێشتر وتمان ئیختیارى “نەخێر” لەسەر کارتى دەنگدان زیادەیە، لە ڕاستیدا “بەڵێ”ـیش زیادەیە. هەر کام لەمانە هەڵبژێرین شتێکى بنەڕەتیى ناگۆڕێت. بە مانایەکیتر ئەم جۆرە ئیختیارانە لە دەرەنجامدا یەکسانن بە یەکترى. یەکەمیان هەڵبژێریت هەر ئەو دەرەنجامەى لێ دەکەوێتەوە کە لە هەڵبژاردنى دووەمیشیان دەکەوێتەوە و بە پێچەوانەیشەوە. بەو واتایەى گۆڕانێکى ئەوتۆ بەسەر دۆخى باودا نایەت. ئەمە لەو شتە دەچێت کە ژان بۆدریار ناوى دەنێت “ئاڵوگۆڕى مەحاڵ”. ئەم چەمکەى بۆدریار بەو مانایەیە کە شتەکان چیتر لە نا-هاوتاییدا نین تاوەکو بتوانین بە یەکتر ئاڵوگۆڕیان بکەین، ئەو کاتە شتەکان ئیمکانى ئاڵوگۆڕیان تێدایە کە لە بەها و دەرەنجامدا نا-هاوتا بن. ئەوەى هەیە جێگۆڕکێ پێکردنە نەک ئاڵوگۆڕ، وەک جێگۆڕپێکردنى “مالیکى” بە “عەبادى”. بەڵی و نەخێر دەتوانن جێگاى یەکتر بگرنەوە، بەڵام ناتوانن ئاڵوگۆڕ بکرێن.

 

شاسوار عەبدولواحید

 

گەر “نەخێر” بێ خاوەن بمایەتەوە دەکرا جۆرێک لە بەرەنگارى خەڵکى ناڕازیى بێت دژ بەم قەیرانەى کە خۆى بەرەنجامى قەیرانى ترە. “نەخێر” نەک بۆ ئەوەى کورد لە پاڵ دەوڵەتى عێراقدا بمێنێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەى ئەو پەیامە بگەیەنێت کە کێشەکە لە شوێنێکى دیکەیە و پەیوەندیى بە جیابوونەوە و مانەوەوە نییە. پەیامەکە ئەمەیە بۆ دەسەڵات ”ئێوە لەگەڵ خەڵکدا نین، خەڵکیش لەگەڵتان نابێت”. ئەمە بۆ خۆى ڕیسکە و خەڵکى چەوساوە ناچارە لە کاتى دژوار و دووڕیانەکاندا بیکات بۆ ئەوەى شتێکى پێ یەکلایى بکاتەوە.

 

بەڵام سەرمایەدارێک بە ناوى “شاسوار عەبدولواحید” دەیەوێت وزەى گەنجان هەڵمژێت و پارچەیەکى تر لە سلێمانى بۆ خۆى بەرێت، بۆیە کەمپەینى “نەخێر”، وەک ئامادەسازییەک بۆ تاقیکردنەوەى دواتر، ڕادەیەگەیەنێت و بەمەیش خۆى دەکات بە ڕابەرى ئەو ئیختیارەى کە دەشیا لێیەوە پەیامێکى ناڕەزایەتى بنێردرایە بۆ ئەو سەرمایەدارانەى کە هەموو شتێک و تەنانەت نەک تەنیا هێزى کارى مرۆڤ بەڵکو خودى مرۆڤیش وەک کەرەستەى پارەپەیداکردن دەبینن. سەرمایەدارێکى دیکە دژ بەم سەرمایەدارانە دەجوڵێتەوە. وەک بڵێى سەرمایەدارێک هەیە باش و سەرمایەدارێکیش هەیە خراپ. ئیدى دۆخەکە دەبێتە پانتایى گەمە و کێبەرکێى سەرمایەداران، ئەوەى لایەک لێى دەکەوێت لایەکەى دیکە هەڵیدەگرێتەوە. بە مانایەکیتر ئەوەى شاسوار عەبدولواحید دەیکات لێکدژى نییە، بەڵکو کێبەرکێیە. لە ڕاستیدا دوالیزمەکان هیچ کاتێک دژى یەکتر نین، بەڵکو یەکترى تۆخ دەکەنەوە.
هەمیشەیش هەر هەن، بەردەوام “بەڵێ و نەخێر”ـەکان، “چاک و خراپ”ـەکام، “مانەوە و جیابوونەوە”کان، “جاش و نیشتمانپەروەر”ەکان، هەر هەن و یەکترى تێناپەڕێنن. ئەوەى گرنگە هێزێکى تێپەڕە: هێزى سێیەم. هێزى سێیەم ئەوە نییە کە تێکەڵەیەک لەم دووانە دروست دەکات، تۆزێک لەم و شتێک لەو وەردەگرێت، بەڵکو ئەوەیە کە هەردووکیان ڕەت دەکاتەوە و بە دواى ڕێى دیکەدا دەگەڕێت. بە کورتى هێزێکە کە ڕازیناکرێت تەنیا بە گۆڕانى ڕاستەقینە نەبێت. ئەمەیش هێزێکى ڕادیکاڵە کە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بوونى نەبووە و هێشتایش نییە.

 

مەدلولى خز

 

هێماکان لەنێو گرامەرى زماندا بە دوو جۆر دەگۆڕێن: یان ئەوەتا گۆڕانەکە ئاسۆییە پیتەوە بۆ پیت، یان لە دالەوە بۆ دال، کە دەبێتە زنجیرەى دالەکان. یان ئەوەتا ستوونیە کە گۆڕانى دالێک لە سەرەوە دادەبەزێت و جێگاى دالێکى تر دەگرێتەوە بۆ ئەوەى وشەکە بگۆڕێت. لاى سۆسۆر دال و مەدلول پێکەوەن و لەگەڵ یەکتردا دێن. لاى دێرێدا مەدلول بەردەوام دوا دەکەوێت و ناگات. دال تەنیا ئاماژەیە بە دالێکى تر و مەرجەعێکى دەرەکیی نەماوەتەوە مەدلول بە دال ببەخشێت.

 

لە گوتارى ناسیۆنالیستیى مڕۆى کوردستاندا “بەڵێ” دالێکە و مەدلولەکەى “دەوڵەت”ـە. بەڵام دەوڵەت خۆیشى پەیوەستە بە کۆمەڵێک دالى ترەوە: دیموکراسى یان دیکتاتۆرى، ئیسلامى یان عەلمانى، پەرلەمانتارى یان سەرۆکایەتى و ..هتد. بەم مانایە دەوڵەت خۆیشى هەر دالە. لاى دێریدا مەدلول ناگات، دەخزێت و دوادەکەوێت. گەر لە هەر گەمەیەکى نێو دەوڵەتى یان دیفاکتۆیەکدا، یان بە گوێرەى هەر بەرژەوەندى و ئەجندایەک دەوڵەت بیشگات، تەنیا وەک دالێک ڕیز دەبێت. دەستبەجێ خۆى دەبێتەوە دالێک و مەدلولەکەى خۆى ناگەیەنێت، چونکە لە بنەڕەتدا گەیشتنى مەدلول پەیوەندیى بە مەرجەعێکى دەرەکییەوە هەیە کە (لەم دۆخەى گوتارى ناسیۆنالیستیدا: ڕزگارییە). ئایا دەوڵەت بە تایبەتى بە چاپە کوردییەکەى دەبێتە مایەى ڕزگاریى؟ بە هەرحاڵ با جێگۆڕکێیەکى ستوونى بە دالەکان بکەین و بڵێین: پێش دەوڵەت پەرلەمان. پەرلەمان دالە بۆ مەدلولێک کە حوکمى گەلە. ئایا هیچ پەرلەمانێک توانیویەتى لەگەڵ مەدلولەکەیدا لێکجووت ببێت؟ لە هیچ شوێنێک گەل نەیتوانیووە حوکم بکات، لە یۆنانەوە تا ئێستا ئەم مەدلولە بەردەوام دوادەکەوێت. لە کوردستاندا نەک تەنیا دوا دەکەوێت بەڵکو هەر هیچى لێ نەماوەتەوە.

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین