خوله‌ هه‌تیوو - حاجی مه‌حمودی قه‌ساب پێنجوینی

جوویه‌كی ڕاكشاو لە ژێر تریفەی مانگ


Loading

كیاكسار ئه‌حمه‌د

“باباشا“  پیاوێکی باڵا مامناوەندی لاواز بووە, جوویەکی ھێمن و لەسەرخۆ، بێدەنگ و کەمدوو بووە. ئەوەی تەنیا لەو پیاوەدا جێی سەرنج بووە؛ ڕەنگی چاوەکانی بووە, چاوەکانی ڕەساسییەکی شینباوی مەنگ بووە.  لە وڵاتی ئێران یان بڵێین له‌ ڕۆژھەڵاتی كوردستانه‌وه‌  بۆ  چا فرۆشتن  هاتووه‌ بۆ باشووری كوردستان.

شارو لادێکانی سنووری وڵاتان گەڕاوە، تەنانەت ھیندو چین گەڕاوەو چای لە نایابترین کێڵگەکان کڕیووە. لەوەش زیاتر، لەگەڵ بازرگانێکی ئینگلیزدا بە ناوی (چالس ستۆ) نھێنی چای سپی کەشفکردووە، بەڵام ھەوڵیداوە وەک (چاڵس ستۆ) ھێزی ئەشق بە سەر بەھا بازرگانییەکانیدا زاڵ نەبێت، ھەربۆیە یەکێک لە بازرگانە دەوڵەمەندەکانی چابووە.

 

 

ڕۆژێک کە بارێکی زۆری چای لە سلێمانی فرۆشتووە، پارە و بڕێک خشڵ و زێڕی لە تورەکەی باخەڵی ھەڵگرتووەو ویستوویەتی لە سنوری پێنچوێنەوە  بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئێران، بەڵام بێخەبەر لەوەی کە ئەو ڕۆژە ھەینی بووەو مەلایەکی ئیسلام لە وتاری ئەو ڕۆژەدا ئاماژەی بەوەداوە، کە کوشتنی یەک جولەکە واتا بەدەستھێنانی کۆشکێکی گەورە لە تەنیشت کۆشکەکەی پێغەمەرەکەیان.  ھەر بۆیە (باباشا) لە نزیک (کانی حەیات) لە بەرکێو، چەند موسڵمانێکی گرگن ڕێیان لێ گرتووەو سەریانبڕیووە.  ھەروەھا پارەو زێرەکەشیان دزیووە.  باباشا جگە لە ھاوژینەکەی، کچێك كوڕێكی شه‌ش ساڵانی له‌دوای خۆی  جێھێشتووە.  لە ڕۆژگارو زەمەنێکدا کە (جوو – بوون) یان جوله‌كه‌بوون کفرو گوناھێکی گەورەی ژیان بووە .

 

 

 

دوای چەندین ساڵ لەو ڕووداوە؛ کاتێک شێخ مه‌حمودی حەفید لە نزیک کەرکوک لە شەرێکی نابەرابەردا تووشی شکست دەبێت، دوو سەربازی سوپاکەی مەیدانی شەڕ جێناھێڵن و ئازایانە بە گژ سوپای ئینگلیزدا دەچنەوە، ھەتا فیشکەیان پێنامێنێ و دەستگیر ئەکرێن. کە یەکێکیان کوڕی (باباشا) دەبێت.

“ کاتێک من و ڕەشی دەستگیر کراین، زۆر بە ترسەوە لێمان ھاتنە پێشەوە؛ چونکە ھەموو کەمەرمان پر کردبوو لە تەڵاشەدار، وایان ئەزانی فیشەکە. بێ خەبەر بوون لەوەی گەر یەک فیشەکمان پێ بمایە نەمانئەھێشت لێمانزیک ببنەوه“ … ئه‌مه‌  گێڕانه‌وه‌ی ناو خانه‌واده‌كه‌مانه‌…

ئینگلیزەکان دوو سەربازەکە ڕاده‌ستی  ڕژێمی پاشایەتی ئێراقی ئەوکات ئەکەن. ماوەیەک لە زیندانێکی کەرکوک ئەمێننەوە. بەبێ ھیچ پارێزەرو دادگاییەک، فرمانی سێدارەیان بۆ دەرئەچێت. بەڵام ھەلومەرجی شلۆقی ئەو ماوەیە، فرمانەکە دوائەخات “ دوای چەند مانگێگ بە نامەی تایبەتی شێخ محموی حەفید لە ژووری سێدارە ئازادیان کردین.. من ئیتر پەنچەم نەبردەوە بۆ چەک. رەشی-یشم نەبینییەوە“

دواتر کوڕەکەی باباشا دەگەڕێتەوە بۆ پێنچوێن. جوویەکی بەجێماو  و تەنھا، بێ پشت و پەنا و کەسوکار. لەوێ، کە ھیچ کەس بێ نازناو ناژی، ھەر خێرا مۆرێک ئەنێن بە سەر ناوەکەی پێده‌ڵێن (خولە ھەتیوو)…  خولە ھەتیوو کە پیشەی قه‌سابی ئەبێت، بە حاجی محمودی قەسابیش ناسراوە، كه‌  باپیری منە.

 

دواتر مەلا ئیسماعیل ڕەعنای کچی خۆی لێ مارە ئەکات، کە دوای ساڵانێکی زۆر ئەبێت بە نەنکم. خولە ھەتیوو بە لەشە باریک و ڕەقەڵەکەیەوە چیرۆکی زۆرە. جەستەیەکی بێناسنامە و  ته‌باتێكی حولحولی.  خوویه‌كی دیاری هه‌بوو ئه‌ویش ئێواران وەختی ئاوابوون بە چاوە کاڵەکەی سەرنجی داوه‌  لە تیشکی لاوازو خۆنەگرتووی خۆر… حەتمەن پەنجە خوارو گێڕکانی خستۆتە سەر برۆ پڤبووەکەی.  زۆرجار ڕەشەبا لە ناو جلە کوردییەکەیدا جه‌سته‌ی وەک قەدی مێوو لاولاو، چەماندۆتەوە. ھاوینان جه‌سته‌ی  بە سەر توێژاڵی ئاو داوە.  زۆر جار لە (چەمی گەورە) پشتەمەلەی کردووە و نیگای زۆر زۆر دوور ڕۆیشتووە، تەنانەت ڕێگای شیری بینیووە، بەڵام بیری لەوە نەکردۆتەوە کە ئایا جووەکان لە ئەستێرەیەکی ترن، ئەگەر ھەبن.  چارەنوسیان چییه‌؟!  کاتێک لە چەمەکە ھاتۆتەدەرەوە، ئەو کاتەی بە ھەوای ساردی کوێستان  پێستی بە سەرما ملولەی کردووە، وەستاوە ھەتا پێستی کزر بووەتەوە. لێگەڕاوە خەڵکی لەشی بینن، گووتویەتی “لەش لە دەرکەوتندا نابینرێت“.

 

خولە ھەتیوو قۆڵەکانی باریک چەماوە بوون، بەڵام ھێزێکی سەرسوڕھێنەری تیابووە. چیرۆکەکانی باپیرم ھەمیشە لە سەر زاری پێنچوێنیە قەدیمییەکانە؛  “ئەرەوەڵا.. بەخوا بەخوا ئەو خولە ھەتیووە، ھەر خۆی بە تەنیا، گایەکی یاوە بە عەرزا“   لەگەڵ  مینە بچکۆلی قەساب جەڵەبە حەیوانیان لە پێنچوێنەوە بردووە بۆ کەرکوک، بەڵێ  ، به‌ڵێ  هه‌مووی بەپێ!

 

 

پیاوێکی توڕەی بێ سه‌بر بوو. ھەق ویست و قسە ڕەق بوو؛  جویەک کە ئێستا لە مزگەوتی پاشا تەنیشت «مەلای گەورە» ڕاکشاوە و  ھەرگیز چیرۆکی بۆ ئێمە نەخوێندەوە، ڕەنگە ڕقی لە چیرۆک بووبێت… جوویەک کە جووتێک چاوی ڕەساسی شینباوی شووشەیی لە باوکییەوە، و زمانە فسەکەی لە دایکیەوە بۆ مایەوە. جوویەک کە نەوه‌د و حەوت ساڵ ژیا و ھەموو ڕۆژێک چوار پێنچ لیمۆی ئەخوارد. جوویەک کە سازشی لە سەر ھیچ شتێک و ھیچ کەسێک نەئەکرد،  پیاوێک کە بە جوو  لەدایکبوو، بەڵام بە موسوڵمانی مرد!

 

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌