نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ

ئه‌وه‌ی له‌ دواخوانی برایاندا نه‌گوترابوو


Loading

سیدۆری

پیاڵه‌ی باده‌م به‌نیوه‌ نه‌كردبوو

له‌ نه‌شئه‌ی سپێده‌یان كردم

نه‌یانهێشت گڕوگاڵی هه‌تاو

به‌سه‌ر ڕوومه‌تی چیایانه‌وه‌ ببینم …”

 

له‌ قه‌سیده‌یه‌كی بڵاوكراوه‌ی پێشترمه‌وه ‌

 

 

(1)

/ به‌/ دڵی/ به‌دمه‌ستم/ گوت:/ كه‌/ له‌/ ئاهه‌نگی/

/ مه‌عشووقدا/ ده‌فڕی/ ڕوناهی/ هه‌مووی/ له‌/ تۆدا/

/ هه‌ڵده‌بێ/

/ لێ/ گه‌ڕێ/ جێیه‌كمان/ له‌/ كونجێكی/ خه‌راباتدا/

/ به‌ركه‌وێ/

/ لێمان/ گه‌ڕێ/ ئێمه‌/ سێبه‌ری/ چڵی/

/ داره‌به‌نێكمان/ به‌سه‌/

 

 

ئه‌و شه‌وه‌ی

كه‌زی تۆم

به‌ ئه‌ستێره‌ ڕژاوه‌كان چواند

تێنه‌گه‌یشتم سروه‌ی ماته‌م

له‌ چ لایه‌كه‌وه‌ هه‌ڵیكرد؟

تێنه‌گه‌یشتم نه‌خشه‌ی ته‌مه‌ن

چ شێوه‌یه‌كی وه‌رگرت …

بێ باده‌ییه‌ وشكه‌سه‌ما

شكه‌نجه‌ ئارمووشی خاشاك.

 

(2)

/ نێرگز/ ساڵی/ جارێك/ به‌خۆی و/ به‌/ ته‌مه‌نی/

/ له‌بیركراوی/ بێ/ په‌روا/ له‌/ گله‌یی/ عاشقان/

/ دێته‌وه‌/

/ تۆ/ نایه‌وه‌/ تۆ/ له‌/ ئه‌سرین و/ زام/ ناگه‌ی/

 

سه‌حه‌ر ئه‌نگووت

ئه‌وان له‌خۆیان زیاتر نه‌دی

من له‌گه‌ڵ باراندا ده‌نووم هۆشكۆڵ

گریانم له‌ بانیژه‌ هه‌ڵخه‌ستووه‌

پێم له‌ پێخوستی به‌یانی ناوه‌

تۆ هه‌ستت له‌جه‌نگه‌ڵستانی ئاره‌زوودا به‌ند كردووه‌.

شاڵاوی ئاڵووده‌ییه‌ ئه‌مه ‌، په‌تایه‌

شه‌وقی نۆشین چۆن ده‌بینن؟

 

(3)

/ جادووگه‌رێكی/ سرووشتبه‌ده‌ر/ دزه‌/ ده‌كاو/

/ به‌خۆی و/ به‌/ ئاسۆیه‌كی/ بێ/ سنووره‌وه‌/

/ دێته‌/ ژووره‌كه‌م/

/ ئه‌و/ جادووگه‌ره‌/ پرۆمیسیۆسی/ جوانیدزه‌/

/ نه‌ك/ ئاگر/ جوانی/ حه‌وت/ حۆریانی/ دزیوه‌/

/ هاتووه‌/ شایه‌دیم/ پێ/ بدا/ سه‌ودایه‌كی/

/ له‌گه‌ڵ/ خۆردا / پێ/ بكا …/

 

ببووره‌، خه‌ون ڕایكێشام،

له‌ مه‌زرای خه‌م بووم

كۆته‌ڵم ده‌چاندن …

ببووره، وڵاتی ڕووه‌كنشین

ڕووباری تریفه‌ی پێدا ده‌هاتن …

ببووره

له‌وێدا، له‌ خه‌ونی ماندووان

ڕێیه‌ك نییه‌

بگاته‌ جێ …!

(هاتی)یه‌ك نابینی

(قاتی) به‌رامبه‌ر نه‌بووبێ …

ببووره‌!

 

(4)

/ باڵمان/ گرت/ با/ حسابێكی/ بۆ/ نه‌كردین/

/ مێژوو/ و/ جوغرافیای/ شاره‌/ بریقه‌داره‌كانمان/

/ هێنا / له‌/ مه‌یدانی/ چۆلی/ ویژدانمان/ دانا …/

/ ئه‌وه‌ی/ نه‌ده‌دیترا / ئێمه‌/ بینیمان/

/ په‌یامبه‌رانی/ نیگه‌رانیی/ نیشتمانی/ ڤایرۆس/

/ جیهانی/ پێكه‌نیناوی …/ ئه‌وه‌ی نه‌دیترابوو/

/ ئێمه‌/ بینیمان./

 

نگینی ئه‌نگووستیله‌كه‌م

زه‌رده‌خه‌نه‌ی گوڵئه‌ستێره‌

ته‌نیایی شه‌وانم به‌بیر دێنێته‌وه‌.

نگینی ئه‌نگووستیله‌كه‌م

بێتاویم له‌بیر ده‌باته‌وه‌

نگینی ئه‌نگووستیله‌كه‌م دۆستمه‌

له‌ زۆر ئاشناو براده‌ر دڵسۆزتر.

 

(5)

/ سه‌ری/ له‌/ بن/ هه‌نگڵی/ خۆی/ ناوه‌/

/ كه‌یل/ بووه‌/ تا/ ڕاده‌ی/ هوشیاری …/

/ ئه‌م/ بوونه‌وه‌ره‌/ بن دیوار و/ شه‌قام و/ شۆسته‌و/

/ زبڵخانه‌/ نه‌ما / سه‌ری/ پێ/ نه‌كا …/

/ هه‌موو/ زه‌مه‌نه‌كانی/ لێ/ كۆبوونه‌ته‌وه‌ …/

/ ئه‌م/ بوونه‌وه‌ره‌/ هه‌زاران/ ساڵه‌/ به‌ڕێوه‌یه‌/ تا/

/ ئێستا/ كه‌س/ لێی/ نه‌پرسیوه‌ته‌وه‌./

 

دیوار تا نه‌ڕووخێ

نووری پێدا نایێ …

دیوار ماڵه‌ …

ئه‌ی بانگی هاژه‌ی دوور!

په‌نجه‌ره‌ی ڕۆح!

ئه‌ی ساوی مینای ته‌ملێدراو!

بێ دان و ئاومان مه‌كه‌

به‌هێزی خه‌ڵوه‌ت،

به‌ شه‌وقی لێزمه‌

دیواره‌كان بڕووخێنه‌

نوورمان ده‌وێ ئێمه، نوور

نوورمان ده‌وێ، ئێمه‌

نوورمان ده‌وێ

نوور …

 

(6)

/ چاوه‌ڕوانیی/ له‌/ كه‌وێكی/ ڕاوه‌دوونراو/ ده‌چێ/

/ ده‌رگاكان/ كراوه‌ن/ به‌ڵام/ كاتپه‌رستان/

/ كه‌/ هه‌میشه‌/ سێبه‌ری/ یه‌كترن/ ڕێگاكانیان/

/ گرتووه./

 

ڕۆژگار دێن

له‌ تاریكی شه‌ودا

نقوم ده‌بن.

شه‌وگار ده‌ڕۆن

له‌ باوه‌شی ڕۆژگاردا ده‌توێنه‌وه.

ئه‌ی ئاشنا! غه‌ریب!

وه‌ك باڵای گوڵه‌گه‌نم،

هه‌ڵپه‌ی برسیه‌تی …

وه‌ك خوڕه‌ی تاڤگه،

سمكۆڵی ئه‌شكه‌وتی تینوویه‌تی.

 

(7)

/ ئه‌گه‌ر/ ویستت/ بگه‌یته‌/ ترۆپك/ پێویسته‌/

/ بزانی/ كراوات/ چۆن/ گرێ/ ده‌درێ/

/ خه‌مه‌/ ڕاستینه‌كان/ له‌/ بڵندیان/ كۆده‌بنه‌وه‌ …/

به‌هاران/ مرۆڤ/ دڕك و/ گوڵ/ لێك/ جودا/

/ ناكاته‌وه‌./

 

له‌ باخچه‌یه‌كی په‌نهانی

گوندێكی دووردا

گوڵ گوڵم چنی

بوو به‌ چه‌پك

خه‌ون بوو

پێڕانه‌گه‌یشتم

له‌ جه‌سته‌ی تۆی وه‌ربێنم.

 

(8)

/ مۆسیقای/ پێنجشه‌موان/ چ/ ده‌گه‌یه‌نێ؟ /

/ به‌ردی/ كه‌پكان/ به‌/ چی/ سیمایان/ ده‌گۆڕن؟ /

/ هاوار/ به‌/ قوڵپی/ گریانه‌وه‌/ جوانه‌/ یا/ به‌/ كپی؟ /

 

له‌ دنیای فانی ئێمه‌دا

چه‌ند هاتن، چه‌ند چوون

تامی عه‌شقیان نه‌كرد …

چه‌ند فرمێسك

له‌ڕێی مه‌یخانه‌دا ڕژان

چه‌ند به‌ژنی تاریك

به‌ باڵای نووردا بڕان …

تۆ وه‌ره‌ گه‌وره‌م!

بڕوانه‌ شاری عاشقان

به‌ بێی تۆ

چه‌ند چۆل و وێرانه.

 

(9)

/ جۆللانه‌/ فێری/ زمانی/ لێكدابڕاوی/ كردین …/

/ پاسه‌وانی/ ئاگر/ نووستووه‌ …/ كاغه‌ز/ ده‌بارێ/

ئاسمان/ سپی / ده‌چێته‌وه‌./

 

مه‌ترسه‌!

ئه‌وه‌ خاڵی لاوازی منه‌

كه‌ نه‌توانم بێ ئاوده‌نگ بم …

ئه‌وه‌ خاڵی لاوازی منه‌

نه‌توانم هیوابڕاوان له‌ ئامێز نه‌گرم

ئه‌وه‌ خاڵی لاوازی منه ‌، بێ به‌ینه‌ت!

بێ ماسك و ڕووبه‌ندان بژیم

مه‌ترسه‌!

خه‌ڵوه‌ت و ته‌ناهی

خاڵی لاوازی منن.

 

(10)

/ سێنی/ به‌/ هه‌ر/ لایه‌كدا/ ده‌سووڕێنی/

/ هه‌مان/ ده‌نگ/ هه‌مان/ ڕه‌نگ/ هه‌مان/

/ زینده‌خه‌و/ هه‌مان/ سه‌رگه‌ردانی/

 

دوورگه‌ی گه‌مارۆدراو

تینووی هه‌واڵێكه‌.

ڕێبوارێك له‌و ناوه‌ نابینرێ

باڵنده‌یه‌ك له‌ ئاسماندا دیار نییه‌

ئه‌و ساتانه‌ تا هه‌تایێ نامێننه‌وه‌

تا هه‌تایێ بێده‌نگی ، ده‌نگ ناداته‌وه.

 

(11)

/ پاكیزه‌كان/ له‌به‌ر/ ئاستانه‌ی/ په‌رستگاكانی/

/ سۆمه‌ردا / جێیان/ نابێته‌وه‌./

/ پاكیزه‌كان/ قوربانیی/ شارستانییه‌ت و/

/ سه‌نگدڵی/ كاهینه‌/ لایه‌نگیره‌كان/ بوون …/

/ كه‌/ به‌/ به‌ر/ چاوی/ كه‌ون و/ كائینات/ به‌/

/ ناوی/ پیرۆزگرییه‌وه‌/ چرایان/ ده‌كوژاندنه‌وه‌./

 

له‌ شاری ڕه‌هایه‌تیدا

شاری پاسه‌وانی دانه‌وێڵه‌

ده‌خوازێ نوێژی كازیوه‌ دابه‌ستین و

هه‌موومان

له‌ سرووتێكی

خاڵی له‌ شوێن، له‌كات

وه‌ك كه‌سێ كێشمانه‌ی خۆی بدا

باوه‌شیان بۆ پڕشنگ واڵا بێ …

 

(12)

/ شتێكمان/ ون/ كردووه‌/ نازانین/ چییه‌/

/ شتێكمان/ دۆزیوه‌ته‌وه‌/ نازانین/ چییه‌!/

/ به‌فر/ كه‌/ له‌/ ئه‌زه‌له‌وه‌/ سپییه‌/

/ فریشته‌ی/ هه‌ڵلووشیون./

 

ته‌نگدڵی،

سه‌ره‌تای شانۆییه‌كه‌ نه‌بوو.

ته‌نگدڵی، نه‌خشێك بوو

به‌ په‌نجه‌ی خوێناوی

به‌سه‌ر جۆگه ‌و ڕووبار و ده‌ریاكان كێشرابوو.

دنیا سارده‌

ئاسۆ له‌ گیانه‌ڵادایه‌ …

سه‌ره‌تا ته‌نگدڵی نه‌بوو

شه‌و و ڕۆژ خۆیان

له‌كوێدا حه‌شار داوه‌؟

 

(13)

/ ئه‌م/ ڕێیه‌/ چار نییه‌/ ده‌بێ/ بگاته‌/ جێ/

/ وه‌ره‌/ مه‌ڕۆ/ وه‌ره‌/ دامه‌زرێین/ به‌/ سۆزێكی/

/ پیرۆزه‌وه‌/ نهێنییه‌كان/ بخۆینه‌وه‌/ وه‌ره‌/

/ بچینه‌وه‌/ باوه‌شی/ خۆمان./

 

سه‌رسامیم ون كردووه‌

له‌كوێی ده‌دۆزمه‌وه‌؟

سه‌رسامی ون بكرێ

له‌كوێ ده‌دۆزرێته‌وه‌؟

ئاوێنه‌یه‌

ئاوێنه‌یه‌

ئاوێنه‌یه‌ سه‌رسامی.

 

(14)

/ خه‌ونه‌كانمان/ چییان/ لێ/ هات؟/

/ پێم/ ده‌ڵێی/ با/ بردنی …/

/ ئای/ له‌وه‌! / ئای/ له‌/ شاری/ په‌رده‌پۆش و/

/ به‌ژاوه‌ژاو!!/

 

ئه‌و مروارییه‌ی

له‌ داڵانی ڕێكه‌وتدا

شه‌وق ئه‌‌داته‌وه‌

ئه‌و مروارییه‌ نییه‌

له‌كانی ڕۆشناییدا

ورشه‌ ده‌دا.

 

(15)

/ ماسكه‌كانم/ پێ/ لانه‌درا/

/ ناتوانم/ بۆت/ بگێڕمه‌وه‌/ هه‌ر/ ناشگێڕدرێته‌وه‌ …/

/ هه‌ڵدانی/ پێكیش/ ئه‌ته‌كێتی/ خۆی/ هه‌یه‌ …/

/ دڵم/ ده‌ڵێ/ ئه‌م به‌ره‌به‌یانه‌/ بنه‌وشه‌ییه‌/ مژده‌ی/

/ ژێردارگه‌ڕانیی/ ڕووبارێكی/ شێتی پێوه‌یه‌ …/

 

زۆرجار تاسان،

به‌رگی ئاڵوواڵا ده‌پۆشێ.

زۆر جار گیان،

به‌ نه‌غمه‌ی نیگامه‌ستان سه‌رخۆش.

ئه‌و كوڕژنه‌ی پێش كاروان خۆڕایی نییه‌.

خۆڕایی نییه‌ ئه‌و كوڕژنه‌.

ئه‌و كوڕژنه‌ هه‌رگیز خۆڕایی نییه‌.

 

(16)

/ چاندنی/ دانه‌وێڵه‌مان/ بۆ/ نیشتمانێكی تر/

هه‌ڵگرتووه‌/

/ كێڵانی/ زه‌وییه‌كانمان/ بۆ/ ساڵێكی/ بێ/ پایز و/

/ به‌هار و/ زستان و/ هاوین/ هه‌ڵگرتووه‌./

/ داخۆ/ ئه‌ڤینمان/ بۆ/ كه‌ی/ هه‌ڵگرتووه‌؟/

 

ئه‌و به‌ په‌یمانه‌یه‌ك

به‌ زه‌مه‌ندی خه‌یاڵ …

كێوی قافی هه‌یه‌.

تۆ به‌ ده‌ریای مه‌ی

به‌چیای چراخان، هیچ …

 

(17)

/ شه‌قامه‌كان/ چۆل/ نین/ وشكه‌ڕوانین/ چۆلی/

/ كردوون/

/ وشكه‌ڕوانین/ ناهێڵێ/ مۆسیقا/ وێنه‌ی/ بكێشرێ/

/ كێ/ باوه‌ڕ/ ده‌كا/ مانگ/ سیمای/ كچی/

/ دارستانی/ له‌/ ده‌رفه‌تێكی/ گوماناویدا/

/ دزی/ بێ؟ /

 

شه‌و ڕه‌شدانه‌گه‌ڕاوه‌

ئێمه‌ین وه‌نه‌وزی لاله‌زار نابینین.

ئێمه‌ین باخچه‌ی به‌هه‌شت

له‌به‌ر پێیاندا ده‌چێنین.

خودایه‌!

به‌ گه‌وره‌یی خۆت

فه‌رمان بده:

زایه‌ڵه‌ی خاكه‌ڕایی و

گڕگرتووی عاشقان

له‌ دنیای نیهانی ون بوومان

شه‌وق بداته‌وه‌ …

 

(18)

/ جيهانبينيمان/ شووشه‌شه‌یه‌كی/ شكاوه‌/

/ به‌/ خورپه‌ی/ باڕێزه‌وه‌/ ده‌شنێ/

/ كه‌ژاوه‌ی/ ڕه‌نگداپچكوڕاوان/ له‌به‌ر/ تاوی/

بارانی/ كوێر/ بارانی/ كه‌ڕ/ بارانی/ لاڵ …/

 

ده‌رگا دامه‌خه‌!

با په‌نجه‌ره‌كان كراوه‌بن

گرفت نییه،

من له‌گه‌ڵ خۆمدا

له‌ خه‌ڵوه‌تدام.

 

(19)

/ نیوه‌ڕۆیه‌/ خه‌مباره‌كان/ تووڕ/ ده‌ده‌م/

/ منداڵیی/ دهێڵمه‌وه‌/ وه‌ك/ ئاو/

/ بۆنی/ شه‌و/ بۆنی/ گوڵه‌/ مل/ لاره‌كانی/

/ ئه‌م/ دیو/ و/ ئه‌و/ دیوم/ ده‌كه‌م ./

/ ئه‌وه‌ی/ ده‌یزانم/ له‌/ نیگه‌رانیی و/ دڵته‌نگی/

/ چیایان و/ به‌رهه‌نگی/ ڕووبار و/ ڕه‌نگزه‌ردی/

/ دره‌ختان و/ ڕه‌شانگی/ به‌فر و/ پرسه‌ی/

/ كوێستان/ له‌گه‌ڵ/ خۆم/ ده‌به‌م …

 

باران به‌ باڵای شووشه‌ییه‌وه‌

له‌ ده‌رگام ده‌دا …

با له‌ سیله‌ی په‌رژینه‌وه،

سه‌ره‌تاتكێم له‌گه‌ڵدا ده‌كا.

وه‌ره‌ تۆ خۆت، له‌ باتی من دابنێ

ئه‌وه‌ زوڵم نییه‌

باران،

به‌ گۆنای گه‌ش و

چاوی ئه‌فسووناوییه‌وه‌

له‌ ته‌نیایی و غه‌ریبی منی ده‌كا؟

 

(20)

/ كه‌/ قووڵایی/ بزر/ ده‌كه‌ین/ ژیانمان/ لێ/ دوور/

/ ده‌كه‌وێته‌وه‌/

/ به‌ختیاریی/ به‌/ جۆگه‌ی/ بریناندا/ دێ/ …/

/ به‌ختیاریی/ به‌/ شه‌قامی/ خه‌مدا/ دێ …/

/ به‌/ گێژه‌نی/ شه‌پۆلان/ به‌و/ هه‌سته‌ی/

/ دوای/ سه‌مایه‌كی/ شێتانه‌/ له‌/ كێشانی/

/ جگه‌ره‌یه‌ك/ دایه‌./

 

تاراوگه‌ دوای تاراوگه‌

زستانگه‌لێكمان بڕی

ساڵه‌هامان وه‌رسووڕانده‌وه،

به‌هار هه‌ر نه‌هات.

تاراوگه‌ بۆ تاراوگه‌ی‌ ناردین

له‌ڕێی وه‌همه‌كانی خوددا

به‌رگی كۆیله‌تیمان پۆشی.

شه‌ومان

به‌ ئه‌له‌ندی نه‌رمی

سپێده‌ دادا

حه‌قیقه‌ت هه‌ڵنه‌هات

گیاگه‌لی به‌هاران ده‌ركه‌وتن

ڕاستی ده‌رنه‌كه‌وت.

 

(21)

/ بیره‌وه‌رییه‌كانمان/ له‌/ ئه‌شكه‌وت و/ دڕاڵه‌ی/ شاخ/

به‌جێهێشت./

/ له‌ ئاره‌زووی/ ژیان/ گه‌ڕێ/ كه‌/ له‌/ گوڵێك/ ده‌چێ/

بۆنی/ خاك/ ده‌دا / له‌/ ئاره‌زووی/ ژیان/ گه‌ڕێ/ كه‌/

به‌یداخی/ شه‌كاوه‌مانی/ به‌/ جه‌نگه‌/ بێهووده‌كان/

نه‌وی/ كرد …/

 

هه‌مبوو، نه‌مبوو

دڵێكی ماندوو

ئه‌ویشم به‌میحرابی تۆ سپارد.

هه‌ستێكم هه‌بوو،

له‌ پرته‌وی نیوه‌شه‌و

له‌ پیاوێكی ساویلكه‌ ده‌چوو،

ژنان، زۆرجار

له‌ كۆبوونه‌وه‌ ته‌فره‌داره‌كانیان ئامێزی بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌

ئه‌ویشم له‌ ته‌نیشت ئه‌و نیگارانه‌ هه‌ڵواسی

منداڵان ده‌یكێشن.

له‌بیرته‌؟

له‌بیرته‌ باسی ئه‌و ڕێیانه‌م بۆ ده‌كردی

به‌ گۆرانی گیرابوون؟

باسی ئه‌و ئاوازانه‌ی

له‌ مێژووی

بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی ڕۆحه‌وه‌ ده‌رهێنرابوون:

ئه‌وه‌ی له‌ دوا خوانی برایاندا نه‌گوترا بوون؟

 

 شوباتی 2014

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.